چیرۆکی وەرگێڕان

گوناهی مێژوو نووسی هەڵخەڵەتاو

پاوائۆ پائولیسیج

سەردەمانێک کە تۆقاندن زاڵ بوو، دەستگیرییە بە کۆمەڵەکان ببوو بە کارێکى هەمیشەیی. بە شەو ئەم کارەیان دەکرد. دەستەیەک بە دەم و چاوى داپۆشراوەوە دەیاندا لە درگا و فەرمانیان بە خاون ماڵى خەواڵوو دەدا خۆى پۆشتە کاتەوە. دواتر دەیانبرد بۆ یەکێک لە زیندانە بچووکەکان شار کە وەک کارگ لە هەموو شوێنێکى شار دەڕوا. هەندێ جار مەئموورەکان هەموو ئەندامانى بنەماڵەى پێکەوە دەبرد و دایە گەورەو مناڵەکانیشان هەڵدەستاند و لە گەڵ خۆیان دەیانبردن.
حەشیمەتى شار رۆژ لە گەڵ رۆژ کەم دەبۆوەو پاسەوانەکان بە هات و هاوارەوە هەموو شار دەگەڕان و خەڵکیان لە ماڵەکانى خۆیان دەهێنایە دەرو لە شەقامەکاندا رایاندەکێشان. زۆربەى خەڵک شەو بە پۆشتەى دەخەوتن و بوخچەکانیان لە ژوور سەریان دادەناو وەنەوزیان دەدا، چونکە هەر کات چاوەڕوانى ئەوە دەکرا مەئموورەکان بڕژێن بە سەریاندا. باوەڕیان نەدەکرد زیندانەکانى شار جێگاى هەموو ئەو خەڵکە بێتەوە، بەڵام ماوەیەکى دواتر هەموو خانوەکان بوو بە زیندان، یەک لە دواى یەک. دواتر هەر کەسیان لە ماڵی ئەویتردا زیندانى کرد. دەوڵەمەندەکانیان لە ماڵی هەژارەکاندا و بە پێچەوانەوە، سەربازەکان لە مەدەرەسەکان، قەشەکان لە بنکە نیزامییەکان، دوکتۆر و نەخۆشەکانیان لە نەجیب خانەکاندا زیندانى کرد و لات و خوێڕییەکانیان ناردە پەرەستگەکان.

هێزى کار بە خێرایی کەم بۆوە و زۆربەى کارەکان کەوتە ئەستۆى زیندانییەکان. لەو روەوە کە جل کردنە بەریان وەک خەڵک بوو و ژمارەکەیان نهێنى بوو، جیاکردنەوەى ئەوەى کێ زیندانییەو کێ هێزى کار دژوار بوو. تەنانەت زیندانییەکانیان دامەزراند بۆ دەستگیر کردنى خەڵک. هەرچەن خۆیان زیندانى بوو، چەک و چۆڵیشان پێ بوو. تا دەهات ژمارەى دەستگیر کراوەکان زیادى دەکرد. لە ناو ئەو زیندانیانەدا کە دواتر دەهاتن بەرپرسانى باڵای شاریش دەبیندرا. قەشەکان، بازرگانەکان، بەرپرسانى ئەرتەش، پاسەوانەکان و کارمەندەکانیش زیندانى دەکران. سەرەنجام هەمووانیان زیندانى کرد و تەنانەت بەڕێوە بەرانى حکووومەتیش کەوتنە زیندانەوە. هەر کەس چاودێرى ئەوىترى دەکرد. هەمووان زیندانى بوون و کەس نەیدەزانى کێ فەرمانى ئەم دەستگیریانە دەردەکات. هەمووان لایان وابوو بەشدارن لە بەڕێوە بردنى ئیدارەى شاردا و لە دەستگیر کردنى کەسەکان و زیندانى بووندا بەشدارن. لەو روەوە کە هەمووان یەک جۆر جلیان لە بەر دەکرد و مافی یەکسانیان هەبوو لە ژێر چاودێریدا بوون و خەریک کارى خۆیان بوون ئەتگوت هیچ رووى نەداوە. ئەوان ژیانى عادى خۆیان دەکرد و ئەگەر کەسێک شتێکى لێ دەپرسین دەیانگوت رازین لە ژیانیان.
چەند ساڵ دواتر نکۆڵیان لە هەر چەشنە دەستگیر کردنێک کرد و رایانگەیاند هەموو ئەم شتانە درووستکراوى مێژوو نووسێکى دوژمنکار و نائاگاه و فریو خواردوە.

 

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button