چیرۆکی وەرگێڕان

یاری

ئیتالۆ کالڤینۆ

 

شارێک  هەبوو کە هەموو شت تێیدا قەدەغە بوو.لە بەر ئەوەی تەنها شتێک قەدەغە نەبوو یاری هەلووکێن بوو، خەڵکی شار هەموو رۆژێک دەچوونە دەرەوەی شار و کاتی خۆیان بە هەلووکین دەبردە سەر.

لە بەر ئەوەی یاسا قەدەغەکراوەکان کوت و پڕ دانەنرابوون، بەڵکوو بەرە بەرەو هەموو کات هۆکارێک هەبوو بۆ دانانیان، کەس هۆیەکی نەبوو بۆ گلەیی و گازەندە کردن و خەڵکی شار کێشەیەکیشیان نەبوو بۆ ئەوەی خۆیان لەگەڵ ئەم یاسایانە بگونجێنن.

پاش چەند ساڵ رۆژێک گەورەکانی شار بینیان ئیتر پێویست ناکات هەموو شت قەدەغە بێت و جاڕچییەکانیان ناردە کۆڵان و بازاڕ بۆ ئەوەی خەڵک ئاگادار بکەنەوە کە دەتوانن هەرچیان پێخۆش بێت بیکەن.

جاڕچییەکان بۆ گەیاندنی ئەم هەواڵە بە خەڵک، روویانکردە ناوەندەکانی کۆبوونەوەی خەڵکی شار و بە دەنگی بەرز بە خەڵکیان وت:” هۆۆی،،، خەڵکینە! هۆۆۆی…! هەمووتان ئەوە بزانن لەمە بەدواوە هیچ کارێک قەدەغە نییە.

خەڵک کە لە دەوری جارچییەکان کۆ ببوونەوە، دوای بیستنی بانگەوازەکە بڵاوەیان کرد و خەریکی یاری هەلووکێنی خۆیان بوون.

جاڕچییەکان دووبارە وتیانەوە :” تێدەگەن؟ ئێستە ئێوە ئازادن هەرچی پێتان خۆش بێت بیکەن.”

خەڵک وەڵامیان دایەوە:” دەی خۆ ئێمە خەریکی هەلووکێنین.”

جاڕچییەکان کۆمەڵێک کاری سەرنجڕاکێش و بەکەڵکەکیان هێنایەوە بیریان کە پێشتر ئەنجامیان دەدا و ئێستە جارێکیتر دەیانتوانی ئەنجامی بدەنەوە.

بەڵام خەڵک گوێیان پێنەدا و بێ وەستان بەردەوام بوون لە سەر هەلووکێن کردنی خۆیان. جاڕچییەکان کە زانیان هەوڵەکانیان بێ کەڵکە، رۆیشتن و دەسەڵاتدارەکانیان ئاگادار کردەوە.

دەسەڵاتدارەکان وتیان :” هیچی تێناچێت! هەلووکێن قەدەغە دەکەین.”

ئەو کاتە بوو خەڵک شۆڕشیان کرد و هەموو دەسەڵاتدارانی شاریان کوشت و دەستبەجێ گەڕانەوە بەلای هەلووکێن کردنینانەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button