ڕانانی کتێب

سفری لە ماڵ مانەوە:چوونەدەر لە ماڵی نائومێدی

گێڕانەوەیەک جیاواز لە مێژوونووسی

 

لە دوای خوێندنەوەی کتێبی ” ڕەچەڵەکناسی ئەنفال” لە نووسینی مەنسوور تەیفووری کە باسکردن بوو لە ئابووری سیاسی ئیسلام، هەر بە تەما بووم بەرگی دووهەمی ئەم کتێبە واتە ” سفری لە ماڵ مانەوە، چوونەدەر لە ماڵی نائومێدی” بخوێنمەوە. کتێبێک کە ماوەیەک لەوە پێش چاپ بوو و بە داخەوە بە هۆی کێشەکانمەوە نەمتوانی کتێبەکە دەست بخەم. سەرەنجام لە پێشانگای کتێبی سلێمانی کتێبەکەم دەست خست و دەستم کرد بە خوێندنەوە. هەر لەگەڵ ئەوەی کتێبەکەم دەست کەوت بە تاسەوە دانیشتم بۆ خوێندنەوەی. کتێبێکە دەربارەی ڕووداوەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە ” ١٩٧٩” و بە تایبەت چەقی ئەم کتێبە و بابەتەکە کۆچی مێژوویی مەریوانە.

ڕووداوەکانی ١٩٧٩ و لە چەقی رووداوەکاندا کەمپی “کانی میران” و کۆچی مێژوویی مەریوان دراونەتەوە بەرباس. بەشێک لەو کەسانەی خۆیان لەم رووداوەدا ئامادە بوون گێڕانەوەی خۆیان لە رووداوەکە داوەتە بەر باس. بەڵام ئەم کتێبە تەنها مەبەستی نییە رووداوەکان بگێڕێتەوە. یانی ئەوە نییە تەنها ” گێڕانەوەی زارەکی” یان ” مێژوو نووسی زارەکی” یان مێژوو نووسی بێت. بەڵکوو ئەم کتێبە کارێکی ئاکادێمییە لە سەر رووداوێک کە (تاقانە!)یە و نووسەر دەیهەوێت تاقانەبوونی ئەم رووداوە بداتە بەرباس و بە پشت بەستن بە تیۆرییە فیکرییەکان و گێڕانەوەکان بەرهەمێکمان پێ ئەدات جیاواز لە هەموو ئەو شتانەی لە سەر ئەزموونی کۆچی مێژوویی مەریوان و رووداوەکانی ١٩٧٩ هەن.

خەڵک، ئەو چەمکەیە کە لە سەر لەبەری ئەم کتێبەدا دەبیندرێت. خەڵک تەنها کۆمەڵە جەماوەرێکی پەسیڤ نین، بەڵکوو خەڵک ئەوانەن دەنگیان دەبیسترێت، قسەکانیان وەردەگیردرێت، لە دوای هەموو کۆبوونەوەیەکی شۆرای شاری مەریوان لەگەڵ نوێنەرانی حکوومەت، ئێواران کۆئەبنەوە لە شوێنێک و باس و خواسەکانیان بۆ دەگێڕدرێتەوە. گوێ لە قسە و بۆچوونیان دەگیردرێت.

خەڵک ئەو ژنانەن کە بەشداری شۆڕش بوون، بە ئیرادەی خۆیان، لە ناو بزووتنەوەدا دەرکەوتوون و تەنانەت ئەو دەمەش کە ویستوویانە چەک بگرنە دەست، ئەو رێکخراوەیەی کە شانازی ئەکات کە یەکەم حیزبە ژنانی چەکدار کردووە، لە قسەی دوژمنان ئەترسێت و ئەوان وەک بریندار و نەخۆش و پەککەوتووەکان دەنێرن بۆ شوێنە پارێزراوەکە (بۆکان). بەڵام دوای چەند مانگ ململانێ و خەبات لە ناوخۆی حیزبەکەدا سەرەنجام ١٠ کەسیان، وەک یەکەم دەستە چەکدار ئەبن و بە پێچەوانەی ترسی رێکخراوەکەش، خەڵک زۆر بە باشی بەرەو پێشیان ئەچن.

خەڵک ئەو ژنانەن کە بەشدارن لە رێکخستنی کار و باری کەمپی (کانی میران) و یەک دەست و هاوشانی پیاوان ئامادەییان هەیە لە کەمپەکەدا.

خەڵک ئەو ژنەیە کە دەگری لەبەر ئەوەی چەند رۆژە لە سنەوە بەرەو مەریوان بەڕێوەیەو پایی بلۆقی کردووەو ناتوانێت رێ بکات لە ناو پیکابەکەی ( حەمید رەشیدیان) دا دەینێرنەوە بۆ سنە، بەڵام ئەو ئەگری، لەبەر ئەوەی رووداوێکی تاقانەی لە دەستداوەو ئەزانێت ئەم رووداوە تاقانەیە و جارێکیتر روو ناداتەوە.

ئەم کتێبە دوانە لە سیاسەت، دوانە لە رووداوە سیاسییەکان، کاتە سیاسییەکان و شوێنە سیاسییەکان، ئەکتەرە سیاسییەکان. ئەو ئەکتەرانەی کە جیاواز دەرئەکەون لەوەی کە تاران دەیهەوێت. لە سەردەمێکدا کە تاران پەچەی رەش بە سەر ژناندا ئەدات، لە سەردەمێکدا کە خەڵخاڵی باس لە دەسەڵاتی پێش دەسەڵاتی ئیمامی زەمان ئەکات، لە سەردەمێکدا کە مەلاکان ئامادەیی دەکەن بۆ دەسەڵات چەند هەزار ساڵە، مەلایەک، مەلایەکی سوور، بە جلی مەلاییەوە چاکی کەواکەی هەڵ ئەکات و پشت لەو بەها زاڵانەی دەسەڵات ئەکات و پشتی ئەوانە ئەگرێت کە تاران و قوم بە کۆمۆنیستەکان ناویان ئەبەن، ئەوانەی کە تاران بە کێشەی سەرەکی لە کوردستان ناویان ئەبات. بەڵام مەلا سوورەکە ئەزانێت ئەم گەنجانە ، ئەم کچ و کوڕانە، دەنگێکن کە هاتوون ئەوی پتەو و بەستووە بە دووکەڵ و هەبا بدەن و دژی بەستووەکانن. ئەوان جووتیارەکانیان لەگەڵە، ئەوانەی کە بە درێژایی مێژوو کپ و بێدەنگ کراون. ئەوان ژنەکانیان لەگەڵە، ئەوانەی کە تاران دەیهەوێت جاریکیتر بیان نێرێتەوە بۆ چێشتخانە و جبەی رەشیان بەسەردا بدات، بەڵام ئەوان لەسەر شەقامن و ئەو دەمەش کە لە مەریوان  دژ بە جبەی رەش  و فتوای پۆشینی دەوستنەوە، کاتێک یەکێک لە ئیسلامیستەکان بۆ ترساندنیان یان هەرشتێکیتر تەقەیەک ئەکەن، ئەوانیش جوابی تەقەکەی ئەدەنەو ئەڵێن، ئەم رووبارە رێی گرتووەو بڕیار نییە بگەڕێتەوە بۆ دواوە.

ئەم کتێبە باسکردنە لە شۆڕش، باسکردنە لە بەردەوامی شۆڕش. باسکردنە لە وەستانەوە دژی سەرمایە . باسکردنە لە رێکخستن، نەک بە شێوەی هەرەمی، بەڵکوو رێکخستن بە مانا خەڵکییەکەی. بەمانای بەشداری ئەوانەی دەنگیان کپ کراوە.

ئەم خەڵکە دەیهەوێت بە یەکیەتی و یەکگرتوویی دژی ئەوانە بوەستنەوە کە دەیانهەوێت دەسەڵاتی خۆیان داسەپێنن. ئەوان لە کەمپێکدا ، بە خۆ ویست، خەریکن ئەژین، کۆمیتەی جیاواز پێک دێنن. رەنگە ئێستە کە ناوەکان ئەبیستین جۆرێک پێکەنیناوی بێت، بەڵام کۆمیتەی ” هێلکە” و کۆمیتەی “دۆ” و… بەشێکن لە کۆمیتەکان. بەو مانایەی کە پێداویستییە سەرەتاییەکان، ژینەکییەکان، بە یەکسانی لە ناو ئەو خەڵکەدا دابەش بکرێن کە هاتوون لەو کەمپەدا خۆویست کۆبوونەتەوە، ئامادەن گەڵای بەڕووەکانیش بخۆن بەڵام مل کەچ نەکەن. ئەم خەڵکە هەمان ئەوانەن کە لە کامیاران دەچنە بەردەم تانکەکان و رێگای تانکەکان ئەگرن بۆ ئەوەی هێزی تاران نەگاتە مەریوان .

گێڕانەوەکانی ” مەحموود کەیوان” وەک یەکێک رێکخەرانی رێپێوانی خەڵکی سەقز بەرەو مەریوان و کانی میران جێی سەرنجن. کەیوان ئەو مامۆستایەی کە بووە بە کتێب فرۆش ئێستە لە رێگایەکی چەند رۆژەدایە لەگەڵ ئەوانەی لە سەقزەوە هاتوون، دەیانهەوێت بگەنە مەریوان و کانی میران و دەنگی ” یەکبوون و یەکیەتی” بە خەڵکەکە بگەیەنن و بڵێن ئێمە هەین، بە دەسەڵاتیش بڵێن ” وەستابێ بە سەرتەوە”.

حەمید رەشیدیان کە باس لەوە ئەکات چۆن ویستوویانە لە سنەوە بەرەو کانی میران بڕۆن، گێڕانەوەکانی پێمان ئەڵێت جەماوەر چاوەڕوانی ئیرادەی کەس نییە. ئەوان بە ژمارەیەکی کەم لە مەیدان ئێقباڵی سنەوە رێ ئەکەون بگەنە مەریوان، بەڵام هێشتا لە شار دەرنەچوون ژمارەکەیان لە دەست دەرئەچێت، لە رێگاش هەر کەسەو پێیانەوە پەیوەست ئەبێت، بە شێوەیەک کە سەرەنجام بیر لەوە ئەکەنەوە پێویستە کاری رێکخستن بکەن بۆ ئەوەی ئەم خەڵکە بە باشی بگەنە بەرەوە. خوارنی سەرەتایی ، پەتاتە و هێلکە ئەگەیەننە دەست خەڵک. شوێنی پشوودان بە شێوەی کاتی رێک ئەخەن و … بەم گێڕانەوە بەوە ئەگەین لە چرکەساتی شۆڕشدا، خەڵک چاوەڕوانی بڕیاردەران نین ، ئەوان خۆیان بڕیاردەرن.

کتێبی ” سفری لە ماڵ مانەوە: چوونەدەر لە ماڵی نائومێدی” باسکردنە لە ئەزموونەکانی شۆڕشێک، باسکردنێکی ئاکادێمی- فیکری. پشتبەستوو بە تیۆرییەکانی ” بێنیامین”، ” لۆڤی”، “ئاگامبێن”، ” بەدیۆ” و ” ئارێنت” و ” شمیت” و… هەوڵدانە بەوەی لە دڵی قسەکانی ئەمانەوە تیۆرێک دەربهێنێت، تیۆرێک کە خەڵک تێێدا چەقە، دژی دەستەوەستانی و بێهیواییە، لە سەردەمێکدا کە بێهیوایی زاڵە.  لەسەردەمێکدا کە خەڵک فەرامۆش کراون و متمانە نەماوە.

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button