وتووێژ

دڵ، رۆح و دیمۆكراسی رادیكاڵ

وتووێژ لەگەڵ لاک لائۆ و شانتاڵ مووفە

و: مستە‌فا زاهیدی‌

ئێستا جە‌نگی‌ سارد كۆتایی هاتووە‌ و خە‌ڵك لە‌ دۆخێكدان ئاسانتر و روونتر دە‌توانن دە‌ربارە‌ی‌ ئە‌و دە‌ورە‌ی‌ ماركسیسم دە‌توانێ‌ لە‌ سیاسە‌ترێژی‌ رادیكاڵدا هەیبێ رابمێنن و قسە‌ بكە‌ن. بۆ وێنە‌ دوو گۆڤاری فاینینشاڵ تایمز و سۆشیالیست ریجێستێر دە‌ستیان داوە‌تە‌ خوێندنە‌وە‌ی‌ دووبارە‌ی‌ ماركس. بە‌ رای‌ ئێوە‌ ئە‌و كە‌م و كوورییانە‌ی‌ ‌ بوون بە‌ هۆی‌ لاوازی‌ ماركسیسم چین و ئاخۆ ماركسیسم هێشتا كارامەیە؟

ئە‌رنێستۆ لاك لائۆ

یە‌كێك لە‌ كە‌م و كورتییە‌كانی‌ ماركسیسمی‌ نە‌ریتی‌ ئەم گومانە‌یە كە‌ خە‌باتی‌ چینایە‌تی‌ زاڵە‌ بە‌ سە‌ر داینەمۆ و بزۆزیی ژیانی‌ كۆمە‌ڵایەتییدا. ئە‌گە‌ر چاو لە‌ مێژووی‌ سۆسیالیزم بكە‌ین دە‌بینین بزووتنە‌وە‌ سیاسییە‌ رادیكاڵە‌كان بە‌ كردە‌وە‌ تە‌نها لە‌ پێوە‌ند لە‌گە‌ڵ خە‌باتە‌ جۆراوجۆرە‌كان، نە‌تە‌وە‌یی و دژە‌ ئێمپریالیستی‌، مافی شارۆمە‌ندی‌ و كۆمە‌ڵایە‌تی‌ شان بە‌ شانی‌ خە‌باتی‌ كرێكاری‌ هاتوونە‌تە‌ مە‌یدان. ئێمە‌ هە‌وڵمان ئە‌وە‌ بووە‌ تیۆرییە‌ك پێشكە‌ش بكە‌ین(كە‌ هێشتا پشت بە‌ستووە‌ بە‌ ماركسیسم)، ئەم تیۆرییەی كە بزووتنە‌وە‌ سیاسییە‌كان چۆن بە‌ربڵاو دە‌بنە‌وە‌و خە‌ڵك جۆش دە‌دە‌ن و لە‌ چ رێگایە‌كە‌وە‌ دە‌بن بە‌ هۆی‌ گۆران لە‌ كۆمە‌ڵگادا، بێ ئە‌وە‌ی‌ تووشی هە‌ڵسە‌نگاندنی‌ بە‌ پە‌لە‌ بین دە‌ربارە‌ی‌ وردەكاریییەكانی دۆخ و سروشتی بزووتنە‌وە‌ سیاسییە‌كان. ئە‌م كارە‌ دە‌بوایە‌ ئاسۆی‌ بینینی‌ ئێمەی‌ رادیكاڵ فە‌راوانتر بكات و رێگەی ئەوەمان بۆ بكاتەوە بە‌ربڵاوی‌ گۆرانە‌ سیاسییە‌ چاوە‌روان كراوە‌كان ببینین.

شانتاڵ مووفە:

لە‌ رابردوودا گە‌ڵاڵە‌و هە‌ڵهێنجانی‌ بە‌رچاوتە‌نگانە‌ لە‌ ستە‌م و بە‌رە‌نگاری‌ ببوو بە‌ هۆی‌ بە‌رتە‌سك بوونی‌ سیاسە‌تی‌ سۆسیالیستی‌. ئێمە‌ لە‌و رووە‌وە‌ هە‌وڵماندا تیۆرییە‌كە‌مان گە‌شە‌ پێ بدە‌ین كە‌ هە‌ستمان كرد ئایدیا نە‌ریتییە‌كانی‌ سۆسیالیستی‌ لە‌ تێگە‌یشتن و دە‌رك كردنی‌ ئە‌و شتە‌ی‌ كە‌ پێی دە‌وترێ‌ بزوووتنە‌ نوێیە‌ كۆمە‌ڵایە‌تییە‌كان دواكەوتوون، لە‌وانە‌ بزووتنە‌وە‌ی‌ فێمنیستی‌، بزووتنە‌وە‌ی‌ دژە‌ ئاپارتاید و بزووتنە‌وە‌ی‌ پاراستنی‌ ژینگە‌. بزووتنە‌وە‌ی‌ سۆسیالیستی‌ هە‌وڵی داوە‌ ئە‌م بزووتنە‌وانە‌ لە‌ سە‌رچە‌شنی‌ خە‌باتی‌ چینایە‌تیدا بتوێنێتە‌وە‌، لە باتی ئە‌وە‌ی‌ رێز بگرێ‌ لە‌م جۆرە‌ تە‌واو جیاوازانە‌ی‌ بە‌رە‌نگاری‌ كە‌ بە‌رهە‌می‌ ستە‌مە‌ جیاوازە‌كانن. ئێمە‌ ئە‌و بۆچوونە‌ ماركسیستییە‌مان بە‌لاوە‌ پە‌سە‌ندە‌ كە‌ لای‌ وایە‌ ناكۆكی‌ هۆكاری‌ جووڵە‌ی‌ كۆمە‌ڵگایە‌. بە‌ڵام لە‌ هە‌مانكاتدا لامان وابوو ماركسیزمی‌ نە‌ریتی‌ بە‌ رادە‌یە‌ك كراوە‌ نییە‌ كە‌ بتوانێ‌ ئە‌م جۆرە‌ جیاوازانە‌ی‌ خە‌بات لە‌ خۆیدا بگونجێنێ. هە‌ندێ‌ جۆری‌ ناكۆكی‌ هە‌ن كە‌ ناكرێ‌ بە‌ تە‌واوە‌تی‌ بڵێین بە‌رهە‌می‌ سیستە‌می‌ سە‌رمایە‌دارین و لە‌م چوارچێوە‌دا لێیان بگە‌ین. بۆ وێنە‌ ئە‌و كاتە‌ی‌ فێمنیستە‌ سۆسیالیستە‌كان باس لە‌وە‌ دە‌كە‌ن ناكرێ‌ هە‌ڵاواردنی‌ جنسی‌ تە‌نها بە‌ بە‌رئە‌نجامی بۆرژوازی‌ بزانین و پرسە‌كە‌ دابە‌زێنین بۆ ئە‌م ئاستە‌. بۆرژوازی‌ سە‌رچاوە‌ی‌ هە‌ڵاواردنی‌ جنسی‌ نییە‌. ناكرێ‌ بە‌ گۆران و تە‌نانە‌ت بە نە‌هێشتنی‌ سیستە‌می‌ سە‌رمایە‌داری‌ كۆتایی بە‌ هە‌ڵاواردنی‌ جنسی‌ بێنین.

ئە‌رنێستۆ لاك لائۆ

وەكیتر بۆرژوازی‌ جگە‌ لە‌ چە‌وساندنە‌وە‌ی‌ زە‌حمە‌تكێشان، بووە‌ بە‌ هۆی‌ سە‌رهە‌ڵدانی‌ كۆمە‌ڵێك ناكۆكی‌ تر. بۆ وێنە‌ دە‌كرێ‌ خە‌ڵك جۆش بدە‌ین دژ بە‌ كارگە‌یە‌ك كە‌ بووە‌ بە‌ هۆی‌ پیس بوونی‌ هە‌وا. ئە‌مە‌ خە‌باتێكی‌ دژە‌ بۆرژوازییە‌، چونكە‌ سیستە‌می‌ سە‌رمایە‌داری‌ ئە‌م كارگە‌یە‌ی‌ سازكردوە‌ كە‌ بووە‌ بە‌ هۆی‌ پیس بوونی‌ هە‌وا. بە‌ڵام لە‌ هە‌مانكاتدا، كرێكارانی‌ ئە‌م كارگە‌یە‌ بە‌شداری‌ لە‌م خە‌باتە‌دا ناكەن، ئە‌وان لە‌ تە‌نیشت خاوە‌نكارە‌كانینا دژ بە‌ خە‌ڵكی‌ مۆبیلیزە‌ كراو دە‌وە‌ستنە‌وە‌ بۆ ئە‌وە‌ی‌ شوێنی‌ كارە‌كە‌یان بپارێزن.
ئە‌م راستییە‌ چ ئە‌نجامێكی‌ دە‌بێت بۆ ستراتیژی‌ سیاسی؟

ئە‌رنێستۆ لاك لائۆ: فرەجۆری شێوەكانی‌ ستە‌م لە‌م رە‌وتەدا كە‌ دە‌بێتە ‌ هۆی‌ جۆشدان و مۆبیلزە‌ بوونی‌ خە‌ڵك ، نەرم دەبێتەوە. شوناس و خە‌باتی‌ هە‌ركام لە‌م هێزانە‌ بە گۆڕانی جۆری پێوە‌ندییە‌كە‌ی‌ لە‌گە‌ڵ هێزە‌كانی‌ تر دە‌گۆرێ. ئانتۆنیۆ گرامشی دە‌ستی‌ داوە‌تە‌ تیۆریزە‌ كردنی‌ ئە‌م رە‌وتە‌. گرامشی لە‌ سە‌ر ئە‌و باوە‌رە‌یە‌ كە سڕی سە‌ركە‌وتنی‌ حیزبی كۆمۆنیستی‌ ئیتالیا لە‌وە‌دایە‌ پێوە‌ندی لە‌ نێوان بزووتنە‌وە‌ی‌ كرێكاری‌ و بزووتنە‌وە‌ دیمۆكراتیكە‌كانی‌ تری‌ كۆمە‌ڵگا، بۆ وێنە‌ بزووتنە‌وە‌ی‌ پە‌رە‌سە‌ندنی‌ سە‌ندیكا فێركارییە‌كان و خە‌باتی‌ دژە‌ مافیاییدا ساز بكات. ئە‌م پێوە‌ندییە‌ یە‌كگرتنێكی‌ تاكتیكییە‌. ئە‌وان دە‌بایە‌ گە‌شە‌ی‌ زانیاری‌ سیاسیش لە‌ بە‌رچاو بگرن، واتە بە‌شدارانی‌ بزووتنە‌وە‌یە‌ك وشیار بن، بە‌دی‌ هاتنی‌ خواستە‌كانیان بە‌ بێ لە‌ بە‌رچاو گرتنی‌ خواستی‌ گرووپە‌كانی‌ تر شتێكی‌ نەكردەیە. ئەنجام ئە‌وە‌ی‌ كێ داوای «عە‌داڵە‌ت»بكات ‌ لە‌ گە‌ڵ كۆمۆنیسم هاوڕا دەبێت. بنچینەی گە‌ڵاڵە‌ی‌ هێژمۆنی‌ گرامشی ئیرادەی گیشییە.
شانتاڵ مووفە‌: ئێمە‌ پێوە‌ندی‌ نێوان خە‌باتە‌ جۆراوجۆرە‌كان لە‌ پێوە‌ندییە‌كی‌ هێژمۆنێكدا وە‌ك عەڵقەی هاونرخی زنجیرەێەك دە‌بینین. ئێمە‌ وشە‌ی‌ هاونەرخ بۆ ‌ ناسینینەوەی‌ سە‌رجە‌م جۆرە‌كانی‌ ستە‌م بە‌ كار دە‌هێنین. پێوە‌ندییە‌كی‌ هێژمۆنێك ناتوانێ‌ تە‌نها بە‌ یە‌ك بزووتنە‌وە‌ كە‌ هە‌موو خە‌باتە‌كانی‌ تری‌ لە‌ خۆیدا تواندۆتە‌وە‌ شێوەگیر ببێت. ئە‌م مە‌ترسییە‌ زۆر جار لە‌ مێژوودا رووی‌ داوە‌. حیزبی كرێكار لە‌ بە‌ریتانیا زۆر جار هە‌وڵی داوە‌ بزووتنە‌وە‌ی‌ ژنان لە‌ خۆیدا بتوێنێتە‌وە‌، بە‌ڵام ژنان بە‌ درووستی‌ جە‌خت لە‌ سە‌ر ئە‌م خاڵە‌ دە‌كە‌نە‌وە‌ داد نادات كە‌ ژنان ببن بە‌ بە‌شێك لە‌ خواستە‌كانی‌ بزووتنە‌وە‌ی‌ كرێكاری‌. تە‌نها ئە‌و كاتە‌ فێمنیسم دە‌توانێ‌ پێوە‌ندی‌ هە‌بێت لە‌گە‌ڵ حیزبی كرێكاری‌ بە‌ریتانیا، كە‌ حیزبی كرێكار بونیادە حیزبی و دامە‌زراوە‌ییە‌كە‌ی‌ بگۆرێ‌ و زمان و كولتوورێكی‌ تر هە‌ڵبژێرێ‌.

ئێوە‌ ئە‌م هێزانە‌ی‌ كە‌ دژ بە‌ هێژمۆنی‌ رادیكاڵ دە‌وە‌ستنە‌وە‌ چۆن هە‌ڵدە‌سە‌نگێنن؟

ئە‌رنێستۆ لاك لائۆ: ئێمە‌ جیاوازی‌ لە نێوان لۆژیكی‌ هاوسە‌نگی‌ (كە‌ لە‌ شێوەگیریی هێژمۆنیدا بە‌ كار دە‌برێ‌) و لۆژیكی‌ دژایەتییدا دەكەین. گوتار و دیسكۆرسی چارتیستە‌كان لە‌ بە‌رتیانیا گوتاری‌ هاوسە‌نگییە‌، چونكە‌ خواستە‌ جیاوازییە‌كانیان بە‌ هانرخ دەزانن، بۆ وێنە‌ ئازادی‌ ئابووری‌، ئازادی‌ راگە‌یاندن ، كۆماری‌ خوازی‌ و جۆرە‌كانی‌ تری‌ خە‌بات هە‌مووان پاژێك بوون لە‌ گشتێك كە‌ شوناسی گشتییان پێك دە‌هێنا. رێگای‌ لاوازكردنی‌ هێژمۆنی ئە‌وە‌یە‌ دژ بە‌ هێژمۆنی‌ بوە‌ستیتە‌وە‌، واتە‌ جیاوازی‌ دانێی لە‌ نێوانی‌ هە‌ركام لەم خە‌باتانە‌دا. دیسرائێلی*ئە‌م كارە‌ی‌ لە‌ رێگای‌ ئایدیای‌ «نەتەوەیەكە»وە‌ كرد. دیسرائێلی بە‌ تواندنە‌وە ‌و جیاوازی‌دانان لە‌ نێوان خواستەكاندادا بە‌و ئە‌نجامە‌ گە‌یشت. بۆ وێنە‌ خواستی‌ خانووی‌ بە‌ خواستێكی‌ رە‌سمی‌ و گونجاو زانی‌، ئە‌م خواستە‌ی‌ لە‌ كۆماری‌ خوازی‌ جیا كردە‌و لكاندی‌ بە‌ دە‌وڵە‌تە‌وە‌. دامە‌زراوە‌یە‌كی‌ دە‌وڵە‌تی‌ دە‌با كاری‌ ئە‌وە‌ بایە‌ بپە‌رژێتە‌ سە‌ر پرسی خانوو وئاپۆرەی خە‌ڵك دە‌بێ لە‌وە‌ بگە‌ن ئە‌وان لە‌ سێبە‌ری‌ مە‌لە‌كە‌ ڤیكتۆریادا و بە‌ هۆی‌ خێر و بە‌رە‌كە‌تی‌ ئە‌وە‌وە‌ بوون بە‌ خاوە‌ن خانوو نە‌ك بە‌ دیهاتنی‌ ماف و خواستێكی‌ دیمۆكراتیك كە‌ بە‌ ماف و خواستە‌كانی‌ ترە‌وە گرێدراوە‌. لە‌ سە‌دە‌ی‌ بیستە‌مدا دە‌وڵە‌تی‌ خۆشگوزەرانی بە‌ جیاكردنە‌وە‌ی‌ بیمە‌ی‌ كۆمە‌ڵایە‌تی‌، خانە‌نشینی‌، فێركاری‌ و هتد، لەو هەوڵە رادێكاڵانەی كە بۆ گۆڕان لە بونیادی دەوڵەت و ئابووریدا دەدران، ئەم رەوەتەی پەرەدا

ئێوە‌ ئە‌گە‌ر خە‌باتی‌ چینایە‌تی‌ لە پێشدا دانانێن ، ئامانچی سیاسە‌تی‌ چە‌پ بە‌ چی دە‌زانن؟

شانتاڵ مووفە‌: ئێمە‌ پرۆژە‌ی‌ چە‌پ وەك رادیكاڵیزە‌ كردنی‌ دیمۆكراسی پێناسە‌ دە‌كە‌ین. ئە‌م بابە‌تە‌ دە‌توانێت هە‌موو خە‌باتێك دژ بە‌ پێوە‌ندی‌ دە‌سە‌ڵات بگرێتە‌وە‌، بە‌ڵام لە خە‌بات بۆ پاراستنی‌ شوێنی‌ كاردا ناوەستێ‌. لێرە‌دا دابرانێك هە‌یە‌ لە‌ ماركسیزم، چونكە‌ بنە‌مای‌ رێكخستنی‌ ئە‌م پرۆژە‌یە‌ لە‌ سە‌ر ئامانجە‌ دیمۆكراتیكە‌كانی‌ یە‌كسانی‌ و ئازادی‌ بۆ هە‌موان دارێژراوە‌، ئە‌و ئامانجخوازییەی كە‌ بە‌شێكە‌ لە‌ گوتاری‌ بە‌شێكی‌ زۆر لە‌ هێزە‌كانی‌ كۆمە‌ڵگای‌ بۆرژوازی‌ مۆدێرن. ئێمە‌ ئایدیای‌ دابرانی‌ رادیكاڵ لە‌ كۆمە‌ڵگای‌ پێشتر- ئایدیای‌ شۆرش- واز لێهێناوە. ئێمە‌ دە‌ستمان كردوە‌ بە‌وە‌ی‌ سیاسە‌تی‌ خۆمان وە‌ك رادیكاڵیزە‌ كردنی‌ ئە‌و ئایدیا و بە‌هایانە‌ی‌ لە‌ بە‌ردە‌ستدا بوون و لە‌ بۆرژوازی‌ لیبراڵدا بە‌ دی‌ نە‌هاتوون لێكبدەینەوە. من لام وایە‌ هیچ شتێ رادیكاڵتر لە‌ خواستی‌ ئازادی‌ و یە‌كسانی‌ بۆ هە‌مووان نییە‌. كێشە‌ لە‌وە‌دایە‌ ئە‌م خواستانە‌ لە‌و كۆمە‌ڵگایانە‌دا كە‌ بانگە‌شە‌ی‌ دە‌كە‌ن بە‌ دی‌ نە‌هاتووە‌. پرۆژە‌ی‌ چە‌پ لە‌ سە‌ریە‌تی‌ گوشار بخاتە‌ سە‌ر ئە‌م كۆمە‌ڵگایانە‌ كە ئەم ئایدیایانە بە دی بێنن.
ئە‌م سیاسە‌تە‌ی‌ چە‌پ ئە‌وە‌ندە‌ كراوە‌یە‌ كە‌ دە‌توانێ‌ هە‌رچە‌شنە‌ خە‌باتێك دژ بە‌ سیستە‌می‌ زاڵ ، نە‌ك تە‌نها ئە‌و خە‌باتە‌ی‌ كە‌ پێی دە‌ڵێین پێشە‌نگ و یە‌كسانی‌ خواز لە خۆ بگرێت. چۆن دە‌كرێ‌ بە‌ر بە‌ هێزە‌ پاشایە‌تی‌ خواز و فۆندەمێنتالیستەكا ئاینییەكان بۆ چوونە نێو ئەڵقەی نەمرەوەی بگرین ؟

شانتاڵ مووفە‌: كۆمە‌ڵێك هێز هە‌ن كە‌ هیچكات نایەنە نێو بازنەی دیمۆكراسی رادیكاڵەوە، چون‌ خۆیان لە گونجان لە گەڵ خواستەكانی دیكەدا دەپارێزن، بۆ وێنە‌ ناكرێ‌ كۆكلۆكسكلانە‌كان گرێ‌ بدە‌ینە‌وە‌ بە‌ بزووتنە‌وە‌ی‌ مافخوازی‌ رە‌ش پێستە‌كان. بە‌ هە‌ر حاڵ كۆمە‌ڵێك لە‌ خە‌باتە‌كان دژ بە‌ پرۆژە‌ی‌ دیمۆكراسی رادیكاڵن، بە‌و پێیە‌ی‌ لە‌ هە‌لومە‌رجی‌ دیاریكراودا چ بۆچوونێكیان هە‌یە‌.
خە‌بات بۆ هێژمۆنی‌، خە‌باتە‌ بۆ گۆرانی‌ وشیاری‌ هە‌ر كام لە‌ گرووپە‌كانی‌ كۆمە‌ڵگا و تێگەیاندیان لەوەی بە‌رژوە‌ندییە‌كانیان گرێدراوی بە بەرژوەندیی گرووپەكانی دیكەیە. بۆ وێنە‌ دە‌كرێ‌ خواستە‌كانی‌ چینی‌ مامناوە‌ند، گرێ‌ بدە‌ینە‌وە‌ بە‌ هێژمۆنی‌ دیمۆكراسی رادیكاڵە‌وە‌، ئە‌گە‌ر توانای‌ ئە‌وە‌مان هە‌بێت جۆرێك باسی لێبكە‌ین، خە‌ڵك بڵێین ئێمە‌ ئامادە‌ین باجی‌ زۆرتر بدە‌ین چونكە‌ بە‌لامانە‌وە‌ گرینگە‌ خوێندنگە‌ی‌ باشمان هە‌بێت، سیستە‌می‌ بیمە‌ی‌ كۆمە‌ڵایە‌تی‌ و دە‌رمانی‌ باشترمان هە‌بێت.

دە‌بێ ئە‌و گرووپانە‌ی‌ رادیكاڵ نین گرێ‌ بدە‌ینە‌وە‌ بە‌ بزووتنە‌وە‌ی‌ سۆسیالیستییە‌وە‌ بۆ ئە‌وە‌ی‌ بزووتنە‌وە‌یە‌كی‌ بە‌ربڵاوی‌ دژە‌ بۆرژوازی‌ شێوەگرتنی. چەندە زنجیرەی هاوسەنگی هەمەگیرتر بێت،‌ پرۆژە‌ی‌ دیمۆكراتیك رادیكاڵتر دە‌بێت. دە‌توانین وێنای‌ ئە‌وە‌ بكە‌ین یە‌كگرتێكی‌ ئاشكرای‌ پێشكە‌وتوو لە‌ بە‌ریتانیا دە‌توانێ‌ بە‌ شوێن چارە‌سە‌ركردنی‌ كێشە‌یە‌كە‌وە‌ بێت كە‌ بەدێهاتنەكەی دە‌بێ بە‌ هۆی‌ ستە‌م لە‌ وڵاتێكی‌ تر. بۆیەش گرینگە‌ خە‌بات هە‌ڵگری لایە‌نێكی‌ نێونە‌تە‌وە‌یی بێت بۆ ئە‌وە‌ی‌ بزووتنە‌وە‌ی ‌ وڵاتێك بە بزووتنەوەی وڵاتانی دیكەوە گرێبدات.
بە هەر شێوەیەك بێت كۆمە‌ڵێك لە‌مپە‌ری‌ بونیادی‌ دە‌كە‌وێتە‌ بە‌ردە‌م زنجیرە‌ی‌ هاوسەنگی، زنجیرە‌ی‌ هاوسەنگی پێویستی‌ بە‌ شتێكە‌ كە‌ ئێمە‌ پێی دە‌ڵێین سنووری‌ هە‌ستیار. هەر هێژمۆنێە‌ك بۆ ئە‌وە‌ی‌ رادیكاڵ بێت پێویستی‌ بە‌ دوژمنێك هە‌یە‌، ئە‌م دوژمنە‌ دە‌توانێ‌ بۆرژوازی‌ بێت، یان وێران كردنی‌ ژینگە‌، یان پێشێل كردنی‌ مافی مرۆڤ. ئەوەی لە سیاسەتی هەنووكەییدا هەیە و بۆتە هۆی نیگەرانیی من، ئایدیای یەككگرتنە. پرۆژە‌یە‌كی‌ رادیكاڵ ناتوانێ‌ هە‌ڵگری‌ هە‌موو تیۆرییە‌كان بێت. رێككە‌وتن لە نێوەی رێگەدا دە‌توانێ‌ هە‌موو شتێك گە‌رە‌نتی‌ بكات و هیچ شتێكیش گە‌رە‌نتی‌ نە‌كات.

كە‌ وایە‌ دیمۆكراسی جیاواز لە‌ رێككە‌وتن چۆن پێناسە‌ دە‌كە‌ن؟

شانتاڵ مووفە‌: من ‌ بیرۆكەی فرە‌چە‌شنی‌ بە پێی ناكۆكی بە كار دێنم، بۆ ئە‌وە‌ی‌ رێگایە‌كی‌ نوێ‌ بۆ لێكدانەوەی دیمۆكراسی بدۆزمەوە، ئە‌مە‌ ئە‌و شتە‌یە‌ كە‌ ناكۆكە‌ لە‌گە‌ڵ گە‌ڵاڵە‌ی‌ نە‌ریتی‌ لیبراڵی دیمۆكراسی وە‌ك كارلێكی نێوان بە‌رژوە‌ندییە‌كان، هە‌روە‌ها دژ بە‌ مۆدێلێكە‌ كە‌ كە‌سانێكی‌ وە‌ك هابرماس و راویڵز گە‌شە‌یان پێ داوە‌. هە‌رچە‌ن ئە‌وان جیاوازی‌ بۆچوونیان هە‌یە‌، بە‌ڵام لە‌ سە‌ر ئە‌م خاڵە‌ كۆكن كە‌ ئامانجی‌ كۆمە‌ڵگای‌ دیمۆكراتیك گە‌یشتن هاوڕاییە، ئە‌م هاوڕاییەش ئە‌و كاتە‌ بە‌دی‌ دێت تاكە‌كان بە‌رژوە‌ندییە‌ تایبە‌تە‌كانیان واز لێ بێنن و لە پێگە‌ی‌ مرۆڤی‌ عاقَلدا بیر بكە‌نە‌وە‌. كە مادام ئ ئێمە‌ خوازیاری‌ كۆتایی هاتن بە‌ جیاوازی‌ بۆچوونین، دە‌مانهە‌وێ‌ خە‌ڵك ئازادی‌ كردە‌یان هە‌بێت، كە‌ وایە‌ دە‌بێ هە‌موو كات ئە‌گە‌ری‌ سە‌رهە‌ڵدانی‌ جیاوازی‌ بناسینەوەو و پانتایە‌ك لە‌ بە‌رچاو بگرین بۆ بە‌ریە‌ك كە‌وتنی‌ ئە‌م جیاوازی‌ بۆچوونانە‌. رە‌وتی‌ دیمۆكراتیك دە‌بێ ئە‌م پانتا و بوارە‌ دابین بكات.
ئە‌رنێستۆ لاك لائۆ : ئێمە‌ ئە‌م نوقسانە عە‌قڵ‌خوازانە لە‌ بنە‌ماكانی‌ ماركسیزمیشدا دەبینین. گەڵی لە‌ رە‌وتە‌ ماركسیستە‌كان لایان وایە كۆمە‌ڵگا دە‌توانێ‌ عە‌قڵخواز بێت و لە‌ سە‌ر ئیرادە‌یە‌كی‌ هاوبە‌ش رێك بكە‌وێ. وەك ئەو شتەی لە‌ وڵاتانی‌ كۆمۆنیستی‌ رۆژهە‌ڵات و سۆسیاڵ دیمۆكراسی رۆژئاوا رووی‌ دا، دە‌وڵە‌ت دە‌بێ بۆ قە‌رە‌بووكردنە‌وە‌ی‌ ئە‌م ئیرادە‌ گشتییە‌ بێتە‌ مە‌یدان و دەستكاری بكات. لە‌م نموونەدا ئە‌م چاودێرییە‌ كۆمە‌ڵایە‌تییە‌ شێوە‌یە‌كی‌ برۆكراتیكی وەرگرت. بۆرۆكراتە‌كانی‌ یە‌كیە‌تی‌ سۆڤییە‌ت كە‌ شێوە‌یە‌كی‌ زێدە‌رۆییانە‌ی‌ ئە‌م بە‌شداری‌ كردنە‌ بوون ، بە‌ خە‌ڵكیان دە‌وت ئە‌وان لە‌ كۆمە‌ڵگایە‌كی‌ عە‌قڵخوازدا دە‌ژین، نەیارەكان تووشی تێكچوونی‌ دە‌روونین‌ و دە‌بێ بنێردرێتە‌ شێتخانە.

شانتاڵ مووفە‌: ئە‌مرۆكە‌ لە‌ رۆژئاوا ئە‌گە‌ر رێگایە‌كی‌ دیمۆكراتیك بۆ بە‌ریە‌ك كە‌وتنی‌ ناكۆكی‌ و بە‌رژوە‌ندییە‌كان نەبێ، خە‌ڵك تووشی بێ باوە‌ری‌ دە‌بن و ئیتر بە‌شداری‌ سیاسە‌ت ناكە‌ن، یان خراپتر، بە‌شداری‌ خە‌باتێك دەكەن كە‌ لە‌گە‌ڵ دیمۆكراسیدا ناگونجێ‌، بۆ وێنە‌ هە‌ڵاواردنی‌ رەگەزی‌، فۆندە‌مێنتاڵیزمی‌ ئایینی‌ و فاشیزم. فە‌رانسە‌ و گە‌شە‌ی‌ راستە‌ توندرە‌وە‌كان بە‌ رێبە‌رایە‌تی‌ لۆپێن لە‌ بە‌رچاو بگرن، ئە‌م بابە‌تە‌ كاتێك روویدا كەسۆسیالیستە‌كان هە‌ڵوێستی‌ میانە‌رە‌وانە‌یان گرتە‌ بە‌ر و تە‌سلیمی‌ ئە‌م بە‌ڵگاندنە‌ی‌ راستە‌ دیمۆكراتیە‌كان بوون، واتە راستە‌ توندرە‌وە‌كان گە‌شە‌یان كرد لە‌ بە‌ر ئە‌وە‌ی‌ تە‌نیا هێزێك بوون كە‌ ئاڵترناتیڤی‌ راستە‌قینە‌یان پێشە‌كە‌ش كرد و ناكۆكییە‌كانیان خستە‌ روو.

لۆپێن دە‌نگی‌ هە‌موو ئە‌و كە‌سانە‌ بوو ناتوانن لە‌ ژینگە‌یە‌كی‌ دیمۆكراتیكدا دە‌نگیان هە‌بێت بۆ ئە‌وە‌ی‌ بۆچوونی‌ خۆیان دە‌رببرن. لە‌روانینی یە‌كە‌مدا دە‌كرێ‌ بریتانیا بە‌ خاڵی بە‌رامبە‌ری‌ فە‌رانسە‌ بزانین چونكە‌ راستێكی‌ توندرە‌وی‌ بە‌هێز لە‌م وڵاتە‌دا ئامادە ‌ نییە‌. من لام وایە‌ حیزبی كرێكار لە‌ 18 ساڵی رابردوودا هێشتا لە كار نەكەوتووەو خە‌ڵك هێشتا لەم وەهمەدان كە لەم دەوڵەتە تازەدا دەكرێ كارێكی جیاواز بكەی. لە‌ فە‌رانسە‌ و نە‌مسا راستە‌ توندڕە‌وە‌كان وە‌ك ئە‌ڵترناتیڤێك گە‌شە‌یان كرد، لە‌ بە‌ر ئە‌وە‌ی‌ رە‌وتە‌كانی‌ تر تاقی كرابوونە‌وە‌ و خە‌ڵك دڵنیا بوون لە‌وە‌ی‌ هیچكام لە‌ حیزبە‌ گە‌ورە‌كان ناتوانن هیچ جۆرە‌ ئە‌ڵترناتیڤێك پێشكە‌ش بكە‌ن. ئە‌گە‌ر خە‌ڵك لە‌ ماوە‌ی‌ 4 ساڵدا هە‌ستیان كرد گۆرانێكی‌ راستە‌قینە‌ نە‌هاتۆتە‌ گۆر و حیزبی كرێكار لە‌ دە‌سە‌ڵاتدا هیچ شتێكی‌ جیاوازی‌ لە‌ حیزبی پاوانخواز ئە‌نجام نە‌داوە‌، لە‌ وە‌ها دۆخێكدا ئە‌وە‌ جێگای‌ سە‌رنجە‌ ئە‌م وزیە‌ بە‌رە‌و كوێ‌ دە‌روا. ئە‌مە‌ تاقیكردنە‌وە‌یە‌كە‌ بۆ راست بوونی‌ لێكدانە‌وە‌كە‌ی‌ من.

بوارە گرنگەكانی خەبات بۆ گۆڕانی رادێكال بۆ ئایدیای هێژمۆنیك كامانەن؟

شانتاڵ مووفە‌:

لە‌مپە‌ری‌ سە‌رە‌كی‌ بە‌ردە‌م حیزبە‌ چە‌پە‌ ئە‌ورووپییە‌كان ئە‌وە‌یە‌ بە‌رنامە‌ی‌ ئابووری‌ ئە‌ڵترناتیویان نییە‌. هێشتا ئە‌و باوە‌رە‌ زاڵە‌ كە‌ ئابووری هە‌رێمێكی‌ قە‌دە‌غە‌یە‌، چونكە‌ لۆژێكی‌ بازار بە‌ سە‌ریدا زاڵە‌، جیهانی بۆتەوە و دە‌وڵە‌تی‌ نە‌تە‌وە‌یی لە‌ پاشە‌كشە‌دایە‌. لە‌ راستییدا ئە‌م راستییانە‌ ئە‌و حیزبە‌ چە‌پانە‌ی‌ هانداوە‌ بە‌وە‌ی‌ سیاسە‌تی‌ هاوڕایی و گونجان بگرنە‌ بە‌ر. گرینگترین ئە‌ركی‌ چە‌پە‌كان لە‌م قۆناغە‌دا دۆزێنە‌وە‌ی‌ ئە‌ڵترناتیڤێكە‌ بۆ نیۆلیبرالیسم.
ئە‌رنێستۆ لاك لائۆ

ئە‌و كاتە‌ی‌ كە‌ نموونەی‌ نە‌تە‌وە‌یكردنەوە و وە‌رگرتنی‌ باجی‌ قورس كە نموونەیكاركردنی سۆسیال دیمۆكراتە‌كان بوو، توانایی نەما، راستە‌كان هاتنە‌ مە‌یدان تاكوووەك جێگر‌ نئۆلیبرالیسم پێشكە‌ش بكە‌ن، ئە‌و ئە‌ڵترناتیڤە‌ی‌ گۆرانە‌كانی‌ سە‌ردە‌می‌ لە‌ گە‌ڵاڵە‌كە‌ی‌ خۆیدا لە‌ بە‌رچاو دە‌گرت. چە‌پە‌كان كە‌متە‌رخە‌م بوون لە‌وە‌ی‌ دیسكۆرسێكی‌ ئاڵترناتیڤ دابرێژن. هە‌ر لە‌ بە‌ر ئە‌وە‌یە‌ ئێمە‌ مۆدێل و سە‌رچە‌شنی‌ تۆنی‌ بلێریمان هە‌یە‌ كە‌ دە‌یهە‌وێ‌ مردووی‌ «ریك تاچریسم» سە‌ر لە‌ نوێ‌ زیندوو بكاتە‌وە‌.

شانتاڵ مووفە‌:

بە‌ڵام لێرە‌دا ناچار نین لە‌ نێوان كینز خوازیی كۆن و نیۆلیبرالیسمدا یە‌كیان هە‌ڵبژیچرین. وە‌ك چۆن بە‌شێك لە‌ حیزبە‌ سۆسیالیستە‌كان ئێستاش لە‌ سە‌ر ئە‌و باوە‌رە‌ن ناكرێ‌ كێشە‌ی‌ بێكاری‌ بە‌ پشت بە‌ستن بە‌ روانگە‌ی‌ نە‌ریتی‌ دامە‌زراندنی بە‌ تە‌واوە‌تی‌ چارە‌سە‌ر بكرێ‌. ئە‌م پرسە‌ لە‌ رێگای‌ بازاری‌ نە‌رمی‌ كارە‌وە‌ كە‌ لە‌ ئە‌مریكادا زاڵە‌ چارە‌سە‌ر دە‌كرێ‌. ئێمە‌ دە‌بێ بە‌ جیدی‌ دە‌ست بدە‌ینە‌ دابە‌ش كردنی‌ كارە‌كان. ئێمە‌ دە‌بێ جە‌خت لە‌ سە‌ر كە‌م كردنە‌وە‌ی‌ ساعە‌تی‌ كار و بە‌شدار بوون لە‌ شوێنی‌ كاردا بكە‌ین. ئێمە‌ دە‌بێ ئایدیای‌ داهاتی‌ بنە‌رە‌تیش لە‌ بە‌رچاو بگرین._ لە‌ سە‌ر ئە‌و بنە‌مایە‌ی‌ هە‌موو هاووڵاتیان پارە‌یە‌ك لە‌ دە‌وڵە‌ت وە‌ك داهاتی‌ بنە‌رە‌تی‌ وە‌ربگرن و لە‌ شوێنی‌ كارە‌كە‌یان داهاتێكی‌ زیادییان ببێت. زۆر گرینگە‌ ئە‌گە‌ر ئێمە‌ پێوە‌ندی‌ نێوان داهات و كار بپچرین تە‌نها لە‌ بە‌ر ئە‌وە‌ی‌ هە‌موو كە‌س شوێنی‌ نییە‌ بۆ كار كردن. ئە‌م بابە‌تە‌ دە‌رخە‌ری گۆرانێكی‌ كولتووریشە‌_ئیتر كار چەقی شوناسی ئێمە‌ نییە‌.بە‌ڵام حیزبە‌ سۆسیالیستە‌كان كە‌متە‌رخە‌من بە‌رامبە‌ر بە‌م بابە‌تە‌، چونكە‌ روانگە‌ی‌ سێمبۆلیكیان دە‌ربارە‌ی‌ ناوە‌ند بوونی‌ كار دە‌چێتە‌ ژێر پرسیارە‌وە‌.

ئە‌رنێستۆ لاك لائۆ:

نئۆلیبرالیسم لە‌ بیركردنە‌وە‌ی‌ ئابووری‌ بۆرژوازی‌ سە‌دە‌ی‌ نۆزدە‌یە‌م ئە‌م باوە‌رە‌ی‌ بە‌ میرات وە‌رگرتووە‌كە لە‌ بنە‌رە‌تدا تە‌نها یە‌ك مێكانیزمی‌ ئابووری‌ هە‌یە‌ كە‌ دە‌توانێ‌ بە‌رهە‌مهێنانە‌وە‌ی‌ كۆمە‌ڵایە‌تی‌ دابین بكات. بۆ رووبە‌رووبوونە‌وە‌ لە‌ گە‌ڵ نئۆلیبرالیسم نابێ بە‌ڵگاندنی‌ ئێمە‌ بە‌ شێوە‌یە‌كی‌ تر هە‌ر ئە‌و مێكانیزمە‌ ئابوورییە‌ بێت، بە‌ڵكوو دە‌بێ جە‌خت لە‌ سە‌ر ئە‌وە‌ بكە‌ینە‌وە‌ ناتوانین داهاتە‌ كۆمە‌ڵایە‌تییە‌كان تە‌نها بە‌ لۆژیكی‌ دە‌رهە‌ستی‌ ئابووری‌ بە‌رهە‌م بێنین. ئێمە‌ دە‌بی باس لە‌وە‌ بكە‌ین پانتای‌ بە‌رهە‌مهێنان گرێ‌ دراوە‌تە‌وە‌ بە‌ فرە‌ چە‌شنی‌ هێزە‌ سیاسی و كۆمە‌ڵایە‌تییە‌كانە‌وە‌. كارگە‌ شوێنی‌ ئاڵۆزی‌ پێوە‌ندی‌ دە‌سە‌ڵاتە‌. كۆمپانیا بان نە‌تە‌وە‌ییە‌كان دە‌بێ لە‌ ئاستی‌ نە‌تە‌وە‌ییدا كار بكە‌ن، ئە‌و شوێنە‌ی‌ هێزە‌ دژبەرەكان رە‌وتی‌ سە‌رمایە‌ لە‌م سە‌ری‌ جیهانە‌وە‌ رێ نوێنی‌ دە‌كە‌ن بۆ ئە‌و سە‌ری‌ جیهان. ئە‌گە‌ر گوتارەكە بە‌م ئاراستە‌دا بروات نئۆلیبرالیزم دە‌چێتە‌ ژێر پرسیارە‌وە‌.

*بێنیامین دیسرائێلی- سیاسە‌تمە‌داری‌ بە‌ریتانیایی(1804-1881)

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button