ئامادە كردن: مستەفا زاھیدی
رۆژی ٢٧ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٥٨ی ھەتاوی (١٩٧٩ زایینی) خومەینی رێبەر و دامەزرێنەری كۆماری ئیسلامی فەرمانی جەھادی دژ بە خەڵكی كورد راگەیاند و فەرمانی بەسەرجەم ھێزەكان دا بەوەی ھێرش بكەنە سەر كوردستان و كۆتایی بە كێشەی كوردستان بێنن و بیانووی رژیم بۆ ھێرش بۆ سەر خەڵكی كورد ئەوەی بوو گۆیا ژمارەیەك لە ژنان و پیاوانی موسڵمان لە لایەن ھێزە كوردییەكانەوە گەمارۆ دراون. رۆژی ٢٨ی گەلاوێژ، واتە رۆژی دوای فەتواكەی خومەینی رژیم بە ھێزێكی گەورەوە ھێرشی كردە سەر كوردستان و ئەم ھێرشە لە شاری پاوەوە دەستی پێكرد و دواتر لە پرۆسەیەكدا سەرجەم كوردستانی گرتەوە. فەرمانی ھێرشێك كە دۆخێكی سەربازی لە كوردستان جێگیر كرد و تا ھەنووكەش ئەو دۆخە نائاساییە ھەر بەردەوامە. لەگەڵ دەست پێكردنی ھێرشەكان بۆ شاری پاوە ھاوكات لە شارەكانیتری كوردستان رژیم دەستی دایە ئێعدامی ژمارەیەك لە چالاكانی سیاسی – كرێكاری شارەكان. سەرەتا ئەم ئێعدامانە لە شاری پاوەوە دەستی پێكرد.
داگیر كردنی شارەكانی كوردستان و دەستپێكردنی شەپۆلی ئیعدامەكان
رۆژی ٢٨ی گەلاوێژ ھێزەكانی رژیم لە شاری پاوە ١٢ كەسیان لە دادگایەك فەرمایشی و چەند چركەییدا ئێعدام كرد و دواتر شەپۆلی ئێعدامەكان شارەكانیتری كوردستانی گرتەوە. ئەو ١٢ كەسەی لە شاری پاوە ئێعدام كران بریتی بوون لە: عەبدوڵڵا نووری، ھوشەنگ عەزیزی، محەممەد عەزیزی، یەدوڵڵا موحەممەدی، حسێن شیبانی، ھورموز گورجی بەیانی، موزەفەر فەتاحی، بەھمەن عیزەتی، محەممەد مەحموودی، ئەسغەر بێھنوودی، ئازەرنووش مەھدەویان، دوكتور قاسم رەشووندی سەرداری. شەپۆلی ئیعدامەكان كە لە شاری پاوەوەو رۆژی ٢٨ی گەلاوێژ دەستی پێكردبوو ھەر بەردەوام بوو، رۆژی دواتر واتە رۆژی ٢٩ی گەلاوێژ ھەر لەشاری پاوە ٧ لاوی ئەو شارە ئیعدام كران. دیاری سپای ئیسلام و رژیمی تازە بە دەسەڵات گەیشتوو بۆ سەر كوردستان كە ئیعدام و كوشت و بڕی خەڵك بوو و لە پاوەوە دەستی پێكردبوو شارەكانیتری كوردستانی گرتەوە لەوانە، مەریوان، سنە، سەقز، مەھاباد.
رۆژی ٣ی خەرمانان و ٥ رۆژ دوای ھێرشی رژیم بۆ سەر كوردستان لە پادگانی شاری مەریوان ٩ كەس لە چالاكانی سیاسی-كرێكاری ئەو شار كە سەرجەمیان لە چالاكانی یەكیەتی جووتیاران و رێكخراوە مەدەنییەكانی ئەو شارەبوون كە كۆمەڵە دایمەرزاندبوون ئێعدام كران و ئەو ٩ كەسە بریتی بوون لە : ئەمین مستەفا سوڵتانی، حسێن مستەفا سوڵتانی، جەلال نەسیمی، حسێن پیرخزری، ئەحمەد پیرخزری، دوكتور ئەحمەد ئەخزەری، فایەق عەزیزی، ئەحمەد قادرزادە و عەلی دادستانی. بەم شێوەیە فەیلەقووس كە جارێكیتر رووی كردبۆوە شار ٩ كەس لە چالاكانی كرێكاری- مەدەنی ئەو شارەی لە دادگایی كردنی چەند چركەییدا ئێعدام كرد. ماشینێكی ئیعدام كە درێژەی كێشا و پەلی ھاوێشت بۆ شارەكانیتری كوردستان.
ئامادەبوونی سەربازی و ھەوڵدان بۆ ترساندن و چاوترسێن كردنی خەڵك لە لایەن رژیمەوە ھەر بەردەوام بوو، بەڵام خەڵكیش بەردەوام دژی ئەم سیاسەتەی رژیم دەوەستانەوە. ھەفتەیەك دوای ھێرشی رژیم بۆ سەر كوردستان خەڵكی شاری سنە چوونە سەر شەقام و ناڕەزایەتییان بە ھێرشی سەربازی رژیم بۆ سەر كوردستان دەربڕی و لەو خۆپیشاندانەدا گەنجێكی ئەو شارە بە گوللەی ھێزەكانی رژیم گیانی بەختكرد. گیانبەختكردنی ئەم گەنجە ناڕەزایی زیاتر خەڵكی لێكەوتەوەو خۆپیشاندانەكان پەرەی سەند و رژیم ژمارەیەكی زۆر لە خەڵكی خۆپیشاندەری شاری سنەی قۆڵبەست كرد. ژمارەیەك لە دەستگیركراوەكان ئازاد كران، بەڵام ١١ كەسیان رۆژی ٥ی خەرمانان و لە دادگایی كردنێكی ٥ خولەكیدا بە مەرگ مەحكووم كران و لە فڕۆكەخانەی شاری سنە ئیعدام كران كە بە ئیعدامەكانی فرۆكەخانە ناوی دەركردووەو ئەو كەسانەی لە فڕۆكەخانە ئێعدام كران بریتی بوون لە: ئەحسەن ناھید، شەھریار ناھید، جەمیل یەخچاڵی، مزەفەر رەحیمی، عەتا زەندی، ئەمجەد موبسری، عیسا پیرۆلی، ناسر سەلیمی، مزەفەر نیازمەند، یەدوڵڵا فوولادی و سیرووس مەنووچێھری.
دوو كەس لەم ١١ كەسەی كە لە فڕۆكەخانەی شاری سنە ئێعدام كران بریندار بوون و یەك كەسیان بە برانكارد برایە بەر جوخەی ئێعدام و بڵاو بوونەوەی رەسمی ئێعدامەكانی شاری سنە لە بڵاوكراوەكانی ناوخۆ و دەرەوە ھەر ئەو كات ناڕەزایەتی گەورەی لێكەوتەوەو “جەھانگیر رەزمی” فۆتۆگرافەری ئەوكاتی رۆژنامەی ئیتلاعات فۆتۆی ئیعدامەكانی بڵاو كردەوە، ھەرچەند ئەوكات ناوی فۆتۆگرافەرەكە نەنووسرا بەڵام دواتر و ساڵی ٢٠٠٧ خەڵاتی پۆلیتزەری پێبەخشرا. لەبەر ئەوەی تا ساڵی ٢٠٠٧ كەس نەیدەزانی ئەو فۆتۆگرافەرەی خەریكە ئەم تاوانە مێژووییە بە كامیراكەی تۆمار دەكات كێیە.
خەڵكی شاری سەقزیش وەك شارەكانیتری كوردستان دژ بە رژیمی ئیسلامی، كە ھیچكات خەڵكی كوردستان قبووڵیان نەكردبوون و رۆژی ١٢ی خاكەلێوەی ھەمان ساڵ ھەمووان بە نەچوونە سەر سندووقەكانی دەنگدان دەنگی (نەخێر)یان بە كۆماری ئیسلامی وتبوو،وەستابوونەوەو بەردوام بوون لە خەبات و وەستانەوە دژی رژێم. بۆیە رژیم رۆژی دوای رووداوی شاری سنە ، واتە رۆژی ٦ی خەرمانان جەلادی لاوانی كوردستان (خەڵخاڵی) بەرەو شاری سەقز رەوانە كرد و لەو رۆژەدا ٢٠ كەس لەو شارە كە ١٠ كەسیان لە لاوانی شار و ١٠ كەسیان لەو نیزامی و ئەرتەشیانە بوون كە لە شوێنی كارەكەیان نەبوون ئێعدام كران و لە ناو ئیعدامیەكاندا تەنانەت منداڵی ١٢ ساڵان و ١٤ ساڵانیش دەبینرێت. ئەو ٢٠ كەسەی لە شاری سەقز ئیعدام كران بریتی بوون لە: ئەحمەد سەعیدی، قادر بەھادور، تاھێر خەتیبی، محەممەد بابامیری، ناسر حەدادی، رەسووڵ ئەمینی، محەممەد غەفاری، ناجی خورشیدی، كەریم رەزایی، ئەنوەر ئەردەڵان، سەیفوڵڵا فەیزی (١٤ ساڵان)، عەلی فەخرایی، سەید حەسەن ئەحمەدی، كەریم شیربانی، عەبدوڵڵا بەھرامی، محەممەد دەروێش نوقرەیی، ئەبووبەكر سەمەدی، ئەحمەد موقەدەم، جەلیل جەماڵزادە، ئازرگەشب دارایی (١٢ ساڵان). بەم شێوەیە رژیم لە جینایەتەكانی بەردەوام بوو و بۆ داسەپاندنی دەسەڵاتی خۆی و ھێزی خۆی لە كوردستان پەنای بردە بەر ھێرشی سەربازی و رێكخستنی دادگایی نمایشی چەند خولەكی و ئیعدامی لاوان و ھەڵسووڕاوانی سیاسی-كرێكاری لە شارەكانی كوردستان.
ئەم ماشین مەرگ و ھێرشەی كە رژیم لە شاری پاوەوە دەستی پێكردبوو بڕیاربوو سەرجەم شارەكانی كوردستان بگرێتەوە تا ئەو كاتەی كوردستان داگیر دەكرێت و بە قەولی خۆیان خەڵكی كورد بەچۆكدا دێنن. بۆیە دوای ھێرش بۆ سەر پاوەو سنە و مەریوان و سەقز رژیم لە قۆڵێكی ترەوەو لە لایەكیترەوە بە ھەموو ھێزەكانیەوە، سپا، ئەرتەش و ژاندارمێرییەوە ھێرشی كردە سەر شاری مەھاباد، شان بە شانی ھێزە سەربازییەكان خەڵخاڵی و ماشێنی ئیعدام لە شارەكانی كوردستان دەستیان كرد بە ئیعدامی خەڵك كە بە ناڕەزایەتی بە بوونی ھێزە سەربازییەكان لە كوردستان خۆپیشاندانیان دەكرد.
شەھید بوونی كاك فوئاد
رۆژی ٩ی گەلاێژی ١٣٥٨ی ھەتاوی فوئاد مستەفا سوڵتانی (كاك فوئاد) یەكێك لە رێبەران و دامەزرێنەرانی كۆمەڵە لە ئاوایی بستام سەر بە سەرشیو، نێوان سەقز- مەریوان، لە حاڵێكدا لە شاری بانەوە بەرەو مەریوان دەڕۆیشت كەوتە شەڕێكی نابەرابەرەوە كە فەرماندەیی ھێزەكانی رژیم لەو شەڕەدا وەك دەوترێت “مستەفا چەمران” بووە و بە داخەوە كاك فوئاد لەو شەڕەدا گیانی بەختكرد. گیانبەختكردنی كاك فوئاد لەو شەڕەدا لە حاڵێكدا بوو كە چەند رۆژ پێشتر واتە رۆژی ٢٨ی گەلاوێژ ٢ برای بە ناوەكانی ئەمین و حسێن مستەفا سوڵتانی لە پادگانی شاری مەریوان ئیعدام كران. ھەواڵی گیانبەختكردنی كاك فوئاد زۆر زوو لە میدیاكانی رژیمدا رەنگی دایەوەو رۆژنامەكانی رژیم بە خۆشحاڵیەوە باسیان لە شەھید بوونی كاك فوئاد كرد و ھەواڵەكانی سەعات ٢ی نیوەڕۆ وەك ھەواڵێكی بەپەلە، ھەواڵی شەھید بوونی كاك فوئادیان بڵاو كردەوە. شەھید بوونی كاك فوئاد لەو قۆناغە ھەستیارە مێژووییەدا خەسارێكی گەورە بوو بۆ بزووتنەوەی گەلی كورد بە گشتی و بۆ كۆمەڵە بە تایبەت و ھەواڵی شەھید بوونی كاك فوئاد بوو بە خەمێكی گەورە لای لایەنگرانی بزووتنەوەی كوردستان و دۆستان و ئەندامانی كۆمەڵە بە تایبەت.
داگیركردنی شاری بۆكان
رۆژی ١٠ خەرمانان رژیم بە ھەموو تواناكانییەوە ھێرشی كردە سەر شاری بۆكان و دوای شەڕو پێكدانان لە نێوان ھێزەكانی رژیم و ھێزە كوردییەكاندا شاری بۆكان لە لایەن رژیمەوە داگیركرا. ھەر ئەو رۆژە لە بەشی سەرووی كوردستان و لە شاری سەڵماس، جەنگ و رووبەڕوو بوونەوە لە لایەن ھێزەكانی رژیم و خەڵكدا روویدا و ھێزەكانی رژیم بە فڕۆكە و فانتۆم ھێرشیانكردە سەر خەڵك و ژمارەیەكی زۆر لە خەڵكی ئەو شارە لە لایەن رژیمەوە دەستگیر كران و چەند كەس شەھید كران و ماشێنی ئیعدام لەم شارەش خرایە گەڕ. ھەر لەم رۆژەدا واتە رۆژی ١٠ی خەرمانان شاری پیرانشار (خانێ) لە لایەن رژیمەوە داگیركرا.
قاڕنا و قەڵاتان
رۆژی ١١ی خەرمانان ھێزەكانی رژیم بە فەرماندەیی ئاخووند حەسەنی ھێرش دەكەنە سەر دوو گوندی (قاڕنا و قەڵاتان) لە دەورووبەری شاری نەغەدە و كۆمەڵكوژییەكی گەورە لەو شارە رێك دەخەن و لەو كۆمەڵكوژییەدا ٦٨ كەس لە خەڵكی ئەو دوو گوندە، بە ژن و پیر و منداڵەوە لە لایەن ھێزەكانی رژیمەوە دەكوژرێن و رژیم كە عادەتی بوو ھەواڵی ئیعدامەكانی كوردستان بە پەلە لە میدیاكانی خۆیەوە بڵاو بكاتەوە بەڵام بۆ پەردەپۆش كردنی ئەم رووداوە ٢٠ رۆژ دواتر ھەواڵی كۆمەڵكوژی قاڕنا و قەڵاتانی بڵاو كردەوەو بە ناو لێژنەیەكیان پێك ھێنا بۆ لێكۆڵینەوە لەو رووداوەو ھیچكات ئەو لێژنەیە بە ئامانجێكی تەواو نەگەیشت و ھیچ شتێكی نەدا بە دەستەوە.
بۆمباران كردنی شاری مەھاباد
رۆژی ١٢ی خەرمانان، لە چوار سووچی شاری مەھابادەوە، ئەم شارە بۆمباران كرا و دوای بۆمباران كردن و كوشتنی ژمارەیەكی زۆر لە خەڵكی شاری مەھاباد، شاری مەھاباد لە لایەن رژیمەوە داگیركرا و ماشێنی ئیعدام لەو شارە كەوتە ڕێ و نەك ئەو شارە بەڵكوو ژمارەیەك لە گوندەكانیش لەوانە سەرچنار، ئیندرقاش ، ھێرشیان كرایە سەر و كۆمەڵكوژی لەو گوندانە بەڕێوەچوو.
داگیركردنی شاری بانە
رۆژی ١٣ی خەرمانان دوای شەڕ و پێكدادانێكی قورس لە گەردەنەی خان، لە نێوان ھێزەكانی رژیم لەوانە لەشكەری ٢٨ی سنە و ھێزە سیاسیە كوردییەكان، شاری بانە لە لایەن رژیمەوە داگیر كرا. لە شەڕی گەردەنەی خاندا بەرەی كورد توانی زەربەی كاریگەر لە ھێزەكانی رژیم بدات بەڵام تۆپخانەكانی رژیم و فڕۆكەكانی رژیم ھێزە كوردییەكانیان ناچار كرد بەوەی ئەو شارە بدەن بە دەستەوە.
ئیعدامی ٤ كەس لە شاری سەقز
ھەر لە رۆژی ١٣ی خەرمانانی ساڵی ١٣٥٨ دا چوار كەس لە شاری سەقز لە لایەن ماشینی ئیعدامی رژیمەوە ئیعدام كران. ئەم چوار كەسە بریتی بوون لە: عەتا محەممەدی، حسێن محەممەدی، ئیبراھیم محەممەدی، حسێن نووری. ئەم چوار كەسە بە تاوانی چالاكی چەكداری دژ بە ھێزەكانی رژیم ئیعدام كران.
داگیركردنی شاری سەردەشت:
رۆژی ١٥ ی خەرمانان، تەكاوەرەكانی ھێزی دەریایی و ئاسمانی شیراز بە یارمەتی ھێزە ئاسمانی و زەمینییەكانی ئەرتەش دەستیان كرد بە بۆمباران كردنی شاری سەردەشت كە چۆڵ كرابوو و سەرەنجام ئەم شارەیان داگیركرد. بەم شێوەیە ھێزەكانی رژیم لەسەر فەتوای خومەینی و بە فەرمانی بەنی سەدر سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتی كوردستان ھێرشیان كردە سەر كوردستان و كوردستانیان كرد بە مەیدانی جەنگ و دۆخێكی سەربازییان لە كوردستان جێگیر كرد و ئەم دۆخە سەربازییە تا ئێستەش لە كوردستان ھەر بەردەوامە. ئەوەی لە دوای ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٥٨ەوە لە كوردستان دەبیندرێت راگەیاندنی دۆخێكی نائاساییە لە كوردستان كە تا ئێستەش كە ئێستەیە ئەم دۆخە لە كوردستان ھەڵنەوەشاوەتەوەو رژیم بە ھەمان روانینی ئەمنیەتییەوە چاو لە كوردستان دەكات. لە بەرامبەریشدا خەباتی گەلی كورد بۆ وەستانەوە دژ بە رژیم بە ھەموو فۆڕمەكانییەوە سەرەڕای ھەموو كێشەك كە بۆ ئەم خەباتە ھاتۆتە پێش ھەر بەردەوامەو گەلی كورد بە ئێستاشەوە ئامادە نەبوون و نین ملكەچی رژیم بن و رژیمیش كوردستان بە ئەویترێكتر دەبینێت كە ھەركات ھەوڵ دەدات ئەم ئەویترەوە سەركوت بكات. خەڵكی كورد لە یەكەم ساتەكاندا خۆی لە تاقیكردنەوەیەكی قورسدا بینیوەو ئێستەش ھەر لەو تاقیكردنەوەدایە.