چۆن بوو بوویت بە نووسەر؟
بە رێكەوت، ساڵی سێ ناوەندی بووم، داڕشتێكم نووسی كە زۆر پێشوازی لێكرا، ئەمە بوو بە بەستێنێ بۆ ئەوە پەی بە توانای خۆم ببەم لە نووسیندا. بەڵام تا تەمەنی 30 ساڵی هیچ شتێكم بڵاو نەكردەوە. لە زانكۆ بە هۆی ئاشنایەتی لە گەڵ جەلال ئال ئەحمەد، دوكتور ئەمیر حسێن ئاریانپوور و دواتر باقر مومنی و بە ئازین و….. نووسین بوو بە كارێكی جیدی بووم. بە تایبەت جەلال ئال ئەحمەد و خاتوو سیمین دانشوەر زۆریان هاندام بەوەی كە بنوسم. هەڵبەت من هەموو ئەمانە بە رووداو و هەڵكەوت دەزانم.
شێوەی كار كردنتان چۆنە؟ هەموو رۆژێك دەنوسی یان چاوەڕوانی ئیلهام دەبیت؟
من هەموو رۆژێك دەنووسم. هیچ كات چاوەڕوانی ئیلهام نابم. كاری بەردەوامی رۆژانە. من هیچ كارێكم نیە جگە لە خوێندنەوەو ئەوموون كرنی ژیان و نووسین. سەبارەت بە ئیلهام دواتر رای خۆمت پێ دەڵێم.
ئاخۆ بەر لە نووسین فۆڕم دیاری دەكەی بۆ نووسینەكەت؟
بەر لە نووسین بیر لەو بابەتە دەكەمەوە كە سەرنجی منی بۆ لای خۆی راكێشاوە. تا رادەیەك شێوەو فۆڕمەكەی دیاری دەكەم دواتر دەست دەكەم بە نووسین. ئەم بیركردنەوە لە بابەت رەنگە بۆ یەك مانگ میشكم داگیر بكات.
نووسەران و شاعیران زۆرتر دەفتەرێكیان پێیە بۆ نۆت هەڵگرتن، ئێوە چی؟
بەڵێ بوونی دەفتەری نۆت بە یەكێ لە كەرەسە سەرەكیەكانی كاری نووسین دەزانم؟ بریا باب و دایكێكم هەبا كە هەر لە سەردەمی مناڵیەوە ناچاریان كردبام كە رووداوەكانی ژیانی رۆژانەم بنووسمەوە. ئەمە پاشكەوت و سەرەمایەیەكی گەروەیە بۆ داهاتووی مرۆڤێك، چ ببێ بە نووسەر یان نەبێت. داواتان لێدەكەم بەر لەوەی حیسابی بانكی بۆ مناڵەكانتان بكەنەوە دەفتەرێكی بۆ بكڕن بۆ ئەوەی رووداوەكانی رۆژانەی تێدا بنووسێت. گفتتان پێ دەدەم زۆر بە سوودە بۆی.
تا چەن بە نووسراوەكانتاندا دەچنەوە؟
زۆر جار بە نووسراوەكانما دەچمەوەو سەر لە نوێ دەیاننوسمەوە. یازدە كەڕەت بە رۆمانی چوار بەرگی”ساڵە هەورییەكاندا” چوومەوەو نوسیمەوە.
ئاخۆ رەخنە لە بەرهەمەكانی خۆت دەگری؟
رەخنەو لێكدانەوەی بەردەوامی بەرهەمەكان كارێكی گرینگە و من زۆر جار ئەم كارە دەكەم.
راتان چییە دەربارەی دەست پێكی چیرۆك یان رۆمان.
ئەو پەڕەگرافەی كە دەست پێكی رۆمان یان چیرۆكە زۆر گرینگە. سەرەتای چیرۆك بە زۆری دەتوانێ سەرەنجی خوێنەر بۆ لای خۆی رابكێشێ یان ناچاری بكات كتێبەكە بخاتە لاوە. رۆمانی “ساڵە هەورییەكان”یش سەرەتاكەی بەم شێوەیە. (قیژە قیژی دایكم ژوورەكەی دا گرتوە)
ئاخۆ دەستت داوەتە دوان لە دۆخێك لە چیرۆكدا كە ئەزموونێكی درووستت لەو دۆخە نەبێت؟
من ناتوانم جگە لە ئەزموونەكانم هیچ شتێكیتر بنووسم. رەنگە بتوانم دروێنە كردنی وەرزێرێ ببینم و سەبارەت بەو زەحمەت و ئەركانەی دەیكێشێ بنووسم. بەڵام ئەگەر خۆم داس بگرم بە دەسەوەو كار بكەم باشتر دەتوانم بنووسم.
كە وایە بەشێكی زۆر لە نووسراوەكانتان بەرهەمی ئەزموونی تاكەكەسین؟
بەڵێ. لە سەدا 99ی نووسراوەكانم
ئاخۆ نوسەر پێویستی بە ئیلهام هەیە؟
ئیلهام مانای “دەركەوتن” و ” كەوتنە دڵەوە ” دەدات. بەرامبەرە ئینگلیزییەكەی inspiration یە. لە دەرونشیكاریدا، سەرچاوەی سەرەكی ئیلهام نەستە و كە تایبەتە بە باسی بیرەوەرییە زەینیەكان. واتە هەمان ئەو باسەی كە “سوورئالیستەكان” زۆر جەختی لە سەر دەكەنەوە. ئەوان لە سەر ئەو باوەڕەن كە نەستی هونەرمەند، هەندێ جار بە بێ ئەوەی لە لایەن عەقڵەوە فەرمانی پێبدرێ، دەست دەداتە دەربڕینی ئەو شتەی كە لە خۆیدا هەڵی گرتووە و ئەم شتەی كە لە زەیندا هەڵگیراوە، بە شێوەی ئیلهام و بە بیر هێنانەوە، سەرچاوەی داهێنانی هونەرییە. سوورئالیستەكان ئیلهام بە جۆرێ تەقینەوەی كوتووپڕی رۆح و گۆڕانی دەروونی پێناسە دەكن كە لە پانتای زماندا دەردەكەوێ. ئەوان لایەنەكانی چەمكی “نائاگا” و “نیوە نائاگا” یان تا رادەیەكی زۆر كەم كردەوەو روویان هێنایە پانتای زانینی شاعیرانە. بەڵام ماتریالیستەكان بەستێنی ماددی و دیاردەیەكی زەینی و بیر كردنەوە بە پێی ئەو دیاردە زەینییە بە ئیلهام دەزانن. دەروونناسی و رەخنەی نوێی ئەدەبی ئیلهامی هونەری وەك دیاردەیەكی دەروونی لە هونەرمەندا دا پێناسە دەكات و روانگەی بان سروشتی قبووڵ نییە. من باوەڕم بە ئیلهام وەرگرتن لە جیهانی ماددی و زەمینی و خەڵكی هەیە و هەر دەم پێویستم بەم چەشنە ئیلهامە بووە.
ئێوە چ شێوەیەك دەبەنە كار بۆ ئەوەی كەسێتیەكەی راستەقینە بكەن بە كەسێتییەكی ناو چیرۆك؟
پێم خۆش نییە هیچ ئەركێك بۆ هونەرمەند و نووسەر دیاری بكەم. یەكێ لە تایبەتمەندییەكانی زۆر روونی هونەر، لایەنی جۆراو جۆر بوون و فرە چەشنییەتی. ئەگەر وا نەبێت هەموو بەرهەمە هونەرییەكان وەك یەك دەبن. ئەم پۆلین بەندییانە هەڵەیە. هونەرمەند دەتوانێ لە ژیانیدا بە پێی دۆخ، باری رۆحی، هاندەر و ئەو رووداوانەی رووبە ڕوویان دەبێتەوە دەست بداتە خولقاندنی بەرهەمی هونەری جیاواز و نەناسراو. ئەوەی كە پێ بەند بیت بە سنوور و ریز پەڕەكن لە هونەردا درووست نییە.
لە بەرهەمەكانتاندا خۆتان بە قەرزداری واقیعی دەرەكی دەزانن؟
بۆ وێنە ” بی بی” لە “ساڵە هەورییەكان” بێننەوە بیری خۆتان. رەنگە هەموو ئەو تایبەتمەندیانەی دەربارەی بی بی هێناومە راست نەبیت بەڵام من بە درێژایی ژیانم زۆر پیرە ژنی كرماشانیم چ لە گوند و چ لە شاردا دیوە. كە وایە بۆ ئەوەی بی بی لە لای خوێنەر وەر بگیردرێ، بۆ ئەوەی خوێنەر هەست بە نزیكایەتی بكات لە گەڵی رەفتار و خوو و خەدەی ئەو تەمەنەم لەو دەورەیەدا بۆ پێرسۆناژەكان بە قەرز وەرگرتووە بۆ ئەوەی كەسێتی بی بی لێ درووست بكەم. واتە كارەكتەرێك دروست بكەم كە خەڵك وەری بگرن.
لەكارەكتەری ناو چیرۆكەكانتدا كام كارەكتەر بە كەسێتی خۆتانەوە نزیكە یان لە كەسێتی خۆتانەوە وەرگیراوە؟
زۆریان. لە “ئابشووران”، “لەم ویلایەتەوە” و لە زۆر چیرۆكیتردا خۆم بوونم هەیە. شەریفی “ساڵە هەورییەكان” خۆمم.
لە كاتی نووسیندا تا چ رادیەك پرسە تەكنیكییەكانی چیرۆك لە بەرچاو دەگری؟
راستت دەوێ دەربارەی تكنیك و شێوەی چیرۆك نووسین دەكرێ بڵێم كتێبی نییە نەمخوێندبێتەوە، بەڵام كاتێك كە دەنووسم نوسین خۆی رێگای خۆی بە من نیشان دەدات و لەو ساتەدا لە بیری ئەوەدا نیم كە فڵانە تكنیك بە كار بهێنم. نازانم زۆربازێك لە كاتی زۆران بازی دا بیر لەوە دەكاتەوە ئەو ساتە بەرامبەرەكەی “فتێڵە پێچ” بكات یان ” سەگەك ببەستێ”؟ یان ئەوەی بێ پێی جووڵەو حەرەكەتی پێش بینی نەكراوی بەرامبەر دەجووڵێتەوە. لە هونەریشدا لام وایە پرسەكە هەر بەم شێوەیە. تۆ و بابەتەكەت. جووڵە و پەرچەكرداری بابەتە كە ناچارت دەكات فڵانە تكنیك بە كار بینێ.
ئاخۆ نووسەر بۆ خۆی دەنووسێت؟
هەمدیسان دەڵێمەوە كە هونەرمەند، شاعیر و نووسەر ئازادە لەوەی بۆ دڵی خۆی كار بكات و بنوسێت. بەڵام من ئەو شتانە دەنووسمەوە كە لە جیهانی دەورووبەرمدا دەمخەنە ژێر كاریگەری خۆیانەوەو مەبەستم وشیار كردنەوەی خوێنەرە بە رووداوەكانی دەورووبەری. ئانتوان چێخۆف وتەنی، چێخۆف یەكێك لەو نووسەرانەیە كە زۆرم خۆش دەوێ :(هەموو ئەو شتەی دەمویست ئەوە بوو كە بێ درۆ بە خەڵكی بڵێم) “چاو لە خۆتان بكەن. تەماشا بكەن چەن ژیانێكی خراپ و تاڵتان هەیە” ئەمە گرینگترین شتە كە خەڵك دەبێ بزانن. ئەو كاتە بە درووستی بەم شتەیان زانی و لێی تێگەیشتن بێگومان ژیانێكی نوێ و باشتر دەخولقێنن…. مرۆڤ ئەو كاتە باشتر دەبێت كە بەو شێوەی كە هەیە نیشانی خۆی بدەینەوە.)
بۆ چی دەنووسیت؟
بۆ ئەوەی كاریگەریەكی هەر چەن كەمم لە سەر جیهانی دەورووبەری خۆم هەبێت.
تا چەن باوەڕت بە داهێنان هەیە لە ئەدەبیاتدا?
باوەڕم بە داهێنان هەیە لە ئەدەبیاتدا بەڵام نەك بەو رادەیەی خەڵك لە ئەدەبیات بێزار بكات. هەندێ كەس دەڵێن ئێمە بۆ دڵی خۆمان دەنووسین. ئەمە درۆیەكی ترسنۆكانەیە، ئەگەر بۆ دڵی خۆت دەنووسی كە وایە لە سووچی ژوورەكەت داینێ. بۆ بڵاوی دەكەیتەوە؟ بڵاوی دەكەیتەوە كە خەڵك بیخوێننەوەو بزانن تۆ چۆن هەست بە جیهان دەكەی.
راتان چییە دەربارەی كۆمەڵگای نووسەران لە وڵاتی خۆماندا؟
نووسەرانی ئێران بە تایبەت لەم دەورەیەدا رووبەڕووی زۆر كێشە و گرفت دەبنەوە بەڵام هەر درێژە بە هەوڵی خۆیان دەدەن لە باری داهێنانی جۆرازجۆرەوە.
كام یەك لە نووسەرانی ئێرانی یان بیانی كاریگەرییان بوە لە سەرت؟
لە ماوەی ژیانمدا زۆر نووسەرم ئەزموون كردوە. لە ژێر كاریگەرییاندا بووم و دواتر هەوڵمدا لە سەر پێی خۆم راوەستم و رێچكەی خۆم بدۆزمەوە. لە پەراوێز نووسانی بڵاو كراوەكانی رابردووەوە بگرە تا دەگاتە نووسەرانێكی پێشەنگ وەك جەماڵزادە، هیدایەت، چووبەك، عەلەوی و هتد.
لاتان وایە چ جیاوازییەك هەیە لە نێوان كەسێكی نووسەر و خەڵكانی عاددی دا؟
هیچ جیاوازییەك نییە. جگە لەوەی رەوتی ژیان ئەوانی بەرەو نووسین بردوە. زۆریان خوێندوەتەوە. ساردی و گەرمی رۆژگاریان چێشتووە و بە رۆحێكی هەستیار و حەساسەوە نەیانتوانیوە لە بەرامبەر زڵم و زۆر دا بێدەنگە بكەن.
داهاتووی رۆمان و كورتە چیرۆك لە ئێران چۆن دەبینی؟
بە هەموو ئەو گرفتانەی كە رووبەڕوویان دەبینەوە، لە گەڵا ئەوەی پێشوازی لە كتێب ناكرێ، بە لێكدانەوە سانسۆردا و بە سەختی ئیزن دان بە بڵاو بوونەوەی كتێبەكان، بە گرانی و بێكاری و هەزار و یەك كێشەی تر كە هەیە، داهاتووی كتێب داهاتوویەكی روون نییە و بە پێچەوانەوە نائومێد كەرە.
لە نووسیندا تا چەن كەڵك لە دەروونناسی وەردەگری؟
من لە زانكۆی تاراندا ماستەری دەروونناسی فیركردن و لە كالیجی مامۆستایەتیشدا ماستەری راوێژكاریم خوێندوەو بە دڵنیاییەوە ئەم خوێندنانە كاریگەرییان دەبێ لە سەر كارەكانم.
نووسەرێك تا چەن دەبێ بپەرژێتە سەر كێشە كۆمەڵایەتی و سیاسییەكانی سەردەمی خۆی؟
نووسەر وەك ئەندامێك لە ئەندامەكانی كۆمەڵگا ناتوانێ بە دەر بێت لە هەموو ئازار و رەنج و مەینەتی و خەباتەكانی نەتەوەكەی خۆی.
جیاوازی چییە لە نێوان نووسراوە بازاڕی و نووسراوە جیدییەكاندا؟
جیازای نێوان فیلمی “گەنجی قاروون” و فیلمی “گا”ی مێهرجوویی لە چیدایە؟ جیاوازی فیلمی “دە پیاوی خراپ” لە گەڵا ” حەوت سامۆرایی” بەرهەمی “كوروساوا”یان فیلمی “ئەم تاقمە تووڕەیە”ی سام پكین لە چیدایە؟ هونەری بازاڕی زەوق بینینی جوانیناسی لە مرۆڤدا دەكوژێ و لە دەیمرێنێ ، هەر بۆیە بوونەوەرێكی سووك و بە دەر لە جوانییەكانی جیهان لە دایك دەبێ و هونەری پێشەنگ و بە هێز، مرۆڤ بەرەو گەورەیی و پلەی بەرز دەبات.
ئەركی رەخنەگر بە چی دەزانی؟
بە بێ هیچ رق و دوژمنی یان دۆستایەتییەك رەخنە لە بەرهەمەكە بگرێ، رێنوێنی هونەرمەند بكات بەرەو باش بوون.
هەڵوێستت لەرامبەر بە رەخنەی توند لە بەرهەمەكانت چییە؟ رات چییە دەربارەیان؟
لە بەرامبەریاندا بێدەنگەم كردوە. تا ئەو ئاستەی لە توانامدا بوو دانیشتم و خوێندمەوەو نووسیم. تا ئاستی ماندوو بوونی خۆم خوێندمەوە. نووسیم و فێر بووم هێشتا پێویستە فێر بم. بە زۆری لەو رەخنانەدا ، لۆمەیان دەكردم كە تێكنیكەكانی چیرۆكنووسین لە بەرچاو ناگرم و بە راستی یەكێ لە تایبەتمەندییەكانی كاری من ئەوەیە كە نامهەوێ شێوەی كاری دیتران دووپات بكەمەوەو هیچ شێوازێكی دیاریكراو لە ناپارێزم و ئەوەی پێم خۆش بێت دەیڵێم.
ئاخۆ شێواز و یاسایەك هەیە كە بكرێ بە لە بەرچاو گرتنیان ببی بە نووسەرێكی باش؟
سامرست موام دەڵێ:” یەك لە سەدی نووسین توانایی و حەزەو نەودو نۆ لە سەدی نوسین هەوڵ و كۆششە” منیش لە سەر ئەو باوەڕەم.
لە ئێستادا چی دەنووسیت؟
لە ئێستادا خەریكم لە سەر دابو نەریتی خەڵكی كرماشان كار دەكەم. هەروەها خەریكم “بیرەوەرییەكانی سەفەر خان”یش تەواو دەكەم. كۆمەڵە چیرۆكێكیشم هەیە كە هێشتا ناوم لێ نەناوە.
هیچ وتەیەكت هەیە بۆ نووسەرانی تازە كار؟
داوایان لێ دەكەم دەفتەرێكی بیرەوەریان هەبێت. لە هەر هەلێ كەڵك وەربگرن بۆ خوێندنەوەی كتێبە باشەكان. لە ناو كۆمەڵگا و خەڵكدا بن بۆ ئەوەی هەر دەم بەرهەمەكانیان تازە بێت. كە من “ساڵە هەورییەكان”م تەواو كرد 3 كارتۆن یادداشت و نووسینم هەبوو كە بە پێی ئەوانە رۆمانە 2400 لاپەڕەییەكەم نووسی. گرینگتر لە هەمووان عەشق و هۆگری بە كارە كە ئەگەر مرۆڤ ئەم شتەی نەبێت بە هیچ كوێ ناگات.
سپاست دەكەم لەوەی كە وەڵامی پرسیارەكانت دامەوە.
منیش سپاسی هەوڵ و زەحمەتەكانی ئێوە دەكەم. سەركەوتوو بن.
سەرچاوە:
http://www.ghabil.com/article.aspx?id=257