چیرۆکی وەرگێڕان

شاری رەش

لئۆناردۆ پی. ئالیشان.

لئۆناردۆ پی. ئالیشان: نووسەر و شاعیری ئەرمەنی. ساڵی 1951 لە تاران لە دایكبووە. دوای تەواوكردنی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی ئێرانی بەجێهێشتووەو ساڵی 1973 رووی كردۆتە ئەمریكا. دوای تەواو كردنی خوێندن لە زانكۆی یۆتا لە ساڵت، خەریكی وانە وتنەوە بووە لە بواری ئەدەبی بەراوردكاریدا. ئەم نووسەرە ناودارە ساڵی 2005 لە ئاگركەوتنەوەیەكدا گیانی لەدەستدا.

كاتی ریش تاشین، ئەو كاتەی لێوی خوارەوەم بڕی، لە بەردەم دەروازەی شاری رەشدا بووم. ئەو شارەی لە مەڕمەڕی رەش دروستكراوە لە ناو بیابانێكدا، نزیكترین كانی بەردی مەڕمەڕ بە سەدان كیلۆمەتر لەو شارەوە دووربوو. شارێكی نامۆ. شارێكی نامۆی مەڕمەڕین دوور لە هەر ئاوەدانییەك. شارێكی رەش كە رۆحم بە وەتەن و وڵاتی خۆی دەزانێت.

بە خەیاڵی ئاسوودەوە لە دەروازەی شارەوكەوە گوزەرم كرد و خەیاڵم ئاسوودە بوو كە شاری خۆمە، وەها ئاسوودە بووم چما خۆم ئەم شارەم بونیات ناوە،هەموو بیناكانی ئەو شارە هونەری بیناسازی خۆم بوو. مەڕمەڕ و كانەكەش هەر خۆم بووم. كۆیلەیەك بوو كە مەڕمەڕەكانم دەرهێنابوو و كۆیلەیەك بووم كە كێشام و هێنامە ئەم بیابانە. پاشای شاری رەش بووم و تەنها كەسێك بووم سەردانی ئەم شارەم دەكرد. شاری نامۆی من.

لە شەقامەكاندا بە بۆنێكی ئاشنای قورسەوە رێم دەكرد. بۆنی قژی دایكم. بۆنی كراسەكەی باوكم. بۆنی پرتەقاڵەكانی شەوانی هەینی و شەوانی هاوین كە پڕدەبوون لە حیكایەتەكانی نەنكم، دانیشتین و لەتمان دەكردن و دەمانخواردن. لەو شەقامانەدا پیاسەم دەكرد كە پڕبوون لە روخساری ئاشنا كە لە قۆناغە جیاوازەكانی تەمەنمدا دەمناسین.هەموویان رەش و سپی بوون. چما كەس پەلەی نەبوو و كەس نەیدەویست بۆ هیچ كوێ بڕوات، بەڵام چما هەموویان لە جووڵەدا بوون. كەس قسەی نەدەكرد. شەقامە بێدەنگ و بۆنخۆشەكانی شار پڕبوو لە حەشیمەتێك كە لە جیهانێكیتردا زیندوو بوون، لە دونیایەكیتردا پیردەبوون، بەڵام هەموویان بەو شێوە بوون كە من لە منداڵی، گەنجێتیمدا دەیبوومن.

 

شاری مەڕمەڕی رەش لە لایەكەوە دەیخواردە مزگەوتێك كە لە سەر گومەزییەكەی مانگێكی گرد بوونی هەبوو و لە لایەكیترەوە دەیخواردە كەنیسەیەكی گەورە، كە تاو لە سەر لێژایی سەربانەكەی نیشتبۆوە. كەناسێك كە لەو كاتەوەی لە گەڕەكە كۆنەكەماندا بووم دەمناسی، ئەستێرە رژاوەكانی وەك گەڵای پاییزی گسك ئەدا، لە هەمانكاتدا میلەكانی كاتژمێری بورجەكە بە هەمان رەوتی كاتژمێر و بە پێچەوانەی رەوتی كاتژمێر دەسووڕاوەو بە ریتمی سەدە ناوەڕاستییەكان دەجووڵانەوە. ئەم شارە مەڕمەڕی رەش بوو كە هەر ساتێك لە تەمەنم بەشێك لەو شارەم دروستكردبوو و ئێستاش ئەگەر لە ژیاندا بام، دروستم دەكرد و زیندوو بووم، هەرچەند بە رێخۆڵەیەكەوە كە بە ناوكمەوە بوو بەسترابوومەوە بە منداڵدانی خواوەندێكی مردووەوە.

لە ناو حەشیمەتە رەش و سپییەكەدا كچۆڵەیەكم بینی بە روخساری گەشەوە كە پێدەكەنی و هەڵبەز دابەزی بوو. بینینی كەسێك لە شارەكەمدا، كە هەست بە شادبوون دەكات زۆر خۆشحاڵ بووم. بەرەو رووی چووم و پرسیم تۆ كێی. وتی منداڵی ژنەكەی منە. پرسیم:” هەموو دەم وەها شاد بووی؟

وتی:” شاد بووم. بەڵام تا دێت شادتر دەبم.”

پرسیم:” شادبوونەكەت پێوەندییەكی بە منەوە هەیە؟

وتی:” بەڵێ. پێوەندی هەیە. ژنەكەت هەموو رۆژێك لە لای تۆوە بە خەمەوە دەژی و سبەی بێ هیوایە، من كە سبەی رۆژی ئەوم لە بیرەوەرییەكانیدا زیندوو دەبمەوە. تۆ لەو دونیادا زۆر بە هەڵەدا دەچیت كە لات وایە رابردوو ناگۆڕدرێت.”

گریام. بە ئارامی گریام و رووم كرد بەولاوە.

لە ناو شارە مەڕمەرییەكەدا پیاسەم دەكرد،شارێكی رەشی نامۆ بە پێی ماندوو و دڵی شكاوەوە. نزیك بە مزگەوەتەكەی لای دەروازەكەیتر، كوڕێكم بینی گوڵی رەشی دەفرۆشت، كوڕێك بە دەم و چاوی پڕ لۆچ و بریندارەوە ئەو گوڵە رەشانەی دەفرۆشت كە من زۆرم حەز دەكرد بیانكڕم. پرسیم:” بە چەندە؟

وەڵامی دایەوە:” ئەمانی هین تۆن. زۆر كاتە چاوەڕێی تۆن.”

پرسیارم كرد:” تۆ كێیت؟

وتی:” من منداڵی تۆم.”

وتم: “بەڵام تۆ هەموو دەم شاد بووی. تا ئەو شوێنەی لە بیرمە و باشیشم لە بیرە، تۆ زۆر شاد بووی.”

وتی:” بەڵام ئێستا باشتر تێدەگەین. وانییە؟

گوڵە رەشەكانم وەرگرت و خۆم كێش كرد بەرەو دەروازەكەی تر.

هاوارم كرد:” من پاشای ئێرە نیم.

 

 

ئەو قەشەیەی لە ئاوی كێشابووم و ژنی لێ مارە بڕیبووم، وتی:” وایە پاشا نیت، ئێمە لێرە شاژنمان هەیە.” ئاماژەی دا بە نمایشی سەربازی، سەربازە ئێرانییەكان كە كاتی سەربازی لە گەڵیان بووم. سەندووقێكی زێڕنیان لە سەرشان بوو.

پرسیم:” بۆ كوێ دەڕۆن؟

قەشە وتی:” شاژنی شاری مەڕمەڕی رەش دێنن بۆ پەرەستگەكەی ئێمە، كە هەموو مانگێك لە ئاپریلدا قوربانی دەكەن.”

رێ‌ و رەسمی نمایشی سەربازی تەواو بوو. شاژن پەردەی هاورێشمی لادا. بە پێكەنینێكی ساردەوە وتی :” سڵاو ئازیزەكەم.”

لە ژێر لێوەوە وتم:” سڵاو دایە گەورە.”

نمایشە سەربازییەكە بەردەوام بوو و دۆعای ئاشنای ئەرمەنییەكان دەنگی دایەوە.

بەرلەوەی لە دەروازەی شار بڕۆمە دەرەوە، سەرم وەرگێڕاو چاوم لە كوڕە چكۆلەكە كرد. وەك منداڵە هەتیوێك كزۆڵەی كردبوو و لێی دەڕوانم كە بەجێم دەهێشت.

فرمێسك زابووە چاوم.وتم:”بڕوانە چ بەڵایەكم بەسەر هێناوی.”

بە پشت دەستی دەم و چاوی خاوێن كردەوە. وتی:” تەماشا ئەوان چ بەڵایەكیان بەسەر هێناوین.”

بۆ ساتێك لە دەروازەكە دوور كەوتمەوەو دەنگی داخستنی درگاكە بیسترا. گوێزانەكە لە دەستم كەوتە خوار. لە ئاوێنەكە چاوم لە خۆم كرد، پیرەپیاوێكم بینی. چەنە و قوڕگی خوێناوی بوو.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button