Uncategorizedوتاری نووسین

کۆنسێرڤاتیزمی ئیسلامی و مەترسییەکانی

ن: مستەفا زاهیدی

کۆنسێرڤاتیزمی ئیسلامی و مەترسییەکانی

 

١

رۆژی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٠، مامۆستایەکی فەرەنسی بە ناوی “سامۆئل پێتی” لە لایەن یەکێک لە خوێندکارەکانی خۆیەوە کە موسوڵمانێکی ١٨ ساڵەی “چێچن”ی بوو، سەری بردرا. سەربڕینی ئەم مامۆستا ٤٧ ساڵەیە لە لایەن خوێندکارەکەیەوە، شەپۆلێکی گەورەی ناڕەزایەتی لێکەوتەوە. ماکرۆن ، سەرۆک وەزیرانی فەرەنسە دەستبەجێ کردەوەکەی بە کردەوەیەکی تیرۆریستی ناوبرد کە لە لایەن ئیسلامییەکانەوە جێبەجێ کراوەو مامۆستاکەی بە قوربانی “ئازادی رادەربڕین” ناو برد. هەروەها رایگەیاند وڵاتی فەرەنسا ئیزن نادات موسوڵمانە توندڕەوەکان بەهاکانی ئەم وڵاتە پێشێل بکەن. هەروەها بەرگری کرد لە ئازادی رادەربڕین و کوشتنی ئەم مامۆستا ٤٧ ساڵەیەی بە تیرۆر ناوبرد.

ماکرۆن لە چەند شوێن بە توندی بەرگری کرد لە بەهاکانی دونیای رۆژئاوا و فەرەنسا و دژی ئیسلامییەکان وەستایەوە. لە بەرامبەردا جەمسەرێک دروستبوو بە ناوی بەرگری کردن لە ئیسلام. وتەکانی ماکرۆنیان بە دەستدرێژی بۆ سەر ئیسلام ناوزەد کرد. ئەتوانین بە ئاشکرا ئەوە ببینین نوێنەرایەتی ئەم جەمسەرە لە دونیا کە بە جەمسەری ئیسلامی دەکرێت ناوی ببەین، تورکیا و ئەردۆگانە. هەرچەند دواتر بەشێکیتر لە وڵاتانی ئیسلامی لەوانە ئێران بە هەمانشێوەی تورکیا دژی فەرەنسا و ماکرۆن هەڵوێستیان گرت.

ئەردۆگان کە خۆی بە خەلیفەی نوێی موسوڵمانەکان ناو دەبات و وەک بەشێک لە نوێنەرایەتی جەمسەری سوننە لە دونیای ئیسلام دەردەکەوێت، لە چەند وتاردانیدا بە توندی هێرشی کردە سەر ماکرۆن و تەنانەت ماکرۆنی بە “شێت” و “دەروون شێواو” ناوزەد کرد.

ئەردۆگان و دەسەڵاتی (ئاکەپە) کە لە چەند مانگی رابردوودا بەهۆی هەڕەشە کردن لە یۆنان، هەوڵدان بۆ گەیشتن بە نەوت و گاز لە دەریای ناوەڕاست ، هەوڵیدا قسەکانی ماکرۆن بقۆزێتەوە. بە جۆشدان و مۆبیلیزە کردنی بەشێکی زۆر لە ئیسلامییەکان لە شوێنە جیاوازەکانی دونیا و لەوانەش لە کوردستان، هەوڵیداوە سۆزی ئەوان بۆ لای خۆ رابکێشێت بە نیشاندانی هێزی خۆی لەم دەرفەتە کەڵک وەربگرێت و دونیای رۆژئاوا و لەوانەش فەرەنسا بێدەنگ بکات بەرامبەر بە توندڕەوییە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی.

ئاکەپە و ئەردۆگان لە زۆر رووەوە لە ناوخۆ و دەرەوە تووشی کێشەن. لە ناوخۆی وڵات، ئابووری تورکیا ئابوورییەکی رووخاوە. ئەردۆگان کە بە دروشمی گەشانەوەی ئابووری دەسەڵاتی گرتە دەست، ئێستە وڵاتەکەی لە خراپترین قەیرانی ئابووریدایە و بە تایبەت دوای گەمارۆکانی ئەم دواییانەی ئەمریکا، زیاتر وڵاتەکەی تووشی قەیران ئەبێت.

ئاکەپە لە هێرشکردن بۆ سەر کوردستانی باشوور بە بیانووی بوونی هێزەکانی پ.ک.ک ، تووشی شکست هات و ژمارەیەکی زۆر لە سەربازەکانی کوژرا. لە کوردستانی رۆژئاوا بە هەمانشێوە نەیتوانیوە بە ئامانجەکانی بگات و بە تایبەت دوای هەوڵەکان بۆ ئاشتی حیزب و لایەنە کوردستانییەکان، هەست بە شکست دەکات. هەموو ئەمانە وا دەکات ئەردۆگان کەڵک لە قسەکانی ماکرۆن وەربگرێت بە مەبەستی مۆبیلیزە کردن و جۆشدانی خەڵک و شاردنەوەی شکستەکانی خۆی.

لە کوردستانیش بە یارمەتی حیزب و لایەنە ئیسلامییەکان، کە دەیان ساڵە پارەیان بۆ سەرف دەکات و رێکیان دەخات، بە تایبەت لە رێگای ئەو رەوتانەوە کە خۆیان وەک رەوتی ئیخوان دەناسێنن، هەوڵیداوەو دەدات کەڵک لە هەست و باوەڕی خەڵک وەربگرێت. کەمپەینی دژایەتی کردنی فەرەنسا و بایکۆتی کەل و پەلی فەرەنسا، کە لە سەر قسەی ئەردۆگان دەستی پێکرد لە کوردستانیش زۆر بانگەشەی بۆ دەکرێت.(هەرچەن بازاڕی کوردستان بە تایبەت لەم دۆخە ئابوورییەدا، بازاڕێک نییە کە کاڵای فەرەنسی بگرێتە خۆی و لە کوردستان، بایکۆت کردنی کاڵای فەرەنسی زیاتر وەک جۆک دەردەکەوێت.)

مەلاکانی کوردستان دەستیان کردوە بە رێکخستنی کەمپەینی دژایەتی کردنی فەرەنسا و دونیای رۆژئاوا. باس لەوە دەکەن کە پێویستە کاڵای دونیای رۆژئاوا نەکرێن. تەنانەت مەلایەک وتبووی :” نابێ هیچ کاڵایەکی فەرەنسی، ئەڵمانی، ئەمریکی، چینی، رووسی و… بکڕدرێت. وەک ئەوەی خۆیان و دونیای ئیسلام بەرهەم هێنەری هەموو شت بن و پێویستیان بە رۆژئاوا نەبێت، کە ئەمەش هەر نوکتەیە!”

بە گشتی ئەمە ئەو فەزایە کە لە ئێستادا لەم دونیایەدا بوونی هەیە، فەزایەک کە دوو جەمسەرییەکی ئاشكرا دەبینین، جەمسەرێک کە پشتیوانی لە دیمۆکراسی و رەوشنگەری و بەهاکانی دەکات و جەمسەرێک کە خوازیارە فەرمانە ئیسلامییەکان بە سەر هەموو دونیادا بسەپێنێت.

ئیسلامییەکان دەیانهەوێت بە گوشارهێنان بۆ رۆژئاوا و دونیای رۆژئاوا، بە کوشتن و بڕین و ترساندن خۆیان بە سەر ئەم دونیایەدا داسەپێنن. وەک چۆن رۆژی ٢٩ی ئۆکتۆبەر لە کەنیسەیەک لە شاری “نیس”ی فەرەنسا جارێکیتر بە دروشمی (اللە اکبر)ەوە بە چەقۆ هێرشیان کردەوە سەر خەڵک چەند کەس بریندار بوون و ٣ کەس گیانیان لە دەستدا.

 

٢

رۆژی دووشەممە ٢٦ی ئۆکتۆبەر ٢٠٢٠، خانمە هونەرمەندی شێوەکاری کورد، تارا عەبدوڵڵا، پرۆژەیەکی هونەری بەناوی (مێینە) لە شاری سلێمانی بەڕێوەبرد. پرۆژەیەک کە بە هەڵواسینی پۆشاک و جل و بەرگی ژنانە، ئەو ژنانەی کە لە لایەن پیاوەکانەوە رووبەڕووی توندووتیژی بوونەتەوە، هەوڵیدا ئاستی گەورەیی و بەرفراوانی دەستدرێژی و توندووتیژی پیاوان بۆ سەر ژنان لە کۆمەڵگای کوردستان و شارێکی وەک سلێمانی بە وێنا بکێشێت و کۆمەڵگا وشیار بکاتەوە. پرۆژەیەک کە تەمەنێکی زۆر کەمی هەبوو. شەوی دووشەممە لە سەر سێ شەممە بەشێک لەم پرۆژەیە کە دەکەوتە سەر شەقامی سالم، ئاگری تێبەردرا. بۆیە رۆژی سێ شەممە هونەرمەند ناچار کرا پرۆژەکەی کۆ بکاتەوە.

ئەوەی لەم ناوەدا جێگەی سەرنج بوو، هێرشی بەرفراوانی پیاوان و بە تایبەت پیاوانی ئایینی بوو بۆ سەر پرۆژەکەی هونەرمەند (تارا عەبدوڵڵا) و رێکخراوەکانی ژنان. هەندێک ناویانناوە تەنافی پۆشاکی ژنان، هەندێکی دیکە وەک سوکایەتی بۆ ژن ناوزەدیانکردوە، هەندێکی دیکەش وەک پیسکاری ژینگەو تێکدانی سیمای شار، هەندێکیش وەک پڕۆژەی خۆ دەرخەرو بازرگانیکردن ناویانهێناوە. سەرجەم ئەم تانە و تەشەرانەش لە لایەن کۆمەڵگا و توێژی کۆنسێرڤاتی کۆمەڵگاوە خراوەتە پاڵ ئەم پرۆژەیە. ئەو دەمەی تارا زیاتر لە ٩ هەزار و ٦٧٨ پارچە لە جل و بەرگ و پۆشاکی ئەو ژنانەی نیشاندا کە توندووتیژیان بەرامبەر کراوە، بەشێک لە پیاوەکان رەگی غیرەتیان جووڵا، نیشاندانی جل و بەرگی ژنان لە سەر شەقامیان بەوە ناوبرد کە ئەمە بێ ئەخلاقییە. ئەوان لە بری شەرمکردن لەو ئاستە گەورەیەی توندووتیژی بەرامبەر بە ژنان، تەنانەت ئەیانپرسی چۆن دەکرێت بەم شێوەیە فەراوان توندووتیژی کرابێت بەرامبەر بە ژنان؟ دەیانویست بەم پرسیارانە گومان لە سەر ئەم پرۆژەیە دروست بکەن.

مەلاکانی کوردستان، ئەوانەی کە تەنها لە نەزانینی خەڵک کەڵک وەردەگرن لە پێناو بەرژەوەندییەکانی خۆیان، زۆر توند هێرشیانکردە سەر ئەم پرۆژەیە. سووکترین و ناشیرینترین وشەکانیان بەرامبەر بە ژنان و چالاکانی بواری مافەکانی ژنان و رێکخراوەکانی ژنان بەکار هێنا. تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پڕبوو لە ڕق و نفرەت بەرامبەر بەم پرۆژەیە. تەنانەت هەشبوون کەسانێک نەک لە دیدێکی ئایینی، بەڵکوو لە دیدی شارچییەتی و ناسیۆنالیسمەوە هێرشیان کردە سەر ئەم پرۆژەیە. بێ ئەوەی هەر ئەو کەسانە جارێک لە خۆیان پرسن: ئەم ئاستە گەورە لە توندووتیژی بۆچ؟

٣

ئەگەر لە کۆمەڵگای کوردستان، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی کوردەکانەوە بمانهەوێت ئەم دوو رووداوە ببینین، دەتوانین بڵێین زۆربەی زۆری ئەوانەی دژی پرۆژەکەی تارا عەبدوڵڵا بوون، هەر ئەوانەن کە بە توندی هێرش دەکەنە سەر فەرەنسا و بەهاکانی فەرەنسا. ئەتوانین بڵێین بە هۆی ئەم رووداوەوە کۆمەڵگای کوردستان بوو بە دوو بەش یان جەمسەرەوە. بەش یان جەمسەرێک کە دژی توندڕەوی ئیسلامی و موسوڵمانەکان بوو لە فەرەنسا یان هەر شوێنێکی دونیا، بەشێک کە فتوای کوشتن و بڕینی ئەدا و تەنانەت هەڕەشەی لە ماکرۆن دەکرد و جنێویان بە ژنەکەی دەدا و سووکترین وشەکانیان بەرامبەر بە هاوسەری ماکرۆن بەکار دەهێنا. لە پرۆژەکەی تارا عەبدوڵڵاش بەهەمانشێوە، بەشێک لە کۆمەڵگا پشتیوانی لە پرۆژەکەی دەکرد و بە کارێکی هونەری ناوی دەبرد، دژی توندووتیژی بەرامبەر بە ژنان هەڵوێستی دەگرت. بەشێکیش وەک لە سەرەوە ئاماژەی پێدرا بە توندترین شیوە هێرشی کردە سەر پرۆژەکە. ئیسلامییەکانی کوردستان هەموو هێزی خۆیان لە چەند رۆژی رابردوودا خستەکار بۆ هەڵوێست گرتن لەسەر ئەم دوو رووداوە. تەنانەت ماوەیەک پێشتریش و بە هۆی مەرگی خانمە شاعیر و نووسەر، مەهاباد قەرەداغییەوە، ئیسلامییەکان تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان پڕکرد لە جنێو و قسەی سووک.

ئیسلامییەکانی کوردستان لەم رووداوانەدا کاریان لەسەر هەستی ئایینی کۆمەڵگا کرد و دەکەن. لە رێگای میدیای جیاوازەوە خەریکی جۆشدانی خەڵکن. مەلا و پێش نوێژەکان بە فتوا یەک لە دوای یەکەکانیان کاریان لەسەر ئەوە کرد وەک نوێنەرانی خودا، پارێزگاری لە ئایین و شەرەف و ئەخلاقی ئیسلامی بکەن! بێ ئاگا لەوەی ئەوەی وەک شەرەف و ئەخلاقی ئیسلامی ناوی دەبەن، وەک بەهای ئیسلامی ناوی دەبەن، دوورە لە بەها و نۆرمە باوەکانی دونیای ئەمڕۆ.

٤

ڕووداوەکانی پاریس و نیس، ئەوەی خستەڕوو ئیسلامییەکان لە ئەورووپا مەترسین بۆ سەر ئاسایش و ئەمنییەتی کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری و ژینگەیی و بەهاکانی رۆژئاوا. رۆژئاوا بە درێژایی چەند سەدە شەڕی کردووە بەوەی ئەو نۆرمانەی جێخستووە کە وەک بەهاکانی رۆژئاوا ناوی لێ دەبرێت. فەرەنسا وەک لانکەی رەوشنگەری و دواتر مۆدێرنیتی ئەورووپا دەناسرێت. ئیسلامییەکان زۆرترین کەڵکیان وەرگرتووە لەو بەهایانەی ئەورووپا کە خۆیان دژی دەوەستنەوە. دونیای رۆژئاوا و ئەورووپا باوەڕی بە ئازادی رادەربڕین و سێکۆلاریزم هەیە. بۆ ئەم مەبەستە خوێنی داوە، دژ بە دەسەڵاتی کەنیسە وەستاوەتەوە. ئیسلام و موسوڵمانەکان کە دژ بە هەموو بەهاکانی سێکۆلاریزم و دونیای مۆدێرنن، کەڵکیان لە یاسای ئەم وڵاتانە وەرگرتووە. لە هیچکام لە وڵاتانی ئەورووپایی و رۆژئاوا کەس لەبەر ئەوەی باوەڕی بە ئایینێک هەیە یان باوەڕی بە هیچ ئایینیک نییە سووکایەتی پێ ناکرێت. بەری پێناگیردرێت ئەرکە ئایینی و باوەڕییەکانی خۆی جێبەجێ بکات. رێک بە پێچەوانەی دونیای ئیسلام کە تەنها موسوڵمان و موسوڵمانەکان بۆیان هەیە دەرکەون. ئیسلامیەکان لەم دۆخە کەڵکیان وەرگرتووە. ئەوان کە لە وڵاتی خۆیان ، لە دەسەڵاتدارانی سەرکوتگەری خۆیان هەڵدێن، لە دونیای رۆژئاوا هەمدیسان درێژە بە هەمان ئەو بەهایانەی خۆیان ئەدەن کە لە وڵاتە دیکتاتۆر و نا دیمۆکراتەکانی خۆیان باوە. بە جەستە لە وڵاتانی ئیسلامی دوور ئەکەونەوە، بەڵام لەبری خۆ گونجاندن لەگەڵ یاسا و نۆرمەکانی دونیای رۆژئاوا، هەوڵ دەدەن دونیای خۆیان، گوند و شارەکەی خۆیان لە رۆژئاوا دروست بکەن. جارێکیتر لە کۆمۆنە بچووکەکانی خۆیان کۆ دەبنەوە. ئەو مزگەوتانەی لە پێتەخت و شارەکانی ئەورووپا، بە پارەی دەسەڵاتدارانی ئیسلامی و بەتایبەت تورکیا، ئێران، عەرەبستان و قەتەر دروست کراون، ئەوان کۆ دەکاتەوە. بیر لە دامەزراندنی ویلایەت و حکوومەتی ئیسلامی و یاسای ئیسلامییە ئەکەنەوە. ئەویتر بە کافر، بێ دین و… ناو دەبەن و لە هەر دەرفەتێک بۆیان بخولقێت کەڵک وەردەگرن بەوەی دژی باوەڕدارانی ئایینەکانیتر، یان بێ باوەڕەکان بوەستنەوە. مانەوە لە کۆمۆن و یەکەی بچووکی کۆمەڵایەتیدا، خۆ دوورگرتن لە تێکەڵبوون بە خەڵکانی ئەورووپی، خۆ دوور خستنەوە لەو بەهایانە و تێکەڵنەبوون بە سیستەمی پەروەردەی کۆمەڵایەتی-سیاسی و.. وا دەکات ئەوان ببن بە کۆمەڵێکی پەراوێز کەوتوو. کۆمەڵێک کە نەیتوانیوە خۆی لەگەڵ بەهاکانی رۆژئاوا بگونجێنێت، لە هەمانکاتیشدا رۆژئاوای بە بەهەشتێک بینیوە کە پێی گەیشتووە. هەربۆیە زۆربەیان تووشی تێکچوونی دەروونی دەبن و ئیسلامییەکان و گرووپە ئیسلامییەکانیش زیاترین کەڵک لەم پەراوێز کەوتوویەی ئەوان وەردەگرن.

بەڵام ئەوەی جێگای مەترسییە لە کوردستان، ئەو هاوسۆزییە گەورەیە کە بۆ ئیسلامی سیاسی و تیرۆریستێکی موسوڵمان لە پاریس و نیس دروست بووە. زۆربەی زۆری ئەوانەشی کە لە کوردستان و ئەورووپا دژی قسەکانی ماکرۆن وەستانەوە قسەکانی ئەویان گوێ لێ نەبووە، یان نەیانخوێندۆتەوە. زۆربەیان لە لایەن ئیسلامییە توندڕەوەکانەوە هاندراون و کەڵکیان لێ وەردەگیردرێت.

ئیسلامییەکان نیشانیانداوە کە لەهەموو دەرفەتەکان کەڵک وەردەگرن بۆ جێخستنی ئایدیای خۆیان وگەڕاندنەوەی کۆمەڵگا و دونیا بۆ ١٤٠٠ ساڵ لەوە پێش. ئەوان توانای هیچ چەشنە هەڵکردنێکیان نییە. زۆر بە ئاشکرا ئەتوانین بڵێین فەلسەفەی مزگەوت، فەلسەفەی ناهەڵکردنە نەک هەڵکردن. ئەمەش بە ئاشکرا لە دەقی قورئان و حەدیسەکاندا دەبیندرێت. گۆڕینی قیبلەی موسوڵمانەکان لە بەیت الموقدەسەوە بۆ کەعبە، هەروەها بوونی ئەو ئایەت و حەدیسانەی کە دەڵێت ئیسلام کامڵترین دین و دوایین دینە و هەر دینێک پێش ئەمە هاتبێت باتڵە، بەو مانایەیە کە رۆحی هەڵکردن لەم دینەدا بوونی نییە. ئیسلام ئایینی جیهادە، واتە ناچارکردنی ئەوانیتر بە زەبری هێز بۆ مکلەچبوون بە ویستی تۆ و خواستی تۆ. لەم رووەوە هەڵەیە ئەگەر دونیای رۆژئاوا لای وابێت رۆحی هەڵکردن لەم ئایینەدا هەیە. کانت دەڵێت :” بۆ هەڵکردنیش سنوورێک هەیە و دەبێت بەر بەو هێزانە بگیردرێت کە دژی هەڵکردنن.” ئیسلام ئەو هێزەیە کە دژی هەڵکردنە. رۆحی هەڵکردنی تێدا نییە، بۆیە دەبێت دژی بوەستنەوە.

٥

هەڵە کوشندەکەی چەپ

یەکێک لەو خاڵانەی کە پێویستە ئاماژەی پێ بدرێت هەڵەیەکی کوشندەیە کە چەپ لە رۆژئاوا و فەرەنسا  دەیکات. چەپ بە ناوی وەستانەوە دژی نیۆلیبرالیزم و لیبرالیزم، خەریکی پشتیوانی کردنە لە هێزە ئیسلامییەکان. ئەگەر چەپ وەفادارە بە دروشمەکانی خۆی، کە وایە دەبێت ئیسلام و موسوڵمانەکان لە دونیای رۆژئاوا مەترسییەکی گەورە بۆ سەر خۆی بزانێت. یەکێک لەو بنەمایانەی چەپی لەسەر دامەزراوە، سێکۆلاریزمە. سێکۆلاریزم بە مانای جیایی دین لە دەوڵەت. بەڵام ئیسلام و موسوڵمانەکان ئەم دەستەواژەیەیان پەسەند نییە. ئەوان بە هەموو شێوەیەک دژی سێکۆلاریزم و ئازادی بیر و باوەڕن. پشتیوانیکردنی چەپ لە ئیسلامییەکان و موسوڵمانەکان مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر دیمۆکراسی و مافی تاک لە رۆژئاوا و دەتوانین بڵێین لە سەر گۆی زەوی. ئیسلامییەکان ئەمڕۆ لە هەموو دونیا بوون بە مەترسی و هەرکات ئەگەری ئەوە هەیە لە یەکێک لە پێتەختەکانی دونیای رۆژئاوا، کارەساتێکی مرۆیی بخولقێنن.

چەپ یان ئەوەیە بڕوای بە مافی تاک، بڕوای بە ئازادی رادەربڕین، بڕوایی بە ئازادی باوەڕ هەیە یان نا! چەپەکان لە مێژوودا زۆر زیاتر لە هەموو هێزەکان بە لایەنگری ئازادی رادەربڕین ناسراون، بەڵام لە ئێستادا پشتیوانی لە ئیسلامییەکان ئەکەن لە رۆژئاوا، کە لە سەر ئازادی رادەربڕین، لە سەر نیشاندانی کاریکاتێرێک ئامادەی سەربڕینن. چەپ بە تەواوەتی لە قەیراندایە و پشتیوانیکردن لە ئیسلامییەکان ناتوانێت ئەوان لە قەیران رزگار بکات، بەڵکوو قەیرانی ئەوان زیاتر قووڵ دەکاتەوە.

٦

رۆژئاوا و بەهاکانی

رۆژئاوا لە بەردەم دوو ڕییانێکدایە، یان ئەوەیە بەرگری لە بەهاکانی خۆی دەکات، یان ملکەچی ئەم دۆخە دەبێت. دونیای رۆژئاوا و لەوانە فەرەنسا بە رێنسانس و رەوشنگەریدا تێپەڕیوون. سەردەمی ململانێ ئایینییەکان لەم دونیاییەدا تێپەڕبووە. ئایین وەک ئەرکێکی تاکەکەسی دەبیندرێت. یان باوەڕت هەیە یان نیتە. ئەگەر باوەڕداری ئەوە مافی خۆتە، بەڵام بۆت نیە بەسەر کەسیدا داسەپێنیت. بەڵام ئیسلام دەخوازێ باوەڕی خۆی بە سەر هەموو خەڵکدا داسەپێنێت. موسوڵمانەکان، بە هەموو توێژەکانەوە، بە توندڕەو و میانەڕەوەوە، بە ئیخوانی و سەلەفی و … ەوە باوەڕیان بە چەمکگەلێکی وەک جیهاد و تەوبە و.. . هەیە. هەر ئیسلامییەک لە زاتی خۆیدا مەترسییەکە بۆ سەر دیمۆکراسی و مافی مرۆڤ، بۆ سەر بەها ئینسانییەکان.

رۆژئاوا پێویستە لە ئێستادا ئەم شەڕە بکات، ئەگەر نا داهاتووی لە دەستچووە. لە داهاتوودا ئیسلامییەکان مەترسییەکی زۆر قووڵترن بۆ دونیای رۆژئاوا و گۆی زەوی. ناکرێت ئەم وتەیە بە “ئیسلام و فۆبیا” لێک بدرێتەوە، بەڵکوو ئەمە بە مانای بینی واقعی کۆمەڵگایە و مەترسییەکانی بەردەم کۆمەڵگایە.

بەڵێ ئەگەر “ئیسلامۆ فۆبیا”ش بوونی ببێت، ئەوە ئیسلامی و موسوڵمانەکانن ئەو دۆخەیان خولقاندوە. فۆبیای ئیسلامی، بەرهەمی رەفتار و هەڵسووکەوتی ئیسلامییەکانە لە هەر شوێنێک کە بوون و هەن. ئیسلامییەکان  لە دوو ڕووەوە بوون بە مەترسی بۆ دونیای رۆژئاوا . لە لایەکەوە بوون بە مەترسی گیانی لە سەر کۆمەڵگا و دونیای رۆژئاوا، لە لایەکترەوە مەترسین بەوە راسیزم لە دونیای رۆژئاوا بە هۆی رەفتاری ئیسلامییەکانەوە سەرهەڵبدات. سەرهەڵدانی راسیزم، مەترسییەکی گەورەیە لە ئێستەدا بە هۆی رەفتاری ئیسلامییەکانەوەو دووکەڵی ئەم ئاگرەش ئەچێتە چاو ئەو کەسانەی بە هۆی دۆخی کۆمەڵایەتی، سیاسی نەیانتوانیوەو ناتوانن لە وڵاتەکەی خۆیان بژین و پەنا دەبەنە دونیای رۆژئاوا. راسیزم دژ بە بەهاکانی رۆژئاوایە، دیمۆکراسی رۆژئاوایی لە سەر ئەوە بونیاد نراوە کە مرۆڤ و بەها مرۆییەکان بپارێزێت، بەڵام راسیزم دژ بەو بەها گرینگە دیمۆکراسییەی رۆژئاوایە.

 

 

سەرەنجام:

دوو رووداو کە باسکرا، چ رەفتاری ئیسلامییەکان لە پاریس و رۆژئاوا و پشتیوانی کردنی ئیسلامییەکان لە ئەردۆگان و لایەنگرانی لە کوردستان، چ رەفتاریان لە کوردستان بە هۆی پێشانگایەکی هونەرییەوەو ئەو ناڕەزایەتییەی کە بەم بۆنەوە دروست بوو، دەرخەری ئەو راستییەن کە کوردستانی باشوور بە قۆناغێکی مەترسیداردا تێپەڕ دەبێت. مەترسییەک کە ئەگەری ئەوە هەیە هێزێکی رەهای ئیسلامی، دەسەڵات بگرێتە دەست. ئەمە مەترسییەکە لە ئێستەدا بوونی هەیە و پێویستە بە جیدی کاری بۆ بکرێت. رەوشنگەری بۆ بکرێت. لە ئێستەدا لە کوردستان زۆر ئەستەمە جیاکاری بکرێت لە نێوان ئەوەی کامە هێز ئیسلامییە یان نییە، بەشێکی زۆر لەو کەسانەی خۆیان بە کادێر و ئەندامی حیزبە بە ناو (عیلمانییەکان!) دەناسێنن بەشێکن لەو هێزە کۆنسێرڤاتەی بوونی هەیە. ئەوەی کە ژمارەیەک لە ئەندامانی گۆڕان و یەکیەتی نیشتمانی ئەو نامەیە واژۆ ئەکەن کە روو بە کونسوولی فەرەنسا نووسراوەو ناوی خۆیان دەخەنە پاڵ ناوی ئەندامانی کۆمەڵ و بزووتنەوەو یەکگرتووی ئیسلامی، دەرخەری نەمانی ئەو دیوارەیە لە نێوان هێزەکان لە کوردستان.

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button