تێبێنی: ئەم وتووێژە ساڵی ٢٠٠٠ لەگەڵ تۆنی مۆریسۆن ئەنجام دراوە. لەم وتووێژەدا مۆریسۆن کە خاوەنی خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیاتە باس لە زۆر لایەنی مەترسیداری هەڵاواردنی رەگەزی، جێندەری دەکات. تەنانەت جۆری رەفتار لەگەڵ کلینتۆن دەخاتە خانەی رەفتاری سێکسیستییەوە. ئەمە بەشێکە لە پرۆژەیەک کە گفتوگۆیە لەگەڵ براوەکانی خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیات.
شپیگل: پرۆفیسۆر خاتوو مۆریسۆن، رۆمانە نوێکەت “بەهەشت” بەم رستەوە دەست پێدەکات :” ئەوان سەرەتا کچە سپی پێستەکەیان دایە بەر دەستڕێژ. دواتر هیچکات باس لەوە ناکرێت کام لەو چوار ژنە گەنجەی کە لە سەرەتاوە کەوتووتنە دوایان و کوژران، ئەو کچە سپی پێستە بووە. بە پێچەوانەوە: تۆ هەرچەشنە نیشانەیەک کە ئاماژە بێت بۆ رەگەزیان دەخەیتە لاوە. دەتهەوێت بەم شێوە خوێنەرەکانت بکەیت بە پۆلیسی نهێنی؟
مۆریسۆن: دەمویست بزانم چی روو دەدات، ئەو کاتەی کە مرۆڤ هەموو ئەو نیشانە و هێمایانەی کە ئاماژەن بۆ رەگەز دەخاتە لاوە. ئەمە بەلای منەوە تاقیکردنەوەیەکی نوووسین بوو. وام بیرکردەوە : ئەگەر من بە خوێنەرەکانم هەموو شتێک دەبارەی کەسایەتی چیرۆک، کە بەشێوەیەک گرینگە ، بڵێم، جگە لە رەنگی پێستی، رەنگە ئەمە ئەوان بخاتە گومانەوەو هاوکێشەکەیان تێک بدات. ئامانجم پێکا. ژمارەیەک لە خوێنەرەکان لە هەموو شوێنێکی کتێبەکەدا بە شوێن ئەوەوە بوون ئەو هێمایە بدۆزنەوە کە وەک کۆدێک وایە و ئاماژەیە بە رەگەز….
شپێگێل:…. ئایا هەموو خوێنەرێک ئەم کارە ناکات؟
مۆریسۆن: نە، تەنها ئەوانەی رەگەز بۆیان گرینگە. ئەوانیتر لە سەر ئەو باوەڕەن رەگەز گرینگ نییە و لەبیریان دەچێت بە شوێنیدا بگەڕێن.
شپیگل: تۆ ئەمە بە شتێکی شایستە دەزانیت؟
مۆریسۆن: زۆر زۆر. ئەم بابەتە رێک ناوک و ناوەرۆکی پرسی رەگەزییە. لەم بارەوە مرۆڤ ئەوانیتر وەک تاک ((Individuum ) ) نابینێت. ئەگەر من رەگەزەێکی مرۆیی بناسم، دەتوانم لە راستیدا کۆمەڵێک زانیاری بنەڕەتی دەربارەی رەگەز باس بکەم، بەڵام لەم کاتەدا بەڕاستی چ شتێک ئەزانم دەربارەی ئەو کەسە؟ چ شتێک دەربارەی تۆ دەزانم، تەنها لەبەر ئەوەی بە پێی رەگەزەکەت دەتوانم هەندێ شت وەک گومان هەڵبدەم و بەکاریان بهێنم؟ بەمەشەوە هەزارن هۆکاریتر هەن کە دەور و نەخشی گەورەتریان هەیە. لە راستیدا رەگەز هیچ شتێک دەربارەی مرۆڤ نادات بەدەستەوە.
شپیگل: بەڵام لە رۆمانی (بەهەشت)دا رەشەکان بۆچوونێکیتریان هەیە : ئەوان زۆر شانازی دەکەن بە “رەسەن بوون”ی رەگەزیانەوە کە بە رەنگی رەشیانەوە دەر دەکەوێت.
مۆریسۆن: لە “بەهەشت”دا دوو تاقم لە مرۆڤەکان بوونیان هەیە: ژنەکان کە خۆیان لە (دێر)ێکدا دەبیننەوە، کۆمەڵێک پێک دەهێنن کە لەو کۆمەڵەدا رەگەز هیچ مانایەکی نییە. بە پیچەوانەوە بەلای ئەو رەش پێستانەی لە گوندی رۆبی (Ruby)دان لە نزیک (دێر)ەکەوە، رەگەز زۆر گرینگە و بە مانای هەموو شتە. رەسەن بوونی خوێنیان، مانا بە ژیانیان دەبەخشێت و نەفرین لە هەموو ئەوانە دەکەن کە شەجەرەیان وەک رەش پێستەکان نییە. لەم رووبەڕوو بوونەوەدا خوێنەر دەتوانێت ململانێی نێوان کۆمەڵگایەک کە شەیدای رەگەزە و کۆمەڵگایەک کە خۆی لە رەگەز رزگار کردووە، هەست پێ بکات.
شپیگل: “بەهەشت” سێهەمین رۆمانە لە پلاتێکی تریلۆژی کە دوو رۆمانیتر واتە (Menschenkind) و جاز (Jazz) سەر بەو تریلۆژیەن. ئەوەی ئەم بەرهەمانە پێکەوە گرێ دەداتەوە چییە؟
مۆریسیۆن: بابەتی هەر سێ رۆمانەکە تووشبوون و گۆڕانەکانی عەشقە. سەرەتا دەمویست رۆمانێک بنووسم بە ناوی گراو (Beloved) لە سێ بەشدا. کە بەشی یەکەمم تەواو کرد ئەوەندە دوور و درێژ بوو وەک کتێبێکی جیاواز چاپمان کرد. بە تەواوەتی خەم دایگرتبووم. لە بەر ئەوەی بەم شێوەیە ئەو ناوەی کە (دلخواز)ی من بوو لە دەستم چبوو. کە وایە دەبوایە بە دوای دوو ناویتردا گەڕابام. لە “بیلفێڵد”….
شپیگل: … لە زمانی ئاڵمانیدا بە ناوی Menschenkind چاپ کرا
مۆریسیۆن: من لەو رۆمانەدا دەربارەی ئاڵۆزییەکانی عەشقی نێوان دایک و باوکەکان لە گەڵ مناڵەکانیان نووسیومە. عەشقی نێوان ژن و پیاو تێمی سەرەکی رۆمانی (جاز) بوو. من وێنەیەک لە کارەکانی جەیمێز ڤان دێر زی (James Van Der Zee ) م لە ساڵەکانی دەیەی ١٩٢٠ بینیبوو کە کچێکی گەنجی لە هارڵیم (Harlem) نیشان ئەدا کە بە هۆی رووداوێکی سەیر و سەمەرەوە کوژرابوو. هەر لەو کاتەدا کە کچە گەنجەکە لە سەرە مەرگدا بوو، بێدەن بوو لەوەی کە بە فیشەک پێکرابوو. لەبەر ئەوەی بکوژەکە خۆشەویستەکەی بوو، ئەو دەیویست بەم شێوەیە دەرفەتی هەڵهاتن بدات بە خۆشەویستەکەی. ئەو کاتە بیرم لەوە کردەوە تەنها کچێکی زۆر بێ ئەزموون، رۆمانتیک بەم شێوەیە بە پێشوازی مەرگەوە دەچێت- بیرۆکەی نووسینی رۆمانی جاز هەر لێرەوە هات.
شپیگل: بەڵام ئەو عەشقەی کە لە رق و قیندا نوقم بووە لە رۆمانی “بەهەشت”دا زۆر هەست پێکراو نییە.
مۆریسیۆن: بۆچی نە، تێم و بابەت لەوێدا عەشقی ئایینیە- عاشقبوونی شتێک کە گەورەترە لە کەس و تاک، ئەوەی کە ئەم عەشقە دەکرێت بگۆڕدرێت بۆ شتێکی شەیتانی، وەک چۆن لە کۆتاییدا زاهیدترین کەسیان دەگۆڕدرێت و دەبێت بەو شتانەی کە خۆی سەردەمانێک لە لایەن ئەوانەوە زوڵمی لێدەکرا و ئازاری دەبینی.
شپیگل: زۆر جار ئایینداری بابەت و تێمی بەرهەمەکانی تۆیە. تۆ خۆت بڕوات بە خودا هەیە؟
مۆریسیۆن: پێم سەیرە ئەم پرسیارە دەپرسیت. خوێنەرە ئایینی و باوەڕدارەکان زۆرجار رەخنەم لێدەگرن کە لە رۆمانەکانمدا ئایین رەنگدانەوەی زۆر کەمە و شوێنگەی ئایین لە رۆمانەکانمدا کەمە. سەرەنجام دەبێت ئەوە بزانم کە دەوترێت رەشپێستەکان کەسانی باوەڕداریان زۆرە. ئایین دەورێکی بەرچاوی هەبووە لە ژیانی بنەماڵەم و سەرجەم ئەو کەسانەی دەیانناسم. بە ئەستەم دەتوانم بیر لەوە بکەمەوە کەسێک گەورە بووبێت بێ ئەوەی ئینجیلی ناسیبێت. وەها کەسێک چۆن دەتوانێت لە هونەر و کەلتوور بگات؟ سەرەنجام ئەوەیە نەریتە مەسیحیەکان بەشێکی گەورەن لە کەلتووری ئێمە. لە بەشێکی زۆر لە رۆمانە ئەفریقایی-ئەمریکاییدا ئەمە بە کەم و کوڕی دەزانرێت ، ئەگەر باوەڕێک لەوێدا دەرنەکەون یان لانیکەم دەربارەی پرسەکانی ئەو دونیا، نەمر بوون و ئامۆژە ئەخلاقییەکان قسە نەکرێت.
شپیگل: تۆ ئەمڕۆکەش وەها بیر دەکەیتەوە؟
مۆریسۆن: ناتوانم لەم بارەوە قسەت لەگەڵ بکەم و وەڵامی بدەمەوە.
شپیگل: دەڵێن تۆ کەسێکی خورافیت.
مۆریسۆن: لەم بارەشەوە دژوارە بۆم بۆت بدوێم و قسەت بۆ بکەم. کێشە ئەوەیە جیاوازی هەیە لە نێوان خورافی بوون و باوڕەدار بووندا. سەرجەم باوەڕە ئایینییەکان لە سەر بنەمای شتێک راوەستاوە کە لە باری زانستییەوە ناسەلمێندرێت. من کاتۆلیکم و تۆ رەنگە لە سەر ئەو باوەڕە بیت کە لە کەنیسەی کاتۆلیکدا هیچ شتێکی خۆرافی بوونی نییە، یان نە؟ بەڵام بەهەر حاڵ کۆمەڵیک خورافە بوونیان هەیە کە یارمەتی مرۆڤەکان دەدەن بە سەر کێشە و دژوارییەکانی ژیاندا زاڵ بن.
شپیگل: پێشتر باست لەوە کردوە کە رۆمان، مووزیکی وەک گرینگترین شێوەی دەربرڕینی کەلتوور لای رەش پێستەکان خستۆتە لاوە. ئێستاش هەر وا بیر دەکەیتەوە؟
مۆریسۆن: ئەو دەم من گەش بین بووم. هەرچەند تا ئێستەش لەسەر ئەو باوەڕەم، رەنگە بە تەواوەتی لە هەڵەدا بم- لە بەر ئەوەی لەم ناوەدا مۆسیقای راپ (Rap) هاتۆتە مەیدان. سەردەمانێک بوو ئەفریقایی ئەمریکاییەکان لە مۆسیقاکەیان هەم هێزی ئەخلاقی و هەم جوانیناسیان هەڵدەهێنجان. جاز دەربڕی بەرگری کردنیان، تووڕەیی و چێژ وەرگرتنیشیان بوو. بەڵام دواتر ئەو شتە بۆ جاز هاتە پێش کە هەموو دەم بۆ هونەری گەورە دێتە پێش- جاز بوو بە مڵکی هەموو دونیا. ئێستە کەسانێکی ژاپۆنی هەن کە زۆر سەرسووڕهێنەرانە جاز دەچڕن و دەخوێنن.
شپیگڵ: چ شتێکی خراپ لەمەدا هەیە؟
مۆریسۆن: هیچ شتێک. بەڵام ئیتر ئەمە بەو مانایە کە ئیتر جاز مڵکی ئێمە نییە و هی ئێمە نییە. ئەمە بۆشاییەک دروست دەکات: ئیتر فۆڕمێکی جوانی ناسی بوونی نییە کە تەنها دەیتوانی لە کەلتووری رەشەوە سەر دەربێنێ و بە ئاشکرا وەک کەلتووری رەش بناسرێتەوە. من ئەو هیوایەم هەبوو کە رۆمان بتوانێت ئەو بۆشاییە پڕ بکاتەوە.
شپێگل: بەڵام ئایا رۆمان بە تەواوەتی فۆڕمێکی دیار و بەرچاوی رۆژئاوایی نییە؟
مۆریسیۆن: من وا بیر ناکەمەوە. حیکایەتەکان لە زۆربەی زۆری کەلتوورەکاندا بوونیان هەیە، ئەوان ئەوە نییە تەنها وەک رۆمان بڵاو کرابێتنەوە. ئەوەی لە رۆمانەکانی نووسەرانی ساڵەکانی دەیەی ١٩٢٠ و ١٩٣٠دا زۆر ئازار دەدام ئەوە بوو کە ئەوان سپی پێستەکانیان وە خوێنەری خۆیان هەڵبژاردبوو و روو بە ئەوان دەیاننووسی. لەو رووەوە بەوە دەگەیت کە ئەوان بە وردی باسی هەندێ شتیان دەکرد و شیان دەکردنەوە کە بۆ خوێنەری رەش پێست ئەو شیکردنەوەیە پێویست نەوو. ئەو کاتەی من ئەو رۆمانانەم دەخوێندەوە هەستم دەکرد، من بەردەنگ و خوێنەری ئەوان نیم. ئەمەشیان بۆ ئەوە بوو لای دونیای سپییەکان وەربگیردرێن. من وام بیردەکردەوە نووسەرەکانیتر وەها ناکەن. رۆماننووسێکی چێکی بەرهەمەکانی وەها دادەڕێژێت کە لە زمانی سامۆوا (Samoa)دا لێی تێبگەن. وەک نووسەرێک- یان لە راستییدا وەک هونەرمەندێک- مرۆڤ لە بەستێنی کەلتوورێکدا دەنووسێت کە سەر بەو کەلتوورەیە و بۆ ئەو کەلتوورە کار دەکات. هەر بۆیە ئەم پرسیارە زۆر بەلامەوە گرینگ بوو: ئایا شتێک هەیە کە پێی بوترێت ئەدەبی رەش پێستەکان؟ ئایا جۆرێک لە نووسین هەیە ئەوەندە رەش بێت وەک چۆن جاز رەش بوو؟
شپیگڵ: ئایا وەڵامێکت دەستکەوت؟
مۆریسۆن: نە. بەڵام لەم گەڕانەمدا زمان و دەنگی تایبەتی خۆمم دۆزیەوەو پانتایەکی فەراوانی لە بەردەممدا کردەوە. تەنها بیر لە زمان بکەرەوە: زمان چەندین توێی هەیە و هەڵگری چەندین جۆری یاری (Spielarten)ە. زمانی کۆڵان، زمانی ئینجیل و ئامۆژگاری، زمانی پێوەری ئینگلیزی، زمانی شیعر، من دەتوانم هەموو ئەم زمانانە تێکەڵ یەکتر بکەم و یاریان پێ بکەم، لەبەر ئەوەی رەشەکان بەڕاستی هەر ئەم کارە دەکەن لە ژیانی رۆژانەی خۆیاندا. ئەوان زمانەکان تێکەڵی یەکتر دەکەن و لەو شتەی کە ئاشنایە بۆیان شتێکی نوێ دروست دەکەن.
شپیگڵ: دەربارەی نووسەری ئەفریقایی-ئەمریکایی چی دەڵێیت کە تەنها بە زمانی پێوەر- ئینگلیزی دەنووسێت: بەلای تۆوە ئەم نووسەرە وەک نووسەرێکی “رەش” دەناسرێت؟
مۆریسۆن: بەدڵنیاییەوە. هەر کەس دەتوانێت بەهەر شێوەیەک کە پێی خۆشە بنووسێت. ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ئەو پێوەرەی لە بواری مۆسیقادا باسمان کرد: ئەوەی کە جۆن کۆڵتران (Jon Coltrane) بوونی بووە بەو مانایە نییە کە دیزی گیلێسپی (Dizzy Gillespie) بوونی نەبووە. شێوەیەکی ئایدیال بوونی نییە کە بکرێت بە پێوەر.
شپیگڵ: تۆ وەک دەنگی ئەمریکای رەش پێستەکان دەناسرێیت. ئەم شتە جار جار ئازارت دەدات؟
مۆریسۆن: بەڵێ، لە بەر ئەوەیە ئەمە بەو مانایە من هەموو کات بە شتێکەوە دەناسرێمەوەو نیشانەو هێمایەکم لەگەڵە. لە راستییدا رەگەزی من لە شپێگل و لە هەموو شوێنێکیتر ون دەکرێت. بەڵام ئەم شتە بە خواستی منە و دڵخوای منە یان ؟
شپێگڵ: چەند ساڵ لەوە پێش جەختت لە سەر ئەوە دەکردەوە وەک نووسەرێکی رەشی ئەمریکایی بناسرێیت.
مۆریسۆن: ئەوە دۆخێکیتر بوو. من ئەو دەمە وەک شانازی بە سپی باسیان دەکردم. خەڵک پێیان دەوتم: تۆ زۆر باش دەنووسیت، کە وایە ئێمە نازناوی بچووکی “رەش” پێش ناوەکەی تۆ بەکار ناهێنین. وەها دەردەکەوت ئەم شتە وەک پلە بەرزکردنەوەیەک وا بێت. من دەبوایە بەرگریم لە خۆم کردبا.
شپێگل: ئەگەر ئەمڕۆکە تۆ تەنها بە شێوەیەکی سادە و تەنها وەک نووسەرێک بناسرێیت، ئایا تۆ ئەم شتە (وەرگرتنی خەلکی نۆبڵ) وەک “بەرزبوونەوەی پلە” هەڵناسەنگێنی؟
مۆریسۆن: نە، ئێستا ئیتر نە. تەنانەت لە سەرەتای سەرکەوتنەکانیشمدا وام پێ باش بوو تەنها وەک نووسەرێک بناسرێم و ناوم ببرێت. بەڵام کەس ئەو ئیزنەی پێ نەدام وەها بناسرێم. من دەبوایە بە پێی چاوەڕوانی و پلەیەک کە ئەوانیتر پێیان دابووم، هەڵسووکەوتم کردبا و هەوڵم دابایە. دەکرێت بڵێم ٢٠ ساڵ وەک ئێدیتۆری بڵاوکەرەوەکان کارم کردووە، نەمدەتوانی دوو بەرهەمی نووسەرە رەشپێشتەکانی ئەمریکا هاوکات بڵاو بکەمەوە، لەبەر ئەوەی ئەوانە ئیتر وەک بەرهەمی جیاواز نەدەخوێنرانەوەو لێکدانەوەیان بۆ نەدەکرا. جارێکیان کۆمەڵە چیرۆکێک، کۆمەڵە شیعرێک و ئۆتۆبایۆگرافییەکی ئانجێلا داڤیس (Angela Davis)م پێکەوە بڵاو کردەوە، ئەم سێ ناوە هەموو کات پێکەوە خوێندنەوەیان بۆ دەکرا، هەرچەند ئەوانە هیچ خاڵێکی هاوبەشیان لەگەڵ یەک نەبوو ، جگە لەو راستیییەی کە نووسەرەکانیان رەش پێست بوون. هەر بۆیە بڕیارمدا تەنها یەک کتێب لە نووسەرێکی رەشپێست لە وەرزێکدا بلاو بکەمەوە. وەک ئەوەی ئێستا بۆ گێڕایەتەوە، سەرجەم کارەکانم بە تەواوەتی هاندەرێکی سیاسی بووەو هەیەتی. بەلامەوە گریةگ بوو چاودێری بکەم، هەروەها ئەوەشم بەلاوە گرینگ بوو کە لای خەڵکی ئاسایی چۆن باس دەکرێم و بە چی ناوم دەبەن.
شپیگل: تۆ ئێستا هەموو کەس وا لێ دەکەیت بکەوێتە دۆخێکەوە کە دۆخێکی ناچارییە بۆی: هەر کەس تۆ وەک نووسەرێکی رەش پێست دەناسێت، ئەو کات تۆ دەخاتە چوارچێوەی قەفەسێکەوە، ئەو کەسەی کە وەها ناکات ( تۆ وەک نووسەرێکی رەش پێست ناناسێت و ناوت نابات) ئەو کات دەتکات بە جێی شانازی سپی پێستەکان.
مۆریسۆن: کێشەکە دروست ئەو شتەیە کە لە کۆمەڵگایەکی راسیستی دا بوونی هەیە. بەڵام من ناتوانم ئەو هێزە بە کەسانیتر بدەم کە بە دڵی خۆیان پێناسەم بکەن. من ویستم یاسایەکی دیاریکراو بگۆڕم. جەختم لەسەر ئەوە کردەوە کە وەک نووسەرێکی رەش پێست بناسرێم.
شپیگل: سەرجەم بەرهەمەکانت وەسفی دونیایەک دەکات کە لە لایەن رەگەزەوە دیاری دەکرێت. تۆ دەتوانێت کۆمەڵگایەک وێنا بکەیت کە رەنگی پێست هیچ دەور و نەخشێکی نەبێت؟
مۆریسۆن: من هەوڵی خۆم دەدەم، بەڵام دژوارە بۆم. لە ژیانی رۆژانەمدا هەوڵ دەدەم وەها بژیم کەسانیتر بە پێی رەگەزەکەیان هەڵنەسەنگێنم .
شپیگل: ئەم شتە لەگەڵ ئەم وتەیەی ئێوە ناکۆکە، کە وتووتە ٦٠ لەسەدی بوونی خۆی لە سپییەکان دەشاریتەوە.
مۆریسۆن: من بەشێک لە کەسایەتی خۆم دەشارمەوە، لەبەر ئەوەی ئەم بەشە بەردەوام لە ژێر چاودێریدایە. ئەو (مۆریسۆن) چەنە سەیر و سەمەرەیە؟ چەنی رەفتار و کردارەکانی رەش پێستانەیە؟ من لەبەر ئەمە لە هەڵسووکەوت و رەفتارم لەگەڵ سپی پێستەکان بەپارێزم و بەگومانم، تا ئەو کاتەی بکەومە دۆخێکەوە کە لەو دۆخەدا ئیتر پێوسیت بەوە نەکات وەها هەستێکم ببێت.
شپیگل: تا ئێستە وەها دۆخێکت ئەزموون کردوەو پێیدا تێپەڕیوە؟
مۆریسۆن: بەهەرحاڵ من کۆمەڵێک هاوڕێی دێرینم هەیە کە تەنها وەک کەسێک من دەبینن. بەڵام کە ئینسان تەمەنی ئەچێتە سەرووی ٦٠ ساڵییەوە، دەرفەتی زۆرت لەبەردەستە بۆ ئەوەی هەموو ئەو شتانە ببینیت کە وات لێ دەکەن دڵ سارد بیت بەرامبەر سپی پێستەکان و بە پارێزەوە نزیکیان کەویتەوە.دواتریش هەموو دەم وتووێژی لەم چەشنەی ئێستا دێتە پێش.
شپیگل: قسەکردن دەربارەی کارەکانی تۆ دژوارە نەک دەربارەی رەگەز.
مۆریسۆن: بۆچی راست بۆ من و کارەکانی من دژوارە؟ ئەی بۆچی بۆ جۆیس وەها نییە؟
شپیگل” لەبەر ئەوەی تۆ رێک بە پێچەوانەی جۆیسەوە، رامانەکانت بە دەوری ئەم پرسیارەدا دەخولێتەوە.
مۆریسۆن: ئەمە تێڕوانین و روانگەیەکی دروست نییە. جۆیس بەردەوام دەربارەی رەگەز دەنووسێت، بەڵام هیچ کەس لەو بارەوە هیچ ناڵێت. وتووێژ و گفتوگۆی ئێمە بە ئاشکرا دەرخەری ئەم دۆخە دژوارەیە کە راسیسم لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا بوونی هەیە. راسیسم ئیزن نادات کەس شتێکی نوێ فێر بێت و بیر بکاتەوە. هەربۆیە من ئەمە وەک رزگاربوونی بەهادار چاو لێ دەکەم و بە وێنای دەکێشم، ئەمجارە سەرەنجام توانیومە بیخەمە لاوە. نووسەرە گەنجە رەشپێستەکان بەسەر ئەم شتەدا زاڵ بوون. ئەوان ئیتر وەک من وڕ و کاس نین. ئەوان ئازادترن. ئەمە خاڵێکی پۆزەتیڤ و باشی بەرەی دواترە.
شپیگل: ئاخۆ خەڵات نۆبل شوێنگە (Status )ی تۆی گۆڕی؟
مۆریسۆن: نازانم. بەڵام ئەمە بۆ من شتێکی خۆش بوو.
شپیگل: تەنها خۆش بوو؟
مۆریسۆن: دەی ، بۆ هەموو ئەمریکا خۆش بوو. لە مێژ بوو خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیات نەدرابوو بە کەسێک کە بەڕاست لە دایکبووی ئەمریکا بێت. هەندێ کەس تووشی شۆک بوون و باوەڕیان نەدەکرد و دەیانپرسی: چی روویداوە؟ بەڵام زۆر کەس بەڕاستی خۆشحاڵ بوون.
شپیگل: ئەی خۆت؟
مۆریسۆن: من خۆم بۆ یەکەم جار، هەستم کرد کەسێکی ئەمریکاییم. من هەستم بە خۆم کرد وەک ژنێک و وەک کەسێک کە لەدایکبووی ئۆهایۆ (Ohio) یە، وەک رەشپێستێک. کۆمەڵێک هەستی جیاواز لەمندا دروست بوو. دوای ئەوە بۆم دەرکەوت بەردەوام بە ئاواتی ئەوەوە بووم کە ژنێکی رەش پێست ببێت بە براوی نۆبڵ. ئێستا کە من ببووم بە بە براوەی خەڵاتی نۆبڵ، بەڕاستی نەمدەتوانی بڕوا بکەم ئەوە منم ئەو رەش پێستە. نەمدەتوانی کەسێک بدۆزمەوە باشتر و شایستەتر بێت بۆ خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیات. کتێبەکان زۆر باشن. بەڵام ئەمە جۆری بیرکردنەوەی خۆم بوو. ئەوەی زیاتر بوو بە هۆی ئەوەی جەڵاتی نۆبڵ وەک خەڵاتێکی بەهادار دەرکەوێت، ئەم راستییە بوو کە بەم شێوەیە پانتای ئەو ئەدەبەی کە بە شێوەی فەرمی رێزی لێ دەگیردرا بەرفراوانتر بۆوە. ئەم دوو خاڵە بوو بە هۆی ئەوەی لە ستۆکهۆڵم گەورەترین چێژی ژیانم وەربگرم. بەلای خۆمەوە بیرم دەکردەوە: وەها شتێک ئیتر هیچکات روو نادات. هەربۆیە لەگەڵ بنەماڵە و هاوڕێکانم چووم بۆ ئەوێ، هەموومان ئەم هەلەمان قۆستەوەو بەوپەڕی شادی و خۆشییەوە ئەو ماوەمان تێپەڕاند.
شپیگل: خەڵاتی نۆبڵ بووە بە هۆی ئەوەی بەهێزتر بیت؟
مۆریسۆن: من بە دڵنیاییەوە هەر ئەوەندە دوژمنم هەیە کە پێشتر بووم. بەڵام بۆ کۆمەڵێک رێ و رەسمی زیاتر بانگهێشت دەکرێم، تا رادەیەکیش قسەم لێ وەردەگرن و ئۆتۆریتەم هەیە. بەڵام زۆر بە وردی گرینگی بەوە دەدەم کە چۆن ئەم ئۆتۆریتەی خۆم بەکار ببەم، بۆ نموونە تا ڕادەیەک بۆ یارمەتی دانی نووسەرانی گەنج، یان هەندێجار بۆ ئامانجی سیاسی. بەڵام بەهەرحاڵ کەس بەلایەوە گرینگ نییە کە من لە باری سیاسییەوە چۆن بیر دەکەمەوەو روانگەی سیاسیم چییە؟
شپێگل: ئەمە راست نییە. ئەو کاتەی تۆ لە کێشەی لۆوینسکی (Lewinsky-Affäre) لە وتووێژ لەگەڵ بلاوکراوەی “نیۆ یۆرکێر” (New Yorker) باست لەوە کرد کە لە لایەن راگەیاندنە گشتییەکانەوە وەک رەش پێستێک لەگەڵ کلینتۆن رەفتار دەکرێت، ئەم وتانەی تۆ هەڵای لێ کەوتەوە.
مۆریسۆن: بەڵام وتەیە دەربارەی ئەو پەیوەندییە، قسەی من نەبوو. هۆنەرمەندی کۆمیدیا کریس رۆک (Chris Rock) دەستبەجێ ئەم وتەیەی بڵاو کردەوە و کە من بیستم بەلامەوە راست بوو . کلینتۆن لە ئەیالاتێکی باشوورەوە هاتبوو، ئەو نەپارەی هەبوو، نە سەرمایە، ئەو نەوەێکی نوێ لە بنەماڵەیەکی ئەریستۆکراتی کۆن نەبوو، بەڵکوو رێدنیک (Redneck)[1] لە مێژووەکەیدا رەفتاری چینایەتی زۆر بینراوە. کلینتۆن نوێنەرایەتی هەموو ئەو شتانە دەکات کە چینێکی دیاریکراو لە ئەمریکا زۆر لێی دەترسن. تەنها شتێک کە ئەوان زیاتر لەو چینە لێی دەترسن رەش پێستەکانن- هەربۆیە ئەوان وەک رەش پێستێک هەڵسووکەوتیان لەگەڵ کلینتۆن کرد.
شپیگل: جۆرە بیرکردنەوەو تێڕوانینێکی سەیرە، بەڵام تۆ بەڵگەیەکت هەیە بۆ ئەوەی بیسەلمێنی؟
مۆریسۆن: مرۆڤ تەنها دەبێت یەکجار سەرنج بدات بە زمانی سووکایەتی و ئەو زمانەی بەو پەڕی حەز و ویستەوە بەرامبەر بە کلینتۆن بەکار دەبرا. ماوەیەک پێش دەستپێکردنی قۆناغی سەرەتایی پاڵێوراو بوونی بۆ سەرۆک کۆماری، رەقیبەکانی دەستیان کرد بە قسەی هەڵیت و پڵیت و بێ بنەما دەربارەی خوار ناوکییەوە. پارێزکارەکان نازناوی “Willie Slick ” یان بۆ بەکار برد. ئەمەش خۆی توانجێکی گەورەی سێکسی بوو. ئەوان کلینتۆنیان سێکسوالیزە کردەوە، ئەو شتەی کە پێشتر تەنها بۆ رەش پێستەکان بەکار برابوو. دواتر ئەو کاتەی کە چیرۆکی پۆلا-جۆنس بڵاو کرایەوە، بڵاوکرایەوە، کە لەو وتارانەدا بە وردی باس لە درێژبوون، گەورەبوون و تەنانەت ئاستی حەزی سێکسی ئەویان دکرد. تۆ ئەتوانیت بیر لەوە بکەیتەوەو ناوی وڵاتێکیتر ببەیت کە ژمارەیەکی زۆر وتاری جیددی لەم بارەوە بنووسرێت؟ سەرم سووڕ ما و گێژ و وڕ بووم. قسەکردن لە سەر لایەنی سێکسی کلینتۆن ئەوەندە توند بوو کە ویست و حەزی هێمۆسێکسواڵیتەبوونی تێکەڵبوو، بە زمانێکی سادە بڵێم زمانم لە گۆچوو، هیچم بۆ نەدەوترا.
شپێگل: دوای ساڵێکیتر سەردەمی کلینتۆن تەواو دەبێت. تۆ لەوە دەترسیت کە کۆنسێرڤاتەکان بەدەسەڵت بگەن؟
مۆریسۆن: بەڵی. لەبەر ئەوەی کۆماریخوازەکان کە ئەمڕۆ پاڵێۆراوی خۆیان رادەگەیەنن، پێویستیان بە پشتیوانی راستگەرا توندڕەواکان هەیە. پێشتر کۆماریخوازەکان بە سادەترین شێوە ئەو کەسانەبوون کە تەنها نەیاندەویست باج بدەن، بەڵام ئەمڕۆکە هێزێکی گەورەی فۆندەمێنتاڵیزمی ئایینیان تێدا دەبیندرێت کە بیرجیاوازان و ئەوانەی دەیانهەوێت بە جیاوازی بژین دەخەنە لاوە. ئەمە مەترسیدارە. من لێی دەترسم.
شپێگل: زۆر سپاس خانمی پرۆفیسۆر مۆریسیۆن ، سپاست دەکەین بۆ ئەم وتووێژە.
[1] – Redneck چینێکی کرێکاری سپی پێستن لە باشووری ئەمریکا