توندووتیژی خێزانی: بۆچی دەوڵەتە موسوڵمانەکان هیچ ناکەن؟
لیزا حەجار[1]
ئەگەر ژنێکی خێزاندا لە وڵاتێکی موسوڵمان توندووتیژی بەرامبەر بکرێت و بیهەوێت سکاڵا لە مێردەکەی بکات یان لێی جیا ببێتەوە، کێشەی زۆری بۆ دروست ئەبێت. حکوومەتەکان لەم وڵاتانە هێشتا توندووتیژی خیزانی وەک ” تاوان” نازانن و ئەو ژنانەی توندووتیژیان بەرامبەر ئەکرێت لە لایەن یاساوە پشتیوانی ناکرێن. لە لایەکیترەوە یاسا و حوکمە شەرعی و ئایینییەکان بەشێکی زۆر لە مافەکانی ژنان بە فەرمی ناناسن و ژنەکان ناچار ئەکەن ملکەچی پیاوان بوون و ئەوەی کە ملکەچی پیاو بن وەک ئەرکێک دیاری کراوە.
بەڵام بۆ بەرگرتن بە “توندووتیژی خێزانی” کە باوترین جۆری توندووتیژییە دژی ژنان لە هەموو وڵاتان و زیاترین زیان بە ژنان ئەگەیەنێت ئەتوانرێت چی بکرێت؟
لیزا حەجار، مامۆستای کۆمەڵناسی زانکۆی کالیفۆڕنیا لە سانتاباریارا، لە لێکۆڵینەوەکەی خۆی دەربارەی ژنان لە وڵاتانی ئیسلامی ئەنووسێت، هەنگاوی یەکەم بە مەبەستی نەهێشتنی توندووتیژی خێزانی ئەوەیە کە وەک ” توندووتیژی” پێناسە بکریت، واتە دەوڵەت پێویستە ئەمجۆرە توندووتیژییە بە فەرمی بناسێت و وەک تاوان چاوی لێ بکات.
ڕێگرییەکانی بە تاوان زانینی توندووتیژی خێزانی لە وڵاتە ئیسلامییەکان
حەجار ئەڵێت، پاراستی ئاسایش و تەندروستی هاوڵاتیان ئەرکی دەوڵەتە و دەوڵەت لە سەریەتی بە هەموو شێوەیەک پارێزگاری لە هاوڵاتیانی بکات، کەوایە ئەرکی دەوڵەتە بەر بە هەرجۆرە توندووتیژییەک بگرێت. بەڵام خۆبواردن لەوەی کە توندووتیژی خیزانی وەک توندووتیژی پێناسە بکریت ( لە بەر ئەوەی لە ژیانی تایبەتیدا روو ئەدات) بیانوویەک ئەدات بە دەست دەوڵەتەکانەوە بۆ ئەوەی خۆیان لەم ئەرکە بدزنەوە، هەروەها ئەنجامدەرانی توندووتیژی لێکۆڵێنەوەیان لەگەڵ ناکرێت و پارێزراون بەرامبەر بە هەرجۆرە لێپرسینەوەیەک.
لەو ڕووەوە کە لە ژمارەیەک لە بونیادە کۆمەڵایەتی و یاساییەکان ( بە تایبەت لە وڵاتانی موسوڵمان) ئەوەی کە پیاو دەسەڵاتی ببێت بە سەر ژندا وەک نۆرمێک ئەناسێندرێت و تەمبێ کردنی ژنان لە لایەن پیاوانەوە بە مەبەستی پاراستنی چوارچێوەی بنەماڵە و کۆمەڵگا بە شتێکی پێویست ئەزانێت، هەنگاوی یەکەم و پێویست دژی توندووتیژی خیزانی ئەوەیە ژن و پیاو لە باری یاساییەوە یەکسان ببیندرێن و مافەکانیان وەک یەک بێت.
نەتەوە یەکگرتووەکان لە درێژەی هەوڵە بەردەوامەکانیدا بۆ پێشخستن و بە فەرمی ناسینی مافەکانی ژنان وەک مافی مرۆڤ، ساڵی ١٩٧٩ ” کۆنڤانسیۆنی نەهێشتنی هەرجۆرە هەڵاواردنیک دژی ژنان”ی بە کۆی دەنگ پەسەند کرد و زۆربەی وڵاتەکان واژۆیان کرد. ئەم کۆنڤانسیۆنە لە هەمانکاتدا کە گرینگی ئەدا بە جیاوازییە کەلتووریی و داب و نەریتییەکان لە رێکخستنی جۆری پەیوەندی جێندەری و بنەماڵەیی و بە فەرمی ئەناسی، لە هەمانکاتدا دەوڵەتەکانی ئەرکدار ئەکرد کە ” هەموو هەنگاوێکی پێویست” هەڵبگرن بە مەبەستی گۆڕینی سەرچەشن و ئولگووی ئاکاری کۆمەڵایەتی و کەلتووری کە دەبن بە هۆی هەڵاواردن دژی ژنان یان ئەوەی زیان بە ژنەکان ئەگەیەنن و مەترسین بۆ سەر ژنان.
بەڵام ژمارەیەک لەو وڵاتانەی ئەم کۆنڤانسیۆنەیان واژۆ کردووە، لەوانە وڵاتانی موسوڵمان، تەنها کاتێک ئامادە بوون ئەم پەیماننامەیە واژۆ بکەن کە هەندێ بڕگەیان پێ زیاد کرد؛ لەوانە بە مەرجێک ئامادەن کار بۆ گۆڕان لە ئاکاری کۆمەڵایەتیدا بکەن کە لەگەڵ باوەڕە ئاینییەکاندا بێتەوە. هەڵبەت ئەم تێبینیانە لەگەڵ کۆی کۆنڤانسیۆنەکەدا ناتەبا بوو کە دەیگوت، لەو شوێنەی کە بونیادە کەلتوورییە جێندەرییەکان رێگرەن لەوەی ژنان بە مافی یەکسان بگەن، ئەوەی کە ئەبێ بگۆڕدرێت کەلتوورە نەک ئەوەی مافی ژنان بکرێت بە قوربانی.
بەڵام نەتەوە یەکگرتووەکان، بە شێوەی ناڕاستەوخۆ رەزامەندی دەربڕی لەگەڵ ڕێژەیی گەرایی کەلتووری لە پەیوەند لەگەڵ مافی ژنان و ئەو ئیزنەی بە ئەندامانی کۆنڤانسیۆن دا ئیسلام و کەلتووری خۆیان بکەن بە قەڵغانیک بۆ بەرگری کردن لە خۆیان، بۆ پێبەند نەبوونیان بە مەرجەکانی کۆنڤانسیۆن.
لێکدانەوەو تەفسیری پیاوانە بۆ شەریعەت
لیزا حەجار نووسیویەتی، لە کۆمەڵگا موسوڵمانەکاندا ئەم باوەڕە زۆر باوە کە پێوەرە نێونەتەوەییەکانی مافی ژنان- هەوڵەکان بۆ بردنە سەرەوەیان- نائیسلامین یان تەنانەت دژە ئیسلامین لەبەر ئەوەی لەگەڵ شەریعەت ناگونجێن و ناتەبان. هەر بەم بۆنەوە، رێکخراوی کۆنفرانسی ئیسلامی ( کە دواتر ناوەکەی خۆی گۆڕی بۆ رێکخراوی هاوکاری ئیسلامی) ساڵی ١٩٩٠ راگەیاندنێکی وەک وەڵامدانەوە بە هەوڵە نێونەتەوەییەکان بۆ جێگیرکردنی مافی ژنان وەک مافی مرۆڤ بڵاو کردەوە. لەم راگەیاندنەدا بە ئاشکرا باس لەوە کراوە یاسای ناوخۆیی سەرجەم وڵاتانی ئیسلامی بە پێی شەریعەت داڕێژراوەو لەو شوێنەی کە ناکۆکی و ناتەبایی هەیە لە نیوان مافە نێونەتەوەییەکانو شەریعەتدا، شەریعەت لە سەرترەو گرینگی پێ ئەدرێت.
کە وایە لەو کۆمەڵگایانەی کە پەیوەندی خێزانی بە پێی یاسایی ئایینی رێک ئەخرێت و بەڕێوە ئەچێت، لەمپەری زۆر هەیە لە سەر رێگای پێشخستنی مافەکانی ژنان. بۆ وێنە؛ ؛لە زۆربەی زۆری کۆمەڵگا موسوڵمانەکاندا، شەریعەت بە جۆرێک تەفسیر ئەکرێت و لێکدانەوەی بۆ دەکرێت کە ئیزن ئەدات بە کۆمەڵێک لە فۆڕم و ئاستەکانی توندووتیژی خیزانی. لە زۆربەی زۆری تەفسیرەکانی شەریعەتدا پیاوەکان وەک سەرپەرەشتی بنەماڵە، بەخێوکەر و بەرپرسی ژنان دەناسرین و ژنەکان ناچارن و لەسەریانە ملکەچی بەخێوکەر و گەورەی بنەماڵە بن. ئەم پەیوەندییە پلە زنجیرەییەی کە بە تەواوەتی پیاوسالارانەیە، پشت بە قورعان ( بۆ وێنە ئایەتی ٣٤ی سورەی نساء)[2] ئەبەستێت و رەوایی خۆی وەرئەگرێت.
لە کۆمەڵگا موسوڵمانەکاندا، ئەم باوەڕەی کە پەیوەندییە ناوخۆییەکانی ماڵەوە بە شێوەی شەرعی ( واتە بە شیوەی سروشتی و ئیلاهی) پلەبەندی کراون لە شەریعەتەوە وەرگیراوەو هەروەها لە لایەن شەریعەتەوە پشتیوانی ئەکرێت و بەهێز ئەکرێت، هەموو هەوڵی شەریعەت ئەوە بووە پیاوان سەرتر بن لە ژنانی بنەماڵە. کەوایە ئەم روانگە ئاینییەی کە خوا ژن و پیاوی ” لە بنەڕەتدا” جیاواز خولقاندووە، نایەکسانی جێندەری و رەگەزی پەسەند ئەکات و وەها پاساو دەهێندرێتەوە کە ئەم جیاوازییانە یارمەتیدەرن لە دیاری کردنی رۆڵ مافی و ئەرکە جیاوازەکانی بنەماڵە و زۆر گرینگن بۆ سەقامگیری و جێگیربوونی خیزان و بنەماڵە.
یەکێک لە جۆرە جیاوازەکانی توندووتیژی خێزانی کە ئەتوانین پاساوی ئایینی و شەرعی بۆ بدۆزینەوە دەستدرێژی سێکسییە لە لایەن هاوسەرەوە. هەرچەند دەستدرێژی سێکسی لە هەموو کۆمەڵگا موسوڵمانەکاندا وەک تاوان ناسراوەو سزای لە سەرە، بەڵام لە هیچ کوێدا باس لەوە نەکراوە کە دەستدرێژی سێکسی لە لایەن هاوسەرەوەو لە ژیانی هاوسەرێتیدا تاوانە. لەبەر ئەوەی ” تمکین” یان :” ملکەچبوون”ی سێکسی ژن بۆ پیاو، ئەوەی کە پێویستە ژن ملکەچی خواستە سێکسییەکانی پیاوەکەی بێت لە هاوسەرگیری ئیسلامیدا ئەرکە لە سەر ژن. کەوایە دەستدرێژی هاوسەرگیری بە پێی لێکدانەوە باوە شەرعییەکان بە تاوان نازانرێت و سزای لەسەر نییە.
بۆ وێنە ئایەتی ٢٢٣ی سوورەی (بقرە)[3] بنەمایەکی قورعانییە بۆ ئەوەی پیاوەکان هەرکات بیانهەوێت پەیوەندی سێکسی بگرن لەگەڵ ژنەکانیان و پێویستە ژنەکانیش ملکەچ بن. هەرچەند لە چەند ئایەو گێڕانەوەیتردا فەرمان بە پیاوەکان کراوە خۆیان بەزۆر بە سەر ژنەکانیاندا دامەسەپێنن و بەزۆر نەچنە لایان، بەڵام ئەو بنەمایەی کە پێویستە ژن ملکەچی پیاو بیت ئەبێ بەهۆی لاواز بوونی ئەم فەرمانە. لە راستییدا ئەگەر ژن هاتوو ملکەچی خواستی مێردەکەی نەبوو بەوەی پەیوەندی سێکسی بگریت لەگەڵی، ئەم ملکەچ نەبوون و رازی نەبوونە بە ” نافەرمانی” یان ( نشوز) لێک ئەدرێتەوەو پاساوی شەرعییە بەوەی ژن لە لایەن مێردەکەیەوە لێی بدرێت و توندووتیژی بکرێت بەرامبەری. لە وەها دۆخێکدا ژنەکان هەر ئازار و زیانێکیان پێ بگات جگە لەوەی هیچ سزایەکی تێدا نییە بۆ پیاو، تەنانەت وەک ئازار و زیانیش ناناسرێنەوە.
پرسەکانی تایبەت بە مافەکانی ژنان لە چوارچێوەی پەیوەندییە خێزانییەکاندا، ئالنگارییەکی بنەڕەتی و جیدی دروست ئەکەن لەوەی مافی مرۆڤ وەک چەمکێکی “گەردوونی” و گشتگیر بناسرێت، لەبەر ئەوەی لە بەشێکی زۆر لە کۆمەلگا موسوڵمانەکان، خەڵک و ناوەندە فەرمییەکانیش تا ڕادەیەکی زۆر بێزارن لە پێوەرە نێونەتەوەییەکان تایبەت بە پەیوەندی خێزانی.
تۆمەتی ئێمپریالیزمی کەلتووری دانە پاڵ بزووتنەوەی ژنان
لە راستییدا لە بەشێکی زۆر لەو وڵاتانەی تازە پێشگەیشتوون و لەگەشەدان، رەخنەگرانی مافی مرۆڤی نێونەتەوەیی ، جەخت کردنەوە لە سەر تاک وەک ” سووژەیەک کە مافی هەیە” ئەدەنە بەر رەخنە و باس لەوە ئەکەن ئەمانە کۆمەڵێک بەهان کە لە راستییدا بەهای رۆژئاوایین. ئەمجۆرە رەخنانە مافی مرۆڤ و مافی ژنان وەک ئێمپریالیسمی کەلتووری پێناسە ئەکات و بەگومانەوە لێیان دەڕوانن و نیگەرانن لەوەی پەرە بسێنن.
حەجار لە بابەتەکەیدا ئەڵیت، لە راستییدا لە ئێستادا مافی ژنان بووە بە سەرەکیترین نیگەرانی و دڵەڕواکەی وڵاتانی موسوڵمان لە چوارچێوەی ئەو شتەی بە ئێمپریالیسمی کەلتووری ناوی ئەبەن. ئەو دەمەی مافی ژنان وەک بەشێک لە رەوتی هێرشی کەلتووری ” لە شوێنێکیترەوە” باسی لێوە ئەکرێت، کەوایە ئەو زیانانەی کە بە ژنان ئەگات وەک بەش و لایەنێک لەو کەلتوورە تایبەتە پاساوی بۆ دەهێنێتەوەو تەنانەت بەرگری لێدەکات و بەرزی دەنرخێنێت. ( توندووتیژی نواندن بەرامبەر بە ژنان وەک بەشێک لەو کەلتوورە تایبەتە دەناسێنێت و بەو شێوەیە پاساوی بۆ دەهێنێتەوەو تەنانەت بەرگری لێدەکات و بەرزی دەنرخێنێت).
لە هەموو وڵاتەکان ئەوە ئەرکی دەوڵەتە مافی تاکەکان بپارێزێت لەبەر ئەوەی دەوڵەت جێبەجێکاری یاسایە. کەوایە، خەبات بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی ژنان لە زۆر رووەوە ئەو باسە دێنێتە گۆڕ کە ئاخۆ شایستەیی و دەسەڵاتی یاساییان هەیە بۆ قسەکردن و تاوتوێکردنی مافێکی دیاریکراو؛ جا پێوەرەکان یاسایی نێونەتەوەیی بن بۆ رێنوێنیکردنی سیاسەتەکانی دەوڵەت، یان ئەوەی رێسا یاساییەکانیتر ( یاسایی، ئایینی، عورفی) بن. کەوایە یەکێک لە رێکارەکان بەکارهێنانی رێکاری بەراورد کارانەیە بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ توندووتیژی خێزانی لە کۆمەڵگا موسوڵمانەکان، زەق کردنەوەی جیاوازییەکان و ناکۆکییەکانی پەیوەندی نێوان ئایین و دەوڵەتە. دەکرێت ئەم پەیوەندییە بە سێ بەش پۆلێن بەندی بکەین:
- تائیفەگەرایی ( Communalization)
لە وڵاتانێکی وەک ئیسرائیل، هێندستان، نایجیریا کە تاقم و دەستەی ئایینی جیاواز یاسای “باری کەسێتی (personal status) جیاوازیان هەیە؛ بۆ هەر کەسێک دوو ئاست لە یاسا بوونی هەیە: یاسای دەوڵەتی و یاسای تائیفە و دەستەکە کە تەنها تایبەتە بە ئەندامانی ئەو تائیفە و تاقمە . لە وەها دۆخێکدا، ئەو یاسا و دامەزراوە یاساییانەی کە بە سەر پەیوەندییە خێزانییەکاندا زاڵن، جگە لە باری یاسایی، لە باری ئایدۆلۆژیشەوە لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەتن. واتە دەسەڵاتدارانی ئایینی لە رێگای تەفسیر و جێبەجێکردنی شەریعەوە، دەسەڵاتی خۆیان بە سەر ئەنداماندا دادەسەپێنن.
- بەنەتەوەیی کردن (Nationalization )
دەوڵەت لە بەشێکی زۆر لە وڵاتانی دونیای عەرەب و بەشێک لە وڵاتانی ئەفریقی و ئاسیایی کە زۆربەی زۆری دانیشتوانەکەی موسوڵمانن، ئیسلامی وەک ئایینی فەرمی ناساندوەو یاسای نەتەوەیی بە پێی شەریعە و فێقه داڕشتووە، بەڵام شەریعەتی نەکردووە بە بنەمای هێز و دەسەلاتی خۆی. بە دەربڕینێکیتر ئەم دەوڵەتانە بە جۆرێک ئایین و مەزهەب نەتەوەیی ئەکەنەوە کە سنووری نێوان یاسا ئاینییەکان و دەسەڵاتی دەوڵەت کاڵ بۆتەوە.
لەم وڵاتانەدا دەکرێت لە رێگای گەڕانەوە بۆ یاساکانی سزا و یاسای وڵات، بوارێک بۆ دەستێوەردانی دەوڵەت و گۆڕانکارییە یاساییەکان لە پەیوەند لەگەڵ مافەکانی ژنان بە گشتی و توندووتیژی خێزانی بە تایبەت کراوەتەوە. لە هەمانکاتدا ئەو بوار و دەرفەتەش دراوە بە ئیسلامگەراکان بە شێوەیەکی کۆنسێرڤات و دواکەوتوانە گوشار بخەنە سەر دەوڵەت و ناچاری بکەن بۆ جێبەجێکردنی شەریعەت.
لە نێو ئەو گوشارانەدا ئەکرێت ئاماژە بەوە بدەین بەوەی ئەنجامدەرانی توندووتیژی خێزانی سزا نادرێن و یاسا نایانگرێتەوە، لەبەر ئەوەی بۆ ژنان پێبەندبوون بە بنەما شەرعییەکان لە نیگەرانییەکانیان دەربارەی توندووتیژی خێزانی و ئەو زیانانەی بەو هۆیەوە پێیان دەگا لەسەرترە و لەسەر ئەو باوەڕن بەتاوان زانینی توندووتیژی خێزانی ناتەبایە لەگەڵ دوو بنەمای ئیسلامی کە دەسەڵاتداری پیاوان و ملکەچبوونی ژنانە.
کەوایە لەم کۆمەڵگایانەدا ئالنگارییەکانی بەردەم دروستکردنی چەترێکی یاسایی دژی توندووتیژی خێزانی و قەدەغەکردنیان، لە ململانێ نەتەوەییەکان بۆ گەیشتن بە دەسەڵات، ئەولەویەتەکان و یاساکانی حکوومەت جیا ناکرێتەوە.
- ئایین سالاری ( Theocratization)
دەوڵەت لە وڵاتانێکی وەک ئێران و پاکستان خۆی وەک دەوڵەتی ئیسلامی پێناسە کردووەو یاسای ئایینی و یاسایی دەوڵەت یەک شتن و بۆ داڕشتنی یاسای دەوڵەت پشت بە یاسا ئاینییەکان بەستراوە. لەم وڵاتانە بەرگری کردن لە ئایین یەکسانە بە بەرگری کردن لە دەوڵەت، رەخنەگرتن و پرسیارکردن دەربارەی ئایین، کفر و هەڵگەڕانەوەیە لە ئایین و قورسترین سزای لەسەرە لە لایەن دەوڵەتەوە.
لەو روەوە کە دەوڵەت لەم وڵاتانە هەوڵی ئەوەیە ژنان بگەڕێنەوە بۆ پێگەی ” راستەقینە و بەرزی”خۆیان لە چوارچێوەی ئیسلام و دەسەڵاتی شەرعی پیاواندا، کەوایە بۆ قەدەغەکردنی توندووتیژی دژی ژنان تەنها ئەبێ بگەڕێینەوە بۆ لۆژیکی ئایینی. بەڵام لەبەر ئەوەی ئەم بنەما شەرعیانە لەگەڵ دەوڵەتی مۆدێڕن تێکەڵ کراون، بوار هەیە بۆ ئەوەی فەرمانە شەرعییەکان تەفسیری نوێیان بۆ بکرێت ، بە شێوەیەک کە لە مێژووی ئیسلامدا وێنەی نەبووە.
پرسی توندووتیژی خێزانی لە هەموو کۆمەڵگاکاندا وەک یەک نییە، بەڵام دواجار، دەوڵەت بەرپرسیارە لە سنووردارکردن و دیاریکردنی سزا بۆ توندووتیژی و سزادانی ئەوانەی توندووتیژی ئەنوێنن، لەوانە توندووتیژی خێزانی کە لە ناو بنەماڵەدا روو ئەدات. کەوایە ئەگەر دەوڵەت بە هەر شێوەیەک کەمتەرخەمی بکات لە جێبەجێکردنی ئەم ئەرکەی، دەبێت بە هۆی بەهێزبوونی پەیوەندییە خێزانییە پیاوسالارانەکان و دۆخێک ئەخولقێنێت کە توندووتیژی خێزانی سزای لەسەر نەبێت. ئەمە خۆی لە خۆیدا پەرە بەو جۆرە روانینە ئەدات کە لای وایە پێشخستنی مافەکانی ژنان لە بنەماڵەدا، ئەبێ بە هۆی تێکدانی کۆمەڵگا و هەڕەشەیە لە سەر کۆمەڵگا.
ئەوەی کە مافەکانی ژنان وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر کۆمەڵگا لێک ئەدرێتەوە، تەنها تایبەت نییە بە کۆمەڵگا موسوڵمانەکان، بەڵام لە کۆمەڵگا موسوڵمانەکان، وەها تێڕوانینێک بگەڕێنینەوە بۆ لێکدانەوەو تەفسیرە زاڵ و باوەکانی شەریعەت. کەوایە رەوایی بەخشین بەم جۆرە تەفسیرانە و پەرە پێدانیان لە کۆمەڵگا ئیسلامییە کۆنسێرڤاتەکاندا زۆر باوەو گرینگییەکی تایبەتی پێ ئەدرێت.
بەمشێوەیە لیزا حەجار هەوڵی ئەوەیە گرینگی و رۆڵی دەوڵەتەکان لە خەبات لە سەر ئایین و مافەکانی ژنان بخاتە ڕوو و شی بکاتەوە. هەرچەند شەریعەت لە کۆمەڵگا ئیسلامییەکاندا بە شێوەی جیاواز، جێبەجێ ئەکرێت و تەفسیری جیاوازی بۆ ئەکرێت و لە هەمانکاتدا بە شێوەی جیاواز بەکار دەهێندرێت، بەڵام لە زۆر بواردا پاساوێکی بەهێز بە دەوڵەت بۆ ئەوەی نکۆڵی لە مافەکانی ژنان بکات یان سنوورداریان بکاتەوە. تا ئەو شوێنەی کە رەوایی ئەدات بە توندووتیژی خیزانی و ئەو زیانانەی کە بە ژنان ئەگات بەو هۆیەوە لەبەرچاو ناگرێت. ئەوەی کە ژنان زیانیان پێ ئەگات و ژیانیان ئەکەوێتە مەترسییەوە، دەرخەری ئەوەیە دەوڵەتەکان ناکارامەن لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان بەرامبەر بە مافەکانی ژنان و پشتیوانیان ناکەن و ژنان وەک مرۆڤ یان هاوڵاتییەک لە لایەن دەسەڵاتەوە پشتگیری ناکرێن.
سەرچاوە:
www.aasoo.org/fa/articels/ 4762
خشونت خانگی؛ چرا دولتهای مسلمان کاری نمیکنند؟ | آسو
ئەم بابەتە کورتکراوەیەکە لە بابەتێکی دوور و درێژی ئەم نووسەرە لە ژێر ناوی:
Hajjar, Lisa. “Religion, State Power, and Domestic Violence in Muslim Societies: A Framework for Comparative Analysis.” Law & Social Inquiry 29.1 (2004): 1-38.
[1] – لیزا حەجار، مامۆستای کۆمەڵناسی لە زانکۆی کالیفۆڕنیا لە ئەیالەتی سانتاباربارا.
.
[2] – الرِّجَالُ قَوَّامُونَ عَلَى النِّسَاءِ بِمَا فَضَّلَ اللَّهُ بَعْضَهُمْ عَلَىٰ بَعْضٍ وَبِمَا أَنفَقُوا مِنْ أَمْوَالِهِمْ ۚ فَالصَّالِحَاتُ قَانِتَاتٌ حَافِظَاتٌ لِّلْغَيْبِ بِمَا حَفِظَ اللَّهُ ۚ وَاللَّاتِي تَخَافُونَ نُشُوزَهُنَّ فَعِظُوهُنَّ وَاهْجُرُوهُنَّ فِي الْمَضَاجِعِ وَاضْرِبُوهُنَّ ۖ فَإِنْ أَطَعْنَكُمْ فَلَا تَبْغُوا عَلَيْهِنَّ سَبِيلًا ۗ إِنَّ اللَّهَ كَانَ عَلِيًّا كَبِيرًا
[3] – نِسَآؤُكُمْ حَرْثٌۭ لَّكُمْ فَأْتُوا۟ حَرْثَكُمْ أَنَّىٰ شِئْتُمْ ۖ وَقَدِّمُوا۟ لِأَنفُسِكُمْ ۚ وَٱتَّقُوا۟ ٱللَّهَ وَٱعْلَمُوٓا۟ أَنَّكُم مُّلَـٰقُوهُ ۗ وَبَشِّرِ ٱلْمُؤْمِنِينَ.