وتاری وەرگێڕان

بەرپرسایەتی نووسەر

(وتاری ماریۆ ڤارگاس یۆسا لە كاتی وەرگرتنی خەڵاتی نۆبێلی ئەدەبیات)
ماریۆ ڤارگاس یۆسا
و: مستەفا زاهیدی

خۆزێ ماریا ئارگۆئداس، نووسەری پێرۆیی ڕۆژی ٢ی دیسەمبەری ١٩٦٩ لە یەكێك لە پۆلەكانی زانكۆی كشتوكاڵی مۆلینا لە ساری لیما خۆی كوشت. لەو ڕووەوە كە كەسێكی پارێزكار بوو، بۆ ئەوەی نەبێت بە ئەزیەت بۆ هاوكارەكانی و خوێندكارەكان، چاوەڕوان بوو هەتا هەموان لە زانكۆ چوونە دەرەوە و زانكۆیان بەجێ هێشت. دواتر لە نزیك تەرمەكەی نامەیەكیان دۆزییەوە و لەو نامەیەدا چۆنیەتی ڕێ و ڕەسمی ناشتنی بە وردی شی كرابۆوە- ڕێ و ڕەسمی سەرەخۆشی لەكوێ بێت و لە قەبرستان كێ دەربارەی قسە بكات- هەروەها داوای كردبوو هاوڕێ سوورپێست و مووزیك ژەنەكەشی ئەو ئاوازانە بژەنێت كە پێی خۆشە. وەسیەتیەكەی خاڵ بە خاڵ وەك خۆی بەڕێوە چوو و ئارگۆئداس كە لە ژیانیدا پیاوێكی خاكی و شەرمێون بوو، ڕێ و ڕەسمی ناشتنەكەی بەشكۆوە بەڕیوە چوو و جێی سەرنج بوو. بەڵام ڕۆژانی دواتر بەرە بەرە ئەو نامانەی كە نووسیبووی گەیشتنە شوێنی مەبەست. ئارگۆئداس ئەم نامانەی كە هەڵگری شێوەیەكیتری دوایی وەسیەتەكانی بوو، ڕوو بە كەسانی جیاواز نووسیبوو. بڵاوكەرەوەی بەرهەمەكانی، هاوڕێكانی، ڕۆژنامەنووسەكان، زانكۆییەكان و سیاسییەكان. هەڵبەت بابەتی سەرەكیی نامەكان مەرگی ئەو، یان باشتر بڵێم هۆكاری ئەوەی باس كردبوو كە بۆچی خۆی كوشتووە. بەمەشەوە ئەم هۆكارانە لە هەر نامەیەكدا بە شێوەیەك باسی لێوە كرابوو. لە یەكێك لە نامەكاندا نووسیبووی لە بەر ئەوە خۆی دەكوژێت كە وەك نووسەر هیچیتر ناتوانێت بنووسێت و وزە و ئیرادەی خولقانی ئەدەبی لە دەستداوە. لە حاڵێكدا لە نامەكانیتردا باسی لە هۆكاری ئەخلاقی، كۆمەڵایەتی و سیاسی كردبوو. ئیتر نەیدەتوانی بەرگەی هەژاری و پشت گوێ خستنی گوندنشینەكانی پێرۆ بگرێت، خێڵە سوورپێستەكان كە لە ناویاندا گەورە بوو (ئێستە لە هەژارییدا دەژیان و لە بیركرابوون). نووسیبووی ناوەندە ڕۆشنبیری و پەروەردەییەكانی وڵات تووشی قەیران بوون و ئەم قەیرانانە ئەویان تووشی دڵەڕاوكێ و نائارامی كردوە. هەروەها دابەزینی ئاست و دۆخی خراپی بڵاوكراوەكان و ئەوەی كە دەیبینی ئازادی لە پێرۆدا زیاتر وەك كاریكاتۆرێك دەچێت تەنگیان بەو هەڵچنیبوو و بەرگەی ئەو دۆخەی نەدەگرت.
لەم نامە دراماتیكانەدا قەیرانی كەسایەتیی ئارگۆئداس بە ڕوونی دیارە. نامەكان هەڵگری هاوارەكانی پیاوێكی بەڵا ڵێدراوە كە بەو پەڕی بێهیواییەوە هاوار دەكات و لە سەر لێواری خەرەندی مرۆڤایەتی داوای هاوكاری و یارمەتی دەكات. بەمەشەوە ئەمە كۆتایی چیرۆكەكە نەبوو. هەرچەند نامەكانی ئارگۆئداس شایەتی دانی سادەی پیاوێك دەخاتەڕوو، بەڵام بەدرووستی دۆخی نووسەرانی ئەمریكای لاتین دەخەنە ڕوو و كێشەكانی نووسەرەكان و ئەو گوشارانەی لە سەریانە بە ئاشكرا دەخاتەڕوو، ئەو گوشارانەی كە دەبێت بە هۆی تێكچوونی دەروونیی نووسەرەكان و سەرئەنجام لەناوچوونی بەرهەمەكانیان. بە گشتی لە وڵاتانی ڕۆژاوایی نووسەربوون سەرەتا (زۆربەی كات) تەنها بەرپرسایەتییەكی تاكەكەسییە. واتە بەرپرسایەتی خولقاندنی بەرهەمێكی ئەدەبیی ڕەسەن كە تەنها بە وردەكاری و وردبوونەوەیەكی زۆر مومكینە. لەبەرئەوەی بەهای هونەری بەرهەمەكە و داهێنانەكانی دەبێت بە هۆی دەوڵەمەند بوونی كەلتوور و زمانی وڵات. بەڵام لە پێرۆ، بۆلێڤی، نیكاراگوا و وڵاتانیتری ئەم بەشەی جیهان، نووسەربوون بەرپرسایەتی و ئەركی كۆمەڵایەتیشی لەگەڵە: واتە ئەو كاتەی خەریكی كاركردنە لەسەر بەرهەمێكی ئەدەبی كە بە تەواوی شتێكی تاكەكەسییە، دەبێت نەك تەنها لە ڕێگای نووسینەوە بەڵكوو لە ڕێگای هەڵسووكەوتتانەوە بە شوێن دۆزینەوەی چارەسەرێكەوە بن بۆ كێشە كۆمەڵایەتی و سیاسی و كولتوورییەكانی كۆمەڵگا. بە هیچ شێوەیەك ناكرێت نووسەر خۆی لەم بەرپرسایەتییە بدزێتەوە. ئەگەر بیهەوێت وا بكات گۆشەنشینی هەڵبژێرێت و تەنها كاتی خۆی بۆ نووسین تەرخان بكات و تەنیا بیر لە نووسین بكاتەوە، بە تەواوەتی دەكەویتە بەر تیغی سانسور و سەرەنجام بە نابەرپرس و خۆبەزلزان ناوت دەبەن یان خراپتر لەوە، بەوە تاوانبارت دەكەن كە هاوكاری لە درووستبوونی سەرجەم ئەو بشێوی و ئاڵۆزییانە. لەبەرئەوەی ئەوكاتەی نەخوێندەواری، هەژاری، چەوساندنەوە، ناعەداڵەتی، هەڵاواردن و زۆر كێشەیتر لە وڵاتدا بوونی هەیە، تۆ ئامادە نەبووی خەبات بكەیت بۆ نەمانی. ئارگۆئداس دوای ئەوەی چەكێكی دەستكەوت كە بۆ خۆكوشتنی پێویستی پێی بوو، لە نامەكانیدا هەوڵیدا بۆ ئەوەی لە دوایی ساتەكانی ژیانیدا ئەم ئەركە ئەخلاقیە داسەپاوە- كە سەرجەم نووسەرانی ئەمریكای لاتین ناچار دەكات پێبەند بن بە بەرپرسایەتییە كۆمەڵایەتیی و سیاسییەكانەوە- بە ئەنجام بگەیەنێت.
بەڵام بۆ وایە، بۆچی نووسەرانی ئەمریكای لاتین ناتوانن وەك هاوكارە ئۆرووپایی و ئەمریكاییەكانیان تەنها بیر لە نووسین بكەنەوە و هونەرمەند بن؟ بۆچی دەبێت لە یەك كاتدا سیاسی، ئەخلاقگەرا و خوازیاری گۆڕان و ڕێفۆرمی كۆمەڵایەتی بن؟
دەبێت بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە دۆخی كۆمەڵایەتیی ئەمریكای لاتین و كێشەكانی ئەم وڵاتە لەبەرچاو بگرین و بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە بگەڕێین. هەڵبەت سەرجەم وڵاتانی دونیا كۆمەڵێك كێشەی تایبەت بە خۆیان هەیە، بەڵام لە زۆر ناوچەی ئەمریكای لاتین، لە ئێستا و ڕابردووشدا، كێشە ڕاستەقینەكانی ژیانی ڕۆژانەی خەڵك جگە لەوەی بە شێوەی ئازادانە و بە بەرچاوی خەڵكەوە باسیان لێ ناكرێت و خوێندنەوەیان بۆ ناكرێت، بەڵكوو زۆربەی كات لە لایەن بەرپرسەكانەوە نكۆڵیی لێدەكرێت و ڕەخنەگران بێدەنگ دەكرێن. ڕێگایەك نییە بۆ دەربڕینی ئەم كێشانە و خستنەڕووی ڕەخنەكان، لەبەرئەوەی دامەزراوە سیاسییەكان چاودێریی تووندی ڕاگەیاندن و سەرجەم ئامرازەكانی پێوەندیگرتن دەكەن و سانسوریان دەكەن. بۆ وێنە ئەگەر ئەمڕۆكە گوێ لە ڕادیۆیەكی شیلی بگریت یان چاو لە تەلەفیزیۆنی ئاڕژانتین بكەیت، هیچ شتێك دەربارەی زیندانییە سیاسییەكان، مەنفاكراوەكان، ئەشكەنجە یان پێشێلكردنی مافی مرۆڤ- ئەو دۆخەی كە بەسەر ئەم دوو وڵاتەدا زاڵە و وێژدانی سەرجەم خەڵكی لە هەموو شوێنێكی جیهان پێ دێتە ژان- نابیستن. لە حاڵێكدا ئاگاداری پەرەسەندنی ڕۆژ لە دوای ڕۆژی ناعەداڵەتیت لە وڵاتانی كۆمۆنیستی. بۆ وێنە، ئەگەر یەكێك لە ڕۆژنامەكانی ئەم وڵاتە بخوێنیتەوە- كە سەرەتا داخرابوون و ئێستە لەژێر چاودێریی دەوڵەتدا دەردەچن- یەك وشە دەربارەی قۆڵبەستكردنی ڕێبەرانی ڕێكخراوە كرێكارییەكان یان هەڵاوسانی بەرچاوی ئابووری نابینی كە هەموو خەڵك تووشی هاتوون و خەڵكی بەزاڵە هێناوە، بەڵكوو تەنها ئەوەت پێ دەڵێن كە پێرۆ چەند وڵاتێكی شادە و خەڵكەكانی لە ئارامشدا دەژین و خەڵك تا چەندە دەسەڵاتدارانی سەربازیی وڵاتیان خۆش دەوێت.
زۆربەی كات ئەوە بە سەر ڕۆژنامە، ڕادیۆ و تەلەفیزیۆندا دێت، لە زانكۆكانیش ڕوو دەدات. حكوومەت بەردەوام دەست لە كاری زانكۆكان وەردەدات. ئەو مامۆستا و خوێندكارانەی كە وەك نەیاری ڕژیم دەناسرێن لەسەر كار دەردەكرێن و ئیزنی خوێندنیان پێ نادریت و سەرجەم پڕۆگرامەكانی خوێندن بەپێی لێكدانەوە سیاسییەكان سەرلەنوێ دادەڕێژرێنەوە. بۆ خستنەڕووی ڕادە و ئاستی ناعەقڵانی بوونی ئەم “سیاسەتی كولتوورییە” بۆ وێنە ئەوەتان بە بیر دێنمەوە كە لە ئاڕژانتین و شیلی و ئۆرۆگوای كۆلێجەكانی كۆمەڵناسی بە تەواوەتی داخراون، لەبەر ئەوەی بەرپرسانی ئەم وڵاتانە زانستە كۆمەڵایەتییەكان بە مەترسی دەزانن بۆ خۆیان. لە حاڵێكدا ئەگەر دامەزراوە ئاكادێمیك و زانستییەكان ملكەچی ئەم چەشنە سانسور و دەستێوەردانانە بن، بێگومان پرسە كۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابوورییەكانی وڵات بە شێوەی ئازاد لێكۆڵینەوەیان لەسەر ناكرێت و نایەنە بەر باس. لە بەشێكی زۆر لە وڵاتانی ئەمریكای لاتین زانستی زانكۆكان وەك ڕاگەیاندنەكان بووە بە قوربانیی ئەمجۆرە پشتكردنە لە ڕاستییە كۆمەڵایەتییەكان. ئەدەبیات ئەم بۆشاییەی پڕ كردۆتەوە.
ئەو شتانە بە هۆكاری سیاسی لە بڵاوكراوە، خوێندنگە و زانكۆكان سەركوت دەكرێت یان بەلاڕێدا دەبرێت، ئەو هەڵانەی كە لە كەسایەتییە دیارە سەربازی و ئابوورییەكانی دەسەڵاتدار ڕوودەدات بێدەنگەی لێدەكرا، ئەو شتەی نە لە وتاردانە سیاسییەكاندا باسی دەكرا، نە لە پۆلەكانی خوێندن دەخوێندرا، نە لە كۆنگرەكاندا دەدرایە باس و نە لە بڵاوكراوەكاندا بە ئازادانە باسی دەكرا، لە ئەدەبدا ڕێگایەكی بۆ دەربڕین هەبوو.
هەربۆیە ئەوەی لە وڵاتانی ئێمە ڕوویدا سەیر و سەمەرە و پڕ لە پاڕادۆكس بوو: لە ئەمریكای لاتین پانتای خەیاڵ بوو بە شوێنگەی ڕاستییە ئۆبژەكتیڤەكان، چیرۆك جێگەی زانستی كۆمەڵایەتی گرتەوە. ئەدەبیات و فەنتازیا خولقێنە ئەدەبییەكان بوون بە كەسانێك كە ڕاستییە كۆمەڵایەتییەكانیان پێ نیشان دەداین و پێیان دەوتینەوە. ئەمە نەك تەنها دەربارەی باشترین وتارنووسەكان- كەسانێكی وەك سار می نیتۆ، مارتی، گۆنزالێس پرادا و خۆزە كارلۆ ماریاتگی- كە بۆ تێگەیشتن لە ڕاستییە مێژوویی و كۆمەڵایەتییەكان پێویست بوو، بەڵكوو بەرهەمی ئەو نووسەرانەشی دەگرتەوە كە تەنها كاریان خولقانی بەرهەمی ئەدەبی بوو وەك ڕۆمان و شیعر و شانۆنامە.
ئەو شتەی “نەتەوەگەرایی ئەدەبی” ناوی لێدەبەین- ئەو ڕەوتە ئەدەبییەی كە لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەیەمەوە تا دەهەی یەكەمی سەدەی بیستەم دەپەرژێتە سەر وەرزێرە سوورپێستەكانی ناوچەی (ئاند) و كێشەكانیان وەك تێمی سەرەكیی خۆی هەڵدەبژێرێت- پرسەكە ڕوونتر دەكاتەوە. نووسەرانی نەتەوەگەرا یەكەم كەسەكان بوون كە دۆخی نالەباری ژیانی سوورپێستەكانیان لە سێ سەدەی ڕابردوودا و دوای سەركەوتنی سپانیا هێنایە بەر باس، ئەوەی كە چۆن ئەو خاوەن مڵكانەی كە پارێزراوییان هەبوو لە سزا دان و سزادان نەیدەگرتنەوە، چۆن سوورپێستەكانیان دەچەوساندەوە- ئەو خاوەن مڵكانەی كە هەندێجار پانتای مڵكەكانیان بە قەد یەكێك لە وڵاتە ئورووپاییەكان بوو. ئەوان لە مڵكەكانی خۆیاندا پادشایەكی زاڵم بوون كە وەك چوارپێ و ئاژەڵ لەگەڵ ڕەعیەتە سوورپێستەكان ڕەفتاریان دەكرد و بە هەرزان دەیانفرۆشتن. یەكەم نووسەری ناسیۆنالیست ژنێك بوو كە زۆری حەز لە كارەكانی ئێمیل زۆلا، نووسەری فەرەنسی و فیلسووفە پۆزەتیڤیستەكان بوو. ئەو ژنە كلۆریندا ماتۆ دی ترینێری ناو بوو (١٨٥٤- ١٩٠٩) و ڕۆمانی “باڵندەی بێ لانە) لە نووسینی ئەم نووسەرە نەتەوەگەرا ڕێگایەكە بەرەو بەرپرسایەتیی كۆمەڵایەتی و دەربڕینی كێشە و لایەنەكانی ژیانی سوورپێستەكان كردەوە، بە شێوەیەك كە دواتر نووسەرانیتری ئەمریكای لاتین بوون بە شوێنكەوتووی ئەم ژنە ڕۆماننووسە. ئەوان پرسە كۆمەڵایەتییەكانیان بە هەموو وردەكارییەكانەوە و لە هەموو گۆشەنیگایەكەوە لێكیان دایەوە و دەستیاندایە شەرمەزاركردن و مەحكووم كردنی ناعەداڵەتی و گرینگیدان و بەهادان بە بەها و نەریتە كولتوورییەكانی سوور پێستەكان- ئەو پرسانەی كە تا ئەو كات بە شێوەیەكی باوەڕ نەكراو لە لایەن كەلتووری فەرمییەوە گرینگی پێنەدرابوو و بەتەواوی لەبەرچاو نەگیرابوو. بە هیچ شێوەیەك ناتوانین لێكدانەوە و خوێندنەوەمان ببێت بۆ مێژووی گوندیی ئەمریكایی باشوور و تێگەیشتن لە چارەنووسی كارەساتباری دانیشتوانی ناوچەی ئاند، لەبەرئەوەی هیچ شتێكی نووسراوەییمان لە بەردەستدا نییە لەسەر مێژووی داگیركاری و سەردەمی كۆلۆنیالیزم لەو ناوچەیە. هەر بۆیە بەرهەمی نەتەوەخوازەكان باشترین- و هەندێ جار تەنها- شاهیدن لە سەر ڕاستییەكانی ئەم بەشە لە وڵاتەكەی ئێمە.
نووسەرانی ئەمریكای لاتین بەشدارییەكی بەرچاویان هەبوو لە خستنەڕووی ڕاستییە كۆمەڵایەتی و سیاسیەكان. نووسەرەكان بەزۆری- بەشێوەیەكی كاریگەر- لە بەڕێوەبردنی ئەم ئەركەدا جێگای لێكۆڵەر، ڕۆژنامەنووس و چالاكانی كۆمەڵایەتییان گرتەوە و لەم ڕێگاوە بە ئەدەبیان وەك فۆرمێكی هۆنەری نیشانداوە كە دەخزێتە ناو هەموو پانتا و بوارە سیاسی و كۆمەڵایەتی و كۆلتوورییەكانەوە. لەم دیدەوە ئەدەب وەك هونەرێكی پڕمانا و پۆزەتیڤ هەڵدەسەنگێندرێت. هونەرێك كە برینە ڕاستییەكان دەخاتە ڕوو، دەرمانەكەیان نیشان دەدات و درۆی بەرپرسەكان بە شێوەیەك دەخاتەڕوو كە سەرەنجام دەركەوتنی ڕاستی لێدەكەوێتەوە.
بەدەر لەمەش ئەدەبیات پێشبینیی داهاتووش دەكات: ئەم لقە لە ئەدەبیات خوازیاری گۆڕانی كۆمەڵایەتییە و ئەو گۆڕانە كۆمەڵایەتییە پێشبینی دەكات، هەروەها خوازیاری كۆمەڵگایەكی نوێ و ڕزگاربوون لەو ئازار و كێشانەیە كە سەركۆنەی دەكات و بە یارمەتیی وشەكان دەیهەوێت لە دەست خراپەكان ڕزگاری بێت. لەم ڕوانگەوە هێزی خەیاڵ و ئەدەبیات بە تەواوەتی لە خزمەت ئامانجێكی كۆمەڵایەتییدایە و ئەدەبیات وەك كتێبە مێژووییەكان- بەو هۆكارانەی كە پێشتر باسكرا، تەنانەت زیاتر لەوانەش- ڕاستییەكان دەبینێت. ئەم ڕوانگەیە كە ئەدەبیات بە لاساییكردنەوەی واقع، گۆڕینی پۆزەتیڤانەی ئەخلاق، خاوەنی بەهرەی مێژوویی، لە ڕوانگەی كۆمەڵناسییەوە ورد و لە ڕوانگەی سیاسییەوە بە شۆڕشگێڕانە هەڵیدەسەنگێنێت، وەها لە وڵاتەكەی ئێمە پەرەی سەندووە كە هەندێجار بەشێكی زۆر ڕەفتار و هەڵسوكەوتی ناعەقڵانی و نەگونجاوی دیكتاتۆرەكانی ئەم ناوچەیە شی دەكاتەوە، لەبەرئەوەی لەگەڵ ئەوەی بە دەسەڵات دەگەن، ئەو نووسەرانەی كە خۆیان لە سیاسەت بە دوور دەگرن، ئەخەنە ژێر ئەشكەنجە و ئازارەوە و زیندانیان دەكەن و تەنانەت دەیانكوژن، وەك چۆن لە لە ئۆرۆگوای، شیلی و ئاڕژانتین لە ڕابردوویەكی نە زۆر دووردا بینراوە. نووسەربوون هەر ئەوەندە بەسە كە گومان درووست بكات، لەبەرئەوەی لە درێژ یان كورت ماوەدا، نووسەر بە مەترسییەك دەزانن بۆ دۆخی هەبوو. هەموو ئەمانە دەبن بە ئاڵۆزتر بوونی دۆخێك كە باسكردن و شیكردنەوەی خۆی لە خۆیدا كارێكی دژوار و ئەستەمە: دەربڕین و باسكردن لە لێكتر تێنەگەیشتن و خراپ تێگەیشتنێك كە لە پشتەوەی ئەم ڕەوتەدا بوونی هەیە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button