ن: ئەلبێر کامۆ
و: مستەفا زاهیدى
پێشەکى وەرگێرى کوردى:
ئەم نامەیەى ئەلبێر کامۆ، یەکێکە لەو چوارنامەیەى کە بۆ هاوڕێیەکى ئەڵمانى خۆى نووسیوە، هەرچەند کاتی خۆى کامۆ سوور بووە لە سەر ئەوەى ئەم نامانە لە دەرەوەى ئەڵمانیا چاپ نەبن. بەڵام ئەم نامانە وەرگێڕدراونەتەوە سەر زۆربەى زمانە زیندووەکانى دونیا. لەم نامانەدا دوو بۆچوونى زۆر جیاواز باسیان لێدەکرێت. هەروەها بابەتى سەرەکى ئەم جەنگە. جەنگى دوو وڵاتى ئەڵمانیا و فەرانسە. رووبەڕووبوونەوەى دوو ئایدیا و بۆچوونى جیاواز دەبینین لەم نامانەدا بەرامبەر بە جەنگ، بەرامبەر بە وڵات، بەرامبەر بە گەورەیی و خۆشەویستی وڵات و… . بە شێوەیەکى (خود) و (ئەویتر) لەم نامانەدا بە زەقی دیارە، رەنگە بەوەش بێت کە هۆکارێکی سەرەکى جەنگ، درووستبوونى هەمان خود و ئەویترە. لێرەدا نامەى یەکەمى کامۆ بۆ هاوڕێکەى بڵاو دەبێتەوە.نامەى یەکەم لە ژمارەى 2ى Revue Libre دا، ساڵى 1943 چاپ و بڵاو بۆتەوە.
نامەى یەکەم
تۆ وتت:” ناکرێت نرخێک بۆ گەورەیی وڵاتەکەم دیاری بکرێت، هەر شتێک یارمەتیدەر بێت بۆ گەورەیی وڵاتەکەم، باش و بەکەڵکە.لە دونیایەکدا کە ئیتر هیچ شتێک مانای نییە، ئەوانەى وەک ئێمە ئەڵمانییە گەنجەکان ئەو بەختەیان هەیە لە چارەنووسی وڵاتەکەى خۆیاندا، مانایەک بدۆزنەوە ئەبێ هەموو شت بکەن بە قوربانى.”
ئەو کات من تۆم خۆشدەویست و بەڵاَم هەر ئەو کاتیش پێم راگەیاندى لە گەڵ ئەو بۆچوونەتدا نیم. پێم وتی:”نە، من ناتوانم بەوە رازى بم مرۆڤ بەوە رازى بێت هەمووان، خۆیان بە پێی ئەو ئامانجەى ئەو خەباتى بۆ دەکات بگۆڕن و لە گەڵ ئەو ئامانجەدا خۆیان بگونجێنن. هەندێ کار هەن بۆ لێبوردن ناشێن. من حەز ئەکەم هەم وڵاتەکەمم خۆش بوێت و هەم عەداڵەتیش. من هیچ جۆرە گەورێتییەک بۆ وڵاتەکەم بە ئاوات ناخوازم. بە تایبەت گەورێتییەک کە لە رێگاى خوێن رشتنەوە بە دەست بێت یان بە درۆ دروست بکرێت. ئارەزووم ئەوەیە وڵاتەکەم لە رێگاى زیندوو راگرتنى عەداڵەتەوە، زیندوو بمێنێتەوە.” تۆ پێت وتم :”تۆ وڵاتەکەتت خۆش ناوێت.”
ئێستا پێنج ساڵ لەو رۆژە تێدەپەڕێت و ئێستا زۆر لە یەکتر دوورین. دەمهەوێت ئەم خاڵەت پێ بڵێم لە ماوەى ئەم ساڵە دوورء درێژانەدا(کە بۆ تۆ زۆر کورت و خێرا گوزەرا) تەنانەت رۆژێکیش نەبووە وشەکانت هەر لە مێشکمدا نەیەن و نەچن. “تۆ وڵاتەکەتت خۆش ناوێت!” ئەمڕۆ کە بیرلەو قسە دەکەمەوە چما شتێک لە قوڕگمدا گیرى کردووەو دەیگووشێت. ئەگەر مرۆڤ حەز نەکات ناعەداڵەتییەکانى خۆشەویستەکەى بخاتە روو، ئەگەر بڕیار بێت ئینسان چاوەڕوانى ئەوەى لە خۆشەویستەکەى نەبێت بە پێی جوانترین وێناکان کە عاشق هەیەتى بۆ خۆشەویستەکەى، خۆى بگونجێنێت، هەڵسەنگێنێت و تواناکانى بخاتەڕوو، دەتوانم بڵێم من وڵاتەکەمم خۆش نەویستووە. پێنج ساڵ لەوە پێش زۆربوون ئەوانەى وەک من بیریان دەکردەوە، بەڵام ژمارەیەکیان بە ناچار کەوتنە بەر دوانزە لووڵە چەکى چارەنووس سازى ئەڵمانییەکان کە وەک دوانزە چاوى رەش دەچوون. مەبەستم ئەوەیە بڵێم تەنانەت ئەو دەرفەتەش لە بەردەستدا هەبوو کە سەد کەڕەت گیانت بکەیت بە قوربانى بۆ وڵاتەکەت، ئەم وڵاتانەى کە لە روانگەى تۆوە عاشقی وڵاتەکەیان نەبوون، زۆر شتى زیاتر لەوەى تۆ دەتویست بۆ وڵاتەکەتى بکەیت، ئەوان کردیان بە قوربانى وڵاتەکەیان. لە بەر ئەوەى ئەوان سەرەتا ناچار بوون لە جەنگى دژ بە خۆیان سەرکەوتوو بن. ئەمەیە قارەمانێتى ئەوان. بەڵام من لێرەدا دەربارەى دوو جۆرە گەورێتى قسە دەکەم، دەربارەى جۆرێک پاڕادۆکس کە ئەرکى منە شی بکەمەوە بۆت.
ئەگەر دەرفەت هەبێت ئێمە بە زووترین کات یەکتر دەبینینەوە، بەڵام ئەو کات هاوڕێیەتى نێوان ئێمە تەواو بووە. تۆ پڕیت لە شکەست و بێ هیوایی و شەرم ناکەیت لە سەرکەوتنەکانی رابردووت، بە پێچەوانەوە بەداخەوەى بۆ ئەو هێزانەى وڵاتەکەت کە لەناوچوون. ئەمڕۆکە من هێشتا لە بیرکردنەوەمدا نزیکم لە تۆ- بە دڵنیاییەوە دوژمنى تۆم بەڵام هێشتا تا رادەیەک هاوڕێی تۆم، لە بەر ئەوەى هەرچی بیرى لێدەکەمەوە باوەڕم پێتە. سبەى رۆژ هەموو ئەم شتانە کۆتایی دێت. هەموو ئەو شتانەى سەرکەوتنى ئێوە نەیتوانى ئەنجامى بدات، شکەستى ئێوە جێبەجێی دەکات. بەڵام بەرلەوەى بپەرژینە سەر چەمکى کەمتەرخەمى، دەمهەوێت وێنایەک لە وڵاتەکەى خۆمت بۆ روون بکەمەوە، ئەو شتەى نە جەنگ و نە ئاشتى هیچکامیان فێریان نەکردیت.
من دەمهەوێت دەستبەجێ دەربارەى ئەوەى ئەمە چ جۆرە گەورێتییەکە دەبێت بە هۆى جووڵەى ئێمە قسە بکەم. بەڵام هیچ جیاوازییەک لەوەدا نییە بڵێم ئێمە ستایشی چ جۆرە بوێرییەک دەکەین، ئەو بوێرییەى کە ئێوە نیتانە. لە بەر ئەوەى بە رووخانى ئەوانیتر پێشکەوتن کارێکى گەورە نییە، ئەو کاتەى مرۆڤ هەموو دەم دەست لە سەرچەک و ئامادەیەء ئەو کاتەى ئەم کارە زۆر سروشتیتر و عاددیتر لە بیرکردنەوە دەردەکەوێت. بەڵام لە لایەکیترەوە ئەو کاتەى مرۆڤ بەو پەرى وشیارییەوە ئەزانێت کە ماهییەتی رق و توندووتیژى شتێکى پووچ و بێ بنەمایە، هەڵبژاردنى ئەشکەنجە و مەرگ کارێکى گەورەیە. لە حاڵێکدا مرۆڤ بە چاوى سووک تەماشای جەنگ دەکات، خەباتکردن کارێکى گەورەیە. خۆى ئامادە بکات بەوەى هەموو شت لە دەست بدات لە حاڵێکدا هێشتا چاوەڕوانى بەختەوەرییە، بەرەو رووخان و لەناوچوون هەنگاو نان لە حاڵێکدا تێڕوانینێکى گەورەتر و بەربڵاوتری بۆ شارستانییەتى مرۆڤایەتى هەیە، لەو رووەوە کارەکەى ئێمە گەورەتر لە کاری ئێوەیە، لەبەر ئەوەى ئێمە دەبێت بێ هیچ گلەیی و گازندەیەک بەتەواوەتى بەرپرسایەتى خۆمان بگرینە ئەستۆ. ئێوە پێویستتان بەوە نەبوو زاڵ بن بە سەر شعوور و هەستتدا، ئێمە دوو دوژمنى جیاوازمان هەبووە. سەرکەوتن بە چەک و چۆڵ بەس نییە بۆ ئێمە، لە حالێکدا بۆ ئێوە کە هیچ پێویستییەکتان بەوە نەبوو بە سەر دەروون و هەستى خۆتاندا زاڵ بن، بەس بوو.
ئێمە پێویستییەکى زۆرمان بە لەخۆبردوویی و خۆڕاگرى هەبوو، بۆ ئەوەى نەکەوینە داوى ئەو دڵەڕاوکە فریودەرانەوە کە دەیویست ئێمەش وەک ئێوە بین، لە بەر ئەوەى لە دەروونی ئێمەا هەموو دەم جۆرێک هاندەر هەیە کە بەرەو غەریزەمان رادەکێشێت، بەرەو جۆرێک بێ مبالاتی بەرامبەر بە بیرکردنەوە، بەرەو پیداهەڵدانی لێهاتوویی و کاریگەر بوونمان ببات. ئێمە سەرەنجام ماندوو و دڵشکاو دەبین لەوەى کە ناتوانین بە هەموو ئەو شتانە بگەین کە دەبایە بگەین. عەقڵ بە توانج و تانەکانى وامان لێدەکات هەست بە شەرم بکەین وەک چۆن جارجار خۆمان لە دۆخێکى هەوسارپساودا دەبینینەوە. لەوەها دۆخێکدا زۆر ئاسان و بەبێ ئەوەى پێویست بە چکۆلەترین هەوڵدان بکات، بە حەقێقەت دەگەین، بەڵام بۆ ئەم شتە دەرمانى ئارامکەرەوە باشترە. ئێوە لەوێن و ئەو دۆخەمان پێ نیشان ئەدەن،ئەوکات ئێمە هەمدیسان هەڵدەستینەوە. ئەگەر من لەسەر ئەو باوەڕە بام مێژوو چارەنووسێکە لە پێشدا دیارى کراوە، بە دڵنیاییەوە لەسەر ئەو باوەڕە بووم، ئێوە کە دیل کۆیلە عەقڵن، بۆ تەمبێ کردنى ئێمە بەرامبەر بە ئێمە وەستاونەتەوە. ئەوکات ئێمە لە بارى دەروونیییەوە خۆمان دەگرتەوەو زۆر رازیتر دەبووین.
بەڵام ئێمە هێشتا ناچارین زاڵ بین بەسەر دوو دڵ بوونی خۆماندا بەوەى کە سەرکەوتوو بووە. من ئەزانم ئێمە لە سەر ئەو باوەڕەن ئێمە دووین لە سەرکەوتن. بەڵام ئێوە لە هەڵەدان، بابەتەکە زۆر ئاسانە، بەو شێوەیەى کە ئێمە هاوکات لە گەڵ ئەوەى وەریدەگرین و قبووڵی دەگەین گومانیشمان لێی هەیە. باوەڕمان بە سەرکەوتن قارەمان بوونى خۆمان هەیە لە بەر ئەوە دە سەدە لە میژوو هەموو شتێک دەربارەى مرۆڤى شەریف و نەجیبمان دەخاتە بەردەست. گومانمان لە قارەمان بوون هەیە لە بەر ئەوەى دە سەدە وشیارى و بیرکردنەوە فێری کردووین ئەوەى کە توانایەکى سروشتیت هەبێت سەرکەوتنێکى گەورەیە. ئێمە بەرلەوەى بتوانین خۆمان نیشانى ئێوە بدەین، سەرەتا ناچارین خۆمان بدۆزینەوە. هەربۆیە ئێمە شەلەشەل بە دواى هەموو ئەورووپا کەوتین، ئەو کاتەى کە پێویست بوو بە خێرایی باوەڕى بە درۆ و دەلەسەکان بکات، ئەمە لە حاڵێکدابوو ئێمە لە لایەکیترەوە کاتی خۆمان بۆ گەڕان بە دوای حەقێقەتدا تەرخان کردبوو. هەربۆیە ئەو کاتەى ئێوە هێرشتان کردە سەر ئێمە، ئێمە شکەستمان خوارد، ئەو کاتە ئێمە سەرقاڵی ئەوە بووین لە رۆح و دەروونی خۆماندا بەبڕیارێکى تەواو بگەین کە ئاخۆ ئێمە راست دەکەین یان نە.
ئێمە ناچاربووین بە سەر تێڕوانینى خۆمان لە بارەى مرۆڤ و چارەنووسی ئاشتیانەى مرۆڤەوە زاڵ بین. بە سەر ئەو باوەڕەدا زاڵ بین کە سەرکەوتن لە هیچ جەنگێکدا باش نییە. لەبەر ئەوەى هەرجۆرە خەسار گەیاندنێک بە مرۆڤ شتێکە قەرەبوو ناکرێتەوە. ئێمە ناچار بووین هاوکات ماڵئاوایی بکەین لە گەڵ زانست و توانایی خۆمان، هیواکانمان، هەروەها هاندەرمان بۆ عەشقمان بۆ جەنگ یان بێزاریمان لە جەنگ. دەمهەوێت شتێک بڵێم لام وایە تۆ باشتر لێی تێدەگەیت و تێگەیشتنى بۆت ئاسانە، لەبەر ئەوەى شتێک لە زەینى مندا و تۆش هاوڕا بووی لە گەڵم و ئەو شتەش بریتیە لەوە کە ئێمە ناچاربووین بدەین بە پێش هەستی قووڵمان و قووڵایی خۆشەویستیمانەوە.
ئێستا ئەمکارە ئەنجام دراوە. ئێمە ناچاربووین رێگایەکی دوورتر بپێوین، هەربۆیە ئێمە دەرنگتر بە مەنزڵ گەییوین. لە رێگا دوورەدایە حەقێقەت بە سەر وریابوون و هاوڕێیەتى بە سەر هەستدا زاڵ ئەبێت. ئەم رێگا دوورو درێژە پاسەوانى لە عەداڵەت دەکات و حەقێقەت بەتەنیشیانەوە دادەنێت بۆ ئەوەى پرسیار لە خۆیان بکەن. ئێمە نرخێکى زۆرمان داوە بۆ ئەوەى ئەم رێگا دوورە بپێوین. ئێمە نرخى ئەم شتەمان بە سووکایەتی پێکردن و بێدەنگەکردن داوە، بە تاڵى چێشتن، زیندانى بوون، ئێعدامى بەرەبەیانان، بێبەری بوونەکان، لەیەکتر دابڕانەکان، برسیەتى هەموو رۆژە، منداڵانى باریکەلەوە برسی و بێهیز و زیاتر لە هەمووان بە سووکایەتی کردن بە پێگەی ئینسانیمان بەم شتە گەیشتووین، بەڵام ئەم کارانە پێویست بوو بکرێت. ئێمە پێویستمان بەم ماوە دوورء درێژە هەبوو بەوەى بزانین ئێمە مافی ئەوەمان هەبوو بکوژین، ئاخۆ ئێمە دەمانتوانی ئیزن بدەین ئەم بەڵا ترسێنەر و ماڵوێرانکەرە لەوەى کە هەیە خراپتر لە جیهاندا بڵاو بێتەوە؟ ئەمە کاتى لە دەستچوو و کاتی دووبارە بەدەست هێنانەوەیە، سەردەمى ئەوە بەسەر رازى بین بەوەى شکستمان خواردووە، ئەو دوودڵی دەوونیانەى کە ئێمە بە خوێنی خۆمان نرخەکەیمان داوە ئێستا ئەو مافە بە ئێمە فەرانسەوییەکان ئەدات کە لەسەر ئەو باوەڕە بین ئێمە بەدەستى خاوێن دێینە ناو جەنگەوە- ئەوەندە خاوێن پاک وەک دەستى قوربانییەکان و باوەڕدارەکان- بە دەستى خاوێنیشەوە لەم جەنگە دەڕۆینە دەرەوە- بەڵام ئەمجارە خاوێن، وێڕاى سەرکەوتنێکى گەورە دژ بە نادادپەروەرى و هەروەها دژ بە خۆشمان.
ئێمە سەردەکەوین و ئێوە هیچ بیانوویەکتان نییە بەوەى بە چاوى سووک سەیرى ئەم سەرکەوتنەمان بکەن و بیبەنە ژێر پرسیارەوە، ئێمە راست بە هۆى ئەم شکەستەى ئەمڕۆمانەوەیە سەردەکەوین، بە هۆى ئەم سەفەرە دوور و درێژە ئارام و لەسەرخۆمانەوە کە وای لێکردووین هاندەرەکانى خۆمان بناسین، بە یارمەتی ئەو ئازارانەى کە بە دڵنیاییەوە زاڵمانە بوون، بەڵام ئێمە لێیانەوە شت فێربووین، سەردەکەوین. ئێمە هەموو ئەو شتانەمان دۆزیوەتەوە کە وەک نهێنییەک لە پشت هەر سەرکەوتنێکەوە شاراوەیە، ئەگەر ئەم نهێنى و رازە لە دەست نەدەین، بەدڵنیاییەوە سەردەکەوین. ئێمە فێربووین رۆح لە بەرامبەر شمشێردا هیچ شتێک بەدەست ناهێنێت- بە پێچەوانەى هەموو ئەو شتانەوە هەندێ جار بیرمان لێدەکردەوە- بەڵام رۆح و شمشێر ئەگەر یەک بگرن بەدڵنیاییەوە بەسەر ئەو شمشێرەدا سەردەکەون کە تەنها لە بەر (خود) هەڵگیراوە. هەربۆیە ئێمە ئێستا کە زانیمان رۆحمان لە گەڵە دەستمان بۆ شمشێر بردووە.
سەرەتا ناچار بووین مەرگى مرۆڤەکان بەچاو ببینین و هەست بە مەترسی مەرگى خۆشمان بکەین، ناچاربووین ببینین کرێکارانى فەرانسە، لە حاڵێکدا هاوسەنگەرەکانیان بە بوێر بوون هان دەدەن، لە داڵانەکانى زیندانەوە بەرەو گیۆتنی مەرگ دەبرین. بۆئەوەى ناچار بین بەسەر رۆحی خۆماندا زاڵ بین، ناچاربووین ئەشکەنجەى جەستەیی قبووڵ بکەین، ئەمە تەنها ئەو بەهاو نرخەیە بۆ ئەو شتەى کە بەراستى خاوەنییەتى، بیدات. ئێمە بەهاو قوربانییەکى زۆرمان داوەو لەمەو بەدوا زیاترى دەدەین، بەڵام باوەڕی خۆمان، هاندەرى خۆمان، هەستى خۆمان بۆ عەداڵەت رادەگرین. بەدڵنیاییەوە ئێوە شکست دەخۆن.
من هیچکات لەسەر ئەو باوەڕە نەبووم راستی لەخۆیدا هەڵگرى هێزێکە و هێزێک بەرهەم دەهێنێت. بەڵام تائێستا ئەوە بەسە بەوە بگەم لە دۆخی یەکساندا راستى بە سەر درۆدا زاڵ ئەبێت. ئێمە ئێستا گەیشتووین بەم دۆخە هەستیارەى هاوسەنگى دوو هێز. بۆ دڵنیابوون لەم دوو هێزەیە ئێمە هەوڵ دەدەین. من لەوەدایە ئیدیعای ئەوە بکەم ئێمە بۆ شتێک خەبات دەکەین کە بە قەد خودى مرۆڤایەتى گرنگە. ئێمە بۆ جیاوازی دانان لە نێوان گیانبازى و سۆفیگەرى، جیاوازى نێوان هێز و توندووتیژى، جیاوازى نێوان هێز و زاڵم بوون خەبات دەکەین، تەنانەت لەوە ناسکتر و وردتر، بۆ جیاوازى نێوان راستی
و ناڕاستی جیاوازى نێوان ئەو مرۆڤەى ئێمە باوەڕمان پێیەتى و ئەو خودا درۆینانەى ئێوە دەیپەرەستن خەبات دەکەین.
ئەمە ئەو شتەیە کە دەمویست پێت بڵێم، نە لە شوێنێکى بەرزەوە بەڵکوو دروست لە جەرگەى مەیدانى جەنگدا.ئەمە ئەو شتە بوو دەمویست لە وەڵامى ئەو قسەیەى تۆ “تۆ وڵاتەکەتت خۆش ناوێت” پێت بڵێم، ئەو شتەى کە هێشتا ئازارم ئەدات. بەڵام من دەمهەوێت قسەکەى خۆم بە روونى بڵێم. من لام وایە فەرانسە هێز و دەسەڵاتى خۆى لە دەست داوەو بۆ ماوەیەک پێویستە سەبر بکات، شۆڕشێکى وشیارانە بۆ بەدەست هێنانەوەى ئابڕووی لە دەست چوومان، ئەو شتەى کە هیچ کلتوورێک ناتوانێت بێ ئەوە سەرکەوتوو بێت. بەڵام لام وایە ئەو هاندەرەى کە فەرانسە لە بەر ئەوانە هەموو ئەو شتانەى لە دەست داوە خاوێن و بێگەردە. هەربۆیە هێشتا هیوام هەیە و هیوابڕاو نیم. مەبەستى من لە نووسینی ئەم نامەیە ئەمەیە. ئەو کەسەى تۆ پێنج ساڵ لەوە پێشت بەداخەوە بووی بۆى لە بەر ئەوەى بەپارێزەوە قسەى دەکرد لە وڵاتەکەى خۆى، هەمان ئەو کەسەیە ئەمڕۆ دەیهەوێت بە تۆ و هەموو مرۆڤەکانى هاوتەمەنمان لە ئەرووپاو جیهان بڵێت :” من سەر بە نەتەوەیەکم کە سەبرکردنیان جێگاى رێز و ستایشەو هەروەها دان بە هەڵەو کەم و کووڕییەکاندا دەنێنء ئیزن نادات ئەو ئارامانەى کە هەموو شکۆمەندییەکەى دەگرێتەوە لە دەست بچێت. ئەو ئارمانەى کە جەماوەرى خەڵکەکەى هەموو دەم و رێبەرەکانیشی هەندێ جار دەیانهەوێت بە شێوەى ئاشکرا دەری ببڕن. من سەر بە نەتەوەیەکم چوار ساڵ لەوە پێش دەستکرد بە زیندوو کردنەوەى بیرەوەرى سەرجەم مێژووەکەىء ئەوەى کە لە ناو وێرانەکانەوە ئارام و بەهێز خۆى ئامادە کردووە سەرلەنوێ مێژووەکەى بنووسێتەوەء ئەوەى کە لە یارییەکدا بێ هیوا بە سەرکەوتن، بەختی خۆى تاقی بکاتەوە. وەها وڵاتێک بە عەشقی ناسک و قووڵێکەوە کە من هەمە، شیاوى ئەوەیە عاشقی بیت. من لام وایە هەوڵدان و خەباتکردن بۆ وەها وڵاتێک پڕبایەخە، لەبەر ئەوەى ئەو وڵاتەى شیاوی عەشقێکى قووڵە. من لام وایە وڵاتەکەی تۆ، هیچ عەشقێکى لە منداڵەکانیەوە پێ نەگەیشتووە جگە لەو عەشقەى شیاویەتى، عەشقێکى کوێر. نەتەوەیەک بەم جۆرە عەشقە بە راستى ناگات… هەر ئەم عەشقەیە ئێوە بەلارێدا دەبات. لەو شکەستەدا کە تادێت لێی نزیکتر دەبنەوە چی دەکەن؟ ئێوەیەک کە زۆر پێشتر، ئەو کاتەى گەورەترین سەرکەوتنەکانتان بە دەستەوە بوو شکستخواردوو بوون.”
ژووئیەى 1943
سەرچاوە: نامەهایی بە یک دوست المانى
وەرگێڕی فارسی: سەعید سابت قەدەم