فرانسوا ساگان رۆژی 21 جێنیڤەری 1935 لە گوندێك لە باشووری رۆژئاوای فەرانسە لە بنەماڵەیەكی دەوڵەمەند لە دایكبوو، دوای كۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی دووهەم لەگەڵ بنەماڵەكەی روویكردە پاریس. ناوی راستەقینەكەی فرانسوا كوارە یە. ناوی خوازراوی خۆی لە “پرەنسیس ساگان” لە رۆمانی “گەڕان بە شوێن كاتی لە دەستچوو دا وەرگرتووە.
فرانسوا ساگان نەیتوانی لە تاقیكردنەوەی چوونە ناو زانكۆی سۆربۆن دەرچێت ساڵی دواتر لە هاوینی 18 ساڵیدا واتە ساڵی 1954 كتێبی سڵاو بۆ غەمی نووسی كە زۆر زوو بوو بە رۆمانێكی پڕفرۆش و سەركەوتنی گەورەی بەدەست هێنا. ناوی ئەم كتێبەی لە شیعرێكی پۆل ئێلوار ەوە وەرگرتووە. ساڵی 1957 لە رووی كتێبی سڵاو بۆ خەم وە فیلمێكی دروستكرا كە دێبۆراكێر، دەیڤید نیۆن و جین سیبێرگ تێیدا دەوریان دەگێڕا و لە فەرانسە سەركەوتنی زۆری بەدەست هێنا. دەوترێت ئاوازی The sound of silence ی سیمۆن و گارفانكل لە ژێر كاریگەری ئەم كتێبەدا نووسراوە.
رۆمانی دواتری (پێكەنینی دڵنیایی) ساڵی 1959 چاپ بوو كە ئەویش زۆر سەركەوتوو بوو.
ساگان ستایلێكی كلاسیكی، كۆنتڕۆڵ كراو و سادەی هەیە و لە سەردەمێكدا كە رۆمانی نوێ فۆڕم و ستایلی زاڵ بوو، ئەو رۆمانی فەرانسەوی دەروونناسیانەی دەنووسی. كەسایەتییە تەنهاكانی ساگان، وەك كارەكتەرەكانی ژان پۆل سارتەر و سیمۆن دوو بۆڤار، لە پەیوەندییە تاكەكەسییەكانی خۆیان تووشی خەمۆكی و یەئس بوون و هەوڵیان ئەوەیە تێپەڕبوونی كات لەگەڕان بە شوێن بەختەوەریدا پڕ بكەنەوە. كارەكتەرەكانی رەمز و سیمبۆلن لە تازەلاوانی خەمۆكی و تا رادەیەك وەك كەسایەتییەكانی جی-دی سالینجەر دەچن.
هەرچەن پیاوان لەسەر ئەو باوەڕەن رۆمانەكانی فرانسوا ساگان لە رۆمانە سەرقاڵكەرەكاندا پۆلێن بەندی بكەن، رەخنەگرە فێمنیستەكان لەسەر ئەو باوەڕەن رۆمانە سەرەتاییەكانی زیاتر شیاوی بایەخن.
فرانسوا ساگان لە دەیەی 1960 دا زیاتر روویكردە شانۆنامە نووسین و تواناكانی خۆی لە نووسینی دیالۆگی پێكەنین هێنەرانە خستە روو.
ساگان لە ماوەی ژیانیدا دەیان شانۆنامە، وتار و روان و شیعری گۆرانی نووسی و ژمارەیەكی زۆر لە شانۆنامە و رۆمانەكانی كرایە فیلم.
فرانسوا ساگان لە تەمەنی 69 ساڵیدا و سێپتەمبەری 2004 بە هۆی شێرپەنجەی سییەكانەوە ماڵئاوایی لە ژیان كرد.
- چۆن بوو لە تەمەنی 18 ساڵیدا دەستت كرد بە نووسینی “سڵاو بۆ غەم”؟ لات وابوو چاپ ئەبێت؟
تەنها ئەوە بوو دەستمكرد بە نوسوین. زۆرم حەز لە نووسین بوو و كاتی بەتاڵیشم زۆربوو. بەلای خۆمەوە وتم ئەمە جۆرێك بەرزە فڕییە، كچانی هاوتەمەنی من كەمتر كاتی خۆیان بۆ شتی وەها تەرخان دەكەن، هیچكات ناتوانم تەواوی بكەم. بیرم لە “ئەدەب” و كێشە ئەدەبییەكان نەدەكردرەوە و تەنها بەخۆم دەگوت ئاخۆ بەڕادەی پێویست ئیرادەم هەیە بۆ تەواوكردنی و بیرم لەم شتە دەكردەوە.
- سەرەتا بە ناتەواوی وازت لە كتێبەكە هێناو دواتر دەستت پێكردەوە؟
نە حەزێكی زۆرم بۆ نووسین هەبوو، هیچكات هیچ شتێكم ئەوەندە پێ خۆش نەبووە. كە دەمنووسی بەخۆمم دەگوت زۆر باش ئەبێت ئەگەر چاپ بێت و بەخت یاوەرم دەبێت. سەرنجام تەواو بوو و لام وابوو شتێكە كەس وەری ناگرێت. دواتر خۆم و كتێبكەم پێ سەیربوو.
- لەمێژبوو حەزت دەكرت شتێك بنووسیت؟
بەڵێ، چیرۆكی زۆرم خوێندبۆوەو دەخوێندەوە. لام وابوو هەموو كەس حەز بە نووسینی چیرۆك دەكات و ناكرێت كەسێك حەز بە نووسینی چیرۆك نەكات. بیرم لەوە دەكردەوە چەند سەرنجڕاكێش و خۆشە لەبری ئەوەی ئینسان بچێت بۆ شیلی و لەگەڵ ژمارەیەك گەنجی شەقاوەدا بێت، لەپاریس دانیشێت و رۆمان بنووسێت.
- خێرایی پێش چوونی كارەكانت چۆن بوو؟ پێشتر بیرت لە چیرۆكەكە كردبۆوە؟
لە سڵاو بۆ غەمدا تەنها شتێك كە سەرەتای كارەكە بیرم لێكردبۆوە كارەكتەربوو، كچێك. تا ئەو كاتەی دەستم نەكرد بە نووسین بەڕاستی شتێكی ئەوتۆم نەدەزانی. بۆ ئەوەی ئایدیایەك بە مێشكم بگات دەبوو دەستم بە نووسین كردبا. سڵاو بۆ غەمم لە ماوەی دوو سێ مانگدا نووسی و رۆژی دوو سێ كاتژمێر كارم دەكرد. پێكەنینی دڵنیایی وەها نەبوو. چەند یادداشتێكی بچووكم نووسیبوو و دوو ساڵ بوو بیرم لێدەكردەوە. كە دەستم پێكرد، ئەمجارەش رۆژی دوو سێ سەعات دەمنووسی و زۆر خێرا دەچووە پێش. كە كەسێك بڕیاردەدات بە پێی بەرنامە بچێتە پێشەوەو بنووسێت ئەو بەرنامە بەڕاست جێبەجێ دەكات، زۆر خێرا دەنووسێت. لانیكەم من وابووم.
- بۆ لێكدانەوەو تاوتوێ كردنی ستایلەكەت زۆرت كات تەرخان كرد.
نە، زۆر كەم.
- كە وایە دوو رۆمانی تۆ بەگشتی پێنج شەش مانگ زیاتری نەخایاند؟
نە، رێگایەكی زۆر باشە بۆ پارە پەیداكردن!
- وتت گرنگترین شت بەلای تۆوە بۆ دەستپێك كارەكتەرێكە؟
كارەكتەرێك یان چەند كارەكتەر، یان نەخشە و پلانێك بۆ چەند دیمەن تا ناوەڕاستی كتێبەكە، بەڵام كاتی نووسین هەموو ئەم شتانە دەگۆڕدرێت. بەلای منەوە پرسی نووسین دۆزینەوەی ریتم و ئاهەنگێكی تایبەتە. من لەگەڵ ریتمی جاز بەراوردی دەكەم. زۆربەی كاتەكان ژیان جۆرێك پێشكەوتنی ریتمیكی سێ كارەكتەرە. بەم شێوەیە ژیانكردن شتێكی ئێختیاری دەرناكەویچت.
- كارەكتەرەكانت لە رووی ئەو كەسانەوە كە دەیانناسیت هەڵدەبژێریت؟
زۆرم هەوڵدا بزانم وێكچوون هەیە لە نێوان مرۆڤەكانی رۆمانەكەمدا لەگەڵ ئەو كەسانەی دەیانناسم و وێكچوونێك بدۆزمەوە، بەڵام هیچ شتێكم وام نەدۆزیەوە. لە وێناكردنی مرۆڤەكانی ناو كتێبەكاندا بە شوێن كەسێكدا ناگەڕێم لە دەرەوە هەبێت. هەوڵ دەدەم مرۆڤە خەیاڵییەكان جۆرێك بخولقێنم چما بوونیان هەیە. ئەگەر ئەو كەسانەی دەیانناسم بیانخەمە ناو رۆمانەكەمەوە وەها ماندووم دەكات كە ماندووێتی و بێزاری دەمكوژێت. لام وایە دوو جۆر فێڵ هەیە: یەكیان ئەو دەمامكانەی خەڵك لەبەردەم یەكتردا دەیپۆشن و ئەویتریان ئەو دەمامكەی نووسەر دەیكاتە روخساری واقعدا.
- كە وایە تۆ لات وایە جۆری كارەكتەرە كە راستەوخۆ لە واقعەوە وەرگیراوە؟
بەدڵنیایەوە هونەر دەبێ واقع تووشی سەرسووڕمان بكات. ئەبێ ئەو ساتانە هەڵبگرێت كە بەلای ئێمەوە تەنها یەك ساتن و بەس، ئەم ساتە لەگەڵ ساتێكیتر و بە شێوەی دڵخوازانە دەبن بە زنجیرەیەك لە ساتەكان كە بە هەستێك پێكەوە گرێ دراون. من لام وایە هونەر نابێت بۆ ئەوەی بەرامبەر سەرقاڵ بكات لاسایی واقع بكاتەوە. هیچ شتێك بە ئەندازەی رۆمانە بە ناو ریالیستییەكان لە واقعەوە دوور نین و ناواقعی نین. ئەم رۆمانانە وەك مۆتەكە وان. لە رۆمانێكدا ئەتوانین بە جۆرێك هەستی راستەقینە بگەین، هەستی راستەقینەی كارەكتەرێك، هەر ئەمە.
هەڵبەت روانگەی هەڵە بۆ هونەر ئەوەیە كە ئەدەبی بەرز ئەو ئەدەبەیە زۆر لە واقعەوە نزیكە، كە راستە بە پێچەوانەوەیە. ژیان ئاڵۆزەو هیچ نەزمێكی نییە، ئەدەب بە پێی یاسا و قانوون ئەچێتە پێشەوە.
- هەندێ چالاكی دیاریكراو لە ژیاندا تا رادەیەك وەك چالاكی جێكەوتوو دەردەكەون، بۆ وێنە پێشبڕكێی ئەسپ سواری. كە وایە بە پێی قسەكانی تۆ سوارەكان واقعی و راستەقینە نین؟
چالاكی كەسەكان بە تەواوی داگیریان دەكات، رەنگە سوارەكانیش هەر وابن، تكایە وا خۆتان نیشان مەدەن بەوەی كە ئەمە واقعەز زۆربەی كات وەك كارەكتەری رۆمانیان پێدێت. بەڵام بێ رۆمان وەك هوڵەندایی كە دەفرێت.
- دوای تەواو كردنی كتێبێك، كارەكتەرەكان لە زەینتدا دەمێننەوە؟ چۆن دادەوەری دەكەیت لە بارەیانەوە؟
كە كتێبێك تەواو دەبێت دەستبەجێ كارەكتەرەكانم فەرامۆش دەكەم و ئیتر هیچ هۆگرییەكم پێیانەوە نییە. هیچكات بە شێوەی ئەخلاقی دادوەری ناكەم لەبارەیانەوە. هەموو ئەو شتانەی دەیڵێم ئەوەیە ئەم كەسە گاڵتەجاڕە، شادە یان زۆر بێزاركەرە. ئەوەی كە دەربارەی كارەكتەرەكانم دادوەری بكەم زۆر ماندووم دەكات. تەنها ئەخلاقیاتی رۆماننوسێك، بنەما ئەخلاقییە جوانیناسانەكانییەتی. من كتێب دەنووسم، بە خاڵی كۆتایی دەگەم و هەم و غەمی من ئەمەیە و بەس.
- ئێدیتۆر زۆر بە كتێبی “سڵاو بۆ غەم”دا چۆوەو زۆری دەستكاری كرد؟
لە كتێبی یەكەممدا چەند پێشنیارێكیان پێدام. بۆ وێنە چەند كۆتاییەكی جیاوازم هەبوو كە لەیەكیاندا “ئان” نەدەمرد. سەرەنجام بڕیارماندا ئەو گێڕانەوەیەی كە “ئان” دەمرێت بەهێزترە، كتێبەكە بەهیزترە و باشترە.
- لەو رەخنانەی كە لە كتێبەكانت گیراوەو چاپ بووە هیچ شتێك فێربووی؟
ئەو رەخنانەی كە بونیاتنەرن تا كۆتایی دەیانخوێنمەوە، لە هیچكامیانەوە هیچ شتێكی تازە فێر نەبووم. بەڵام ئەو فەنتازیا و داهێنانانەیان تووشی سەرسووڕمانی كردووم. كۆمەڵێك چەمكیان دۆزیبۆوە مەبەستی من نەبوو.
- چ هەستێكت هەیە بەرامبەر بە “سڵاو بۆ غەم”؟
پێكەنینی دڵنیاییم زۆرتر خۆش دەوێت لەبەر ئەوەی دژوارتربوو. بەڵام سڵاو بۆ غەم زیاتر سەرقاڵی دەكردم لەبەر ئەوەی بەبیر هێنەرەوەی سەردەمێكی تایبەتی ژیانم بوو. یەك وشەشی ناگۆڕم. لەبەر ئەوەی نووسیومە و تەواو بووە.
- بۆ چی ئەڵێیت پێكەنینی دڵنیایی بەلاتەوە كتێبێكی دژواتر بوو؟
كە كتێبی دووهەمم نووسی، هەمان ئەو خاڵانەی وەرەق بەدەستمەوە نەبوو، نە كەش و هەوای پشووی هاوینەی كەنار دەریا، نە ورووژانێك كە لەو پەڕی پاكیزەییدا بە لوتكە دەگەیشت، نە هیچكام لە رەش بینییەكانی سیسیلی. هۆیەكیتری ئەوە بوو لەبەر ئەوەی كتێبی دووهەم بوو دژوارتر بوو.
- گۆڕان لە یەكەم كەسی تاكی سڵاو بۆ غەمەوە بۆ بگێڕەوەی سێهەم كەس لە كتێبی پێكەنینی دڵنیایی بەلاتەوە دژوار نەبوو؟
بەڵێ، سەخت و دژوارترەو زیاتر بەرتەسكت دەكاتەوەو وا دەكات زیاتر بە یاساكانەوە پەیوەست بیت. بەڵام بە رادەی نووسەرانیتر كێشەی بۆ دروست نەكردم.
- كاری كام نووسەری فەرانسەویت پێ باشە و بەلاتەوە گرنگە؟
نازانم. بەدڵنیاییەوە ستاندال و پرۆست. عاشقی چیرۆك بێژی و رەوتی گێڕانەوەیانم كە زۆر شارەزایانە دەنووسن. بە شێوەیەك پێویستم پێیانە. بۆ وێنە بە دڵنیاییەوە دوای پرۆست كۆمەڵێك كار هەیە كە دووبارە نابنەوە. پرۆست سنووری تواناكانی تاكی دیاری كرد، ئەو ئەگەرانەی كە لە پەیوەند لەگەڵ كارەكتەردا بوونیان هەیە، دەخاتە روو.
- چ شتێكی تایبەت لە كارەكتەرەكانی پرۆستدا سەرنجت رادەكێشێت؟
رەنگە دەربارەی كارەكتەرەكانی پرۆست، ئەوەی نایزانم زیاتر بێت لەوەی دەیزانم. من لام وایە ئەدەب بە باشترین دەربڕین و باشترین مانا ئەمەیە. بۆ وێنە دوای ئەو هەموو شێكارییە وردەی دەربارەی (سوان ) كراوە، خوێنەر هێشتا نەیتوانیوە لە بیركردنەوەو راستییەكانی ئەو بگات، ئەدەب دەبێ بەم شێوە بێت. كەس حەز ناكات بپرسێت (سوان) كێیە؟ هەر ئەوەی بزانن پرۆست كێ بوو بەسە. نازانم لە مەبەستم تێدەگەیت یان نە؟ مەبەستم ئەوەیە سوان بە تەواوی گرێدراوەتعەوە بە پرۆستەوەو ناكرێت سوانێكی بەلزاكی وێنا بكەین. وەك چۆن وێنای (مەرسای) یەكی پرۆستی مومكین نییە.
- دەتوانین بڵێین رۆمان كاتێك دەنووسرێت كە رۆماننووس خۆی لە پێگەی رۆماننووسێكدا دەبینێت كە رۆمان دەنووسێت؟
نە، كەسێك خۆی بە پالچەوان دەزانێت و دواتر بە شوێن رۆماننوسدا دەگەڕێت كە بتوانێت چیرۆكەكە بنووسێت.
- ئەو كەسەش هەمووكات ئەو رۆماننووسە ئەدۆزێتەوە؟
بەڵێ وایە. بە مانایەكی بەربڵاوتر، لام وایە مرۆڤ هەمووكات ئەو كتێبە دەنووسێت. من كارەكتەرێك لەم كتێبەوە بۆ كتێبێكیتر دەگۆزمەوە و دەینێرم بۆ كتێبێكیتر، درێژە بە هەمان ئایدیا دەدەم. تەنها ئەویە گۆشە نیگا، ستایل، فۆڕمی نووسینەكە دەگۆڕم. بەگشتی لام وایە دووجۆر رۆمان بوونی هەیە، واتە هەر ئەوەندەمان هەڵبژاردن لەبەردەستدایە. ئەو رۆمانانەی كە بەڕادەیەكی زۆر كەڵك لە دیالۆگ وەردەگرن، وەك بونیادی كتێبەكانی بێنجیامین كۆنستان ، سڵاو بۆغەم و پێكەنینی دڵنیایی. ئەو كتێبانەی كە كارەكتەر و رووداوەكان شیدەكاتەوەو وەسفیان دەكات. هەر دوو فۆڕمەكە دژواری خۆیان هەیە. لە چیركنووسینی سادەدا زۆربەی كات پرسە گرینگەكان دەخرێنە لاوە. لە رۆمانە كلاسیكە دوور و درێژەكاندا، بازدان لە بابەتێكەوە بۆ بابەتێكیتر لەتمە و خەسار دەگەیەنێت بە كاریگەری دانانی رۆمان لەسەر خوێنەر.
- پێت خۆشە رۆمانی وەسفی بنووسیت؟
بەڵێ، بەڵێ پێم خۆشە. لەڕاستییدا خەریكی گەڵاڵە دانانم، رۆمانێك بە ژمارەیەكی زۆری كارەكتەرەوەو سێ پاڵەوانەوە،كارەكتەرەكانی پڕقسەترن و زیاتر دەگۆڕدرێن لە چاو دومینیك و سیسیلی و كارەكتەرەكانیتری دوو رۆمانی یەكەمم. ئەو رۆمانەی دەمهەوێت بینووسم ئەوەیە كارەكتەری رۆمان لە كۆت و بەندی پلۆت، لە خودی رۆمان و نووسەر خۆی رەها كردووە.
- تا چەندە لەمپەرەكانی بەردەمت دەناسیت و خواست و ویستەكانت چۆن لێكدەدەیتەوە.
ئەم پرسیارە لە پرسیارە ناخۆشەكانە. وا نییە. ناسینی لەمپەرەكانی بەردەم بەو مانایە كە تیولستۆی و دۆستۆیۆفسكی و شكسپییەرم خوێندۆتەوە. لام وایە ئەمە باشترین وەڵامە. بەدەر لەمانەش لام وانییە هیچ كەم و كووڕییەك لە كارەكانمدا هەبێت.
- تۆ زۆر زوو پارەیەكی زۆرت بەدەست هێنا. ئەم پارەیە ژیانی تۆی گۆڕی؟ جیاوازی دادەنێیت لە نێوان نووسین بۆ پارە لەگەڵ نووسینی جیدی وەك ژمارەیەك لە نووسەرانی ئەمریكایی و فەرانسەیی؟
بەدڵنیاییەوە سەركەوتنی كتێبەكە بە شێوەیەك ژیانی گۆڕیم لەبەر ئەوەی پارەم زۆرە سەرفی بكەم، بەڵام ئەگەر مەبەستت دۆخی ژیانمە زۆر نەگۆڕاوە. ئێستا سەیارەم هەیە، بەڵام هەمووكات ئەتوانم بڕۆمە رێستورانت و ستێك بخۆم. ئەوە زۆر خۆشە مرۆڤ پارەی زۆری لە گیرفاندا بێت، بەڵام هەر ئەوە نەك زیاتر. ئەوەی كە چاوەڕێی پارەی زیاتر یان كەمتر بم كاریگەری لەسەر نووسینم دانانێت. من كتێب دەنووسم، جا ئەگەر دواتر پارەیەكیشم بە دەست بگات باشترە.
خاتوو ساگان وتووێژەكە دەبڕێت بۆ ئەوەی بڵێت ئەبێ بڕوات. بەرنامەیەكی رادیۆیی هەبوو كە دەبا پرۆڤەی كردبا. داوای لێبوردنی لێكردم و هەستا رۆیشت. كە قسەكانی بڕی دژواربوو باوەڕ بەوە بكەم ئەم كچە باریكەلە سەرنجڕاكێشە، بەرهەمەكانی ئەوەندە خوێنەریان هەبێت و ژمارەی خوێنەرانی ئەوەندە زۆر بێت كە رۆماننووسێك بە درێژایی تەمەنی و بە هەموو كتێبەكانییەوە ئەوەندە خوێنەری نەبێت. بە پێچەوانەوە مرۆڤ لای وابوو خوێندكارێكە كە بە پەلە بەرەو سۆربۆن دەڕوات و لە بەردرگا ماڵئاوایی لە دایكی دەكات و بە دایكی ئەڵێت لە زانكۆوە ئەڕوات بۆ سەركار و دواتر زوو دەگەڕێتەوە.