وتووێژ

وتووێژ لەگەڵ نادین گۆردیمێر

نادین گۆردیمێر نووسەر، رۆماننووس، چیرۆكنووس، وتارنووسی و فیلمنامەنووس و چالاكی سیاسی و براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیاتی ساڵی 1991، ساڵی 1923 لە سپرینگز، شارێكی بچووك نزیك بە ژۆهانسبۆرگ لە دایك و باوكێكی جوولەكە لەدایكبوو. دایكی لە دایكبووی بەریتانیا و باوكی سەعات ساز بوو كە خەڵكی لیتڤانی بوو.
ئەوەی كە دەیبینی دایكی گرینگی دەدا بە هەژاری و هەڵاواردنی رەگەزی دژی رەشپێستەكان و دامەزراندنی دایەنگەی منداڵان بۆ منداڵە رەش پێستەكان، بوو بە سەرچاوەی چالاكییە مرۆڤدۆستانە و دژە رەگەز پەرەستییەكانی. باوكی، ئایزیدۆر گۆردیمێر، بە پێچەوانەی دایكی بەرامبەر بەو ناعەداڵەتییە كۆمەڵایەتی و ئابووریانە چاوی نوقاندبوو گرنگی بەم شتە نەدەدا.
نادین گۆردیمێر خوێندنی زانكۆ نەخوێندووەو تەنها یەك ساڵ چووەتە زانكۆ و ئیتر وازی لێ هێناوە.
پانزە ساڵی تەمەن بوو كە یەكەم چیرۆكی لە گۆڤارێكدا چاپ و بڵاو كرایەوە. یەكەم كتێبی خۆی بەناو face to faceساڵی 1949 چاپ و بڵاو كردەوە كە كۆمەڵە چیرۆكێك بوو كە باسی لە گەش بینی دەكرد لە كۆمەڵگایەكی رەگەز پەرەستدا. دووهەم بەرهەمی بە ناوی (The Soft Voice of the Serpent ) ساڵی 1952 چاپ و بڵاو بۆوە. رۆمانی رۆژانی درۆكردن (The Lying Days ) چاپ و بڵاو كرایەوە.
رۆژانی درۆكردن كە تا رادەیەك ئۆتۆبیۆگرافییە، باس لە وشیاربوونەوەی ساكارانەی شاریچك دەكات. باس لە كچێكی سپی پێست دەكات لە شارێكی بچووكدا كە دەیهەوێت لە دەست رەگەزپەرەستی هەڵبێت. “پیاسەكردن لە گۆڕستانە جوانەكاندا كە مرۆڤی تێدا بە زیندووی دەنێژن.” ئەم كتێبە دەربارەی ئەفریقای باشوورە وەك وڵاتێك كە زیاتر بە وڵاتێكی ئەورووپی دەناسرێت یان باشتر بڵێین لكاندوویانە بە ئەرووپاوە، پەراوێز نشینەكانی چینی مامناوەند، ئەوانەی كە یەكشەممان دەڕۆنە دەرەوەو بێ ئاگان لە لایەنە شاراوەكانی كۆمەڵگا، بێئاگان لەو ژمارە زۆرە رەش پێستەی كە تەنها بۆ خزمەتكردنی ئەوان لە (سپی پێستەكان) لە ماڵ و كارگەكاندا كار دەكەن.
وشیاری نادین گۆردریمێر لە رمانەكانیتریدا زیاتر رەنگدەداتەوە. ئەڵێت:” رۆمان وەك مێژوو جیاوازە لە رۆمانی مێژوویی.” لە رۆمانی دونیای بێگانەكاندا (A World of Strangers)(1951) ئاڵۆزی لیبرالیزمی خێرخوازانە دەبینین. فە دەرفەتی عاشقبووندا (Occasion for Loving (1963) ئەبینین ئاپارتاید ناتوانێت روانگەی كەسێكی ئۆمانیست بە وتاردانێك كە لاسایی زاهیدەكان دەكاتەوە بە مەیڵی خۆی بگۆڕێت و شكڵی پێ بدات. رۆمانی دونیای بۆرژوازی مردوو ( The Late Bourgeois World (1966 رەنگدانەوەی گۆڕانی بڕیاری نێلسۆن ماندێلایە لە خەباتە مەدەنییەوە بۆ خەباتی چەكدارانە.
ئەو كاتەی كۆنگرەی نەتەوەیی ئەفریقا(ANC) نایاسایی بوو، گۆردیمێر بەم كۆنگرەوە پەیوەست بوو. هاوڕێكانی لە كۆنگرە رووناكبیران و سیاسییە رەش پێستەكان بوون، بازنەی بزووتنەوەی ماندێلای گەنج هەر لەوێوە دەستی پێكرد. ساڵی 1960، ساڵی كوشتنی شارپ ویل، نزیكترین هاوڕێی گۆردیمێر (بێتی دوو ئۆتیت) دەستگیر كرا. بەم شێوەیە خەباتی سیاسی لەگەڵ ژیانی تایبەتی ئەودا تێكەڵ بوو. رێبەرانی كۆنگرەی نەتەوەیی ئەفریقای لە ماڵەكەی خۆی دەشاردەوەو یارمەتی دەدان بەوەی كە هەڵبێن و لە دەست رژیمی ئاپارتاید رزگاریان بێت. ئەو ئەڵێت خۆشترین رۆژی ژیانی و ئەو رۆژەی كە شانازی پێوە دەكات ئەو رۆژە نییە كە خەڵاتی نۆبڵی وەرگرت، بەڵكوو رۆژێكە لە ساڵی 1968 كە لە دادگای دێلماس كە 22 كەس لە چالاكانی كۆنگرەی نەتەوەیی و ئەوانەی دژ بە ئاپارتاید و رژێمی ئاپارتایدبوون بە تاوانی خیانەت دادگایی كران و ئەو لە بەرژوەندی دۆستانیدا شایەتی دا. گۆردیمێر كە لە رێگای كتێبەكانیەوە لە دونیا ناسراوە بە سەفەر كردنی بۆ وڵاتە جیاوازەكان دەستیكر بە وتاردان دژ بە ئاپارتاید و ئاپارتایدی رەگەزی و سەركوتی سیاسی و دەنگی خۆی و هاوخەباتەكانی بە گوێی هەموو جیهان گەیاند.
نێلسۆن ماندێلا دوای ئازادی لە زیندان و دوای ئەوەی زیاتر لە 27 ساڵ لە زیندان بوو، یەكێك لەو كەسانەی كە زۆر زوو داوای كرد بیبینێت نادین گۆردیمێربوو. گۆردیمێر لە رمانی كچی بورگێر (Burger’s Daughter (1979دا دەنووسێت :” ژیان لە وڵاتێكدا كە هێشتا قارەمانی هەیە سەیرە.”
ئەو لەسەر ئەو باوەڕەیە ئەركی نووسەر گۆڕانی فۆڕمە بۆ ئەزموون بە شێوەیەك كە بتوانێت بچێتە ناو ژیانی كەسانیترەوە، جا رەش پێست بن یان سپی پێست، ژن بن یان پیاو، دواتر گوشاری رووحی هەر كام لەو لایەنانە لە بەرهەمەكەی خۆیدا جێ بكاتەوە. ئەو دەتوانێت بچێتە ناو جەستەو زەینی پیاوچاكان و تاوانبارەكانیشەوە.
رۆمانی كۆنسێرڤات ( The Conservationist (1974 لە گەڵ رۆمانی پشووەكانی ستانلی میدلتۆن ساڵی 1974 خەڵاتی بۆكێریان بە هاوبەشی وەرگرت. ئەم رۆمانە گەورەیە كە شاعیرانەتر لە بەرهەمەكانیتری ئەم نووسەرە كە لە درێژەی رۆمانی “چیرۆكی مەزرایەكی ئەفریقایی”لە نووسینی ئێلیو شراینەر(1883)دا نووسراوە. “مرینگ” دژە پاڵەوانی بۆێر ی چیرۆك، كە مەزراكەشی وەك ژیانی بێ بەهرەیە، سروشت و رژیمی ئەپارتایدی هەر بەو شێوەیە دەپارێزێت و ئەوانیتر دەخاتە لاوە. ئەو پێی خۆشە فرەچەشنی و جۆراوجۆری سروشت بپارێزێت، بەڵام لە راستییدا داگیركارەكان دەیپارێزن و سروشت عەشقە سانتی مانتاڵەكەی بۆ ناگێڕێتەوە. “مرینگ” لە بۆشایی ئەخلاقیدا دەبینێت ئەفریقا جارێكیتر بوەتەوە بە مڵكی رەش پێستەكان. تەرمێك دەدزێتەوە كە ناناسرێتەوە. ئەم تەرمە لە بێدەنگیدا باس لەوە دەكات كە ئەو خاكی پاكی مەزراكەیە. وەسفی بەهێزی گۆردیمێرۆ لە دیمەنەكان لەم رۆمانەدا خوازەیەكە بۆ رۆح.
ئەم نووسەرە زیاتر حەز دەكات دەربارەی عەشق و سیاسەت بنووسێت و عەشق و سیاسەت لە زۆربەی كارەكانیدا رەنگیانداوەتەوە. لە پشتەوەی هەر پەیوەندییەكی عاشقانەو هەرەها لە پشتەوەی سەرجەم دەوڵەتەكانەوە، گەڕانێكی وەك یەك بۆ دۆزینەوەی شوناس هەیە. گەیشتن بە خودی خود، ئەوەی كە حەز دەكەیت كەسێكت خۆش بوێت یان كەسێك خۆشی بوێیت یان سەر بە گرووپێكی دیاریكراو بیت. بەلای گۆردیمێرەوە رۆمان و كورتە چیرۆك ئامرازێكن بۆ ئەوەی درز بكەنە ناو كۆمەڵگا. ئەو كۆمەڵگایەی بەرگری لە خۆی دەكات لەبەرامبەر هەر هەوڵدانێك بۆ ئەوەی بە تەواوی سەنگ و سوژن بكرێت و خۆی لە سانسۆر و دووڕووییدا دەشارێتەوەو نایهەوێ دان بە مێژووی خۆیدا بنێت و لەو رووەوە رێزمان درووست دەكات كە پڕە لە درۆ و لەوێدا كاپیتالیزم، لیبرالیزم و ماركسیزم یەك مانایان هەیە: سەركوتی خەڵك.
گۆردیمێر كە لە تەمەنی لاوێتیدا چبووە ژیانی هاوسەرییەوەو كچێكی هەبوو، ساڵی 1954 جارێكتر چووە ژیانی هاوسەرییەوەو تا ساڵی 2001 لەگەڵ مێردەكەی رینۆڵد كاسیرز- فرۆشیار و دەڵاڵی بەرهەمە هونەرییەكان- كە ماڵئاوایی لە ژیان كرد ئەم ژیانە هاوبەشە هەر بەردەوام بوو. بەرهەمی ئەم ژیانی هاوسەرییە كوڕێكە كە ئێستا لە نیۆیۆرك دەرهێنەرەو بە یارمەتی یەكتر چەند فیلمی دێكۆمێنتیان دروست كردووە.
نادین گۆردیمێر ساڵی 1991 وەك 7ەمین ژن بوو بە براوەی نۆبڵی ئەدەبیات و لە وتاردانەكەیدا نووسەرانی ئاگادار كردەوە كە دوو مەترسی گەورەیان لەسەرە. یەكیان سزادانیان لە لایەن دەوڵەتەكانەوە بە تاوانی خیانەت بە دەوڵەت و وڵات و ئەویتریان پێخۆش نەبوونی بزووتنەوە رزگاریخوازەكان كە بۆچی نووسەران وەفاداری خۆیان بە بزووتنەوە نیشان نادەن و نایخەنە روو.
گۆردیمێر كە لە دەیەی 1990 بە دواوە چالاكی بزووتنەوەی خەباتە دژ بە ئایدز (HIV) داوای لە بیست و یەك نووسەری گەورە و ناوداری دونیا كرد كە وەك گرووپە مۆسیقییەكان كە كۆنسێرت بەڕێوە دەبەن بۆ وەستانەوە دژ بە ئایدز، هەركامەیان چیرۆكێك بنووسن بۆ ئەوەی لە كۆمەڵە چیرۆكێكدا كە سوودەكەی بۆ دەرمانی ئایدز لە باشووری ئەفریقا تەرخان دەكرێت، بڵاو بكرێتەوە. ئەم كۆمەڵە چیرۆكە بە ناوی “حیكایەت بێژی” بڵاو كرایەوە كە نادین گۆردیمێر ئیدێتی كرد و ساڵی 2004 چاپ و بڵاو كرایەوە.
ئەم وتوێژەی كە دەیخوێننەوە ساڵی 1979 و 1980 لە لایەن جێنیكا هیوورویت لە پاریس ریۆریۆ لە نیۆیۆرك ئەنجام دراوە.

ئەم وتووێژە لەگەڵ نادین گۆردیمێر لە دوو بەشدا ئەنجامدرا. یەكیان لە پاییزی 1979 كە لە ئەمریكادا كەوتبووە گەڕان بۆ خوێندنەوەی دوایین كتێبی “كچی بەرگێر” و ئەویتر لە بەهاری 1980 كە بۆ رێ‌ و رەسمی دەرچوونی كوڕەكەی (تەخەڕوج) هاتبووە ئێرە.
دیداری یەكەممان لە ژوورێك كە بڵاوكەرەوەكەی “وایكینگ پرێس” ئامادەی كردبوو بەڕێوەچوو و ئەم وتووێژە لەوێ‌ ئەنجامدرا. لەو ژوورە بچووك و پڕ لە كتێبانەی كە نەبوونی پەنجەرە تووشی ترسی دەكردیت. دووهەمجار لە ژووری هۆتێلدا بینیم. گۆردیمێر لە وتووێژدا وەك دەقەكانی وشەی بە فیڕۆ نەدەدا. هەردووجار لەگەڵ ئەوەی چوومە ناو ژوورەكە ئامادەی وتووێژ بوو و لەكاتی خۆیدا تەواومان دەكرد و زۆر كاتی دەپاراست.
گۆردیمێر ژنێك كورتە باڵا و ناسك بوو كە دەنگێكی گەرم و ئارامی هەبوو. وەك ئەوەی زیاتر لە چوار دەیەی تەمەنی كە بە نووسین سەرقاڵ بووە وای فێركردووە كە چۆن وشە بە دروستی بەكار ببات و ئاهەنگ ببەخشێت بە وشە، چ لە نووسین و چ لە وقسەكردندا ئەم شتە دەپارێزێت- نووسەرێكی خەڵكی ئەفریقای باشوور بە دڵنیاییەوە ئاگاداری هەموو ئەو رووداوانەیە كە چواردەوریان داوەو بەو بۆنەوە گوڕ و تینی پێدەبەخشێت- هەروەها زۆر گرنگی دەدات بە بابەتی بەرهەمەكان و زۆر بە هەستییارییەوە دەیگۆزێتەوە بۆ ئێمە، ئەو بابەتانەی كە بۆ هەر نووسەرێك باس كردنە لە دۆخی مرۆیی و بە پێی دۆخی نالەباری ژیان لە ئەفریقای باشوور داڕێژراوە.
وا دەردەكەوێت بە هەڵسووكەوت و رەفتاری پێمان دەڵێت هەموو ئەم شتانە بابەتی گرنگە بۆ گفت و گۆ، وەرن لەمبارەوە قسە بكەین بۆ ئەوەی بچم بەلای كارمەوەو دەربارەی هەموو شت بنووسم.
جنیكا هیوور ویت – پاریس ریۆیۆ-1983
• لە ئەفریقای باشووردا گۆڕانی وەرزتان هەیە یان بە درێژایی ساڵ گەرمە؟
– نە، وا نییە، گۆڕانی وەرزمان هەیە. نزیك بە هێلی ناوەڕاست (ئوستوا) جیاوازی وەرزەكان زۆر كەمە بەڵام خوار هێلی ئوستوا، خوارەوەی كیشوەری ئەفریقا و هەروەها سەر سەرووی وڵاتی ئەفریقا، ژۆهانسبۆرگ كە من تێیدا دەژیم، 1800 پلە لەسەرووی دەریاوەیە، وەرزەكان لەگەڵ یەكتر جیاوازن. زستانەكانی ساردە، بەفری نییە، دەكرێ بڵێین وەك كۆتاییەكانی پاییز و سەرەتای زستانی ئێوەیە، تاوی هەیە، هەوا تازەو شەوانی سارد. ئینسان لەبیری دەچێتەوە كە شتێك هەیە پێی دەوترێت باران. دواتر بەیانییەك زوو لە خەو خەبەرت دەبێتەوەو هەست دەكەیت بۆنی باران دێت. ئەو كاتە هەستێكی زۆر سەیرت هەیە. بەشێكی زۆر لە خانووە كۆنەكان وە ماڵی ئێمە، سەرەكەیان لە ئاسنی گالوانیزە یان تەنەكەیە. كە باران دەبارێت، دەنگی باران لەسەر ماڵەكە دەبیسترێت، وەك دەنگی پێی ئەسپ ئەو كاتەی غار دەكات. ئەو خانووەی كە لەوێدا گەورە بووم، سەرەكەی لە تەنەكە بوو و كۆنترین بیرەوەری من ئەوەیە كە باران دەباری لە ناو جێ‌ و بانەكەم دەمامەوەو گوێم رادەگرت بۆ بارینی باران و تەرزە… هەڵبەت دەنگی باران كە دەیدا بەسەر تەنەكەكەدا گوێی كەڕ دەكرد.
• یەكەم سەرفەری دەرەوەی وڵاتت بۆ كوێ‌ بوو؟
– یەكەم سەفەرم بۆ دەرەوەی ئەفریقای باشوور، بۆ روودزیای ئەو كات و زیمبابۆوەی ئێستا بوو. رەنگە لات وابێت زۆر وەك ئەفریقای باشوور دەچێت. بەڵام وانییە. زیمبابۆوە ئەفریقای ناوەندە. نیوە ئوستوایی و بەرەو ئوستوا. بەڵام یەكەم سەفەری راستەقینەم زۆر دواتربوو، لە تەمەنی سی ساڵیدا، دوو كتێبم چاپ كردبوو. لە رێگای چوونم بۆ بەریتانیا و ئەمریكا، سەردانی میسرم كرد. رەنگە بۆ چوون بۆ ئەو دوو وڵاتە و گەیشتن بە وڵاتانە میسر رێگایەكی باش بوو. لە لەندەن هەستم دەكرد لە وڵاتی خۆمدام، بەڵام جۆرێك هەستی ناڕاست. واتە ئەو كاتەی گەیشتمە ئەوێ‌ تێگەیشتم سەرجەم ئەو وێنایانەی لە لەندەن هەمە لە كتێبەكانەوەیە، بە تایبەت دیكێنز و ڤیرجینا ۆڵف. ئەو نووسەرانەی كە لام وابوو بە تایبەتمەندی ژیانی بەریتانیاوە منیان خستۆتە ژێر كاریگەری خۆیانەوە، كەسانی وەك ئۆروێل. كە گەیشتمە ئەوێ‌ هەستی تازە بوونەوەی بیرەوەری دەستی پێنەدام، ئەم نووسەرانە هەستی شوێنیان بەهێز نییە. ۆوڵف و دیكێنز زۆر بەباشی وەسفی شوێن دەكەن. ئەو كاتەی كە لە دەورو بەری چێلسی پیاسەم دەكرد هەستم دەكرد ئێرە ئەو شوێنەیە كە بە دڵنیاییەوە خاتوو دالووی پیاسەی تێدا كردووە. لەبیرمە ژوورێكم لە هۆتێلێك نزیك بە وێستگەی ویكتۆریا بەكرێ‌ گرت. شەوان، ئەو ژوورە تاریك و دوكەڵاویانە، شێی ئەو دیوارەی كە مرۆڤ پاڵی پێوەداوە، بینا وێرانەكان…
• بۆ یەكەم سەفەرت بۆ دەرەوەی وڵات ئامادە نەبووی؟ واتە وەک “رێبەكا” لە رۆمانی میوانی فەخری كە تووشی سەرسووڕمان ببوویت؟
– نە، دایكم بیست ساڵ دەبوو نەگەڕابۆوە بۆ بەریتانیا، ئەو ئامادەی ئەم سەفەرەی كردم. جلی ژێرەوەی خورینەی پێدام كە گەیشتمە ئەوێ‌ هەموویم خستە لاوە. بەڵام سەفەری رێبەكا بۆ سویسرا… لام وایە نووسەرانی ئەمڕۆیی دەبێ زۆر ئاگاداری وەسفی كاریگەری كەش و هەوا بن. وەك سەفەر بە شەمەندەفەڕ لە كۆتاییەكانی سەدەی نۆزدەیەمدا…. كە گۆڕانی زۆری دروستكرد لە ژیانی خەڵكدا. بەتایبەت لە باری كاتەوە بوو بە هۆی ئەوەی كە ئاستی خودوشیارییان بچێتە پێشەوە. دەتوانم ئەوە بێنمە بەرچاوی خۆم بیركردنەوە لەوەی كە سواری شەمەندەفەڕ بووی و بە خێرایی لە گوندەكانەوە گوزەر دەكەیت، چ هەستێك دەستی پێدەدایت. لە ئەدەبی ئەوكاتەدا زۆر وەسفی شەمەندەفەڕ كراوە. بەڵام لام وایە نووسەران دەبێ زۆر وشیاربن لە بەكارهێنانی سەفەر وەك گۆڕانی قووڵی دەروونی. ئەمڕۆكە “سەفەر” بووە بە سەفەری ئاسمانی، تۆ بزانە چەند نووسەر بەكاری دەبات، لە كتێبەكانی مندا لە كتێبی “كۆنسێرڤات”دا هەیە، لە میوانی فەخریدا(A Guest of Honour) هەیە. هەڵبەت لە كچی بێگێردا، رۆزا بێرگێر بۆ یەكەم جار لە ئەفریقای باشوور ئەڕواتە دەرەوە، كە دەمنووسی دەبا بەرم بە حەزەكانی خۆم گرتبا نەوەك دەربارەی سەفەر بنووسم، تەنها ئەوە بوو باسی شوێنی رۆشتنەكەیم كرد، لەبەر ئەوەی ئەو بەرجەوەنە دواتربەكەڵكم دەهات.
• سەفەرت بۆ بەریتانیا جۆرێك سەفەر “بۆگەڕانەوە بۆ رەگەكان” بوو؟
– نە، بەڵام بوو بەهۆی ئەوەی بزانم كێم و یارمەتیدام بەوەی دوایین نیشانە و ئاسەوارەكانی كۆلۆنیالیستی لەخۆم دوور بخەمەوە، من نەمدەزانی كۆلۆنیالیستم، بەڵام ئەوكات ناچاربووم بزانم كێم؟ هەرچەند دایكم تەنها شەش ساڵی تەمەن بوو كە لە بەریتانیا چووە دەرەوەو روویكردە ئەفریقای باشوور، هێشتا باسی لەوكەسانە دەكرد كە دەگەڕانەوە بۆ وڵات. بەڵام من دوای یەكەم سەفەرم، تێگەیشتم وڵات و نیشتمانی من تەنها ئەفریقای باشوورەو بەس. هیچ كوێیتر نییە.
• چۆن بوو باوك و دایكت روویانكردە ئەفریقا و چوونە ئەفریقا؟
– هەردووكیان بە یەك هۆ روویانكردە ئەو وڵاتە، هەردووكیان بەشێك بوون لە بەرنامەی بەربڵاوكردن و فەراونكردنی كۆلۆنیالەكان. باوەگەورەی باوكم لە دەیەی 1890 لەگەڵ یەك دوو برای سەردانی ئەفریقای باشووری كرد. ئەفریقای باشوور بۆ ئەورووپیەكان سەرزەمینی دەرفەتەكان بوو. لەڕاستییدا بە هیوای دەستڕاگەیشتن بە ئەڵماس روویانكردە ئەو وڵاتە. لام وا نییە باوەگەورەم شتێكی وای دۆزیبێتەوە، رەنگە چەند بەردێكی بچووكی دۆزیبێتەوە. دواتر، پاشماوەی تەمەنی لە بۆرسەدا بوو. ئەو هەر ئەو كەسەیە كە پێی دەڵێین “تیكی بڕ” تیكی جۆرێك پارەی ئاسنین بوو وەك دە سێنتی. بەداخەوە ئیتر لەو پارە نەماوە. بەرامبەر بە سێ پێنسی بەریتانیا بوو. “تیكی” وشەیە زۆر خۆش دێت بە سەر زارا، تۆ چی ئەڵێیت؟ بەڵێ دەمگوت، باوكم تیكی بڕی بۆرسە بوو، بەو مانایەی كە بە درێژایی رۆژ لەوێ‌ دادەنیشت و پشكی دەكڕی و دەفرۆشت و پارەی خۆڕایی دەردێنا. چیرۆكی باوكم ئەوەندە خۆش نییە. لە لیتوانی لە دایكبوو و سەرجەم ئەو كێشانەی رووبەڕووی جوولەكەكان بۆوە بەسەریدا هات، خۆ ئاگاداری ئەو كارەساتانەی بە سەر جوولەكەكاندا هات هەیت. بە ئەستەم دەكرێت بڵێین خوێندنی هەبێت. لەو گوندەی كە ئەوی لێ دەژیا دواناوەندی بۆ منداڵە جوولەكەكان نەبوو. باوكی كە كارمەندی گواستنەوەو گەیاندن بوو، دوانزە منداڵی هەبوو… دڵنیام زۆر هەژار بوون. دایكی جلدووری دەكرد. وایان بیر دەكردەوە لەگەڵ ئەوەی باوكم بوو بە داونزە سێزدە ساڵ ئەبێت بڕوات، تەنها ئەوەیە كە بڕوات، ئەمریكا یان هەر شوێنیكتر. سەردەمی گەشەسەندن و گەشەخوازی بوو، دەزانم ئاگاداری ئەم شتە هەیە كە سەرەتای دەیەی 1900 وەها سەردەمێك بوو. بەكورتی چیرۆكی باوكم چیرۆكی كلاسیكی دوورگەی ئالیسە- سێزدە ساڵە، بێ ئەوەی ئینگلیزی بزانێت، لە مەخزەنی كەشتیدا لەبری ئەمریكا بەرەو ئەفریقا- دەبێ زۆر شتێكی سەیر و نائاسایی بووبێت. كەسێكی كۆنسێرڤات بوو، كەسایەتییەكی بەهێزی نەبوو. شەرمێون بوو. باوكم هێشتا بەلای منەوە پڕە لە راز و نهێنی. لەخۆم دەپرسم لەو پەیجوورییە شێتانەیەدا، خۆی لەناو نەبرد، بەلایەوە دژوار نەبوو؟ كە سووچێكی بۆخۆی دۆزییەوە ئەوەندە بوێر نەبوو كە ببێت بەكەسێكی گرنگ.
• كە گەیشتە ئەفریقا چی كرد؟
– وەك بەشێكی زۆر لە جوولەكەكان- كە دەبا ببن بە پێڵاودوور، سەعات ساز یان جلدوور، سەعات سازی فێرببوو، هەموو سەرمایەكەی جانتایەكی بچووكی سەعات سازی بوو. رۆیشتە ترانسواڵ، ناوچەیەك كە زێڕی هەبوو. بە جانتاكەیەوە دەڕۆیشتە لای كانەكان و لە كرێكارەكانی كانە زێڕەكانی دەپرسی كەس نایهەوێت سەعاتەكەی بۆ چاك بكەمەوە. دواتر سەعاتەكانی وەردەگرت و دەگەڕایەوە بۆ ژوورە بچووكەكەی كە پەیدای كردبوو، لەوێ‌ سەعاتەكانی چاك دەكردەوە. دواتر پاسكیلی كڕی و بە پاسكیل بە دەوری كانەكاندا دەگەڕا. بەڵام ئەوكاتەی من لەدایكبووم ئەو ئیتر زێڕینگەرییەكی بچووكی هەبوو و ئیتر وەك پێشتر خەریكی سەعات چاككردنەوە نەبوو. كەسێكیشی لای خۆی دامەزراندبوو، لەڕاستییدا مێردی خوشكەكەی لە رووسیاوە هێنابووە لای خۆی بۆ ئەوەی كاری بۆ بدۆزێتەوە. ئێستا ئیتر باوكم ببوو بە خواوەندی سەرمایەی بنەماڵەكەی. 9 خوشكی هێنایە ئەفریقای باشوور، ئەو هەژارە پاشكەوتی دەكرد و دواتر خوشكەكانی دەهێنا بۆ ئەفریقای باشوور. دواتر زانیم بێزاربووە لە هەموویان. ئێمە هیچكات كۆڕ و كۆمەڵی بنەماڵەییمان نەبووە. نازانم بۆچ ئەوەندە لێیان بێزاربوو.
• ئەم زێڕینگەرییە لە كوێ بوو؟
– لە شارێكی بچووكبوو لە ناوی سیپرینگەز، پەنجا كیلۆمەتر لە ژۆهانسبۆرگەوە دووربوو. من لە شارێكی بچووكی كانی زێڕ لەگەڵ بیست هەزار كەسدا گەورە بووم.
• قوتابخانەكانی ئەو شارە بچووكە چۆن بوو؟
– ئەوی راستی بێت من خوێندەواری كەمم هەبوو، بەڕاستمە. سەردەمی منداڵیم زۆر سەیربوو. سەردەمێكی سەیربوو. ئێمە دوو خوشكین، من پاشەبەرە بووم، نازدار، پڕڕوو، هاروهاج و… . رەنگە بكرێت بڵێم ئەوەندەم وزە هەبوو كە نەمدەزانی چییان لێبكەم و چۆن ئارام بگرم. حەزم دەكرد ببم بە سەماكار- لە چوارساڵییەوە تا ئەو كاتەی بووم بە دەساڵی عاشقی سەما بووم. سەماكردن هیوایەتم بوو. ئێستاش بیر لەو هەستە خۆشە دەكەمەوە كە بە جووڵاندن و بادانی لەشم دەستی پێدەدام. هیچ گومانێك نەبوو كە دەبا ببم بە سەماكار و دەبوو ببم بە سەماكار. بەڵام لە تەمەنی دە ساڵیدا كوت ‌وپڕ بوورامەوە. هەربۆیە بردمیانە لای دوكتۆری بنەماڵە و دەركەوتی لێدانی دڵم خێرایە. كەس نەیزانیبوو، لام وایە ئەو هارو هاجی و پڕجم و جووڵییەم بەهۆی ئەوەوە بوو. پێیان وتم غودەی تیرۆئیدم گەورە بۆتەوە كە بووە بە هۆی توندتربوونی لێدانی دڵم و ئەوەی كە خێراتر لێی دەدا. لەوكاتە بەدواوە زانیومە نەخۆشییەكی مەترسیدار نییە. بەزۆری لە تەمەنی باڵق بووندا بۆ سەدان كەس روودەدات. بەڵام دایكم زۆر دەترسا. دەبوو زۆر گرنگیان بەم خێرا لێدانی دڵم نەدایەت. دایكم دڵنیابوو ئەم خێرا لێدان یانی ئەوەی من “نەخۆشی دل”م هەیە. هەربۆیە دەستبەجێ رۆشتبووە ئەو دێرەی كە خوێندنگەكەی منی لێبوو و بە راهیبەكانی وتبوو:” ئەم منداڵە نابێ پرۆڤە و راهێنانی جەستەیی ببێت، نابێ تێنس بكات، نابێ مەلە بكات.” لە دەساڵیدا كەس لە گەڵ دایكی ناكەوێتە باس و قسەوە و مشت و مڕی لەگەڵ ناكات. دایك ئەڵێت نەخۆشیت و منداڵەكە باوەڕ بە قسەكەی دەكات. كە دەمویست لە قاڵدرمەكانەوە سەركەوم دەیگوت:” كچێ، ئارام، ئاگات لەدڵت بێت.” دواتر هەموو نەهامەتییەكە لەوێوە دەستی پێكرد پێیان گوتم نابێ سەما بكەم. كەوایە بەم ئاسانییە سەماكردن وەستا و بەم شێوەیە لە شتێك كە زۆرم حەز لێبوو بێبەری كرام، بێبەری كردنێكی زۆر ناخۆش بوو.
حەوت هەشت ساڵ لەوە پێش بوو توانیم لەگەڵ ئەم شتانەدا ڕابێم. لە تەمەنی بیست ساڵیمدا كە زانیم دایكم چی لەگەڵ كردووم زۆر شكامەوە- ئەمە بۆ زۆربەمان پێش دێت بەڵام من بەڕاستی زۆر شكامەوەو هۆیەك هەبوو بۆ ئەو شكانەوەم- لە تەمەنی سی ساڵیدا بەرەبەرە زانیم بۆچی وای لەگەڵ كردووم و بەزەییم پێیدا هاتەوە. كە ساڵی 1976 ماڵئاوایی لە ژیان كرد ئاشتمان ببۆوە، بەڵام چیرۆكی من نائاسایی بوو.
بەكورتی، دایكم كە چووە ژیانی هاوسەرییەوە ئەو مێردکردنە بەختەوەری نەكرد، مێردکردنێکی گاڵتەجاڕ بوو. لام وایە عاشقی پیاوێكیتر بوو بەڵام لە خەویشدا نەیدەتوانی لەگەڵ كەسێكیتر پەیوەندی هەبێت. لەبەر ئەوەی زەواجێكی ناخۆشی هەبوو، زۆر گرنگی ئەدا بە منداڵەكانی و زیاتر ئاگای لێیان بوو. ئەو كەسەی كە زیاتر لە هەموو كەس وایكرد دایكم زۆر ئاگای لە منداڵەكان بێت، دوكتۆری خێزانیمان بوو. هیچ گومانێك لەوەدا نییە، بەڵام دڵنیام لە رووی وشیارییەوە نەبوو. شتێكی راست و حاشا هەڵنەگر بوو كە دایكم كچێكی”ناسك و لاواز”ی هەبوو و دەیتوانی لەبەر كچەكەشی بێت بەردەوام تەلەفۆن بۆ دوكتۆر بكات و “نەخۆشییەكەی “من بەم شێوەیە رابگرێت. ئەو كات دوكتۆرەكان دەهاتنە ماڵ و چایی و بسكێت دادەنرا و دەست دەكرا بە قسەكردن بۆ ماوەیەكی دوور و درێژ قسە دەكرا. رەنگە هەڵەی كردبێت لە چارەسەر كردنمدا لەبەر ئەوەی دەرمان كردن دەبا چاكی كردبام بەڵام وا نەبوو و نیشانەكانی نەخۆشە مانەوە. هەڵبەت من هەستم دەكرد زۆر گرنگیم پێدەدرێت. ئەوكات هەموو چەشنە كتێبێكم دەخوێندەوە كە بووبەهۆی ئەوەی لام وابێت نەخۆشییەكەم منی بەرەو كتێب بردووە. من بەم حیكایەتەوە گەورە بووم كە زۆر لاوازم و نەخۆشی دڵم هەیە.
یازدە ساڵم تەمەن بوو دایكم لە قوتابخانە هێنامیە دەرەوە، نازانم چۆن ئەم كارەی كرد. تا یەك ساڵ نەمدەخوێند بەڵام بەردەوام سەرم لەناو كتێبا بوو. خزامە ناو خۆمەوەو بووم بە كەسێكی دەروونگەرا. دایكم بە تەواوی كەسایەتی گۆڕیم. دواتر مامۆستایەكی بۆگرتم بەوەی رۆژی سێ سەعات بڕۆمە لای. سەعات 10ی بەیانی دەیبردمە ماڵەكەی و سەعات 1 دەهات بە شوێنمدا. تەنیاییەكی سەیربوو. ئەو كارەی لەگەڵ منداڵێك كرا كارێكی زۆر ناخۆش بوو. لای مامۆستاكە هەر خۆم بووم و خۆم، كارەكانمم جێبەجێ ئەكرد، پەرداخێك شیری بۆ دەهێنام، ژنێكی زۆر باش بوو، بەڵام لەگەڵ منداڵانیتر پەیوەندیم نەبوو. لە دە ساڵییەوە تا شانزە ساڵی لەگەڵا گەورەكان ژیام، كەسانی هاوتەمەنی دایكم. لەگەڵ خۆی بە زۆر دەیبردم بۆ میوانییە ژنانەكانی خۆی، من وەك ئەو دەژیام. كە باوك و دایكم شەوانە دەچوونە میوانە، دایكم لەگەڵا خۆی دەیبرم… منی دەبردە ناو باسەكان، لەحاڵێكدا هێشتا بەتەواوی نەمدەتوانی لەگەڵ منداڵانیتر قسە بكەم. پیرەژنێكی بچووك بووم.
• لەم سەردەمەدا پەیوەندیت لەگەڵ خوشكەكەت چۆن بوو؟
– خوشكم چوارساڵ لە من گەورەتربوو. چووە زانكۆ. بەڕاست هاودەم و هاوتەمەنی من نەبوو. پانزە یان شانزە ساڵم بوو كە ئیتر نەدەچوومە لای مامۆستاكە. كەوایە سەرجەم خوێندنی من هەر ئەمە بوو.
لە تەمەنی بیست یەك و بیست و دوو ساڵیشدا لە حاڵێكدا كتێبیشم چاپ ببوو، حەزم دەكرد بڕۆمە زانكۆ و خوێندنی زانكۆ بخوێنم. بەڵام لەبەر ئەوەی كۆنكۆر م نەدابوو، تەنها بۆم هەبوو ژمارەیەك لە یۆنیتەكانی زانكۆی “ویت واترز راند” بخوێنم. ناوی زانكۆكە “سنووری ئاوی سپی” یە بە زمانی ئەفریكانس. هەندێ‌ وانەم خوێند بە ناوی “خوێندنە گشتییەكان”. دوای جەنگ بوو و ژمارەیەكی زۆر لە سەربازەكان لە جەنگ گەڕابوونەوە كە بە هۆی جەنگەوە پچڕان دروست ببوو لە خوێندنیاندا و ئێستا گەڕابوونەوە بۆ زانكۆ، ئەمەش بۆ من زۆر باش بوو. كەسانی هاوتەمنی خۆم بوون، هەموومان پێكەوە تێكەڵ ببووین. چەند ساڵ دواتر لە رێ‌ و رەسمی تەخەڕوجی ئەم زانكۆیەدا وتارم پێشكەش كرد.
• تۆ لەو نووسەرانەی كە بەردەوام شەهادەی فەخریان پێدەدەن؟
– لە ئەفریقای باشوور ئەم شەهادە فەخرییە وەرناگرم. ساڵی 1981 یەكێك لەم شەهادانەم لە بەلجیكا وەرگرت، لە زانكۆی لیوون. دواتر رووداوێكی نائاسایی روویدا، ئەو پیاوەی لەگەڵ من ئەو شەهادەی پێبەخشرا، بەڕێز ئۆسكار رۆمیرۆ ، دوو حەوتوو دواتر لە ئال سالوادۆر تیرۆر كرا. لە بەلجیكا وتارێكی زۆر باشی پێشكەش كرد. كەسێكی زۆر سەرنجڕاكێش بوو و لەو كەسانەبوو سەرنجی خەڵكی بۆلای خۆی رادەكێشا و دوای وتارەكەی خوێندكارەكان نزیك دەدەقە بە پێوە چەپڵەیان بۆ لێدا. دوو حەوتوو دواتر لەبەردەم كەنیسەكەدا كەوتبوو.
• چەنێك چوویتە زانكۆ و ماوەی چەنێك لە زانكۆ بووی؟
– ساڵێك. یەكەمجاربوو لە ژیانمدا لەگەڵ رەش پێستەكان هات‌وچۆم دەبوو و دەكرێ ئەمە بە سەرەتاو دەستپێكی شعوور و تێگەیشتنی سیاسی خۆم بزانم. رەنگە خاڵی پۆزەتیڤی ئەم ئەملاو ئەولا پێكردنەم ئەوەبوو كە دایك و باوكم دادەنیشتن (رامی) یان یاری تریان بە وەرەق دەكرد و من لە ماڵەوە دەبووم بە میواندار بۆئەوەی شتێك بۆ خوێندنەوە پەیدا بكەم. سەرجەم نووسەرەكانم لەم ماوەیدا ناسی، لە هێنری میلەر ەوە بگرە تا دەگاتە ئاپتۆن سینكلێر . سەرەتای بیركردنەوەی سیاسیم لە راستییدا دوای خوێندنەوەی رۆمانی دارستان(جەنگەڵ)ی سینكلێرەوە بوو. بیرم لەوە دەكردەوە خوای گەورە ئەو كەسانەی لەو كارگانەدا كاردەكەن كە گۆشت دەكەنە زەرفەكانەوە، وەك رەش پێستەكان ئێرە دەچن، هاتنی خەڵك بۆ ئەمریكا، بێئەوەی زمان بزانن، شەڕكردن لە شیرینی فرۆشییەكان… هەموو ئەمانە گرێ‌ نەدەداوە بە باوكمەوە لەبەر ئەوەی ئەوكات ئیتر باوكم ببوو بە كەسێكی بۆرژوا… بەڵكوو گرێم دەدایەوە بە رەش پێستەكانەوە. ئەمە پارادۆكسێكی گەورە بوو لەبەر ئەوەی ئەفریقای باشوور” وڵاتی خودی” رەشپێستەكان بوو، بەڵام وەك ئەو كرێكارانەی كە بۆ كاركردن لە كانەكان هاتبێتنە ئەو وڵاتە كاریان پێدەكردن. دواتر وێكچوونەكانم بینی و ئەمە بوو بە هۆی ئەوەی تێفكرم دەربارەی پێگەی كرێكارە رەش پێستەكان و پێگەیان لەم وڵاتەدا. هەرچەند زۆر كەمم دەربارەیان دەزانی یان باشتر بڵێم هەر هیچم نەدەزانی-لەبەر ئەوەی دوانزە سێزدە ساڵم بوو و بەو ژیانە سەیرەشمەوە لە ناو كتێبەكاندا دەژیام- رەنگە ئەم بیركردنەوانە پێشتر دەستی پێكردبوو، بەڵام ئەوكات ئامادە بووم بۆ بیركردنەوە لەو شتە. كەچوومە زانكۆ، بە هاتوچۆكردن و قسەكردن لەگەڵ ئەو كەسانەی كە دەیاننووسی و شێوەكارییان دەكرد، ناچاربووم بەوە بگەم رەشپێستەكان لەگەڵ ئەوانیتر یەكسانن. لە زانكۆ، ئەو جیهانەی كە زۆرم بەدڵ بوو و جیهانێك بوو كە پێمخۆشبوو، لەگەڵ كەسانێك ئاشنابووم كە لە دونیای بیركردنەوەدا دەژیان.
ئەو شارەی كە من لێی دەژیام، شتی وای تێدا نەبوو كە لەباری رۆحییەوە ئارامبەخش بێت یان باشتر بڵێم خۆراكی رۆح بێت. هەندێ‌ جار بیركردنەوە لە ژیانی ئەو رەشپێستانە تووشی سەرسووڕمانی دەكردم، ئەبێ زۆر زوڵمیان لێ چووبێت و ستەمی زۆریان لەسەر بووبێت لەبەر ئەوەی مرۆڤ دەبێ لە دونیای بیركردنەوەدا بژی. ئەم لایەنەی رۆحی مرۆڤ زۆر گرینگە. لەوشارەدا خەڵك ئەم كێشانەیان هەبوو بەڵام نەیاندەزانی چۆن باسی لێوەبكەن. زۆربەی جار دەربارەی شتی كەم بەهاو سووك گفتوگۆ دەكرا. ژنەكان دەربارەی ماڵداری و كێشەی بەخێوكردنی منداڵا و پیاوەكان دەربارەی یاری گۆڵف و كارو كاسبی و پێشبڕكێی ئەسپ سواری و بابەتیتری لەم چەشنە قسەیان دەكرد. هیچكات دەربارەی كێشە گەورەكان قسە نەدەكرا و كەس لەوبارەوە هیچ نەدەگوت: باسی مەرگ و ژیان نەدەكرا. ئەم بابەتانەم لە ناو كتێبەكاندا بینیەوە. بیرم لە هەبوون و خۆم دەكردەوە. ئەم بیركردنەوانە بەقەد ژیانی سێكسی و پەیوەندی سێكسی دایك و باوكم شاراوەو نهێنی بوو. شتێكی زۆر تایبەتی بوو، لەبەر ئەوەی لام وابوو كەس نییە لەمبارەوە لەگەڵی قسە بكەم، هیچ كەس. بەڵام دواتر كە چوومە زانكۆوەو زانكۆم بینی ژیانم گۆڕا. دوای جەنگ بوو، ئێگزێستانسیالیستەكان لە ئەورووپا سەریان هەڵدابوو و لە وڵاتەكەم، لە ئەفریقای باشوور، زۆر گرنگی بە بزووتنەوە چەپییەكان و بزووتنەوەی نەتەوەیی رەشپێستەكان دەدرێت. ئەوكات حیزبی كۆمۆنیست و بزووتنەوە جیاوازەكانی چەپ قەدەغە نەبوون. بۆیە لە هەموو شوێن مشت و مڕ و قسەو باسی ماركسیستی لەئارادابوو. زانكۆ شوێنی بیركردنەوەو رادەربڕین و ئایدیای جیاواز بوو، ئەو شتەی كە من تا ئەوكات نەمبیستبوو و كەس لەوبارەوە قسە بكات، تەنها ئەوبووە لەو بارەوە خوێندبوومەوە. هەڵبەت لەوێ‌ هەمووان لەگەڵ رەشپێستەكان تێكەڵبوون, هەربۆیە لەرێگای ئەو كەسانەوە كە دەیاننووسی یان وێنەیان دەكێشا یان ئەكتر بوون لەگەڵ رەشپێستەكان كەوتمە گفتوگۆ و پەیوەندیم گرت لەگەڵیان.
• دوای ئەو یەكساڵەی زانكۆ چیت كرد؟ چالاكی سیاسی؟
– نە، خۆ پێم گوتی ئەو كات دەمنووسی، زۆرم دەنووسی. زۆر گرنگیم دەدا بە نووسین. لەراستییدا حەزم لە سیاسەت نەبوو. رووبەڕوو بوونەوەم لەگەڵ ژیان، لە روانگەی ئێستامەوە، بەدڵنیاییەوە وەك كەسێكی سپی پێست كە خوازیاری باشتربوونی ژیانی رەشپێستەكان بوو، هەڵسووكەوتێكی دۆستانەو لەهەمانكاتدا شتێكی تاكەكەسی خۆم بوو. هەست دەكەم ئەبێ بۆ پەیوەندی گرتن لەگەڵ رەشپێستەكان سەرجەم لەمپەرەكان لەوانە رەنگ بخەمە لاوە. من لام وابوو هەر ئەوەی كە ئەم لەمپەرە فیكرییە بخەمە لاوە بەسە بۆ پەیوەندی و كاركردن، بەڵام دواتر زانیم ئەمە تەواو نییە و پێویست بە زۆر كاریتر هەی.
• ئەوكات تەنها دەژیایت؟
– نە، لەم رووەوە زۆر دواكەوتبووم. بەڵام تۆ دەبێ ئەو جۆرە لە گرێدراوێتییە لەبەرچاو بگریت كە لەتەمەنی دە ساڵیدا كە تەمەنێكی هەستیارە لەمندا دروست ببوو لەبەرچاو بگریت. ئەو كاتەی منداڵەكانیتر هەمووان وەك یەك و بێ جیاوازی دەچوون بۆ كەمپی هاوینە و سەفرە كردن دەیانگوت:” نادین ناتوانێت بڕوات، نەخۆشی دڵی هەیە.” ئەگەر منداڵەكان پیاسەیان دەكرد و دەچوون بۆ گەڕان:” نادین ناتوانیت بڕوات ئەبێ لای دایكی دانیشێت.” وەها منداڵێك سەردەمی منداڵی لەناو دەچێت، دەبێ بە گاڵتەجاڕ و وەك لیبۆكی لێدێت، دەبێت بە كەرەسەی یاری دەستی گەورەكان، بەتایبەت لە پانزە شانزە ساڵیدا، كە گەورە ساڵەكان بەلایانەوە سەرنجڕاكێشە، دواتر لەبری ناز كردن و خۆ جوانكردن بۆ كوڕی هاوتەمەنی، خۆی لە مێردی كەسانیتر نزیك دەكاتەوە. ئەمە دەبێ بەهۆی لەناوچوونی منداڵ. من زۆر باش لاسایی كەسەكانم دەكردەوە. ئەمە سەرەتایەك بوو بۆ ئەوەی كەسێك بوو گوێم لێبگرێت؟ رەنگە وابێت. لاسایی خەڵكم دەكردەوە. مرۆڤە گەورەكان لە میوانیە گەورەكان، بە دەوری یەكتردا دادەنیشتن و نادین خانم ورتە ورتی دەكرد و بێڕەحمانە لاسایی ئەو كەسانەی دەكردەوە كە هەمووان دەیانناسی، نەیاندەزانی لەگەڵ ئەوەی پشتیان لێكردم لاسایی خۆشیان دەكەمەوە.
بەڵێ، بەمشێوەیە كەچوومە زانكۆ هێشتا لەگەڵ بنەماڵە دەژیام، هەموو رۆژێك بەشەمەندەفەڕ دەڕۆشتمە ژۆهانسبۆرگ. دواتر خوشكم مێردی كرد و رۆیشتە ژۆهانسبۆرگ و لەوێ‌ دەژیا. كاتێك حەزم نەدەكرد بڕۆمەوە بۆ ماڵ، دەچوومەلای، زۆر باش بوو كە شوێنێكم لە ژۆهانسبۆرگ هەبوو. بەڵام نازانم بۆچی هێشتا نەمدەوێرا و بوێری ئەوەم تێدا نەبوو لە شاری كرێكارانی كانەكان بچمە دەرەوە. با بزانیت خوا ئەزانێت لە رێگای نووسینەوە پارەیەكی وام بە دەست نەدەگەیشت. كارێكم دەكرد كە هیچ منداڵێك ئێستا نایكات، لە باوكم وەردەگرت. بە دەربڕینێكیتر، كۆمەڵێك پێویستی مامناوەندم هەبوو، هیچكات بیرم لەوە نەكردەوە ئینسان رەنگە حەز بكات سەیارە بكرێت- ئێستا هەر منداڵێك سەیارەیەكی لە ژێرپێدایە- بەخەویش بیرم لەوە نەدەكردەوە سەیارەم هەبێت. تەنها بیرم لەوە دەكردەوە كتێب بكڕم. لێرەو لەوێ‌ دەمنووسی و ئەوەندەم پارە بەدەست دەهێنا كە كە بتوانم كتێبی پێ بكڕم. هەڵبەت زۆریش دەچوومە كتێبخانەكان و زۆرم كەڵك لێوەردەگرتن، ئەو كارەی كە خەڵكی ئێستا زۆر نایكەن. كە لەگەڵ نووسەرانی گەنج قسە دەكەم لێیان دەپرسم :”ئەم كتێیەتان خوێندۆتەوە؟” – “نە، ئاخر كتێب زۆر گرانە…” پێیان دەڵێم :” تۆ خوا وا نابێت، كتێبخانەی ناوەندی كتێبخانەیەكی گەورەیە. لەو كتێبانە كەڵك وەربگرن. ئەگەر نەخوێننەوە هیچكات ناتوانن بنووسن.!”
• رەنگە ئەوەی كە منداڵیت جیاواز بووە لە منداڵانیتر هاوكاری كردووی بەوەی ببیت بە نووسەر. لەبەر ئەوەی هەموو كاتەكەت بۆ خۆت بوو بۆ ئەوەی بخوێنیتەوە، هەرچەند دەبێ زۆر هەستت بە تەنهایی كردبێت.
– بەڵی… رەنگە بە هەرحاڵ ببام بە نووسەر. بەر لە نەخۆش كەوتن هەندێ‌ شتم نووسیبوو. هاوكات حەزم دەكرد ببم بە رۆژنامەنووس و سەماكار. ئەزانی بۆچی حەزم كرد ببم بە رۆژنامەنووس؟ خوێندنەوەی كتێبی “كەوتنە پێشەوە” لە نووسینی “ئێولین ڤوو” لە تەمەنی یازدە ساڵیدا. ئەم كتێبە بەس بوو بۆ ئەوەی وا لە كەسێك بكات حەز بە رۆژنامەنووسی بكات! بەڕاستی دەمپەرەستی. شتێكی روون و ئاشكرایە كە ئێستاش زۆر دەخوێنمەوە، بەڵام ئەوكات بێ هیچ جیاكارییەك دەمخوێندەوە. دەڕۆیشتمە كتێبخانە، دەسووڕامەوە و لەم كتێبەوە بۆ ئەو كتێب. بەڵام لام وایە ئەمە باشترین رێگایە. چەند رۆژ لەوە پێش، خوێندكارێكی ئۆكسفۆرد كە نامەكەی دەربارەی كتێبەكانی من دەنووسی لە ژۆهانسبۆرگ هات بۆ لام. كارێكم كرد كە پێشتریش كردبووم. پێم گوت :” فەرموو ئەمەش بەستەیەك لە كاغەزەكانی من. چیت پێخۆشە بیكە.” زۆرم خۆش لێیهات، كوڕێكی وریا و زیرەك بوو. كاتی نانی نیوەڕۆ دەمبینی. جارێك دەفتەرێكی منداڵانەی دەرهێنا- لە یانزە ساڵیدا لیستەیەكم نووسیبوو دەربارەی ئەو كتێبانەی كە لە شەش مانگی پێشتردا خوێندبوومەوە، رەخنەو لێكدانەوەی ئەو كتێبانەشم هەر لەوێدا نووسیبوو. لێكۆڵینەوەو لێكدانەوەی “بەباچوو ” ئەزانی بابەتەكەیتر دەربارەی چی بوو؟ لێكدانەوەی من دەربارەی بیروەرییە رۆژانەكانی پیپی. من ئەو كات هێشتا كتێبی منداڵانەم دەخوێندەوە، راستت دەوێت دەمخواردن، جیاوازیم دانەدەنا لە نێوان ئەو كتێبە منداڵانانەو “بەباچوو” یان “بیرەوەرییە رۆژانەكانی پیپی”.
• چاپی چیرۆكەكانت لە نیۆیۆركێر بەر لە چاپی یەكەم كتێبت بوو؟
– نە، ساڵی 1949 كتێبێكم لە ئەفریقای باشوور چاپ كرد. دەستپێكردنی چاپی چیرۆكەكانم لە نیۆیۆركێر دەگەڕێتەوە بۆ كاتێك كە من لە تەمەنی 26 ساڵیدا بووم. چیرۆكێكم لە نیۆیۆركێر چاپ بوو، چەند چیرۆكم لە گۆڤارەكانیتر لەوانە وەرزنامەی لێكدانەوەی كتێبی ڤیرجینیا، لێكدانەوەی كتیبی ییل، واتە ئەو شوێنانەی كە بە زۆری نووسەرانی گەنج لە دەیەی 1950 بەرهەمیان لەوێ‌ چاپ دەكرد. دواتر یەكەم كتێبم لە دەرەوەی ئەفریقای باشوور چاپ بوو، كۆمەڵە چیرۆكێكی كورت.
• دەستنووسەكانت دەنارد بۆ ئەو گۆڤارانە؟
– نە، ئەوكات ئیتر بریكارم هەبوو. رووداوێك هاتە پێش و لە نیۆیۆرك بووم بە خاوەنی بریكار. من هیچكات لەگەڵ رۆژنامەكان سەربەخۆیانە هیچ شتێكم نەدەنارد، لەبەر ئەوەی ئاشناییم لەگەڵ پیشەسازی چاپ نەبوو لە ئەمریكا. لەگەڵ بڵاوكردنەوە لە بەریتانیا ئاشنا بووم. هەڵبەت ئەوكات بڵاوكەرەوەكان گۆڤارەكانیان دەخوێندەوە. یەكەم بڵاوكەرەوەكانم، سیمۆن و شۆستەر، بە خوێندنەوەی چیرۆكەكانم لە نیۆیۆركێر، دڵیان چبووە سەركارەكانم و كارەكانمیان پێخۆش بوو. هەر لەم سەردەمەدا لەگەڵ كاترین وایت لە نیۆیۆركێر ئاشنا بووم و ئەو ئێدێتی كارەكانی دەكردم. چەند ساڵ دواتر پێی گوتم سەرجەم ئەو چیرۆكانەی لە یەكەم كتێبمدا چاپ بوو، پێشتر لە لایەن بریكارەكەمەوە نێردرابوو بۆ نیۆیۆركێر. بەڵام كەسانی دەستنووس خوێن ئەو چیرۆكانەیان رەفز كردبۆوە، خۆی هەر نەیدیبوون و زۆر بەداخەوە بوو كە نەیتوانیوە ئەو چیرۆكانە چاپ بكات. ئەم شتانەش دێتە پێش. نازانم چۆن بوو ئەو چیرۆكە لە نیۆیۆركێر چاپ بوو.
• بریكارەكەت كێ بوو؟
– پیاوێكی نائاسایی بەناوی سیدنی ئۆستێر ستاین. پیاوێكی زۆر دەوڵەمەند كە عاشقی نووسەرەكان بوو. منداڵی نەبوو و لام وایە نووسەرەكان منداڵەكانی بوون. هەڵبەت تەنها چەند نووسەری هەبوو، هەرچەند لەڕاستییدا بریكار نەبوو. كەسێك لە ئەفریقای باشوور كە نووسینەكانی منی خوێندەوە وتی :” تۆ ئەبێ بریكارت هەبێت.” و منی لەگەڵ ئەو ئاشنا كرد و بەیەكیان ناساندین. پیاوێكی سەیر بوو. وەك كارەكتەرەكانی جان ئۆهارا. نیوەی كاتەكەی لە لاس و گاس یان لە فلۆریدا بۆ گۆڵف بەسەر دەبرد. جۆرێك كاریكاتۆری ئەمریكایی دەوڵەمەند، هەموو كات جگەرەیەكی بەرگ لەسەر لێوی بوو. جلی زۆر گاڵتەجاڕانەی دەكردە بەر. پانتۆڵی چوارگۆشی گەورەو شتی لەم جۆرە. پیاوێكی زۆر ئازیز بوو. هەڵبەت ناسینی ئەو بوو بە هۆی ئەوەی دەربارەی بریكارەكان بكەومە هەڵەوەو بە شێوەیەكی هەڵە دەربارەیان بیر بكەمەوە. كە ئەوم ناسی سی ساڵم تەمەن بوو- هەرچەند ئەو لای وابوو بیست و چەند ساڵێكم تەمەنە- ئەو شەست و چەند ساڵی تەمەن بوو. پەیوەندییەكی باوك و كچی لەگەڵم هەبوو، زۆر دڵۆڤان بوو. ئەوەی كە كارەكانی منی زۆر پێخۆش بوو و زۆری بەدڵ بوو جێگای سەرسووڕمان بوو و پێم سەیربوو. كەس لای وا نەبوو نووسراوەكانم- بەتایبەت كورتە چیرۆكەكانم- بەدڵی كەسێكی وەك ئەو بێت. بەڵام بەدڵی بوو. پیاوێكی سەیربوو. زۆر باش دەیتوانی لێم تێبگات. تازە لە مێردەكەم جیاببوومەوەو منداڵێكی بچووكم هەبوو، هەژدە مانگی تەمەن بوو، پارەشم نەبوو. بەڕاستی لەبەر من شەڕی زۆری كرد. بەگشتی نەناسراو بووم و ئەگەر كەسێك شتێك لە نووسینەكانی منی دەكڕی، ئەو بەردەوام دەیگوت كارێكی چاكی كردووە لەبەر ئەوەی ئەم نووسەرە لایەنگری زۆرە. هەر بەم كارانە پارەیەكم بەدەست دەگەیشت و دەمتوانی بژیم. ئەو كاتەی بڵاوكەرەوەی سیمۆن وشۆستێر یەكەم چیرۆكەكانی منیان كڕی، پرسی رۆمانیش دەنووسم یان نە. لەڕاستییدا خەریكی نووسینی رۆمان بووم و ئەو پیاوە ناچاری كردن بڕێك پارەی پێشم پێبدەن. ئەو پارەیە بە ئەندازەی پاداشی نووسینی یەك رستەی ئێستا بوو، ئەوكات بڵاوكەرەوەكان زۆر دەست و دڵا ئاوەڵا نەبوون، نووسەرەكانیش زۆریان نەدەویست. بەڵام ئەوەندەیان پارە پێدام كە توانیم بژیم و ئەو كاتەی سەرقاڵی نووسین بووم و لە پرۆسەی بەرەوپێش چوونی نووسیندا، ئۆستێر ستاین پێی وتن ” ئەبێ هەمدیسان پارەی پێبدەن، پارەی نییە.” دواتر ئەوان جارێكیتر پارەی پێشیان پێدام، هەموو بەهۆی هەوڵی ئەوەوە بوو. كە دەهاتم بۆ ئێرە، تا زیندوو بوو دووجار هاتم، لە یانەی “21” میوانداری دەكردم و بە كاڤیار و سترۆژێن و… پێشوازی لێدەكردم. دڵێكی گەورەی هەبوو.
بەداخەوە لەكاتێكدا خەریكبوو دەیناسم و كەوتبوومە سەر هێڵی سەركەوتن، بەهۆی جەڵدەی دڵەوە ماڵئاوایی لە ژیان كرد. زۆر بە داخەوە، زۆر حەیف بوو، ئەگەر دەیزانی كەوتوومەتە سەر هێڵی سەركەوتن زۆری پێخۆش دەبوو. لانیكەم ئەگەر ئەو پێشوازییەی كە لە رۆمانی یەكەمم كرا دەبینی، زۆر خۆشحاڵ دەبوو، ئەو وەها كەسێك بوو. هەرچەند پڕفرۆش نەبوو- كتێبەكانم هیچكات پڕفرۆش نەبوون- لە باری رەخنەو لێكدانەوەوە لە ئەمریكا سەركەوتنێكی گەورە بوو بۆم… نووسەرێكی تەواو نەناسراو كەوتە لاپەڕەی یەكەمی لێكدانەوەی كتێبی نیۆیۆرك تایمزەوە.
• لات وایە سیاسەت و ئەو جەنگە بەردەوامانەی كە لە ئەفریقا روویدا، كاریگەری هەبوو لەسەر تۆ وەك نووسەر؟
– بەڵێ، وادیارە كاریگەری هەبووە. بەهەرحاڵ دەبووم بە نووسەر. بەرلەوەی سیاسەت كاریگەری لەسەر نەستم دابنێت، خەریكی نووسین بوومز. لە نووسینەكانمدا، سیاسەت هێدی هێدی وەك پەروەردە هاتە ناو كارەكانمەوە- بۆ وێنە ئەو مناقشەو مشت و مڕانەی لە كتێبی “كچی بێرگێر”و بەشێكیتر لە كتێبەكانمدا دەیبینی-ئەمانە دەور و نەخشێكی بچووكیان هەیە. بە هۆكاری جیاواز، لەبەر خودی چیرۆكەكان ئەو بەشانە دەبا لەوێ‌ هاتبان. بەڵام كاریگەری راستەقینەی سیاسەت لەسەر نووسینەكانم هەمان كاریگەری سیاسەتە لەسەر خەڵك. ژیانیان و بە بڕوای من جۆری كەسایەتیشیان بەهۆی دۆخی توندڕەوانەی سیاسی لە ئەفریقا گۆڕا. من لەگەڵ خەڵك لە هات و چۆ و گفتوگۆ كردندام و پەیوەندیم لەگەڵ ئەوان هەیە، لێرە كەسانێك هەن كە سیاسەت تووشی گۆڕانی كردوون، ئەوانی گۆڕیوە. هەربۆیە ئەو بابەتەی وەك ناوەرۆكی چیرۆك و رۆمانەكانم هەڵیدەبژێرم كاریگەری قووڵی سیاسەتی لەسەرە.
• لات وایە بۆ نووسەرێك ئەمە شتێكی پۆزەتیڤ و خاڵێكی پۆزەتیڤە؟
– نە زۆر. ژیان خۆی لە خۆیدا نەزمێكی نییە. بەڵام لەگەڵ ئەوەی گرێت دایەوە بە ئێرەو ئەوێوە… ماگزیم گۆتەت لە بیرە؟:” دەستەكانت ببە قووڵایی ژیانەوە، ئەوەی هێناتە دەرەوە خودی تۆی، دەستكەوت و سەرمایەی تۆیە.” لام وایە نووسەرەكان هەر ئەم كارە دەكەن.
• ئەگەر لە وڵاتێك گەورە بایت كە سەركوتی سیاسی تێدا نەبێت، ئەگەری ئەوە هەبوو ببێت بە نووسەرێكی ئەبستراكت؟
– رەنگە، بۆ وێنە نووسەرێكی گەورەی كورتە چیرۆكی ئەمریكایی كە زۆر كارەكانیم بەدڵە و هەموو كات باسی لێدەكەم، ئێدۆرا وێلتی بێنە بەرچاوی خۆت. با وا داینێین ئەگەر ئەو لە وڵاتی من ژیابا، رەنگە توانا سەیرەكانی زیاتر دەركەوتبان- رەنگە زۆرتری نووسیبا- رەنگە بابەتی زیاتری هەڵبژاردبا بۆ كاركردن و بابەتی زیاتر بە دەستییەوە هەبا بۆ نووسین. من تۆزێك بە بەپارێزەوە ئەم شتە ئەڵێم، لەبەر ئەوەی سەرجەم نووسینەكانی، زۆر باشن. بەڵام مەبەستم ئەوەیە زۆری نەنووسیوە، لام وا نییە هیچكات تواناكانی وەك رۆماننووس بە تەواوی پەروەردە كردبێت. دۆخەكەی ناچاری نەكردبوو لەگەڵ شتەجیاوازەكان رووبەڕوو بێتەوە. من لام وایە ئەمە تەنها گرێ‌ نەدراوەتەوە بە توانا و حەزەكانی نووسەرەوە. لەبەر ئەوەی یەكەم نووسینەكانی من بەهەمان شێوە بوو. من لە وشەی “پڕهەست” دەربارەی رۆمانەكانم بێزارم. بەردەوام لەگەڵ كاترین مانسفیلد بەراوردم دەكەن. من خۆم لە خۆمدا كەسێكی سیاسی نیم، تەنانەت ئێستەش، زۆر شت لە سیاسەت و كەسانی سیاسیدا هەیە كە پێم خۆش نییە، هەرچەند ئەو كەسانەی لە سیاسەتدا چالاكن بەلامەوە جێگای رێزن و بەردەوام رێزیان لێدەگرم- سیاسەت درۆكردن لەگەڵ خود، خۆفریودانی زۆر هەیە و ئەبێ بیبێت- تۆ تەنها كاتێك ئەتوانیت ببیت بە خەباتكارێكی سیاسی كە وا بنوێنیت هیچ كەم و كووڕییەك بوونی نییە.
• ئەو گلەیی و رەخنەی كە لە ئێدۆرا وێلتیت هەیە لە ڤیرجینیا وۆڵفیشت هەیە؟
– نە، لەبەر ئەوەی ڤیرجینیا وۆلف لە ئاراستەیەكی تردا پەرەی بەكارەكانی خۆیدا و بەردەوام نووسی. مەبەستم ئەوەیە لەراستییدا ئەو بەردەوام جەختی دەكردەوە لەسەر ئەو ساكارییەكی ئاڵۆز كە خۆی پێی گەیشتبوو. دوو رێگا هەیە بۆ چنینی ئەزموونەكانت، نووسینیش لەمبارەوەیە. نووسین مانا بەخشینی بە ژیان. تۆ بەدرێژایی تەمەنت كار دەكەیت و رەنگە تەنها لە ناوچەیەكی بچووك بناسرێیت و كارەكانت وەربگیردرێت و لە ناوچەیەكی بچووك مانای هەبێت. ئاڵۆزی پەیوەندییە مرۆییەكان، شێوەیەك كە بە كەمترین نووسین بتوانیت ئەو كەسانە بە وێنا بكێشیت(كە شێوازی ڤیرجینیا وۆلفە) جێگای ستایشە. بەڵام ناكرێت بە هەستیاری ڤیرجینیا وۆڵفەوە رۆمانێكی وەك كچی بێرگەر بنووسیت. دەبێ رێگایەكیتر بدۆزیتەوە. مرۆڤ هەموو دەم بیر لە دۆزینەوەی رێگایتر دەكاتەوە. من هەردوو شێوە نووسینم بە دڵە. من بە ئەو پەڕی حەزەوە بەو سادەییە ئاڵۆزەی بوونمەوە دەستم كرد بە نووسین.
• كە دەستت دایە نووسین كاریگەری ڤیرجینیا وۆڵفت لەسەر بوو؟
– تا نیوەی رێ‌. لام وایە تا پێنج ساڵ. شتێكی دوور لە چاوەڕوانی نییە وۆڵف كاریگەری مەترسیدار لەسەر نووسەرانی گەنج دانێت، زۆر ئاسان دەكەونە داوی هەڵچوون و داچوونەوە بەڵام لە نێوەرۆكدا هیچ نابینیت. هەر ئەم شتە دەكرێت كوت و مت بۆ نووسەرانێكی زۆر جیاوازی وەك دۆس پاسۆس و هێمنگوای بڵێین. دەبێ زۆر وریا بیت، یان ئەگەر كەوتیتە ئەو داوەوە، نووسەرێكی وەك من بیت كە بە هەستیارییەكی زۆر و تواناییەكی حیكایەت بێژی لاوازەوە دەست پێبكەیت. توانای حیكایەت بێژیم لەیەكەم چیرۆكمدا لاواز بوو، چیرۆكەكان بەرەو ئەوە دەڕۆشتن كە هەندێ‌ كۆپلەی جوان وەسف بكەن. لە كتێبی “كۆچكردوو دونیای بۆرژواز”(1966)دا بوو كە تواناكانی حیكایەتبێژی لەمندا بەهێز بوو. لەوكاتە بە دواوە بەردەوام هەوڵم ئەوە بوو ئەو هەستیارییە زۆرە لەدەست نەدەم- مەبەست هەستیار بوونە لە ڕاو كردنی جیاوازییە وردەكان لە هەڵسووكەوتدایە( نەك وەسف كردن لەبەر ئەوەی هەرچەند ئەزموونت زیاتر ئەبێت وەسف لە شوێن خۆیدا دەمێنیتەوە، لەگەڵ توانای چیرۆكنووسیدا یەك دەگرن.) لەبەر ئەوەی ئەو (تێم)انەی لە دەورووبەرمدایە، ئەو شتانەی كە وام لێدەكەن بێمە قسەكردن، دەم ورووژێنن، پێویستی بە توانای حیكایەتبێژی و گێڕانەوە هەیە.
• لات وایە گەورەترین هاندەرت بۆ نووسین- دۆخی سیاسیتان- دۆی ئەفریقای باشوور-ە؟
– نە، بۆ وێنە لە رۆمانی كچی بێرگێردا، بەڕواڵەت وا دەردەكەوێت كە كتێبەكە دەربارەی كۆمۆنیستێكی سپی پێستە لە ئەفریقای باشوور. بەڵام بەلای منەوە شتێكیترە. ئەم كتێبە دەربارەی بەپرس بوون و هەست بە بەرپرسایەتی كردنە. بەرپرسایەتی و بەرپرس بوون ئەوە نیە هەموو دەم شتێكی سیاسی بێت. بەرپرس بوون بەشێكە لە كۆی پرسی ئۆنتۆلۆژی ژیان. بەشێكە لە هەستی من بەوەی ئەوەی نووسەر دەیكات، هەوڵدانە بۆ مانا بەخشین بە ژیان. من لام وایە ئەمەیە نووسەر بوون. ئەمە شێوەكارییە. پرسی سەرەكی پەیجۆر بوونی نەزم و لۆژیكی بێ نەزمییە و تایبەتمەندی بەفیڕۆدان و زێدەڕۆیی كردنە لە ژیاندا. ئەوەی هونەرمەندان دەیكەن مانا بەخشینە بە ژیان. كە وایە دەبینی من ئەگەر نووسەرێكی ئەمریكایی یان بەریتانیایی بام، ئەوكاتیش (تێم)م پەیدا دەكرد بۆ نووسینەكانم. ئەگەر كەسێك بزانێت بۆ كوێ‌ دەڕوانێت، تێمەكان لەوێن… دەبێ لە ناوەوە پاڵی پێوە نێن.
• رات چییە دەربارەی چیرۆكنووسین لەو وڵاتانەی داگیركەر نین لەو وڵاتانەی كە دۆخی سیاسی پێویستی بە ئاستێك لە تێگەیشتنی سیاسیەوە هەیە؟
– پرسی سەرەكی بەلای منەوە پرسی چۆنییەتی نووسینە. لام وایە ئەمە هەموو شتە و بابەتی سەرەكی ئەمەیە. من ئەتوانم دەقێكی زۆر ئاوانگارد و سیاسیم پێ خۆش بێت و وەسفی بكەم. ئەگەر كەسێك نووسەر بێت ئەتوانێت وەسفی مەرگی كەنارییەك بكات بە رەمز و نیشاندەری هەموو نهێنییەكانی مەرگ … پرسی سەرەكی لێرەدایە. بەڵام ئەگەر تێم و ناوەرۆكێكی زۆر باشت هەبێت، لە یەك رووەوە بەخت لەگەڵتە. دەكرێت دەربارەی نووسەرانی سەدەی 19ی رووسیا قسە بكەین. ئەگەر ئەو كێشانەی ئەو سەردەمی كۆمەڵگای رووسیا نەبا، ئەوان دەبوون بە نووسەرانێكی ئەوەندە دیار و گەورە؟ ئەو نووسەرانە چاودێری و سانسۆری وەك ئێستای ئەفریقای باشووریان لەسەر بووە كە نووسەر بێزار دەكەن. بەمەشەوە من لام وایە كاریگەری زۆر باشی لەسەر ئەوان هەبوو. دواتر لام وایە لە نووسەرێكەوە بۆ نووسەرێكیتر جیاواز بێت. رەنگە كاریگەری خراپیشی هەبێت. لە ئەفریقای باشووردا نووسەرە رەش پێستەكان- هەڵبەت سەختە بۆیان دانی پێدا بنێن، خۆ دەزانیت، ئەبێ ملكەچی هەموو ئەو شتانە بن كە لە خودوشیاری رەشپێستەكاندا ناسراوە. شیعر یان چیرۆك یان رۆمان دەبێ بە هێڵێكی تایبەتدا بڕوات، جۆرێك هێڵی حیزبی، تەنانەت ئەگەر ئەو بابەتەی كە دەربارەی دەنووسن سیاسی نەبێت، بەڵام بەمەشەوە بەڕاستی هێشتا هەر هێڵێكی حیزبییە و حیزب چوارچێوەی نووسین و هێڵە سوورەكان دیاری دەكات. بۆ وێنە دەبێ رەسەنییەتی كەسایەتی رەشپێستەكان بخاتە روو. ئەگەر كارەكتەرێكی سپی پێست لەناو رۆمانەكانی ئەودا بە شێوەیەكی ئینسانانە هەڵسووكەوت بكات، لە لایەن هێڵی حیزبەوە ئەو نووسەرە وەك نووسەرێكی خراپ چاوی لێدەكەن. ئەم بابەتە و گرینگ بوونی وەك فۆڕم و تەكنیك بە مەبەستی ورووژاندنی وشیاری رەشپێستەكان زۆر ئاسان دەركی پێدەكرا، وای دەكرد رەشپێستە گەنجەكان زۆر باش شوناسی خۆیان بناسنەوە و هەست بە شوناسی خۆیان بكەن، كۆمەڵێك شیعر لە بەر بخوێننەوە كە وا بكات ئاستی تێگەیشتنی رەش پێستەكان بباتە سەرەوەو زۆر جاریش بە كۆمەڵێك وێنای ساویلكانە و وشەی ناجوان دەیانهەوێت پێگەی رەشەكان ببەنە سەرەوە. لە پلەی یەكەمدا ئەم نووسینانە وەك چەكی ریكلامی بۆ خەبات زۆر باشن، واتە هەر بۆ ئەم شتەیە. بەڵام نووسینی راستەقینە ئەبێت بە قوربانی لەبەر ئەوەی ئەگەر هات و یەك دوو هێڵ لە بابەتی دیاریكراو و پەسەندكراو لای دا پێی دەڵێن…
• خۆ فرۆش. نووسینەكانی رەشپێستەكان لە ئەفریقای باشووردا چاپ دەبێت؟
– زۆر. پەیوەندییەكی واقع بینانەش لە نێوان نووسەرانی رەشپێست و سپی پێستدا هەیە. ئەدەبیات یەكێكە لەو چەند بوارە كەمەی كە ماوەتەوەو رەشپێستەكان و سپی پێستەكان هەست دەكەن هەندێ‌ لە ئامانجەكانیان وەك یەكە، ئێمەش دژ بە سانسۆر دەجەنگین و ژمارەیەكی زۆر لە نووسەرە سپی پێستەكان بەرامبەر بە بردنە سەرەوە ئاستی وشیاری كۆمەڵگای رەشپێستەكان و پلەو پێگەیان، بەرگری و یارمەتی دان بە نووسەرانی رەش پێست بەتەواوی هەست بە بەرپرسایەتی دەكەن.
• كچی بێرگێر سێ حەوتوو دوای بڵاو بوونەوەی راگیرا، وایە؟
– بەڵێ، تا چەند مانگ ئیزنی بڵاوبوونەوەی نەبوو. دواتر ئیزنی بڵاوبوونەوەیان پێدا. ناتوانیت بیر لەوە بكەیتەوە چەن خۆشحاڵ بووم. تەنها لەبەر خۆم نە بەڵكوو پێشینەیەك بۆ نووسەرەكانیتر دروست بوو. لەبەر ئەوەی لەو كتێبەدا لادانی بەرچاو لە ژمارەیەك لە یاسا تایبەتەكان دەبیندرا. من لەو كتێبەدا كۆمەڵێك بەڵگەم خستبووە روو كە راستەقینەن و بوونیان هەیە. خوێندكارەكان لە نائارامییەكانی سووتوو لە ساڵی 1976 راگەیاندنێكیان بڵاو كردبۆوە و دەوڵەت بەری بە بڵاوبوونەوەی گرتبوو. ئەم راگەیاندنە بە هەموو هەڵە تایپی و گرامەرییەكانیەوە لە كتێبەكەدا وەك خۆی هاتووە، كە لە راستییدا گرنگییەكەی هەر لێرەدایە. لەبەر ئەوەی وەك چۆن رۆزا ئەڵێت، ئەم منداڵانە لەبەر ئەوەی لایان وابوو خوێندنی باڵایان نییە دەستیان دایە شۆڕش و كە دەقی ئەو راگەیاندنە دڵتەزێنە دەخوێنیتەوە، دەزانی ئەو گەنجە رەشپێستانە چ مەبەستێكیان هەبووە، لەبەر ئەوەی لە تەمەنی شانزە هەڤدە ساڵیدا، ئەو كاتەی دەبا بۆ چوونە زانكۆ ئامادە بان، ئەوەی دەیانتوانی بینووسن وەك دەقی ئەو راگەیاندنە بوو. ئەمە نموونەیەك بوو كە من بە ئاشكرا لە هێڵی سووری نائاسایی لام دابوو. دەی خۆ ئێستا ئیزنی بڵاوبوونەوەی هەیە، لێرەبەدواوە دەستبەسەردا گرتنی كتێبەكانیتر، بە پشتبەستن بە لادانی لەو شێوە بۆ لێژنەی سانسۆر دژوار دەبێت.
• چۆن بوو ئیزنی بڵابوونەوەی پێدرا؟
– ئەگەر من نووسەرێك نەبام كە لەدەرەوەی وڵات زۆر ناسراو بام و ئەگەر ئەو كتێبە لە دەرەوەی ئەفریقا زۆر پێشوازی لێنەدەكرا- ئەو هۆكارانەی كە بوو بە هۆی ئەوەی دایرەی سانسۆر هەست بە گەمژەبوون بكات- ئەم كتێبە ئیزنی بڵاوبوونەەوی پێنەدەدرا.
• ئیزندان بە بڵاوبوونەوەیەكی ئاسایی؟
– نەك بەم خێراییە. دوو كتێبەكەی پێشترم بەم رێگایەدا نەچوون. دونیای نەناسراوەكان دوانزە ساڵ قەدەغە بووەم و كۆچكردوو دونیای بۆرژوا دە ساڵ قەدەغە بوو، دوای ماوەیەك لە راستییدا كتێبەكان دەمرن.
• كتێبەكان چۆن قەدەغە دەكرێن و بەر بە بڵاوبوونەوەیان دەگیردرێتز
– بەر لە هەر شتێك، ئەگەر كتێبێك بێت هاوردە كرابێت، بەرپرسەكان مۆری قەدەغەبوونی بازرگانی پێكردنی لێدەدەن. بە دەربڕینێكیتر، وەك هەر بارێكیتر لەگەڵ كتێب هەڵسووكەوت دەكرێت لە بەندەرەكان لە لایەن بەرپرسەكانەوە. كتێبەكە لە گومرۆك رادەگیردرێت و ئەفسەری ئەوێ كتێبەكە دەنێرێت بۆ لێژنەی سانسۆر، كتێب دەكەوێتە لیستی گومان لێكراوەكانەوە. بۆ وێنە نووسەرێكی ئەفریقای باشووری وەك من لەو لێستەدایە، لەبەر ئەوەی دەزانن ئەو نووسەرانەی لەو لیستەدا چ بابەتێك هەڵدەبژێرن و جگەلەمەش من پێشتر سێ كتێبم قەدەغە كراوە. رێگایەكیتر هەیە بۆ سانسۆر كردن. دوای ئەوەی بڵاو بۆوە، كەسێك وەك دایكێكی ورد بین، ئەو كتێبەی كە چۆتە ناو رەفەی كتێبفرۆشییەكانەوە، دەخوێنێتەوە. هەڵوێست دەگرێت بەرامبەری و سكاڵاكەی بۆ لێژنەی سانسۆر دەنێرێت. لە سەر پێشنیاری تەنها یەك كەس، كۆمیتەی سانسۆر كتێبەكە دەخوێنیتەوە بۆ ئەوەی بزانێت كێشەی هەیە یان نە. بەڵام لەو ماوەیەدا كە خەریكی خوێندنەوەن كتێبەكە راگیراوە. بەو مانایەی چەند كۆپییەكی لە كتێبفرۆشییەكاندا هەیە، بەڵام ئیزنی فرۆشیان نیە، ئەبێ كۆ بكرێنەوە. هەندێ‌ جار ئیزن بە بڵاوبوونەوەیان دەدرێت و ئەو حەسارەیان لەسەر نامێنێت وەك “میوانی فەخری” و “كۆنسێرڤات”. كۆمیتەی سانسۆر دە حەوتوو كتێبەكەی راگرت كە زۆر زاڵمانەیە لەبەر ئەوەی دە حەوتووی یەكەم زۆر گرنگە لەباری فرۆشەوە. دواتر بەرپرسی لێژنەی سانسۆر ئیزنی بڵاوبوونەوەی بە كتێبەكەدا. كۆمیتەی سانسۆر ژمارەیەك ئەندامی هەیە. ئەم كۆمیتە بە زۆری سێ ئەندامی هەیە و هەركامەیان بە جیا كتێبەكە دەخوێننەوەو بە شێوەی سەربەخۆ راپۆرتی خۆیان لەو بارەوە دەنووسن، ئەگەر هاودەنگ بوون، دەنگ دەدەن بەوەی كتێبەكە رابگیردرێت یان بڵاو بكرێتەوە. ئەگەر هاودەنگیش نەبوون كەسی چوارەم دێتە پێشز ئەگە ئەم كەسە بڵێت كتێبەكەی بەدڵ نییە كتێبەكە رادەگیردرێت. راپۆرتی خۆیان نادەنەوە بە نووسەر. بڕیاری كۆمیتەی سانسۆر لە بڵاوكراوەی فەرمی حەوتوانەی دەوڵەتدا چاپ دەبێت. ئەمە چارەنووسی كتێبە.
• دواتر چی روو دەدات؟ وەك ئۆلیسی پێدێت؟ یان خەڵك شێتانە هەوڵ دەدەن بە هەر فێڵ و تەڵەیەك بووبێت كتێبەكە بە دەست بێنن و هەركاتیش پۆلیس هات بیشارنەوە؟
– خەڵك هەر ئەم كارە دەكەن. بەڵێ وا دەكەن. قەدەغەبوونی كتێب بۆ فرۆش و بڵاوكردنەوەیە نەك بۆ خاوەندارێتی. ئەگەر كەسێك كتێبەكەی پێشتر كڕیبێت دەتوانێت لای خۆی رایبگرێت، بەڵام ناتوانیت بیدات بە من یان كسێكیتر لە دراوسێیەتیدا چ بەكڕین و چە بە ئەمانەت.
• ناتوانێت بە ئەمانەت بیدات بە كەسیش؟
– نە، بەڕاستی زۆر گەمژانەیە. هەمووان بەردەوام كتێبە قەدەغەكان بە ئەمانەت دەدەن بەیەكترز بەڵام خەڵك تووڕەن، بۆ وێنە دەربارەی كڕینی كتێب لە دەرەوەی وڵات، یان ئەگەر كەسێك بۆیان بنێرێت. تا رادەیەك ترسنۆكن، نایانهەوێت پێیان بڵێن قاچاخچی.
• كە وایە شتێك نییە ئەوەندەش قاچاخ و قەدەغە بێت؟
– هەندێ‌ كەس بە قاچاخ دەیهێنن، هەندێ‌ كەس وا ناكەن. بە گشتی بۆ هەندێكمان شانازییە.
• قاچاخ؟
– بەڵێ، وایە. لە روانگەی ناڕەزایەتی دەربڕینیەوە مەشرووع و رێگەپێدراوە. بەڵام بەداخەوە ئەو كاتەی كتێبێك رادەگیردرێت، ژمارەیەكی كەمیان دەگاتە دەستی خەڵك و دەست بە دەستی پێدەكرێت.
• بگەڕێینەوە سەر ئەو بابەتەی كە كۆمەڵگا سەركوتكراوەكان نووسەری باشتر بەرهەم …
– چی بڵێم، نازانم. لام وایە دەربارەی وڵاتانی ئەمریكای لاتین، كە بۆماوەیەكی زۆر بە شێوەی جیاواز سەركوت كراون، سەركوت بووەتە شتێكی ئاسایی بۆیان. بەڵام تۆ بڕوانە هەموویان دەربارەی یەك بابەت و یەك جۆر بابەت دەنووسن… ناوەرۆكی كتێبەكانیان وەك ناوەرۆكی نووسراوەكانی نووسەرە ئەفریقاییەكان سەرنجڕاكیشن. ناوەرۆكی نووسراوەی نووسەرە جیدییەكانی ئەمریكای لاتین دیكتاتۆری گەندەڵە. بەمەشەوە سەرەڕای ئەوەی ناوەرۆكەكانیان لەیەك دەچێت، چیرۆكەكانیان بەلامەوە سەرنجڕاكیشترین چیرۆكەكانی ئەمڕۆی دونیایە.
• كامە نووسەر لە نووسەرانی ئەمریكای لاتین؟
– بە دڵنیاییەوە گابریەل گارسیا ماركێز. بۆرخس پێویست ناكات ناوی ببەم. بۆرخس تەنها جێ نشینی فرانتس كافكایە. ئێلخۆ كارپینتێر بەڕاستی زۆر جوان دەنووسێت. پاشایەتی زەوی رۆمانێكی بچووك و بێ وێنەیە. دواتر كارلۆس فۆئێنتس نووسەرێكی مەزنە. ماریۆ ڤارگاس یۆسا، مانۆئل پووچ. ئێستا ئەم ناوانەم هاتە سەر زار، كەسانیتر هەن كە نووسراوەكانیان هەموو كات سەرنجڕاكێشە- دیكتاتۆری گەندەڵ. هەموویان لەمبارەوە دەنووسن. دیكتاتۆری گەندەڵا كەڵكەڵەی زەینیانە.
• لام وایە كلتووری سەركوتكراوی وەك ئەفریقای باشوور، دەرفەتی دروستكردنی قارەمان دەخولقێنێت، هەربۆیە لە بەشێك لە رۆمانەكانی تۆدا وەك میوانی فەخری و كچی بێرگێردا قارەمانەكان وەك هێزی بزوێنەر بوونیان هەیە.
– نازانم چی بڵێم، زۆرم پێ سەیرە… من دێمە ئەمریكا، سەردانی بەریتانیا و فەرانسە و… دەكەم و كەس ناكەوێتە مەترسییەوە. لە شێرپەنجە دەترسن، لەوەی كە لە عەشقدا شكست بخۆن، لە دەستدانی كار، هەست بە ئەمنییەت نەكردن… ئەو شتانەی كە ناتوانن كۆنتڕۆلی بكەن و توانای زاڵبوون بە سەریاندا نییە وەك مەرگ، بۆمبی ئەتۆمی. یان شتێك كە بەهەر شێوەیەك دەكرێت لەگەڵی رابیت و دونیا ئاخر نابێت، كارێكیتر پەیدا دەبێت یان ئەوەیە رێگەچارەیەك دەدۆزینەوە. تەنها لە وڵاتی مندایە كەسانێك ئەبینی بە حەزی خۆیان لە ژیانی تایبەتی خۆیان، هەموو شت دەخەنە مەترسییەوە. مەبەستم ئەوەیە بۆ زۆربەمان خودی عاشقبوون شتێكە كە شەیدات دەكات، جگە لە شەیدا بوون هیچ نییە. منیش وام پێهاتووە. پێش هاتووە ئەو كەسەی عاشقی بووم خستۆتە پێش كارەكانمەوە. ئیتر زۆر حەزم نەچۆتە سەركار كردن. تەنانەت بۆشم گرنگ نەبووە چاپ بوونی كتێبەكانم نزیكە. لەبیرم دەچوو خەریكە چاپ دەبێت. لەبەر ئەوەی دڵم لای پیاوێك بوو. هەربەم شێویە كەسانێك دەناسم دەربەستن بە ئامانجی سیاسییەوە، ئەو ئیزنە بە خۆیان نادەن ئەم چەشنە ویستە تاكەكەسیانە ئەوان لە سیاسەت دوور بخاتەوە.
• تۆ لات وایە عەشقی رۆمانیتك لە بنەماڵەیەكی وەك بنەماڵەی رۆزادا كە كەسەكان حەز و ویستی سیاسییان هەیە، چۆن خۆی دەردەخات؟
– زۆر حەزم لەم بابەتەیە، تا رادەیەك هەوڵمدا لە پەیوەندی نێوان ئەو كچەو بنەماڵەكەیدا كە زۆریان خۆشیان دەویست و نازدار باریان هێنابوو، بیدۆزمەوەو لە هەمانكاتدا هەست دەكرێت كە ئەوان بۆ یەكتر یان بەرامبەر بە یەكتر ئەم كارانە ناكان، بەڵكوو پێویستی خودی رۆمانەكەیە وا بێت.
• لەم كتێبەدا چاوێكی كورت دەخشێنین بەسەر عەشقی نێوان بێرگێر و ژنەكەی. لەراستییدا خوێنەر ناتوانێت وێنایەكی دەست بكەوێت لە پەیوەندییەكانیان یان لە خودی دایكی رۆزا.
– ئەمە یەكێكە لەو خاڵانەی دەربارەی وەها كەسانێك سەرنجی راكێشام. رەنگە تۆ كەسێك زۆر باش بناسیت بەمەشەوە لە پەیوەندی نزیكی لەگەڵ كەسانیتر زۆر شتت پێ نەڵێت یان شتێكی وا نەدركێنێت. بەشێكە لەو پرەنسیپەی كە دەبێت بپارێزرێت. بەشێكی زۆر لەو شتانەی دەربارەی كەسانی وەك كەسایەتییەكانی ئەو رۆمانە دەیزانم یان ئەو شتانەی كە بە چاوی خۆم بینیومە، دەگەڕێتەوە بۆ پەیوەندی زۆر زۆر نزیكی هاوڕێیانەم لەگەڵ خانمێك- رەنگە پێویست بێت ئەوە بڵێم هیچ كارەكتەرێك لەو كتێبەدا لە رووی ئەوەوە كوت ومت وەرنەگیراوە-. ئەو ساڵانێكی زۆرە یەكێكە لە نزیكترین هاوڕێكانم، ئێستا لە مەنفایە. بە درێژایی رۆژان و شەوان لەگەڵ یەكتر قسەدەكەین. لام وایە یەكێك لەو دەگمەن كەسانە بێت كە بۆ ئەو و بە مەبەستی ئامانجێكی تایبەت، خۆم دەخەمە مەترسییەوە. زۆر شت هەیە كەسانی وەك ئێمە كە ئەوەندە لەیەكتر نزیكن لە نێوان خۆیاندا باسی لێوەدەكەن، بەڵام ئێمە باسی ناكەین، هەر لەبەر ئەو دەربەستبوونە سیاسییەی ئەو من ناتوانم لەو بپرسم و ئەویش ناتوانێت شتێكی وام پێ بڵێت. لام وایە دەكرێت ئەم شتە لە پەیوەندی خێزانیشدا ببینین. بەشێكە لە پرەنسیپێك، تا زیاتر بزانیت، بۆ دەورو بەرەكەت مەترسیت زۆرترە. ئەگەر من و تو پێكەوە لە بزووتنەوەیەكی نهێنیدا كار بكەین، هەرچی كەمتر دەربارەی تۆ بزانم باشترە.
• دەربارەی نووسەرانی ئەمریكای باشوور كە كارەكانیان شایستەن بەلای تۆوە قسەمان كرد، رات چییە دەربارەی نووسەرانیتر؟
– ژمارەیەكی زۆر لە رۆماننووسەكان ئەڵێن بەرهەمی رۆماننووسەكانیتر- هاوچەرخەكان- ناخوێننەوە. ئەگەر قسەكەیان راست بێت بەداخەوەم بۆیان. بیرلەوە بكەوە ئەگەر كەسێك لە سەدەی 19 ژیابێت و بەرهەمی نووسەرانی ئەو سەردەم كە ئێستا ئێمە هەموو رۆژێك عاشقانە دیانخوێنینەوە، نەخوێندبێتەوە، یان تەنانەت لە سەدەی بیستەمدا بەرهەمەكانی لارنس و هێمێنگوای نەخوێندبێتەوە، چی روویدەدا؟ لە سەردەمە جیاوازەكانی تەمەنمدا نووسەرانێك هەبوون كە من- خەریكم بە شوێن وشەدا دەگەڕێم، خۆش ویستن وشەیەكی شیاو نییە- من لە باری دەروونییەوە گرێدراوم پێیانەوە. كاریگەری هەندێكیان لە ژیانمدا ماوەتەوە، هەندێكیان كاریگەرییان نەماوەتەوەو لام وایە ژمارەیەكیانم فەرامۆش كردووەو من بەكەمتەرخەم بوون بەرامبەریان، جۆرێك نادادەوەرانە لەگەڵیان هەڵسووكەوتم كردووە. ئێدۆرا وێلتی كاریگەری زۆر لە سەرم دانا. چەند ساڵ دواتر كە بینیم- بۆ بینینی رۆشتمە جەكسۆن- تەنانەت ئەو كاتەش چەند خاڵێكی هاوتەریبی سەیر لە نێوان شێوەی ژیانی ئەو و ژیانی مندا هەبوو. پیاوێكی رەشپێست چیمەنەكەی لێدەدا! تێگەیشتنێكی وەك یەك. هەڵبەت ئەمە پەیوەندی بە چیرۆكنووسینی ئەوەوە نییە كە چیرۆكنووسێكی بەتوانایە. كاترین ئانێ پۆرتەر كاریگەری زۆری لەسەرم هەبوو، فاكنەریش هەروەها. بەڵام خۆت دەزانیت مرۆڤەكان درۆ دەكەن. لەبەر ئەوەی دڵنیام ئەو كەسەی لە كۆتاییەكانی دەیەی 1940 ، ئەو كاتەی كە من دەمنووسی، بە هەموو توانایەوە خەریكی خۆ پەروەردەكردن بوو بەوەی ببێت بە چیرۆكنووس و پرۆڤەی چیرۆكنووسینی دەكرد، ئەبێ كەوتبێتە ژێركاریگەری هێمێنگواییەوە. پرۆست كاریگەری بووە لەسەر هەموو ژیانم. ئەوەندە قووڵ كە دەمترسێنێت… نەك تەنها لەسەر نووسینەكانم، بەڵكوو كاریگەری بووە لەسەر چۆنییەتی روانینم بۆ جیهان، دواتر سەرەی كامۆ هات، كە كاریگەری زۆری داناو هەروەها تۆماس مان كە كاریگەری زۆری لەسەر دانام. ئەو كاتەی كچێكی گەنجی بیست وچەند ساڵە بووم ئەی. ئێم فۆرستەر بەلامەوە زۆر گرنگ بوو. ئێستاش لام وایە سەفەرێك بۆ هێندستان(A Passage to India) یەكێكە لەو بەرهەمانەی كە زۆرم بەدڵە و ئەوەی كە لە زانكۆكان دەوترێتەوە ئەو بەرهەمە دەكوژێت.
• هێمێنگوای چۆن كاریگەری لەسەر دانایت؟
– لە رێگای كورتە چیرۆكەكانییەوە. خۆدەزانێت سادە نووسین و هەروەها كەڵك وەرگرتن لە دیالۆگ تا چەندە لەبەرهەمەكانی ئەودا بەجوانی هاتووە. ئێستا بیر لەوە دەكەمەوە گەورەترین شكست كەسەكان لە چیرۆكنووسی بە شێوەی هێمێنگوای ئەوەیە كە هێمێنگوای لە هەموو شوێن ئامادەیە و لە هەموو شوێن دەنگی دەبیسترێت. مرۆڤەكان لە لایەن خۆیانەوەو بە ستایلی خۆیان قسە ناكەن، وەك هێمێنگوای قسە دەكەن. ئەو “ژنە وتی”، “پیاوەكە وتی”، هێمێنگوای. من زۆر زوو ئەم شتانەم لە رۆمانەكانم هێنایە دەرەوە. هەندێ‌ كەس گلەیی دەكەن كە بەم كارە خوێندنەوەی رۆمانەكانم دژوارە. بەڵام بەلامەوە گرنگ نییە. تەنها ئەوە هەیە ئیتر ناتوانم “ژنە وتی”، “پیاوە وتی”بەكار ببەم و تاقەتی ئەوانم نەماوە. ئەگەر نەتوانم لە تۆنی دەنگ و لە رێگای رستەكانەوە خوێنەر ناچار بكەم بەوەی بزانێت كێ قسە دەكات، كەوایە ئیتر سەركەوتوو نەبووم و هیچ كارێكی پێناكرێت.
• بەدڵنیاییەوە خوێندنەوەی رۆمانەكانت مرۆڤ ناچار دەكات تێفكرێت و بە وردبینی زیاترەوە بیانخوێنێتەوە.
– بەڵێ وایە.
• لەم چڵەوە بۆ ئەو چڵ رۆیشتن لە دەقدا كاریگەری زۆری هەیە؟
– زۆر كۆنە. بە تریسترام شەندی “ستێرن” دەستی پێكرد.
• ئەو تەكنیكەی بەكاری دەبەی هەر ئەو تەكنیكەیە؟
– جۆرێك مۆنۆلۆگی دەروونی لە كە روانگەیەكەوە باز دەدات بۆ روانگەیەكی جیاوازتر(چڵاوچڵ دەكات). لە رۆمانی كۆنسێرڤاتدا هەندێجار (مرینگ) لەبەر خۆیەوە قسەدەكات و تەماشا دەكات، هەندێجار لە تێڕوانینی دەرەكی و تەواوی بێ‌لایەنانەوە.
• تەكنیكی حیكایەت بێژییەكەی زۆر زیاتر لە كچی بێرگێر تەكنێكێكی ستانداردە.
– نە وا نییە. لە كۆنسێرڤاتددا مۆنۆلۆگی دەروونیت هەیە و حیكایەتبێژییەكی راستەقینە. هەمووكات “مرینگ” قسە ناكات. بەڵام هێڵی نێوان ئەو كاتەی ئەو قسە دەكات و ئەوكاتەی قسە ناكات زۆر ئاڵۆزە. تیۆرییەكەی من ئەوەیە كەسایەتی سەرەكی لەوێدایە، چ لە دەرەوە ببینرێت یان چ لە ناوەوە، وەك یەك وایە و نەگۆڕاوە.
• تۆ ئاماژەت بەوەدا ئەو بونیادی چیرۆكییەی كە بۆ “كچی بێرگێر” دۆزیوتەتەوە، ئەو ستایلەی كە رۆزا هەموودەم خەریكە لەگەڵ كەسێك قسە دەكات، تایبەتە بەو كەسەی دەنووسێت و هەموو دەم لە زەینیدا بیسەرێك هەیە.
– نە، وەها نییە، كاتی نووسین نە، لە ژیانیدا. من لام وایە لە ژیانی مرۆڤدا ئەو كاتەی تەنها بیردەكاتەوە، هەموو دەم خەریكە بۆ كەسێك وتار دەدات.
• تۆ دەنووسیت و ئەم كارە ناكەیت؟
– نە، لەبەر ئەوەی كاتی نووسین مرۆڤ خۆی نییە، خەریكە خۆی دەخاتە جەستەی كەسێكیترەوە. بەڵام بە بۆچوونی من، هەندێجار لە ئیدارەكردنی ژیاندا، مرۆڤ هەست دەكات كەسانێك هەن چاودێری هەڵسووكەوتمان دەكات. هەندێجار مرۆڤ لە كەسانیتر هەڵدێت.
• فاكنەر تا چەند لەسەر تۆ كاریگەری هەبوو؟ ئاخۆ وێكچوونێك هەیە لە نێوان بونیادی گێڕانەوەی كچی بێرگێر و بۆ وێنە گۆڕبەگۆڕدا؟
– نە، بە هیچ شێوەیەك، لام وا نییە لە كتێبەكەی مندا كاریگەری فاكنەر ببینی. لام وایە ئەو كاتەی زۆر گەنجی و تازە دەستت كردووە بە نووسین، كاریگەری نووسەرانیترت دەكەوێتە سەر، دواتر لە دەستی ئەو شتانەی پێویستت پێیان نییە زرگارت دەبێت و بە شێوەیەكی تراژیك ستایل و فۆڕمی خۆت چەكوش كاری دەكەیت.
• وێكچوون هەیە لە نێوان شێوەی گێڕانەوەی بەسەرهاتەكانی تۆ لە كچی بێرگێر و ژمارەیەك لە كتێبەكانی فاكنەر كە باس لە چییەتی رێژەیی بوونی”حەقیقەت” دەكەن.
– بەڵێ، ئەمە شێوەیەكە كە باس لە رێژەیی بوونی حەقیقەت دەكات. ئەو شتەی دەمهەوێت باسی بكەم پەیوەندی بە ستایل و فۆڕمەوە هەیە، بە مانایەكی گشتی، فۆڕم روانگەیە یان روانگە ستایل و فۆڕمە.
• وایە، هۆكاری بونیادی حیكایەتبێژی تۆ ئەمەیە.
– دواتر ئەوە پرۆست بوو وتی ستایل، چركەساتی ناسینی نووسەر و دۆخە. دۆخی ئایدیال ئەو دۆخەیە كەسێك ئەو دەرفەتە بخولقێنێت كە ستایل بە سەر نووسراوەدا داسەپێنێت.
• كە وایە تۆ بەو فۆڕمەی هەڵتبژاردووە روانگەی خۆت دەربارەی شێوەی ژیان لە ئەفریقای باشوور خستۆتە روو؟
– بەڵێ، من خەریكم روانگە و تێڕوانینی خۆم دەربارەی ژیانی كەسێكی تایبەت و دەوروبەرەكەی(دەربارەی كچی بێرگێر) دەردەبڕم و ئەگەر بە شێوەیەكی بەربڵاوتر لێی بڕوانینن، جۆرێك وەرگیراوە لە خودی ژیانی ئەفریقای باشوورەوە.
• كانر كرۆزۆ ئۆبراین، لە لێكدانەوەی كتێبی كچی بێرگێردا كە لە لێكدانەوەی كتێبی نیۆیۆركدا چاپ بوو ئەڵێت رۆمانەكەی تۆ بە ” هونەری فریودەری تەواو ” دروست كراوە. ئەو ئەڵێت چۆن بونیادی چیرۆك كارێك دەكات وەك ئەوەی لە كتێبەكەدا هیچ روونادات بەڵام لە راستییدا كارەساتێك روو دەدات. دەمهەویست بزانم وەڵامت چییە بۆی؟
– جارێكیتر دەیڵێمەوە بەڕای من بونیاد زۆر كەم بە شێوەی ئۆبژەكتیڤ بە زەیندا دێت. كردەیەكی زاتی و غەریزی و ناوشیارانە. نازانم چۆن پێت بڵێم كە چۆن دەستم پێی گەیشت. وەك ئەوەی كاتێكی زۆر دەبێ بۆ هەركتێبێك تەرخان بكەم بەوەی بزانم دەمهەوێت چی بكەم، كەوایە تەرخانی دەكەم، سەرم لێدەشێوێت و بێزار دەبم، لەبەر ئەوەی تا دەستم پێنەكردووە نازانم چۆن دەتوانم بنووسم، هەمووكات ئەترسم بەوەی نەوەك نەتوانم بنووسم. با بزانیتن لە میوانی فەخریدا من كتێبێكی سیاسیم نووسی، كتێبێك كە بوونی بێ لایەنانەی هەبێت لە پەیوەند لەگەڵ ژیانی كارەكتەرەكانی. كتێبەكەم وەك چیرۆكێكی باو نووسی بە شێوەیەك كە لە كاتی كۆنگرەی گەورەی حیزبیدا، كێشەیەكم نەبوو وەك شانۆنامە پێشكەشی بكەم. دواتر رۆمانی “كۆنسێرڤات”م نووسی. لەم كتێبەدا بڕیارمدا بە هەموو شێوەیەك بیر لەوە نەكەمەوە كە ناچار بم رووداوەكان شی بكەمەوەو وەسف بكەم. لەبەر خۆمەوە بیرم لەوە كردەوە نەوەك خوێنەر لە زەینیدا نەچێت بەلای ئەو شوێنانەی كە گرنگە، نەوەك توانجەكان سەری لێ شێوێنێت، ئەگەر وابێت زۆر ناخۆشە. بەڵام چیرۆك بێژی دەبا بچوایەتە پێش بە شێوەیەك كە دیاری بكات لە زەین و جەستەی كارەكتەرەكاندا چی روودەدات. شێوازێك كە خوێنەر باوەڕ دەكات كە هەموو شت بەڕاستی بەهەمان شێوە روویداوە. خوێنەر یان ئەوەیە ئەچێت بەلای ئەو شتانەدا و دەیبینێتەوە یان ئەوەیە نایبینێتەوە، یان رەنگە هەندێ‌جار سەری لێ بشێوێت- زۆر خراپە. بە دەربڕینێكیتر رۆمان پڕە لە گەڕانەوەی تایبەت بۆ پەیوەندی نێوان كارەكتەرەكان. ئەم شێوە گێڕانەوە شێوەیەكی مەترسیدارە، ریسك دەكەیت، كە سەركەوتیت زۆر باش دەبێت. هەڵبەت كاتێك سەرناكەوێت خوێنەر تووشی سەرلێشێواوی دەكەیت. خۆم وەك خوێنەر گرنگی نادەم بەوەی تووشی سەرلێشێواوی ببم. رەنگە نووسەر ئەنجامی كتێبەكەی نەزانێت، لەبەر ئەوەی شێكردنەوەكان بە دڵی خۆی هەڵدەبژێرێت، من وەك خوێنەرێك ئەمەم پێخۆشە. بەلای منەوە سەرنجڕاكێشترین بەشی خوێندنەوەی كتێبێك ئەوەیە كە تووشی ورووژانت بكات و زەینت داگیر بكات. كەوایە وەك نووسەرێك ئەو مافە بەخۆم ئەدەم ئەمكارە بكەم.
• بەرلەنووسینی رۆمان، بەشێوەیەكی وشیارانە بونیادەكەی دەدۆزیتەوە؟
– نە، دەربارەی كچی بێرگێر وا بزانم چوار پێنج لاپەڕەیەكی پرش و بڵاوم نووسیبوو. بەڵام ئەو رستە ناتەواوانە یان ئەو كۆپلە بچووكانەی گفتوگۆ بەلای خۆمەوە زۆر گرنگن، جەوهەرەی شتێكن. تەنها كاتێك دەچم بەلایانەوە بۆ ئەوەی بزانم دیمەنی دواترم لە كتێبەكەدا كامەیە.
• هەر بەم شێوە رۆمانەكانت دەنووسیت؟
– بەڵێ، كە دەست دەكەم بە نووسین رەوتێكی سروشتی و ئاساییە بەلامەوە، رەوتێكی زاتی.
• چەنە دەبات تا دەست پێدەكەیت؟
– وتنی دژوارە، كە ئاوڕ لە دواوە دەدەم و چاو لە رۆمانی كچی بێرگێر دەكەم، دەبینم چەندین ساڵ بەشێوەیەك شەیدای كەسایەتییەكی وەك رۆزا بووم. چما نهێنی ژیان لای ئەو بێت، دواتر دەسووڕێمەوەو رۆژ لەگەڵ رۆژ لێی نزیك دەبمەوە. رەنگە تێمی تریش هەبن كە دەركەون، بەڵام لەبری ئەوەی سەرنجم بۆلای خۆ راكێشن، خۆیان نامێنن و جۆرێك دەتوێنەوەز لام وایە مرۆڤ لە سەردەمە جیاوازەكانی ژیاندا ئامادەی رووبەڕوو بوونەوەی لەگەڵ شتی جیاوازدا هەیە. هەروەها لە وڵاتێكدا كە هەردەم لە گۆڕانە، ئاستی ژیانی خەڵك بەردەوام لە گۆڕانە. بە شێوەیەك كە ئێستا ئەو چیرۆكانەی دە ساڵ لەوە پێش بەلامەوە سەرنجڕاكێش بوون ئێستا سەرنجڕاكێش نین بۆ نووسین.
• كەوایە هەست دەكەیت شێوەی نووسینی كتێبەكانت زیاتر دیاردەیەكە خۆی بەسەرتدا دادەسەپێنێت نەك ئەوەی خۆت هەڵی بژێریت.
– لام وانییە هیچ نووسەرێك بتوانێت بڵێت كە بۆچی ئەم تێم یان ئەو تێمەی هەڵبژاردووە، یان ئەوەی چۆن تێمێك دێتە ناو نووسینەكانییەوە. رەنگە ئەو تێم و بابەتە بۆ ماوەیەكی دوور و درێژ لە چواردەوریدا بێت و دواتر قۆناغێك لە ژیان دێتە پێشەوە كە خەیاڵ و فەنتازیای تاك ئامادە دەبێت و دەتوانێت بیهێنێتە نووسین.
• دەمویست دەربارەی رۆمانی كۆنسێرڤات پرسیارت لێبكەم. دەربارەی پرسی مەرگ كە لە كتێبەكەدا رەنگیداوەتەوە. بەشێكی تایبەت لە كتێبەكەدا هەیە كە بەردەوام بە شێوەیەكی تەشریفانی دەردەكەوێت: لە سەرجەم كتێبەكەدا لە زەینی كەسە جیاوازەكاندا پیاو لە قەبرەكەی دێتە دەرەوە، رێ‌ و رەسمی “بزن كێشان” بە مەبەستی گەڕانەوە بۆ برینی سولەیمان…
– كۆنسێرڤات هەڵگری ناوەرۆكی هەستانەوەیە كە ناوەرۆكێكی سیاسیشی هەیە. لە كۆتایی كتێبەكەدا پەیامێك بە جلی گۆڕاوەوە دەگاتە دەستمان. دروشمی گەورەترین بزووتنەوەی ئازادی كە ئێستا نائاساییە، جۆرێك هاواری خەبات كە بەشێوەی بەربڵاو هەڵیبژاردووە، بەزمانی ئەفریكانس ئەبێت بە “مایی بایی” واتە ئەفریقا بگەڕێوە. سەرجەم ئایدیاكانی هەستانەوە لەوێدا دەبینی. ئەگەر چاو لە كۆتاییەكانی كتێبی كۆنسێرڤات بكەیت ئەبینی ئەم ئایدیایە بە شێوەیەكیتر دەردەكەوێتەوە، بەڵام لە راستییدا ئەو شتەی كە لەكاتی كفن كردنی دووبارەی پیاوە نەناسراوەكەدا دەیڵێن: هەرچەند كە ئەو بێناو و بێ كوڕە، سەرجەم منداڵەكانی كەسانیتر و دەورووبەری منداڵی ئەون. بە دەربڕینێكیتر، داهاتوو. بەڵام ئەو لەبەر ئەوان هەستابۆوە. ئێستا ئەو لە رێ‌ و رەسمێكی شایستەدا لە خاكدا ئارامی گرتووە. بووە بە خاوەنی ئەو خاكە. پێشنیار دەكرێت شتێك بچێنن، شتێك كە گەشە بكات.
• ئەم ناوەرۆكە لە یەكێك لە كورتە چیرۆكەكانتدا دووبارە بۆتەوە، مەترێك لە وڵات.
– بەڵێ‌ دووبارە كردنەوەیەك بە شێوەی پێچەوانە. مەترێكم چەند ساڵ پێش كۆنسێرڤات نووسی، سەیر ئەوەیە ئەو كورتە چیرۆكە بە پێی رووداوێكی حەقیقی نووسراوە.
• مەرگ بەدوای خۆیدا رات دەكێشێت و شەیدای خۆیت دەكات؟
– بەشێوەیەكی وشیارانە نە، بەڵام مرۆڤێك كە بیر دەكاتەوە چۆن دەكرێت شەیدا نەبێت؟ لەراستییدا مەرگ نهێنی ژیانە، وانییە؟ ئەگەر بپرسیت كە دەمرین چی روودەدات؟ بۆچی دەمرین؟ لەڕاستییدا پرسیار دەكەیت كە بۆچی دەژین؟ مەگەر ئەوەی كەسێك باوەڕی ئایینی هەبێت… بێ هیچ شیكردنەوەیەكی ئایینی، تەنها هەر ئەو باسەی لوتكەی ئەوێرێستە: من بۆ لوتكەكە سەردەكەوم، لەبەر ئەوەی لەوێیە. من دەژیم لەبەر ئەوەی ژیان وەك پێشكەشییەك، پێشكەش كراوە پێم. لە ڕاستییدا ئەمە وەڵام نییە، خۆ دزینەوەیە لە وەڵام. من لام وایە بەگشتی مەبەست لە بوونی من لەسەر زەوی ئەوەیە كە ژیان باشتر بكەم. پێشكەوتن واتە ئەمنتر كردن و ئاسوودە بەخشتر كردنی ژیان… كامڵتر كردن، بە گشتی ئەڵێم. بەڵام ئەمجۆرە پاساو هێنانەوە ناهێڵێت لە چەمكی مەرگ نزیتر بینەوە، وانییە؟ تەنها بنەمای سەرتر لە ئەزموونی مرۆڤایەتی ئەوەیە كە بە شوێن باشتر كردنەوەی چارەنووسی مرۆڤایەتییەوەیە بۆ بەرەكانی داهاتوو. بەڵام هێشتا ناتوانین پرسی سەرە لەبەرچاو نەگرین، ئێستا سەرەی تۆیە، دواتر سەرەی من، كەسێكیتر دێتە ژیان. مرۆڤ هیچكات لەگەڵ ئەم شتە رانایەت. لە ژیانی خۆمدا، جۆری روانینی خۆم و كەسانیتر بۆ مەرگ تووشی سەرسووڕمان و نیگەرانیم دەكات. شتێكی زۆر ناخۆشە كەسێك جوانە مەرگ بێت، كارەساتە، هەمووان لایان وایە ئەو گەنجە ناكام بووە، مرۆڤ بیر لەسەرجەم ئەو بەڵێنیانە دەكاتەوە، بەتایبەت- ئەمە قسەیەكی ناشیرینە- بەڵام بەتایبەت دەربارەی كەسە ریزپەڕ و جیاوازەكان، مرۆڤ دەبینیت، زەینیان لەناو دەچێت، لەت لەت دەبن، حەز دەكەن بمرن، كەسانیتریش حەز ئەكەن بمرن كە لە هەردوو حاڵدا ترسناكە. ئاخۆ ئەمە واقعی مەرگە كە ناتوانین وەریبگرین؟ دەڵێین ترسناك و كارەساتە لەبەر ئەوەی كەسێك جوانەمەرگ بووەو ئەڵێن ترسناكە لەبەر ئەوەی كەسانیتر زۆر دەژین.
• تۆ ئایینیت یان عارف؟
– من بێ خودام. تەنانەت بە خۆشم ناڵێم لائیك. بێخودام بەڵام لام وایە وەك سروشت ئاییندارم، رەنگە زۆریش ئاییندار بم. ئەوكاتەی سی و دوو و سی وسێ ساڵە بووم، زۆرم حەز لە كتێبەكانی سیمۆن ویل بوو كە وای لێكردم ژیانم بچێتە قۆناغێكیترەوەو ژیانی گۆڕیم. سەرەنجام فەلسەفە ئاینیەكەی لە هەر ئەو شوێنەی كەبووم رەهای كردم. بەڵام هەست دەكەم لە نووسینەكانیدا شتێك هەیە كە وەڵام بە پێویستییەكانی من”پێویستیە بنەڕەتیەكانم” دەداتەوە. سیمۆن ویل زۆر سەیر نووسیویەتی. نەمتوانی بەو رێگایەی ئەودا بڕۆم.
• رات چیە دەربارەی كانێر كرۆز ئۆبراین كە ئەڵێت لە كچی بێرگێردا سیبەی مەسیحییەت دەبیندرێت؟
– بیری لێدەكەمەوە. لام وایە ژمارەیەكی زۆر لە هاوڕێكانم، ئەوانەی باش دەمناسن بەم قسەیە پێدەكەنن و پێ كەنیون لەبەر ئەوەی دەزانن من باوەڕم بە خودا نییە، بەڵام ئۆبراین داویە لەخاڵێك كە لە مندا هەیە، تەنها حەزێكی تایبەتی قەشەیەك- لەوە زیاتر نییە- . رەنگە ئەگەر لە شوێنیكتر، بە شێوەیەكیتر گەورە بام، كەسێكی ئاینی و باوەڕدار دەبووم.
• لە كۆنسێرڤاتدا هەستانەوەی ئەو پیاوە رەش پێستە بوونی هەیە، دەربارەی ئەوە چی ئەڵێیت؟
– هەڵبەت تیۆری هەستانەوە تیۆری یۆنانییەكان و میسرییەكانە. مرۆڤ دەكرێت بێباوەڕی ئایینی باوەڕی بە نەستی (ناوشیاری) گشتی بێت.
• من بەوەم زانیوە هۆكارە هەستەكییەكان لە نووسینەكانی تۆدا جێگەی تایبەتیان هەیە: بۆن، ریشاڵە دەمارییەكانن ، حەزە سێكسیەكان، كاركردنی جەستە. تۆ دەربارەی ئەو كەسانەی كە پێگەیەكی تایبەتی كۆمەڵایەتییان هەیە نانانووسیت، دەربارەی چینی خۆش بژیوی ئەفریقای باشوور و ئەو شوێنە جوانەی كە لێی دەژین نانووسیت. لە راستییدا ئەوە دەبینم زۆربەی زۆری ئەو ژنە سپی پێستانەی لە كتێبەكانی تۆدا هاتوون لە باری جەستەیی و زەینیەوە شتێكی وایان نییە و لە چینی مامناوەندن. ئاخۆ ئەم كەسانە هێمان بۆ كۆلۆنیالیستە سپی پێستەكانی وڵاتەكەت؟
– من بەم شێویە دەربارەی كەسەكان دادوەری ناكەم. بەدەر لەمانەش، خۆم ژنێكی سپی پێست و داگیركار و كۆلۆنیالیستم، واتە باو باپیرانم كۆلۆنیالیست بوون. رەنگە لە رێگای خۆمەوە زۆر زیاتر لەوەی كە پێویستە خۆمان دەناسم. ئەگەر كەسێك تا رادەیەك بێ عەقڵ یان رووكەش بێت، هەندێ‌ سات تووشی دەمارگرژی و بێڕەحمی یان باوەڕ بە خۆ نەبوون دەبن. من لەمجۆرە شتانە نانووسم لەبەر ئەوەی لام وایە هەموو مرۆڤەكان خاڵی لاوازیان هەیە. كارەكتەرە رەش پێستەكانیشم فریشتە نین. هەموو ئەو دەورانەی لە كۆمەڵگایەك وەك كۆمەڵگای ئێمە دەگێڕدرێت، لە زۆربەی كۆمەڵگاكانیتر هەمان دەور دەگێڕدرێت، بەڵام لە كۆمەڵگای ئێمە بەرچاوترە. هەندێ‌ جار لەمجۆرە دەورانە بە سەر كەسەكاندا دادەسەپێندرێت. مرۆڤ تووش دەبێت. جۆرێك دەنگەدەنگی ئاساییەو مرۆڤ دەی بینێت و كارەكتەرەكانی منیش دەیبینن، كە خەریكن دەوری لە پێشدا بیرلێوەكراو، دەورێكی لەپێشدا ئامادەكراو دەگێڕن. بەڵام هەڵبەت ژمارەیەكی زۆر لە ژنان، بەتایبەت ژنانی كۆمەڵگای خۆم، بەهۆی ئەو رابردووەوە كە بوویانەو وایلێكردوون دواكەوتوو بمێنەوە، باشترین شت دەربارەیان ئەوەیە كە بوترێت لێیان ببوورین، ئەو جۆرە ژنانە لە ئەمریكاش هەن. بڕۆنە مۆڵێكی ئێرە، لەو ژنانە دەبینیت كە جلی زۆر رازاوەشیان لەبەرە، بەزۆری وا دەردەكەوێت نیگەرانن، تەمەن مامناوەندن دەوڵەمەند، دادەنیشن دە دوانزە جووت پێڵاو تاقی دەكەنەوە، دەبینی بەرەبەیانێك تا نیوەڕۆ لەوێ‌ دەمێننەوە، بڕیارێكی دژوار و قورسە، ئاخر باشتر وایە پاژنەكەی تۆزێك بەرزتر بێت یان رەنگە… ئەبێ دوو جووت بكرم؟ چەند شەقام ئەولاتر هەر لەم شارەدا، لە نیۆیۆرك كەسانێك هەن كە لەو پەڕی هەژاریدا دەژین. ئەی بۆچی كەس رەخنە لە ژنانی ئەمریكا ناگرێت بەو شێوەیەی رەخنە لە ژنانی ئەفریقای باشوور دەگرن؟ من لام وایە ئەمریكاییە دەوڵەمەندەكان نوێنەری جیاوازی چینایەتی و ناعەداڵەتین، لەحاڵێكدا لە ئەفریقای باشوور وا دادەنرێت كە هاوچینن و هەستی رەگەزییان هەیە.
• “مرۆڤە باشەكانی” ئەفریقای باشوور كێن و چین؟
– لە كتێبی كۆنترمدا “دونیای بێگانەكان” ئەم كەسانە بە ئاشكرا دەوری سەرەكی دەگێڕن و لەو كتێبە بەدواوە تا كارەكتەری “مرینگ” لە رۆمانی “كۆنسێرڤات” زۆر كەم دەبیندرێن. لە ئەفریقای باشوور ئەم كەسانە زۆر جێگای سەرنج نین و كەسانی زۆر باش نین، هەرچەند رەنگە خۆیان بە شێوەیەكیتر بیر بكەنەوە.
• بە ئەنقەست ئەوەندە ورد ناپەرژیتە سەر وردەكارییەكانی جەستەیی كارەكتەرەكانت؟ مرۆڤ هەست بە هێزی زەینی كارەكتەرە سەرەكییەكانت دەكات و ئەو هەستە دەستی پێدەدات بەڵام بەزۆری لە باری رواڵەتەوە زۆر باسیان لێناكرێت و شتێكی وایان دەربارە ناوترێت.
– من لام وایە نووسەر دەبێ زۆر كەم وەسفی فیزیكی و جەستەیی كەسەكان بكات. ریزپەڕ و جیاوازیش هەیە، ئیساك باشێویس سینگێر بێنە بەرچاوی خۆت. بەزۆری چیرۆكەكان بە وەسفی فیزیكی تەواو دەستپێدەكات و ئەگەر لە نزیكەوە چاو لەو وەسفانە بكەین دەبینین زۆر وەسفی جوانن. ئەو بە لووتی لارەوە یان ریشی سووری لوول، ناو لە كارەكتەرەكان دەنێت. من پێم باشترە وەسفی فیزیكی، هەركات دەیهەوێت بەشەكانیتر لەدەقدا رابكێشێت، لەت لەت دەردەكەوێت. بۆوێنە رەنگە چاوی كارەكتەرێك كاتێك وەسف بكەن كە كارەكتەرێكیتر راستەوخۆ چاو دەبڕیتە ناوچاوی. ئەو وەسفە سروشتی دەردەكەوێت… تایبەتمەندی ئەو ساتە تایبەتەی گێڕانەوەیە. دواتر رەنگە دیمەنێكیتر ببێت كە كارەكتەرێك كە چاوی وەسف دەكەیت، گوشاری دەروونی لەسەر بێت و بە پێ كوتانە سەر زەوی یان خواردنی نینۆكی ئەو گوشارە بخەیتە روو، جا ئێستا ئەگەر شتێكی تایبەت بە دەستییەوە بێت، كاتی ئەوەیە دەربارەی قسە بكەیت. ئەم قسانەم دەربارەی ئەو شتانەیە كە پلانتان بۆ داناوە. بەڵام بە زۆری پلان دانانێك لە ئارادا نییە. وەسف خۆی لە كاتی گونجاودا دەردەكەوێت.
• لە پێشەكی چیرۆكە هەڵبژێردراوەكاندا دەڵێیت:” ژنانە بوونم هیچكات نەبووە بە هۆی ئەوەی بە شێوەیەك پەراوێز كەوم. لەڕاستییدا تەنها پەیوەندی راستگۆیانەم لەگەڵ ژیانی كۆمەڵایەتی(ئەوكاتەی گەورە دەبووم) لە رێگای ژنانە بوونمەوە بوو. لە تازەلاویدا هەستم دەكرد لانیكەم وەك كەسانیتر سەرنجڕاكێشم، دەتوانم هات‌وچۆی ئەملاو ئەولا بكەم و پەیوەندیم لەگەڵ خەڵكانیتر هەبێت. قژەكانی “راپۆنزل” خوازەیەكی گونجاوە بۆ ئەم ژنانە بوونە: لەو رێگاوە توانم (لە دەروونی خۆم) بێمە دەرەوەو بە جەستە لەگەڵ ئەوانیتر و بە زەین لە تەنیاییدا بژیم.” دواتر هەروەها ئەڵێیت:” گومان بكەن لە گۆشە نشینی تایبەتی ژنێكی بیرمەند، ئەگەر ئەو ژنە نووسەر بێت ، لەبەر ئەوەی ئەو كاتەی بابەتێك تایبەتە بە توانای زەینی نووسەرەكانەوە، سەرجەم نووسەرەكان كەسانێكی دوو رەگەزین.” رەوتی نووین چییە، بوونەوەری دوو رەگەزی چییە؟ ژنان خەبات ناكەن؟
– خۆم دەپارێزم لەوەی ئەزموونەكانی خۆم بگشتێنم. ئەزموونەكانم خۆم بكەم بە راستییەك بۆ سەرجەم ژنان بەلای منەوە خۆ بەزل زانینە. من هیچكات وەك ژنێك كێشەی گەورەم بۆ نەهاتۆتە پێش و ئازارم نەچێشتووە. ناتوانم بیر لەوە بكەمەوە لە هەموو تەمەنمدا پیاوێكم خۆش بوێت كە بە چاوی سووك لە ژن دەڕوانێت. هیچكات شتێكی وام بۆ نەهاتۆتە پێشەوە. لە وەها دۆخێكدا جەنگ روو نادات. زۆر باش ئەزانم چیم ئەوێت لە پەیوەندیم. ئەو پیاوانەی لە ژیانمدا بوون بەچاوی رێز و یەكسانییەوە چاویان لێكردووم. هیچكات گومانم لەوەدا نەبووەو پێویست نەبووە بۆی بجەنگم. من كەسێكم كە ژیانێكی ژنانەی بووە. بە دەربڕینێكیتر، دووجار چوومەتە ژیانی هاوسەرییەوە، منداڵم گەورە كردووە و سەرجەم ئەوكارانەی ژنان دەیكەن منیش كردوومە. هیچكات خۆم لەو كارانە نەدزیوەتەوە كە وا دەزانن زۆرم حەز لەوكارانەیە، نە وانەبووەو واش نابێت. بەڵام كە دەڵێم نایگشتێنم بە سەر هەموو ژناندا لەبەر ئەوەیە كە ژنانێكی وریا و زیرەك لە دەرووبەرومدا هەیە كە دەبێ خەبات بكەن و لەڕاستییدا ئەم ژنانە وام لێدەكەن زوو هەڵچم. كە منداڵەكانم بچووك بوون لام وایە تا رادەیەك بە شێوەیەكی بێڕەحمان رەفتارم دەكرد. لام وایە نووسەر و هونەرمەندەكان زۆر بێڕەحمن و ئەبێ واش بن. بۆكەسانیتر ناخۆشە بەڵام نازانم چۆن و لە چ رێگایەكیترەوە ئەتوانین كارەكان ببەینە پێشەوە. لەبەر ئەوەی خودی دونیا شوێنك بۆ مرۆڤ نادۆزێتەوە. كە منداڵەكانم بچووك بوون دەیانزانی لە سەعاتی كاریمدا ئەبێ تەنها بم، ئەگەر لە قوتابخانە دەگەڕانەوە دەیانبینی درگاكەم داخراوە، ئەڕۆیشتن و دەنگی رادیۆیان بەرز نەدەكردەوە. كەسانیتر رەخنەیان لێدەگرتم، بەڵام منداڵەكانم خۆیان شتێكی وایان نەدەگوت. من هێشتا كاتم هەبوو بەوەی لەگەڵ ئەوان بم و كاتم بۆ ئەوان هەبوو، ئەوەی من پێم بەخشین بەلای خۆمەوە لەخۆبردوویی نەبوو، بەڵكوو ژیانی كۆمەڵایەتی بوو. لەگەڵ پیرتر بوونم كەمتر حەزم لە هەڵسووكەوت و ژیانی كۆمەڵایەتییە. كە گەنج بووم، ساڵانێكی زۆر بوو كە چێژێكی زۆرم وەردەگرت لە چوونە میوانی و ئەملا و ئەولا چوون و شەوانە لە دەرەوە بوون. بەڵام سەرەنجام رۆژی دواتر بە هۆی هیلاكی و ماندووییەوە نەمدەتوانی كار بكەم و ئەم شتە وای دەكرد خۆشی شەوی پێشتری لێ تاڵ دەكردم. بەمشێوەیە لەگەڵ تێپەڕبوونی كات زیاتر لە هەمووان دوور كەوتمە. لەبەر ئەوەی نووسەرێك تەنها كاتەكانی بۆ نووسین نییە، بەڵكوو كاتی دەوێت بۆ ئەوەی بیر بكاتەوە، بیركردنەوەكانی رێك بخات و شتێكیان لێدەر بێنێت. بۆ ئەم شتانە هیچ شتێك لە كۆمەڵگا خراپتر نییە و كۆمەڵگا خراپترین دوژمنی تەنهاییە. هیچ شتێك لە كاریگەری مرۆڤەكان خراپتر نییە، هەرچەند رەنگە چێژبەخش بێت.
• بۆ نووسین پێویستت بە چ هەل‌ومەرج و باروودۆخێك هەیە؟
– ئەوی راستی شوێنێكی زۆر تایبەت یان ژوورێكی وام ناوێت كە گەورە بێت و مێزێكی جوانی تێدا بێت. لە ژیانمدا سەردەمانێك بووە ، ئااای خوایە، ژنێكی گەنج بووم كە لە مێردەكەم جیاببوومەوە بە منداڵێكی بچووكەوە، لە ئەپارتمانێكدا بە تەنكە دیوارەوە دەژیام و رادیۆكەی ئەوبەر بەڕاستی شێتی كردبووم. ئێستاش ئەو دەنگانە زۆر ئەزیەتم ئەدەن. دەنگی مرۆڤ ئەزیەتم نادات. بەڵام مۆسیقای لاوەكی و خشە خشی رادیۆ و تەلەفیزیۆنی دراوسێ… دەی ئەمانە، ئێستا لە خانوویەك دەژیم لە پەراوێزی شاردا و ژوورێكم هەیە. درگایەكی هەیە كە راستەوخۆ دەخواتە سەر باخچە- بۆ من شوێنیكی زۆر خۆشە- دەتوانم بێ ئەوەی كەس بەرم پێبگرێت بڕۆم و بێم و كەس ئاگای لە هات و چۆم نەبێت. بەرلەوەی دەست بكەم بە نووسین تەلەفۆنەكە دەكێشمەوەو دواتر كە تەواو بوو جارێكیتر لێدەدەمەوە. ئەگەر كەسێك بەڕاستی كاری پێم بێت جارێكیتر تەلەفۆن دەكاتەوە. هەر ئەمە.
• بە زۆری چەنە كار دەكەیت؟ یان باشتر بڵێم هەموو رۆژێك كار دەكەیت؟
– ئەگەر خەریكی نووسینی كتێبێك بم هەموو رۆژ كار دەكەم. نزیك بە چوار كاتژمێر بەردەوام دەنووسم، دواتر ئەوەندە ماندوو دەبم مێشكم ئەوەستێت و هیچم بۆ ناكرێت. هەڵدەستم و دەچم بەلای كاریترەوە. من نازانم مەبەستی ئەو نووسەرانە چییە كە ئەڵێن نووسەر نابێت كاری ئاسایی بكات و لێیان تێناگەم. لەبەر ئەوەی لام وایە پێویست مرۆڤ پەیوەندی لەگەڵ جیهانی دەوروبەری پەیوەندی هەبێت و شتەكان لە نزیكەوە هەست پێبكات. گۆشە نشینی و خەڵوەگرتنی نووسەر مەترسیە بۆ سەر نووسینەكانی. هەندێ‌ جار زۆر نزیك ئەبێتەوە لە شێتێتی. كارە ئاساییەكان، جل بردنە جل شۆری، خاوێنكردنەوەی باخچە، كارە زۆر ئاساییەكان، زۆر بەكەڵكە بۆ نووسەر. دەكرێت بڵێن مرۆڤ دەگێڕنەوە بۆناو كۆمەڵگا. جیهان زیندوو دەكەنەوە. لە كاتی نووسینی ئەم دوو كتێبەی دواییمدا یاسایەكم بۆ خۆم دانا، شەوانە بەرلە خەو، نیو سەعات پێش خەو، ئەوەی لە رۆژدا نووسیمە دەیخوێنمەوە. بەڵام دواتر مرۆڤ حەز دەكات پێیاندا بچێتەوەو دەستكاریان بكات، نیگەرانیان دەبێت، ئەویش لەشەودا. بەڵام بۆ من زۆر باشە. بەڵام ئەگەر لەگەڵ هاوڕێكانم بم یان بڕۆمە دەرەوە، نایخوێنمەوە. راستی ئەوەیە ئەو كاتەی خەریكی نووسینم ژیانێكی تەریك كەوتووم هەیە.
• چ سەعاتێك لە رۆژدا بەلاتەوە باشترین كاتە؟
– بەیانیان كار دەكەم. باشترین كاتە بەلامەوە.
• نووسینی كتێبەكانت چەند دەخایەنێت؟
– لە كتێبێكەوە بۆ كتێبێكیتر جیاوازە. كەمترینیان هەژدە مانگ بوو. كچی بێرگێر چوار ساڵی خایاند.
• چوار ساڵ كاری بەردەوام؟
– یەك دوو شتیتریشم نووسی، كورت بوون. هەندێ‌جار كە دەنووسم، دەوەستم. وەستان دروست دەبێت لە كارەكانمدا. كارەكانم ناچێتە پێش. كەوایە دەینێم بەلاوەو كورتە چیرۆك دەنووسم، چەند بیرۆكە بۆ كورتە چیرۆك بە مێشكمدا دێت و بەخۆیەوە سەرقاڵم دەكات. بەڵام بەداخەوە تا پیرتر دەبم بیرۆكەم بۆ كورتە چیرۆك كەمتر دەبێت، سووژەی كەمتر دەبینمەوە بۆ كورتە چیرۆك. پێشتر پڕ بووم لەم سووژانە. ئێستە لەم رووەوە ناڕەحەتم، لەبەر ئەوەی كورتە چیرۆكم پێخۆشە.
• دەربارەی وەستان لە نووسیندا قسە بكە، كێشەیە بەلاتەوە؟
– نە، دەبینیت ئەڵێم نە، بەڵام بە ترس‌و لەرز و دوودڵییەوە، لەبەر ئەوەی مرۆڤ هەموو دەم هەست دەكات ئەو شەیتانە لە پشتەوەی مێشكیەوە خۆی شاردۆتەوە.
• نووسینی كورتە چیرۆك وەك پرۆڤەكردن و خۆ ئامادە كردن وایە بۆت؟
– بەڵێ، هەندێ‌ جار نووسینی كورتیتر دەنووسم كە چیرۆك نییە، بەزۆری هەندێ‌ شت دەربارەی سەفەر، بەلامەوە جۆرێك پشوودانە. ئەوكاتەی كچی بێرگێرم دەنووسی دوو دانە لەم نووسینانم نووسی كە چیرۆك‌و گێڕانەوەیی نین.
• تەنانەت حەسانەوەی بچووكی مێشكیشت نییە؟ وەك خواردنەوەی بەردەوامی چای و شتی لەمجۆرە.
– نە، بەهیچ شێوەیەك. نەك ئەوەی بڵێم وەستان بەڵكوو… كێشەی رۆشتنم هەیە لە قۆناغێكەوە بۆ قۆناغێكیتر، بەتایبەت كاتێك بەشیكم زۆر بەدڵ بێت. بۆ وێنە كاتێك بەشی “برێندت و ڤۆرمیۆلن”م تەواو كرد، دەزانی خۆ هەمان نەتەوە خوازی كچی بێرگێر كە زۆر باش تەواو بووە، زۆر زوو نووسیم و هەموو شت زۆر زوو تەواو بوو. لەم بەشە دەترسام، دەترسام نەوەك تۆنی دەنگەكان و شتەكانیتر بە باشی دەرنەچێت. دواتر هەرچەند دەمزانی لەوە بەدوا ئەو بەشانەی دەینووسم چین، بەمەشەوە بەلامەوە دژوار بوو لەو فەزاو ئەتمۆسفێرە بێمە دەرەوەو هەستم دەكرد ناتوانم ئەم كار بكەم، دوای ئەوە چەند رۆژێكی زۆر ناخۆشم هەبوو، لەبەر ئەوەی كە شتێكی وا دێتە پێشەوە، واز لە كارەكەم ناهێنم و ناچم بەلای كاریترەوە. هەر ئەو ماوەیەی كە خەریكی نووسینم لاپەڕەیەكی سپیم لەبەردەستدایەو دادەنیشم، دواتر ئەو لەمپەرە تێدەپەڕێنم.
• رەوتێكی ئاسایی تۆ لە ژووری خەو یان ژووری دانیشتنەوە ناكێشێت بۆ ژووری كارەكەت بۆ ئەوەی پردێك دروست بكەیت لەسەر ئەو شقڵە ترسناكەی نێوان نووسین و نەنووسین؟
– نە، ئەوە زۆر باشە و خاڵی زۆر باشی هەیە كە مرۆڤ ئازاد بێت كاتی نووسینی خۆی دیاری بكات. باشترین كات بۆ نووسین بەیانیانە. لەبەر ئەوەی مرۆڤ لەخەو هەڵدەستێت و خودی ناوشیاری دەزانێت: ئەمڕۆ دەنووسم. هەركارێك بچووك كە ئەنجامی دەدەیت، وەك قسەكردن لەگەڵ خەڵكانیتر لەكاتی نانخواردنی بەیانیان، تەنها بە بەشێك بە جەستە و فیكرت ئەنجام دەدرێت و بیرت هەموو دەم لای شتیترە. ئەو كەسەی لەگەڵی دەژیت، مێردەكەم لەمێژەی بەم شتەی زانیوە. ئەزانێت كە لەكاتی نانی بەیانیدا، وتنی:” چی لەمە بكەین یان ئەوە چی لێ بكەین؟” یان ” ئەم نامە دەخوێنێتەوە؟” … دەزانێت كاتی ئەو پرسیارانە نییە. تووڕە دەبم و پێم ناخۆشە. ئەوكاتانە حەز ناكەم كەس هیچ داواكارییەكی لێم ببێت. ئەو كاتە نامهەوێت تەلەفۆن بكەم بۆ سۆپەرماركێت و داوای شت بكەم. تەنها دەمهەوێت وازم لێ بێنن نانەكەم بخۆم. پیاسە كردنم پێخۆشە، بەتایبەت لەناو باخچەكەدا. بەڵام زۆر جار لام وایە ئەمەش جۆرێك كات بەفیڕۆدانە لەبەر ئەوەی ئینسان گیایەك دەبینیت و دەبێت بوەستێت و هەڵی بكەنێت یان مێروولەكان دەبێنێت و لەخۆی دەپرسێت ئەم میروولانە بۆ كوێ‌ دەچن؟ كەوایە باشترین كار ئەوەیە بڕۆیتە ژووری كاركردن و درگاكە دابخەیت و دانیشیت و بنووسیت.
• زۆر بە نووسینەكانتدا دەچیتەوە؟
– هەرچەند كات زیاتر تێپەڕ دەبێت كەمتر پێیاندا دەچمەوە. كە گەنج بووم عادەتم وەهابوو سێ قاتی كاری كۆتاییەكەم بنووسم. ئەگەر چیرۆكێكم دەنووسی، سەرەنجامەكەی یەك لە سێی ئەوە بوو كە سەرەتا نووسیبووم. بەڵام سەرەتای كارەكە بەم شێوە بوو. كورتەچیرۆكەكان پرەنسیپی زۆر باشی پێداچوونەوەیان هەیە. مرۆڤ حەز ئەكات شتە زیادییەكان بخاتە لاوە.
• تا ئێستە رەخنەگرەكان بەكەڵكت هاتوون یان توانیوتە كەڵك لە رەخنەكانیان وەربگریت؟
– بەڵێن بەڵام ئەبێ ئەوە بزانیت كاری ئەوان هەموو كات دوای ئەوەیە كە نووسینەكەت بڵاو بۆتەوە. وا نییە؟ لەبەر ئەوەی كارەكە تەواو بووە. كاتێك لەگەڵیان رێ دەكەویت كە بە ئەنجامەكەی تۆ بگەن. بە دەربڕینێكیتر، ئەگەر رەخنەگرێت بە شتێك ناڕازی بێت و رەخنەی لە شتێك گرتووە تا ئەو جێگای توانام بووە و لام وایە باشیش بووە، ناكەومە ژێركاریگەری رەخنە تیژەكانی ئەوەوە. بەڵام ئەگەر گومانم هەبێت دەربارەی كارەكتەرێك یان شتێكیتر و رەخنەگرێكیش باس لەم گومانە بكات، بە خۆشحاڵییەوە رێز لە رەخنەكانی ئەو رەخنەگرە دەگرم.
• زۆرجار نووسەران ئەڵێن رەخنەكان ناخوێننەوە لەبەر ئەوەی رەخنەو تاوتوێ‌ كردنێكی خراپ لە ناو دە لێكدانەوەی باشدا، ویرانگەرە.
– ئەمە لەكەسێكەوە بۆ كەسێكیتر جیاوازە. كەسانێك هەن كە توانای لێكدانەوەو هەڵسەنگاندنی كتێبیان نییە، یەك دوو كەس هەن كە كتێبەكانمیان پێدەدەم بیخوێننەوە، رەنگە دەستنووسیشیان پێ بدەم. كە خەریكی خوێندنەوەین نیگەرانم و تووشی دڵەڕاوكەن، بەدڵنیاییەوە كەسانێكی تایبەتن كە ئەگەر بە كتێبەكەمدا بچنەو بڵێین خراپە، زۆرم پێناخۆش دەبێت.
• بەڵام هێشتا رووی نەداوە بۆت.
– نە هێشتا، پەنجا شەست وتاری رەخنەیی دەربارەی كچی بێرگر بڵاو بۆوە هەڵبەت تەنها دوو دانەیان خراپ بوو.
• تۆ وتت نووسەرەكان دوو رەگەزیین. جیاوازی دەكەیت لە نێوان نووسینی پیاوانەو ژنانەدا، بۆ وێنە ڤیرجینیا ۆڵف و هێمێنگوای؟
– هێمینگوای نموونەیەكی زۆر توندڕەوانەیە، نووسینەكانی بەڕاست نموونەی دەركەوتنی پیاوانەیە، وانییە؟ هێنری جەیمز دەكرا ژن بێت، ئەی، ئێم فۆرستەریش هەروەها. جۆرج ئیلیوت دەكرا پیاو بێت. پێشتر زۆر زیاتر پێداگریم لەوە دەكرد كە مێشكدا رەگەز و نێر و مێ بوون بوونی نییە، بەڵام ئێستا كەمتر. لات وایە كەوتوومەتە ژێر كاریگەری هەڵسووكەوتی ژنان بە گشتی بەرامبەر بە خۆیان؟ لام وانییە شتێك ببێت ژنانی نووسەر نەزانن. بەڵام رەنگە بكرێت بڵێین هەندێ‌ سووچی ژیان هەیە ژنان باشتر لێی تێدەگەن و دەتوانن باشتر بینووسن. لە لایەكیترەوە لە خۆم دەپرسم نووسەرێكی ژن هەیە، هەرچەند نووسەرێكی ناودار و گەورەش بێت، بتوانێت دیمەنی سەرنجڕاكێشی جەنگ لە جەنگ و ئاشتیدا بنووسێت؟ تا ئەو شوێنەی كار، بەرهەمی نووسەرێكی راستەقینە بێت، لام وا نییە رەگەزی نووسەر و ژن و پیاو بوونی زۆر گرنگ بێت. لام وایە شتێك وەك نووسراوەی “خانمەكان” یان نووسراوەی ژنانەو نووسەری ژن و شاعیری ژن بوونی هەیە. پیاوانێكیش هەن وەك “هێمێنگوای” كە “پیاوانەبوون” زیادە لە ئاستی پێویست لە نووسراوەكانیدا رەنگیداوەتەوە. بەڵام بۆ بەشێكی زۆر لە نووسەرانی پیاو كە من كارەكانیان پەسەند دەكەم، ئەم شتانە بوونی نییە. شتێك نییە كە نەیزانن. بەدەر لەمانە چاو لە كارەكتەری “مولی بلۆم” بكە. لام وایە دەرخەری ئەو پەڕی توانایی هەردوو رەگەزە كە دەتوانن لە دەروونی یەكتر تێبگەن و بیگوازنەوە. كەس باشتر لە نووسەرانی ژن دەربارەی ژنانی نەنووسیوە. جۆیس چۆنی دەزانی و چۆن ئاگاداری ئەم شتانەبوو؟ خوا ئەزانێت لە كوێوە زانیویەتی و گرنگ نییە چۆنی زانیوە. كە ژنێكی گەنج بوو، كچێكی گەنج بووم، چێركێكم نووسی دەربارەی پیاوێك كە پای لە دەست دابوو. نەیدەتوانی باوەڕ بەوە بكات كە پێی بڕدراوەو پێی نییە و ئەم شتەی بۆ هەرس نەدەكرا، تا ئەوەی لە سەردەمی چاكبوونەوەدا لە حەوشە دانیشبوو و بینی كوللەیەك پێی نییە، دەیبینی كوللەكە هێشتا شەڕی دەكرد لەبەر ئەوەی لای وابوو هێشتا پای هەیە. نازانم ئەو چیرۆكەم چۆن نووسی. تا رادەیەك خۆم خستبووە ناو چیرۆكەكەوە. جارێك دەروونناسێك پێی گوتم ئەمە چیرۆكێكی زۆر باشە دەربارەی هەست بە ئێرەیی كردن بەرامبەر بە ئەندامی نێرینەی پیاو.
• شتێك هەیە جا نوێ بێت یان نوێ‌ نەبێت، كە حەز بكەیت و ئاواتە خواز بیت لە داهاتوودا بینووسیت؟
– هەموو كات ئاواتە خوازم رێگایەكی دروست بدۆزمەوە بۆ ئەوەی توانای تەواو كردنی ئەو بابەتەم بێت كە سەرقاڵیم. كێشەی سەرەكی من ململانێنی نووسینە. هیچ هەستێك لەگەڵ ئەو هەستەدا بەراورد ناكرێت كە وا هەست بكەیت شتەكان كوت و مت وەك ئەوەی دەتویست هاتوونەتە دی. ناتوانم بڵێم لەبەر ئەوەی وام پلان داناوە ئەوەی دەمهەوێت لە كتێبێكدا بیڵێم، كە وایە ئێستا دەزانم چی دەڵێم لە كتێبی داهاتوومدا و هەموو شتێكی لە دەروونمدا ئامادەیە، لەبەر ئەوەی كتێبی دواتر خواستی جیاوازی هەیەو تا ئەو كاتەی نەزانم ئەبێ چۆن بینووسم، ناتوانم بە دروستی ئەنجامی بدەم.
• بە دەربڕینێكیتر تا وەڵام نەدۆزیتەوە، پرسیار ناكەیت؟
– بەڵێ حەز ئەكەم بەگشتی بڵێم رۆمانێك یان هەر چێرۆكێك دەبێ چۆن بێت. قسەیەكی كافكا دێنمەوە. كافكا ئەڵێت:” كتێب دەبێ تەورێك بێت كە دەریای سەهۆڵ بەستووی دەروونی ئێمە ورد بكات.”

سەرچاوە: 11 گفتگو با یازدە زن نویسندە.
مترجم: مهرشید متولی
انتشارات نیلوفر
چاپ اول پاییز 1389(2010)

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button