یەکەم نووسینی مرۆڤ چۆنبووە؟ کێ دەزانێ یەکەم نووسینی مرۆڤ و یەکەم هێڵکارییان لەسەر ئەشکەوتەکان هێمایەک نەبووبێت دژی بیرچوونەوە. ویستبێتیان شوێنی ڕاوکردنێک، شوێنی خواردنێک، یان نا… شتێکی پەیوەندیدار بە ژیانی خۆیان و گرووپەکەیان لە فەرامۆشی ڕزگاربکەن، شتێک کە گیانی ئەوان ڕەنگە بەوەوە بەندبووبێت. لەم سۆنگەوە دەتوانین بڵێین نووسین هەوڵێکە دژی فەرامۆشی، هەوڵێکە بۆ هێشتنەوەی ژیان و بەردەوامی ژیان.
فەرامۆشکردن ئەو شتەبووە، مرۆڤەکان بەردەوام لێی هەڵهاتوون. جۆرێک فەرامۆشی مانای مەرگی داوە، نەمان و فەرامۆشی گرێدراوی یەکبوون. ترسی گەورەی مرۆڤ ئەوەبووە لە بیربکرێت. ئەوەندەی لەوە ترساوە لەبیربکرێت، ئەوندە لە مەرگ نەترساوە. لەبیرکردن مانایەکی زۆر قووڵتری بووە لە مەرگ. دروستکردنی مۆنۆمێنت، قەبر و تەنانەت یادگارییەکانی دوای مردنیش ترسبووە لە فەرامۆشکردن، ئەوەبووە مرۆڤەکان هەوڵیانداوە بەو یادگارانە لە فەرامۆشکردن هەڵبێن و بە شێوەیەک بمێننەوە، ئەگەر بۆ چەند ساڵێکیش بێت.
لە فۆڕمەکانی نووسیندا، نووسینی بیرەوەری، بایۆگرافی و ئۆتۆبایۆگرافی هێشتنەوەی یادگە و بیرەوەری کەسەکانە و هەوڵدانە دژی نەمری. هەوڵدانە بۆ ئەوەی کەسێک لە ڕێگای ئەو بیرەوەرییانەوە، لە ڕێگای بایۆگرافی و ئۆتۆبایۆگرافییەوە خۆی بە زیندووی بهێڵێتەوە.
تا دوو سەدە لەوەپێش تەنها بایۆگرافی و ئۆتۆبایۆگرافی کەسایەتییە سیاسی و رێبەرەکان زیاتر دەهاتنە نووسین و مێژوو لە ڕوانگەی ئەوانەوە، لە دەلاقە قسەکانی ئەوانەوە دەنووسرایەوە. بەڵام لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیای چاپ و بڵاوبوونەوەی بە شێوەی بەرچاو، جۆرێک دیمۆکراتیکبوونی لەگەڵ خۆی هێناوە و هەر کەس کە هەست دەکات قسەیەکی هەیە بۆ وتن، هەر کەسەو کە هەست دەکات دەتوانێت خودی خۆی دەرببڕێت، ئەو دەرفەتە کەوتۆتە بەردەمی ژیانی خۆی بنووسێتەوە. ئۆتۆبایۆگرافی و ژیاننامە زۆرترین و زۆر باو دەبێت. ئەگەر پێشتر کۆمەڵێک نووسەر یان نووسەرێک دەهات و وشە بە وشە ئەو قسانەی دەنووسییەوە کە دەسەڵاتدار و پاشاکان دەیانوت و ئەو دەینووسییەوە، لە ئێستادا ئەو دەرفەتە هەیە هەر کەسێک خۆی ببێت بە نووسەری ژیانی خۆی. لێرەدایە دەتوانین ئۆتۆبایۆگرافی بە دیمۆکراتیکتر لە بایۆگرافی ناو ببەین.
ئۆتۆبایۆگرافی و بیرەوەری نووسین، ژانرێکی گێڕانەوەییە، ژانرێکە تاک ژیانی خۆی دەگێڕێتەوە و زۆرجار لە گۆشەنیگای ژیانی تاکەوە و بە گێڕانەوەى ڕووداوی بنەماڵە و تاک، ڕووداوە سیاسی، کۆمەڵایەتییەکان دەگێڕێتەوە و دۆخی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی سەردەم لەو گۆشەنیگایەوە دێتە نووسین. لە تەکنیکی گێڕانەوەییدا دەتوانین بڵێین، یەکەم کەسی تاک گێڕەرەوەی ڕووداوە و ڕووداوەکان لە ڕوانگەی ئەوەوە دێنە نووسین. بەشێک لە بیرەوەرییەکان وەک بەرهەمی ئەدەبی یان مێژوویی گرنگ چاویان لێدەکرێت و دەبن بە سەرچاوە بۆ لێکۆڵەران و شارەزایان لە بوارە جیاوازە مێژوویی، کەلتووری و کۆمەڵایەتی و فیکرییەکاندا.
(٢)
کتێبی “سێبەری قەلەبەرد لەسەر ئەڵمانە و تاڵەسوار” لە نووسینی “مەلەکە مستەفا سوڵتانی” یەکێک لەو کتێبانەیە لە چەند مانگی ڕابردوودا دەنگدانەوەی زۆری بووە لای خوێنەرانی کورد. ناوی نووسەری کتێب و ئەوەی کە ژیاننامە و بیرەوەری مەلەکەیە، سەرنجڕاکێشە. ئەوانەی کە بنەماڵەی “مستەفا سوڵتانی” دەناسن، یان ناوەی “مەلەکە”یان بیستووە چاپبوونی بیرەوەری ئەم کەسەیان بەلاوە سەرنجڕاکێش بوو. بیرەوەرییەکانی مەلەکە، سەرنجڕاکێشە لەو ڕووەوە کە جگەلەوەی مەلەکە، خۆی کەسێکی شۆڕشگێڕبووە، جگە لەوە کەسێک بووە ژیانی بۆ شۆڕش تەرخانکردووە، مەلەکە، خوشکی پێنج گیانبەختکردووی شۆڕشی کوردستان و لەو ناوەدا “فوئاد مستەفا سوڵتانی” یەکێکە لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵە. هەروەها هاوژینی “د. جەعفەر شەفیعی” بووە کە لە شۆڕشی باشووری کوردستاندا بە (د.عەزیز) ناوبراوە. سێ برای مەلەکە لە ماوەی یەک هەفتەدا شەهیدکراون. دوای کەمتر لە دوو ساڵ، دوو برایتری مەلەکە لە زیندان لە سێدارەدراون. مەلەکە وەک ژنێک بەشداری شۆڕش بووە، پێشمەرگەی بووە و چەکی لە شانبووە، کارەکتەری مەلەکە، جۆرێکە بایۆگرافی و بیرەوەرییەکانی بەشێکی گەورە لە چیرۆکی شۆڕشی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەگرێتە خۆی. کەسایەتی مەلەکە، لەم بیرەوەرییانەدا چەند ڕووییەکی تایبەتی هەیە:
- مەلەکەی تازەلاو:
لە بەشی یەکەمی ئەم کتێبەدا باس لە ژیانی بنەماڵەیی خۆی دەکات، بە تایبەتى چیرۆکی سەردەمی تازەلاوی خۆى، خوێندن و قوتابخانە و… ئەم بەشە لە ژیانی مەلەکە، بە پێی گێڕانەوەکانی زۆر ئاسایی نەچۆتە پێش. مەلەکە هەر لە تازەلاوییەوە گەورانە دەرکەوتووە. دەرفەتی لاوێتیکردن و مناڵیکردنی نەبووە. کچی “بەگزادە گەورەکەی ناوچەکە” ناچاربووە زۆر گەورانە دەرکەوێت.
- مەلەکە، وەک خوشکی پێنج شەهید:
پێنج برای مەلەکە، بە ناوەکانی “کاک فوئاد مستەفا سوڵتانی”، ” ئەمین مستەفا سوڵتانی”، “حسێن مستەفا سوڵتانی”، “ماجید مستەفا سوڵتانی” و ” ئەمجەد مستەفا سوڵتانی” لە ماوەی کەمتر لە دوو ساڵدا گیانیان بەختکردووە.
- مەلەکە، وەک پێشمەرگە:
مەلەکە، لەگەڵ هێرشی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هاوشانی بەشێکی زۆر لە لاوان، دەبێت بە پێشمەرگە. هەموو چەرمەسەرییەک کە پێشمەرگەکان چێشتوویانە مەلەکە تێیدا ئامادەبووە، هەواڵی شەهیدبوونی، برا، هاوڕێ و هاوسەنگەر و سەرەنجام هاوژینەکەشی پێگەیشتووە.
- مەلەکە، وەک هاوژینی دکتۆر جەعفەر و وەک دایک:
مەلەکە، لەگەڵ دوکتۆر جەعفەر شەفیعی زەماوەند دەکات. زەماوەندێک لە ناو کەشێکی پێشمەرگانەدا، زەماوەندێک بێ هیچ بریقوباقێک. لە گوندێکی دوور، بەوپەڕی بێ ئیمکانێتیەوە منداڵێکى دەبێت، مناڵێک کە تەنانەت کێشەیان هەیە بۆ دابینکردنی پێویستییە سەرەتاییەکانی ژیانی. بۆ خواردنی مناڵەکەش هەر کێشەیان هەیە.
- مەلەکە، وەک کەسێک، کە هاوژینەکەی شەهید دەبێت:
مەلەکە، سەرەڕای هەموو نەهامەتییەکان، سەرەڕای ئاوارەبوون، شەهیدبوونی پێنج برا و سەدان و هەزاران هاوسەنگەر، بەڵام پاڵپشتێکی هەبوو، لە پڕ پاڵپشتەکەشی، ئەو کێوەی کە پاڵیپێوەدابووە دەڕووخێت. مەرگی دکتۆر جەعفەر و شەهیدبوونی، کاریگەری قووڵی لەسەر ژیان و داهاتووی مەلەکە درووستکرد. کاریگەرییەک، کە ڕەنگە بتوانین بڵێین ئەو پەڕی ناخۆشییەکەی لە مەرگی “بەیان”دا ڕەنگیدایەوە.
- مەلەکە، وەک کەسێک کە کچە تاقانەکەی دەمرێت:
بەیان، کچی تاقانەی مەلەکە، لە تەمەنی تازەلاویدا بە هۆی ئەو هەموو چیرۆکانەی بەسەریاندا هاتووە، بەهۆی نەهامەتییەکانەوە، شەهیدبوونی باوکییەوە تووشی نەخۆشی دەروونی دەبێت. بۆ ماوەی هەشت ساڵ لە دایکی، خۆی دووردەخاتەوە، خۆ دوورخستنەوەی “بەیان” تەنها خۆ دوورخستنەوە نەبووە لە دایک. بەیان لە هەموو ئەو شتانە هەڵهاتووە کە ژیانی ڕابردوویان هێناوەتەوە بیری. ئەو شتانەی کە کەمپی پێشمەرگایەتی، خوێندنی قوتابخانەکانی باشوور، مەرگی باوک، مەرگی هاوڕێکانی باوک و دایکی و… هێناوەتەوە بیری. بەیان تووشی (ترۆما)بووە. ترۆمایەک لە ڕابردوو کە وادەکات هەر شتێک ئەو ڕابردووەیەى دێنێتەوە یاد لێى هەڵبێت، سەرەنجام وەها پۆلیس تێبگەیەنێت هەڕەشەی لەسەرە بۆ ئەوەی دایکی نەتوانێت ناونیشانی بزانێت. مەلەکە دوای هەشت ساڵ گەڕان بە دوای بەیاندا لە سوید، کاتێک بەیان دەبینێتەوە، کە مەرگى بەیانى پێڕادەگەیەنن و پێیدەڵێن بەیان خۆی کوشتووە.
ئەم کتێبە تەنها بایۆگرافییەکی سادە نییە، بەڵکوو گێڕانەوەی چیرۆکی شۆڕشێکە، شۆڕشێک لە سەردەمی پاشایەتییەوە دەستپێدەکات، لە دوای هاتنەسەرکاری دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بەردەوامی دەبێت و تووشی نسکۆدەبێت. مەلەکە لەگەڵ ئەوەی چیرۆکی ئەم شۆڕشە دەگێڕێتەوە بە دیدێکی ڕەخنەگرانەوە زۆرجار ڕووداوەکان دەداتە بەر باس. ڕەخنەی هەیە لەوەی کە بۆچی دەبێت هەوڵنەدرێت بەوەی “ماجید” و ” ئەمجەد” لەگەڵ دیلی تر ئاڵوگۆڕیان پێنەکرێت. بۆچی “کاک فوئاد” بە تەنها خۆی و چەند کەسێک لە بانەوە چووە بۆ مەریوان و سەرەنجام لە “بستام ” شەهید دەبیت. بە دیدی ڕەخنەگرانەوە لەو دادگاییکردنە دەڕوانێت “کۆمەڵە” بۆ ” عەزیزە”ی رێکدەخەن. ژنێک کە گومانی خراوەتەسەر و سەرەنجام سەربەرزانە لەو دادگاییکردنە ڕزگاری دەبێت. ڕەخنەی هەیە لەوەی چۆن بەرامبەر بنەماڵەکان و مناڵەکان هەڵسووکەوت کراوە. ڕوانینی “مەلەکە” لەم کتێبەدا ڕوانینی کەسێکە لە ئێستادا بە دیدێکی کراوەوە مێژووییەک دەبینێ، کە خۆی تێیدا بەشداربووە، قوربانیداوە، بە هۆیەوە ئاوارەیی چێشتووە. باوک و دایکی بە پیری ئاوارەبوون. براکانی شەهیدبوون و براکانیتری پێشمەرگەبوون و هەردەم نیگەرانبووە ئەوانیش شەهیدنەبن. بەڵام ئێستا بە دیدێکی ڕەخنەگرانەوە ئەو مێژووە دەخوێنێتەوە. ئەو کەس “پیرۆز” ناکات. لاشیوایە پیرۆزکردن لە کەسی شۆڕشگێڕ ناوەشێتەوە. ئێستاش سەرەڕای هەموو نەهامەتییەکان، سەرەڕای ئاوارەبوونی لە سوید، سەرەڕای هەموو ڕەخنەکانی، هەستدەکەی وزەیەکی شۆڕشگێڕانە لە دێڕەکانیدا شاردراوەتەوە. وزەیەک کە دەیەوێت بڵێت، من ملکەچنابم، من هەم بۆ ئەوەی درێژە بە درێژەدانبدەم. من هەم بۆ ئەوەی بەرامبەر بە هەموو تاڵییەکان بوەستمەوە.
(٣)
کتێبی سێبەری قەلەبەرد، کە بۆ یەکەمجار لەلایەن ناوەندی “49BOOKS” ەوە لە وڵاتی سوید چاپکراوە، کتێبێکی ٥٢٢ لاپەڕەییە. لە (١٠) بەش پێکهاتووە. هەر بەشێک لە کتێبەکە بەشێک لە چیرۆکی ژیانی مەلەکە دەگرێتە خۆی، سەرەنجام هەموویان وەک ئەوەی نووسەر ئاگاداری تەکنیکەکانی ڕۆماننووسین بێت، وەک فەرشچنێکی ژیر، ئێلمەکانیان لێکگرێ دەدات و بەسەرهاتێکی سەرنجڕاکێش دەخاتە بەردەست خوێنەر.
لە سەرەتای پێشەکییەکەدا ڕوو لە خوێنەری کتێب، نووسیویەتی : “خوێنەری هێژا، ئەم کتێبەی لە بەردەستتدایە، ئەزموون و بیرەوەرییەکانی ژیانی منە، بەسەرهاتی کەسێکە، کە ژیانێکی پڕ لە کارەساتی یەک لە دوای یەکی تێپەڕاندووە، کە هەر کامەیان بۆ نووسینێکی دوورودرێژ دەبێت”.
دەربارەی ئامانجی نووسینەکە نووسیویەتی : “ئامانج لە نووسینی ئەم کتێبە ئەوەیە، ژیانی پڕ لە هەوراز و نشێوم، کارەساتەکانی لە دەستدانی براکانم کاک فوئاد، حوسێن، ئەمین، ماجید، ئەمجەد، هاوسەرم دکتۆر جەعفەر شەفیعی، ڕۆڵە تاقانەکەم بەیان، ئامۆزاکانم (ناسر، ئەحمەد و رەئووف کۆنەپۆشی) و هەروەها ژیانی پێشمەرگایەتی و کۆچی یەکلەدواییەک و بەردەواممان تۆماربکەم. بەو هیوایەی ببێ بە ئەزموونێک بۆ نەوەی نوێ، بە چەشنێک بۆ بەرەوپێشبردنی خەبات و تێکۆشانەکانی خۆیان کەڵکی لێوەربگرن”.
ئەم دێڕانە پێمان دەڵێن، تەنها مەبەست لە نووسینەوەی ئەم بیرەوەرییە تۆمارکردنێکی پەتی نییە، بەڵکوو دەیەوێت ورەبەخش بێت. نووسەر دڵی لای شۆڕش و بزوتنەوەیە، دەیەوێت ئەزموونێک ببەخشێت.
کتێبەکە لە (١٠) بەش پێکهاتووە:
بەشی یەکەم: بنەماڵە و مناڵێم
بەشی یەکەمی ئەم کتێبە ژیانی بنەماڵەیی نووسەرە بە ناوی ” بنەماڵە و منداڵیم” مەلەکە، باس لەوە دەکات ساڵی ١٩٥٨ لە گوندێکی کوردستان بە ناو “ئەڵمانە” لە دایکبووە. گوندێک لە نێوان مەریوان و هەورامان. ماڵەکەیان لە سەر بەرزاییەک بووە و دوو نهۆم بووە. بە گشتی باسی ژیانی خۆی و بنەماڵە و باوک و براو خوشکەکانی دەکات. بەوەی چۆن کچی بەگزادەیەک لە بنەماڵەیەکی گەورەی گوندێک گەورەبووە. چۆتە خوێندن و لەگەڵ براکانی دەرفەتی خوێندنی پێدراوە. لەم بەشەدا بە وردی باس لە دۆخی کۆمەڵاتی ژیانی ئەو دەمەی ناوچەکە کراوە. مەلەکە لەگەڵ گێڕانەوەی سەردەمی مناڵی خۆی و باسی بنەماڵەکەی، باسی ناوچەکە دەکات. ژیانی گوندەکان. خوێندنی کچێک لە قوتابخانەی گوند و دواتر لە شاردا و…
لەم بەشەدا باس لەوەدەکات، کە چۆن دکتۆر جەعفەری ناسیوە. ئەوەی لە ژیاننامەکەدا دەردەکەوێت، زۆر زوو تێکەڵی سیاسەت و ڕووداوە سیاسییەکان بووە. کەمتر توانیویەتی وەک تازەلاوێک بژی و تەنانەت هەڵبژاردنی خۆشەویست و هاوژینەکەشی لە ناو هاوڕێ سیاسییەکانی براکانیدابووە.
سەرەنجام کچە وردیلەکەی ناو دێ دەبێت بە مامۆستا لە قوتابخانەی گوند، ڕەنگە ئەمەش ئەو دەم دەستکەوتێکی گەورە بووبێت.
بەشی دووهەم: جووڵانەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان.
بەشی دووهەمی ئەم کتێبە زیاتر وەک بەشێک لە کتێبێکی مێژوویی دەردەکەوێت، نەک ژیاننامەیەک. بەڵام نووسەر لە ناو ژیانی خۆی و بنەماڵەکەیەوە ئەم شۆڕشە باس دەکات. دەستپێکی گێڕانەوەکان بۆ ئەم بەشە لە (١٩٧٧ و ١٩٧٨)ەوە دەست پێدەکات. باس لەوەدەکات دۆخی سیاسی شارێکی وەک مەریوان چۆنبووە. وەک وێنەگرێک ڕووداوەکانت بۆ بە وێنا دەکات. هەر لە سەردەمی پاشایەتییەوە ناڕەزایەتییەکان دەست پێدەکەن. پاییزی ١٩٧٧ خەڵکی (دارسێران) بۆ دەربڕێنی ناڕەزایەتی خۆیان بەرانبەر بە سیاسەتەکانی حکوومەتی پاشایەتی، گوندەکەیان چۆڵدەکەن و دەچنە سەر سنووری ئێران ـ عێراق. لێرەدا باس لە دەور و نەخشی چالاکانی چەپ دەکات، کە دواتر بە کۆمەڵە ناسران لەم کۆچەدا، کە بە سەرکەوتنی خەڵک کۆتاییهات.
مانگرتنی زیندانییە سیاسییەکان لە زیندانی سنە بە رێبەری کاک فوئاد، کە لە زیندانبووە، چۆنییەتی ڕەفتار لەگەڵیان، چۆنیەتی سەردانکردنیان، هەموو وردەکاری ڕووداوەکان، بەشێکیتری بەشی دووهەمی کتێبەکە دەگرێتە خۆی. نووسەر خەرێکە باس لە ڕووداوێک دەکات، کە دواتر کاریگەری گەورە بەجێدەهێڵێت، ئەویش ڕووداوی مانگرتنی زیندانییە سیاسییەیکان بووە، کە دواتر لە میدیا جیهانییەکان دەنگدانەوەی هەبوو. سەرەنجام ئازادبوونی کاک فوئاد، دوای چوار ساڵ زیندانی بوون لە ٢٧-٩-١٩٧٨ و ئەو پێشوازییەى لێی دەکرێت، دەبێت بە هۆکارێک ئاگری شۆڕش بەتینتر بێت لە کوردستان.
نووسەر بە وردی ڕووداوەکانی هاتنە سەرکاری ڕژێمی ئیسلامی و ڕووخانی پاشایەتی، ڕووداوی وەک “نەورۆزی خوێناوی سنە”، “پێکهاتنی یەکیەتی ژنانی کوردستان”، چالاکییەکانی ” یەکیەتی جوتیاران”، کۆچی مێژوویی مەریوان و… لەم بەشەدا دەگێڕێتەوە. دیدی گێڕانەوەکەشی دیدێکی دەستەوەستان و پەسیڤ نییە، بەڵکوو دیدی کەسێکە کە بەشداربووە لە شۆڕشدا لە سەردەمی قوتابیبوونیەوە. پێکهاتنی بەرەکانی “مەکتەبی قورعان” و ئەو ڕەوتەی کە بە “پێشمەرگەى موسوڵمان” ناو دەبران لەلایەن حکوومەتەوە دژی پێشمەرگە پێکهاتبوون، لەم کتێبەدا باسی لێوەکراوە و کاریگەرییە خراپەکانیان و ئاکاریان باسی لێوەکراوە.
بەشی سێهەم: هێرش بۆ سەر کوردستان
رۆژی ١٩ی ئاب ١٩٧٩ ئایەتوڵڵا خومەینی فەرمانی هێرش بۆ سەر کوردستان دەدات. ئەم هێرشە بەرەنگاربوونەوەی خەڵکی کوردستانی لێدەکەوێتەوە، لە هەمانکاتدا بە هۆی ئەم هێرشەوە سێ برای مەلەکە لە ماوەی هەفتەیەکدا شەهیددەبن. ڕۆژی ٢٥ی ئاب نۆ کەس لە مەریوان تیرباران دەکرێن، دوو کەسیان ” ئەمین و حسێن”ى برای مەلەکەن. مەلەکە دەنووسێت : “خەڵخاڵی لە پادگان بوو، هاوکات هەموو هاودەستەکانی ڕژێم، دەرەبە، قیادەموەقەت، کۆنەساواکی و کەسانی سەر بە مەکتەبی قورعان لە پادگان کۆببوونەوە”.
رۆژی ٣١ی ئاب، کاک فوئاد مستەفا سوڵتانی، لە گەڕانەوە لە بانە بۆ مەریوان لە گوندی بستام شەهید دەبێت. ئەو لەگەڵ چەند کەس بەڕێگاوەدەبن و دەکەونە بۆسەوە و شەهیددەبن. هێرش بۆ سەر کوردستان، نەهاتیبووە بۆ سەر بنەماڵەکەیان. مەلەکە تەنها چیرۆکی بنەماڵە ناگێڕێتەوە، چیرۆکی شۆڕشێک دەگێڕێتەوە. ڕەخنەی لە شۆڕشگێڕەکانیش هەیە. ئەو باس لەوە دەکات ڕێبەرانی ئەو کاتی کۆمەڵە، تەنانەت نەچوونە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی کاک فوئاد بکەن، تەنانەت ئامادەی نەبوون سەرەخۆشى لە “دایە بەهیە”ش بکەن.
بەشی چوارەم: هێرشی دووهەمی ڕژێم بۆ سەر کوردستان
لەم بەشەدا باس لە زۆر ڕووداوی وردی سیاسی دەکات لە کوردستان. ئەو وەک پێشمەرگەیەک خەریکە ڕووداوەکان دەگێڕێتەوە. کێشەکانی بەردەم ژنان لە سەرەتای شۆڕش باسدەکات، ئامادەبوونی پێشمەرگە و دووبارە خۆڕێکخستنەوە. کەشی شارەکان لەو سەردەمە. ورەی خەڵک. ڕووداوەکانی ناو حیزب. سەرەنجام ڕووداوی تایبەتی ژیانی خۆی لە ناو حیزبدا و ژیانی هاوبەشی لەگەڵ دوکتۆر جەعفەر شەفیعی.
بەشی پێنجەم: لە سێدارەدانەکانی تەورێز و دەستبەسەرکردنی فایزە
لەم بەشەدا تراژیدیای بنەماڵەیی بە تەواوەتی دەگێڕێتەوە. مەلەکە پێشتر سێ برای شەهیدبوون. بەڵام لەم بەشەدا و دوای یەک ساڵ هەواڵی شەهیدبوونی دوو برای تری پێدەدەن. (خوشک)کێکی دەکەوێتە زیندانەوە. دوای ماوەیەک ئازاددەکرێت. (ماجید و ئەمجەد) ئیعدامدەکرێن. مەلەکە ڕەخنەی لە حیزب هەیە بۆچی هەوڵیانەداوە ماجید ئازادبکەن، لە حاڵێکدا دەیانتوانی. ئەو کاتەش لای بەرپرسانی حیزب ڕەخنەدەگرێت بۆچی هەوڵنەدراوە بۆ ئازادکردانی “ماجید”، کەچى ئەوان بە “ناشۆڕشگێڕ” ناوی دەبەن، پێیدەڵێن تۆ هەر لە خەمی بنەماڵەی خۆتدای و شۆڕشی سۆسیالیستی لە بنەماڵەدا کورت دەکەیتەوە.
دۆخی بنەماڵە دوای تیربارانکردنی ماجید و ئەمجەد، ئاگاداربوونەوەی بنەماڵە لە سێدارەدانیان، گەیاندنەوەی تەرمی خوێناوی ماجید و ئەمجەد بۆ مەریوان و ئەڵمانە و گۆڕستانی تاڵەسوار. هەموو ئەمانە نەهاتییەکانی بنەماڵەیەک دەخاتەڕوو. لەم ناوەشدا ڕووداوی وەک “چەکدارکردنی یەکەمین دەستەی پێشمەرگەی ژنان” و دیدی کۆمەڵگا بەرامبەر پێشمەرگەی ژن باسدەکات و ئەوەی کە چۆن ژنان لە ناو حیزبیشدا کێشەیان هەبوو.
بەشی شەشەم: رۆڵە شیرینەکەم بەیان
رۆژی ٩ی خەرمانانی ١٩٨٣ و لە ڕۆژی گیانبەختکردنی کاک فوئاددا، بەیان لە دایکدەبێت. دایکێک کە هەر لە یەکەم ساتی زانینی سکپڕبوونیەوە نیگەرانبووە لە وەها دۆخێکدا چۆن مناڵ پەروەردە بکات، سەرەنجام مناڵەکەی لە ساڵڕۆژی شەهیدبوونی براگەورەکەیدا لە دایک دەبێت. پێش باسکردن لە ڕووداوی لە دایکبوونی “بەیان” باس لە پێکهاتنی (حیزبی کۆمۆنیستی ئێران) دەکات. بە ڕوانگەیەکی ڕەخنەگرانەوە لەم ڕووداوە دەڕوانێت. دەڵێت دەستەیەک بە (٣٠-٤٠) کادرەوە هاتن و حیزبێکیان گرتەدەست.
کاتێک بەیان لە دایک دەبێت “مەلەکە” بێهۆش دەبێت. ئاگای لە خۆی نابێت، کە دێتەوە هۆش لە دەربیجەی ژوورەکەوە دەنگی پیرەپیاوێک دێتە گوێی کە وتبووی :”کاک فوئاد جیابوو، جیاوازبوو لە هەموان” هاوکات لە ڕادیۆوە (حەمەی کەماڵی) بێژەری (ڕادیۆى کۆمەڵە) ژیاننامەی کاک فوئاد دەخوێنێتەوە.
مەلەکە لەم بارەوە نووسیویەتی: “بە بیستنی دەنگەکە دیسان حاڵم تێکچوو. فشاری خوێنم دابەزی. دکتۆر و پەرەستارەکان پێیان سەیربوو بۆ دەبێ حاڵم دیسان بەرەو خراپی بچێت. بەیانیان سپاردبوو بە (عەبە)ی برام و هاوکات گوێم لە قسەی خانمێکی پەرەستاربوو، کە دەیگوت بە بۆنەی ئەم “کچەتیوەوە” وەختاربوو بۆخۆی بمرێ، ئیتر زانیم کچم بووە”.
ئەم بەشە پڕە لە ڕووداوی تراژیک. هەر لە ناچاربوونەوە بەوەی ڕووبکەنە باشووری کوردستان، تا سەرما، نەهامەتی، دوورکەوتنەوەی مناڵ لە دایک، برسێیەتی و …
بەشی حەوتەم: ئاگادارکردنی بەیان لە مەرگی باوکی
لەم بەشەدا بەشێکی زۆر لە ڕووداوە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان باسی لێوەکراوە. جەنگی عێراق و ئێران و پەرەسەندنی ئەم جەنگە لە کوردستان، بۆمبارانکردن، کیمیایی بارانکردنی کوردستان و هەڵەبجە، شەهیدبوونی (گوردانی شوان) لە ١٦ مارسی ١٩٨٨. شەهید بوونی دکتۆر جەعفەر هاوژینی مەلەکە و باوکی بەیان. هەژاری، باران و تۆفان، ژیانی منداڵان لە ناو ئۆردووگایەکی سەربازی و لە ژێر خێمەدا.
لەم بەشەدا باس لە ڕووداوی مەرگی دکتۆر جەعفەر و گەیاندنی هەواڵەکە بە مەلەکە، دواتر ئاگادارکردنەوەی بەیان، لە مەرگی باوکی و کاریگەرییەکانی باس لێوەدەکات. بەیان مناڵێکی چوار ساڵان دەبێت کە باوکی لە ٢٩ ئۆکتۆبەری ١٩٨٧ شەهید دەبێت. تراژیدیای بنەماڵە، مەرگێکیتر، ئاگادارکردنەوەی بەیان لە وەها کارەساتێک و…
لەم بەشەدا باس لە پێکهاتنی کۆمۆنیستی کرێکاری، کاریگەری خراپی ئەم ڕەوتە لەسەر کۆمەڵە دەکات و بە دیدێکی ڕەخنەگرانەوە ڕۆڵى خراپی ڕێبەری کۆمەڵە باس لێوەدەکات. باس لەوەدەکات ڕێبەری کۆمەڵە، بوو بە هۆی تێکشکانی ئەم حیزبە.
لەم بەشەدا هەروەها باس لەوەدەکات، سەرەنجام دوای ماوەیەکی زۆر لە وەعد و بەڵێن، بە ناچارى باشووری کوردستان جێدەهێڵن و ڕوودەکەنە وڵاتی سوید.
مەرگی دایک و باوکی مەلەکە ڕووخانی قەڵایەکی گەورەبووە لە ژیانیاندا. مەرگێک کە دەتوانین بڵێین ڕووداوی کارەساتبارتر بە دوای خۆیدا دێنێت. نەخۆشکەوتنى بەیان. نەخۆشکەوتنی بەیان لە ژێر کاریگەری هەموو ئەو ڕووداوانەدابووە کە ڕوویانداوە. تراژیدیای بنەماڵەیی، ڕووداوەکانی ناو ئۆردووگای کۆمەڵە، دوورکەوتنەوەی چەندین جارەى لە دایکى، مەرگی د.جەعفەر شەفیعی و ئاوارەیی، سەرەنجام مەرگی باوک و دایکی مەلەکە کاریگەریان هەیە لەسەر ئەوەی بەیان تووشی نەخۆشی دەروونی بێت.
بەشی هەشتەم: کۆچی ناوادەی بەیان
رەنگە بۆ دایکێک تراژیکترین بەشی ئەم کتێبە، گێڕانەوەی مەرگی ناوادەی کچە جوانەمەرگەکەی بێت لە تەمەنی ٣٣ ساڵیدا. مەرگی بەیان جۆرێک کامڵبوونی تراژیدیای بنەماڵەییە. بەیان تووشی ترۆما بووە، بە هۆی ئەو ڕووداوانەی ڕوویانداوە. بەیان لە هەموو ئەو شتانەی کوردستان و ژیانی کوردستانی بیردەخاتەوە هەڵدێت. لە دایکی هەڵدێت لەبەر ئەوەی کوردستانی بیردەخاتەوە. هەشت ساڵ بە هەموو شێوەیەک لە دایکی هەڵدێت. هەوڵەکانی دایکی بۆ ئەوەی بە پۆلیسى بسەلمێنێت کە “بەیان” نەخۆشە بێ ئەنجام دەبێت، سەرەنجام لە مانگی خەرمانداندا و لە ڕۆژی لە دایکبوونیدا ٩ی خەرمانان، لە ساڵڕۆژی شەهیدبوونی کاک فوئاددا، لە ڕۆژی لە دایکبوونی بەیاندا، هەواڵی مەرگی بەیان دەگاتە دایکی. بە واتایەک تراژیدیای ٩ی خەرمانان جارێکیتر دووبارە دەبێتەوە.
بەشی (نۆ و دە):
کۆمەڵێک بەڵگە و نامەی پەیوەندیدار بە ڕووداوەکانن. کۆمەڵێک وێنەی بنەماڵەیین. سەرەنجام بە دێکۆمێنتکردنی بەشێک لە ڕووداوەکانە. ئەم ژیاننامەیە وەک بەشی زۆری ژیاننامەکان، وەک بەشی زۆری بیرەوەرییەکان هەڵهاتنە لە دەست فەرامۆشی و وتنی ئەوەی کە نووسین لە ئێسک و پرووسکی مرۆڤ بەهێزترە.