وتووێژ

وتووێژی‌ مادلین کەپسل لە گەڵ ژیل دیلۆز

و/ مستەفا
________________________________________

کەپسل: چۆن بوو پەرژایتە سەر مازۆخ و هۆگری‌ کارەکانی‌ مازۆخ بووی‌؟

دیلۆز: هەموو دەم لام وابووە مازۆخ رۆماننووسێکی‌ گەورەیە. گلەییم هەبوو بەرامبەر بەو کەمتەرخەمییەی‌ بەرامبەر بە مازۆخ دەکرا، بۆچی ئەوەندە “ساد” دەخوێندرێتەوە بەڵام مازۆخ نا؟ خەڵک بە پێچەوانەی‌ “ساد”ەوە تاقەتی‌ خوێندنەوەی‌ کارەکانی‌ مازۆخییان نییە.

کەپسل: زۆر کەم لە کارەکانی‌ وەرگێڕدراوەتەوە؟

دیلۆز: نا..نا. لە کۆتاییەکانی‌ سەدەی‌ نۆزدەیەمدا زۆبەی کارەکانی‌ وەرگێڕدراونەتەوە و زۆریش ناسراون. ئەم ناسیینە هۆکاری‌ سیاسی و فۆلکۆری‌ لە پشتە نەک جنسی. بەرهەمەکانی‌ گرێ‌ دراوەتەوە لە گەڵ بزووتنەوە سیاسی و نەتەوەییەکانی‌ ئەورووپای‌ ناوەند، لە گەڵ پان-سلاویسم. ناکرێ‌ مازۆخ لە بزووتنەوەکانی‌ ساڵی‌ 48 جیا بکرێتەوە، ئەو شۆڕشانەی‌ لە ئیمپراتۆری‌ نەمسا روویان دا، وەک چۆن ناکرێ‌ “ساد” لە شۆڕشی فەرانسە جیا بکەینەوە. ئەو کەمینە جنسییانەی‌ مازۆخ بە وێنایان دەکێشێ و باسیان لێوە دەکا، بە شێوەیەکی‌ ئاڵۆز ئاماژەن بۆ کەمینە نەتەوەییەکانی‌ ئێمپراتۆری‌ نەمسا، وەک چۆن کەمینە بێ سەرەو بەرەکانی‌ “ساد” ئاماژەن بە کۆڕ و کۆمەڵە شۆڕشگێڕەکان.

کەپسل: کە باس لە مازۆخ دەکرێ‌ بێ یەک و دوو ناوی‌ “ساد”یش دێ‌ و باس لەویش دەکرێ‌

دیلۆز: بەڵێ! وایە. چونکە من دەمویست ئەم ویکچوونە شوناسەیان لێک جیا بکەمەوە. هەندێ‌ بەها هەن کە تەنها تایبەتن بە مازۆخ، تەنانەت ئەگەر ئەم بەهایانە تەنها تایبەت بن بە تەکنیکی‌ ئەدەبی مازۆخ. هەندێ‌ رەوتی‌ مازۆخسیتی‌ هەن بە تەواوەتی‌ سەربەخۆن لە هەرچەشنە گەڕانەوە بۆ سادیسم. بەڵام سەیر لەوەدایە یەکگرتنی‌ سادۆ-مازۆخسیم شتێکی‌ زۆر ئاشکرایە، ئەمە لە حاڵێکدایە من لام وایە میکانیزمی‌ جوانیناسی و خەسارناسی(پاتۆلۆژی‌) جیاوازیان هەیە. تەنانەت خودی‌ فرۆیدیش هیچ شتێکی‌ نوێی نەدۆزیوەتەوە: هەڵکەوتە بوونی‌ فرۆید لەوەدابوو رێگایەکی‌ دۆزییەوە بۆ گوزەر لە یەکیانەوە بۆ ئەویتریان، بەڵام هیچکات خودی‌ ئەم یەکگرتنەی‌ نەبردە ژێر پرسیارەەو. بە هەر حاڵ، لادان لە دەروونناسی پزیشیکی‌دا باسێکە کە زۆر کەمتر لە هەر باسێکی‌ تر قسەی‌ لە سەر کراوە. لادان چەمکێکی‌ دەرمانناسی نییە.

کەپسل: لێکدانەوەی‌ ئێوە دەربارەی‌” ساد” و “مازۆخ” ، نەک وەک پزیشکێکی‌ دەروونناسی، بەڵکوو وەک نووسەر چییە؟ ئەو ساد و مازۆخەی‌ کە کارناسی بواری‌ لادانن.

دیلۆز: رەنگە سێ کردەی‌ پزیشکی‌ جیاواز بوونی‌ هەبێت: هێما ناسی (Symptmatology ) یان لێکدانەوەی‌ هێماکان(نیشانەکانی‌ نەخۆشی)، هۆناسی (Etiology) یان لێکۆلینەوە لە هۆکارەکان، دەرماننسای(Therapeutics) یان لێکۆڵینەوە لە دەرمان و جۆری‌ دەرمانەکان. لە حاڵێکدا هۆناسی و دەرمانناسی دوو بەشی پێویستی‌ پزیشکین، هێماناسی دەیهەوێ‌ بێ لایەن بێت، ناوچەیەکە کە لە پێش پزیشکی‌ یان ژێر-پزیشیکی‌ دایە، هەم لە هونەردا هەیە و هەم لە پزیشکیدا: باس لە کێشانەوەی‌ “پۆرترە” دەکرێ‌، کاری‌ هونەر نیشان دانی‌ هێماکانە، هەمان ئەو کارەی‌ جەستە یان رۆخ دەیکات، هەر چەن بە شێوەیەکی‌ تەواو جیاواز. بەم مانایە هونەرمەند یان نووسەر دەتوانێ‌ هێماناسێکی‌ گەورە بێت، راست وەک پزیشک، کە وایە ساد و مازۆخیش هەر بەو شێوەیەن.

کەپسل: بۆچی هەر ئەوان؟

دیلۆز: تەنها ئەوان نین. هەڵبەت کەسانی‌ تریش هەن کە بەرهەمەکانیان هێشتا وەک هێماناسی داهێنەرانە نەناسراوە. وەک چۆن مازۆخ. بەڵام سامۆئێل بێکت پۆرترەیەکی‌ زۆر تایبەتی‌ هێماکانە. نەخۆشی و ناساغییەکە ناناسێت، بەڵام دونیا وەک هێما دەناسێتەوە، هونەرمەندێکی‌ هێماناسە.

کەپسل: ئێستا کە ئاماژەت بە بێکت دا، ئەتوانین ئەم تایبەتمەندییە لە بەرهەمەکانی‌ کافکا یان دۆراسیشدا ببینین.
دیلۆز: بەڵی بە تەواوی‌

کەپسل: ئەمە لە بەر ئەوە نییە ژاک لاکان ستایشی The ravishing of Lol Stein ی‌ کردوەو، بە دۆراسی وتووە ئەم کارەی‌ بە باشی خوێندۆتەوە، وەسفکردنێکی‌ سەیری‌ لە شەیداییەکانی(Manias لەو دەرمانگایەدا بینییوە… بەڵام بێ گومان ناکرێ‌ دەربارەی‌ بەرهەمەکانی‌ هەموو نووسەرێک بەم شێوەیە بڕیار بدەین و قسە بکەین.

دیلۆز: نا… بە دڵنییاییەوە نا.. ئەمە دەکرێ‌ بە تایبەتمەندی‌ ساد و مازۆخ و چەند کەسی تر (بۆ وێنە Robbe-Grillet یان کلۆسۆفسکی‌) بزانین ، ئەوەیە فانتاسم(Phantasm) ئۆبژەی‌ بەرهەکەیان دەخولقێنێ‌، لە حالێکدا زۆربەی‌ کات فانتاسم سەرچاوەی‌ بەرهەمەکانی‌ ئەوانە. هێماکان خاڵی هاوبەشی سەرجەم بەرهەم و خولقێنراوە ئەدەبییەکانی‌ ئەوانە. هێماکان فانتاسم خاڵی هاوبەشی سەرجەم بەرهەم و خولقێنراوە ئەدەبییەکانە. مازۆخ ئەم شتە بە فیگۆر(The Figure) ناو لێ دەبا و لە راستییدا دەڵێت :” دەبێ لە فیگۆرە زیندووەکان بەولاتر بڕۆین، دەبێ بگەین بە پرسی سەرەکی‌” ئەگەر بە لای‌ زۆربەی‌ نووسەرەکانەوە وەهم سەرچاوەو کانگای‌ بەرهەمە، بەلای‌ ئەو نووسەرانەوە کە من هۆگری‌ کارەکانیانم، فانتاسم بابەتی‌ بەرهەم و مەبەستی‌ نووسەرە، وەک ئەوەی‌ هەموو بەرهەمەکە دەربارەی‌ سەرچاوەی‌ فانتاسم بێ و باس لە فانتاسم بکات.

کەپسل: لات وایە رۆژێ‌ وەک چۆن ئێستا باس لە سادیسم و مازۆخیسم دەکەین، بای لە کافکائیسم یان بێکتیسم بکرێ‌؟

دیلۆز: بەڵی لام وایە.. بەڵام ئەم نووسەرانە، ئەوە نییە وەک مازۆخ یان ساد زەڕەیەکی‌ “گشت گیر” ی‌ جوانیناسی بەرهەمەکانیان لەم رەوتەدا لە دەست بدەن.

کەپسل: ئەم جۆرە کارەی‌ لەPresentation de Sacher-Masok بەرهەمت هێنا چۆن دەبینی‌؟ دەمهەوێ‌ بڵێم مەبەستی‌ تایبەتی‌ تۆ لەو نووسینە چ بوو؟ رەخنەی‌ ئەدەبی یان دەروون پزیشکی‌؟

دیلۆز: کارێ‌ کە دەیویست ئەنجامی‌ بدەم و (ئەو کتێبە تەنها لێکدانەوەیەکی‌ سەرەتایی بوو) دەربڕینی‌ پێوەندی‌ نێوان ئەدەب و دەروونناسی گەشە بوو. پێویستە دەروونناسی گەشە لەو یەکیەتییە گشت گیرانە دوور بخەینەوە کە لە رێگای‌ “وەرگەران” و “ئەویتر کردن”ەوە ئەنجام دەدرێن. ئایدیای‌ سادۆ-مازۆخیسم تەنها هەڵاواردنێکە و بەس (سادیسمێکی‌ مازۆخسیتی‌ بوونی‌ هەیە، بەڵام ئەم سادیسمە لە ناو مازۆخستیدایە و سادیسمی‌ راستەقینە نییە. ئەم بابەتە دەربارەی‌ مازۆخیسم سادیسمیش هەر بەم شێوەیە.) ئەم هەڵاواردنە ئەنجامی‌ هێماناسی بە پەلەی‌ ئێمەیە ، چونکە ئیتر هەوڵ نادەین ئەوەی‌ هەیە بیبینین، بەڵکوو لە بری‌ ئەوە، پاساو بۆ ئایدیای‌ پێشتری‌ خۆمان دێنینەوە. خودی‌ فرۆید بۆ وێنە لە A child is being Beaten? ئەم دژوارییەی‌ ئەزموون کرد و ئیتر هەوڵی نەدا پرسی یەکگرتنی‌ سادۆ-مازۆخیسم بباتە ژێر پرسیارەوە. کەوایە دەکرێ‌ نووسەرێ‌ هێماناسی تێپەڕ بکات و کاری‌ هونەری‌ ئامرازی‌ تازەی‌ دەخاتە بەردەست- رەنگە لە بەر ئەوەی‌ نووسەر کەمتر سەرقاڵی‌ دال و مەدلوول(هۆکار و بەرهۆ)یە.

کەپسل: چۆن بوو لە کتێبەکانتدا زۆر پەرژایتە سەر ڤینۆس چەرم پۆش؟

دیلۆز: مازۆخ سێ کتێبی زۆر باشی نووسییوە، La Mere de Dieu :، Pecheuse d،dmes و ڤینۆسی چەرم پۆش. من ناچار بووم کارێ‌ هەڵبژێرم کە لام وابوو زیاتر لە کتێبەکانتی‌ تر نوێنەری‌ کاری‌ مازۆخە، ئەو کتێبەش ڤینۆسی چەرم پۆش بوو. چونکە ئەو بابەتەی‌ ئەو کتێبە باسی لێ دەکات، ناوازەترین و سادەتر بوو لە بابەتی‌ کتێبەکانی‌ تر. لە دوو کتێبەکی‌ تردا، عیرفان لە گەڵ هەندێ‌ هەڵسووکەوتدا وها ئاوێتە کراوە کە بە تەواوەتی‌ مازۆخیستن. بەڵام پێداچوونەوە نوێکانی‌ ئەم بەرهەمانەش جێگای‌ پەسەندن

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button