بە بێ لەبەرچاوگرتنی ئەو پۆلێنبەندییانەی کە بۆ ئەدەبییات لە باری ناوەرۆک، فۆڕم و… دەکرێت، دەتوانین ئەدەبییات بەپێی بەردەنگ و خوێنەرەکان، بەپێی بونیادی داڕشتنیان، بە دوو بەشی ئەدەبی منداڵان و ئەدەبی گەورەکان، دابەش بکەین. دابەشکردنێک کە زیاتر تەمەن، ئاستی تێگەیشتن، حەزو خولیاکان و… دەگرێتە خۆ.
کە باس لە منداڵ دەکەین، بەپێی پێناسەی یۆنسکۆ بۆ منداڵ، هەر کەسێک کە تەمەنی لەژێر (١٨) ساڵییەوە بێت، منداڵە، بەڵام لە ئەدەبداو بەهۆی جیاوازیی تێگەیشتنەوە، ئەم ئاستە دابەشکراوە، پۆلێنبەندیی تەمەنەکان بەپێی ئاستەکانی تێگەیشتن و خوێندەواریی رێگایەکە بۆ ئەوەی منداڵان لە هەر تەمەنێکدا بزانن چ جۆرە کتێبێکیان دەوێت. لێرەدا باس لە دابەشکردن و مێکانیزم و جۆری دابەشکردنەکە دەکەم. لەم دابەشکردنانە، قەبارەی کتێب، وێنەو رەسمی ناو کتێبەکان، ناوەرۆک و… لەبەرچاو دەگیرێت و پێوەرە بۆئەوەی بەرهەمێکی ئەدەبی بۆ چ ئاستێک دەبێت.
گرووپی(A): تەمەنی (١-٦) ساڵ. پێش چوونە قوتابخانە: ئەو کتێبانەی بۆ ئەم تەمەنە دیاریکراون، زیاتر وێنەن و هەندێجار پێتیان تێدایە. وێنەکان زیاتر کارتۆنن و رەنگە لەو کەسایەتییە کارتۆنییانە بن کە منداڵان خۆشیان دەوێن. کتێبەکان لە باری ژمارەی لاپەڕەوە، کەمترن لە (٢٠) لاپەڕە.
گرووپی(B): پۆلی (١ بۆ ٣)ی بنەڕەتی. ساڵەکانی یەکەمی خوێندن: منداڵان لەم تەمەنەدا فێری خوێندن و نووسین دەبن. فێر دەبن چۆن قەڵەم بگرن بەدەستەوە، نووسین بەلای ئەوانەوە تەنها شەقڵی و پەقڵیکردن نییە، بەڵکو پیتەکان دەناسن، وێنە دەکێشنەوە، دەتوانن بخوێننەوە. کتێبەکانی ئەم ئاستە لە تەمەن، لەگەڵ ئەوەی زۆر سادەن، لاپەڕەیان کەمەو زیاتر تێکەڵەیەکە لە نووسین و رەسم. منداڵان دەتوانن بە یارمەتی وێنەکان باشتر لە نووسینەکان تێ بگەن. نابێت ناوەرۆکی نووسینەکەش جۆرێک بێت لەگەڵ بیرکردنەوەی ئەواندا نەگونجێت.
گرووپی(C): ساڵەکانی کۆتایی قۆناغی بنەڕەتی، پۆلی (٤، ٥، ٦)ی بنەڕەتی: لەم تەمەنەدا منداڵەکە ئاستی تێگەیشتنی لە رووداوەکان، لە دەورووبەر زیاترە. دونیای بیرکردنەوەو خەیاڵیان فراوانترە. کۆمەڵێک پرسیاریان هەیە کە پێویستە وەڵام بدرێتەوەو کتێبەکان باشترین رێگان بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانە. قەبارەی کتێبەکان دەکرێت گەورەتر بن و نووسینی زیاتر بگرنە خۆ. نووسینێک کە بۆ ئەوە دەبێت بەرەبەرە منداڵ بە پرسە کۆمەڵایەتیی و ژینگەییەکان ئاشنا بکرێت. هەروەها زانست گرنگی زۆری هەیە لەم تەمەنەدا.
گرووپی(D): ساڵەکانی یەکەمی قۆناغی ناوەندی، (٧، ٨، ٩): لەم تەمەنەدا منداڵان قۆناغی سەرەتاییان تێپەڕاندووەو (٦) ساڵیان خوێندووە. ئاستی بیرکردنەوەیان فراوانترە. کتێبەکانی قوتابخانەیان ئەستوورترو پڕناوەرۆکترە. ئەو کتێبانەی بۆ ئەم تەمەنە دەنووسرێن، دەبێت وەڵامدەرەوەی چاوەڕوانییەکان و پرسیارەکانی ئەم تەمەنە بن. ئەمە بە قۆناغی تازەلاویی دەزانرێت. منداڵ لەم تەمەنەدا کۆمەڵێکی زۆر پرسیاری هەیە. پرسیارەکانی تەنها ئەو شتە سادەو ساکارانە نین کە رۆژانە دەیانبینێت، بەڵکو پرسیار لە بوون، لە مێژوو، لەو رووداوە مێژووییانەی بە کورتی لە کتێبەکانی خوێندن باسی دەکرێت، پرسیارە زانستییەکان و… دەبێت لە بەرهەمەکانی ئەم منداڵانەدا وەڵام بدرێتەوە. ئەوان لە قۆناغێکدان کە لەبەردەم ئەوەدان کە قۆناغی دواتر رەوتی ژیانی خۆیان دیاری بکەن. لە قۆناغی دواناوەندییدا (١٠، ١١، ١٢)، ئەوان ئەو بوارە تایبەتە دەخوێنن کە حەزیان لێیەو لەگەڵ تواناکانی ئەوان دێتەوە. هەموو ئەمانە دەبێت لەو بەرهەم و نووسراوانەی تایبەتن بەم تەمەنە، جێیان ببێتەوە. زۆرجار لەم تەمەنەدا، منداڵان دەست دەبەن بۆ نووسین و هەندێجاریش بەرهەمی باش و بێ وێنە دەخولقێنن.
گرووپی(E): زۆربەمان رەنگە ئەم تەمەنە، واتە قۆناغی دواناوەندیی پۆلەکانی (١١،١٠، ١٢) بە قۆناغی منداڵی ناو نەبەین، بەڵام بەپێی پێناسەی یونسکۆ، هەرکەس لە خوار تەمەنی (١٨) ساڵییەوە بێت منداڵە. قۆناغی دواناوەندیی، قۆناغێکە کە تێیدا ئەو منداڵە کامڵ بووە. دەتوانێت لە زۆرێک لە پرسە کۆمەڵایەتی، سیاسی، ژینگەیی و ئابووریییەکان تێ بگات. بەشدارییان تێدا بکات. ئەو بەرهەمەی بۆ ئەم تەمەنە دەنووسرێت، دەبێت وەها چاوی لێ بکرێت، کە بۆ تەمەنێکی کامڵ دەنووسرێت. لێرەدایە زیاتر گرنگی بە نووسین دەدرێت و هەوڵدەدرێت بە نووسین خەیاڵکردن و بیرکردنەوەی تازەلاوان بجووڵێنرێت. ئەوان ئامادە بکات بۆ قۆناغی دواتر، کە دوورکەوتنەوەیە لە قۆناغی منداڵی و چوونە بەرەو قۆناغی لاوێتی. لە خوێندنیشدا؛ ئیتر خۆیان بۆ قۆناغی هەستیاری زانکۆ ئامادە دەکەن. ئەو بەرهەمە ئەدەبی و نووسراوەییانەی بۆ ئەم قۆناغە دەنووسرێن، دەبێت هەڵگری تایبەتمەندییەکانی ئەم قۆناغە بن. بەشی زۆری ئەو کەسانەی دەیانەوێت رووبکەنە دونیای نووسین و نووسەربوون بکەن بە پیشەی خۆیان، لەم قۆناغەدا بڕیاری خۆیان دەدەن.
ئەم دەستەبەندیی و پۆلێنبەندییانە لەلایەن نووسەرەوە ناکرێت، بەڵکو لیژنەی شارەزای چاپ و بڵاوکردنەوەکان دیاریی دەکەن، کە ئەم کتێبە بۆ چ تەمەنێکە. پێویستە لەسەر بەرهەمە ئەدەبی و نووسراوەییەکە بەشێوەی بەرچاو، لە شوێنێکدا کە ببینرێت و دیاریی بکرێت ئەم کتێبە بۆ چ تەمەنێکە، چونکە وەک باسمان کرد توانا، ئاستی تێگەیشتن، جۆری دونیابینی و خەیاڵی منداڵان لە هەرکام لەو گرووپانەدا جیاوازە.
بەم دەستەبەندیکردنە منداڵەکەو دایک و باوک و مامۆستاکانیش دەزانن ئەم کتێبە بۆ ئەوە دەبێت بیکڕن، یان نا؟ گریمان منداڵێک ئاستی تەمەنی وەهایە لە (B)دا پۆلێنبەندیی بکرێت، ئەگەر کتێبێکی ئاستی (D) بۆ بکڕیت، ناتوانێت پەیوەندی لەگەڵدا دروست بکات و بیخوێنێتەوە، لێی تێ بگات و ئەوەیە دەبینین کتێبەکە بێکەڵک دەکەوێت. بە هەمانشێوە؛ ئەگەر کتێبی ئاستی (A) بۆ بکڕیت، لەبەرئەوەی زۆر سادەترە، لە ئاستی خۆی بەکەمتری دەزانێت و رایناکێشێت. لەبیرمان بێت ئەرکی نووسەر ئەوەیە کتێب لای منداڵ شیرین بکات، دونیای خوێندنەوە لای ئەو شیرین بکات. لە هەمانکاتدا ئەو کتێبە لە رووی ماددییەوە تێچووی هەیە بۆ بنەماڵەکان. بەم دابەشکردنە بەر بەوە دەگیرێت پارە لە شتێکدا سەرف بکرێت کە کەڵکی نییەو منداڵەکە بەکاری ناهێنێت. ئەمە نەک تەنها بۆ کتێب، بۆ یاری و کەرەسەکانی یاریش بە هەمانشێوەیە. هەر منداڵەو لە تەمەنێکدا پێویستی بە جۆرێک کەرەسەی یاریکردن هەیە بۆ چێژوەرگرتن لێی و خەیاڵکردن لەگەڵیان.