وتووێژ

وتووێژ لەگەڵ هێرتا موولێر براوەی خەڵاتی نۆبڵ

و: مستەفا زاهیدی

هێرتا موولێر رۆژی 17ی مانگی ئابی 1953 لە نیتزكی دۆرف لە رۆمانیا لە دایكبوو. باوەگەورەی وەرزێرێكی دەوڵەمەندبوو كە داراییەكەی لە لایەن حكوومەتی كۆمۆنیستییەوە دەستی بەسەردا گیرا. دایكی چەند ساڵ لە ئۆردووگای كاری زۆرە ملێ لە رووسییە كاری دەكرد. باوكی كە ماوەیەك ببوو بە سەربازی گەشتاپۆ وەك شۆفێری لۆری كاری دەكرد.
هێرتا موولێر(Herta Müller) یەكەم كتێبی بە ناوی “lowlands” بۆ چەندساڵ لە رۆمانیا ئیزنی بڵاوبوونەوەی نەبوو و ساڵی 1982 دوای سانسۆرێكی زۆر چاپ و بڵاو كرایەوە. ساڵی 1987 لەگەڵ مێردەكەی ، ریچارد واگنەر” روویكردە ئەڵمانیای رۆژئاوا، ساڵی 1995 بوو بە ئەندامی ئەكادێمیای زمان و شیعریی ئەڵمان. تا ئێستا زیاتر بیست و چوار بەرهەمی بڵاو بۆتەوەو لە ساڵی 1981ەوە بیست و هەشت خەڵاتی جۆراوجۆری ئەدەبی پێبەخشراوە. ساڵی 2009 بوو بە براوەی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئەدەب.

• چ شتێكی خەڵاتی نۆبڵت بەلاوە خۆش بوو؟
– من لە خەڵاتی نۆبڵدا جۆرێك پاداش دەبینم. هەندێ‌ كەس لایان وایە براوەی خەڵاتی نۆبڵ ئەبێ پێگەیەكی تایبەتی هەبێت، بەڵام نووسەرێك وەك نووسەر پێویستی بەوە نییە پێگەی هەبێت و من ئەمەم پیچخۆشە ئەم خەڵاتە، بەخشراوە بە بابەتی كتێبەكانم. ئەو بابەتەی كە بەردەوام دەپەرژێتە سەر حكوومەتی دیكتاتۆری و لەناوبردنی مرۆڤەكان، ئەو مرۆڤانەی كەلە حكوومەتی دیكتاتۆرییدا بێبەها دەكرێن و بێبەهایانە چاویان لێدەكرێت. من ئەمڕۆكە بۆ ئەو هاوڕێیانم خۆشحاڵم كە سەردەمانێك بوون بە قوربانی تیرۆر و تۆقاندن و ژمارەشیان كەم نییە. بۆ ئۆسكار پاستیۆر خۆشحاڵم كە ئەگەر ئێستا لە نێوانماندا بایە وەك منداڵ شادی دەكرد.
• لە كتێبی (Atemschakel)دا باست لەم نووسەرە گەورەیە كردووە كە پێنج ساڵ لەوە پێش ماڵئاوایی لە ژیان كرد.
– بەڵێ ئەم كارەم كرد و زۆرم پێناخۆشە ئەو ئەم بەرهەمەی نەبینی. بەخۆم ئەڵێم، رەنگە لە ژوورە هەورییەكەی خۆی دانیشتووەو تماشا دەكات، بەڵام ئەمە تەنها ئارام كردنەوەیەكە و باوەڕم بەم شتە نییە. خۆڵەمێشەكەیان لە زەوی ناشتووە نەك لە ئاسمان.
* ئەم رۆمانەی تۆ زۆر شاعیرانەتر و بەهێزترە لە كارەكانی پێشترت. ئاخۆ لە تەنیشت فرید ئۆسكاردا، پەیوەندی هەیە بە كاری تۆشەوە كە پێكەوە لكانی وشەكانە كە لە رۆژنامەكاندا هاتوون.
بە دڵنیاییەوە وایە. من لە كاتی بڕین وشەكان پەیوەندی راستەوخۆ دەگرم لەگەڵ هەركام لەو وشانە، لەبەر ئەوەی وشەكان بەیكەوە دەلكێنم بۆیە شوێنێكی كەمم بە دەستەوە. ئەم كارە هونەرییە دەربڕی نووسینی كورتە، واتە بە هەڵبژاردنی وشەكان، كورتترین رێگا بدۆزینەوە بۆ رستە دروست كردن. لە كتێبەكەشدا لە چەند شوێن ئەم شێوە نووسینە هاتووە. وشەكان بە دروستی لە مێشكمدا جێگای خۆیان دەكەنەوەو هەركات رستەیەكیتر دەنووسم ئەمانە دەستبەجێ دێنەوە بیرم و پێكەوە گرێ‌ دەدرێن. وشەكان زۆر بە جوانی لە مێشكمدا جێی خۆیان كردۆتەوەو هەركات رستەیەكیتر دەنووسم، ئەمانە دەستبەجێ دێنەوە یادم و پێكەوە گرێ‌ دەدرێن. بێ رەحمی و كارەساتێك كە نیشاندەری ئۆردووگا بوون یان لە قسەكردنیاندا دەردەكەوت یان قسەكردن لە دەروونی ئەو كەسانەی كە لە ژێر ئەم گوشارانەدا بوون. بەدەر لەمانەش ئەبوا دەربڕینێكی جوانم هەبایە و ئەو “من”ە كە لە ژێر زەخت و گوشاردابوو نەدەبا خۆی دەرخستایە. رەنگە ئەگەر ئۆسكار بایە دەیگوت بەڵی وابوو و ئەمە زۆر گرنگ بوو بەلای منەوە.
هەندێ‌ جار مرۆڤ ئەو هیوایەی هەیە كە رابردوو فەرامۆش دەكرێت، وایە؟
هیچ كەس رابردوو فەرامۆش ناكات و ئەمەش بۆ هەموو دۆخێك وایە و لە هەر دۆخێكدا بێت بەم شێوەیە. هەموو كەس لەوە دەترسێت كە پەیوەندییەكانی دەپچڕێت، هەركەس لەوە دەترسێت هەركات رەنگە تووشی نەخۆشییەك بێت. ئەم ترسانە دەمێننەوەو ئەوە ئێمەین دەگۆڕدرێین. ئەم شتە زۆر دێتە پێش، ئەو كاتەی مرۆڤ لەگەڵ دۆخێكی نالەبار رووبەڕوو دەبێتەوە، ئەو كاتەی نیگەرانی ژیانەو بیرلە مەرگ دەكاتەوە، ئەو كاتەی كەسێك وەك من لە لایەن حكوومەتی زوڵم و زۆرەوە بۆ ماوەی پازدە ساڵ لەژێر چاودێریدا دەبێت، ئەم شتە زۆرتر هەستی پێدەكرێت، بەمەشەوە مرۆڤ زۆر سەیر خوو دەگرێت بەم شتانە، هەرچەن ئەم شتە بۆی دەبێت بە خوویەكی دێوەزمە ئاسا.
مرۆڤ ترسی خۆی كۆنتڕۆڵ دەكات و هەوڵی ئەوەیە شتێكیتر لە رۆژگار دروست بكات هەرچەند واقع شتێكیتر بێت، بەڵام هەندێ‌ جار ئەم كۆنتڕۆڵ كردنە روو دەدات.رەنگە من شێت بم، بەڵام هەموو كات هەوڵم ئەوە بووە لەگەڵ خۆمدا بمێنەوە، وەك چۆن ئەمڕۆش وایە.
• كە ساڵی 1987 هاتیتە ئەڵمانیا، ئایا بیرت دەكردەوە ئێمە كەسانێكی نائاگاین؟
– نە وا نییە، لەبەر ئەوەی لە ئەڵمانیاش سیستەمی دیكتاتۆری شتێكی نامۆ نییە. ناسیۆناڵ سۆسیالیزم ئەڵمانیای بونیادنا و دوای ئەوە رژیمی دیكتاتۆری ئەڵمانیای رۆژئاوا دامەزرا كە زۆر لە دیكتاتۆرییە دەچوو و دیكتاتۆری هاوشێوەش لە شوێنەكانیتری ئەورووپا بوونی هەبوو.
• هەندێ‌ جار دژ بە كتێبەكانت بابەت دەنووسرێت.
– رەخنەی ئەوەم لێدەگرن كە بۆچی بەردەوام باسی رابردوو دەكەم و دەربارە رابردوو دەنووسم، ئەی كەی دەربارەی ئەڵمانیا و ئێستا دەنووسم. پێم سەیرە بۆچی ئەم رەخنانە ئاراستەی پریمۆ لێڤی( Primo Levi) ، یۆرگ سێمپرۆن(Jorge Semprun) یان جۆرجی ئارتۆر گۆلداشمیت(Georges Arthur Goldschmidt) ناگرن كە زۆریان دەربارەی تاوانی نازییەكان نووسیوە.
• رەنگە لە بەر ئەوەیە لە ئەڵمانیا “ئایدۆلۆژیای راست” زۆرتر سەرنجی پێدەدرێت لەچاو “ئایدۆلۆژیای چەپ”.
– ئەم شتە راستە. بۆ ماوەیەكی زۆر خەڵك لە تۆقاندن و تیرۆری رژیمی كۆمۆنیستی نەناسراو مایەوە. ئەو كێشانەی كە لەبەردەم خەڵكی ئەڵمانیای رۆژئاوادابوو كە سەفەر بكەن بۆ ئەڵمانیای رۆژهەڵات وایكرد كە ئەوان نەتوانن لەو سنوورە بپەڕنەوە، ئەمە بوو بە هۆی ئەوەی دانیشتوانی ئەڵمانیای رۆژئاوا بەرەو وڵاتانیتری ئەرووپا لەوانە فەرانسە و ئیتالیا سەفەر بكەن و بەگشتی ئەڵمانیای رۆژهەڵات واتە وڵاتێكی بێ‌ رۆح و مردوو بەلایانەوە سەرنجڕاكێش نەبێت. خەڵكی رۆمانی، رۆمانیایی بوون و بۆلگارییەكان بۆلگاری، بەڵام خەڵكی ئەڵمانیای رۆژهەڵات لەباری ئایدۆلۆژییەوە جیاوازییان هەبوو لەگەڵ ئەڵمانیای رۆژئاوا، ئەم ئایدۆلۆژییە لە ئەڵمانیایی رۆژهەڵاتدا شتێكبوو كە دادەسەپێنرا بەسەرتدا و رژیمی ئەڵمانیای رۆژهەڵات لەم بارەوە زۆر بێڕەحمانە هەڵسووكەوتی دەكرد.
• بۆچی دوورخستنەوەو دەركردنی كەمینەی ئەڵمانیا لە رۆمانیا ئەوەندە “تابۆ”بوو؟
– ئەم بابەتە هی سەردەمی جەنگی دووهەمی جیهانی بوو. رۆمانیا پشتیوانی لە هیتلەر دەكرد و ماوەیەك بەرلە كۆتایی هاتنی جەنگ بەرەی گۆڕی. دوای جەنگ مێژوویی رۆمانیاییان بەلاڕێدا برد و بە شێوەیەكیتر گێڕایانەوەو تەنها باسیان لەسەركەوتنی مەزنی ئەرتەشی رووسیا دەكرد، وەك ئەوەی قەت پشتیوانیان لە هیتلەر نەكردبێت. لە ئۆكراین خەڵك نەیاندەزانی ئەم ئۆردووگایانە بوونیان هەبوو، لەبەر ئەوەی رووسەكان هەموو ئاسەوارەكانیان لەناو بردبوو، تەنانەت قەبرستانەكانیش!
• كە ئیزنی چوونە دەرەوە ئەڵمانیایان پێدای، رێكخراوی ئەمنیەتی ئەڵمانیا وەك هاوكاری رێكخراوی ئەمنیەتی رۆمانیا”سێكۆریتات” (Securitat)چاوی لێدەكردی.
– كەس “سێكۆریتات”ی خۆش نەدەویست و هەمووان بێزاربوون لێی، كاتێك دەیانویست كەسێك تووشی كێشە بكەن، وەك هاوكاری خۆیان دەیانناساند. ئەو كارەی لەگەڵ من كردیان و ئەڵمانیاش باوەڕی بەو درۆیەی ئەوان كرد. بەڵام هیچكات نەمویستووە سیخوری “سێكۆریتات”بم. ئەوان زانیاری هەڵەو ناڕاستیان گەیاندە رێكخراوی ئەمنییەتی ئەڵمانیا، ئەوان ئاگاداری سەفەری من بوون. بەرلە سەفەرم بۆ ئەڵمانیا، چەند نامەیەكم لە هاووڵاتییەكانمەوە پێگەیشت كە “سێكۆریتات” بێزارە لێم و لە رۆژنامەكانیشدا هەندێ‌ كاریان دژ بە من ئەنجام داوە. ئەو رۆژنامانەی بە سیخوڕ ناویان لێبردم. تەنانەت باسیان لەوە كرد كتێبی یەكەمی خۆمم بە ناوی “lowlands” بە سفارشی ئەو رێكخراوە سیخوڕییە نووسیوەو رێكخراوی ئەمنیەتی و زانیاری ئەڵمانیاش جۆرێك هەڵسووكەوتی لەگەڵ كردم وەك ئەوەی من سیخوڕ بم. داوایان لێكردم ئەو سیخوڕانە ناو ببەم كە كاریان لەگەڵ دەكەم و من پێمگوتن ئەوان كاریان بە من هەیە من كارم بەوان نییەو ئەمە شتێكی جیاوازە، ئەمە لە حاڵێكدایە وەڵامیان دایەوە ئەوانن دیاری دەكەن جیاوازی لە چیدایە، لەبەر ئەوەی بۆ ئەم كارەمان مووچە وەردەگرین. ئەوان زۆریان ئەزیەت كردم و زۆریان ئازار دام و خۆزگەم دەخواست بۆ شوێنیكیتر بڕۆم، بەڵام بۆ كوێ؟ كە هاتمە بەرلین بەرپرسانی ئەمنیەتی پێیان وتم مەترسی ئەوەیە هەیە كەسانی “سێكۆریتات” بمكوژن بۆیە پێویستە بادیگارد(حیمایە)م هەبێت . پێیان وتم چەكێكی نایلۆنی كە وەك دەمانچەی راستەقینە دەچێت بكڕم، هیچ زەرفێك وەرنەگرم و نەچمە جێگەی نەناسراو و دوایین رستە كە لە نووسینگەی رێكخراوی ئەمنیەتی ئەڵمانیا پێیان وتم ئەوە بوو ئەگەر لە لایەن سێكۆریتات”ەوە كارێكم پێ سپێردراوە ئەتوانم بە ئاسانی پێیان بڵێم. ئەمانە كۆمەڵێك شتی پاڕادۆكس بوو كە هیچكامەیان هیچ پەیوەندییەكیان پێكەوە نەبوو.
• تۆ دەربارەی بابەتی تایبەت كتێبت نەدەنووسی و تەنها شیعرت دەنووسی. ئەم گۆڕانە ئەدەبییە یانی چی؟
– هیچكات بیرم لەوە نەدەكردەوە ببم بە نووسەر و ئەو كاتەی كێشەكان زۆر توند بوونەوە لەسەرم و هیچ رێگاچارەیەكیترم نەبوو، دەستمكرد بە نووسین. باوكم لەو سەردەمەدا مرد و من نەمدەزانی كێم و لەكوێم. ئەو كاتەی بە “دوژمنی وڵات” ناویان لێبردم هاوكارەكانم لە كارگە لێم دوور كەوتنەوەو تەنها مامەوە. ئەم شتە زۆر ناخۆش بوو و بەم شێوە دەستمكرد بە نووسین. دەربارەی نیتزكی دۆرف كە خەڵكی ئەوێم، دەربارەی ئەو وەرزێرانەی 300 ساڵە لەوێ‌ دەژین و هەر لەوێش ماونەتەوە. گوندێك كە كارەساتی گەورە تێیدا روویداوە، جەنگە جیهانییەكان و كردنە دەرەوەیان لە گوند و دواتر هەركەسیان كە رزگاری بوو، وەك ئەوەی بە هێزێكی مۆگناتیسی راكێشرابێت، دووبارە گەڕایەوە گوندەكەی.
• تۆ هەر درێژەت بە نووسین دا.
– بەڵێ، بەڵام دوای نووسینی هەر كتێبێك بیرم لەوە كردەوە كارێكی باش كراوەو شتێكم پێ زیاد بووە. بەمەشەوە ئەگەر مرۆڤ جارێك ئەمكارە دەست پێبكات بۆ ئەوەی بژیوی بەم شێوەیە دابین بێت، ئیتر ناتوانێت رزگاری بێت لە دەستی، ناتوانێت كۆتایی بە نووسین بێنێت.
• كتێبەكانت زۆر لەگەڵ یەك جیاوازن و هەركامەیان شێوەو فۆڕمێكی تایبەتی نووسینیان هەیە و “ریتم”یان لەگەڵ یەك جیاوازە. ئەم خاڵە چۆن هەڵدەسەنگێنیت.
– ئەمە شتێكی بەئەنقسەت نییە. كە دەست دەكەومە ناو رەوتی نووسینی كتێبێكی نوێوە، دواتر ئەمە ئەو بابەتە كە هەموو دەرفەتەكان، ریتم و سەرچەشنەكان دیاری دەكات و لەڕاستییدا دیاری دەكات نووسینەكە چۆن بێت.
• كە وایە ئەوكات تۆ دەبێ تەنها شێوەی زمان بدۆزیتەوە؟
– پێوەندی بە زمانەوە نییە، یان باشتر وایە بڵێم زمان لە ئەدەبدا هەر بە هەمان شێوەیە كە لە ژیانی رۆژانەماندا هەیە. ئەوەی كە ئەزموونی دەكەین لە راستییدا بە هۆی زمانەوە نییە، بەڵكوو بە هۆی شوێنەكان یان كەسە دیاریكراوەكانەوە، هەموو ئەمانەش دەبێ لە زمان و شێوەی دەربڕیندا بتوێنەوە. ئەمە كارێكە وەك ئەوەی “پانتۆمیم”ێك نمایش بكەین دەربارەی رووداوێك و من تەنها دەتوانم هەوڵ بدەم بە شێوەیەك لێی تێبگەم كە لە واقعەوە نزیك بێت.
• لە كتێبی (Atemschakel)دا ئەوە دەبینین ژیانی “ئۆسكار پاستیۆر” بە پێی كات و ریزی رووداوەكان ناگێڕیتەوە، تاراوگەبوونی لە رۆمانیا، ژیان لە ئۆردووگای زۆرە ملێ لە رووسیا و گەڕانەوەی بۆ وڵات.
– ئەوە گرینگ نەبوو رووداوەكان بە ریز بگێڕمەوە. هەوڵم ئەوە بوو باس لە خەسارێك بكەم و بیخەمە روو، هەربۆیە پێویست بوو باس لە دۆخێك بكەم كە ببوو بە هۆی ئەم چارەڕەشییە. بۆ ئەمكارە پێویست بوو باس لە ژیانی رۆژانە بكەم لە ئۆردووگا كە بەردەوام دووبارە دەبۆوەو ساڵ لەگەڵا ساڵ خراپتر دەبوو. ئۆسكار هیچكات نەیدەزانی ئاخۆ رۆژێك لە ئۆردووگا دێتە دەرەوە و وتبووی: “ئەگەر بەم شێوە بەردەوام بێت، ئەمە واقعی ژیانی منەو رووسەكانیش دەژین.
• رستەیەكی هیوابەخش لەم كتێبەدا هەیە ئەویش رستەیەكی دایە گەورەی پاستۆرە: دەزانم دەگەڕێیتەوە.
– ئۆسكار پێی وتم ئەم رستەیە هیوای پێداوە بۆ ژیان.
• ئەگەری ئاشتی و رێكەوتن هەیە.
– ناكرێت لەگەڵ كارەساتێك رێك بكەویت . چۆن دەتوانم لەگەڵ سێكۆریتات رێك بكەوم و ئاشتی دروست بێت لە نێوانمان.
• ئەی ئەو ئەفسەرەی كە ئەو كات ئەشكەنجەی دای؟
– دوای رووخانی “چائۆچێسكۆ” كە گەڕامەوە بۆ رۆمانیا، زۆر بە رێكەوت بینیم. لە شەقامێك بینیم. هەوا ساردبوو و ئەو پاڵتۆیەك و كڵاوێكی چەرمی لەسەردا بوو، هەر بۆیە نەمناسییەوە. كە بە ترس و لەرزە لە ریزێكدا خۆی شاردبۆوەو هەوڵی دەدا نەناسرێتەوە، ناسیمەوەو بەرەو رووی رۆیشتم و پێم گوت: تەماشا كە، ئێستا ئەوە تۆی كە ئەبێ لە من بترسیت، وەك ئەو كاتەی من لە تۆ دەترسام. ئەو كارانەی چی تێدابوو بۆ تۆ. حەوتووەكانی یەكەمی كۆتایی دیكتاتۆری خەڵك زۆر تووڕە بوون و ئەو دەترسا بێئەوەی دادگایی بكرێت خەڵك بیكوژن.ئەو ئیتر مردووەو ئیتر نەیدەتوانی لەگەڵ من رێك بكەوێت و ئاشت بكەینەوە، لەبەر ئەوەی نوێنەری سیستەمێك بوو و منیش نەمدەتوانی لێی ببوورم، لەبەر ئەوەی هاوڕێی زۆرم هەبوو كە مردبوون و ئەم ئاشتكردنەوەیە دەبوا بە ناوی ئەوانەوە بكرایەت و من نەمدەتوانی وەها قورساییەك هەڵبگرم.
• كە وایە ئەبێ هەوڵ بدەین كاریگەریمان هەبێت بەوەی ئەم باسە فەرامۆش بكرێت. ئەم كارەی كە تۆ دەیكەیت.
– خودی كەسەكە ناتوانێت فەرامۆشی بكات، ئەگەر لەمبارەشەوە بنووسێت بە دڵنیاییەوە هەوڵی ئەوەیە كەسانیتریش لەم شتە ئاگادار بنەوە.
• بە ناچاری؟
– من رانەسپێردراوم بەوەی ئەمكارە بكەم، تەنها ئەوەیە لەگەڵ خۆم كێشەم هەیە، ناتوانم فەرامۆشی بكەم بەوەی چیان لەگەڵ من و كەسانیتر كرد، ئەو هەموو چارەڕەشی و نەهامەتییەی كە بینیمان و ئەو هەمووە ئینسانەی كە سووكایەتییان پێكرا.
• باست لەوە كرد خەڵاتی نۆبل پاداشێكە. ئاخۆ ئەم خەڵاتە بە مانای جۆرێك “قەرەبووكردنەوە”یە؟
– ناكرێت وا بێت، بەڵام ئەمە شتێكی گرینگە كە باس لە دیكتاتۆرەكان بكرێت و بە ئاسانی لە لایانەوە رەت نەبین. بەداخەوە ئێستاش زۆرن و وەك ئەوەی تەواو بوونیان بۆ نەبێت. وڵاتی “چین” كە لەم پێشانگای كتێبی فرانكفۆرتەشدا هەیەو “ئەی وای وای” بێنەوە یادی خۆت كە چەندەی لێدرا.
• وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ ژیانت دەگۆڕێت؟
– چی دەگۆڕێت؟ چاو لەخۆم دەكەم و بە زۆری سەرم سووڕ دەمێنێت، زۆر بەختەوەر بوو و زۆربەی كات نازانم ئەم خۆش بەختییە چۆن بووە بەرەو من هاتووە. لە لایەكیترەوە ئازار دەچێژم، ئەوكاتەی بیر لە هاوڕێكانم دەكەمەوە كە مردوون. ژیان پڕە لە رووداوی خۆش و ناخۆش. ژیان بەرز و نزمی زۆری هەیە.
• كەسێكی ئارام و لە سەرخۆی؟
– كەسێكم كە زوو هەڵدەچم. بەڵام ئێستە بە رادەی پێویست ئەزموونم هەیە و كەسێكی بە ئەزموونم. زوو هەڵناچم ئیتر.
• بیرت لەوە كردۆتەوە چی بەم هەموو پارەیە- نزیك بە یەك میلیۆن دۆلار- ە بكەیت؟
– نە, ئەزموونی دەوڵەمەند بوونم نییە. زۆرتر لەگەڵ هەژاریدا راهاتووم.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button