محەممەد رەزا کەلهوڕ
پوختە:
گیڕانەوە بە شێوەی نەقڵکردن و حیکایەتبێژی بەلای “عەتا محەممەد”ەوە گرینگی تایبەتی هەیە. هەروەها لە بەرهەمی چیرۆکنووسانی پۆست مۆدێڕن، لەوانە “ئیتالۆ کالڤینۆ”دا، گەڕانەوە بۆ ئەم شێوە جیاوازانەی نەریتی گێڕانەوە دەبینین. بەڵام بۆچی عەتا محەممەد کتێبی بچووکی “تینا و چیرۆکە ئەندێشەکراوەکان” بەپێی نەریتی چیرۆکبێژیی “گێڕانەوە” یان “نەقڵکردن” دەگێڕێتەوە؟
لەم وتارەدا هەوڵ دەدرێت بە خوێندنەوە و وردبوونەوە لە بەرهەمی “تینا و چیرۆکە ئەندیشەکراوەکان”، ئەم جۆرە لە ستایلی چیرۆکنووسین -کە لەژێر کاریگەریی “خۆرخێ لویس بۆرخس”دایە- پێشینە و تایبەتمەندییەکانی، فۆڕم یان ستایلی گێڕانەوە بە نەقڵکردن و بەراوردکردنیان لەگەڵ نووسین و هەروەها گرینگی فۆڕمی بە وەرگر دانانی چیرۆک و چەمکەکانی “گێڕەرەوە یان “بیسەری نەقڵ” و هەروەها ستایلی “گێڕانەوەی خود” بدەینە بەر باس و لەم پەیوەندەدا ئاوڕێک دەدەینەوە لە بەرهەمەکانی ئەفلاتوون و نووسەران و خاوەنڕایانی هاوچەرخ و بۆ کامڵترکردنی لێکۆڵینەوەکە، بە ناساندنی نووسەرانێکی دیار و کلاسیکی وەک “بۆکاچینۆ” “جێفری چاوسێر” و… درێژە بە باسەکە دەدەین.
وشە سەرەکییەکان:
عەتا محەممەد، “تینا و چیرۆکە ئەندێشەکراوەکان”، گێڕەرهوە، گێڕانەوەی خود یان (خود گێڕانەوە)[1] و…
چونكه (بێكۆتایی) تهنها كاری خهیاڵه.
لهو چیرۆكانه دهدوێم كه كۆتاییهكهیان دهمانخاته بهردهم جوانییهكی لهبن نههاتوو.
“عەتا محەممەد”
کورتەی چیرۆک
نووسەر کارەکتەرەی سەرەکیی کتێبەکەی، باوک یان گێڕەرهوە ناچاردەکات، کە شەوێک بە ناچار لە رووی دەفتەرێکی سپییەوە، کە هیچی تێدا نەنووسراوە، بۆ “تینا”ی کچی چیرۆک بگێڕێتەوە. گێڕەرهوە، کە ئەویش نووسەرە، بە چەشنی شەهرزاد لەسەر بنەمای “گێڕانەوەی خود” و “حیکایەتبێژی”، دە چیرۆک بۆ کچە نووستووەکەی دەگێڕێتەوە.
چیرۆکگەلێکی کورت، کە هەڵگری مانای قووڵ و ئەو راڤانهی ناکۆک دەردەکەون لەلایەن گێڕەرهوەوه، بونیاد و ستراکتۆری سەرەکیی چیرۆکی “تینا و چیرۆکە ئەندێشەکراوەکان”ی عەتا محەممەد پێکدەهێنن. لەم ناوەدا چەمکگەلێکی وەک “وێنە و ئاوێنە” و دووبارەکردنەوەیان وەک مۆتیڤێک، رۆڵێکی گرینگی هەیە و هەڵگری کۆمەڵێک ئاماژەیە و وا لە گێڕەرهوە دەکات کە سەرقاڵی کۆمەڵێک راڤه و لێکدانەوەی جیاواز بێت و وەک گێڕەرهوە خۆی دەڵێت: دەتوانێت ناوێکیتر بۆ کتێبەکە هەڵبژێرێت کە ئەویش ناوی “وێنەو ئاوێنە”یە وەک ناوی دووهەمی کتێبەکە.
چاوخشاندنێک بەسەر ئەو حەکایەتانەی لە کتێبی “تیناو چیرۆکە ئەندێشەکراوەکان”دا هاتوون:
حیکایەتی یەکەم: تێمای ئەم چیرۆکە “تاکێک بەڵام بە مانای کۆ”یەکه. بەسەرهاتی رێبوارێکە، کە هەموو شتێک لەشتێکدا دەبینێت و دەسەڵاتدار یان “خەلیفە” دەیکوژێت، بەڵام حیکایەتەکەی لە نەقڵ و زمان و نووسیندا درێژەی دەبێت یان لانیکەم لە کتێبەکەی عەتا محەممەددا هەر درێژەی هەیە. گێڕەرهوه وهها راڤهی دەکات کە: ئهگهر ئهو نهكوژرایه، ئهوا مهحاڵ دهبوو ئهم چیرۆكه بێكۆتایی بنووسرایهتهوه، كه كۆتاییهكهشی راستیی روداوی ئیماندارهكه دهردهخات، چونكه (بێكۆتایی) تهنها كاری خهیاڵه.”
حیکایەتی دووهەم: حیکایەتی دووهەم بە جۆرێک پێچەوانەی ئەوەیە، کە لە حیکایەتی یەکەمدا هاتووە: ” چونكه (بێكۆتایی) تهنها كاری خهیاڵه” و چیرۆکی ئەو کەسانەیە، کە دوایین بەرهەمەکانیان لە خەیاڵ بەقەرز وەرناگرن یان ناتوانن وەری بگرن. بەڵکوو بە یارمەتی مەرگ دەینووسنەوە.
چیرۆکی سێهەم: زۆر ناکۆک و ناتەبا دەردەکەوێت. پەیوەندی دوو شتی ناکۆک، بەڵام وەک یەک دەخاتە روو. دژیەک شتێکە چەشنی وەک یەک: “کاتیک وهک فۆرمێک سەرنج لە ئازار دەدەین، دهگهین بە چێژ، هەر بەو جۆرەی بەلای بودایی و موسڵمان و باوەڕدارانی زۆربەی ئاینهکانهوه وەهایە. پاشان دەتوانین لە چێژەوە بە ئازار بگەی.” بە شێوەیەک کە تەنانەت کتێبەکەش خۆی دەبێت بە گەمژەییەکی له ڕادەبەدەر و گێڕەرهوە بەبێ ئەوەی “حەلاج” بێت دەڵیت: “من حەلاجم” و “مەحوییەکان” هەرکامەیان خۆیان “مەحوی”ی جیاوازن. وەک چۆن “خەیامەکان” بەگشتی لە یەک “خەیام”دا کۆکراونەتەوە.
حیکایەتی چوارەم: حیکایەتێکی سەیرە. حیکایەتی مێژووە و دووبارەبوونەوەی خەیاڵیانەی بابلی پێشوو و بەغدادی ئێستایە. گێڕەرهوە، پیاوێکی گوماناوییە، گێڕەرهوە، پیاوێکی پڕ راز و نهێنی، لەوحەیەک کە بوونی نییە و دێڕی ون و مێژووی تەپ و تۆز لێ نیشتوو! هیچ رووناکی و بەڵێن و مژدەیەکی تێدا نییە.
چیرۆکی پێنجەم: بە چیرۆکی پێغەمبەرێک لە دوای ئەوەی سروشی بۆ دێتە خوار، خێڵەکەی و ئۆرشەلیم ون دەکات و خۆشی لە مێژوودا ون دەبێت. لە چیرۆکی هۆنینەوەی شیعرێک دەکۆلنەوە کە دوای هۆنینەوەی شیعرەکە، شاری شاعیرەکە ون دەبێت و لە کۆتاییدا گێڕەرهوە دەڵێت: بهههرحاڵ مهولانای ناو ئهم نووسینه، كه نازانم چهندهم دانهی گریمانكراوی ئهسڵهكهم، كاتێك له هندستان دهگهڕێتهوه، ناتوانێت سلێمانی بدۆزێتهوهو بۆ ههتا ههتایه لێی ون دهبێتو هیچ كاروانێكیش ناتوانێت رێ نیشاندهری بكات. هەمدیسان شار ون دەبێت. عەتا لەم بەشەدا بە شوێنە ون بووەکان سەر لە خوێنەرەکانی دەشێوێنێت و سەرەنجام بەو ئەنجامە دەگات، کە سێ کەس (کە رەنگە هەر یەک کەسیش بن)، لە سێ سەردەمی جیاوازدا، شارەکانیان ون دەکەن.
چیرۆکی شەشەم: چیرۆکی دۆستێکە کە لە رابردوودا، دێتە لای گێڕهرهوە. باسێک لە نێوانیاندا دەست پێدەکات دەربارەی شاعیرێک کە دەیهەوێت بۆ شیعر و کێشی شیعره نوێکەی خۆی بکوژێت.
چیرۆکی حەوتەم: چیرۆکی ئیبن سەبعین و دوو بەسەرهاتی جیاوازە و ئیبن سەبعین ئەم دوو چیرۆکە لە دوو فەقێ دەبیستێ: یەکەمیان بەسەرهاتی کەسێکە کە دەیهەوێت تا کۆتایی و ناکۆتای باوەڕ و بەندەبوون سەفەر بکات، ئەویش لە ڕێگای فێربوونی سەرجەم زمانەکانەوە. ئەم باوەڕانە بە شوێنێکی دەگەیەنن، کە هەموو تەمەنی خەریکی لێکۆڵینەوە دەبێت لەسەر زمانەکان بۆ ئەوەی وێنای “ئەو” لەو زمانانەدا ببینێتەوە. واتە گەڕان بەدوای “پەرستراو” لە سەرجەم زمانەکاندا. چیرۆکی دووهەم پێچەوانەی چیرۆکی یەکەمە. باوەڕدارێکە، کە لە خهڵوهتکێشان و پەرستنە دژوارەکانیدا، قسەکردن تا ئاستی لاڵ بوون لە بیر دەکات و زمانێکی پڕ لە راز و مانا دەدۆزێتەوە، کە بێدەنگییە. سەرەنجام یەکێک لە فەقێکان بەهۆی کفر کردنەوە بە دەستی ئەویتریان دەکوژرێت، هەرچەنده دەرناکەوێت کە کامیان بکوژن، لەبەر ئەوەی هەردووکیان روخساری بکوژیان هەیە و خودی ئیبن سەبعین سەرەنجام لە شاری مەککە خۆی دەکوژێت، بەو هیوایە شاڕەگی خۆی دەبڕێت هەتا لەگەڵ “پەرستراو”دا ببێت بە یەک!
چیرۆکی هەشتەم: به چارەنووسی کالیگۆلای رۆمی دەچێت و بەسەرهاتی پادشایەکی ئاریاییە، کە مانگ سهراسیمهی دهکات و هەستی ناکۆتا لهودا دهخولقێنێت و که جگه له بڕیاری داگیرکردنی مانگ، هیچ رێگهیهکی دیکهی بۆ نامێنێتهوه. ئاریاییە کۆنەکان دەکەونە شوێن پادشاکەیان بۆ ئەوەی خەونی داگیرکردنی مانگ بکەن بە واقع، بەڵام دونیا لە خەونەکانی ئەوان زۆر گەورەترەو ون دەبن. هەمدیسان تێمی ون بوون.
چیرۆکی نۆهەم: چیرۆکی نووسین، نووسەر و ئەوەیە کە گێڕەرهوە خۆشی لە دەقەکان دێت و…
چیرۆکی دەیەم: چیرۆکی دەستنووسێکی زۆر کۆنە دەربارەی (کۆیلهکانی چێژ)، کە نەخشەیەکی سەیرو سەمەرە بۆ زیندان دادەڕێژن. هەرچەند دوای ئەوەی زیندانهکه دروست دەکەن، دەکوژرێن بۆ ئەوەی راز و نهێنی ئەو زیندانە، تا کۆتایی بە شاراوەیی بمێنێتەوە.
پێشەکی: نەقڵکردن وەک گێڕانەوە
“عەتا محەممەد” یەکێکە لە نووسەرە ئاوانگاردەکانی کورد، کە دانیشتووی وڵاتی سویدە و چەندین کتێبی رۆمان و چیرۆکی بە زمانی کوردی بڵاوکردۆتەوە. لەناو بەرهەمەکانیدا “تیناو چیرۆکە ئەندێشەکراوەکان”ی بەرهەمێکی تایبەت و دیارە. هەرچەند “عەتا محەممەد” لە پێشەکی کتێبی “تینا و چیرۆکە ئەندێشەکراوەکاندا” نووسیویەتی: “دڵنیا نیم ئەم چیرۆکانە هەمان چیرۆکە سەرەکییەکانن، کە ئەو شەوە بۆ تینام گێڕاونەتەوە!”” ئەمە بەو مانایەی کە دوای ئەو شەوە، هەمان ئەو شەوەی کە باوک یان گێڕەرهوە چیرۆکەکەی گێڕاوەتەوە، ئەو چیرۆکانەی نووسیوە! بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە، ئهوهیه دوا نووسینەوەی چیرۆکەکە، هێشتا فۆڕمی چیرۆک یان گێڕانەوە، نەقڵکردن و حیکایەتبێژییە و بە وەها داڕێژراوە وەک ئەوە وایە روو بە وەرگر ، بیڵێتەوە. وەک ئەوەی وتراوە و لە قسەکانی عەتاوە وەها دەردەکەوێت، هەموو ئەو شتانەی باوکەکە بۆ تینای بە شێوەی “ئاخاوتن ” گێڕاوەتەوە، دوای ئەوە گێڕەرهوه (نووسەر) وتەکانی نووسیوەتەوە، یان بە وتەیەکیتر “چیرۆکە ئەندێشەکراوەکان” یان “وتراوەکان”ی دووبارە نووسیوەتەوە، هەرچەنده وەک وترا، بنەمای گێڕانەوەکان بە شێوەی نەقڵکردن، حیکایەتبێژی، یان بە شیوەی رووکردنە گوێگر، یان وردتر بڵێین بە شێوەی “خود گێڕانەوە” ماوەتەوە.
بەڵام ئەم خاڵە بۆچی گرینگە؟ “نووسین یان ئاخاوتن و تاردان؟” جیاوازی نێوان ئەم دوانە لەچیدایە؟ هەرچەند “دێنی هۆلیە” لە ستایشی نووسیندا دەڵێت: “نووسین رێکخستنی بۆشاییە بە دەوری وشەدا، ئەو دەرفەتە دەدات بە وزەی ناوەوەی وشە، کە توانای تەقینەوەی هەیە، کۆگای ماناکان بتەقێنێتەوە.” [2]
بەڵام لە سەردەمی ئەفلاتوونەوە تا سەردەمی هاوچەرخ، “ئاخاوتن و تاردان” هەموودەم سەروتر بووە و گرینگی زیاتری پێدراوە و نەریتی رۆژئاوایی: “لە باری ئێپێستمۆلۆژییەوە گرینگییەکی زۆرتر دەدات بە کردەی ئاخاوتن و دەورێکی گرینگ و ناوەند تەوەر، دەدات بە وتن نەک بە نووسین لە زماندا.” [3] لە درێژەدا جارێکیتر دەپەرژێینە سەر ئەم بابەتە، بەڵام بەرلەوە خاڵێکیتر زۆر گرینگە، ئەویش ئەوەیە کە بۆچی فۆڕمی گێڕانەوەی ئەم بەرهەمە، “خود گێڕانەوە”یە و بەم شێوەیە گێڕدراوەتەوە؟
یەکێک لە لق و شێوەکانی گێڕانەوە، گێڕانەوەی یەکەم کەسی تاک “مۆنۆلۆگی دەروونی”ە. ئەم جۆرە گێڕانەوەیه وەرگری نییە، بەو مانایەی کە لە “ڕووبەر یان شوێنگە”ی چیرۆکەکەدا، کەس ناکریت بە وەرگری “گێڕەرهوه یان یەکەم کەسی تاک و مۆنۆلۆگەکانی”، گێڕەرهوه روو بە کەس لە “پانتا یان شوێنگە”ی چیرۆکەکەدا قسە ناکات، وەرگر بە درێژایی چیرۆکەکە هیچ پەرچەکردارێکی نییە و هیچ ناڵیت و تەنها گوێگرەو بەس. لە کتێبیەکەی “عەتا”دا، “تینا” وەرگری گێڕەرهوەیە و روو بە ئەو، گێڕانەوەکان دەوترێن و نەقڵدەکرێن. –هەرچەند وەک چۆن پێشتر ئاماژەی پێدرا دواتر بوون بە چیرۆک یان حیکایەتی نووسراوەیی- کەڵک وەرگرتن لە تەکنیکی “Soliloquy یان خود گێڕانەوە”و بەکارهێنانی شێوەی وەرگر دانان لە جۆری “گێڕانەوە Narrate” دەگەڕێتەوە بۆ لایەنە دەروونناسییهکهی چیرۆک و مانا ئەفلاتوونییەکەی “قسەکردن یان وتن”، کە دواتر باسی دەکەم. بەڵام بەرلەوە، پێویستە تا رادەیەک باس لە ستایلی “Soliloquy یان خود گێڕانەوە”و جیاوازییەکانی لەگەڵ ستایل و فۆڕمەکانیتری مۆنۆلۆگ، بکرێت.
مۆنۆلۆگی دەروونی[4]
“ئێدوارد دووژاردێن”[5] لە وتاردانێکدا لەژیر ناوی “مۆنۆلۆگی دەروونی، فۆڕمەکانی، رەگەکان، شوێنگەکەی لە کارەکانی جەیمز جۆیس و لە چیرۆکی هاوچەرخدا” دەڵێت: “مۆنۆلۆگی دەروونی، وەک هەرجۆرە مۆنۆلۆگێکیتر، قسەکانی کەسایەتییەکی تایبەتە، مەبەست لە هێنانەگۆڕی ئاشنابوونی راستەوخۆیە لەگەڵ ژیانی دەروونی ئەو کەسایەتییە، واتە بەبێ دەستێوەردانی نووسەر لە رێگای شیکردنەوە و رادەربڕینەوە، وەک هەر مۆنۆلۆگێک، گفتوگۆیەکی بەبێ بیسەر (وەرگر) و وتووێژێکە نایەتە سەر زمان و دەرنابڕدرێت و…”.
بە دەربڕینێکی سادە: “مۆنۆلۆگی دەروونی” گوتارێکی رەوانە لە زەینی کەسایەتییدا، کە بنەماکەی لەسەر بیرهێنانەوەی ماناکان و گەڕانەوە بۆ ماناکان داڕێژراوە. مۆنۆلۆگی دەروونی یەکێکە لە لقەکانی گێڕەرهوهی یەکەم کەسی تاک و لەباری وەرگری گێڕانەوەوە لە ناو چیرۆکەکەدا، هیچ جۆرە وەرگر یان گوێگرێک لە چیرۆکدا نییە. سەرچاوەی “مۆنۆلۆگی دەروونی” نەستە، پێش ئەوەی رێکبخرێت، لە راستیدا زەین هێشتا رێکی نەخستووە و بەزۆری یەکدەست نییە و جۆری شێواوی و هەڵنەبژاردنی ئایدیا و بیرکردنەوە لە مۆنۆلۆگی دەروونیدا دەبینرێت. لەم فۆڕمە لە گێڕانەوەدا، خوێنەر بەشێوەی ناڕاستەوخۆ ئاگاداری بەبیرهێنانەوەکان و گەڕانەوەکانی زەینی پێرسۆناژ( کەسایەتی) دەبێت. “لەم شێوە لە گێڕانەوەدا، هەستەکان و تێگەیشتنەکان، یەکدەست نین و رێک نەخراون و ڕەچاوی بنەماکان، لەوانە کات و هەروەها گرامەر، ناکەن. رستەکان رێک و پێک نین. دەزانین کە بابەتەکان لە زەیندا بە زۆری بە شێوەیەکی رێک نەخراو لای یەکەوە دادەنرێن.
ئاستی پێش لە ئاخاوتی زەینی، ئاستێکە لە وشیاری، کە بە ئاستی پەیوەندی گرتن (جا چ بە نووسین یان بە دەربڕین) ناکات و بە پێچەوانەی ئاستەکانی ئاخاوتن، گەرەنتی ئەوە ناکات، کە بنەمایەکی هەبێت بۆ پەیوەندی گرتن. لە مۆنۆلۆگی دەروونیدا، پێکهاتە نایاسایی، نەپاراستنی چوارچێوەکانی ڕێزمان، خۆ دوورگرتن لە خاڵبەندیی باو، رستە و دەستەواژەی ناکامڵ و… دەبینین. نووسەر لەم تەکنیکەدا ئەو بەبیرهێنانەوە و بیرەوەرییانەی کە لە زەینی کەسایەتییەکاندا فۆڕموولە دەبن، لە چیرۆکە کورت یان درێژەکاندا دەخاتە ڕوو.
هەندێک لە خاوەنڕایان، ستایلی “مۆنۆلۆگی دەروونی” لەگەڵ “رەونی شەپۆلی زەین” بەیەک شت دەزانن و وەک “دەستەواژەیەکی گشتی” بەکاری دەهێنن بۆ سەرجەم ستایل و فۆڕمەکانی رەوتی شەپۆلی زەین. بەڵام بەزۆری “رەوتی شەپۆلی زەین” وەک “چەمکێکی گشتگیر” بەکاردەهێنن بۆ هەموو شێوە جیاوازەکان، کە وا دەکەن رەوتی شەپۆلی زەین لە چیرۆکدا دروست ببێت و نووسەرەکان لە “نووسینی زەینی”دا کەڵکی لێ وەربگرن. لە راستیدا دەکرێت شێوەی “مۆنۆلۆگی دەروونی” وەک بەشێک لە ستایلی “رەوتی شەپۆلی زەین” بناسین.
مۆنۆلۆگی دەروونی راستەوخۆ[6]
لە مۆنۆلۆگی دەروونی راستەوخۆدا وەها گریمانە دەکرێت، که نووسەر (وەک هەموو وەرگرێک) نادیارە و ئەزموونە دەروونییەکانی کەسایەتی بە شێوەی راستەوخۆ لە زەینی ئەودا دەخرێتە روو.[7] لە شێوەی مۆنۆلۆگی دەروونی راستەوخۆدا لە روانگەی (من/ گێڕەرهوە)ەوە چیرۆک دەگێڕدرێتەوە، واتە خوێنەر بەشێوەی راستەوخۆ و بەبێ ئامادەبوونی نووسەر، ئاگاداری بیرکردنەوەی گێڕهرهوە دەبێت، یان باشتر بڵێین ئاگاداری ئەوە دەبێت کە لە زەینی کەسایەتی ( ئێگۆ)ی گێڕەرهوەدا چی روودەدات و سەرجەم رووداوەکان، نەقڵکردنی راستەوخۆیە. زەین بە گەڕانەوە بۆ رابردوو، لە رابردووەوە هاتۆتە ئێستا و لە ئێستادا دەگەڕێتەوە بۆ رابردوو و لەم ناوەدا لە هاتوچۆدایە. بەشی کۆتایی رۆمانی “ئۆلیس”ی جەیمز جۆیس بەشێوەی مۆنۆلۆگی دەروونی راستەوخۆ نووسراوە.
مۆنۆلۆگی دەروونی ناراستەوخۆ[8]
لەم شێوە گێڕانەوەیهدا “لەگەڵ ئەوەی هەست و ئایدیاکانی کەسایەتییەکان دەخرێنە روو، نووسەریش شان بە شانی دیالۆگە دەروونییەکانی پێرسۆناژ دەچێتە پێش”. [9]بە دەربڕینێکی تر، لە مۆنۆلۆگی دەروونی ناراستەوخۆدا نووسەر بۆ رێنوێنی کردن و دەرخستنی دیمەن، بە زۆری لە چیرۆکدا دەردەکەوێت و وەستانێک لە شەپۆلی زەینی کەسایەتیدا دروست دەبێت و جارێکیتر دەست پێدەکاتەوە. بۆ وێنە لە رۆمانی “خانمه دالاوای” لە نووسینی “ڤیرجینیا ۆڵف”، لە سەرەتاوە تا کۆتایی، لە شێوە و ستایلی “مۆنۆلۆگی دەروونی ناڕاستەوخۆ” کەڵک وەرگیراوە.
خودگێڕانەوە[10]
لەباری ئامادەیی وەرگرەوە، بۆ وێنە ئەگەر گێڕانەوەی چیرۆک لە جۆری “گێڕانەوەتەوەر” بێت، با ئەوەش بڵێین کە هەر چەند وا گریمانە دەکەین، کە وەرگرێک بوونی هەیە، بەڵام لە راستیدا وای دادەنێین که وەرگر ئامادەیی نییە و بوونی نییە، لەسەر ئەم بنەمایە، لە ستایلی خودگێڕانەوەدا، چیرۆک بەردەوام لە گۆشەنیگای کەسایەتی چیرۆکەوە دەگێڕدرێتەوە و بە بەراورد لەگەڵ مۆنۆلۆگی دەروونی لەنێوان چینەکانی خودوشیاری یان نیوە خودوشیاریدا، چینەکانی خودوشیاری تری زەینی کەسایەتی دەکەوێتە ڕوو. خودگێڕانەوە بە بەراورد لەگەڵ ستایل و فۆڕمەکانیتری زەینیی نووسیندا، یەکدەستییەکی زیاتری هەیە، زۆرتر پابەندە بە پلۆت و چوارچێوە و رەوتی چیرۆکهوه. خودگێڕانەوە بەزمان دەوترێت و سەرچاوەکەی چینەکانی “پێش ئاخاوتن”ی کەسایەتییە و “لەبەرخۆوە قسەکردن” وەک شێتەکان یان منداڵان لە کاتی یارییدا، زۆر لەم شێوە گێڕانەوەیهوه نزیکە. چەند بەشێکی لەبەرخۆوە قسەکردنی هاملێت لە شانۆنامەی هاملێتدا، بۆ وێنە ئەو بەشەی کە باس لە “بوون یان نەبوون” دەکات، خودگێرانەوەیەکی بەناوبانگە. هەربۆیە بەکارهێنانی ئەم ستایلە لە گێڕانەوەدا، بە داهێنانی “شکسپییەر”دەزانن، وا دیارە ئەو یەکەم نووسەرە بە مەبەستی شەپۆلی دەروونی و زەینی کەسایەتییەکانی، خودگێڕانەوەی لە شانۆنامەکانیدا بەکارهێناوە. ئەم شێوە و ستایلە لە شانۆنامە و سینەمادا زۆر بەرچاو و دیارە. هەڵبەت ئەم تەکنیکە لەلایەن نووسەرانی “رەوتی شەپۆلی زەین”ەوە بەکارهێنراوه.
بەم شێوەیە پەیکەرەی سەرەکی گێڕانەوە لەم بەرهەمەی عەتادا، خودگێڕانەوەی باوکە، کە روو بە تینا، گێڕانەوەکە وردتر دەگێڕدرێتەوە.
ئاخێزگەی گێڕانەوە
دوو کتێبی بەنرخ بە ناوەکانی “شارە نهبینراوهکان”[11] لە نووسینی کالڤینۆ و “باخە توناوتوونە هەزار پێچەکان”[12] لە نووسینی “بۆرخس”، دوو هێڵی هاوتەریبن، کە سەرانسەری نیوەی دووهەمی سەدەی بیستەم دەبڕن بۆ ئەوەی لە شوێنێک بەیەک بگەن. جا دوو هێڵی هاوتەریب چۆن بەیەک دەگەن؟
ئەگەر جۆری “گێڕانەوەی چیرۆک”ی “ئیتالۆ کالڤینۆ” تێکەل بە “ستایل و فۆڕمی” بۆرخس بکەیت و بەدەرلەوەش ناوەڕۆک و تێمێکی پێ زیاد بکەیت، کە لە کەڵکەڵەکانی نووسەرێکی کوردەوە نزیکە، کوتووپڕ بەرهەمی “تینا و چیرۆکە ئەندێشەکراوەکان” یان “وێنە و ئاوێنە” لە نووسینی “عەتا محەممەد” دەخولقێت و ئەم چیرۆکە دوور و درێژە و هەوڵدەدەم بە کورتی باسی بکەم.
“ئەفلاتوون” دەمارگرژانە لە بەرامبەر “نووسین”دا بەرگری لە “ئاخافتن” دەکات. رەنگە ئەم بەرگری کردنە جۆرێک دەربڕینی وەفاداری بێت بۆ سوقڕات، کە فهیلهسووف و مامۆستای بوو و لایەنگری ئاخافتن و کەلام و “نەقڵکردن” بوو و حەزی لەوە نەدەکرد، کە کتێب بنووسێت، هەرچەند تیغی زمانی ئەسیناییەکانی بەتەنگ هێنابوو و سەرجەم بەسەرهاتەکان، کە خۆتان دەیزانن و جامی شەوکەران و… هتد. “ئەفلاتوون” لە دیالۆگی “فایدرۆس Phaedrus” سووکایەتی به نووسین دەکات و به دەستەواژەگەلێکی وەک “منداڵی لەباربراو، منداڵی نابینا، بەڵاگەردان” ناوی دەبات و لە بەرامبەردا ئاخافتن و وتاردان وەک “کەلامی زیندوو” بەکاردەهێنێت و بەرگری لە وتاردان دەکات لە بەرامبەر رۆحی مردووی نووسیندا و زمانی زیندووی وتاردان به “سروشتی و راستگۆیانە” ناو دەبات. سەرەنجام ئەفلاتوون وتاردان پەیوەند دەکاتەوە بە “لۆگۆس”ەوە. ئەفلاتوون لەسەر ئەو باوەرە بوو که “مۆسۆل” “بوونی راستەقینە و واقعە” و “رەنگدانەوەی راستەقینەی” ئەو “لۆگۆسە” بۆ “وتاردان”، جۆرێک ئامادەبوونە. پێویستە ئەوەش بڵێین که هەرچەنده مانای راستەقینەی لۆگۆس، حیکمەت، عەقڵ و هەروەها لۆژیکە و “هێراکلیتۆس” لۆگۆس هەر بەم مانایە بەکاردههێنێت، بەڵام لە سەردەمی یۆنانی کەونارادا، عەقڵ روخسار و دەرکەوتەیەکی کەلامیی هەبوو.
بەلای ئەفلاتوونەوە “قسەکردن” لە سیستەمێکی مێتافیزیکیی سەروتر و بەرزتردا جێگەی دەبێتەوە. رەنگە لەژێر کاریگەری ئەم رێزلێنانە لە “وتاردان”دا بێت، کە لەگەڵ سەرهەڵدانی فۆڕمە سەرەتاییەکانی حیکایەت، “حیکایەتبێژی” بە شێوەی “نەقڵکردن” لە قۆناغە جیاوازەکاندا دەبێت بە باو. بەڵگەی حاشاهەڵنەگری ئەمەش حیکایەتەکانی “هەزار و یەک شەو”ەیه، کە گرینگی و چەقی گێڕانەوەی نەقل ئاسای، لە وتاردان (ئاخافتن)ه تەوەرییەکەیدایە. “شەهرزاد” حیکایەت بۆ “پاشا” دەگێڕێتەوە و ئەم نەریتە هەر درێژەی دەبێت تا سەردەمی “جیڤانی بۆکاچیۆ”[13].
بۆکاچیۆ یەکێکە لە کەسایەتییە دیارەکانی مێژووی ئەدەبی ئیتاڵی و دونیا. ئەو و “دانتێ”، نووسەری “کۆمیدیای ئیلاهی”، بە یەکێک لە ریفۆرمخوازانی زمانی ئیتاڵی دەزانن. ناوبانگی بۆکاچیۆ بۆ کۆمەڵێک چیرۆک دهگهڕێتهوه، کە لە کۆمەڵە چیرۆکە زۆر ناودارەکەیدا “دێکامێرۆن”، کۆی کردوونهتهوه. “بۆکاچیۆ” ئەم کتێبەی بە ستایلی “هەزار و یەک شەو”ه و لە ژیر کاریگەری هەزار و یەک شەودا نووسیوە. لە ناوەڕۆکی حیکایەتەکاندا، کەڵکی لە ئەفسانەکانی یۆنان، رۆم و بە دڵنیاییەوە رۆژهەڵات و هەروەها ژیانی رۆژانەی خەڵکی سەردەمەکەی خۆی وەرگرتووە. بۆکاچیۆ ئەم کتێبەی دوای بڵاوبوونەوەی تاعوون لە ساڵی ١٣٤٨ی زایینی لە فلۆرانس، نووسی. ئاخافتنەکان و گێڕانەوە زارەکییەکان لە “دێکامێرۆن”دا، لە ئەستۆی حەوت ژن و سێ پیاوە، کە بۆ هەڵهاتن لە بەڵای تاعوون، فلۆرانس جێدەهێڵن و دەچنە چەرداخ و خانوویەکی کوێستانیی دەرەوەی شار و بۆ ئەوەی سەرقاڵ بن و مێشکیان بە شتێکەوە گیردرابێت، دەست دەکەن بە حیکایەت گێڕانەوە. لەبەرئەوەی هەر گێڕەرهوەیهک شێوەی تایبەتی گێڕانەوەی خۆی هەیە، چیرۆکەکان زۆر سەرنجڕاکێش و فرەچەشن دەردەکەون. بۆ کات بەسەربردن، هەموو شەوێک سەرجەم ئەندامانی گرووپەکە، بە سەرە چیرۆکێک دەگێڕنەوە. بەم شێوەیە دوای دە رۆژ، سەد چیرۆک دەگێڕدرێتەوە. “بۆکاچیۆ” بەشێوەیەکی هونەرمەندانە حیکایەتەکان رێک دەخات و دەیانچنێ. دواتر لە ئەدەبی زۆربەی وڵاتاندا، لەوانە ئاڵمان، فەرانسە، هەروەها بەریتانیا، لاسایی “دێکامرۆن” کرایەوە. بۆ وێنە بەشێکی زۆر لە نووسەرانی بەریتانی، لەوانە شکسپییەر، جۆرج ئێلیوت، جۆن کیتس و… لە گێڕانەوەکانی خۆیاندا کەڵکیان لە “دێکامرۆن” وەرگرتووە.
لە ئێران یەکەمجار “ئەحمەدخان دەریابەیگی” کتێبی “دێکامرۆن”ی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی فارسی. ئەحمەدخان بەر لە شۆڕشی مەشرووتە و لە ساڵەکانی ١٢٨٢- ١٢٨٠ کۆچی هەتاوی، سەرەتا کتێبی “دێکامرۆن”ی لە رۆژنامەی “مظفری” لە شاری بووشەهر بڵاوکردەوە و دواتر له ساڵی ١٢٨٢ بە شێوەی کتێبێکی کامڵ و تەواو چاپ کرا. جاری دووهەم لەلایەن “حەبیب شنۆقی”یەوە کرا بە فارسی و سەرجەم حیکایەتەکانی کتێبەکە، بە فارسی بڵاوکرانەوە. سێهەمین وەرگێڕانی
دێکامرۆن” لەلایەن “محەممەد قازی”ەوەیە، کە بەداخەوە چاپ و بڵاوکەرەوەی مازیار، دوای مەرگی خۆی و ساڵی ١٣٧٩ (٢٠٠٠) بڵاوی کردەوە و ژمارەیەک لە چیرۆکەکان بەهۆی سانسۆرەوە لابراون. لە ئیتالیا زیاتر لە هەموو شوێنێک ستایلی ئاخاوتن و نەقڵکردنی “بۆکاچیۆ” گرینگی پێدرا و شوێنکەوتووانی “بۆکاچیۆ”، ئەو نەریتەی ئەویان کامڵتر و دەوڵەمەندتر کرد. “فرانکۆ ساچتی” (Franco Sacchetti) لە سەدەی چواردەی زایینی و لە کتێبی “سێسەد حیکایەت” (Trecento novelle)دا کە خۆشبهختانه هێشتا دووسەد چیرۆکی پارێزراون و ماونەتەوە، بە زمانێکی روونتر و ریالیستیانەتر لە “بۆکاچیۆ” دەست دەکات بە حیکایەتبێژی. لە سەدەی پانزەی زایینیدا، “ماسۆچیۆ سالرنیتانۆ” کۆمەڵە چیرۆکێکی “پەنجا چیرۆک”ی خولقاند، کە زۆر زیاتر لە “ساچتی” ناوبانگی دەرکرد و خۆشەویست بوو.
لە زمانی ئینگلیزیدا “جێفری چاوسێر”[14] شاعیر، نووسەر و سیاسەتمەداری بەریتانیایی کە کۆمەڵێک بەرهەمی ناوازەی لێ بەجێ ماوە، درێژە بەم نەریتی حیکایەتبێژییە دەدات و کتێبە بەناوبانگەکەی “حیکایەتەکانی کانتربێری” “Canterbury Tales” کاریگەری زۆری دەبێت دوای خۆی. “جێفری چاوسێر” لەگەڵ “بۆکاچیۆ” ، “پترارک” شاعیری ناودار و “دانتێ ئالیگێری” ئاشنابوو. دوای ئەوەی ماوەیەک چاوسێر بە کاری دەوڵەتیەوە سەرقاڵ بوو، دەستی کرد بە کاری ئەدەبی. ئەو ئەدەبی ئینگلیزیی لەگەڵ میراتی گەورەی کەلتووری ئەدەبی ئەورووپا، بە تایبەت فەرانسە و ئیتالیا و تەنانەت رۆژهەڵات گرێدایەوە. کتێبی “حیکایەتەکانی کانتربێری” هەڵگری ٢٣ حیکایەتە، کە بە شێوەی هۆنراوە وتراون، سەفەری بە کۆمەڵی دەستەیەکە بۆ زیارەتی قەبرێک، وایان داناوە، لەماوەی سەفەرەکەیاندا هەریهکێک لەو کەسانەی لەو سەفەرەدان، حیکایەتێک بۆ ئەوانیتر بگێڕێتەوە.
هەرچەنده نموونەی لەم جۆرە زۆرن، بەڵام لە نیوەی دووهەمی سەدەی بیستەمدا ئەو کەسەی کە بۆ خستنەڕووی واقع، هەموو کات بۆ فۆرمی نوێ دەگەڕێت و لەسەر ئەو باوەڕەیە که: “ئەوە دەنگ نییە بەسەر چێرۆکدا حوکم دەکات، بەڵکوو ئەوە گوێیە”، ئەویش کەسێک نییە جگە لە “ئیتالۆ کالڤینۆ” (هەڵبەت چیرۆکنووسێکە کە لەلایەن عەتاشەوە ستایش دەکرێت)، کتوپڕ وەک هاووڵاتییە کلاسیکەکەی خۆی “بۆکاچیۆ” گرینگی دەدات بە ئاخافتن و گوێ و گوێگر و وەک ئەفلاتوون گرینگییەکی دوو قات دەدات بە “وتاردان و ئاخاوتن نەک “نووسین”.
ئیتالۆ کالڤینۆ، کتوپڕ سەرجەم گێڕانەوە مۆدێرنەکان، کە خۆی مامۆستا بوو لەو بوارەدا، دەنێتە لاوەو لە شارە نەبینراوەکاندا، مارکۆپۆلۆ (گەڕیدەی ڤێنێز) لەبەردەم ئیمپراتۆری چین، “قوبلای خان” دادەنێت و حیکایەتی سەفەرەکانی بۆ دەگێڕێتەوە.
***
لەباری تەکنیکییەوە، گێرەرهوە لەگەڵ کەسێک قسەدەکات، بە دەربڕینێک وەرگری گێڕەرهوە لە بەردەمیدا ئامادەیە و گوێی بۆ دەگرێت، ئەو کاتە ئێمە لەگەڵ چەمکی “گێڕەرهوە (Narratee) رووبەڕوو دەبینەوە، بۆ نموونە ئەوکاتەی گێڕانەوەی گێڕەرهوەی چیرۆکێکی دریژی وەک “دەشتەوان” لە نووسینی “سالینجەر” دەخوێنیتەوە، لە کۆتاییدا بەوە دەزانیت گێرەرهوە خەریکە لەگەڵ دەروونشیکارێک قسەدەکات. چەمکی گێرەرهوە (Narratee) سەرەتا لەلایەن “ژراژ ژێنیت”ەوە بەکاربرا و دواتر “جێراڵد پرینس” شیکردەوە و پەرەی پێدا. لەباری سیستەمی پشت بەستوو بە گێڕانەوە و بونیادی تەکنیکی گێڕانەوە یان هەمان زانستی گێڕانەوەناسی، ناسینی گێڕەرهوە بە پرسیارێکی روون و ئاشکراوە بەندە: “کێ چیرۆکەکە دەگێڕێتەوە؟”.
بەڵام دیاریکردن و جیاکردنەوەی وەرگری گێڕانەوە، بیسەر یان وەرگری گێڕانەوە، بەم پرسیارەوە بەندە: “کێ گێڕانەوەی گێڕەرهوە دەبیستێت؟” لە راستییدا مەبەست ئەوەیە که گێڕەرهوه لەگەڵ کێ قسە دەکات؟ وەرگری گێڕانەوە کەسێکی راستەقینەیە کە لە چیرۆکەکەدا هەیە و زیندووە و “جمکی پەیوەندی دەری گێڕەرهوە”ە و رووی دەمی قسەکانی گێڕەرهوە روو بە ئەوە ، هەمان ئەو کارەی کە “عەتا محەممەد” دەیکات، باوکەکە ناچار دەکات دەفتەرێکی سپی هەڵبگرێت و هەر لەوکاتەدا و بێ پێشەکی، دەست بکات بە قسەکردن، لە رووی کاغهزێکی سپییەوە شت بخوێنێتەوە. دە وتار وەک رێزگرتن لە “لۆگۆسی ئەفلاتوونی” بگێڕێتەوە.
لەلایەکیترەوە، یەکێک لە یەکەم پێشەنگەکانی “ئەدەبیاتی پۆست مۆدێرنیستی” “خۆرخێ لویس بۆرخس”ە. بۆرخس لەدایکبووی ١٨٩٩ لە “بۆینس ئایرس”ی ئارژانتینە، بەڵام سەردەمی تازە لاویی و لاوێتی لە ئهوروپا تێپەڕدەکات و لەگهڵ زۆر زمان ئاشنا دەبێت، هەرچەند زۆربەی زۆری چیرۆکەکانی بە زمانی ئیسپانیایی نووسیوە. لە دەیەی ١٩٤٠دا ئەو چیرۆکانە بڵاودەکاتەوە، کە دواتر لە روانگەی پۆست مۆدێرنیستییەوە، بە جۆرێک لە گێڕانەوە دەناسرێن کە: “نووسەر گومانی هەیە لە دەرکی واقع، یان ئەمری واقع” و بەوجۆرە ناوبانگ دەردەکەن.
وێکچواندن و هاوماناکردن، دەستەچن کردن[15] (مەبەست لەم دەستەواژەیە کۆکردنەوەی بێ بنەمایانە و نائۆرگانیکی چەندین کۆمەڵی جیاواز لە یەکتره، کە لە باری مانایی و ستایلەوە لە یەکتر جیاوازن، وەک چۆن “فردریک جێمسۆن”[16] بە هێما پووچەکان لە تێکەڵەیەکی بێ مانادا کە لەگەڵ یەکتر هێنراون، پێناسەی دەکات.) فرەچەشنی [17]، تەئویل گەرایی زێدەڕۆیانەی لۆژیکی و نالۆژیکی، مێژوو دروستکردن، بان ریالیست بوون (مەبەست لەم دەستەواژەیە، ئەو هێما و نیشانانەن کە لە خودی واقع و ریال، ریالتر و واقعتر دەردەکەون!) هاوئاهەنگ بوون و هاوسازبوونی بونیادە لەگەڵ یەک ناکۆکەکان (بەو شێوەیەی کە حیکایەت، نەقڵ، بیرەوەری، ئیلاهیات، ئوستوورە، فەلسەفە، بنەما تیۆری، زانستی و تەنانەت بیرکاری و… دەکرێت بڵێین هەموو شت) لە چیرۆکدا پێکەوە تێکەڵ دەکرێن. هەرچەنده لە کۆتاییدا وەرگر و خوێنەر بە ئەنجامێکی تاڵ دەگهن “سەرجەم گوتار و دیسکۆرسەکان وەک یەک بەهادار و بێ بەهان” و ئیتر فەنتازیا (کەهەموو کات ئارام کەرەوە”ی ئێمەیە) پەردە لەسەر نهێنییەکانی ئەم دونیایه داناماڵێت.
“عەتا محەممەد” وەک بۆرخس و هاوشێوەی ئەو کاردەکات، گێڕانەوەکانی پڕاوپڕە لە مێژوو خولقاندن، دەستەچن کردن و تێکەڵکردن، تەئویل گەرایی، هاوئاهەنگ کردنی بونیادە لەگەڵ یەک ناکۆکەکان، لە هەمووان گرینگتر گومانیان هەیە و ئەوەی کە چۆن ئەم کارە دەکەن، خاڵێکە کە “پییەر ماشری” هاوڕێ و قوتابیی “ئاڵتوسێر” زۆر بە روونی باسی لێوەدەکات و شی دەکاتەوە. “پییەر ماشری” لە کتێبی “تیۆریی بەرهەمهێنانی ئەدەبی”دا جیاوازی دەکات لەنێوان “وەهم” و “چیرۆک”دا. ماشری ئایدۆلۆژیا بە وەهمی تۆخ دەزانێت و وەهم بە مانای ئەزموونی ئایدۆلۆژی، ماددەیەکی سەرەتاییە کە نووسەر کەڵکی لێ وەردەگریت و دەیکات بە شتێکی جیاواز و شێوەو فۆڕمی پێ دەبەخشێت. لەبەرئەوەی هونەر و لەوانە چیرۆک، بە بەخشینی فۆڕمێکی روون و ئاشکرا دەتوانێت لە ئایدۆلۆژیا دوور بکەوێتەوە و سنوور و چوارچێوە ئایدۆلۆژییەکانمان بۆ بخاتە ڕوو. ماشری لە سەر ئەو باوەڕەیە که ئەم کارە یارمەتیمان دەدات لە وەهمی ئایدۆلۆژیا رزگارمان بێت.”[18]
چیرۆکەکانی عەتا لەگەڵ وەهم، خورافە، باوەڕەکان و… مێتافیزک و مێژوو ناکۆکن . لە لایەکیتروە عەتا لە گوماندا مامۆستایە و لەبەرئەوەی بیرکردنەوە و ئەندێشەکردن گرێدراوی گومانن و لە “دەرکەوتە و دووبارە دەرخستنەوە”[19]ی ئاوێنەدا ئاشکرا دەبێت و عەتا لهم ناوهدا دەستی ئاوەڵایە بە گومانەوە لە هەموو شتێک بڕوانێت، تەنانەت بە گومانەوە بۆ بان گێڕانەوەکان، وشە و دەستەواژە گەورەکان و مێژووی نووسراو بڕوانێت و هەموو ماناکان و هەموو ئەو شتانەی بە نەگۆڕ دەردەکەون، کتوپڕ لەرزۆک دەبن و ئەگەری گۆڕانیان دەردەکەوێت و جەخت لە سەر ئەوە دەکرێتەوە کە کاری گرینگی لەم شیوەیە، لە پەیوەندیی دیالکتیکیی نێوان “وێنە و ئاوێنە” و یاری “دەرخستن و دووبارە دەرخستنەوە” ئەنجام دەدات. بۆ شیکردنەوەی ئەم نەریتە، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ زۆر پێشتر: “فرێدریک جیمسۆن” لەسەر ئەو باوەڕەیە که: “زاڵبوونی کەلتووری سەرمایەداریی وایکردووە، کە دەرکەوتنەوە و دەرخستنەوە لە هونەردا ببێت بە شتێکی نەکردە و مومکین نەبێت”. وەک چۆن لە سەرەتای مۆدێڕنیسمدا و دوای سەرهەڵدانی “نیچە” و ئەم روانگەیەی ئەو کە جەخت لە سەر ئەوە دەکاتهوه که “جیاوازی لەنێوان واقع و دەرکەوتەی واقع”دا نەماوەو تا ئەوەی کە لەم بارەوە “لیۆتار” دواتر بە هیواوە جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە: “شتێک هەیە کە دەرخستنەوەو دەرکەوتنەوەی مومکین نییە”! بەڵام بەم دەستەواژەیە کە تەواوکەری ئەم رستەیەیه، زیاتر خەیاڵی ئاسوودە کردین کە وتی: “کاری هونەرمەندی ئاوانگارد و پێشڕەو، دەرخستنەوەوی، ئەو شتانەیە کە دەرناخرێنەوە” و کاری هونەرمەندی رەسەن ئەمەیە: “دەرخستنەوەی ئەو شتانەی کە دەرناخرێنەوە، یان خولقاندنی ئەو شتانەی کە ناخولقێنەوە”.
“عەتا محەممەد” بە وشیارییەوە “ئاوێنە” هەڵدەبژێریت، کە خۆی لە خۆیدا تایبەتمەندییەکی هەیە کە ئەویش دەرخستنەوەیە و بەم شێوەیە یارییەکە دەست پێدەکات. دەرخستن و دەرخستنەوە، پێناسەو پێناسەکردنەوە، شت و وێنە، ریزی هۆکار و بەرهۆکان (دال و مەدلول) و ژیان و مەرگ و لە بنەڕەتدا هەر شتێک کە پەیوەندییەکی وەها دیالهکتیک و دوانەی هەیە، گریمان بۆ وێنە: “عابد و مەعبوود”، خود و خودا، تەنانەت ئەو شارانەی کە دەرخستنەوەو رەنگدانەوەی شارەکانیترن، بەغداد کە رەنگدانەوە یان بە مانایەکیتر دوانە و جمکی بابلە، خود کە خودایەکیتر و… هەوڵی ئەوەیە دەرخستنەوەی ئەو شتانەی، کە دەرناخرێنەوە لە چیرۆک و وردتر بابڵێین حیکایەتەکانی بکات بە شتێکی مومکین. پێویستە ئاماژە بەم خاڵەش بدەین کە جەوهەر -ئەگەر لەم بوارەدا باوەڕمان بە جەوهەر ههبێت- ئایدیای پۆست مۆدێرنیسم لە راستییدا یاریکردنە بە چەمکی “واقع” و بەشێوەی جیاواز ئەم چەمکەی خوێندۆتەوە، دەریخستوە و دەریخستۆتەوە.
پێرسۆناژ یان کەسایەتی “باوک”ی حیکایەتی “عەتا محەممەد”، حیکایەت بۆ کچەکەی دەگێڕێتەوە، ئەو کچەی کە خەوتووە، وا دیارە ئەو نهوهیهی کە دێت، پێی خۆش نییە حیکایەت و چیرۆکی باوک و باپیرانی ببیستێ و ئەوەی روویداوە یان بەسەریاندا هاتووە، لە راستیدا خودی “رابردوو” کە پڕە لە پەندو ئامۆژگاری و گرینگتر لەوەش پڕە لە حیکمەت، بێ گوێگر دەمێنێتەوە! ئەمەش بەو مانایەی که هیچکات بەرەی نوێ لە حیکایەتەکانی ئێمە تێناگات و ئەمەش جێگەی تێڕامانە، لەبەر ئەوەی نەریتی لۆگۆس تەوەری ئەفلاتوونی لەم ناوەدا لەناو دەچێت و ئەمە تراژیدیای سەردەمی پۆست مۆدێرنەیە. “باوک” یان گێڕەرهوەی حیکایەتی “عەتا محەممەد” بە دەم ئاخ هەڵکێشانەوە دەڵێت: “تهنها شتێك دڵنیابووم لێی، ئهوهبوو كه ئهو چیرۆكانه بۆ ئهو خوێنهره تهنیایه بوون كه نهیتوانی گوێیان لێبگرێت. وای بۆچووم كه ئهو چیرۆكانه بۆ خوێنهر نهبن ئهوهندهی بۆ خۆم بوون.
بەڵام ئێمە بە خوێندنەوەمان گوێ دەگرین، لەبەر ئەوەی کالڤینۆ وتەنی لە چیرۆکدا “گوێ” گرینگە بۆ ئەوەی بە رامان لە وتاردانی باوک، نەریتی لۆگۆس تەوەری ئەفلاتوون بێ وەرگر نەبێت.
سەرئەنجام:
لەناو بەرهەمی نووسەرانی کورددا، عەتا محەممەد لە کتێبی “تینا و چیرۆکە ئەندێشەکراوەکان”دا، گێڕانەوەیەکی نەریتی و بەشێوەی حیکایەتبێژییە، کەوایە پەیوەستە بە نەریتێکەوە کە گرینگی دوو قات دەدات بە گێڕانەوە، ئاخافتن و وتاردان، نەوهک بە نووسین. ئەم رەوتە لە فهیلهسووفەکانی یۆنانەوە دەست پێدەکات و سەرەنجام دەگات بە نووسەرە پۆست مۆدێرنەکانی وەک “ئیتالۆ کالڤینۆ” و لەم ناوەدا “لۆگۆس تەوەری”ی دەق، بووە بەجێی مشت و مڕی خاوەنڕایان و بیرمەندانێکی زۆر، کە گرینگترینیان ئەفلاتوونە لە سەرەتادا و لەم دواییانەدا “دریدا”یە. لەبەر ئەوەی ئەفلاتوون وتاردان و ئاخافتن بە سەروتر دەزانێت و پەیوەستی دهکاتهوه بە لۆگۆسەوە و دریدا بەوپەڕی بوێرییەوە بە پێچەوانەوه، ئەم بابەتە گرینگە پەیوەند دەکات بە نووسینەوە، نەوهک بە وتاردان و ئاخافتنهوه.
لەلایەکیترەوە لەم لێکۆڵینەوەیەدا شێوە و ستایلەکانی تەکنیکی گێرانەوەی “نەقڵکردن” وەک “خودگێڕانەوە”ش درایە بەرباس و “دەرکەوتنی ئەو شتەی دەرکەوتنەوەی مومکین نییە” لە هونەری نووسین و بە کورتی لە هونەری چیرۆک و بە تایبەت لەم کتێبەدا و لە ئۆبژەو چەمکی “وێنە و ئاوێنە”دا وەک مۆتیڤێک لە بەرهەمی “عەتا محەممەد”دا باسی دەکرێت، کە ئەم بابەتە گرینگە لە نێوەرۆکی دەوڵەمەند و قووڵی چیرۆکی ” تینا و چیرۆکە ئەندێشەکراوەکان”دا دەردەکەوێت، کە هەڵبەت دەبێت زیاتر تەفسیری ئەم دەرکەوتنەوانە بکرێت لە چیرۆکە رەسەنەکاندا و زیاتر هەوڵیان بۆ بدرێت.
سهرچاوهکان:
- تولستوی، لئون. هنرچیست. ترجمه کاوه دهگان. تهران: انتشارات امیرکبیر، چاپ هفتم، 1364.
- بریسگات دومینیک مک آیور لویس. دانشنامهی زیباییشناسی. گروه مترجمان به سرپرستی مشیت علایی. تهران: فرهنگستان هنر، زمستان1391.
- شریفی، محمد. فرهنگ ادبیات فارسی. تهران: فرهنگ نشرنو و انتشارات معین، 1387.
- صافی، حسین. داستان از این قرار بود. تهران: نشر رخدادنو 1388. صفحه 127.
- فرای، نورتروپ. تخیل فرهیخته. ترجمه سعید ارباب شیرانی. تهران: مرکز نشردانشگاهی. تهران: 1363.
- یوسا، ماریو بارگاس. چرا ادبیات. عبدالله کوثری. تهران: انتشارات لوح فکر، چاپ دوم 1385.
- داستان و نقد داستان. ترجمهی احمد گلشیری. تهران: انتشارات نگاه، چاپ چهارم، 1384.
- اسکولز، رابرت. عناصر داستان. فرزانه طاهری. تهران: نشرمرکز، چاپ سوم 1378.
- ردینگر، روبی.و. «تاریخچهای کوتاه از داستان کوتاه». حسین لسانی. مجله کیهان فرهنگی سال ششم، شماره 12، ص17.
- میرصادقی، جمال و میرصادقی میمنت. واژهنامه هنرداستاننویسی. تهران: کتاب مهناز1377.
- مقدادی، بهرام. فرهنگ اصطلاحات نقد ادبی.تهران: فکر روز، 1378.
- کارور، ریموند. «اصول داستان نویسی». ترجمه شقایق قندهاری. مقاله اینترنتی.
- هفتهنامه «آوای کرمانشاه». سه شنبه 17 خرداد 1390. سال پانزدهم. شماره1089صفحه 6.
- کلهر، محمدرضا. مقاله «یک گفتگوی تلسکوپی با ماریو بار گاس یوسا». هفته نامه «سیروان». سال پنجم، دوم شهریور 81 شماره 187.
- فوستر، ادوارد مورگان. جنبههای رمان. ابراهیم یونسی. تهران: انتشارات نگاه، چاپ اول،۱۳۶۹.
- محجوب، محمدجعفر. ادبیات عامیانهی ایران. تهران: نشر چشمه، چاپ دوم، 1383.
- تقیزاده، صفدر. شکوفایی داستان کوتاه. در دههی نخستین انقلاب. تهران: انتشارات علمی 1373.
- مستور، مصطفی. مبانی داستان کوتاه. تهران: نشرمرکز، چاپ چهارم، 1387.
- میرصادقی، جمال. عناصر داستان (ویرایش جدید). تهران: انتشارات سخن 1376.
- حسینی، صالح. بررسی تطبیقی خشم و هیاهو و شازده احتجاب. تهران: انتشارات نیلوفر. بهار 1372.
- رودی، فائزه. روایت فلسفی روایت از باستان تا پست مدرن. تهران: علم 1389.
- پاینده، حسین. داستان کوتاه درایران. تهران: نیلوفر، چاپ اول، 1389.
- مکاریک، ایرنا ریما. دانشنامهی نظریه ادبی معاصر. مهران مهاجر و محمد نبوی. تهران: نشرآگه. 1388.
- براهنی، رضا. قصه نویسی. تهران: نشر نو، چاپ سوم1362
- اسکارد¬کارد، اورسون. شخصیت پردازی و زاویه¬ی دید در داستان. ترجمه¬ی پریسا سامانی، اهواز: رسش1387.
- کلهر، محمدرضا.هنر زیبای داستان. نشر گوتار سقز. 1396
- کالوینو، ایتالو.شهرهای نامریی. ترجمه ترانه یلدا. نشر پاپیروس تهران 1369
- بورخس، خورخه لویس. باغ گذرهای هزار پیج. ترجمه احمد میرعلایی.نشر رضا 1369
- ژرژباتای، استیون اشنایدر و… نشانهشناسی شر. شهریار وقفیپور.تهران: زاوش1392.
- بیات، حسین. داستاننویسی جریان سیّال ذهن. تهران: انتشارات علمی و فرهنگی.1387
- یگلتون، تری؛مارکسیسم و نقد ادبی. مترجم: معصومبیگی، اكبر. مشهد: بوتیمار، چاپ سوم 1393
- محمد، عطا. تینا و داستان های اندیشه شده، ترجمه نجم الدین براخاصی و محمدرضا کلهر. نشر افراز 1397
- سایتها و دائرهالمعارف¬های «بریتانیکا»، ایرانیکا، لغتنامه دهخدا، فرهنگ معین و عمید و …
- Merriam-Webster
2.wikipedia.wiki/Short_story &…
3.eldritchpress.
4.wattpad.stories/short-story&…
5.Classic short story
[1] – Soliloquy هەڵبەت دەکرێت ئەمە بە لە بەر خۆوە قسە کردنیش مانا بکریت
[2] – ژرژباتای، استیون اشنایدر و… نشانهشناسی شر. شهریار وقفیپور.تهران: زاوش1392. ص7.
[3] – عبدالکریم رشیدیان. فرهنگ پسامدرن. تهران: نشر نی، چاپ دوم، 1394. ص564
[4] – Interior monologueژمارەیەک لە خاوەنڕایان و بیردۆزان، مۆنۆلۆگی دەروونی بە هاومانای شەپۆلی زەین پێناسە دەکەن، بەڵام بەشی زۆری خاوەنڕایان لەسەر ئەو باوەڕەن کە مۆنۆلۆگی دەروونی، یەکێکە لەو تەکنیکانەی کە لە چیرۆکەکانی رەوتی شەپۆلی زەین دا بەکار دەبرێت.
[5] – Edouard du jardinیەکێکە لە چیرۆکنووسە سێمبۆلیستەکانی فەرانسە، کە ناوبانگێکی وەهای نەبوو، بەڵام چیرۆکێکی نووسی کە لەو سەردەمەدا نامۆ و جیاواز بوو بە ناوی “غارەکان دەبڕدرێنەوە” ( غار جۆرێک درەختە). چیرۆکێک کە بەتەواوەتی لە بیرکرابوو، ئەو چیرۆکەی کە بەوتەی (جۆیس) کاریگەری زۆری لەسەر ئەو بووە کە خۆی یەکێکە لە کەسە دیار و پێشەنگەکانی هونەری چیرۆکنووسین. جۆیس لە باری توانای زۆرییەوە بۆ زەینی نووسین، خۆی بە قەرزداری ئەم چیرۆکە کورتە زانیوە. چیرۆکەکە دەربارەی پیاوێکی گەنجە کە لە گۆشە نیگای زەینی ئەوەوە کە هاوڕێکەی بانگهێشت کردووە بۆ نانی ئێوارە دەگێڕدرێتەوە. ئەم چیرۆکە لەو رووەوە زەینییە و خەیاڵییە کە هەر لە سەرەتاوە تا کۆتایی جۆری بیرکردنەوەو خەیاڵی پاڵەوانی چیرۆک بۆ خوێنەر دەردەکەوێت. پێشتر شتی وەها نموونەی نەبووەو جۆیس زۆر بەباشی ئەم خاڵەی وەرگرتبوو و لێی تێگەیشتبوو.
[6] – Direct Interior Monologue.
[7] – بیات، حسین. داستاننویسی جریان سیّال ذهن. تهران: انتشارات علمی و فرهنگی.1387 صفحه 79. صالح حسینی هم با این تعریف موافق است. حسینی، صالح. بررسی تطبیقی خشم و هیاهو و شازده احتجاب. تهران: انتشارات نیلوفر 1372.
[8] – Indirect Interior Monologue.
[9] – – حسینی، صالح.بررسی تطبیقی خشم و هیاهو و شازده احتجاب.تهران: انتشارات نیلوفر 1372ص15.
[10] –. Soliloquy، خود گێڕانەوە، لە بەرخۆوە قسە کردن، یان وڕینە کردن
[11] – invisible cities
[12] – the garden of forking paths
[13] جێڤانی بۆکاچیۆ ،«Giovanni Boccaccio» (۱۳۱۳–۱۳۷۵) زایینی.
[14] – جێفری چاوسێر (Geoffrey Chaucer)، (١٣٤٣- ١٤٠٠) زایینی.
[15] – Eclecticism لە فارسییدا بە التقاط گرایی، مانا کراوەتەوە
[16] – رەخنەگری ناوداری ئەمریکایی، ساڵی ١٩٤٣ لە دایکبووە
[17] – Pluralism
[18] – ایگلتون، تری؛مارکسیسم و نقد ادبی. مترجم: معصومبیگی، اكبر. مشهد: بوتیمار، چاپ سوم 1393، ص43.
[19] – aspect