وتاری وەرگێڕان

وتووێژ لەگەڵ رۆژنامەنووسەکان

ئیڤان کلیما

لە دوای شۆڕشی پەمەیی، چەند جار بەشداریم کردووە لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵنێرانی وڵاتانی جیاواز و رۆژنامە جیاوازەکان. بەزۆری بەم شێوەیە داواکارییەکەیان باس دەکەن: زەنگی تەلەفۆنەکە لێ دەدات و کەسێک زۆر بە ئەدەبەوە دەڵێت ئەو کەسەی لەو بەری هێڵی تەلەفۆنەکەوەیە و قسە دەکات رۆژی پێشتر بە فڕۆکە هاتۆتە ئەم شارە یان وڵاتەوەو رۆژی دواتریش ئەبێ بڕوات، سپاست دەکات ئەگەر کاتێکی بۆ دانێی قسەت لەگەڵ بکات. منیش وەڵامەکەم ئەرێنییەو ئیزنی پێ ئەدەم، بەڵام داوای لێ ئەکەم کە وتووێژەکەمان دەربارەی ئەدەبیات بێت و ئەوە نەبێت تەنها باس لە سیاسەت بکەین. پێیان ئەڵێم من لە بابەتە سیاسییەکان تێناگەم. دڵنیام دەکەنەوە کە وا دەبێت.

لە دوای یەک یان دوو کاتژمێر، رۆژنامەنووسەکە لە بەردەم شووقەکەی من دەردەکەوێت. لێم دەپرسێت کێشە نییە ئامێری تۆمارکردن (تەسجیل) هەڵ بکات. پێی دەڵێم نا، دواتر دەست پێدەکات. پرسیاری یەکەمی دەربارەی کێشە و ئاریشەکانی ناسیۆنالیزمە. من زۆر شارەزاییم لەم بارەوە نییە، بەڵام بەلای ئەوەوە گرینگ نییە، تەنها دەیهەوێ بۆچوونم بزانێت. زۆر باشە: ئەوەی بە مێشكمدا دێت دەیڵێم. پرسیاری دووهەم تایبەتە بە دۆخی ئابووری وڵات. من، هیچ زانیاری و شارەزاییەکم لەم بارەوە نییە، بەڵام وتووێژکەرەکە حەز دەکات بۆچوونی تایبەتیم بزانیت. منیش هەمان وەڵام ئەدەمە کە شەوی رابردوو لە وتووێژێکی تەلەفیزیۆنی گوێم لێ بووە. پرسیاری سێهەم دەربارەی  ژینگەیە. من لەم بارەوە هیچ نازانم، بەڵام رۆژنامەنووسەکە دەیهەوێت بۆچوونی تایبەتیم بزانیت. بۆچی بۆچوونی تایبەتی من؟ وەڵام ناداتەوە، تەنها زەردەخەنەیەک دێتە سەر لێوی و هانم دەدات وەڵام دەمەوە. من باس لە بۆچوونێک ئەکەم کە یەکشەممەی رابردوو لە رۆژنامەیەکی لایەنگری پاراستنی ژینگەدا خوێندوومەتەوە. تا رادەیەک رەوتی و ئاراستەی وتووێژەکە بێتاقەتی کردووەم، بەڵام رۆژنامەنووسەکە زۆر رازییە. ئەو هەر دەیهەوێت بزانێت لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا کێ براوە ئەبێت و ئاخۆ کۆمۆنیستەکان بە تەواوەتی لەناوچوون و دوورخراونەتەوە.

پاش ماوەیەک بەوە دەگەم  ئەم پرسیارانەم لێناپرسێت ، لەبەری ئەوەی رۆژنامەنووسەکە چاوەڕوانی وەڵامە زیرەکانەکانی منە. بەپێچەوانەوە ئەم پرسیارانەم لێدەپرسن لەبەر ئەوەی ئەزانن من شارەزاییەکم لەو بارەوە نییە. لە کۆمەڵگایەکدا کە پڕە لەو کەسانەی کە لە بابەتە جیاوازەکاندا شارەزایی و پسپۆڕییان هەیە و لە بوارەکانیتردا شارەزاییەکیان نییە، سیاسەت- یان هەر بابەتێکیتر کە دەکرێت بێئەوەی شارەزاییەکی وات لە بارەیەوە ببێت قسەی لەسەر بکەیت- تەنها گفتووگۆکردنی رواڵەتیانەی هاوبەشی ناو کۆمەڵگایە. کەوایە ، لە وەها کۆمەڵگایەکدا ئەکرێ چاوەڕوانی ئەوە بین ئەستێرەکانی سینەما دەرباری ستایلی ژیان قسە بکەن، یان یاریزانی فوتبووڵ بە دەنگی بەرز باسی کارو باری کۆمەڵگا و پرسە کۆمەڵایەتییەکان بکات، گۆرانیبێژەکان بۆ قسەکردن لەسەر پرسەکانی تایبەت بە جەنگ و ئاشتی قسە بکەن.

بە رۆژنامەنووسەکە ئەڵێم، ئەگەری ئەوە هەیە هەڵبژاردنەکە هەزار جۆر دەرئەنجامی هەبێت، بەڵام لام وانییە کۆمۆنیستەکان لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتوو بن. رۆژنامەنووسەکە خۆشحاڵ و رازییە بە هۆی وەڵامەکەی منەوە، بەڵام خۆشحاڵ نییە بەوەی کە من وەها هەست بە رەزامەندی ناکەم  لە رەوتی وتووێژەکە. هەست ئەکات ئەبێ پرسیارێکم لێ بپرسێت دەربارەی کارەکەم. بەڵام چ پرسیارێکی هەیە لەم بارەوە لە منی بپرسێت؟ ئەو تەنانەت یەک وشەی لەو شتانەی کە من نووسیومە نەخوێندۆتەوە، ئەترسێت قسەیەک لەم بارەوە بکەم کە قسەیەکی گونجاو و رێک و پێک بێت و کێ گوێ بەم قسە گونجاو رێک و پێکانە ئەدات ؟ کە وایە تەنها پرسیارێک کە ئەتوانێ بپرسێت ئەوەیە :” ئێستا ئەتهەوێ چی بنووسی؟”

نەوەک تووشی هەڵە بن! مەبەستی رۆژنامەنووسەکە لەم پرسیارە ئەوە نەبووە کە بزانێت پرۆژی داهاتووی من و نووسینی داهاتووم چییە. ئەم پرسیارە، پرسیارێکی سیاسییە، ئەمە پرسیارێکە کە زیاتر لە هەر پرسیارێکیتر لێم دەپرسن.

” مەبەستتان لە “ئێستا” چییە؟

تۆزێ بێدەنگ ئەبێت. ” ئممم. مەبەستم ئەوەیە ئێستا خۆ ئیتر شتێک نییە دژی بجەنگیت .”

زۆرجار هەوڵمداوە ئەوەیان بۆ شی بکەمەوەو باس لەوە بکەم کە دەمهەوێت شتێکی نوێ بنووسم، شتێکی جیاواز لەو شتانەی کە ئیتر مانوو بووم لە نووسینیان. کە وایە ئەڵێم :” خۆ من سەرباز نیم.”

رۆژنامەنووسەکە لە قسەکەم تێناگات.

” سەربازەکان دەجەنگن. نووسەرەکان دەنووسن. جا باش بێت یان خراپ. زۆربەشیان خراپ دەنووسن.”

رۆژنامەنووسەکە ئەڵێت :” بەڵێ وایە”. وەک ئەوەی لە مەبەستەکەم تێگەیشتبێت. ” بەڵام دۆخی ژیانت بە تەواوی گۆڕاوە، کەوایە ئیتر ناتوانیت لەسەر ئەو شتانە بنووسیت کە پێشتر ئەتنووسی.”

“بۆچی ناتوانم.؟”

رۆژنامە نووسەکە هیوابڕاوانە لێم دەڕوانێت. بەهەرحاڵ ئەو ئەبێ پرسیار بپرسێت. ” بەڵام تۆتالیتاریسم کۆتایی پێ هاتووە. وانییە؟”

” کەوایە من لەمەو بەدوا ئەبێ لەسەرچی بنووسم؟ لەسەر کۆمپیۆتەرەکان؟ یان لە سەر زەڕافەکان؟”

رۆژنامەنووسەکە سەری لێ دەشێوێت. تا ئێرە من وەک قوتابییەکی گوێڕایەڵ وەڵامی پرسیارەکانی ئەوم دەدایەوە، بەڵام ئێستە کوت وپڕ لاسارم لێ دەرهاتووە. بەدڵنیایەوە ئەزانم دەیهەوێت چی دەستکەوێت. تا بە ئێرە، ئێمە هەموومان خەریکبووین دژی تۆتالیتاریزم قسەمان دەکرد. ئێمە باسی راوەدوونان و ئازار و ئەشکەنجە و پۆلیسمان ئەکرد کە ئازار و ئەشکەنجەی ئینسانەکان ئەدەن. هەموو ئەمانە بوون بە دووکەڵ و هەبا، کەوایە ئیتر قسەیەکمان بۆ وتن نییە، راست وەک نووسەرەکانی ئەو وڵاتەی رۆژنامەنووسەکەی لێوە هاتووە، کە قسەیەکیان بۆ وتن نییە.

“بەڵام بەراست لاتان وایە ئەوان قسەیەکیان بۆ وتن نییە؟” نامهەوێ لەمە زیاتر ئازاری بدەم و ماوەی ئازاردانەکەی درێژ بکەمەوە. ئەو تەنها هەڵەیەکی کردووە دەربارەی ئەدەبیات و ژیان لەم بەشە لە دونیا کە ئێمە تێیدا ئەژین. بەلای ئەوەوە ئەمە شتێکی سەلمێنراوە ، لەهەر کوێ سەرکوت و زڵم و زۆر هەیە، تەنها ئەرکی ئەدەبیات وەستانەوەیە دژی زوڵم و سەرکوتکاری، تەنها بە وەسف کردنی زڵم و زۆر و ئاشکراکردنی ئەوانەی وەها زڵمێکیان کردووە، ئەکرێ دژی زوڵم و سەرکوتکاری بوەستینەوە. بەڵام لەبەر ئەوەی ئەدەبیات دەرئەنجامی کردەیەکی ئازادانەی داهێنەرانەیە، کەوایە دژی هەرچەشنە توندووتیژی و هەرچەشنە تۆتالیتاریزمێکە.

ئەی ژیان ؟ مرۆڤەکان عاشق ئەبن و رقیان لە یەک ئەبێت، کار ئەکەن، چاوەڕێن کاتی پشوو بێت، نەخۆش ئەکەون ، چاک ئەبنەوە، و دەمرن. دەناڵێنن، دەگرین، پێدەکەنن، خۆشی و شادی دەکەن، بێتاقەت ئەبن، کڵاو ئەنێنە سەر یەکتر، لەگەڵ یەکتر دەبن بە هاوڕێی زۆر نزیک، برسیان ئەبێت، سەرخۆش ئەبن، درۆ ئەکەن، هەڵ دەدەن ببن بە جێی متمانەی کەسانیتر- لە لەندەن، لە پراگ، لە بێرلین یان لە ڤلادی ڤێستۆک (Vladivostok). هەنێ جار دۆخی دەرەکی ژیانیان دەگۆڕدرێت و هەندێ جاریش ئەم گۆڕانە لە رەگەوەیە، بەڵام زۆر کەم ئەم دۆخە ئەبێت بە بونیادی بنەڕەتی ئەدەبیات. جا، لە سەردەمەدا کە ئێمە ئەژین- سەردەمێک ، کە سەردەمی گۆڕانە لە سیستەمێکەوە بۆ سیستەمێکیتر- گەڵاڵەیەکی مادییتر لە هەموو گەڵاڵەیەکیتر لە سەردەمەکانیتردا زاڵە، ئەو سەردەمانەی پێشتر کە خراپبوون، بەڵام بەمەشەوە لە گۆڕان و پەڕینەوەدا نەبوون. بەکردەوە، پێشتر هەموو خوویان بەوە گرتبوو بە ناو باخ و هاوینە هەوار (Yaylak)ە دەست بۆ نەبراوەکانەوە لە ماوەی سەفەرەکانیاندا تێپەڕن، ئەو زەوییە دەست بۆ نەبرا و سەرسەوزانە ببن کە پڕاوپڕن لە هیوا و ئاسۆی روون، بەڵام کەس کاری پێیان نییە. لە کۆمەڵێک بوارەوە، دڵەڕاوکە و هەست بە نائارامی کردن جێگای ئەم هەستە خۆشانەی گرتۆتەوە، تەنانەت هەندێجار ئەم هەستە خۆشانەش دەبن بە رابردوو و خۆزگەیان پێ دەخوازین. لە بوارەکانیتردا، هەموارکردن و هاوسەنگی کردن، جێگای خۆی داوە بە تەماح و چاوچنۆکی. گەندەڵی بە شێوەیەکی بەربڵاو تان و پۆی کۆمەڵگای گرتۆتەوەو لەوەدایە هەموو بونیادەکانی کۆمەڵ تێک بدات، لەبەر ئەوەی مڵکەکان دەستاو دەستیان پێ دەکرێت، لەبەر ئەوەی کۆمەڵێک کەس لە پشت کورسی دانیشتوون و بڕیار ئەدەن کامە زەوی بدرێت بە کێ. ئەوانەی لە سەردەمی رژێمی پێشتردا ئازار دەدران و ژیانێکی قورسیان هەبوو، زۆربەیان هەژارن و بە هەژاری دەژین، ئەوانەی لە دەسەڵاتدا بوون، هەر دەوڵەمەندن، سیستەمی بازاڕ لە بەختی دەوڵەمەندەکاندایە. هیوایەک نییە بەوەی بە شێوەی عادڵانە بە هەڵەکانی رابردوودا بچنەوە. بۆ نووسەرێک چ شتێک ئەتوانێت سێحراویتر و سەرنجڕاکێشتر بێت لە سەردەمێکی وەک ئەم سەردەمە کە پڕە لە ناکۆکی و پاڕادۆکس؟

بە هەموو ئەمانەشەوە، ئەوەی دەبێت بە خولقێنەری ئەدەبی باش، زڵم و سەرکوت یان ئازادی، یان تەنانەت سەرنجڕاکێشترین و سێحراویترین دۆخی کۆمەڵایەتی نییە. گەورەیی لە ئەدەبدا گرێ دراوەتەوە بە تواناکانی ئەو کەسانەوە کە وەها ئەدەبێک دەخولقێنن. تیۆلستۆی و چیخۆف لە سەردەمی سەرکوتکاریدا دەژیان. فاکنەر و گراهام گرین لە سەردەمی ئازادیدا و مارکێز لە سەردەمێکدا بووە نە ئازادییەکی تەواو و نە سەرکوتکارییەکی تەواو بووە…

هەواڵنێرەکە هەڵدەستی و سپاسم دەکات لەبەر وتووێژەکە. دەیهەوێت بچێت و چەن نووسەرێکیتر ببینێت. لێی ناپرسم بۆچی وائەکەی، هەرچەن لام وایە ئەزانم. ئەو دەیهەوێت لێیان بپرسێت:

” ئێستە ئیتر ئەتانەوێت دەربارەی چ شتێک بنووسن؟”

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button