وتووێژ لەگەڵ پابلۆ نێرودا/ پاریس ڕیۆ ڕیۆ
و: مستەفا زاهیدی
پابلۆ نێرودا، شاعیری شیلیایی ئەڵێت: ئەگەر دوو بژاردەی پلە و پێگەی سەرۆککۆماری و پێدانی خەڵاتی نۆبلی بۆ لە سەر مێزێک دانێن، هەڵدەستێت و لە پشت مێزێکیتر دادەنیشێت. نێرودا شاعیرێک بوو کە دوای مەرگیشی هەر دەنگۆکانی دەورووبەری ژیانی کۆتایی پێ نەهات. نەیارەکانی بەردەوام ئێرەییان پێ دەبرد. خۆی دەڵێت:” لە ئیسپانیاوە میراتێکی خراومان بۆ بەجێماوە، بەهیچ شێوەیەک ناتوانین ئەوە قبووڵ بکەین کەسێک ناو دەربکات یان لە بوارێکدا جیاواز بێت.”
پابلۆ شاعیرێک بوو کە ٥٠ ساڵی بەردەوام نووسی و ژیا، بەو شێوەیەی حەزی دەکرد. وەک خۆی دەڵیت:” هەموو ژیانی بۆ ئەوە تەرخان کردووە کە گۆڕان لە ژیانی خەڵکدا دروست بێت و ئەو کتێبانەی کە لەماڵەوە هەمە، هەموویان بەرهەمی کاری خۆمن. ئەوەی لە خوارەوە دەیخوێننەوە وتووێژی ” پاریس ریۆ ریۆ”یە لەگەڵ نێرودا.
بەڕێز نێرودا، بۆچی ناوی خۆتان گۆڕی؟ بۆچی پابلۆ نێرودات هەڵبژارد؟
لە بیرم نییە. تەنها ١٣ یان ١٤ ساڵم تەمەن بوو. لەبیرمە دەمویست ببم بە نووسەر و باوکم پێی ناخۆش بوو. بەگشتی لای وابوو نووسەر بوون دەبێت بە هۆی لەناوچوونی بنەماڵەکەم، بەتایبەت لای وابوو کە دەبێت بە هۆی ئەوەی ژیانم بێ کەڵک بێت و دەبێت بە هۆی لەناوچوونم. باوکم هۆکاری خۆی هەبوو بۆ ئەمجۆرە بیرکردنەوانە. من ئەم هۆکار و قسانەی باوکم بەلاوە پەسەند نەبوو. یەکەم هەنگاوێک بۆ وەستانەوە بەرامبەری هەڵمگرت ئەوە بوو کە ناوی خۆمم گۆڕێ.
ئەگەر ببیت بە سەرۆک کۆماری شیلیا، درێژە بە نووسین دەدەی؟
نووسەری و نووسین بۆ من وەک هەناسەدان وایە. بەبێ هەناسەدان ناتوانم بژیم و بە بێ نووسینیش هەروەها.
کێ بوون ئەو شاعیرانەی بە دوای پلە و پێگەی بەرزی سیاسییەوە بوون؟ ئاخۆ پێی گەیشتوون؟
سەردەمی ئێمە سەردەمی دەسەڵاتداری شاعیرەکانە، بۆ وێنە ماوی تسی تۆنگ و هۆشێ مینە. ماوی تسی تۆنگ هەندێ تایبەتمەندیتریشی هەیە. وەک دەزانن بە پێچەوانەی من، ئەو مەلەوانێکی لێهاتووە. هەروەها شاعیرێکی گەورەی تریش بە ناوی “لێیئۆپۆلد سێنجۆر” کە سەرۆک کۆماری سێنگاڵە. ئەویتریان ” ئێمە سێرز”ە کە شاعیرێکی سوو-ڕ یالە. ئەو شارەداری “فۆردۆ فرێنس” ە لە مارتینیک، لە دەریای کارائیب. لە وڵاتی من، شاعیرەکان بەردەوام لە سیاسەتدا بەشداریان کردووە. هەرچەن هیچکات شاعیرێکمان نەبووە کە سەرۆک کۆمار بێت. لە لایەکیترەوە، بووە کەسانێکی نووسەر لە ئەمریکای لاتین کە ببن بە سەرۆک کۆمار، وەک رۆمۆلۆ گایە گۆس (Rómulo Gallegos Freire)، سەرۆک کۆماری ڤێنزۆئێلا.
چۆن چالاکییەکانی خۆت کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری رێک ئەخەی و بەڕێوەی ئەبەی؟
رێکارێک گیراوەتە بەر. سەرەتا گۆرانی فۆلکلۆر و میللی دەخوێندرێت، دواتر کەسێک دیاری ئەکریت بۆ ئەوەی چوارچێوەی چالاکییە سیاسییەکان بخاتەڕوو. دواتر دەقێک ئەخوێنمەوە کە ئامادەم کردووە بۆ ئەوەی پێشکەشی جەماوەری بکەم. زۆر ئاسان و ساکار رێک خراوە، زیاتر شاعیرانەیە نەک رێ و رەسمی پلان بۆداڕێژراو و رێکخراو. من زۆربەی زۆری کاتەکان وتەکانم بە خوێندنەوەی شیعر کۆتایی پێ دەهێنم. ئەگەر شیعر نەخوێنمەوە خەڵک بێ هیوا دەڕۆن، هەڵبەت ئەوان دەیانهەوێت بیروبۆچوون و تێڕوانینی سیاسیشم ببیستن، بەڵام من زیاد لە پێویست ناپەرژێمە سەر لایەنە سیاسی و ئابوورییەکان، لەبەر ئەوەی خەڵک پێویستیان بە زمانێکیتریش هەیە.
کاتێک شیعرەکانت ئەخوێنیتەوە خەڵک چۆن پێشوازی ئەکەن و چۆنی ئەبینن؟
ئەوان شیعرەکانیان زۆر پێ خۆشە، دەورووژێن. ناتوانم بچمە شوێنێکەوە یان لە شوێنێک بێمە دەرەوە. پاسەوانیکی تایبەتم هەیە کە یارمەتیم ئەدات لە ناو ئاپۆرەی ئەو خەڵکەوە رەت بم کە بەرەو لام دێن و چواردەورم ئەگرن، ئەمە شتێکە لە هەموو شوێن رووئەدات.
ئەگەر بڕیار بایەت لە نێوان سەرۆککۆمار بوونی شیلیا و خەڵات نۆبڵدا یەکیان هەڵبژێریت، کامیانت هەڵدەبژارد؟
وەڵام دانەوە بەم پرسیارە کە پرسیارکردنە دەربارەی دوو شتی خەیاڵی، زۆر قورسە و پرسیارێکی قورسە.
ئەگەر دوو بژاردەی سەرۆککۆماری خەڵاتی نۆبل هەر ئێستا بخەنە سەر مێزەکەت چی؟
ئەگەر ئەم دوو بژاردە بخەنە سەر میزەکەم، هەڵدەستم و ئەچمە پشت مێزێکی ترەوە دائەنیشم.
خۆشترین بیرەوەرییەک کە هەتە چی بووە؟
نازانم. رەنگە خۆشترین بیرەوەرییەکانم هی ئەو سەردەمە بێت کە لە ئیسپانیا بووم، شوێنی گیرسانەوەی شاعیرەکان. هیچکات وەها دەستە و گرووپیکی برایانەم لە ئەمریکا نەدیبوو کە پڕ بێت لە دەنگۆ و قسە و باس، قسەوباس بەو شیوەیەی کە دەربارەی بۆینس ئایریس- پێتەختی ئەڕژانتین – دەیگێڕنەوە. دواتر ئەوەی کە دەمبینی کۆڕی هاوڕێیانم کە بە هۆی شەڕی ناوخۆوە لێکترازوە، زۆر ناخۆش بوو، ئەو جەنگەی کە روخساری راستەقینە و ترسناکی فاشیزمی بە وێنا ئەکێشا و ئەیخستەڕوو.هاوڕێکانم لێکترازان. هەندێکیان وەک گارسیا لۆرکا و میگێل هێرناندیز (Miguel Hernández) هەر لەوێ بە کۆمەڵ کوژران، هەندێکیتریان لە مەنفا و تاراوگە مردن، ئەوانیتریش هێشتا هەر لە تاراوگەدان و دوورخراونەتەوە. ئەم قۆناغەی ژیانم پڕبوو لە رووداو و هەستی خۆش، ئەمە وایکرد کە رەوتی ژیانم بگۆڕێت.
ئێستا بۆتان هەیە سەردانی ئیسپانیا بکەن و ئیزن ئەدەن بچنە ئەو وڵاتەوە؟
بە فەرمی قەدەغە نەکراوە کە من بچمە ئیسپانیاوە. جارێک لە لایەن باڵیۆزخانەی شیلیاوە بۆ وتاردان لەوێ بانگهێشت کرام. بە ئەگەری زۆر دێڵن بچمە ئەو ولاتەوە، بەڵام من بە ئەنقەست نامهەوێ بچم و کار بگاتە ئەوەی سەردانی ئەو وڵاتە بکەم، لەبەر ئەوەی زۆر ئاسان ئەکرێت ئەم بابەتە لە لایەن دەوڵەتی ئیسپانیاوە بەکار ببرێت و ئیزن بەو کەسانە بدات کە دژیان بوون، بۆ ئەوەی وا خۆیان نیشان بدەن کە وڵاتێکی دیمۆکراتن بڕوایان بە دیمۆکراسی هەیە. ئەوی راستی بێت نازانم. لێم قەدەغە کراوە سەردانی زۆر وڵات بکەم و لە زۆر وڵات دەرکراوم. لە راستییدا ئەم بابەتە لە سەرەتادا زۆر ئازاری ئەدام، ئێستە ئیتر وا نییە و ئازارم نادات.
قەسیدەیەکت دەربارەی گارسیا لۆرگا پێش مەرگی نووسیوە، بە شێوەیەکی سەیر و تایبەت پێش بینی ئەوەت کردووە کە بە شێوەیەکی تاڵ و تراژیک ژیانی کۆتایی دێت.
بەڵێ. ئەو شیعرە سەیرە. لەبەر ئەوە سەیرە کە گارسیا لۆرکا کەسێکی شاد و خۆشحاڵ و دەم بە بزە و پێکەنین بوو. لە ژیانمدا کەسی وەک ئەوم زۆر کەم دیوە، لۆرکا کەسێکی تایبەت بوو. باشتر وایە نەڵێم رەمز و سێمبۆلی سەرکەوتن بوو، بەڵام بەڕاست لەو کەسانە بوو کە عاشقی ژیان بوو و وەک رەمزی عەشق بۆ ژیان ئەکرێت باسی بکەم؛ چێژی لە هەموو ساتەکانی ژیانی دەبینی و هەوڵی ئەدا بەردەوام خۆشحاڵ بێت. هەربۆیە، کوشتنی ئەو لە لایەن فاشیستەکانەوە یەکێک لەو تاوانانەیە کە لە لایەن ئەو دەوڵەتەوە ئەنجام دراوەو شیاوی لێبوردن نییە.
ئەو ساڵانەی لە هێندستان بوون، زیاتر لە هەموو شت چیت لە بیرماوە؟
مانەوەم لە هێندستان رووداوێک بوو کە ئامادەییم نەبوو بۆی. گەورەیی ئەو کیشوەرە نەناسراوە وای لێمکرد لەوێ بمێنمەوەوە خستمییە ژێر کاریگەری خۆیەوە، بەمەشەوە هەستم بە بێ هیوایی ئەکرد. لەبەر ئەوەی ژیان و پەراوێزکەوتنم لەوێ زۆری خایاند. هەندێجار هەستم ئەکرد لە تابلۆیەکی رەنگاوەڕنگی زۆر گەورە یان لە فیمێکی سەرنجڕاکێشدا زیندانی کراوم و بۆم نییە جێی بهێڵم. من هیچکات نەمتوانی ئەو ئاستە لە عیرفان کە رێگەنیشاندەری بیانییەکان کە خەڵکی ئەمریکای لاتین بوو و لە هێندستان گیرسابۆوە ئەزموون بکەم و پێی بگەم.
ئەو خەڵکانەی بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەی ئایینی و بۆ کەمکردنەوە دڵەڕاکەکانیان ئەچنە هێندستان، پرسەکان جیاواز ئەبینن. بەڵام من بە قووڵی کەوتمە ژێر کاریگەری دۆخی کۆمەڵایەتی ئەو وڵاتەوە، ئەو خەڵگە گەورە بێ چەکەی کە توانای بەرگری لە خۆیان نەبوو و ژێردەستەی دەسەڵاتی پاشایەتی بەریتانیا بوون. تەنانەت کەلتووری بەریتانیش کە زۆر سەرنجڕاکێش بوو بە لامەوەو زۆرم پێ خۆش بوو، شتێک بوو بێزم لێ ئەکردەوەو بێزارکەر بوو بۆم، لەبەر ئەوەی ئەو کاتە ببوو بە ئامرازی ملکەچکردنی ژمارەیەکی زۆر لە رووناکبیرانی هێندستان. پەیوەست ئەبووم بە گەنجانی شۆڕشگێڕی ئەو کیشوەرەوەو سەرەڕای ئەوەی پلەو پێگەیەکی دیپلۆماسی و کۆنسوولیم هەبوو، بەڵام توانیم سەرجەم شۆڕشگێڕەکان بناسم، ئەوانەی کە لە شۆڕشەکەدا چالاکی بەرچاویان هەبوو و هەنگاوی گەورەیان هەڵگرت، ئەو شۆڕشەی سەرەنجام سەربەخۆیی ئەو وڵاتەی لێکەوتەوە.
کاتی نووسین ئەتوانی خۆت لەو شتانە رزگار بکەی کە بە دەورتەوەن؟
پەیوەندیم دەچڕم، بەڵام ئەگەر کوتووپڕ هەموو شت بێدەنگ بێت، بێدەنگی ئازارم ئەدات.
تۆ هیچکات گرینگییەکی ئەوتۆت بە پەخشان (Prose) نەداوە.
پەخشان …. من بە درێژایی ژیانم هەستم کردووە پێویستم بەوەیە بهۆنمەوەو شیعر بنووسم. زمانی پەخشان بەلامەوە سەرنجڕاکێش نییە. پەخشان بۆ دەربڕینی جۆرێک هەست یان رووداوێکی کاتی بەکار دەهێنم کە نزیک بێت لە گێڕانەوەوە. ئەوی راستی بێت من ئەمتوانی نووسینی پەخشان بەتەواوەتی بخەمە لاوە.
ئەگەر بڕیار بێت بەرهەمەکانت لە ئاگر بێنیتە دەرەوە، کامیان دەپارێزی؟
رەنگە هیچکامیان. ئەو بەرهەمانەم بۆچییە؟ پێم باشە لەو کاتەدا کچێک رزگار بکەم… یان کۆمەڵێکی باشی چیرۆکی پۆلیسی… کە زۆر زیاتر لە بەرهەمەکانی خۆم، ئەبن بە هۆی سەرقاڵبوونم و کاتەکانم پڕ ئەکەنەوە.
کام یەک لە رەخنەگرەکانت زیاتر لە بەرهەمەکانت تێگەیشتوون ؟
ئۆۆۆی! رەخنەگرەکانم! ئەتوانم بڵێم رەخنەگرەکانم بە هەموو خۆشەویستی و ڕقێکەوە کە لە دونیا بوونی هەیە، شیتەڵ شیتەڵیان کردوومەتەوە. مرۆڤ لە ژیانیدا راست وەک هونەر ناتوانێت دڵی هەموان رابگرێت و رازیان بکات، ئەمە بابەتێکە کە هەموو دەم لەگەڵماندایە. مرۆڤ هەموو دەم ئەکەوێتە بەر عەشق و رق، نازکردن و لەقەی ئەوانیتر؛ ژیانی شاعیرێک وەهایە. ئەوەی نیگەران و بێزارم ئەکات دەستوەردانە لە مانای شیعر و رووداوەکانی مرۆڤێکدایە؛ بۆ وێنە لە کۆنگرەی ناوەندی قەڵەم لە نیۆیۆرک، من شیعرە کۆمەڵایەتییەکانمم خوێندوە کە دیاری منە بۆ کووبا و وەک پشیتوانیکردن بوو لە خەباتی ئەو وڵاتە.
تەنانەت پێشتر لە کالیفۆڕنیاش خوێندبوومەوە، بەمەشەوە، نووسەرانی کووبایی نامەیەکیان واژۆکرد و بە میلیۆن دانەیان لێ بڵاوکردەوە کە گومان هەیە لە سەر باوەڕەکانم و کەسێک کە لە لایەن ئەمریکای باکوورەوە پشتیوانی ئەکرێم. تەنانەت ئەو باسەشیان هێنایە گۆڕ کە ئەوەی کە من چوومەتە ئەمریکا جۆرێک خەڵات بووە. ئەم وتەیە ئەگەر تۆمەت نەبووبێت، بە دڵنیاییەوە گەمژانەبوو، لەبەر ئەوەی زۆر بوون ئەو نووسەرە جیاوازانەی لە وڵاتە سۆسیالیستەکانەوە هاتنە ئەمریکا. تەنانەت پێش بینی ئەوە ئەکرا نووسەرەکان لە کووباشەوە بێن.
ئێمە بەوەی سەردانی نیۆیۆرکمان کرد کەسایەتی دژە ئێمپریالیست بوونی خۆمان نەدۆڕاند. بەهەرحاڵ ئەمە شتێکە روویداوە، جا ئەوەی نووسەرە کۆباییەکان پەلەیان کردبێت یان مەبەستێکی خراویان هەبووبێت. لە ئێستادا، ئەوەی کە لە لایەن حیزبەکەمەوە پاڵیوراوی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریم، ئەوە ئەخاتەڕوو رابردوویەکی شۆڕشگێڕانەم بووە. لە ناو ئەو کووسەرانەی کە ئەو نامەیان واژۆ کردبوو، دژوارە نووسەرێک بدۆزرێتەوە کە بەرهەمە شۆڕشگێڕانەکان لەگەڵ بەرهەمەکانی ئەو بەراورد بکرێت. نووسەرێک کە توانیبێتی یەک لە سەدی ئەوەی من کردبوومە و خەباتم بۆ کردبووە، کردبێتی.
رەخنەت لێ دەگیردرێت بە هۆی ستایلی ژیانت و بە تایبت دۆخی ئابووریتەوە.
بە گشتی هەموو ئەو رەخنانە وەهمە. ئەتوانین بڵێین تا رادیەک میراتێکی خراومان لە ئیسپانیاوە پێ گەیشتووە. بە هیچ شێوەیەک ناتوانین ئەوە ببینین خەڵک ناوبانگیان ئەبێت یان لە بوارێکدا جیاوازن. ئیسپانیاییەکان کریستۆف کلۆمبیان خستە زیندانەوە، ئەو دەمەی گەڕاوە ئیسپانیا. هەموو دەم شتی لەوجۆرە لەو ژنە دەوڵەمەند و بەرچاوتەنگانەدا ئەبینم بەوەی بەردەوام بیر لەو شتانە ئەکەنەوە کەسانیتر هەیانە و ئەوان نیانە و ئێرەیی پێ ئەبەن، بەڵام من ژیانم بۆ ئەوە تەرخان کردووە خەڵک بگۆڕم و بە ئاراستەیەکی باشدا بڕۆن، ئەو کتێبانەی لە ماڵەوە هەمە بەرهەمی رەنج و کاری خۆمن. وا نەبووە کەسم بۆ مەبەستەکانی خۆم بەکار هێنابێت. سەیرە ئەو رەخنانەی لە من دەگیردرێت و ئەو قسانەی دەربارەی من ئەیکەن، هیچکات بەو نووسەرانەی ناڵێن کە هەر لە سەرەتاوە دەوڵەمەند و هەبوو بوون.
بە پێچەوانەوە هەموو ئەم شتانە دەربارەی من ئەڵێن کە ٥٠ ساڵە خەریکی نووسینم. ئەوان بەردەوام ئەڵێن:” تەماشاکە، بڕوانە، چۆن ئەژی و چ ژیانێکی هەیە! خانوویەکی هەیە ئەڕوانێتە سەر دەریا، دەی با بڕوانێت”، شتێکی بێمانایە.
سەرەتا با ئەوە بڵێین زۆر کەم ئەوە روویداوە لە شیلیا شتی خراپ و نەباش بەکار بهێندرێت، لەبەرئەوەی هەموو شتەکان کوالێتیان باشە. ئەمە کێشەی دواکەوتوویی وڵاتەکەمان و بە گشتی سواو بوون و خراپبوونی خوو و خەدەکانمان ئەخاتەڕوو. تۆ خۆت پێت وتووم نۆرمەن میلەر بۆ نووسینی سێ وتار لۆ گۆڤاریک لە ئەمریکای باکوور نزیک بە ٩٠ هەزار دۆلاری وەرگرتووە. لێرە ئەگەر نووسەرێکی ئەمریکای لاتین وەها پارەیەک بۆ بەرهەمێک وەربگرێت، لە لایەن نووسەرەکانیترەوە هێرش ئەکرایە سەری و دەیانگوت :” ئەمە سووکایەتییەکی گەورەیە! ئەمە کارەساتە! کەی ئەم دۆخە کۆتایی دێت؟”
لە بری ئەوەی خۆشحاڵ بن بەوەی نووسەرێک ئەتوانێت وەها داواکارییەکی ببێت و داوای مافی خۆی بکات. بەڵام وەک وتم، هەموو ئەمانە ئەو شتانەن کە بەداخەوە ئەتوانین وەک دواکەوتوویی کەلتووری ناوی ببەین و ئاماژەیان پێ بدەین.
سەرچاوە:
https://www.poets.ir/interviews/2017/10/24/18938/