وتاری وەرگێڕان

ململانێی ویستەکان لە داهاتووی سیاسی ئێراندا و خواستی دەستێوەردانی دەرەکی

ن: د. کاوە دەستوورە لە ئینگلیزییەوە: مستەفا زاهیدی

لە ئینگلیزییەوە: مستەفا زاهیدی

پەرەسەندنی بەرفراوانی رووبەڕووبوونەوەی سەربازیی ئەم دواییانەی نیوانی ئێران و ئەکتەرە دەرەکییەکان، ئەو شتەی کە لە مێژە وەک باس و خواسێکی تیۆری باسی لێ دەکریت، بووە بە واقیعێکی سیاسی هەنووکەیی.

چەند مانگێکە داواکاری بۆ دەستێوەردانی سەربازی و دواتر دەستێوەردانی دەرەکی لە ئیران – لە ناو رەوەندی ئێرانی لە پێتەختەکانی رۆژئاواوە بگرە تا هاوڵاتیانی ناوخۆی ئێران کە دەیان ساڵە ژیردەستی کۆماری ئیسلامین- زیاتر بووە. بۆ زۆرکەس وا دەرئەکەوێت، دەستێوەردانی دەرەکی بەمانای قەدبڕێک بێت بۆ گەیشتن بە ئازادی.

بەڵام لە پشتەوەی ئەم کۆدەنگیە ڕواڵەتییەدا، راستییەکی زۆر ئاڵۆزتر بوونی هەیە و شاراوەیە. زمانی هاوبەشی ” ئازادی” و ” گۆڕان” دەسەڵاتخوازی سیاسی لایەنە دژ بە یەکەکان ئەشارێتەوە؛ ئەوانەی کە هەرکامەیان خەون بەوەوە دەبینن کە گوشاری دەرەکی هاوسەنگی هێز بەقازانجی ئەوان بشکێنێتەوە.

پرسی سەرەکی ئیتر ئەوە نییە کە خودی دەستێوەردانی دەرەکی بخرێتە ژێر پرسیارەوە،  بەڵکوو گرفت لە ئەو جۆرە روانگەیەدایە کە دەیهەوێت دەستێوەردانی دەرەکی وەک تاکەڕێگای چارەسەری قەیرانە سیاسییەکان لە ئێران بیناسێنێت. ژمارەیەکی زۆر لە گرووپ و لایەنەکان وەک یەک خوازیاری دەستێوەردانی دەرەکین و زۆرجار خۆیان لەو ئەرک و بەرپرسایەتییانە ئەدزنەوە کە لە سەرشانی خۆیانە. بەمەشەوە، لە راستییدا، هەرکام لەو گرووپانە دەستێوەردانی دەرەکی وەک کرانەوەیەکی ستراتیژی دەبینێت؛ وەک هەلێک بۆ گەرەنتی کردنی باڵادەستی خۆی بەسەر رکابەرەکانیدا.  ئەوەی وەک یەکگرتن و هاوپەیمانی دەرئەکەویت، لە راستییدا رەنگە تەنها نزیکایەتی و یەکبوونی کاتی پرۆژە سیاسییە  ناتەباکان بێت.

لە نێوان ئەو هێزانەی کە بە ئاشکرا خوازیاری دەستێوەردانی دەرەکین، لایەنگرانی پاشایەتی و پاشایەتیخوازەکان دەنگیان لە هەموان بەرزترە. ئەوان باس لەوە ئەکەن کە دەستێوەردانی دەرەکی ئەتوانێت سەقامگیری بە ئێران ببەخشیت و پێکهاتەی سیاسی ناوەندیانەکەی بپارێزت؛ ئەوان خۆیان وەک پارێزەری یەکیەتی نەتەوەیی لە ئێران نیشان ئەدەن. بەمەشەوە گوتاری ئەوان زۆر کەم و بە دەگمەن هەڵسەنگاندنی جیدی ئەکات بۆ کەموکووڕییە مێژووییەکانی سیستەمی پاشایەتی. بە پێچەوانەوە زۆر جار سەردەمی پێش ١٩٧٩ وەک سەردەمی سەقامگیری و ئارامی وێنا ئەکەن کە ناڕەوا و نادادپەروەرانە وەستێندرا؛ رابردوویەک کە بە ئاسانی ئەتوانن بونیادی بنێنەوە. لە بری هەڵسەنگاندنی ڕەخنەییانەی ڕابردوو، ئەو سەردەمە وەک قۆناغێکی نموونەیی (ئایدیالێک) دەخەنە ڕوو، ئایدیالێک کە ئەکرێ بگەڕێینەوە بۆی.

ڕووداوەکانی ئەم دواییانە بوونە هۆی قووڵتر بوونەوە و زیاتر بوونی ئەم نیگەرانیانە. لە مانگی یەکەمی ٢٠٢٦ەوە، رەزا پاڵەوەی خۆی وەک کەسایەتییەک نیشان داوە کە ئەتوانێت رێبەرایەتی ئیران بکات لە سەردەمی گواستنەوەی دەسەڵاتدا و نەخشە رێگایەکی سیاسی تاک لایەنانەی خستۆتەڕوو؛ ئەمەش نیگەرانی و گومانی زیاتری لای ئێرانییەکان دروستکردووە. بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان کە سەرەتا وا دەرئەکەوت کە توانای یەکخستنی کۆمەڵگای فرەچەشنی هەیە، پەرتەوازە بوون؛ ئەو دەمەی کە ئەو گومانەیان لا دروستبوو کە رەنگە گۆڕینی رژیم تەنها ئەوە بێت کە دەسەڵاتێکی ناوەندگەرای دیکەی لێ بکەوێتەوە. لە ناوچە کوردنشینەکان- کە خۆپیشاندانەکان زۆر زوو و بەهێزەوە دەستیان پێکرد- دواتر لە ناوچە ئازەری و بەلووچ و عەرەبەکانیش ئەو گومانە دروستبوو کە ئاخۆ سیستەمی دوای کۆماری ئیسلامی ڕێگا بە پلۆرالیزم و فرەچەشنی ئەدات یان نا. هەندێ لە رەخنەگران جۆری حەکایەتی پاشایەتیخوازەکان بەوە دەشووبهێنن کە گێڕانەوەیەکی پاشاخوازی دەیهەوێت هەموان لە یەک گوتاری تایبەتدا دەتوینێتەوە تاکوو یەکیەتییەکیان بۆ بهێنێت سەرەڕای جیاوازییەکانیان.

ئەکتەرێکیتر کە سوود لەو پچڕانە جیۆپۆلیتیکییە وەر ئەگرێت، رێکخراوی موجاهدینی خەڵقی ئێرانە. لە گێڕانەوەکەیاندا، ئەم رێکخراوەیە دوای شۆڕشێ ١٩٧٩ پێگەی راستەقینەی خۆیان پێ نەدرا و ئەوان هێشتا خۆیان بە میراتگری راستەقینە و رەوای ئەو ساتە مێژووییە ئەزانن. سەرەڕای ئەوەی لە ناو کۆمەڵگای ئێران کەوتوونەتە پەراوێزەوە و پێکهاتەیەکی دامەزراوەیی داخراویان هەیە، وا دەرئەکەوێت ئەم گرووپە گوشارە دەرەکییەکان وەک هەلێکیتر دەبینێت بۆ ئەوەی بە دەسەڵات بگەن. موجاهیدینی خەڵک لای وایە دەستێوەردانێکی دەرەکی بەهێز، جگە لەوەی دەبێت بە هۆی لاوازی کۆماری ئیسلامی، دەشتوانێت کەشێکی شۆڕشگێڕانە دروست بکات کە ئەوان لایان وایە لە چەند دەیە لەوە پێشەوە بە ناڕەوا داخراوە. لەم گێڕانەوەیەشدا رەخنەگرتن لە خۆ و رابردوویان بوونی نییە و زۆر کەمە.

لە ئێران، چەن پێکهاتەیەکی نەتەوەیی، ئەگەرەی دەستێوەردانی دەرەکی وەک ئەگەرێک و دەرفەتێک بۆ کرانەوە دەبینن. چەندین دەیە ناوەندگەرایی و سەرکوتکردنی کەلتووری بووە بە هۆی ئەوەی بە گومانەوە لە پێکهاتەی سیاسی ئێستا- یان جێگەرەوەیەکی ناوەندگەرا- بڕوانن بەوەی کە بەرە بەرە بەرەو دیمۆکراسییەکی ڕاستەقینە و فرەچەشنی قبووڵ بکات. کورد، ئازەری، عەرەب و بەلووچ و نەتەوەکانیتر، چاویان لەسەر ئەزموونی عێراقە و خۆیان لەگەڵ ئەو ئەزموونە بەراورد ئەکەن. لەوێ دەستێوەردانی نێونەتەوەیی واقیعی سیاسی گۆڕی و فۆڕمێکی نوێی ئۆتۆنۆمی ناوچەیی دامەزراند. ئاخۆ دەکریت مۆدێلێکی لەو شێوەیە لە ئێران دووبارە بکرێتەوە یان نا، ئەم باسە جێگەی مشتومڕێکی زۆرە، بەڵام ئەم تێڕوانینە هێشتا بوونی هەیە کە بە بێ شۆکێکی دەستێوەردەرانەی دەرەکی گەورە، رەنگە نادادیی دامەزراوەییە هەر بەردەوام بێت.

ئەم دۆخە، بە تایبەت بەنسبەت کوردەوە، و دوای ئەو سەرنجەی کە لە لایەن وڵاتانی رۆژئاواییەوە لە سەریانە لە پەیوەند لەگەڵ ئەو رۆڵەی کە لە گرژییەکانی ئێستادا دەگێڕن، وەک دەرفەتێکی مێژوویی سەیر دەکرێت. کوردەکان دوای ئەوەی بێ هیوا بوون لە هاوپەیمانییەکی بەهێزی دیمۆکراتیک لە ئێران، لە ئێستادا زۆربەی هیواکانیان لەسەر پشتیوانی دەرەکی هەڵچنیوەو هیوایان بە هێرشی دەرەکی هەیە. بەشی زۆری کوردەکان لایان وایە لە سەردەمی ئاخێزی ” ژن، ژیان، ئازادی” دا لە ساڵی ٢٠٢٣، کۆمەڵگای کوردی بەتەنها مایەوە- تەنانەت “خیانەت”یشی لێکرا-لەبەر ئەوەی بەتەنها رووبەڕووی هێزی سەرکوتی دەوڵەتی بۆوە، بێ ئەوەی لە لایەن هێزە سیاسییەکانیترەوە بەشێوەی مانادار پشتیوانی بکرێت . بەلای زۆرکەسەوە ئەو ئەزموونە وەک وانەیەکی تاڵ بوو: ئەویش ئەوە بوو کە بە پلەی یەکەم پشت بە خۆیان ببەستن نەک بە بزووتنەوە گشتگیر و بەرفراوانەکانی ئێران. بە هەموو ئەمانەشەوە ئەزموونەکانی رابردووش ئەم هیوا و چاوەڕوانیانە کەمتر دەکەنەوە. لەبەر ئەوەی کوردەکان لە ئێران ترسی ئەوەیان هەیە هاوشێوەی عیراق و سوریا کە کوردەکان هاوپەیمانی ئەمریکا بوون و دواتر پشتی لێکردن، هەمدیسان ئەمە روو بداتەوە و دووبارە بەڵێنەکان بشکێنەوە. هەربۆیە ئەگەری سەرنجی نێودەولەتی هاوکات هیوا و نیگەرانی لێدەکەوێتەوە. لە هەمانکاتدا، لە حاڵێکدا بەشی زۆری کوردەکان هەست دەکەن هێزێکی دیمۆکراتیکی مۆدێڕنی باوەڕپێکراو لە پانتای سیاسی ئێستای ئێراندا بوونی نییە؛ کوردەکان بۆ خۆشیان زۆر کەم بەرامبەر بە یەکتر لێبوردەن و بەرامبەر بە یەکتر نەرمی نانوێنن.

ئەم کۆدەنگیە بەرامبەر بە دەستێوەردانی دەرەکی- تەنانەت سەرەڕای ئەوەی کە چەند هەفتەیەکە رووبەڕوو بوونەوەی سەربازی دەستی پێکردووە- بەو مانایە نییە کۆدەنگی و رێککەوتنێکی دیمۆکراتیک بوونی هەیە. بەڵکوو ئەمە هەڵگری ئەوەیە کە جیاوازی هەیە لە جۆری روانینیان لە پەیوەند بەوەی رەنگە دواتر ڕووبدات. هەرکام لە هێزە سیاسییەکان وای دەبینن کە ئەم گوشارە دەرەکیە، هاوسەنگی هیز لە بەرژەوەندی ئەواندا دەگۆڕێت. لە وەها دۆخێکدا، دەستێوەردانی دەرەکی کۆتایی بە قەیرانی ئێران ناهێنێت، بەڵکوو تەنها قۆناغێکی نوێی لە ململانێکان دەست پێدەکات.
بەدرێژایی نیوسەدەی رابردوو، هێزە سیاسییەکانی ئێران تا ڕادەیەکی زۆر لە دوورەپەرێزی لە یەکتر و بێ پەیوەندی لەگەڵ یەک گەشەیان کردووە، گێڕانەوەی جیاواز و زۆرجار تایبەت بە خۆیان دروستکردووە بۆ ئەوەی رەوایی و مەشرووعییەت بدەن بە خۆیان. وتووێژ، لێبووردن و لە یەکتر تێگەیشتن لە ناویاندا زۆر کەم بووە، هەر لایەنەو خۆی وەک نوێنەری راستەقینەی داهاتووی ئێران دەناسێنێت. ئەم لێکدابڕان ولەتلەتبوونە تەنها لە ناوخۆی ئیران نییە، بەڵکوو لە ناو کۆمەڵگای دیاسپۆرایدا لە ئەورووپا و ئەمریکای باکوور بە ئاشکرا دەبیندرێت. ئەوەی بە کەمی دەبیندرێت، رەخنەگرتن لەخودە بە گشتی- ویستی ئەوەی دان بە هەڵەکانی رابردوودا بنریت و خۆ ئامادە بکرێت بۆ بەڕێوەبردنی هاوبەش لە بری ئەوەی رەوتێک یەکلایەنانە سەرکەوێت و دەسەڵات بگرێتە دەست- ئەوەی لە ئەمڕۆدا زۆر گرینگە و بە هەمان ڕادەی گوشارە دەرەکییەکان پێویستە، جۆرێک باڵغی سیاسی (political maturation) سیاسییە. مەرجی وەها پێگەیشتنێک ئەوەیە کە بەخۆدا بچنەوەو رەخنە لە خۆ بگرن، دان بە بەرامبەردا بنێن و قبووڵی جیاوازییەکان بکەن.
هیچکام لەمانە نابێت بە هۆی ئەوەی کە مەترسییەکانی رژێمی ئێستا بە کەم ئەژمار بکرێت. بەرنامە زیادەخوازییە ناوەکییەکانی کۆماری ئیسلامی و چالاکییە سەربازییەکانی لە ناوچەکە، نیگەرانی ڕەوای کۆمەڵگای نێونەتەوەیی لێکەوتۆتەوە. کەوایە لەو هەوڵانە تێ ئەگەین کە ئەدرێن بۆ سنووردارکردنی تواناکانی ئێران لە ناسەقامگیرکردنی ناوچەکە. بەڵام بە بێ ئامادەکاری پێشوەختە بۆ داننان بە پلۆرالیسمدا، مەترسی ئەوە هەیە دەستێوەردانە دەرەکییەکان ببن بە هۆی جێگۆڕکێی هێز، نەک گۆڕینی کەلتووری سیاسی. ئەمەش ئەوەمان بۆ ئەخاتە روو کە بۆچی هێز و پێکهاتە جیاوازە سیاسییەکانی ئێران، لە بری ئەوەی رەخنە لە خۆیان بگرن و بکەونە گفتوگۆوە لەگەڵ یەکتر، زۆرجار دەیانهەوێت دەستێوەردانی دەرەکی بکەن بە کەرەستەیەک بەوەی گەرەنتی بدات پێیان کە ئەوان تەنها جێگرەوەو ئەڵتەرناتیڤی رەوان بۆ دوای رژێمی کۆماری ئیسلامی.

بە لەبەرچاو گرتنی ئەم ئاستە لە لەتلەتبوون و لێکدابڕان، ئەکتەرە دەرەکییەکان ئێستا هەڵبژاردنێکی روونیان لەبەرە، لەبەر ئەوەی دەستێوەردانیان ئەبێ بە هۆی قووڵتر بوونەوەی ناکۆکییەکان. ئەوان دەتوانن پێبەند بن بە ئەرکی قورسی گواستنەوەی وڵات بەڕەو دیمۆکراسییەکی لەخۆگر، و بە ئاشکرا بەڵێنە بەردەوامەکانیان بەوەوە ببەستنەوە کە گەرەنتی پلۆرالیزمی سیاسی و پاراستنی دامەزراوەیی (institutional safeguards) تێدا بکرێت. یان دەتوانن هەوڵەکانیان سنووردار بکەن بەوەی توانا سەربازییەکانی حکوومەت سنووردار بکەنەوە و ژێرخانە زۆردارانەکەی بڕووخێنن. کەوایە، ئەکتەرە دەرەکییەکان پیویستە بڕیار بدەن ئاخۆ ئامادەن لە بونیادنانەوەی گواستنەوەیەکی پلۆرالیستیدا سەرمایەگوزاری بکەن- یان ئەوەی دەستێوەردانیان بەوە سنووردار ئەکرێتەوە کە تەنها رژێم لاواز بکەن. رێگای یەکەم پیویستی بە سەبر و تاقەت، گەرەنتی سیاسی و پێبەندبوونی درێژماوەی نێونەتەوەیی هەیە. دووهەمیان ئەو مەترسییەی لەسەرە کە هەمان ناسەقامگیری بەرهەم بهێنێتەوە کە بانگەشە ئەوە ئەکات کە دەیهەوێت چارەسەری بکات – و داهاتووی سیاسی ئیران نە بە پێی کۆدەنگییەکی دیمۆکراتیک، بەڵکوو بە پێی جێگۆڕکێیەکی هێز دیاری بکات کە جەنگ دروستی دەکات.

سەرچاوە:
https://moderndiplomacy.eu/2026/03/17/competing-intentions-in-irans-political-future-and-the-appeal-of-external-involvement/

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button