وتاری نووسین

شۆڕشی ژینا، گۆڕینی هاوکێشەی هێز

رۆژی ١٦ی سێپتەمبەری ٢٠٢٢، ژینا ئەمینی، کچێکی گەنجی ٢٢ ساڵ تەمەنی سەقزی، دوای ٣ رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانەی کەسرای تاران، گیانی لەدەستدا. ٣ رۆژ پێشتر و رۆژی ١٣ی ئەیلوول، ژینا لە شاری تاران لە لایەن پۆلیسی ئەخلاقی کۆماری ئیسلامییەوە بە بیانووی نەگونجابوونی حیجاب، دەستبەسەرکرا و بە هۆی لێدان و توندووتیژی پۆلیسەوە باری تەندروستی تێکچوو و دوای ٣ رۆژ لە نەخۆشخانە گیانی لە دەستدا.

مەرگی ژینا بوو بە هۆی سەرهەڵدانی شۆرشێک کە کاریگەری گەورەی لە کۆمەڵگا داناوەو ئێستاش ئەتوانین بڵێین کاریگەرییەکانی هەر بەردەوامن. بۆ ماوەی ٦ مانگ شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و بەشێک لە شارەکانی ئێران خۆپیشاندانیان بەخۆوە دەبینی. شەقام زیندوویەتییەکی پێوە دیار بوو کە تەنانەت لە چەند شار لە وانە شاری شنۆ، بە شێوەی کاتی و بۆ چەند کاتژمێرێک دەسەڵات کەوتە دەست خەڵک. سەدان کەس گیانیان لە دەستدا و هەزاران کەس خرانە زیندانەوە، هەزاران کەس ناچاربوون وڵات بەجێ بهێڵن. ئێستاش گوشار بۆ سەر بنەماڵەی گیانبەختکردوان و دەستگیرکراوانی سەردەمی شۆڕش هەربەردەوامە و زۆرن ئەو کەسانەی لە زیندانەکانی ئێران سزای قورسیان بەسەردا داسەپاوە.

بەڵام ئەوەی ئەتوانین ناوی ببەین ئەم شۆڕشە هەر زیندووە، لە ئێستادا رەنگە بە هۆی باردووخەوە جۆرێک کپ بوونی پێوە دیار بیت، بەڵام وەک شۆڕش کاریگەری گەورەی لەسەر کۆمەڵگا داناوەو کاریگەرییەکانی هەر بەردەوامن.

مەنسوور تەیفووری، نووسەر، دۆکتۆرای فەلسەفە، لەسەر ئەو باوەڕەیە شۆڕشی ژینا کاریگەری گەورەی فیکری لەسەر ئێمە داناوە. تەیفووری لای وایە ئەم گۆڕانە تەنانەت گۆڕانە لە زماندا. ئەو کاتەی باوکی ” محەممەد حسێن زادە” یەکێک لە کوژراوەکانی سەردەمی شۆڕش، لەسەر قەبری کوڕەکەی ئەڵێت :” لەمەو بەدوا هەرکەس زۆر ئازا بێت، ئەبێ بڵێین زۆر ژنە”، گۆڕانە لە زمان و بیرکردنەوەدا. گۆڕانە لە جۆری روانیندا بۆ چەمکی ژن و ژنبوون.

مێهرداد دەرویش پوور، کۆمەڵناس، بزووتنەوەی ژن، ژیان ئازادی و شۆڕشی ژینا وەک نموونەیەکی “شۆڕشە گەورەکان” ناو دەبات کە بەهاکانی کۆمەڵگای پیاوسالاری و باوکسالاری لە سیستەمی سیاسی دەسەڵاتداردا تێکشکاندووە، ئەم نووسەرە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی وەک بزووتنەوەیەکی فێمنیستی، یەکسانیخواز کە دژی هەڵاواردنی رەگەزییە ناو دەبات.

ئەم بزووتنەوەیە وەستان بوو دژ بە سیستەمی پیاوسالاری- ئایینی. سیستەمێک کە زیاتر لە ٤ دەیەیە هەوڵ دەدات یاسا ئیسلامییەکان لە وڵات جێگیر بکات. حیجاب وەک نۆرمێکی ئیسلامی جێگیر ناودەبات لە وڵات. ژن لەم سیستەمە حکوومەتییەدا بە پێی یاسای ئایینی لە بەشێکی زۆر لە مافە کۆمەڵایەتی- سیاسی و ئابوورییەکانی بێبەرییە. بەڵام سەرەڕای گوشارەکان لە چەند ساڵی رابردوودا ژنان لە ئێران بەردەوام هەوڵیانداوە دژی ئەو یاسایانە بوەستنەوە. پەیوەستبوونی بەشێکی زۆر لە ژنان بە بزووتنەوەی ژینا، لە راستییدا دەرئەنجامی ئەو هەوڵەی ژنان بووە بۆ گەیشتن بە مافەکانی خۆیان. خەباتی ژنان لە ئێران دوای سەرهەڵدانی بزووتنەوەی ژینا فۆڕمی جیاوازی گرتووە، ژنان وەک ئەکتەری کاریگەری سیاسی لە کۆمەڵگا و ژیانی رۆژانەیاندا دەرکەوتن، ژیانیان رەنگی سیاسی بەخۆی گرت. وەستانەوەی ژنان و خەباتی ئەوان ئیتر تەنها وەستانەوە نەبوو دژ بە گوتاری سیاسی یان ئایدۆلۆژیای زاڵی حکوومەتی، بەڵکوو لە ژیانی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتی خۆشیاندا هەوڵیاندا دژی نۆرمە باوەکان بوەستنەوەو گۆڕان دروست بکەن.

حیجاب و پۆششی داسەپێنراو وەک نۆرمێکی حکوومەتی بوو بە یەکێک لەو شتانەی کە ژنان دژی وەستانەوەو دەوەستنەوە. ژنانی ئێرانی بە کەڵک وەرگرتن لە جەستەی خۆیان وەک رەمزی بەهێزی شۆڕش، هەوڵەکانی دەسەڵاتیان بۆ کۆنتڕۆڵی شوناسی رەگەزی و سەرکوتی خواستەکانیان بردە ژێر پرسیارەوە. ئەم گۆڕانکارییە تەنها بە مانای رەتکردنەوەی پرسی حیجابی زۆرە ملێ نەبوو، بەڵکوو جەختکردنەوەی ژنان بوو لەوەی کە ئەوان دەیانهەوێت سەربەخۆ بن و مافی ئەوەیان هەیە خۆیان کۆنتڕۆڵی جەستەی خۆیان بکەن. جەستەی ژنان، کە لە روانگەی ئایدۆلۆژیای پیاوسالاری – ئایینەوە وەک کەرەستەیەک دەبیندریت بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەوان و لەم ڕێگاوە لە بەشێکی زۆر لە مافەکانی خۆیان بێبەری ئەکرێن، لە دوای شۆڕشی ژیناوە ئەم روانینە تا ڕادەیەکی زۆر گۆڕاوەو بووە بە رەمزێکی پێشکەوتوو خواز بۆ ئازادی و وەستانەوە دژی نۆرمی باوی کۆمەڵایەتی- سیاسی.

 

لە بەرامبەر وەستانەوەی ژنان، دەسەڵات پەنای بردۆتە بەر توندووتیژی فیزیکی و جەستەیی دژی ژنان و کۆمەڵێک یاسای توندی داڕشتووە. بۆ وێنە ئەتوانین ئاماژە بدەین بە داڕشتنی یاسای ” حیجاب و عفاف”، دەستگیرکردنی ژنان و هەوڵدان بەوەی کە کۆمەڵێک تانە و تەشەر وەک نەخۆشی دەروونی بداتە پاڵ ژنان لەبەر ئەوەی دژی حیجابی زۆرەملێ وەستاونەتەوە. ئەم گوشار و سەرکوتکردنانە هەرچەند دەرخەری ئەوەیە کە لە لایەن دەسەڵاتەوە ژنان زیاتر گوشار ئەکەوێتە سەریان و هەوڵی تێکشکاندنیان دەدرێت، بەڵام لە لایەکیترەوە دەرخەری ئەوەیە کە دەسەڵات لە گۆڕانی بنەڕەتی کۆمەڵایەتی لە ئێران ئەترسێت، گۆڕانێک کە لە ئێستادا و لە سەردەمی شۆڕشی ژینا بە دواوە ژنان پێشەنگایەتی دەکەن.

بەکارهێنانی جەستەی ژن وەک ئامرازێکی سیاسی، لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە کەلتوورێکی پیاومەزنانەیان هەیە و دەیانهەوێت بە پێی یاسا جەستەی ژن کونتڕۆڵ بکەن مێژوویەکی کۆنی هەیە. جەستەی ژن بەردەوام لە لایەن سیستەمی باوکسالارییەوە بەکارهێنراوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ژنان و بەرگرتن بەوەی ژنان بتوانن ببن بە ئەکتەری سیاسی و کۆمەڵایەتی. بۆ وێنە لە سەردەمی خۆپیشاندانەکانی میسر لە بەهاری عەرەبی لە ساڵی ٢٠١١و لە گۆڕەپانی ( تحریر) دەوڵەت بۆ ئەوەی سووکایەتی بە ژنان بکات و بەر بە ئامادە بوونیان بگرێت لەو گۆڕەپانەی کە ببوو بە رەمزی وەستانەوە دژی دەسەڵات، ” تێستی پاکیزەبوون و کچێنی” بەکار ئەهێنا دژی کچانی خۆپیشاندەر و بەم شێوەیە سووکایەتی بە خەباتی ژنان بۆ ئازادی یەکسانی ئەکرد و هەوڵی ئەدا سەرکوتی بکات. بەکارهێنانی تێستی کچێنی (کشوفات العذریە) سووکایەتییەکی گەورە بووە بە ژنان و کچانی بەشداربووی ئەو خۆپیشاندانانە کە لە ٢٥ی جێنیڤەری ٢٠١١ ەوە دەستی پێکرد و ١١ی فێبریواری (شوبات)ی هەمانساڵ بە سەرکەوتن گەیشت و حوسنی موبارەک ناچار کرا واز لە دەسەڵات بهێنێت.

شۆرشی ژینا لە ئێستادا وەک ناوێک، وەک رەمزێک بە دروشمەکەیەوە کە ( ژن، ژیان، ئازادی)یە، سنوورەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانی بەزاندووە. لە ئێستادا ئەم دروشم و شۆڕشە جیهانی بۆتەوەو رەمزی خەباتی ژنانی کوردە. تایبەتمەندی دیاری ئەم سەردەمە ئەوەیە ژنان یەکگرتووترن، نەترسانەتر و یەکگرتوانەتر دژی نۆرمی زاڵ ئەوەستنەوەو لەوە تێگەیشتوون هێزیان لە یەکگرتنیاندایە. ئەو ژنانەی یەکتریان نەدەناسی، بەڵام بە ئامانجێکی هاوبەشەوە، کە خەبات بووە دژی دەسەڵاتی ئایدیۆلۆژیکی ئایینی، دژی حکوومەت دەوەستنەوەو ئەم هاوپەیمانی و یەکگرتووەییە ئەو شتەیە کە دەسەڵات لێی دەترسێت و هەوڵی سەرکوتی ئەدات. بە کورتی ئەتوانین بڵێین ژنان بە هەڵبژاردنی رێکاری جیاواز، لەوانە نەهێشتنی حیجابی زۆرە ملێ، هاوکێشەکەیان گۆڕیوە. ئەگەر سەردەمانێک دەسەڵات جەستەی ژنانی وەک کەرەستەیەک بەکار ئەهێنا دژی ژنان، ئێستا ئەوان جەستەی خۆیان، نمایش کردنی قژیان وەک بەشێک لە جەستە وەک چەکێک بەکار ئەهێنن دژی دەسەڵات.

شۆڕشی ژینا، بە هەموو تایبەتمەندییەکانییەوە گۆڕانی گەورەی کۆمەڵایەتی دروستکردووە، گۆڕانێک کە ئەتوانێت قووڵتر و کاریگەرتریش بێتەوە. ئەمجۆرە لە وەستانەوەی ژنان دژی دەسەڵات و یاساکانی، رێگاخۆشکەرە بۆ گۆڕانی گەورەی کۆمەڵایەتی- سیاسی. سەرکوتی ژنان ئەکرێ ئەنجامەکەی پێچەوانەی ئەوە بیت کە دەسەڵات دەیهەوێت و ببێت بە هۆی یەکگرتوویی زیاتری ژنان و هێزە پێشکەوتوو خوازەکان.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button