هێلمەن ساڵی 1946 جارێکیتر چووەوە بۆ لای شانۆنامەی رێوی بچووک و لە شانۆنامەی بەشێکیتر لە دارستان، درێژەکەی نووسی. باخی پاییزی(1951) شانۆنامەیەکی چیخۆفی هێلمەنە، هەرچەند وەک شانۆنامەکانیتری بەهێز نییە بەڵام کاریگەری دادەنێت. هێلمەن لە پرۆسەی کارکردنی خۆیدا چەند شانۆنامەیەکی بەراوردی و وەرگیراوی تێدایە لەوانە شانۆنامەی مۆزیکاڵی پاڵێوراو(1956). هەروەها شانۆنامەکانی مۆنتسرات(1949) و خوێڕیەتی (1956). هەروەها بە کتێبی نامەکانی ئانتوان چیخۆفدا چووەوەو ئێدێتی کرد.
ساڵی 1960 جۆرج هیل بە پێی شانۆنامەی (Toys in the Attic) فیلمێکی دروستکرد. هێلمەن لە سەرەتای دەیەی 1960ەوە دەستیکرد بە وانە وتنەوەو هەر لەم سەردەمەدا دەستیکرد بە نووسینی تریلۆژی بیرەوەرییەکانی. لە ژنێکی ناتەواودا، سەردەمی مندالی، ساڵەکانی هۆلیوود و پەیوەندییەکانی لەگەڵ دشیل هێمتدا دەگێڕێتەوە. کتێبی Pentimento (1973) دەربارەی گەنجێتی و ژیانی ئەوە لە نیۆیۆرک. ساڵی 1977 لەسەر بنەمای سەرنجڕاکێشترین بەشی ئەم کتێبە کە دەربارەی جوولیا، هاوڕێ نووسەرەکەیتی کە لە لایەن نازییەکانەوە بەدیل گیراوە، فیلمێک بەناوی جوولیا، بە دەرهێنەری فرێد زینەمان و دەورگێڕانی جین فۆندا دروستکرا. سێهەمین بەشی بیرەوەرییەکانی بەناوی سەردەمی چەتوونی (1979) دەربارەی دەیەی 1950 و بانگکردنی بۆ شاهیدی دان بەرامبەر بە کۆمیتەی چالاکییە دژە ئەمریکاییەکانە.
هێلمەن کە بەئاشکرا خۆی وەک لایەنگری ئازادییە مەدەنییەکان و لایەنگری ئازادی رادەربڕین نیشان ئەدا، لەگەڵ ئەوەی لە راگەیاندنە گشتییەکان هێرشی دەکرایە سەر، وەک خۆیان وەڵامی دەدانەوە هەربۆیە بەوە تاوانباریان دەکرد کە لەگەڵ بۆچوونەکانی خۆی راستگۆ نییە. جوان مێلێن لە کتێبێکدا کە دەربارەی هێلمەن و هێمت نووسیویەتی باس لەوە دەکات: هێلمەن کە لە سەردەمی چەتوونیدا هیچی بە لێبراڵە دژە کۆمۆنیستەکانەوە نەهێشتووەو هێرشی کردوونەتە سەر، لەبەر ئەوەی لەبری ئەوەی وزەی خۆیان بۆ هێرشکردنە سەر فاشیست و کاپیتالیستەکان بەکار بێنن دژ بە کۆمۆنیسم دەوەستنەوەو هەڵوێست دەگرن، ئەمە هەموو ئەو کەسانەی کە ئەم راستییەیان دەزانی تووڕە کردبوو. لەبەر ئەوەی ئەم کتێبە وەک Pentimento پڕە لە بیانوو و درۆ. مێلن ئەڵێت هێلمەن گوشاری بۆ بڵاوکەرەوەکەی (لیتل براون) هێناوە بەوەی گرێبەستی لەگەڵ دایانا تریلینگ هەڵبوەشێنێتەوە.
دایانا تریلینگ کۆمەڵە وتارێکی بۆ چاپ ناردبوو کە لەو وتارانەدا بەرامبەر بە تۆمەتێک کە هێلمەن خستبوویە پاڵ خۆی و مێردەکەی هەڵویستی گرتبوو و وەڵامی دابۆوە. هێلمەن هەروەها داوای کرد کتێبەکەی تریلینگ سانسۆر بکرێت، ئەوکاتەی خاتوو تریلینگ رازی نەبوو لیتل براون گرێبەستەکەی لەگەڵ هەڵوەشاندەوە.(دواتر هارکورت کتێبەکەی تریلینگی چاپ کرد.) هێلمەن بە سکاڵا بەرزکردنەوە دژ بە مێری مەک کارتی، پێگەی خۆی لە ناو کەسە ماقووڵ و ئەوانەی کە دەمارگرژ نەبوون لەدەست دا.مێری مەک کارتی هێلمەنی بەوە تاوانبارکردبوو کە هێلمەن بە ئاشکرا و راشکاوانە لەبەرنامەیەکی تەلەفیزیۆنیدا درۆی کردوە ئەوەی دەینووسێت، تەنانەت “و” و “بەڵام”ەکانیش درۆیە. سکاڵای هێلمەن بەپێچەوانە کەوتەوە.
مەک کارتی هەندێ بەڵگەی بۆ قسەکانی خۆی خستە روو. یەکێک لەو بەڵگانە درۆیەکی گەورەی هێلمەن بوو کە دەیگوت ئاگاداری دادگایی کردنەکانی مۆسکۆ نییە کە لەو دادگایی کردنانەدا ستالین، حیزبی کۆمۆنیستی لە گاردە کۆنە بەلشڤیکییەکان پاک کردەوەو ئاگای لە کوشتن و پاڵاوتە کردنەکانی ستالین نییە، ئەویتریان نامەیەک بوو کە هێلمەن واژۆی کردبوو بەوەی چەپییەکان هان بدات هاوکاری کۆمیتەی جان دیۆیی نەکەن کە هەوڵیاندەدا نهێنییەکانی دادگاییە نمایشییەکانی ستالین بخەنەڕوو. هێلمەن هەروەها دژ بەوە بوو ترۆتێسکی وەک پەنابەری سیاسی لە ئەمریکا بمێنێتەوەو پەنابەری پێبدرێت.
ناشیرینترین بەڵگە کە مەککارتی خستییە روو، تایبەتە بە بەشێک لە بیرەوەرییەکانی هێلمەن لە کتێبی Pentimentoکە لەو بەشە لە کتێبەکەدا باس لەوە دەکات بۆ چالاکی دژە فاشیستی، بەوپەڕی بوێرییەوە بە دزیییەوە پارەی بردووەتە ناو ئەڵمانیای نازی، ئەمە جگە لەوەی درۆیە دزییەکی ئاشکراشە.
هێلمەن چیرۆکی ژنێکیتری دزیوە. موریل گاردنەر، جولیای فیلمی زینەمان، کە دواتر بەسەرهاتی خۆی بە ناوی خوازراوی مێری بڵاو کردەوە، ئەو کەسە بوو کە بە دزییەوەو بە قاچاخ پارەی بۆ دژە فاشیستەکانی ئەڵمانیا دەبردە ئەڵمانیا و دەیگەیاندە دەستیان. دواتر “مارتا گیلهێرن” کۆنە ژنی ئەرنێست هێمێنگوای کە لەکاتی جەنگی ناوخۆیی سپانیا هەواڵنێربوو، درۆ و خەیاڵ پڵاوەکانی هێلەنی خستەڕوو و بەم شێوەیە پێگەو کەسایەتی هێلمەن خەساری گەورەی پێگەیشت. هێلمەن بۆ پاساو هێنانەوەی درۆکانی پێشتری هەندێ درۆیتری کەڵەکەی سەریەکتر کرد و دوای ئەوە خەڵک بەزەییان پێیدا هاتەوە لەبەر ئەوەی پیرەژنێکی هەشتا ساڵەبوو. دۆسیەی سکاڵاکەی دژ بە مێری مەک کارتی دوای مردنی هێلمەن داخرا.
لیلیان هێلمەن دوای جیابوونەوە لە ئارتوور کۆبێر، تا کۆتایی تەمەنی لەگەڵ دشێل هێمت ژیا. لە کۆتایی تەمەنیدا تووشی کێشەی بینین بوو و چاوی باش نەیدەبینی و سەرەنجام رۆژی 30 ژووئیەی 1984 لە واین یارد هیۆن ماڵئاوایی لە ژیان کرد. هێلمەن دووجار بوو بە پاڵێوراوی وەرگرتنی خەڵاتی “تۆنی برادۆی”، جاری یەکەم ساڵی 1956 بۆ باشترین شانۆنامەی مووزیکاڵ و و جاری دووهەم بۆ Toys in the Attic. هێلمەن ساڵەکانی 1941 و 1960 دووجار خەڵاتی رەخنەگرانی شانۆی نیۆیۆرکی بردەوە.
ساڵی 1964 لە ئەکادێمیای هونەر و ئەدەب بۆ دەستکەوتە درەوشاوەکانی لە شانۆدا، میدالیای زێڕیان پێبەخشی. هەروەها ساڵی 1969 بۆ کتێبی ژنێکی ناتەواو بوو بە براوەی خەڵاتی کتێبی نەتەوەیی و ساڵی 1974 بوو بە پاڵێوراوی ئەم خەڵاتە بۆ کتێبی Pentimento. هێلمەن ئەندامی ئەکادێمیای هونەرو ئەدەبی ئەمریکابوو و لە زانکۆکانی نیۆیۆرک، ییل، هاروارد و ئەنیستیتۆی تەکنۆلۆژیای ماساچۆست وانەی دەوتەوە. ساڵی 1974 مەدالیای مەک داوڵی پێبەخشرا. ئەو تا کۆتایی تەمەنی هەر لە نووسین بەردەوام بوو.