چەند بیروەرییەک لەگەڵ ماریۆ
لە ئینگلیزییەوە: مستەفا زاهیدی
ساڵی ١٩٩٠ لە مەکسیکۆ سیتی، لە کۆنفرانسێک کە ئۆکتاڤیۆ پاز[1] بە بۆنەی ڕووخانی دیواری بەرلین ڕێکی خستبوو، ماریۆ ڤارگاس یۆسا[2] کە ماوەیەکی کەم بوو لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری پێرۆ شکستی هێنابوو، بە کەڵک وەرگرتن لە دەستەواژەی ” دیکتاتۆری تەواو و کامڵ” [3]ڕەخنەی توندی لە دەوڵەتی مەکسیک گرت و دەسەڵاتی دایە بەر رەخنە. چرکەساتێکی شۆکهێنەر بوو[4] . بەکار هێنانی دەستەواژەی ” تەواو و کامڵ” ئاماژەیەکی روون بوو بەوەی دەوڵەتی مەکسیک سەرکەوتوو بووە لەوەی رۆشنبیران بۆ لای خۆی راکێشاوە بێئەوەی پێویست بکات شێوازە دڕندانەکانی وەک زیندان، ئەشکەنجە و دووخستنەوە یان شێوازەکانی هاوشێوەی ئەورووپای رۆژهەڵات بەکار ببەن و وایان کرد ژمارەیەک لە رووناکبیرانی بۆلای خۆی راکێشا و کەسانێکی وەک هاڤێل[5] و میچینک[6] بە تێچوویەکی زۆرەوە بەوپەڕی بوێرییەوە دژی دەسەڵات بوەستنەوە. پاز؛ دوژمنی باوەکوشتە و دێرینەی حکوومەتە دیکتاتۆرەکان کە هیواداربوو بەڕێوەبردنی ئەم کۆنفرانسە سەرکەوتووە بتوانێت یارمەتیدەربێت لە هەوڵەکانی بۆ وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ، لە بێدەنگییەکی قورسدا گوێی لە قسەکانی ماریۆ گرتبوو. لە حاڵێکدا هاوڕێ نزیکەکەی ئێنریکە کراوزە[7] ئێدیتۆر و نووسەر کە بەرامبەر بە سەرسووڕمانەوە بەرامبەری دانیشتبوو.
قسەکانی ماریۆ هەڵایەکی گەورەی نایەوەو لە میدیاکان زۆر دەنگی دایەوە. بەهەرحاڵ، ئەم کۆنفرانسە بە پشتیوانی حیزبی دەسەڵاتدار، حیزبی PRI بەڕێوە ئەچوو، سەرۆک کۆماری ئەو کاتی مەکسیک سالیناس گۆرتاری[8] ئامادەبوانی کۆنفرانسەکەی بۆ نانی نیوەڕۆیەکی شکۆمەندانە بانگهێشت کردە کۆشکی سەرۆککۆماری. ئەم کۆنفرانسە بە شێوەی راستەوخۆ لە کەناڵی تەلەفیزیۆنی ” تێلەڤیزا”[9] لە هەموو مەکسیک و ئەمریکای لاتین بڵاو ئەکرایەوە. بەڵام تەنها ماریۆ وێرای ئەو شتەی کە هەموان لە بەرامبەریدا بێدەنگەیان هەڵبژاردبوو دەرببڕێت و باسی بکات. ئەوەی کە ئێمە ڕووخانی دیکتاتۆرێک لە ئەورووپای رۆژهەڵاتمان کردووە بە جێژن و خۆشی، بەڵام باس لەوە ناکەین خۆمان هاودەنگ و هاوهەنگاوین لەگەڵ یەکێک لە دیکتاتۆرەکانی ئەمریکای لاتین.
ئەو کەسە ناسراو و دیارانەی کە ئامادەی کۆنفرانسەکە بوون چێسلاو میلۆس، لێسێک کۆلاکۆڤسکی، دانیال بێڵ، کۆرنێلیۆس کاستۆریادیس، لێسزێک کۆلاکۆڤسکی، ئیرڤینگ هۆو، هیو ترێڤەر-ڕۆپەر- کەسانێک نەبوون کە بە ئاسانی بیر لەوە بکەیتەوە ببن بە داردەست و خزمەتکاری هیچ دەسەڵاتێک، هەر بۆیە ئەو شێوە وتاردان و هێرشەی ماریۆیان بەدڵ نەبوو. بەڵام دەوڵەتی مەکسیک زۆر توورە بوو و ماریۆی بە ” کەسێکی تێکدەر و ئاژاوەگێڕ”[10] ناوبرد، ئەو ساتەم لە بیرە کە لە هۆڵە گەورەکەی کۆنفرانسەکە چووە دەرەوەو کامێرای تەلەفیزیۆنەکان بەدوایدا چوونە دەرەوە. زۆر خۆشحاڵ و کەیف ساز بووم. لەو چرکەساتانە بوو کە فێری کردم راستگۆبوون یانی چی: وتنی ئەو شتەی کە ئەبێ بیڵێی، لە کاتێکدا ئەوانیتر بێدەنگن.
من و ماریۆ سەرەتای دەیەی ١٩٩٠ لە لەندەن یەکترمان بینی. ئەو دەم هەردووکمان لە ” کتێبخانەی لەندەن” شوێنی حەوانەی زانایان لە گۆرەپانی سەنت جەیمز کارمان ئەکرد.[11] رۆژێک بۆ خواردنی نانی نیوەڕۆ چووینە خواردنگەیەکی ئیتالی. ماریۆ سەرەڕای ساکار بوونەکەی هەموو دەم رێک و پێک بوو، سەرسام بوو بە جامخانە ڕازەوەکانی شەقامی جێرمەن و بە وردی چاوی لە کراس، بۆینباخ، قایش کەمەر و پێڵاو نمایشکراوەکان ئەکرد کە بۆ پیاوانی دەوڵەمەندی لەندەن دانرابوون. دیدار لە چێشتخانەکە زۆر جیاواز بوو لەوەی بیرم لێ ئەکردەوە بەوەی کەسێکی ناسراو ئەبینم. ماریۆ لەبری ئەوەی زیاتر قسە بکات، زیاتر گوێی ئەگرت و بەو چاوە نووسەرانەکانی تێ بڕیبووم.
دواتر بە یەکەوەو بە هاوکاری یەکتر بەرنامەیەکی تەلەفیزیۆنیمان ئامادە کرد دەربارەی ئاژاوەو بشێوییەکانی نەزمی جیهانی دوای ١٩٨٩. ئەو ساڵانە، سەردەمانێکی زۆر تایبەت بوون و ورووژانێکی گەورەی دروستکردبوو، بەڵام ماریۆ بەوپەڕی زیرەکییەوەو بێ ئەوەی تووشی وەهم بێت بە روانێنێکی واقعییەوە بەشداری گفتوگۆکانی ئەکرد. ئێستا تێئەگەم بۆچی هەوڵی ئەدا ببێت بە سەرۆککۆمار لە وڵاتەکەی. ئەتوانم بڵێم سیاسیترین رووناکبێرێکە لە ژیانمدا دیومە. وەک چۆن لە کاتی وەرگرتنی خەڵاتی نۆبلی ئەدەبیاتدا لە راگەیاندنی ئەم ناوەندەدا هاتووە؛ “چیرۆکەکانی نەخشەی بونیادی دەسەڵات” بە وێنا ئەکێشێت. ماریۆ کەسێکی بەتەواو مانا لیبراڵ بوو، بەڵام دونیای خەیالی ئەدەبی ئەو دەستەمۆنەکراو و نەترس و تەنزئامێزە و هەر ئەمەیە وا ئەکات روانگە سیاسییەکانی نەبن بە ئایدۆلۆژیایەکی وشک و چەقبەشتوو.
لە حالێکدا رووناکبیرەکانیتر ” دادپەروەری[12]” یا ” شۆڕش”[13]یان وەک بەهایەکی سەرەکی بۆخۆیان هەڵبژاردبوو، ماریۆ ” ئازادی”[14] هەڵبژاردبوو، هەڵبژاردنێک کە وا ئەکات ویژدانی سیاسی کەسەکە بەئەستەم ساتێک ئاسوودە بێت. چەپەکان هەڵوێستە سیاسییەکانی ئەویان بەدڵ نەبوو. تەنانەت منیش نەمزانی و بۆم دەرنەکەوت بۆچی لە بەڕازیل لە نێوان بۆلسۆنارۆ[15]و لۆلا[16]دا بۆلسۆنارۆی هەڵبژارد، بەڵام ماریۆ لە دوای دەیەی ١٩٧٠ دژی چەپی خۆسەپێن و دەسەڵاتخواز هەڵوێستی گرتبوو. کاسترۆ لە کووبا، گارسیا[17] لە پێرۆ، ئەبیگایل گووزمانی[18] تیرۆریست و گرووپەکەی (رێڕەوی درەوشاوە)[19]، هەموویان ئەو دوژمن و نەیارانە بوون کە دەکەوتنە بەر رق و تووڕەیی ئەو و شایەنی ئەوە بوون.
ئێمە خاڵێکی هاوبەشی تریشمان هەبوو. من ساڵی ٢٠٠٥ چوومە پانتای سیاسەتەوە لە کەنەدا و رێبەرایەتی حیزبی لیبراڵم لە هەڵبژاردنی سەرتاسەری بە ئەستۆ گرت. شەش ساڵ دواتر، بریندار و شکستخواردوو لە پانتای سیاسەت هاتمە دەرەوەو کشامەوە. لەو رۆژ و کاتژمێرە قورسانەدا، کتێبێک کە زیاتر لە هەموو شت یارمەتیدام بۆ ئەوەی بزانم بۆچی هەموو شتێکم خستبووە مەترسییەوە و بۆچی نابێ هیچ کات پەشیمان بم بەرامبەر بەو بەهایەی کە داومە، کتێبی ” ماسی لە ئاو”[20]ی ماریۆ بوو. بیروەرییەکانی خۆی دەربارەی ئەزموونەکانی لە پانتای سیاسەتی نەتەوەیی لەگەڵ وەسفی لەبیرنەکراوی ئەو وتارانەی کە لە ژێر تیشکی خۆری دەم کەلی “کۆزکۆ”[21]دا بۆ هەزاران کەس لە خەڵکی هەژاری دابوو. هیچ کتێبێکیترم نایەتەوە بیر کە ژیان لە وەهمی سەرکەوتن و دواتر بە ئاگاهاتنەوەو بینینی ئەو راستییەی کە شکستە وەها راستگۆیانە بە وێنا کێشابێت.
یەکتر دیتنمانم لە مەدرید لە بیرە، لە توناوتوونە نایابەکەی[22] کە ئاپارتمانێک بوو لە گۆڕەپانێکی ئارام لە ناوەڕاستی شار، نزیک بە کتێبفرۆشییەکی کۆن و سەرنجڕاکێش. لەوێ بەو پەڕی شانازی و سەرسووڕمان و ماندوویەوە باسی وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵی بۆ کردم. خەڵاتەکەی درەنگ پێدراو و ژمارەیەکی زۆر لە هاوڕێکانی بەلایەنەوە سەیر بوو کە ئەو خەڵاتەی پێدراوە. لامان وابوو دوژمنایەتی لەگەڵ چەپەکان رێگرە لەوەی ئەو خەڵاتەی پی بدریت. بەڵام سەرەنجام نەدەکرا نکۆڵی لە گەورەیی بەرهەمەکانی بکەن. دەیگوت نازانی چەنێ نامەم بۆ هاتووە، چەن کەس داوایان کردووە بیبینن، ئەوەی کە داوای واژۆیان لێکردووەو هەروەها داوایان لێکردووە ڕاو و بۆچوونی دەربارەی پرسە تایبەتەکان بزانن. وەک ئەوەی بیهەوێت ئەوە بڵێت کاتێک شانازی وەرگرتنی وەها خەڵاتیکت پێ ئەبەخشرێت، دەکەوێتە ناو قەفەسێکی زێڕینەوە. بەڵام ئەو لەبری ئەوەی خۆی بدات بە دەست ئەم زیندانیکردنە شەرەفمەندانەوە، بەردەوام بوو لە نووسین: رۆمانەکانی قووڵ و زیندوو بوون و باسی عەشق و سیاسەت بوون: گۆشەیەکی زۆر کاریگەری هەبوو لە یەکێک لە رۆژنامەکانی ئیسپانیا و بەردەوامبوو لە خەبات بۆ دامەزراندن و جێگیرکردنی جۆرێک سیاسەتی لیبراڵ لە وڵاتەکەی.
من پێشتر ژیاننامەی ئایزایا بێرلین[23] م بڵاو کردبۆوە کە یەکێک بوو لەو بیرمەندانەی کە زۆری خۆش دەویست و ساڵی ٢٠١٥ چووم بۆ لیما[24] بۆ ئەوەی لە کۆبوونەوەیەکی گەورەدا کە ئەو بۆ پشتیوانی لە سیاسەتی لیبراڵ رێکی خستبوو وتار بدەم. لەو سەفەرە زیاتر لەوەی ئەو وتارانەم لە بیر بێت کە لەو کۆنفرانسەدا پێشکەشکران، ئەو پەڕەشووتەوانەم لە بیرە کە لە گاشە بەردەکانی ئەلیماوە بەو کەرەستانەی کە پێیان بوو، خۆیان هەڵئەدا و بەسەر دەریاکەدا هەڵدەفڕان. ناسراوترین و دیارترین کەسەکان و هاوڵاتییەکانی لیما هاتبوون بۆ ئەوەی گوێی لێ بگرن و لەگەڵ وشەکانی پەیوەندی بگرن. بەڵام وا دەرئەکەوت کە ئەوان زیاتر بۆ ئەوە هاتبوون رێز لە ماریۆ بگرن نەک ئەوەی گوێ لە قسەکانی بگرن. ئەو دەمانە سەرەتای دەسپێکی قۆناغی پۆست- لیبراڵی[25] بوو کە ئێستا لەو سەردەمەدا ئەژین، سەرەتای هەڵخزانی ئارام و لەسەرخۆی پیرۆ بەرەو تێداچوون و شکستی سیاسی.
کاتێک، لە ساڵی ٢٠١٧ ڤیکتۆر ئۆربان[26] سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا، هێرشی کردە سەر ” زانکۆی ئەورووپای ناوەند”[27] ئەو ناوەندەی کە لە لایەن (جۆرج سۆرۆس)[28]ەوە دامەزرابوو و من سەرۆکی ئەو شوێنە بووم لە بۆداپێست، داوام لە ماریۆ کرد لە مەدریدەوە بێت و دەربارەی ئازادی بیروڕا وتارێکمان بۆ بدات. ماریۆ هات و ڕوو بە هۆڵێکی پڕ لە خوێندکار و مامۆستای زانکۆ وتی، مەبەست لە دامەزراندنی زانکۆیەکی وەک ئەم زانکۆیە پێگەیاندنی هاوڵاتییە. “ئەو هاوڵاتییە تێگەیشتوانەی کە ناهێڵن فریو بدرێن و لە لایەن دەسەڵاتە سیاسییەکانەوە هەڵناخڵتێن و رازی نین بەوەی کە ئەو دونیایەی کە تێیدا ئەژین باشترین دونیایە کە ئەکرێت ببێت”. ماریۆ وتی، خەباتی ئێمە بۆ پاراستنی ئەم زانکۆیە لە بەرامبەر هەڕەشەکانی ئۆربان، خەباتێکە دژی ” کەڵکەڵەی خێڵگەرایی”[29]. ئەو لەسەر ئەو باوەڕە بوو ئەوە هەڕەشەی لە سەرە داهاتووی ئازادییە لە ئەورووپا.
بەرەبەیانی ئەو رۆژەی هەواڵی مەرگی ماریۆ بڵاو کرایەوە، جارێکیتر سەیری (وتارە ورووژێنەر)[30]ەکەیم کردەوە. بەڵگەیەکی ڕوون بوو بەوەی دونیا لە ٢٠١٧ بە دواوە بووە بە شوێنێکی تاریکتر. ” زانکۆی ئەورووپای ناوەند” ئیتر لە بۆداپێست چالاک نییە، بەڵکوو لە مەنفایە و لە ڤییەنایە، هێرش بۆ سەر ئازادی ئاکادێمی، بەتایبەت لە ئەمریکا، زۆر بێبەزەییانەیە. سیاسەتی لیبراڵ ئەو شتەی کە ئەو و منیش باوەڕمان پێی بوو، لە دۆخێکی زۆر خراپ و بێ هیواییدایە. بەڵام لە خەیاڵی خۆمدا ئەتوانم بیر لەوە بکەمەوە بە زەردەخەنەیەکی گاڵتەجاڕانەوە، برۆ رەشەکانی هەڵئەتەکێنێ و ئەڵێت :” چۆک دامەدە، ئەوانەی ئەزانن چۆن هێزی وشە ببەنە کار بۆ بەرگری لە ئازادی، هیچکات نابێ دەستبەرداری خەبات بن دژی ئەوانەی کە دەسەڵاتە بەکار ئەهێنن بۆ لەناوبردن و نەهێشتنی ئازادی”. ماریۆ بە درێژایی تەمەنی زۆری، بەچاوی خۆی ستەمکاری، تاوان و سەرکوتی لە دونیا بینی، بەڵام هیچکات دەستبەردای خەبات نەبوو.
سەرچاوە:
Michael Ignatieff, ‘Memories of Mario’, Liberties, April 2025.
[1] -Octavio Paz
[2] -Mario Vargas Llosa
[3] -perfect dictatorship
[4] – It was a shocking moment
[5] – Havel
[6] – Michnik
[7] -Enrique Krauze
[8] -Salinas Gortari
[9] – Televisa
[10] -persona non grata
[11] – Saint James’ Square.
[12] – justice
[13] – revolution
[14] – liberty
[15] – Bolsonaro
[16] – Lula
[17] – Garcia
[18] – Abigail Guzman
[19] – Shining Path
[20] – Fish in the Water
[21] – Cuzco
[22] – his wonderful labyrinth
[23] – Isaiah Berlin
[24] – Lima پێتەختی وڵاتی پیرۆ لە ئەمریکای باشوور
[25] – post-liberal
[26] – Viktor Orban
[27] – Central European University
[28] – George Soros
[29] – the temptations of the tribe
[30] stirring speech
