لە ئینگلیزیەوە: مستەفا زاهیدی
لیدیا دەیڤیس (Lydia Davis)، ساڵی 1947 لە نۆرس ئێمپتۆن ماساچۆسێت لە دایك بوو، باوك و دایكی هەردووكیان ئەدیب بوون، لیدیاش هەر لە منداڵییەوە دەستی كرد بە خوێندنەوەی ئەدەب. لە زانكۆ زمانی ئینگلیزی و ئەدەبی ئینگلیزی تەواو كرد و دەستی كرد بە وەرگێڕان. ساڵی 1974 لەگەڵ پاوڵ ئاوستێر، ڕۆماننووسی ناوداری ئەمریكایی ژیانی هاوسەریی پێكهێنا و ساڵی 1978 لە یەكتر جیابوونەوە. بەرهەمی ئەم ژیانە هاوبەشە كوڕێكە بە ناوی دانیەل. بە وتەی خۆی لە نووسیندا زیاتر لە ژێر كاریگەریی بێكت و كافكادایە.
پیاوێك لە شارەكەی ئێمە
پیاوێك لە شارەكەی ئێمە هەم سەگە، هەم خاوەنەكەی. خاوەنی سەگەكە، زۆر ئەزیەتی سەگەكە ئەدات و ژیانی لێ كردووە بە ژەهری مار. ساتێك یاری لەگەڵ دەكات و دەیخاتە جموجووڵ، ساتێكیتر دەدات بە سەر سەگەكەیدا بۆچی هاروهاجی دەكات. هەندێ جار بە تووندی دەدات لە لووتی و هەندێ جاریش بە قوونیدا، بۆچی؟ لە بەر ئەوەی بۆچی لە سەر جێگەكەی ئەو خەوتووە و مووەكانی كەوتۆتە سەر سەرینەكەی، بەڵام هەندێ شەویش بە هۆی تەنهاییەوە بە زۆر سەگەكە دێنێتە لای خۆی هەر چەند تا بەیانی ئەو سەگە فەقیرە لە ترسا دەلەرزێت.
بەڵام هەموو ئەم ڕەخنە و گازەندانە هەر بۆ لایەكیان ناگەڕێتەوە. كەسیتر ئامادە نییە سەگێك وەك ئەم سەگە ڕابگرێت. ئەوەندە بۆنێكی ناخۆش و بێزاركەری لێدێت كە لە خودی سەگەكە بێزاركەرتر و ترسێنەرترە و هەر كاتێكیش لێی بێ ئاگا دەبێت بێ ئەوەی بە دەستی خۆی بێت خۆ پیس دەكات. حەیوانێكی بۆگەن و هەمیشە تەڕ.
بەمەشەوە خاوەنەكەی زۆر بەم شتە نازانێت لە بەر ئەوەی زۆربەی جار ئەوەندە دەخواتەوە شەو مەست و كەلەلا لای دیواری كۆڵانەكە دەكەوێت.
كە تاو هەڵدێت دەیبینین لە سووچێكی پاركەكە بە لەرەلەر دەڕوات، لووتی بەرز كردۆتەوە، لە خێرایی خۆی كەم دەكاتەوە بۆ دەوری خۆیدا دەخولێتەوە تا بە شوێن بۆنێك بكەوێت، قژە كورتەكەی دەخورێنێت و جگەرەیەك دەردێنێت، بە لەرزە لەرز دایدەگیرسێنێت و دواتر لە سەر كورسیەك دادەنیشێت كە بە دەسرەیەك خاوێنی كردۆتەوە. بە ئارامی مژ لە جگەرەكەی دەدات تا بگاتە قنچكەكەی. دواتر لە تووڕەییدا هەڵدەچێت و بە مست بەر دەبێتە سەر خۆی و دەدا لە پێكانی. كە ماندوو دەبێت سەری ڕوو بە ئاسمان هەڵدەبڕێت و لەو پەڕی بێ هیواییدا دەقروسكێنێتەوە. تەنها هەندێ جار بە ئارامی دەست دێنێت بە سەر خۆیدا بۆ ئەوەی ئارام بگرێت.
قەتڵ لە بۆهێم
لە شاری فریدلانتی بۆهێم، كە هەموو خەڵكەكانی وەك تارمایی ڕەنگیان زەرد هەڵگەڕاوە و جلی ڕەشی زستانی لە بەر دەكەن، پیرەژنێك كە ئیتر نەیدەتوانی بەرگەی هەژاری بگرێت و نەیدەتوانی شكۆی لە دەستچووی خۆی ببێنێت، دەهری دەبێت و لە ڕووی ڕەحم و بەزەییەوە مێردەكەی دەكوژێت. دواتر دەوەشێتە گیان دوو كوڕەكەی و كچەكەی. لە تووڕەییدا جیرانی تەنیشتیان و دراوسێی بەرامبەری خۆی دەكوژێت، چونكە گاڵتەیان بە بنەماڵەكەی دەكرد و سەركۆنەیان دەكرن، بۆ تۆڵەسەندنەوەی دووكانداری گەڕەكەكەش دەكوژێت، بێزار ببوو ئەوەندە داوای قەرزی كردبوو و پێی نەدابوو، كۆنەفرۆش و دوو سوو خۆریشی كوشت، بلیت فرۆشی هیڵی شەمەندەفەڕیشی كوشت هەرچەند نەیدەناسی و دواتر كێردێكی گەورەی گرتە دەستەوە و خۆی كرد بە بینای شارەوانیدا. شارەداری گەنج لەگەڵ یەكێك لە ڕاوێژكارەكانی لە سەر یەكێك لە پەسەندكراوەكان قسەی دەكرد.
دایك
كچە، چیرۆكێكی نووسی. دایكی وتی:” بەڵام ئەگەر ڕۆمانێكت نووسیبا، زۆر باشتر بوو.” كچە ماڵێكی بۆ بووكەڵەكەی درووستكرد. دایكی وتی :”بەڵام ئەگەر خانوویەكی ڕاستەقینە بوو زۆر باشتر بوو.” كچە سەرینێكی بچووكی بۆ باوكی درووست كرد:” بەڵام ئەگەر لێفەیەكت درووست دەكرد باشتر نەبوو؟” كچە لە باخچەكە، قوڵكەیەكی بچووكی درووست كرد. دایكی وتی: “بەڵام ئەگەر چاڵێكی گەورەت هەڵدەكەند زۆر باشتر بوو.” كچە چاڵێكی گەورەی هەڵكەند و چووە ناو چاڵەكە و خەوت. دایكی وتی :”بەڵام ئەگەر بۆ هەمیشە دەخەوتی باشتر بوو.”
عەشق
ژنێك عاشقی پیاوێك بوو كە چەند ساڵێك بوو مردبوو. بۆ ژنە هەر ئەوە بەس نەبوو كۆتی پیاوە خۆشەویستەكەی بشوات، پەڵە چەورییەكانی خاوێن كاتەوە و سەرشانەكانی ڕێك و پێك بكات. ئەو دەبا خانووەكەی لە سەر قەبری ئازیزەكەی درووست كردبا و هەموو شەوێك لە تەنیشتییەوە لە ساردخانەیەكی شێداردا دادەنیشت.
ماسی
ژنە بە سەر سەری ماسییەكەوە وەستاوە و بیر لەو هەڵە ڕوون و قەرەبوو هەڵنەگرانە دەكاتەوە ئەمڕۆ كردوویەتی. ئێستا ماسییەكە برژاوەو ئەو لەگەڵ ماسییەكەدا تەنها ماوەتەوە. ماسییەكە بۆ ئەوە- كەسیتر لە ماڵەوە نییە. بەڵام ئەو ئەمڕۆ ڕۆژێكی پڕكێشەی بوو. چۆن دەتوانێت ئەم ماسییە كە خەریكی لە ناو قاپێكی مەڕمەڕیدا سارد دەبێتەوە بخوات؟ بەمەشەوە، ماسییەكەش بێ جووڵە لەوێ كەوتووە- ئێستا كە هەموو ئێسكەكانی جیاكردۆتەوە و پێستە زێوینەكەی كەندووە- هیچكات بە قەد ئێستا تەنها نەبووە: كۆتایی بە ژیانی هاتووە و ئەم ژنە بە چاوی ماندووەوە لێی دەڕوانێت، هەر ئەو ژنەی كە دوایین هەڵەی ئەمڕۆی خۆی كردووە ئەم بەڵایەی بەسەری هێناوە.
سامۆئێل جانسۆنی تووڕە
لە خانوویەكی گەمارۆدراودا ژن و پێاوێك دەژیان. لەو چێشتخانەیەدا كە لە ترسا پەنایان بردبووە ئەوێ، ژن و پیاوەكە دەنگی چەند تەقینەوەیەكی بچووكیان بیست. ژنە وتی: “با”. پیاوەكە وتی “ڕاوچییەكان”. ژنە وتی: “باران”. پیاوەكە وتی: “ئەرتەش”. ژنە حەزی دەكرد بگەڕێتەوە بۆ خانووەكەی خۆی، بەڵام ئەو پێشتر لە خانووەكەیدا بوو، هەر لەوێ لەو بیابانە لە خانوویەكدا گەمارۆ دراوە.