لەم ساڵانەدا کە دوروشمی” سینەما مردووە ” کەوتۆتە سەر زاران و ھەموو کەس ئیزن بە خۆی دەدات بەوەی دەربارەی گرینگترین دیاردەی سەدەی بیستەم قسە بکات، کۆمەڵێ دەرھێنەر دەبینین کە فیلم ساز دەکەن بەوەی روانگەیەکی جیا لەم روانگەیە بخەنە روو. فیلمی نوێی بێرنارد بێرتۆلۆجی، “خەون بینەکان” بەڵگەیەکە بۆ سەلماندنی ئەم پرسە. ئەم دەرھێنەرە ناودارەی سینەمای ئیتالیا، زۆر جار و لە سەردەمە جیاوازەکاندا فیلمگەلێکی بەرھەم ھێناوە کە لە گەڵ ئەوەی وەک فیلم درەوشاوەو ھەرمان بوون ھەڵگری پرسە رۆژانە و روانگە گشتییەکان جێھانیش بوون. دوایین بەرھەمەکەی دەربارەی ساڵانێکی نە زۆر دوورە کە کۆمەڵێک خوێندکاری فەرانسەوی رژانە سەر شەقام بەوەی ناڕەزایەتی خۆیان بە ژێنراڵ دووگول نیشان بدەن و ھەروەھا نیشانی بدەن کە زۆر کاریان لە دەست دێ. بەڵام گەر لامان وابێت ” خەون بینەکان” فیلمێکە کە تەنھا دەیھەوێ باس لەو ئاخێزە خوێندکارییە بکات لە ھەڵەداین، کەش ھەوای ئەو سەردەمەم بیانوویەکی باش بووە بەوەی بێرتۆلۆچی گرینگترین کەڵکەڵەی ئەو سەردەمی بە شێوەی فیلم دەرببڕێ. سینەمای ئەو لەم ساڵانەدا کە بەردەوام خەریکی کار کردنء فیلم سازکردنە، سینەمایەکە کە پەیامی پێیە. قسەیەکی پێیە و مەبەستی سەرەکی دەربڕینی ئەو قسەیە. لەم رۆیابینەکانیشدا ئەم بوونی پەیامە بە جوانی دەبیندرێ. سەرجەم ئەوانەی وتار یان کتێبیان دەربارەی بزووتنەوەی خوێندکاری ساڵی ١٩٦٨ خوێندۆتەوە یان لاپەڕەیان لە کتێبەکان داوە زۆر باش دەزانن ئەو خوێندکارانە چ خواستگەلێکی سەیرء چاوەڕوان نەکراویان ھەبوو. ئازادی خوازی گرینگترین خواستی ئەوان بوو و بێرتۆلۆچی لەم فیلمەیدا بە جوانی ئەم ئازادییە بە وێنا دەکێشێ.
بە رووداو لە شوێنێ لە ویبلاگە ئینگلیزییەکاندا ، نووسینێکم دەربارەی فیلمی “خەون بینەکان” خوێندەوە کە پەڕەگرافی بەر لە کۆتایی بابەتەکە بەم شێوەیە دەستی پێکردبوو. ” بیرتۆلۆچی خۆشی نازانێ چی دەوێ. ئاخۆ ئەو دەیھەوێ فیلمێک دەربارەی شۆڕشی خوێندکاران دروست بکات یان دەربارەی شوور و وزە و توانایی گەنجێتی؟” تا کۆتایی بابەتەکە ھیچ وەڵامێکیشم بۆ ئەم پرسیارە دەست نەکەوت. رەنگە ئەمە پەرچەکەکردارێکی باو بێت. فیلمەکانی بێرتۆلۆچی ھەم دەرباەی شۆِرشە، ھەم سینەما و ھەم وزەو توانایی و شووور و شەوقی گەنجێتی، سێ چەمک کە بە پێی سەنتز یان بە پێی دیدی مارکۆزەیی لەم فیلمەا پێکەوە گرێ دراون. ھەڵبەت وێڕای پەرەسەندنی ناکۆکییەکانی ئایدیای ئیرۆسی مارکۆزەو شۆڕش بە مانای نەھێشتنی سەرکوت و دەستەمۆکردنێک کە شارستانییەتی پیشەیی دایدەسەپێنێ. ر ەنگە باشترین رێگا بۆ نووسینی رەخنەیەکی تئۆریک لە سەر فیلمی” خەون بینەکان” خوێندنەوەیەکی نیوە سینەمایی بە پێی ئەم سێ چەمکە و گرێدانەوەیان لە گەڵ دەقی رووداوی فیلمدا واتە ھەمان بزوتنەوەی خوێندکاری ساڵی ١٩٦٨.
بێگومان ژمارەیەکی زۆر لە بەردەنگەکان کە لە ھەر چەشنە رایکالیسمێکی بابەتییانە دەترسین لە راستیدا ھەمان ئەو بەردەنگ- رەخنە گرانەی کە جنێودان بە ھەر چەشنە چەپگەراییەک بووە بە نوقڵی سەر زاریان و بە شانازییەوە، رووخانی یەکیەتی سۆڤیەت بە مانای مەرگی مارکسیزمی شۆڕشگێڕانە دەزانن، زۆر سادە “خەون بینەکان” بە فیلمێک دەزانن دژ بە بزووتنەوەی ١٩٦٨و وەک تەنزێک لە سەر رادیکالیزمی “گەنجان” ی بێئەزموون چاوی لێدەکەن. لە دۆخی ١٩٨٩ بەداوەو گرینگتر لەوە لە دوای ٢٠٠١ پارێزکار بوون و” دەسگرتن بە کڵاوی خۆتەوە کە نەکەوێ” گەورەییەکی لیبراڵە کە بێبەری بوون لەو گەورەتییە وەک ئەوە وایە بۆنت بێت لە بەر ئەوەی نەچوویتەتە حەمام. بەڵام “خەون بینەکانی” بێرتۆلۆچی لە ناو ئەو ژمارە زۆرە فیلمەدا کە لە سەر ١٩٦٨ ساز کراوە دەکرێ بڵێن تایبەتە کە لە دیدی ئەم نووسراوەوە، لە راستیدا فیلمێکی تەواو نوێیە. بێرتۆلۆچی لەم فیلمەدا لە مارکۆزە مارکۆزەیی ترە. ئەو( بێرتۆلۆچی) درێژە بە رێگاکەی مارکۆزە دەدا و پرۆژەی” رزگاری خوازی” مارکۆزە دەگەیەنێ بە ئەنجامێکی لۆژیکیانە، لە راستیدا دەگا بە ئەنجامە ناکۆکە لۆژیکیەکانی. ھەڵبەت جگە لە مارکۆزەو خوێندنەوە تایبەت وئاشکراکانی ئەو بۆ شۆڕش، دەبێ بگەڕینەوە بۆ روانگەی گشتی دەربارەی شۆڕش کە دەبێ بەوانەی ئەم فیلمە بە گاڵتە کردن بە ھەر چەشنە شۆڕشێ دەزانن بوترێ شۆڕش بە ھەمان ئەندازە کە لە شەقامەکاندا روو دەدات، روودانیشی لە ناوەوەو لە چواردیواری ( Interior ) یشدا گرینگە و “خەون بینەکان” دەپەرژێتە سەر ئەم لایەنەی شۆڕش. دەکرێ دیمەنەکانی فیلم بە دوو بەشی ناوەوەو دەرەوە پۆلین بکەین. ئەوانەی لە دەرەوەن زۆربەی کات سەرقاڵن بەوەی لە شەقامەکاندا کۆببنەوەو لە گەڵ پۆلیس لە سەر شەقام و لە بەردەم سینەما تێک و زانکۆکاندا شەڕ بکەن و ئەوانەی ناوەوەش ھەموویان لە ماڵی ئیزابێل و تێئۆدان. ئەو خانووەی کە دایک و باوکی تێدا نییە( ئەوا رۆشتوون بۆ پشوو) و ئەم براو خوشکە چەن جار ھاوڕێ تازە ئەمریکاییەکەیان( ماتیۆ) دەعوەت دەکەن بۆ ماڵەوە. ئەم روداوە لە دوای تێپەڕ بوونی یەک لە چواری فیلمەکەوە روو دەدات. ھەر لێرەدایە کە رووداوەکانی دەروەو ناوەوەی ماڵ ھاوتەریبی یەکتر دەڕۆنە پێش. لە راستیدا بە مانای حەرەکەتی شۆڕشە لە ناوەوە ( Interior) و دەرەوە (Exterior).
من لام وایە مەبەستی سەەرکی فیلم رووبەڕوو بوونەوە یان باشتر بڵێم ھەمان دیالکتیکی دەروەو ناوەوەیە لە دەقی خواستی شۆڕشدا. ئەم سێ گەنجە لە پەرەستگەی ناوەوەدا سەرقاڵی رەوتی خەیاڵئامێز باڵق بوون و سێکس کردنن. تەنھا ھەندێ جار لە نھۆمی سێھەمەوەو لە ناوەوە تەماشای دەروەوەی شۆڕشی و شەقامی پڕ لە گەنج و خوێندکاری شۆڕشی دەکەن . رەنگە بێرتۆلۆچی بە ئەنقەست دیمەنە دەرەکییەکانی فیلمەکەی کە شەڕی نێوان پۆلیس و گەنجە خوێندکارەکانە بە شێوەی تەوساوی و گاڵتەجار ساز کردبێت. ئەم بە ناو شۆڕشە زیاتر وەک ململانێیەکی گاڵتەجاڕانە دەچێت لە شەقامەکانی پاریسدا. لە بەرامبەر دیمەنە پڕئاڵۆز وململانێ قووڵ و ھەندێ جار لایەنە ئاینییەکانی ناوەوەدا. ئیرۆس (ھەستی ژیان وعەشق) بە کۆمەڵێ رێوەرسم و بە نێوەندارێتی خەیاڵ یان ھەمان (فەنتازی) لەوەدایە کە بەدی بێت. لێرەدا فانتزی لە ھەرتک لایەنی- مارکۆزەییەکەیدا دەردەکەوێ، ھەم لە پێگەی ئەو شتەدا کە بە نێوەندارێتییەکەی ھەست دروست دەبێ و شێوەی بەدی ھاتنی دەردەکەوێ و ھەم لە پێگەی ھەمان لایەندا کە لە روانگەی مارکۆزەوە شارستانییەت نەیتوانیوە سەرکوتی بکات وبەردەوام یەکەی پتانیسەلی رزگاری خوازیە(emancipatory). لەم فیلمەدا فانتزی بە شێوەی مێدیۆمیmedium سینەما و ” بە بیر ھێنانەوەی” فیلمە کلاسیک و ھەروەھا شەپۆلە نوێکان دەردەکەوێت. ئەو سێ گەنجە خەرکی یارییەکن بەو شێوەیەی یەکیان جووڵەی بێدەنگی ھەیە و ئەوانیتر دەبێ بێتەوە یادیان ئەم دیمەنی کامە فیلمە. ئەگەر نەتوانن وڵامی راست بدەنەوە ناچار دەبن کارێ بکەن کە کەسی یەکەم فەرمانی دەدات. تەمبێکان بە زۆری تەمبێی ئیرۆتیکییە. لەم ناوەوەدا کە پڕە لە جووڵە ” بە بیر ھێنانەوە” بە مانای ھەمان ” لایەنی جوانیناسی مارکۆزییە” کە بڕیارە رزگاری دەر بێت، فەرمانێکە کە ناکرێ لێی لا بدەی و بەڕێوەی نەبەی. ئەم فەرمانی” بە بیر ھێنانەوە” چاودێری ھەست و ئیرۆس دەکات. دروشمی شۆرش لە ناوەوە ھەمان بە بیر ھێنانەوەو بە دەست ھێنانەوەی بیرەوەری ” ھەستە”. لە دەقی بەڵگاندنەکانی ” خەون بینەکاندا” وەک ئەوە وایە شۆڕشی راستەقینەو ئازادی راستەقینە ھەر ئەم شۆڕشەی ھەست و مەترسیە کردنەیە لە پانتای ئیرۆسدا وگۆڕانی دۆخی ھەبووە لە ناوەوە لە نەبوونی باوک و دایکدا کە نوێنەرانی نەریتی سەرکوتگەرن. گەنج بوون و ھەست و شۆڕش سێ ناوەرۆکی سەرەکی ئەم فیلمەن کە پێکەوە گرێ دراون. ” خەون بینەکان” تەنھا گاڵتە کردن نییە بە شۆڕشگێڕە لاوەکانی ١٩٦٨ کە رەخنەگرە ” عاقڵ و شارەزاکانی” ئێمە باسی لێدەکەن. ئەم فیلمە لایەنێکی بنەڕەتی لەم رووداوە چارەنووس سازە دەخاتە روو کە دواتر بەشی زۆری ئەم لایەنە لە لۆژیکی سیستەم و دۆخی ھەبوودا ھەرز دەکرێ و دەب بە بەشێک لەو سیستەمە. ئیرۆسی مارکۆزەیی و رێگا سەیرو سەرەمەرەو ” رادیکاڵ”ی بەختەوەر کردنی لە باشترین ۆ کامڵترین شێوەەدا لە لایەن بۆرژوازیەوە بە شێوەی کاڵای رازاوەو سەرنج راکێش ھاتە بازاڕەوە.
ئەوەی لە دەرەوە لە بەردەم سینەما تێکی پاریس، ئەم پەرەستگەیەی فانتێزی و رزگاری و بەختەوەریدا روو دەدات، راست خاڵی لەو چەشنەی لە ناوەوەی ئەم سێ ” گەنج”ەدا دەرواتە پێش. “خەون بینەکان ” باس کردنێکی بێرۆح نییە لە چەمکی شۆڕش. ئاماژەی ئاشکرا و بێ پەردەی بە کردە ئیرۆتیکییەکانە ماتیۆ و تیئۆ و ئیزابێل لە ماڵێکی تەواو بۆرژوازیدا بە شێوەیەکی راست وھەڵبەت بَێ رەحمانە باس لە چەمکی شۆڕش دەکات. ئازادی دەروونی ، بە پێچەوانەی مانای ئیدئۆلۆژیکی ئازادی، پێویستی بە نەھێشتنی کۆتە لەو کۆت و بەرتەسکانەی کە دۆخی ھەبوو زۆری پێویست پێیەتی. ئەم سَی کەسە لە ناوەوە خەریکی خۆ ئامادە کردن بوون بۆ شۆڕش ، ھەڵبەت ھەندێ شتیان نەدەزانی. ئیزابیل دەترسێ و کە دەزانێ دایک و باوکی بە پێوەندییەکانی ئەویان زانییوە دەیھەوێ خۆی بکوژێ. شکاندنی شووشەی ئاپارتمان بە بەردی خوێندکارانی سەر شەقام ئەو رزگار دەکات. رەنگە ئەم دیمەنە دەربڕینێکی باش بێت بۆ دیالکتێکی exteriorو interior. بەڵام بەمەشەوە بێرۆلۆچی دەرەوە بە شتێكی ب بەھا دەزانێت. گێڕانەوەکەی ئەو لە بونیادیدا لیبرالیستییە نەک رادیکاڵ یان لانیکەم لیبرالیزمی رادیکاڵ. زۆر نا سیاسی بوونی روانگەی بێرتۆلۆچی بۆ شۆڕشی دەروونی وێڕای ناکۆکییەکانی، لیبرالیزمی ” گەنجەکان”ی ئەو لە بەین دەبات.