چاکەی چاوەڕوان نەکراوی سەرکوت
لە بیست ساڵی رابردوودا، واتە لە ماوەی ئەو ساڵانەدا کە بۆم نەبوو هیچ بەرهەمێک بڵاو بکەمەوە، کەسانێک لێیان ئەپرسیم چۆن نووسەرێک ئەتوانێ لە وەها دۆخێکدا بژی؟ هەم لە ناوخۆی وڵاتەکەم و هەم لە دەرەوەی وڵات و لە لایەن هاوکارەکانم و ئەو رۆژنامە نووسانەوە کە لە بەشی ئازادی دونیاوە دەهاتن بۆ پراگ، ئەم پرسیارەم ئاراستە دەکرا. هەوڵم ئەوەیە وەڵامی ئەم پرسیارە بدەمەوە. بەڵام ئیزن بدەن هەر لە ئێستاوەو لە سەرەتاوە ئەوە بڵێم کە من باسی ئەزموونی تاکەکەسی خۆم ئەکەم، لەبەر ئەوەی وەک ئەزانن، هەرچەن ئەو دۆخەی کە کەسەکان تێیدا دەژین توندڕەوانەتر بێت، پەرچەکردارەکانیان جیاوازتر ئەبێت. کەوایە ئینسان لە وەها دۆخێکدا ناتوانێت بابەتەکە بگشتێنێت و ئەوەی وەک ئەزموونی خۆیەتی بە شیاوی بزانێت بۆ کەسانیتر.
ئەو نووسەرەی کە لێی قەدەغە کراوە بەرهەمەکانی بڵاو بکاتەوە، خۆی لە دۆخێکی پاڕادۆکسیدا ئەبێنێت. وەها نووسەرێک زۆربەی کاتەکان بۆیە دەنووسێت لەبەر ئەوەی هیوادارە بتوانێت لەگەڵ خەڵک بدوێت ، کاریگەری هەبێت لەسەر بیرکردنەوەیان، یان لانیەکم ئەوەی شتێکیان بۆ بگێڕێتەوە. ئەوانەی هەوڵ دەدەن ئەم ئەگەر و هیوایە لە نووسەر بگرنەوە، دەخەنە دۆخی مناڵێکی قۆناغی دواناوەندییەوە کە دەفتەری بیرەوەرییەکانی تەنها بۆ ئەوەیە ، بۆ دڵی خۆی شتی تێدا بنووسێت، یان ئەوپەڕی ئەوەیە چەند کۆپییەکی بدات بە هاوپۆلییەکانی.
ئەگەر باس لە قەدەغەبوونی چاپ و بڵاوکردنەوە، بەتایبەت بە گشتی لە تاوانبارکردن و سزادان بە هۆی ئازادانە قسەکردنەوە ، دەکەین، ئەبێ ئەوە بزانین سانسۆر ئەکرێت و ئەتوانێت بە شێوەی جیاواز خۆی دەربخات، زیاتر لەوەش، ئاستی چاودێری و سانسۆر کردن جیاوازە. زۆر باش ئەزانین هیتلەر، ستالین و دیکتاتۆر بچووکترەکانی هاوشێوەیان کێشە بۆ ئەو نووسەرانە دروست ئەکەن کە بە نووسینەکانیان سەرئێشەیان بۆ دروست ئەکەن. هەروەها دەزانین لەم ساڵانەی دواییدا دیکتاتۆرێکیتر دەستبەجێ سزای ئیعدامی بە سەر نووسەرێکدا داسەپاندووە ، لەبەر ئەوەی ئەو نووسەرە دژی وەستاوەتەوە. هەر کات ژیانی نووسەرێک بە هۆی دەربڕینی ئازادانەوە دەکەوێتە مەترسییەوە، خودی داهێنانە کە لەزاتی خۆیدا ئەکەوێتە مەترسییەوە. ئەو فەرمانە فەرمییەی کە قەدەغەی کردبوو من و زۆریەک لە هاوکارەکانم لە بیست ساڵی رابردوودا بنووسین و بڵاو بکەینەوە، جۆرێکیتر بوو. لە ماوەی ئەم ساڵانەدا ئێمە کەم تا زۆر ئازاد بووین بنووسینو تەنانەت نووسینەکانمان لە دەرەوەی وڵات چاپ دەبوون. دەسەڵاتدارەکان هەوڵیانئەدا ژیانم لێ تاڵ بکەن و تەنگم پێ هەڵچنن. پۆلیس بە شێوەی نایاسایی هەرچەن ماوە جارێک ماڵەکەی دەپشکنیم، نە شێوەیەکی سووکایەتی ئامێز لیپرسینەوەیان لێدەکردم، پاسپۆرتەکەیان لێ وەرگرتبوومەوەو مافی سەفەرکردنم نەبوو، هەنێ جاریش تەنانەت مۆڵەتی شۆفێریان لێ وەرئەگرتمەوە، هەرکات تەلەفۆنەکەم کۆنتڕۆڵ نەبایە، دەیانبڕی. بەڵام هیچکات هەستم نەکرد مەترسی هەیە لەسەر ژیانم. لام وایە لەم رووەوە ژیانم هاوشێوەی ژیانی ئەو نووسەرانەبوو کە قەدەغە کرابوو لێیان بنووسن و بڵاوبکەنەوە. بەڵام لە روویەکی تایبەتەوە چارەنووسی من جیاوازبوو. لەبەر ئەوەی من بەشێوەی بەردەوام کتێبەکانم لە دەرەوەی وڵات چاپ دەبوون، دەمتوانی بژیوی ژیانم لە رێگای نووسین و نووسەربوونەوە دابین بکەم: من بە پێچەوانەی بەشێکی زۆر لە هاوکارەکانم، ناچار نەبووم بە شوێن کارێکدا بگەڕێم کە هەموو کاتی خۆمی بۆ تەرخان بکەم بۆ ئەوەی بژیوی ژیانم بەڕێ بکەم . دەمهەوێ جەخت لەسەر ئەوە بکەمەوە ئەو نووسەرانەی قەدەغە کرابوو لێیان کە بەرهەمەکانیان بڵاو بکەنەوە تەنها دەیانتوانی نزمترین و سووکترین پیشە و کاریان هەبێت بۆ دابینکردنی بژیوی ژیانیان- ناچاربوون حەماڵی و کۆڵ کێشی بکەن، شەوانە بە ناو زبڵەکانا بگەڕێن، شووشە و جامی سەیارە بشۆرن، کرێکاری بکەن و ئەگەر زۆریان بەخت هەبا دەبوون بە پاسەوانی ئەمبارێک و ئەمارەکەیان بەڕێوەئەبرد. بە شێوەی ئاشکرا، بەلای بەشێکی زۆر لە نووسەرەکانەوە، بە تایبەت ئەو نووسەرانەی بەتەمەنتر بوون، ئەم کارانە جۆرێک بەریەککەوتن و دژایەتی بوو لەگەڵ کاری نووسینیان و وای دەکرد دژوار بێت بۆیان نووسینی داهێنەرانەیان هەبێت. بەهەرحاڵ، لە ماوەی ئەم بیست ساڵەدا، ئەوە هەر ئەو نووسەرانەی کە نووسینیان لێ قەدەغە کرابوو بوون کە توانیان زیاتر لە هەزار جۆر کتێب چاپ بکەن، کە بەشێک لەو بەرهەمانە بەشێکن لە باشترین بەرهەمە ئەدەبییەکانی وڵاتەکەی ئێمە. ئەمە بەڵگەیە لە سەر هێزی داهێنەرانەی نووسەرانی چێک، یان لانیکەم بەڵگەیە لەسەر ئەوەی ئەوان بە حەزەوە خەریکی جێبەجێکردنی کارەکەیان بوون- حەز ئەکەم لیرەدا لە وشەی ” بەحەزەوە” لە بری ” ئەرک و فرمان” بەکار ببەم.
لە سەرەتای قسەکانمدا وتم کە دەمهەوێ تەنها باسی خۆم و ئەزموونەکانی خۆم بکەم. باسی ئەو رۆژە خراپانە، بەڵام لە هەندێ رووەوە ئارام بکەم. چەندین کتێب و شانۆنامەم نووسی، ژمارەیەکی زۆر وتار و یادداشتی رۆژنامەییم نووسی. رەخنەگرەکان بە زۆری ئەم بەشە لە بەرهەمەکانم کە لە ماوەی ئەم بیست ساڵەدا نووسیومە، باشتر لە بەرهەمەکانیترم، کە پێش ئەوەی نووسینم لێ قەدەغە بکرێت نووسیبوومن، هەڵدەسەنگێنن. هەرچەن زۆربەی کاتەکان نووسەرەکان هاوڕا نین لەگەڵ رەخنەگرەکان، بەڵام لەم بارەوە لام وایە ئەوان راست ئەکەن. لام وایە من خۆم بۆ دۆخێک کە دوای ١٩٧٠ تێی کەوتم ئامادە کردبوو. ئەو بەختەم هەبوو سەردەمی گەنجێتیم و لە کاتی جەنگدا بە زۆری لە کەمپەکان بەسەربردبوو. وشەی “بەختم لەگەڵ بوو” هەڵەیەکی زۆمانی نیە. لە سەردەمی تازەلاویمدا کۆمەڵێکی زۆر ئەزموونی بەنرخم بەدەست هێنابوو. یەکەم ئەوەی کە ئەگەر کەسێک دەیهەوێت لە دۆخێکدا بژی و بمێنێتەوە کە بەردەوام مەترسی لە سەرە، دەبێ هێزی ئەوەی هەبێت خۆی بگونجێنێت، واتە تەنانەت خراپترین دۆخەکانیش بە دۆخێک بزانێت کە داسەپا و ناچارییە و ئەبێ قبووڵی بکات، دواتر هەوڵبدات تەنانەت لەم دۆخانەشدا ژیانێکی مرۆیی بۆ خۆی رێک بخات. لە کەمپدا ئەمە بەو مانایە بوو من دەبوایە شکۆی مرۆیی و هاوسەنگی رۆحی خۆم رابگرتایە: دونیای ناخی خۆم، هیوام، ئازادی ناخی خۆم بپارێزم و هیچکات نەهێڵم ترس و بێ هیوایی بەسەرمدا زاڵ بن. ئەو کەسانەی توانای ئەم کارەیان نییە، لە دەستچوون! دووهەم: هەڵبەت ئەمە گرینگییەکی کەمتری هەیە، تێگەیشتم بەوەی مرۆڤ ئەبێ ئەم دۆخە بە دۆخێکی داسەپا و سەلمێندراو بزانێت، بەڵام تەنها لە ساتە تایبەتەکاندا؛ مرۆڤ هەر هیوادارە کە دۆخەکە بگۆڕدرێت، ئەویە کە شێتییەتی ناتوانێت ببێت بە دۆخی هەمیشەیی مرۆڤ یان ژیانێکی کۆمەڵایەتی و شتێک نییە هەمیشە بمێنێتەوە. ئێمە هەروا بەم هۆکارە ماوینەتەوە و درێژە بە ژیان ئەدەین لەبەر ئەوەی ( بە گەشبینییەکی زێدەڕۆیانەوە) لەسەر ئەو باوەڕە بووین جەنگ لە ماوەی یەک یان دوو هەفتە یان یەک دوو مانگ کۆتایی دێت. هەروەها لە ماوەی جەنگدا بە تێڕوانینێکی نوێ بۆ پیشەکەم گەیشتم. بۆ نووسەر هیچ ئەزموونێک بێ کەڵک نییە- بەڵکوو بە پێجەوانەوە . هەرچەن ئەزموونی ئینسان ترسناکتر بێت، هەرچەن ئەو دۆخەی تێی دەکەوێت تاڵتر و زێدەڕۆیانتربێت، بۆ کارەکانی داهاتووی بەکەڵکتر ئەبێت.
دەتوانم بڵێم ئەم جۆرە تێگەیشتن و ئەزموونانە لە ماوەی ئەم بیست ساڵەدا یارمەتیان داوم، زۆربەی هاوکارەکانیشم کەوتنە وەها دۆخێکەوە. هەرچەن ئێمە لامان وابوو ئەم بڕیارە گەمژانەیە کە کۆی ئەدەبیاتی هاوچەرخی چێک قەدەغە بکرێت، کار و بڕیارێکی کاتییە کە چەن ساڵ زیاتر ناخایەنێت، بەڵام لە هەمانکاتدا ئەم بڕیارە بەلامانەوە، بە هۆی ئەو دۆخەوەی تێیدا بووین، دۆخێکی داسەپێنراو بوو، کەوایە هەوڵمانئەدا لەگەڵ ئەم دۆخەدا خۆمان بگونجێنین. تەنها ژمارەیەکی کەم خۆیان دا بە دەست دۆخەکەوەو بێ هیوا بوون، ئەو ژمارە دەگمەنە لە ئێمە، حەزیان دەکرد لە نیوەی ڕێگادا بڕۆن سەردانی ئەو بەرپرسانە بکەن کە هەر لە سەرەتاوە هەڵوێستی دژە کەلتوور و دژە بەرژەوەندیییەکانی نەتەوەیان گرتبووە بەر. زۆربەی نووسەرانی چێک ئازادی ناخی خۆیان پاراست. لە دۆخێکی پاڕادۆکسی ئاشکرادا، قەدەغەبوونی چاپ و بڵاوکردنەوە بۆ ژمارەیەک لە نووسەرەکان جۆرێک ئازادی لەگەڵ خۆی هێنابوو: ئازاد بوون لە کاریگەریگەری دانان و بەرژەوەندییە لاوەکییەکان، ئازادبوون لە خۆ سانسۆرکردن کە پێشتر بە هیوای فریودانی سانسۆرچییە ویت و ریاکان ئەنجام دەدرا، ئازادبوون لە بەرژەوەندییەکانی بازاڕ. نووسەرەکان وەها کارەکانی خۆیان ئەبردە پێش وەک ئەوەی ئەمە پێویستییەکی ژیانیان بێت و تەنها لەم دۆخی ( قەدەغەبوونی نووسینەدا) دەیانتوانی وەها روانینێکیان بۆ ئافراندنی بەرهەم هەبێت. بەڵام ئاخۆ دەکرا تا هەتایە بنووسی، تاهەتایە بخولقێنی، بێئەوی تەنانەت چکۆلەترین ترووسکایی هیوات هەبێت کە بەرهەمی هەموو رەنجەکانت، جگە لە چەند کەس لە هاوڕێکانت نەبێت، کەسیتر بیبینێت .
زۆر پێش ئەوەی رێکخراوە نافەرمییەکانی وەک چارتێری ٧٧ [1] کە ئێستە لای هەموان ناسراوە، ژمارەیەکی زۆر لەو نووسەر و رۆژنامەنووسانەی کە نووسین لێیان قەدەغە کرابوو، بەشداریان هەبوو، دامەرزێت، سامیزدات[2]ی چێک دەستی بەکار کردبوو و جێکەوتبوو. زۆر بەڕێکەوت ئاگام لە دامەزران و لەدایکبوونی بوو. کە وایە ئەو مێکانیزمە بەرگرییە ناوەکیەم دەناسی کە ئەو رەوتە ئەبردە پێشەوە، واتە هاندەرێک بۆ ئەوەی خۆت ئاسایی نیشان بدەی لە دۆخی نائاساییدا. پێشتر، لە سەرەتای دەیەی ١٩٧٠ دا، ئەو دەمەی کە بەرەبەرە کتێبەکانمان لە رەفەی کتێبخانەکان ونبوون، ئەو دەمەی کە دەرکەوت هیچکام لەو کەسانەی کە نووسینیان لێ قەدەغە کرابوو تەناەت مافی بلاوکردنەوەی یەک رستەشیان نییە، بڕیارماندا مانگێک جارێ لە دەوری یەکتر کۆببینەوەو بەرهەمەکانمان بۆ یەکتر بخوێنینەوە. ئەم لە دەوری یەکتر کۆبوونەوە لە شووقەکەی منەوە دەستی پێکرد، شووقەکەم جێگای ئەوەی نەبوو زیاتر لە ٤٠ کەس تێیدا کۆببێتەوە. زۆری نەبرد پۆلیس گومانی کردە سەر ئەم کۆبوونەوانەمان و وێنەی خانووەکەم لە سەر تەلەفیزیۆن دەرکەوت، بەو شێوەیە باسیانکردبوو کە ئەم شوێنە ، شوێنی کۆبوونەوەی ژمارەیەک لە هێزە دژە کۆمەڵایەتییەکانە. ناچاربووین کۆبوونەوەکانمان بگۆڕێن بە شتێک کە کەمتر لەبەرچاوا بێت و لە هەمانکاتدا کاریگەرتر بێت، ئەویش شتێک بوو کە ژمارەیەکی زۆرتری لە خەڵک دەگرتەوەو تەنها لە کۆبوونەوەیەکی تەواو هاوڕێیانەدا قەتیس نەدەمایەوە. بەم شێوەیە بڕیارماندا بەرهەمە تاکەکەسیەکانی خۆمان لە سەر ماشێنێکی تایپ ، بنووسینەوە، ئەوەنەی بۆمان ئەکرێ و ئەتوانین لێی پرێنت بکەین، بە نرخێکی کەم بیانفرۆشین. یەکەم زنجیرە لەم بەرهەمانە، کە ئێدیتۆرەکەی یەکێکبوو لە دیارترین وسەرەکیترین نووسەرەکانی ئێمە، واتە لۆدڤیک واسۆلیک ، بە ناوی ” چاپ و بڵاوکردنەوەی داخراو” ناوبانگی دەکرد: بەم شێوەیە ئەم ناوە خرایە سەر ئەو زنجیرە لە بەرهەمانەی کە لۆدڤیک واسۆلیک لە کارتی پیرۆزبایی جێژندا لەو ساڵە بۆ هەموومانی نارد و خستبووییە پشت کتێبێکەوە کە بۆ هەموومانی ناردبوو و وێنەی قفڵێکی لەسەر بوو. بەدڵنیاییەوە ئەودەم لۆدڤیک بە هیچ شێوەیەک و لەخەیاڵی خۆشیدا بیری لەوە نەدەکردەوە تا ساڵی ١٩٨٩ تەنها لەم زنجیرە کتیبە ٥٠٠ ناو چاپ بکات. ماوەیەک دواتر زنجیرەیەک کتیبی هاوشێوە بڵاوبوونەوە، کە ناودارترینیان زنجیرەیەک بوو کە ژنەکەی واتسلاڤ هاوڤێل (Václav Havel)و براکەی، ئۆلگا و ئیوان، بڵاویان دەکردەوە. ژمارەیەک کەس خۆبەخشانەی کتێبەکانیان کۆپی دەکرد. ئەو کتێبانەی کە سەردەمانێک کۆمپانیا بازرگانییە دەوڵەتییەکان بەرگیان دەگرتن، ئێستە لە لایەن کەسانی خۆبەخشەوە بەرگ دەگیردران. هەروەها قەبارە و ئەندازەی دەستنووسەکان بچووکتر بۆوە، ژمارەیەک لە کتێبەکان گرافیک و دیزانێکی زۆر سەرنجڕاکێشیان هەبوو. لە ماوەی چەن ساڵدا هەر بەم شێوەیە گەنجینەیەک لە ئەدەبی چێک بەرهەم هات، بەرهەمی گەورەترین شاعیرەکانی زیندووی وڵات، ئەوانەی دواتر بوون بە براوەی نۆبڵ، یارۆسلاڤ سایفێرت[3]، یان سکاسێل [4] ئۆلدریش میکۆلاسک و نووسراوەکانی بۆهیمێل هێراباڵ و واتسلاڤ هاوڵ، هەموویان هەر بەم شێوەیە بڵاو بوونەوە. بەڵام کەم نەبوون ئەو کتێبانەش وەردەگێڕدران و هەر بەم شێوەیە بڵاو دەبوونەوە. لە کتێبەکانی مارتین هایدگەر و بۆبێرەوە بگرە تا دەگاتە کتێبەکانی ئۆروێل، ئێریش فرۆم، میرچا ئیلیادە، سۆلژنستین، کۆنراد لۆنێتس، چێسلاڤ میلۆش و جۆرج کۆنراد. لەو دوستنووسانەی کە دەستاودەست ئەکران کۆپی نوێ ئامادە دەکرا، بەتایبەت ئەوانەی کە نووسەرەکانیان زیاتر ناسراو بوون و خۆشەویست بوون. ئێمە وامان بەراورد کردبوو ئەو کتێبانەی (سادمیزات) چەند سەد جار چاپ کراونەتەوە.
رەنگە لاتان وابێت من زۆر چوومەتە ناو وردەکارییە تەکنیکییەکانەوە. بەڵام ئەو راستییە بۆ نووسەرێک کە بەرهەمەکەی بەم شێوەیە چاپ دەبوو زۆر گرینگ بوو. جگەلەوەی خوێنەرەکان پێشوازیان لە بەرهەمەکانی ئەکرد و بە پێشوازییەوە دەهاتن، بەڵکوو ئەم شێوە بڵاوکردنەوەیە زۆر زیاتر بەلای نووسەرەوە جێگەی رەزامەندی بوو. دەمزانی ژمارەی کۆپیکراوی کتێبەکانمان کەمە و ئەژماریان کەمە، بە تایبەت نەدەگەیشتە دەست ئەوانەی گەنجتر بوون. من خۆم لە کتیبخانەکەمدا چەند دانەیەک لەو کتێبانەم هەبوو کە لەسەر هەر دانەیەکیان چەند سەد خوێنەر شتیان نووسیبوو. دەمزانی بەلای ئەوانەوە ئەم ئەدەبیاتە تەنها دەنگی رەسەنی کەلتووری چێکە، دەنگی شانازی بەخۆکردن، وەستانەوە، دەنگی هیوا. بە شێوەیەکی پاڕادۆکس و ناتەبا، ئەو نووسەرانەی نووسینیان لێ قەدەغەکرابوو، لە ڤاتسلاڤ هاڤێڵ [5]ەوە بگرە تا دەگاتە لۆدڤیک واسڤۆلیک، کارل پێکا، میلان کۆندێرا، یۆزف سکۆڤرتسکی ، یاژیری گرۆسا، یارۆسلاڤ سایفێرت، یان سکاسێل، یان پاوڵ کۆهێرت، لە هەموان خۆشەویستتربوون، زۆر رێزیان زیاتر بوو لەو نووسەرە دەوڵەتیانەی کە بەردەوام خەڵات دەکران و رێزیان لێدەگیرا. وەکچۆن جارێک بە نیوە گاڵتە و نیوە راست بە یەکێک لە هاوکارە رۆژئاواییەکانم وت ، ئەو نووسەرانەی لە چێکۆسلۆڤاکیا قەدەغەی نووسینیان لە سەرە بە شوێنێک گەیشتن کە نووسەرەکانی دونیای ئازادا تەنانەت بەخەویش نەیاندەبینی بەو شوێنە بگەن: قسەی ئەو نووسەرەی نووسینی لێ قەدەغەکراوە، ئەق قسەیە کە خەڵک چاوەڕوانی دەکەن، ئەمە بەو مانایە کە کارلێکەکان بەرامبەر بە نووسینەکان زۆر زیاتر لەوەیە کە خۆدی نووسەر دەیویست بیگوازێتەوە. لەگەڵ ئەوەی دەپەرژینە سەر ئەم پرسە تەکنیکیانە، نابێ ئەوە لەبیر بکەین و دەبێ ئەوە بە بیر بهێنمەوە، لە ناوەڕاستی دەیەی ١٩٧٠ بە دواوە، ئەو ناوەندە چاپ و بڵاوکردنەوانەی کە لە لایەن کۆچبەرەکانەوە دامەزرابوون، بەرەبەرە لەگەڵ بڵاوکردنەوەی ئەدەبیاتی تاراوگە، دەستیانکرد بە بڵاوکردنەوەی ئەو بەرهەمانەی لە ناوخۆی وڵات دەنووسران. ژنان و پیاوانێک وەک بنەماڵەی سکۆڤرتسکی، ئیلکساندر تۆمسکی و ئادۆڵف موولێر، سەدان کتێبیان بڵاوکردەوە، ژمارەیەکی زۆر و بە هەزاران کۆپی لەو کتێبانە بە قاچاخ دەگەیشتنە چێکۆسلۆڤاکیا، لێرە ئەتوانین بڵێین لانیکەم بە قەد ئەو کتێبانەی بە دەستنووس بڵاو دەکرانەوە، خۆشەویست بوون و خەڵک دەیویستن.
زۆرجار لێم دەپرسن چ جۆرە کتێبگەلێک لە بڵاوکەرەوەی سامیزداتی ئێمەدا بڵاو دەبوونەوە کە جیاواز بوو لە هەوڵەکانی نووسەرانی سامیزدات لەو وڵاتانەیتر کە ئازادی رادەربڕین تێیاندا نەبوو و سەرکوت دەکران. لە شوێنەکانیتر زۆربەی ئەو کتێبانە سامیزدات بڵاوی ئەکردنەوە، ئەو کتێبانەبوون کە ناوەندەکانی بڵاوکردنەوە بە هۆکاری سیاسی و ناوەرۆکی سیاسی یان ناوەرۆکی رەخنەگرانە ئامادە نەبوون چاپیان بکەن. لە چێکۆسلۆڤاکیا دۆخەکە جیاوازبوو. بەلای ئەوانەوەی کە دوای هێرشی ١٩٦٨ هاتنە سەرکار، هەرجۆرە چالاکیەکی بەکۆمەڵ، لەوانە چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێب، دەبوایە پەسنی ئەم هێرشەیان کردبا. لەبەر ئەوەی زۆربەی نووسەرەکان ئامادە نەبوون ئەم دۆخە قبووڵ بکەن، قەدەغەبوونێکی تەواو بە سەر یەک یان دوو بەرە لە نووسەرەکاندا داسەپا، جا ناوەرۆکی کتێبەکان و نووسراوەکانیان هەرچی با، هەربۆیە شان بە شانی ئەدەبیاتی سامیزدات، رۆمانە مێژووییەکان کە بۆ وێنە رووداوەکانیان لە سەدەی چواردە روویدەدا و چیرۆکە عاشقانەکان، شیعر و غەزەڵەکان لە وەسفی سروشتدا، وتارە فەلسەفییەکان، ئەو بەرهەمانەی کە باسی دۆخی تراژیکی کۆمەڵگای هاوچەرخیان ئەکرد، قەدەغەبوون. سامیزداتی چێک، بە پێچەوانەی بزووتنەوە هاوشێوەکانی، تەنها لقێک نەبوو لە رووباری گەورەی ئەدەبیاتی نەتەوەیی، بەڵکوو خودی ئەو رووبارە مەزنە بوو.
بەدەر لەمە، زۆرجار لێم ئەپرسن چۆن ئەمتوانی لە باری دەروونییەوە بەرگەی ئەم تەریک کەوتنەوەو گۆشەگیرییە رەهایە بگرم، ئەم راستییە کە لە هەموو چالاکییەکی کۆمەڵایەتی بێبەری کراوم و مافی ئەوەم نییە چالاکی بکەم، تەنانەت مافی ئەوەشم نییە بچمە ئەو بینایانەوە کە سەر بە بڵاوکەرەوەکان یان کلووپ و یانەی نووسەران بوو؟ وەڵامی راستگۆیانەم ئەمە بووە کە نووسەر تا رادەیەک تەنها و تەریک کەوتووەو ئەمە لە پێویستییە سروشتییەکانی ئەم پیشەیە. بەڵێ، هەندێجار قورس بوو بەرگەی تەنهایی بگرم، بەڵام لە کاتەکانیتردا ئەم تەنهاییە کە دەرفەتێکی پێ ئەدام بەوە زیاتر بیربکەمەوە ، ئاسانتر بوو بەرگەی بگرم. ئەو دەمەی کە جگە لە چەند کەس لە هاوڕێکانم و رۆژنامەنووسە بیانیەکان کەس رەوتی کارکردنمی نەدەپچڕی، ئەمڕۆکە بەلامەوە وەک کات و ساتێکی بەهەشتی دەیبینم لەو رووەوە کە زیاتر بیرم لای کارەکەم بوو ( بە تایبەت دوای ئەم چەند مانگەی دوایی کە چواردەورم قەرەباڵغ بووەو سەرقاڵ بووم). بەدەر لەمە، هیچکات تەنهایی و تەریک کەوتنەوەم ، تەنهایی و تەریک کەوتنەوەیەکی رەها نەبوو. شوێنکەوتن و لێپێچینەوەو قەدەغەبوون لە نووسین، هەموومانی دەخستە دۆخ و ژینگەیەکەوە تەنها ئەو کاتە دەمانتوانی لێی تێبگەین کە بکەوینە ئەو دۆخەوە و بەدەر لەوە نەماندەتوانی هیچ ناسیارییەکمان هەبێت بەرامبەر ئەو دۆخە. هەندێ لە ناوەرۆکی بەرهەمەکانم و ناسینی ئەو دۆخە راستییەی کە هەبوو تەنها لەو رێگاوە بەدەست دەهات کە ناچاربووم کاری جیاوازی وەک ، یاریدەدەری پزیشکی (Paramedic) ، پۆستەچییەتی، یارمەتیدەری هەڵسەنگێنەر، هەڵبژێرم و تەنانەت چەن رۆژێکیش وەک خۆڵڕێژ کارم کردووە. بە دڵنیاییەوە واتسلاڤ هاڤێل، نەیدەتوانی ئەو شانۆنامە سەرکەوتووە، شانۆنامەی ئامادەبوان[6] بنووسێت ئەگەر چەند رۆژێک ناچار نەبا لە کارگەیەکی بیرەدروستکردندا کاری کردبا، رەنگە نەیشیتوانیبا بەشێکی زۆر لە شانۆنامەکانی بنووسێت ئەگەر بەردەوام نەخرابایە ئەو کونەوە، کونجی زیندانەوە. دەبێ بڵێم ئەو کەسەی دەخرێتە ئەو کونەوە تەنها نابێت، لەبەر ئەوەی کەسانێک هەن لەو دۆخەی ئەودان، هەر ئەمە جۆرێک هەستی بەهێزی پەیوەندی و هاوسۆزی دروست دەکات. ئەم هاوسۆزی و پەیوەندییە- ئەزانم زۆر خەریکی وەسف و ستایشی سەرکوەت دەکەم- زۆری یارمەتی ئەداین، خێر و دۆزینەوەیەک کە بەرهەمی ئەم بیست ساڵی رابردووەیە. جگە لەو کەسانەی کە ئازارەکانیان هاوشێوەی ئازاری ئێمە بوو و ئەزموونی هاوشێوەی ئێمەیان هەبوو هاتن و پەیوەست بوون بە منەوە، بەڵکوو کەسانێکیتر، بەتایبەت ئەوانەی گەنجتر بوون و کاری تریشیان هەبوو، بوون بە هاوسۆز و هاوهەنگاوم، لەبەر ئەوەی ئەوانیش شتێک کاریگەری لەسەر دانابوون کە بەلایانەوە گرینگ و بنەمایی بوو. لەدەستچوونی ئازادیە مەدەنییەکان، هەست بە سووکایەتی کردنیکی بە کۆمەڵ کە دەسەڵات بەسەر هەموانیدا داسەپاندبوو. ئەم کەسانە سەرنجیان چووە سەر کتێبەکانم و بەهەمان رادە ژیانم و گرینگیان پێدا. تەنانەت بە بوێرییەوە ئەڵێم من لەو ساڵانەدا پەیوەندیەکانم وەک تاک، لەگەڵ خوێنەرەکانم زۆر زیاتر بوو لە هەر سەردەمێکیتر.
بەدەرلەمە، لەم ساڵانەدا، هاوسۆزی و هاودڵییەکی زۆرم ئەزموون کردووە لە دەروەی وڵات. بەرپرسەکان وەها هەڵسووکەوتمان لەگەڵ دەکرد وەک ئەوەی ئێمە هەر بوونمان نەبێت، هیچ بین، هاووڵاتی نەبین. ئەوان جگەلەوەی ئەدەبیاتی ئێمەیان دەسڕییەوە، هەوڵیشیان ئەدات ئێمە تێک بشکێنن. ئەگەر سکاڵامان کردبا، وەڵاممان وەرنەدەگرت، ئەگەر پێویستمان بە بەڵگەیەکی فەرمی بایە، پێیان نەدەداین. ئەگەر وەها دۆخێک زیاتری خایاندبا ، بە دڵنیاییەوە پشتی ئینسانی ئەشکاند: ژیانی مرۆڤ دەکات بە ژان، متمانەبەخۆبوون لە مرۆڤ ئەسێنێتەوە، یان بە پێچەوانەوە وا دەکات مرۆڤ ببێت بە کەسێکی رق ئەستوور و غوروورێکی تایبەت دەستت پێ بدات. حەزئەکەم بە تایبەت لەم بارەوە، جەخت لەسەر ئەوە بکەمەوە کە نوێنەرانی زۆر وڵات، سەرەڕای رێککەوتنی فەرمی و پرۆتۆکۆلە دیپلۆماسییەکان، هاوسۆزییان لەگەڵ دەکردین، پشتیوانی و پێشوازیان لێدەکردین، لەهەرکوێ پێویستمان پێیان بوو بەهانامانەوە هاتن. ئەمانە نوێنەرانی وڵاتە یەکگرتووەکان، کۆماری فێدڕاڵی ئەڵمانیا و بەریتانیا بوون. بەتایبەت دەمهەوێ باس لە سەردەمی باڵیۆزی بەڕێز ویلیام لوئێرز (William Luers) بکەم لە پراگ؛ ئەوە ئەو بوو ئەو دەرفەتەی خولقاند نووسەرە دیار و گەورەکانی ئەمریکا بێن بۆ وڵاتەکەمان. دیدار لەگەڵ (ویلیام ستایرۆن[7] و رۆزی هاوسەری)، ( جان ئاپدایک) [8]، کوورت ڤۆنێ گات، ئی ، ئێل ، دۆکتۆرۆف[9]، گێلڤی کنیل و کەسانیتر هەروەها دیدار لەگەڵ خانمی لۆئێرز بۆ ئێمە زیاتر هێمایەک بوو بۆ چوونە ناو دونیای ئازاد، ساتێکی پڕلەخۆشی کە وزەیەکی گەورەی پێبەخشێن بۆئەوەی ئاگامان لە خۆمان بێت و هیواکانمان زیندوو بهێڵینەوە.
لە سەرەتای قسەکانمدا بۆ نووسەرێک وتم هیچ دۆخێک لەوە ناخۆشتر و خراپتر نییە کە نەتوانێت لەو دۆخە شتێکی پۆزەتیڤ و ئەرێنی هەڵهێنجێنێت بۆ بەرهەمەکانی. تەنها پێویستە لەو دۆخە رزگار بێت و بمێنێت، هەم جەستەیی و هەم دەروونی. من لاموایە کە بیست ساڵی رابردوو بۆ ژمارەیەکی زۆر لە نووسەرەکانی چێک، سەرچاوەی ئیلهام؛ بەڵام ئەشزانم کە لەم ساڵانەدا ژمارەیەکی زۆر لە نووسەرە بەتواناکان کە لە بونیادێکی دەروونی و جەستەیی ناسکتریان هەبوو، ناسکتر لەوەی بتوانن بەرگەی ئەم ئازارە بێ بڕانەوانە بگرن، لەناوچوون. جارێکیان لە گفتووگۆیەکی هاوڕێیانە لەگەڵ (فیلیپ رۆس)[10] بەرگریم لەم بۆچوونە کرد کە ئەکرێت بەرهەمی ئەدەبی گەورە تەنانەت لە نەبوونی ئازادیشدا بخولقێت، واتە لەهەمان ئەو دۆخەدا کە وڵاتەکەی من تێیدا دەژیا. باش ئەزانم ئێوە لەوە تێ ئەگەن کە من نامهەوێ بەرگری لە تۆتالیتاریسم بکەم. من لە رێگای نووسینەکانمەوە هەوڵمداوە- وەک هەموو ئەو کەسانەی کە بە هەر کارێک کە لە دەستیان دێت- دۆخێکی ئازاد بخولقێنم. ئەو ساتەی کە ئازاد بووین- هیوادارم وەها بێت- واتە پاییزی رابردوو، یەکێک بوو لە خۆشترین پاییزەکانی ژیانم. دڵنیام ئەدەبیات و بە گشتی کەلتوور، سەرەڕای سەرکوت و چاودێرییە بەردەوامەکان و لێپێچینەوەکان، سەرەڕای ئەو فەرمانانەی لە سەرەوە دەدران، سەرەڕای ناچار بە بێدەنگی هەڵبژاردنەکان، یارمەتیداین ئەو شتە بخولقێنین کە ئەمڕۆکە پێی ئەڵێین شۆڕشی پەمەیی[11] . ئەم کەلتوورە جگە لەوەی ئامانجەکانی ئەو شۆڕشەی لێکەوتەوە خستەڕوو، بەڵکوو لەوەش زیاتر، هاوکات لەگەڵ ئەو گەنجە خوێندکارە دڵپاکانە، تایبەتمەندییەکی ئاشتیخوازنە و ناوەرۆکێکی مرۆڤانەی بەخشی بەم شۆڕشە.
[1] – چارتێری ٧٧ Charter77, ، بزووتنەوەی مافی مرۆڤی چێکۆسلۆڤاکیا کە ساڵی ١٩٧٧ دامەزرا بۆ بەرگریکردن و پاراستنی جاڕنامەی مافی مرۆڤ و بەوەی چێکۆسلۆڤاکیا ناچاربکات پێبەند بێت بەم جاڕنامەوە. (و- کوردی)
[2] – سامیزدات Samizdat بەو بڵاوکراوە ژێرزەمینی و نهێنیانە دەوترا کە وتاری سیاسی، هەواڵ، شیعر، چیرۆک و رۆمانە قەدەغەکراوەکانیان بە نهێنی بڵاو ئەکردەوە. ژمارەیەکی زۆر لەم بڵاوکراوانە بڵاوکراوەی ئەدەبی و کەلتووری بوون و بەرهەمی ئەو نووسەر و رۆماننووس و شاعیرانەیان بڵاو ئەکردەوە کە مافی بڵاوکردنەوەیان نەبوو. نیکۆلای گلازکۆڤ، شاعیری رووسی یەکەم کەس بوو ئەم وشەیەی بەکار هێنا، واتە “بڵاوکردنەوە بە دەستی خۆت”. (و-کوردی)
[3] – یارۆسلاڤ سایفێرت Jaroslav Seifert نووسەری ناوداری چێکۆسلۆڤاکیا، لە دایکبووی ١٩٠١ و ساڵی ١٩٨٦ ماڵئاوایی لە ژیانکرد. ساڵی ١٩٨٤ بوو بە براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیات.
[4] – یان سکاسێل Jan Skácel (٧ی فێبریواری ١٩٢٢- ٧ی نۆڤەمبەری ١٩٨٩) شاعیر و نووسەری ناسراوی چێکۆسلۆڤاکیا (و-کوردی)
[5] – Václav Havel
[6] – ناوی شانۆنامەکە بە ئینگلیزی Audience و بە زمانی چێک ناوی ئەم کارە Vaněk plays بە مانای ئامادەبوان یان سەیرکەرەکان دێت. یەکێکە لە دیارترین شانۆکانی ئەم شانۆکار و نووسەرە ناودارەی چێک و ئەم شانۆییە ساڵی ١٩٧٥ نووسراوە. (و-کوردی)
[7] – William Styron
[8] – John Hoyer Updike
[9] – E. L. Doctorow ( ٦ی جێنیڤەری ١٩٣١- ٢١ی جوولای ٢٠١٥) کە زیاتر بە (ئی، ئێڵ، دوکتۆرۆف) دەناسرێت، نووسەرێکی دیاری ئەمریکایی بوو کە زیاتر دەپەرژایە سەر ژیان و کێشەکانی کرێکاران و چینی هەژار و بێبەشی کۆمەڵگای ئەمریکا. (و-کوردی)
[10] – Philip Roth
[11] – Velvet Revolution