وتاری وەرگێڕان

گیان و دونیای ئالیس مۆنرۆ/ تەنها لە چیرۆكەكانیدا خۆی بەجێ دێڵێت!

پاوڵ ئاوستێر

 

ئەو رووداوانەی كە بكرێت وەك چیرۆك دوایان بكەوین، تەنها بۆ ئەو كەسانە روودەدەن كە دەتوانن زۆر باش بیگێڕنەوە.

 

پاوڵ ئاوستێر

 

رۆیشن بۆ ئەو شوێنەی ئالیس مۆنرۆ دەژی كارێكی دژوارە، واتە شاری كلینتۆن لە ناوچەی ئۆنتاریۆ، مەزرایەكی بازنەیی لە باشووری كەنەدا. لە وەرزی پاییزدا، كلینتۆن بەو خانووە بچووكانەوە كە وەك یەك دەچن و هەموویان لە دار و خشت دروستكراون لە ناو دیمەنەكانی دەورووبەردا ون بووە، شارێكە كە وات لێدەكات غەم دات بگرێت.

بەو كەش و هەوا نالەبارەوە، كلینتۆن شوێنكی باش نییە بۆ ژیانی ترسنۆكەكان. بەمەشەوە خانمی مۆنرۆ هیچكات ئەوێ بەجێ‌ ناهێڵێت. ئەو ماتریاڵی خاوی چیرۆكەكانی لێرە، لە ناو كۆچبەرە سكۆتلەندییەكان، هەڵسووكەوت كۆنتڕۆڵ كراویان و ئەو رستە كورتانەی كە هەڵی دەبژێرن بۆ ئەوەی بەكورتترین شێوە مەبەستی خۆیان بگەیەنن هەڵدەبژێت. ئەمە رێك ئەو شتەیە كە ئەو دەیهەوێت. خۆی ئەڵێت :” عاشقی ژیانی ئێرەم. زیاتر لە خۆش ویستن دیمەن و بەرجەوەنەكانی ئێرەم خۆش دەوێت. ئەو شتەی كە بەباشی ئەیزانم ئەوەیە كە حەزناكەم هیچكات ئێرە جێ بێڵم. ئەوەی كە بەتەنها دەژیم پێم خۆشەو چێژی لێوەردەگرم.”

ئالیس مۆنرۆ یەكێكە لەباشترین چیرۆكنووسەكانی زمانی ئینگلیزی لە دونیادا. ساڵانە 25 تا 30 هەزار دانە لە كتێبەكانی دەفرۆشرێت كە ئەمە بۆ كەسێك كە كورتەچیرۆك دەنووسێت زۆر باشە. ئەو نووسەرێكە كە لەلایەن نووسەرەكانیترەوە لەبەر لێهاتوویەكەیدا لە نووسین و ستایلی رەسەنی، ستایش دەكرێت. بەرهەمەكانی بەوە بەناوبانگن كە ستایل و فۆڕمێكی ئاڵۆزیان هەیە. چیرۆكە ئاساییەكانیشی رەنگە لەخاڵێكدا دەست پێبكەن كە نووسەرەكانیتر وەك خاڵی كۆتایی هەڵیدەبژێرن. دواتر گێڕانەوەكە فلاش بەك ئەدات بۆ 10 ساڵ پێشتر و دوای ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ خاڵی سەرەتا.

ریچارد فۆرد، رۆماننووسی ناودار ئەڵێت:” ئالیس وەك “خێرا نووسەكان”كار دەكات، لەهەر كوێ بیت لەگەڵ ئەوەی ناوت برد هەمووان جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە ئالیس لەكارەكانیدا شارەزایە!”

لە دانیشتنی خوێندنەوەی كتێبی “عەشقی ژنێكی باش” لە نیۆیۆرك تایمز، میكائیل گوورا، ئالیس مۆنرۆ لەگەڵ “ڤۆردز ڤۆرس” بەراورد دەكات، لەبەر ئەوەی ” ئالیس ئەتوانێت هەر سات و رووداوێك وێران بكات و گرێی بداتەوە بە سات و رووداوێكی ترەوە بە شێوەیەكی بێ وێنە و زۆر شارەزایانە لەحاڵێكدا كە بەردەوامی رووداوی تێك نەداوە گرێیان بدات بەیەكەوە.”

ئالیس دوای وەرگرتنی هەرخەڵاتێك كە پێی دەبەخشرێت دەگەڕێتەوە بۆ كلینتۆن و دووبارە درێژە دەداتەوە بە ژیان.

ئالیس مۆنرۆ بەردەوام ئەڵێت:” ئەمە تەنها لەبەر دیمەنە جوانەكەی نییە.” ئەو ئەڵێت:” من عاشقی ژیانێكم كە بەتەواوی جیاواز بێت لە كەش و هەوای نووسین.” هەموو ساڵێك زستانانن بۆ پشووی زستانە دەڕواتە ئەپارتمانەكەی لە پارێزگای بریتیش كۆلۆمبیا كە لەگەڵ كەسێك پێكەوە كڕیویانە شەریكن لەو ئەپارتمانەدا.

چیرۆكەكانی مۆنرۆ ژیانی خەڵكانی ئاسایی دەگێڕنەوە، رازەكانیان، بیرەوەرییەكانیان لە دیمەنەكانی سەرهەڵدانی تووڕەیی و هەڵچوون و حەزە سێكسییەكانیان. لە چیرۆكی “دوورگەی كۆرتێس” ژنە نووسەرێك، كارێك هەڵدەبژێرێت و ئەویش پێڕاگەیشتن بە پیرەپیاوێكە بەناوی گووری. ئالیس مۆنرۆ دەنووسیت بگێڕەوەی چیرۆكەكە ئاگای لە ” بۆنی ناخۆش، چاوە لەرزۆك و ددانەكانی پیرەپیاوەكەیە كە وەك ددانی سەگ دەچێت.” بەڵام لە خەیاڵی خۆیدا بیرلەوە دەكاتەوە لەگەڵ پیرەپیاوەكە پەیوەندی سێكسی هەبێت. پاگان لە خەیاڵی خۆیدا دەبینێت :” هێرش بردن، وەڵامدانەوەو هەموو ئەو شتانەی عەشق دوور خراوەتەوە بۆ ئەوێ‌، بەرەو سەرتر لەو شتانە دەخزێت كە عەشق پێشنیاری پێدەكات. شایستەبوونیش هەروەها. قەرەوێڵەكەمان- قەرەوێڵمەی من و گریگۆری- كەنارێكی لمی یان سەر تەختی بەلەمێك یان هەر شوێنێك كە ئێمە لێی بحەوێینەوە.”

لەچیرۆكی ترسێنەری “بەرلەگۆڕان”دا ژنە ئەزانێت باوكی منداڵی ژنان لەبار دەبات و كاری لەبار بردنی منداڵی ئەو ژنانەیە سكیان پڕبووەو دەیانهەوێت منداڵەكەیان لەبار ببەن. كەوایە یارمەتی باوكی ئەدات لەم كارەدا. كەسایەتی سەرەكی چیرۆكەكە ئەڵێت:” ئەو ژمارەیەك شیشی یەك ئەندازەی هەبوو كە سەنتیمەكانی لەسەر نەخش كرابوو. من نەمدەتوانی چوونە ناوەوەی شیشەكان لە جسمی ژنەكاندا ببینم، بەڵام بە بینینی یەكەم شەپۆلەكانی ئازار لە جەستەیاندا كە وایدەكرد ترس بەتەواوی دایان بگرێت، هەستم بەو شیشە دەكرد لە جسمیاندا.” ئالیس مۆنرۆ هەروەها دەنووسێت :” ئەو شتەی زیاتر لە هەر شتێك لە نووسیندا هەستی پێدەكەم بە شێوەیەك ساتێكی تەواو و ئیلهامێكی ترسێنەرە كە هیچ كارێكیشمان لەدەست نایەت بۆ ئەو سات و ئیلهامەی بكەین.”

ئالیس لەبەشێك لە بەرهەكانیدا باس لە وەها شتێك دەكات:” جۆرێكی نوێ‌ لە گرووپێك لە پیرەژنەكان كە بەپێی یاسایەكی تایبەت دەژین و پیر دەبن و سەرەنجام لە ئاخرین پلیكانەدا دەبینن كە دەیانتوانی بەشێوەیەكیتر بژین.”

هێنانەگۆڕی تیۆری ” جۆرێكیی نوێ‌ لە پیرەژنەكان” لە دەیەی 1960دا كە هێماكانی هیپی بوون لە سەردەمی گەنجێتیدا لەودا دەبیندرا، بەمێشكیدا هات، لەو سەردەمەدا كە هەستی بە بەرپرسایەتی نەدەكرد، عاشقبوون و عاشقی كردن و هەندێ‌جاریش بیركردنەوە لەوەی كە منداڵەكانی لەبەر كەسێكیتر جێ بێڵێت. ئالیس مۆنرۆ ئەڵێت:” ئێمە پیرۆەژنەكان بە ئەخلاقیاتی باو و پەیوەندییە سێكسییەكانیانەوە گرێ‌ دەدەینەوە.” بەڵام ” ژمارەیەكی زۆر لە ژنان ژیانێكی پڕمەترسیتریان بووە لەچاو كچەكانیان. واتە مەترسی ئەوەی كە تەنها بژین.”

یەكێك لەو چیرۆكانەی كە خۆی پێی خۆشە “رزگاركردنی دروێنەكەر”ە. ئەو چیرۆكی ژنێكی بەتەمەن دەگێڕێتەوە كە لە پەیوەندییەكی ناشەرعی ژنێكی هەیە‌و هەروەها ئەتوانێت هەست بە ئازارە دەروونییەكانی كچەكەی بكات. رۆژیك هەرئەو بەتەمەنە رێبوارە- كچێك- سوار دەكات (بێئەوەی پارەی لێوەبگرێت) لەگەڵیدا سێكس دەكات. لە كۆتایی چیرۆكەكەدا ژنەكە نازانێت كچەكە سەردانی دەكاتەوە یان نە؟ بەڵام لێرەدا ئالیس مۆنرۆ دەنوسێت :” كچەكە ئیتر ناگەڕێتەوە. راست دە خولەك بەرلەوەی بەو شاڕێ بگات پێشنیاری باشتری پێدەدرێت. رەنگە پێشنیاری پڕمەترسیتر، بەڵام سەرنجڕاكێشتر.”

بەسەرنجدان بەم نموونە بچووكە ئەتوانین بە ئاشكرا ئەوە بڵێین ئالیس مۆنرۆ لە نووسیندا زۆر وردەو زۆر بە وردەكارییەوە كار دەكات. بە شێوەیەك كە لە خوێندنەوەی چیرۆكەكانیدا ناتوانین تەنانەت وشەیەكیش لەبەرچاو نەگرین. بەشێوەیەك ئەتوانین بڵێین ئەو چیرۆكانەی دەینووسێت بەشێوەیەك لە ژیانی خۆی وەرگیراوەو كاریگەری ژیانی خۆی لەسەر نووسینەكانی دەبیندرێت. بۆ وێنە چیرۆكی  “وێستگەی بیابانی” لە ژیانی یەكێك لە باوەگەورەكانییەوە وەرگیراوە كە بەهۆی ئەوەی دارێك كەوتووە بەسەریدا مردووە. لەو چیرۆكەیدا كە ئەو نووسیویەتی ژنێك باس لەوە دەكات مێردەكەی خۆی كوشتووە. “وێستگەی بیابانی”یش وەك كورتە چیرۆكەكانیتری باس لە چیرۆكی كوژران و قەتڵێكی ناسەركەوتوو دەكات.

بوونی ئەم وردبینیانەیە كە وایكردووە ئاستی چیرۆكەكانی بەرزتر بێت لە ئاستی چیرۆكی نووسەرانی هاو تەمەنی خۆی. ئەوەی كە ئەمساڵیش خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیاتی پێبەخشرا بەڵگەیە بۆ ئەم شتە. بەگشتی مۆنرۆ ئاڵۆز دەنووسێت ‌و بۆ تێگەیشتن لەم ئاڵۆزییە پێویستە لەگەڵ كارەكتەرەكان بژیت.

ئالیس مۆنرۆ دوای وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیات لە وتووێژێكدا ئەڵێت :” ئەو سەرنج و ئەو هەمووە گرینگیدانەی ئەمڕۆ سبەی بینیم كە دەربڕی سۆز و خۆشەویستیی خوێنەرانە تووشی سەرسووڕمانی كردم، ئەمە سۆرپرازێكی گەورەیەو جێگای سەرسووڕمانە. بەڕاستی شانازی دەكەم بەوەی لە لایەن كۆمیتەی نۆبڵەوە بەمشێوەیە گرینگیم پێدراوەو لەبەرچاویان گرتووم و منیش سپاسیان دەكەم.”

” كە دەستمكرد بە چیرۆكنووسین تەنها دەستەیەكی بچووكی پێكهاتوو لە نووسەرانی كەنەدایی بوونیان هەبوو و دونیای ئەدەب ئەوانی لەبەرچاو نەدەگرت.  بەڵام ئێستا بەرهەمی نووسەرانی كەنەدایی دەخوێندرێنەوەو لە لایەن خوێنەرانەوە لە هەموو دونیا گرینگیان پێدەدرێت. منیش ئەوەی كە خەڵاتی نۆبڵم پێبەخشراوە لە خۆشیدا لەوانە باڵ دەربكەم. هیوادارم ئەم خەڵاتە هاندەر بێت بۆ سەرجەم نووسەرانی كەنەدایی. هەروەها هیوادارم ببێت بەهۆی ئەوەی سەرنجی زیاتر بدرێت بە فۆڕمی كورتە چیرۆك لە هەموو دونیا.”

ئالیس مۆنرۆ لەمێژە وەك نوێنەری كورتەچیرۆك لە دونیا دەناسرێت. بۆ سەلماندنی ئەم شتەش پێویستە باس لە جۆری بونیادی گێڕانەوەو قووڵایی خولقانی كارەكتەرە كە ئێمە لە رۆماندا چاوەڕوانین بیبینین بەڵام سەرجەم ئەم شتانە لە كورتە چیرۆكە 30 بۆ 40 لاپەڕەكانی مۆنرۆدا هاتووە و دەیبینین. رەخنەگران و هاوتەمەنەكانی بەهەر شێوەیەك كە كراوە ستایشی كارەكانی ئەویان كردووە، زمانێكی بەهێز، وەسفی شتەكان بەشێوەی ورد، سۆرپرایز و لۆژیكی حیكایەتبێژی، گۆڕینی فەزای چیرۆك بەشێَوەیەكی باش و بێ كەم و كوڕی و هەروەها پەیوەندی نزیك بە لایەنی جیاوازەوە لە هەڵسووكەوت رەفتاری ئینسانەكان.

ماوەیەك لەوە پێش لە وتووێژ لەگەڵ رۆژنامەی نێونەتەوەیی كەنەدادا باسی لەوە كرد ئیتر نایهەوێت بنووسێت! ئێستا ئەبێ ئەوە بزانین دوای ئەوەی خەڵاتی نۆبڵی پێبەخشراوە هێشتا هەربەردەوامە لەسەر ئەم بڕیارەی خۆی یان نە!

ئالیس مۆنرۆ لە بەرهەمەكانیدا لانیكەم لە چاو براوەكانی ئەم چەند ساڵەی دوایی لەوانە ماریۆ بارگاس یۆساو درۆیس لیسینگ، كەمتر بۆچوون و روانگەی سیاسی هەیە. ساڵی 2003 لەوتووێژ لەگەڵا هەواڵنێری AP وتی ئیلهام لەو رووداوانە وەرناگرێت كە ئەمڕۆ روودەدەن، ماتریاڵی خاوی چیرۆكەكانی لەناو بیرەوەرییەكان، ئەو دۆنگۆ و حیكایەتانەی لە رابردوو دەیگێڕنەوە دەدۆزێتەوە.

:” لە ژیانی ئاساییدا زۆر چالاك و سیاسی نیم. بۆ خۆم بڕوام بەهەندێ‌ شت هەیە و بەپێی ئەو باوەڕەی خۆم پەیوەندی بە گرووپە جیاوازەكانەوە دەكەم. بەڵام هەموو كات حەز دەكەم بزانم خەڵكانی خوارتر لە خۆم چ كارێك لەم بارەوە چۆن دەڕوانن و چی دەكەن، ئەم كارەم زیاتر بەلاوە پەسەندە.

 

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button