و: مستەفا زاهید
رەخنەگری هونەری، وتارنووسی، بیرمەند و رۆماننووسی ناوداری ئەمریكی كە یەكێكە لە كاریگەرترین رەخنەگر و نووسەرەكانی ئەمریكا.
زۆنتاگ 16ی جێنیڤەری 1933 لە نیۆیۆرك لەدایكبوو. باوكی (جەك رۆزن بلیت) لە چین بازرگانی پێست بوو و كاتێك سۆزان لە تەمەنی 5 ساڵیدا بوو باوكی هەر لە چین بە هۆی نەخۆشی سیلەوە كۆچی دوایی كرد. حەوت ساڵ دواتر دایكی (میلدێرد) لەگەڵ كاپیتەن ناتال زۆنتاگ زەماوەندی كرد.
سۆزان لە تووسان و ئاریۆزنا گەورە بوو و لە لۆسانجلس چووە قوتابخانەی دواناوەندی. لە تەمەنی 15 ساڵیدا چووە زانكۆی بێركلی كالیفۆڕنیا. ساڵی دواتر خۆی گواستەوە بۆ سیتی كۆلێجی شیكاگۆ و ساڵی 1951 خوێندنی تەواو كرد.
سۆزان لە تەمەنی 17 ساڵێدا و ئەو كاتەی خوێندكاری قۆناغی دووهەم بوو لە گەڵ “فیلیپ ریف” كە 28 ساڵی تەمەن بوو و كۆمەڵناسی دەوتەوە، ژیانی هاوسەری پێكهێنا. كوڕێكی لێی بوو و لە كۆتایی دەیەی 1950 لەیەك جیابوونەوە. زۆنتاگ دواتر دەیوت:” بەختم هەبوو ئەو كاتەی زۆر گەنج بووم زەماوەندم كرد و منداڵم بوو، ئیتر بەسە، ناچار نیم دووبارەی كەمەوە.”
كوڕەكەی دەیڤید ریف، بە بەرهەمەكانی دایكیدا لە چاپ و بڵاوكردنەوەی “فارار، شتراوس و گیرۆكس”دا دەچۆوە و ئێستە بووە بە نووسەر.
زۆنتاگ خوێندنی لە هاروارد تەواو كرد و ساڵی 1957 خوێندنی دوكتۆرای تەواو كرد.
هەرئەو ساڵە بەمەبەستی خوێندن بەرەو فەرانسە رۆیشت. دواتر لە سیتی كۆلێجی نیۆیۆرك و سارا لۆنس فەلسەفەی دەوتەوەو ساڵی 64-1960 ببوو بە مامۆستای زانكۆ لە بەشی ئایینەكانی زانكۆی كۆلۆمبیا.
لەدەیەی 1960دا، كاركردنی لەگەڵ بڵاوكراوەی “پارتیزان ریۆیۆ” وایكرد پەیوەندی نزیكی ببێت لەگەڵ “رۆشنبیرانی نیۆیۆرك”.
زۆنتاك لە تەمەنی سی ساڵیدا رۆمانی” The Benefactor “نووسی و بەم كارە دەستی كرد بە نووسین. لە سەرەتای دەیەی 1960دا، لە ناڕەزایەتییەكانی نیۆیۆرك، زۆنتاگ وەك ژنێكی شۆڕشگێڕی رادیكاڵی ئەمریكایی ناوی دەركردبوو. ژنێك كە جگە لەوەی زانیارییەكیی قووڵی دەربارەی كلتووری كەونارایی و مۆدێڕنی ئەورووپا هەبوو، بەڵكوو دەشی توانی ئەو كلتوورە جارێكیتر لە روانگەیەكی ئەمریكاییەوە تەفسیر بكات.
ساڵی 1968 بژاردەیەك لە نووسراوەكانی بەناوی “دژی تەفسیر و وتارەكانیتر” چاپ و بڵاو بۆوە، لەو كتێبەدا زۆنتاگ رایگەیاند كە تیگەیشتن لە هونەر كاتێك مومكینە كە پەیوەندی راستەوخۆت ببێت لەگەڵی نەك شیتەڵكردن و لێكدانەوەو روانینی رووناكبیرانە:” كاری هونەر شتێكە لە ناو ژیاندا نەك دەقێك یان شیكردنەوەی ژیان.” بەم شێوەیە توانی بەرگری بكات لە جوانیناسی فاشیستی “لێنی ریفنشتاڵ” كە سەركەوتنی ئیرادە(1935) نموونەیەكی دیاری پڕووپاگەندی نازییە. دواتر زۆنتاگ بە بۆچوونەكانی خۆیدا چوەوەو ساڵی 1974 لە وتاریكدا، دروشمی ” فاشیزمی خەڵەتێنەر”ی دروستكرد. ئەم وتارە هێرش بوو بۆ سەر “ریفنشتاڵ”. لە كارە گرینگەكانیتر تری زۆنتاگ ئەتوانین باس لە كتێبی “شێوەی ئیرادەی بنەما هەڵتەكێن” بكەین كە ساڵی 1969 چاپ بووەو لەو كتێبەدا لێكۆڵینەوەكانی خۆی دەربارەی مادە سڕكەرەكان، پۆرنۆگرافی، سینەماو هونەری مۆدێڕن و مۆسیقی درێژە پێدەدات.
كتێبی دواتری دەربارەی وێنەرگرتنە كە پێنج ساڵ سەرقاڵی خوێندنەوە بوو بۆ ئەوكارە. ساڵی 1978، زۆنتاگ رۆمانی شێرپەنجە و هەروەها كتێبی “نەخۆش وەك خوازە”یەكی چاپ كرد. ساڵی 1988 جارێكیتر بەم كتێبەدا چووەوەو ئایدز و خوازەكانی ئایدزی بەم كتێبە زیادكرد.
ساڵی 1967 دووهەم رۆمانی زۆنتاگ بەناوی “كەرەسەی مەرگ” چاپ كرد، كۆمەڵە چیرۆكێكی بەناوی من و ئەوانیتر لە ساڵی 1977 و سێهەمین رۆمانیی “عاشقی بوركان” ساڵی 1992 چاپ و بڵاو بۆووە.
ئەم رۆمانە بوو بە پڕفرۆشترین كتێبی ساڵ. چیرۆكی رۆمانەكە لە سەدەی 18 دا روودەدات و رووداوێكە لە نێوان باڵیۆزی 56 ساڵە، سێر ڤیلیان هێمێلتۆن، ژنە بیست ساڵەكەی لیدی هێمێلتۆن و لۆرد نێلسۆن روو دەدات، ئەو لۆرد نیلیۆنەی بەسەر ناپیلیۆندا سەركەوت و سەركەوتنەكەی لەبەر ژنێك بوو.
رۆمانی “لەئەمریكا” لەساڵی 199 چاپ و بڵاوبۆوە، بەپێی چیرۆكێكی راستەقینە و گەڕانی ژنێك بەوێنا دەكێشێت كە دەیهەوێت گۆڕان لەخۆیدا دروستبكات. ئەكتەرێك كە ساڵی 1876 لەگەڵ گرووپێكی پۆلەندایی و بنەماڵەكەی بەرەو كالیفۆڕنیا سەفەر دەكات بۆ ئەوەی “یۆتۆپیا” بدۆزێتەوە. ئەم كتێبە بووبە براوی خەڵاتی “كتێبی نەتەوەیی” ساڵی 2000. دواتر زۆنتاگ بەوە تۆمەتبار كرا ئەم كتێبەی دزیوە، كە یەكێك لەو شتانەی دزی لێوە كردووە رۆمانی “ڤیلا كاتێر”ە.زۆنتاگ وەڵامی دایەوە ئەو بەشە لە كتێبەكەی “رەنگدانەوەی”نووسەرەكانی ترە كە وەك كاریگەری ئەدەبی بە ئەنقەست بەكاری هێناوە.
چاپ و بڵابوونەوەی كۆمەڵە وتارێكی زۆنتاگ بەناوی “ئەو شوێنەی ستریس”ی هەیە، ساڵی 2001 بووبەهۆی ئەوەی نیۆیۆرك تایمز ، هێرش بكاتە سەر زۆنتاگ وەك “رۆشنبیرێكی گرینگی ئەمریكی”.
زۆنتاگ بەدرێژایی ژیانی، جگەلە نووسینی وتار و كتێب، چەندین فیلمی دروست كردووەو شانۆنامەی نووسیوەو بردوویەتە سەر تەختەی شانۆ.
زۆنتاگ وەك چالاكێكی سیاسی، كاتی جەنگی ڤیەتنام سەردانی هانۆیی، پێتەخی ڤیەتنامی باكووری كرد كە لەلایەن ئەمریكییەكانەوە بۆمباران دەكرا.
لە كاتی گەمارۆی سێ ساڵەی سارایۆڤۆ(96-1993) چەند مانگ لەوێ مایەوەو شانۆنامەی “لەچاوەڕوانی گۆدۆ”ی لە هۆڵی شانۆی سارایۆڤۆ لە بێ كارەباییدا و لەبەر رووناكی مۆم بردە سەر شانۆ.
لە 24 سێپتەمبەری 2001 زۆنتاگ لە نیۆیۆرك تایمزدا وتارێكی نووسی دەربارەی دەرئەنجامەكانی هێرشی 11ی سێپتەمبەر كە بوو بە سەرەتایەك بۆ ناڕەزایەتی دەربڕینی نووسەرانێكیتری وەك “نوام چۆمسكی:”رایدەگەیەنین رووداوی 11 سێپتەمبەر هێرشێكی “ترسنۆكان”، نییە دژ بە “شارستانییەت” یان “ئازادی” یان “مرۆڤایەتی” یان “دونیای ئازاد”، بەڵكوو هێرشە بۆسەر ئەوانەی بانگەشەی زل هیزبوون دەكەن لەم دونیایەدا و بەئاشكرا ئەم هێرشە دەرەنجامی هەڵسووكەوتی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانییەتی… ئەگەر بڕیارە وشەی “ترسنۆكانە” بەكار ببرێت، رەنگە بۆ ئەوكەسانە باشتر بێت ئەم وشەیە بەكار ببرێت كە بی هیچ جۆرە گرێدراویەتییەك لە ئاسمانەوە مرۆڤەكان دەكوژن، نەك بۆ ئەو كەسانەی بۆ كوشتنی كەسانیتر ئامادەن خۆیان بكوژن… بەڵام بۆ ئەوەی بێ لایەنی بپارێزین، دەربارەی بوێری ئەڵێم:” ئەوانەی رووداوی یازدەی سێپتەمبەریان خولقاند هەرچ بن ترسنۆك نەبوون.”
سۆزان زۆنتاگ لە 28 ی دیسەمبەری 2004 دوای ساڵانێك دەست و پەنجە گەرم كردن لەگەڵ شێرپەنجەی خوێن، لە تەمەنی 71 ساڵیدا لە نیۆیۆرك كۆچی دوایی كرد.
ئەو خەڵاتانەی بەدەستی هێناو سەركەوتنەكانی
-1990 مەك ئارتۆر فلۆشیپ
– 2001 خەڵاتی ئۆرشەلیم
– 2003 خەڵاتی ئاشتی “بازرگانی كتێب”ی ئەڵمانیا لە پێشانگای كتێبی فرانكفۆرت
– 2003 خەڵاتی پرێنس ئاستۆریاس بۆ ئەدەب
– 2004 دوو رۆژ دوای مەرگی، شارەوانی سارایۆڤۆ رایگەیاند شەقامێك لەم شارە بۆ رێزگرتن لە زۆنتاگ بەناوی ئەوەوە ناو دەنرێت. نووسەر و مرۆڤدۆستێك كە چالاكانی لە خولقاندی مێژووی سارایۆڤۆ و بۆسنیادا بەشداری كرد.
ئەو وتووتوێژەی دەیخوێننەوە لە لایەن ئیوانز چان، دیكۆمێنت ساز، شانۆنامەنووس، فیلمنامەنووس و دەرهێنەری شەپۆلی نوێی هۆنگ هۆنگی كە نیشتەجێی نیۆیۆركە، لە كۆتاییەكانی 2000دا لە ژێر ناوەی “دژی پۆست مۆدێڕنیزم وهتد” ئەنجام دراوە.
رۆژێكی هەتاوی بەڵام نەك تاقەت پڕووكێن، لەگەڵ ئەوەی چوومە بیناكەوە سكرتێرەكەی زۆنتاگم بینی كە لە شوێنێك دەگەڕایەوە، پێكەوە سواری ئاسانسۆر(مەسعەد) بووین. كە درگای ئەپارتمانەكەمان كردەوە زۆنتاگ خەریكبوو بڕێك كاغەزی بەكارهاتووی ئەخستە ناو سەتڵی خۆڵەوە. دواتر وتی لەوكاتەوەی نەخۆش كەوتووە ئەپەرتمانەكەی بووە بە كەلاوە كۆن. زۆنتاگ ساڵی 1998 بۆ دووهەمجار تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بوو و ئێستە باشترە. ئەڵێت:” ئەمڕۆژانە زیاتر خەریكم بۆ وتارەكانم و دەستنووسەكانم و ئەو كتێبانەی كە لەم دووساڵەدا وەرمگرتووە جێگا دەكەمەوە.” ژمارەیەك كاری دەستی و تابلۆی بەدیواردا هەڵواسیوە كە وایكردووە ئەپەرتمانەكەی بڕازێنێتەوە. كەوتمەوە یادی رستەیەك لە مۆنۆلۆگی ئالیس جەیمز لە شانۆنامەی زۆنتاگ، ئالیس لە ناو پێخەفدا :” بە زەینم ئەتوانم ببینم، دەتوانم هەموویان لە زەینمدا زیندوو رابگرم. هەمووان ئەڵێن (رۆم) زۆرجوانە. تەماشای رەسمەكانم كردووە. هێڵكارییەكان، بەڵێ، پیرانزی.”
لەگەڵ خۆمدا ژمارەیەك لە مانگنامەی چینی كە خوێندنەوەی بۆ دوایین كتێبەكەم The last of Chinese كردووە لەگەڵ خۆم هێناوە بۆ ئەوەی بیبینیت. سەرنووسەری مانگنامەكە، رەسمی بەرگی دوایین رۆمانی زۆنتاگ، “لە ئامریكادا”ی لە سەرەتای وتارەكەیدا داناوە، لەبیرمە بەلامەوە سەرنجڕاكێش بوو و پێم خۆش بوو، لەبەر ئەوەی زۆنتاگ شوێن پەنجەی دیارە لەسەر نووسراوەكان فیلمسازی و بەر لەوەی نووسراوە رەخنەگرانەكانی بخوێنمەوە، وەك موریدێك، یەكەم رۆمانی زۆنتاگ”وەلی نێعمەت”، وتاری فاشیزمی فریودەر و چیرۆكی كورتی “پرۆژەیەك بۆ سەفەر بۆ چین”ی زۆنتاگم بەبێ لەبەرچاو گرتنی یاسای كۆپی رایت وەرگێڕایەوە. ساڵانێكی زۆر وەرگێڕانی كارەكانی ئەوم بە زمانی چینی لێرەو لەوێ لە هۆنگ هۆنگ، تایوان و چین دەبینی و خۆشی ئاگای لە هیچیان نەبوو.
هاوڕێیانێكی زۆر ناچاریان دەكردم بۆ چاپ و بڵاوكراوە چینییەكان، لەگەڵ زۆنتاگ وتووێژ بكەم و رەنگە بتوانم بەشێك لە نووسینەكانیشی وەربگێرمەوە بە زمانی چینی. لەبەر ئەوەی پرۆژەی كاركردن لەسەر بەرهەمەكانی زۆنتالگ لە واقیع نزیك بوو، سەرەنجام لە كۆنسێرتی تریشابراون لە شانۆیی جۆیس، خۆم پێناساند و ئەویش دەست بەجێ ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ ئەوەی وتووێژم لەگەڵ بكات. كاتێك دەربارەی دۆخی خراپی چاپ لە چین قسەمان كرد گرینگییەكی پێنەدا:” خەڵك لایان وایە لەبەر ئەوەی دزی ئەدەبییە من توورە دەبم. بەڵام من هاووڵاتێكی باش نیم بۆ كۆمەڵگای سەرمایەداری. هەڵبەت پێمخۆشە پارەم پێبدەن. بەڵام پێم ناخۆشە بەدوای كەوم. من بڵاوكراوەو بریكارم هەیە، ئادرەسەكەی لە Whos who لە ناساندنەكەمدا هاتووەو هەمووان ئەتوانن لە ئەنتەرنێت دەستیپان پێی بگات، بەڵام نە، تووڕە نیم، زیاتر لە هەموو كەس حەز ئەكەم نووسینەكانم بخوێنرێتەوە.”
دواتر لە پشت میزی چێشتخانە دانیشت. لە پشت سەریەوە بەڵەكۆنێك بوو كە ئێوارەی هادسن و ئاسمانی مەنتەهەنی لێوە دیاربوو. زۆنتاگ پای خستە سەر میزەكەو كورسیەكەی كرد بە “حەقلی مەقۆ” و قاوەكەی خواردەوە. دووساڵە ئیتر جگەر ناكێشێت.
ئیوان چان- نیۆیۆرك- 2000
• لە دەیەی 60ی زاینییدا تۆ یەكەم كەس بوویت هەوڵدات پردێك دروست بكەیت لە سەر شەقڵی نێوان كلتووری سەرو و خوارەوەدا. ئێستا دوای سێ دەیە دەبینین كە كلتوروی باڵا یان ئەو شتەی پێی دەوترێت رەسەن، لە هەموو لایەكەوە كەوتۆتە بەر هێرشی كلتووری رەشۆكی و فرەكلتووری. ئەمڕۆكە جۆرێك حەزی هونەریمان هەیە كە بە پێی روانینی هەركەس، یان لەوجۆرە تێگەیشتنەی كە تۆ لەدوایین وتاری دژە تەفسیر(1966) بانگەوازت بۆ دەكرد، پێش دەكەوێت یان گاڵتەی پێدەكات. ئێمە ئەمڕۆكە لە چاخی تەفسیری گلۆباڵ و گشتگیردا دەژین. لەبەر ئەمەیە زۆركەس و لەوانە خۆشم لایەنگری لە پۆست مۆدێرنیزم دەكەن. تا ئێستا وادەردەكەوێت تۆ دژی پۆست مۆدێرنیسمی و نەتهێشتووە “كەمپ” بخەنە ناو گرووپی پۆست مۆدێرنیستەكانەوە.
– هیچكات لام وانەبوو لەسەر پردێك پیاسە دەكەم كەبەسەر شەقڵی كلتووری چینەكۆمەڵایەتییەكاندا لێدراوە. من بێ هیچ مەرج و كۆت و بەندێك بێ هیچ دوودڵییەك و روون و ئاشكرا باوەڕم بە رەسەنییەتی كلتووری باڵا هەیە لە ئەدەب، مۆسیقا و هونەرە جوانەكان و شانۆ. هەڵبەت هەندێ جار هونەرە گشت پەسەندەكان و لەوانە مۆسیقام زۆر بەدڵە و چێژی لێوەردەگرم. لام وایە لەو رۆژانەدا هەوڵم ئەوە بوو لەم فرەچەشنییە و ئەوەی كە چۆن دەكرێت پێكەوە بگونجێن و دژی یەكتر نین، تێبگەم. هەروەها دەمویست بزانم فرەچەشنی یان جۆراوجۆر بوونی ستاندارەكان چییە. بەهەرحاڵ بەو مانایە نەبوو كە پلە زنجیرە بڕوخێنێت، بەمانای یەكسانبوونی هەموو شتیش نەبوو. لەروویەكەوە من ئەندازەی كۆنسێرڤاتێكی كلتووری لایەنگری پلەزنجیرەی كلتووری نەریتی بووم، بەڵام من وەك ئەوان پۆلێن بەندیم بەكار نەدەهێنا…با نموونەیەكت بۆ بێنمەوە. لەبەر عاشقی دۆستۆیۆفسكیم ناتوانیت پێم بڵێیت ناتوانم عاشقی “برۆس سپیرینگستین”بم. هەڵبەت ئەگەر كەسێك پێم بڵێت لەنێوان ئەدەبی رووس و “راك ئەند رۆڵ”دا یەكیان هەڵبژێرم، بەدڵنیاییەوە ئەدەبی رووس هەڵدەبژێرم. بەڵام ناچار نیم هەڵبژێرم. بەدەڕبڕینێك من هیچكات نامهەوێت ئەوە بسەلمێنم كە هەردووكیان وەك یەك گرینگن، بەڵام هەموو دەم ئەزموونەكانی كەسێك و دەوڵەمەندی ئەزموونەكانی تووشی سەرسووڕمانم دەكات. كەوایە، لاموایە بەشێكی زۆر لە لێكۆڵەرە كلتوورییەكان كە دەربارەی فرەچەشنی ئەزموونیان قسە دەكەن راست ناكەن. لەلایەكیترەوە، زۆر شت هەیە لە كلتووری جەماوەردا كە سەرنجڕاكێش نییە بەلامەوە، بەتایبەت تەلەفیزیۆن كە هەڵگری زۆر شتی سووكە كە شتێكی تایبەتم پێنابەخشێت و سووك و ئاساییە. كە وایە شتێك نییە بەوەی پێی بوترێت لەسەر شقڵ پرد دروست كردن. تەنها ئەوە هەیە من لە ئەزموونەكانی خۆمدا لەو شتانەی كە پێم خۆشە، وێكچوون و بەریەككەوتنم بێنیوەو هەستم كردووە گفتوگۆكان دەربارەی كلتوور، یان دژە هونەرانەیە یان رووكەشانەو داهێنەرانە.
كەوایە بەو شێوەیە نەبوو كە بوترێت ئەمە “لێرەدایە” و ئەوە “لەوێدایە”، كە وایە من دەتوانم پردێك دروستبكەم، بەڵكوو ئەوە بوو من خۆم هەموو جۆرە ئەزموون و خۆشییەكم هەست پێكردووەو هەوڵمداوە تێبگەم بۆچی ئەم شتە وەهایەو چۆن دەكرێت بەم شێوەیە شعووری پلەبەندی كراو و پلەزنجیرەی بەهاكان بپارێزیت.
ئەمە ئەو شعوور و تێگەیشتنە نییە كە پێی ئەڵێن پۆست مۆدێرن، ئەمە ئەو وشەیە نییە كە من بەكاری دەبەم یان لاموایە بەكەڵك دێت بەكاری ببەیت. وشەی مۆدێڕن لە بیناسازییەوە دەستی پێكرد. مانایەكی روونی هەیە. قوتابخانەی باوهاوس (Bauhaus)، كۆربۆزیە(Corbusier) و تاوەرەكان، لە جوانكاری مۆدێڕندا مانایەكی تایبەتیان هەیە. هەموو چەشنە مۆدێرنیسمێكی دۆگم لە بیناسازیدا بوو بە باو كە هۆكارەكەی تەنها بەها جوانیناسییەكان نەبوو، ئەم ئایدیایانە بە جیدی پشتیوانیان لێدەكرا: بەم شێوەیە بینا دروستكردن هەرزانتر بوو. بەهەرحاڵ ئەو كاتەی چەمكی پۆست مۆدێڕنیان بۆ هەموو هونەرەكان بەكار برد، شتێكی پڕزریق و بریق بوو. لە راستییدا ژمارەیەكی زۆر لەو نووسەرانەی كە پێشتر بە مۆدێڕن یان پۆست مۆدێڕن ناویان لێدەبرا، ئێستا پێیان دەوترێت پۆست مۆدێڕن، لەبەر ئەوەی ریسایكلین دەكەن، قسەی كەسانیتر بەكار دەهێننەوە یان ئەو شتە بەكار دەهێنن كە پێی دەوترێت نێوان دەقێتی- بۆ وێنە بیر لە دۆناڵد بارتێلمی دەكەمەوە.
• بەڵێ، بەم شێوەیە نووسەرەكان بە پۆستمۆدێڕن دەناسرێن و بە پۆست مۆدێڕن ناویان لێدەبرێت، هەندێ جار دەبێ بە هۆی سەرلێشێواوی. بۆ وێنە فردریك جیمسۆن كە كارەكانیم پێخۆشە، كەوتی بێكت نووسەرێكی پۆست مۆدێڕنە سەرم سووڕما، لەحاڵێكدا من بێكت بە بەرهەمی كۆتایی مۆدێرنیزم باڵا دەزانم.
– جیمسۆن پسپۆی پێشەنگ بوونە، هەوڵیدا زیاتر لە پۆلێن بەندی پۆست مۆدێڕنیسم سەر دەربێنێت. یەكێك لەو هۆكارانەی كە وایكردووە من هێشتا رازی نەبووم ئەم چەمكە بەكار ببەم ئەوەیە لام وانییە جیمسۆن زۆر هۆگری هونەر بێت. بەڕاست حەزی لەهونەر نییە. تەنانەت حەزی لە ئەدەبیش نییە. ئەو هۆگری ئایدیاكانە. ئەگەر ئەدەب بەلایەوە گرینگ بایە ئەو هەموو پشتی بە قسەكانی “نۆرمەن میلەر”(Norman miler) نەدەبەست. كە تۆ ئایدیاكانت بە هێنانەوەی قسەی هەندێ وتەی ناو رۆمانەكانت شی دەكەیتەوە، ناڕاستەخۆ بە خوێنەر ئەو هەستە ئەبەخشیت كە تۆ ئەو كتێبانەت خوێندۆتەوە. من لام واییە جیمسۆن نە ئەزانیت میلەر نووسەرێكی باش نییە و نە بەلایەوە گرینگە. با نموونەیەكیتر بێنمەوە، كە تایبەتە بەوكاتەی جیمسۆن بۆ تیۆریزە كردن و تیۆری خولقان، ڤانگۆگ و “وارهۆڵ” وەك یەكدەبینێت، لەبەر ئەوەی دوو كەسن كە بە كەڵكی تیۆرییەكانی دێن. ئێ، من ئیتر زۆر لەسەر ئەم شتە ناڕۆم. من لام وایە ئەو شتەی پێی دەوترێت پۆستمۆدێڕن- هەموو شت وەك یەك ببینین- كە ئایدۆلۆژیایەكی بەرزە بۆ كۆمەڵگای بەرخۆری بۆرژوازی، ئایدیای كەڵكەكەبوونی سەرمایەیە. ئایدیای مۆبیلیزەكردن و رێكخستنی كۆمەڵە بۆ كڕینی بەكۆمەڵ. ئەمانە باوەڕی رەخنەگرانە نییە…
• بەمەشەوە لە وتارە دوور و درێژەكەتدا “ئایدز و خوازەكانی(1989) تۆ ئەو ساتانەت بەم شێوەیە وەسف كردووە:”… گەڕانەوەیەكی بەرز بۆ ئەو شتەی پێی دەوترێت “نەریتەكان”، وەك گەڕانەوە بۆ روخسار و وێناسازی… گەڵاڵەو كەسایەتی و بەدرۆ خستنەوەكانیتری مۆدێرنیزی دژوار لە هونەرەكاندا، لەو بارەوە زۆر قسەكراوە.. رئالیزمێكی سێكسی نوێ كە ملكەچی دۆزینەوەی دووبارەی چێژی مۆسیقای تۆناڵە، كارێك لە سەرمایەگوزاری سیستمی بانكی و زەواج لە كەنیسە.” من خۆم هەست دەكەم تۆ خەریكیت لەبەر خۆتەوە ستایشی پۆست مۆدێڕن دەكەیت.
– بەڕاست؟ بەڕاست مەبەستم ئەمە نەبوو. لام وابوو پڕە لە خوازە.
• لام وایە بە نووسینی “عاشقی گڕكان”(1992) و لە ئەمریكا(2000) گۆڕانێكت لە خۆتدا دروست كردووەو بە نووسینی رۆمانی مێژوویی دەستت گەیشتووە بە سەرچاوەیەكی نوێی وزە. لام وایە ئەم رۆمانە بكەونە ناو رۆمانە پۆست مۆدێڕنەكانەوە.
– هەرچەند دوو رمانم نووسیوە كە لە رابردوودا روودەدەن، بەڵام ئەمانە بە رۆمانی مێژوویی نازانم. من خۆم بە كەسێك نازانم كە لە ژانرێكی تایبەت، بۆ وێ،ە رۆمانی پۆلیسی، رۆمانی زانستی خەیاڵی یان رۆمانی گۆتیك كار دەكات. حەز ئەكەم وەك نووسەرێكی حیكایەتنووس، سەرچاوەكانم پەرە پێبدەم. بینیم ئەو كاتەی توخمە داستانییەكانم لە رابردوودا دادەنێم، ئاسانترە. ناكرێت ئەم رۆمانانانە لە سەردەمێكیتر جیاواز لە سەدەی نۆزدەیەم بنووسیت، تێكەڵەیەك لە یەكەم كەس و سێهەم كەسی بگێڕەوە و تێكەڵكردنی دەنگەكان. لام وانییە شتێكیان تێدا بێت وەك گەڕانەوە بۆ داب و نەریتەكان یان گەڕانەوە بۆ “تەمسیل”. رەنگە بكرێت ئەم رۆمانانە وەك كتێبگەلێك دەربارەی سەفەر لەبەرچاو بگرین، دەربارەی ئەو خەڵكانەی لە شوێنگەلێكی نەناسراون: عاشقی گڕكان، باس لە بوونی بەریتانیاییەكان دەكات لە ئیتالیا، “لە ئەمریكا” دەربارەی ئەو پۆڵەنداییانەیە كە بەرەو ئەمریكا كۆچ دەكەن. رۆمانێكم دەست پێكردووە دەربارەی ژاپۆنییەكانە لە فەرانسە لە سەرەتای دەیەی 1920. بەمەشەوە من نامهەوێت بەرنامەیەكی تایبەت جێبەجێ بكەم، من خەریكم خۆم پەرە پێدەدەم.
• لات وایە لەم رۆمانەكانی ئەم دواییەتدا بە شێوەیەكی لێهاتووانەتر لە گەڵ توخمەكانتدا هەڵسووكەوتت كردووە؟ ئاخۆ “كارەكتەرەكان” بابەتێكە كە پێشتر دیاریكراوە؟
– لام وانییە “كارەكتەرەكان” شتێكی لەپێشدا دیاریكراو بێت. بەڵام هەموو دەم بە مرۆڤەكان دەست پێدەكەم. تەنانەت لە رۆمانی “وەلی نیعمەت”(1963) و “كەرەسەی مەرگ”(1967). وەلی نیعمەت ماهییەتێك و چییەتییەكی دژە خەڵكی دەدۆزێتەوە كە لە راستییدا زۆر نیهێلیستییە. نهێلیزمێكی ئارام(پێدەكەنێت). كەرەسەی مەرگ دەربارەی پیاوێكە كە خۆی دەكوژێت. ئەوكاتەی ئەم دوو رۆمانەم دەنووسی بەرەبەرە هۆگری رۆمانی مێژوویی بووم- نەك ئەوە بێت بە تایبەت گرێدرابێتەوە بەو رووداوانەی كە بوونیان هەیە و بابەتی دیاریكراوەكان- بەڵكوو تەنها تێگەیشتن لە مێژوو و ئەوەی كە تێگەیشتن لە مێژووی شتێك بەڕاست چ مانایەكی هەیە، لە پشت هەر شتێكدا و لە هەر ساتێكی تایبەتدا چ شتێك بوونی هەیە. پێشتر لام وابوو حەزم لە سیاسەتە، بەڵام دوای ئەوەی بابەتی مێژوویی زۆرم خوێندەوە، ئەم بیرۆكەیە بە مێشكمدا هات چەمكی سیاسەت زۆر رووكەشیانەیە. لەڕاستییدا، ئەگەر گرینگی بدەیت بە مێژوو، سیاسەت بەلاتەوە گرینگ نییە.
دوای نووسینی دوو رۆمانی یەكەمم، زۆرتر سەفەرم كرد. تا ئێستە جگە لە وڵاتانی دەوڵەمەندی ئەمریكای باكوور و ئەورووپای رۆژئاوا سەردانی كۆمەڵێك وڵاتیترم كردووە. بۆوێنە باكووری ئەفریقا و مەكزیك. بەڵام ڤییەتنام یەكەم وڵات بوو كە ئازاری راستەقینەم تێیدا بینی، تەنها لە دیدێكی جوانیناسانەوە چاو لەو ئەزموونانە ناكەم، بەڵكوو بە جیدییەتێكی ئەخلاقییەوە دەیبینم. كەوایە ئەوە نییە لە مۆدێڕنیزم دڵم كەندبێت و بێزاربم لە مۆدێرنیزم. بەلای خۆمەوە دەمهەوێت بە كۆمەڵێك راستی زیاتر بگەم، بە كەرەسەی مۆدێرنیزم بپەرژێمە سەر ئازاری راستەقینە و دونیایەكی بەربڵاوتر و سنوورەكانی نارسیسیزم و خۆبەزلزانی بشكێنم.
• ئاخۆ دەور و نەخشی كاوالیە لە رۆمانی “عاشقی گڕكان” خوێندنەوە نییە دەربارەی سروشتێكی تاڵی مالیخولیایی كە دەگەڕێتەوە بۆ رۆمانە “خۆبە بەسەنتەر زانینەكان”ی سەرەتا؟ دەزانین ئەو خود وشیارییەت لە شوێنێكی بەربڵاوتر و لە رەوتێكی مێژووییدا جێ كردۆتەوەو لایەنێكی شانۆییت پێداوە.
– لام وایە سەرجەم كارەكانم لە ژێر كاریگەری ئەستێرەی زوحەل دایە، مالیخۆلیا، لانیكەم تا ئێستە بەو شێوەیە بووە. لام وایە بۆ هەمیشە بەم شێوە نامێنێتەوە.
• نەتگوتبوو رۆمانە سەرەتاییەكانت زۆر خۆش ناوێت؟
– من هەموو شتێكی گەمژانە كە پێت خۆش بێت وتوومە(پێدەكەنێت). جارێكیان لۆئیس بۆنۆئێل وتی حەز ئەكات رۆمانی “كەرەسەكانی مەرگ” بكات بە فیلم. فیلمێكی زۆر باشی لێدەردەهات.
• ماوەیەك لەوە پێش دوای بیست ساڵ رۆمانی “وەلی نێعمەت”م خوێندەوە. یەكەم كتێبی تۆ بوو كە خوێندبوومەوە تا ئێستاش بەلامەوە ناباوترین و درەوشاوترین رۆمانێكە كە خوێندبێتمەوە. سەرەتا بەڕێكەوت رۆمانەكەم بینی. لە هۆنگ هۆنگ دەژیام، زۆر دوور بووم لە ئەدەبی هاوچەرخ، بە شێوەیەكی كوت و پڕ و بەڕێكەوت دەستم كرد بە خوێندنەوەی بەرهەمەكانی “هانا ئارێنت”. لە شوێنێك دیتم وەسفی رۆمانی “وەلی نێعمەت” دەكات. تاریفی رەسەنییەتی تۆی كردبوو و تواناكانی تۆی لە دروستكردنی چیرۆك لە خەون و خەیاڵەوە پەسەند كردبوو. لام وایە ئەو شتەی بەلای هانائارێنتەوە سەرنجڕاكێش بوو ئەو شتەیە كە پێی ئەڵێت :”تاقیكردنەوەی فیكری”. من هەروەها سەرنجم بۆ ئەوە راكێشرا “وەلی نێعمەت” تا چەن كەڵكەڵەكانی تۆی گرتۆتە خۆی. یەكەم ئەوەی چیرۆكەكە دژە تەفسیرە. هیپۆلیت ئەو كەسەیە نایهەوێت چیرۆكەكانی لە رێگای خەونەكانییەوە تەعبیر بكات، بەڵكوو دەیهەوێت لە لای خەونەكانیدا و لەم رێگاوە كار بكات.
– بەڵێ، ئەوەی كە وەلی نیعمەت هەڵگری پەیام و ناوەرۆكی سەرجەم بەرهەمەكانی منە راست ئەكەیت. ئەگەر وەرقت بەدەستەوەیە و یاری دەكەیت، زۆرم پێ سەیرە ئەگەر بە چاوی نوقاوەوە ئەم كارە بكەیت و دواتر لە نیوەی رێگای تەمەنتدا بەڕاست چاو لە وەرەقەكان بكەیت و بزانیت چیت بە دەستەوەیە. هەر چەند ماوە جارێك چاوێك بە بەرهەمەكانما دەخشێنم بۆ ئەوەی بزانم چۆن لەگەڵ یەك دەگونجێن و چ جۆرە پێوەندییەكیان هەیە. بۆ وێنە ئەو وتارەی دەربارەی نەخۆشی نووسیم- نەخۆشی وەك خوازەیەك و ئاید و خوازەكانی- ئەوەش بە شێوەیەك دژە تەفسیرە. نەخۆش بوون تەفسیر مەكەن، نەخۆش بوون تەنها نەخۆشبوونە و بەس. بە ئەفسانەو وەهمەوە جوانكاری تێدا مەكەن….
• لە (وەلی نێعمەت)دا نووسیوتە:” لە تێگەیشتن و شعووری مۆدێڕندا هیچ شتێك بێزاركەرتر لە هەوڵدانی بۆ پاساو هێنانەوەو هەموو دەم شتێك بە جێگای شتێكیتر دانان نییە.”
– ئەمەم لە بیر چبۆوە. هەمووی ئەو كات لە رووی ناوشیارییەوە نووسیومە، چۆن بمزانیبا كە چیم دەزانی؟ كە دەستم كرد بە نووسینی (وەلی نیعمەت)، نەمدەزانی چی دەكەم، بە پێچەوانەی نووسراوەكانی پێشترم كە بەرلەوەی دەست بكەم بە نووسین بیرم لە روانگە سەرەكییەكان دەكردەوە. لەو كتێبەدا ئەوەی راستی بێت رستە بە رستە دەچوومە پێش، نەمدەزانی چی پێدێت و چۆن كۆتایی دێت. بەڵام لە هەمانكاتیشدا نووسین ئاسانبوو. وەك ئەوەی ئەو شتانە لە شوێنێك بێت و كاری من ئەوە بێت هەڵیانگرم و بیانخەمە ناو كتێبەكەوە. چەند دانە لە خەونەكان رەنگدانەوەی خەونەكانی خۆمن. بەڵام بەشێكی زۆریانم لە خۆمەوە دروستكردووەو خولقاندووە.
• رەخنەگرێك لای وایە هیپۆلیت و ژان ژاك ، لە رووی ئارتۆ و ژانە وە خولقێنراون.
– بۆ ژان ژاك تا رادەیەك ئیلهامم لە ژانە وەرگرتووە، واتە وێنایەك لە ژانە. بەڵام بۆ هیپۆلیت؟ بیرم لە كەسێكی تایبەت نەدەكردەوە.
• ئەم تەنزەی دەستپێكی “وەلی نیعمەت” منی بەشوێن خۆیدا راكێشا. Je reve done je suis! رەنگە لەبەر ئەوەی چینیم و هەموو چینییەك چیرۆكی پیاو پەپوولەی “چانگ تێسۆ” دەزانێت، ئەو پیاوەی خەوی بینیوە بووە بە پەپوولە. كە لە خەو هەڵدەستێت لە خۆی دەپرسێت نەكا بەڕاست پەپوولەیەك بێت كە بووە بە مرۆڤ. تێگەیشتووم كە “وەلی نیعمەت” تا چەندە لە ژێر كاریگەری وتارێك دەربارەی شانۆیی بووكەڵەیی كلایست دایە، لەبەر ئەوەی سەفەر وا لە هیپۆلیت دەكات بۆ ئارامش و هاوسەنگی بگەڕێت.
– دەربارەی كلایست تۆ راست ئەكەیت. وتاری كلایستم كاتێك خوێندەوە كە گەنج بووم و تازە دەستم دەكرد بە كاركردن. بەهەرحاڵ بابەتی سەرەكی ئەوەیە تۆ ئەبێ لە شوێنێكی زۆر قووڵەوە دەست پێبكەیت و بنووسیت. ئەم شتانە وەك وتارەكەی كلایست، بە قووڵاییەكاندا رۆ دەچێت و دواتر دەزانیت كە دەتوانی بنووسیت. زۆر كەس لێم دەپرسێت بۆچی چیرۆك یان شانۆنامە دەربارەی گەمارۆی سارایۆڤۆ نانووسم. لەوەڵامدا ئەڵێم هەست دەكەم ئەزموون ناڕواتە قووڵترین شوێنێك كە ئەبێ بڕوات.
• لە پەرچەكردار بە بەشداری سیاسیتان لە سارایۆڤۆ، بە نمایش كردنی لە چاوەڕوانی گۆدۆدا، ژان بۆدریار وتبووی:” تەنانەت ئەگەر رۆشنبیریش مابێتەوە، من هاوڕا نیم لەگەڵ ئەو رووناكبیرانەی كە خۆیان بە بەرپرس دەزانن بەرامبەر بە “شتێك” و شانازی بەوەوە دەكەن كە جۆرێك ویژانی گشتی تێیاندا رەنگی داوەتەوە. ئەم شتانە هەموو دەم وەك مافێكی تایبەتی رووناكبیران بووە… سووژەیەكی وەك سۆزان زۆنتاگ ئیتر نابێتەوە، تانەت بە شێوەیەكی سیمبۆلیك. بەڵام جارێكیتر ئەڵێمەوە ئەمە وشیاری پێشتر یان تێگەیشتن نییە.” پەرچەكرداری تۆ بەرامبەر بەو وتەیەی دەربارەی “مافی تایبەتی رووناكبیران” و هەروەها دەربارەی راگەیاندنی بە رواڵەت تێگەیشتنی دەربارەی سەردەمی ئێمە چییە؟
– بۆدریار گەمژەیەكی سیاسییە. رەنگە گەمژەیەكی شەریفیش بێت. ئەگەر بە درێژایی تەمەنم بە مێشكمدا هاتبێت رۆڵی رووناكبیری خەڵكی بگێڕم، ئەو ئەزموونانەم لە سارایۆڤۆ بە شێوەیەك دەرمان بوو بۆم. من بۆ ئەوە نەچوومە سارایۆڤۆ كە لە چاوەڕوانی گۆدۆدا نمایش بكەم. مەگەر شێت بم بەو شێوەیە بیر بكەمەوە. من چوومە سارایۆڤۆ لەبەر ئەوەی كوڕە رۆژنامەنووسەكەم كە ئەركی بڵاوكردنەوەی هەواڵەكانی جەنگی گرتبووە ئەستۆ پێشنیاری پێكردم ئەو سەفەرە بكەم. كە بۆ یەكەمجار لە ئاپریلی 1993 چوومە ئەوێ، بە خەڵكم گوت حەز ئەكەم بگەڕێمەوە بۆ ئەوێ و لەو شارە گەمارۆ دراوەدا كرابكەم. لێیان پرسیم چیم لە دەست دێت لەوێ و دەتوانم چی بكەم. وتم ، من ئەزانم تایپ بكەم، ئەتوانم كارە سەرەتاییەكانی دەواو دەرمان بكەم، ئەتوانم وانەی ئینگلیزی بڵێمەوەو ئەزانم چۆن فیلم دروست دەكرێت و ئەتوانم دەرهێنەری شانۆ بم. وتیان:” ئێ، چ باش بەڕاست ئەتوانیت دەرهێنەری بكەیت؟ ئێرە ئەكتەری زۆری لێیە و هیچ كارێكیان نییە.” لە چاوەڕوانی گۆدۆدم بە راوێژی كۆمەڵی شانۆی سارایۆڤۆ هەڵبژارد. بابەتی سەرەكی ئەوەیە خەڵك داواین لێكردم ئەو شانۆیە نمایش بكەم. لەوێ لە خەڵكی سارایۆڤۆوە فێربووم چۆن دەكرێت تا رادەیەك بەكەڵك بێم و ئەمە ئەنجامی كارەكەم بوو.
پێوەندی بە “مافی تایبەتی رووناكبیران”ەوە نییە. من بە مەبەستی بەشداری و دەستێوەردانی سیاسی سەردانی سارایۆڤۆم نەكرد. ئەگەر حەزێكم هەبوو بەوەی بچمە ئەوێ ئەخلاقی بوو نەك سیاسی. من ئەگەر یارمەتی نەخۆشەكانم ئەدا لە چەرخدا دانیشن، خۆم خۆشحاڵ دەبووم. بە مەترسی خستنی گیانی خۆم لە دۆخە تاڵ و پرمەترسییەدا، بۆم دەركەوت دەربەستم بەرامبەر بە شتێك. بە درێژایی رۆژ و حەوتوو و مانگ، بۆمب دەتەقییەوە، فیشەكەكان لای سەرمەوە ویزەیان دەهات … خواردن نەبوو، كارەبا نەبوو، ئاوی خاوێن نەبوو، دایرەی پۆستە و گەیاندن نەبوو، تەلەفۆن نەبوو. ئەمە شتێكی “سیمبۆلیك” نییە، واقعی تەواوە. خەڵك لایان وایە من ماوەیەك چوومە ئەوێ بۆ ئەوەی شانۆیەك نمایش بكەم. با بزانیت من یەكەمجار ئاپریلی 1993 چوومە سارایۆڤۆ و تا كۆتایی 1995 بەزۆری لەوێ بووم، دەكاتە ساڵ و نیوێك. نمایشی شانۆكە تەنها 2 مانگی خایاند. گومانم هەیە بۆدریار بزانێت چەنە لە سارایۆڤۆ بووم. من بێرنارد هێنری لۆئی نیم كە برۆم و دیكۆمێنتی بۆسنا دروست بكەم. لە فەرانسە پێیان دەگوت BHL ، لە سارایۆڤۆ پێیان دەگوت (Deux Heures a sarajev)DHS، واتە دوو كاتژمێر لە سارایۆڤۆ. بە فڕۆكەیەكی ئەرتەشی فەرانسە رۆژێك بەیانی هاتە ئەوێ و دوای نیوەڕۆش رۆشت. فیلمەكەیان پارچە پارچە لەگەڵ خۆیان بردە پاریش، وتووێژێكی میترانیان پێ زیادكرد و ئێدێتیان كرد و دەنگیان لەسەر دانا. كاتێك كە جۆن بایز(joan baez) بۆ 24 كاتژمێر هاتە ئەوێ، پێی نەنایە سەر زەوی. بە تانكی فەرانسەوی كە سەربازەكان بەدرێژایی ئەو ماوەیە دەوریان دابوو بەم لا و ئەولادا چوو. بەڵێ، هەندێ كەس لە سارایۆڤۆ ئەمكارەیان كرد.
• قەت بە بۆدریارت وتووە “نهێلیستی فێڵەباز”؟
– گومانم هەیە. لام وا نییە پێم گوتبێت نهێلیست. لام وایە ئەو گەمژەو كەلبی مەسلەك(Cynicism)ە. بەدڵنیاییەوە هەندێ بۆچوون هەیە دەربارەی رووناكبیران. رووناكبیران، رووناكبیران زۆربەیان شوێنكەوتوون. بەڵام هەندێكیان بوێرن، زۆر بوێرن. بەڵام پۆست مۆدێڕنیسم بە چ كەڵكێكی رووناكبیران دێت. خەڵك چۆن ئەم زاراوانە لە خۆیان دوور دەخەنەوە لە بری ئەوە چاو لە واقیع بكەن! من عاشق و شەیدای ئاڵۆزیی و رێزگرتن لە واقیعم. حەزم لەوەیە لە بنەچەناسی(Genealogy)تێبگەم. من ئەگەر دژە تەفسیرم، بەو مانایە نییە سەرجەم بیركردنەوەكان تەفسیرە. من بەڕاست دژی دابەزاندنی تەفسیرم، جێگۆڕكێی رووكەشیانە و دروستكردنی هاوواتای بێ بەها.
• بەمەشەوە، لە چاوخشاندنێك بەسەر وێنەگریدا(1997) دەكرێت كتێبەكەت بە پێشەنگێكی پۆستمۆدێڕنیسم بزانین. بۆ وێنە وتووتە حەز و روانینی وێنەگری ئەبێت بە هۆی دامەزرانی دیمۆكراسی، هاوسەنگی دروست دەكات، ئەو تواناییەی هەیە جیاوازی نێوان روانینی سەلیقەی خراپ و باش نەهێلێت. وێنەگری یان كلتووری وێنەكان، كارەسات و نەهامەتییەكان بە شێوەیەكی جوانیناسانە نمایش دەكات. دونیاكەمان پارچە پارچە دەكات، واقع دەخاتە جێی (ناواقع) و چەمكی چارەنووس دەورووژێنێت:” لە دونیای وێناییەدا، ئەوەی هەیە روویداوە، لەوێدا بۆ هەمیشەو بە هەمان شێوەی روویداوە.” ( ئەم رادەربڕینە هێمایەكە لەو شتانەی ویریلیۆ دەیبینێت. بەم شێوەیە كە بە جێی رابردوو، ئێستاو داهاتووەكانمان،Rewind, play, fast forward گرتۆتەوە. وێنای مرۆڤی مۆدێڕن/پۆست مۆدێڕن، ئەوانەی كە بە ریمۆند كۆنتڕۆڵێك، نابن بە مۆدێل.) بەلای تۆوە وێنەگری لوتكەی مۆدێرنیزم و چارەڕەشییەكەیەتی.
– بەڵێ، لاموایە، بەڵام ئێستاش ئەڵێمەوە بە پێویستی نازانم چەمكی پۆستمۆدێڕن بەكار ببەم. بەڵام لاشم وانییە كە دونیا لە وێنەیەكدا بینین (هاوسەنگی)یەكی باش بێت. لە هەمانكاتدا ئەنجامی بینینی بەڵاكان و شتە ترسینەرەكان لە رێگای وێنەكانەوە تووشی سەرسووڕمانم دەكات. ئاخۆ دەبێت بە هۆی حەیران بوونمان؟ وامان لێدەكات خوو بە هەندێ شت بگرین؟ بەهای شۆك لەناو ئەچێت؟ نازانم. دواتر جیاوازی زۆر هەیە لە نێوان وێنا نەگۆڕ و وێنە جووڵەدارەكاندا. وێنە جووڵەدارەكان زۆر بەهێزن لەبەر ئەوەی نازانیت جووڵەكەیان تا كوێ ئەچێت. لە دوایین وتاری كتێبی ” دەربارەی وێنەگری” دەربارەی ئەزموونم لە تماشاكردنی نەشتەرگەری لە رێگای بێهوش كردنەوە بە دەرزی ئاژنەوە (گب سوزنی) قسەم كردووە.من بینیم بەشێكی زۆر لە گەدەی كەسێكیان بە هۆی برینێكی گەورەوە بڕی. دیاربوو بێهۆشكردن لە رێگای دەرزی ئاژنەوە كاریگەر بوو. نەخۆش چاوەكانی كراوە بوو، قسەی ئەكرد و بە قەسەب(نەی) شلەیەكی دەخوارد. كڵاونانە سەر و فێڵ نەبوو، بەڕاستی نەشتەرگەری دەكرا. دوكتۆر ئەیگوت ئەمجۆرە بێهۆش كردنە لەسەر جسم كاریگەری هەیە بەڵام بۆ دەست و پێ باش نییە. لە هەندێ لە نەخۆشەكانیشدا هیچ كاریگەرییەكی نییە. بەڵام بۆ ئەو كەسەی من بینیم كاریگەر بوو. من بێ ئەوەی پشتی لێ بكەم نەشتەرگەریەكەم بەچاو بینی. بڕینی دڕینی سك، برینی گەورەی گەدە. یەكەم نەشتەرگەری بوو كە بە چاوی خۆم دەمبینی، لام وابوو دژوارە بۆم چاوی لێ بكەم، بەڵام وانەبوو. شەش مانگ دواتر لە سینەمایەك لە قاریس، فیلمی چینی ئانتۆنیۆنی، چانگ كۆم بینی. دیمەنێكی تێدایە كە سێزاریەن لە رێگای دەرزی ئاژنەوە نیشان دەدات. ئەو كاتەی سكی ژنە سكپڕەكەیان بڕێ، نەمدەتوانی تەماشای بكەم. چەنە سەیربوو! نەمدەتوانی تماشای ئەو دیمەنە بكەم، بەڵام بە واقع و بەچاوی خۆم توانیبووم بیبینم، زۆر سەیرە. لە كلتووری دیمەنێكدا، ئەوەی پەروەردە دەكرێت، هەموو جۆرە مەتەڵێك بوونی هەیە.
• هەندێ لە شوومترین پێشبینییەكانت دەربارەی وێنەگری بووە بە واقع. بۆ وێنە وێنەگری- لە دوایین قۆناغیدا لە رێگای تەكنۆلۆژیای دیجیتاڵەوە- بەدڵنیاییەوە بەسەر هونەردا زاڵ ئەبێت. تەلەفیزیۆن، هۆلیوود و نووسینگەكانی شادی و خۆشی هەموو شت دەگرنە دەست. كە جگە لە شتەكانیتر دەبێت بە گرینگترین فۆڕمی هونەری مۆدێڕن. ئەو شتەی كە تۆ وەك “دەیەی سینەما” نای لێدەبەیت. ژان لۆك گۆدار ماوەیەك لەوە پێش وتی ئەو سینەمایەی من دەمناسی تەواو بووە.
– ئەو سینەمایەی ئەو دەیناسی بەڕاست تەواو بووە. دڵنیابە بە كۆمەڵێك هۆكار لەوانە تێك شكانی سیستەمی بڵاوكردنەوە. من ئەبوا هەشت ساڵ چاوەڕوان بام بۆ ئەوەی فیلمیSmoking/No smokingی ئالێن رێنە لە سەنتەری لینكۆڵن ببینم. رێنە لە سەرەتای دەیەی 1990 فیلمەكانی دروستكرد بەڵام هیچكام لەو فیلمانە لە دەیەی رابردوودا لێرە(لەئەمریكا) بڵاو نەبوونەوە. ئێمە خەریكین دەست چنێكی زۆر بچووكتر لێرە لە نیۆیۆرك، كە وا دیارە شوێنێكی باشە بۆ فیلم دیتن، كۆ دەكەینەوە.. بە دەربڕینێكیتر ئەگەر تاقەتی قەتعی بچووكت هەیە- من كێشەم هەیە لەگەڵ وێنەی مینیاتۆریدا- ئەتوانیت هەموو مێژووی سینەما لێر ببینیت و بەدڵی خۆت دانیشیت و تەماشای بكەیت و پێویست بە سیستەمی بڵاوكردنەوە ناكات.
من لام وایە گەورەترین كێشەی سینەما بەرلە هەر شتێكێت رووخان و تێكشكانی كلتوورییە. سەلیقەكان تێكچوون، زۆر كەم ئەتوانیت دەرهێنەرێك ببینیت حەز بكات بیرۆكە و هەستە پڕنێوەرۆكەكان بەكار ببات. لەبەر هەندێ هۆكار، ئەو فیلمانەی كە من بەدڵمە زۆرتر هی ئەو بەشە لە دونیایە كە سەرمایەی كەمتری هەیە، ئەو شوێنەی كە بەهای بازرگانی هەموو شتی كۆنتڕۆڵ نەكردووە. بۆ وێنە من لام وایە ئەوەی خەڵك زۆر فیلمەكانی “كیارۆستەمی”یان بەدڵە لەبەر ئەوەی ئەو مرۆڤگەلێك نمایش ئەكات كە بە تەواوی بێتاوانن و لەم دونیایەدا كە توانج و تانە تا دێت زیاتر ئەبێت، توانج ناگرێت. لەمڕووەوە لام وا نییە سینەمای تەواو بووبێت.
• ئەوترێت لە وەستانێكی گەورەدا كە كەوتە ناو دوو تاقم لە رۆمانەكانت، لە چیرۆكنووسییوە رووت هێنایە فیلم دروستكردن(فیلمەكانی سۆزان زۆنتاگ بریتین لە شانۆنامەی دوو ئەكتەری بۆ هاورەگەز خۆرەكان(1969) برای كارێل(1971) سەرزەمینی بەڵێندراو(1974) و سەفەری بێ رێنوێن(1983(.
– رەنگە وابێت، بەڵام من مۆدێل و سەرچەشنی پێشەیی كەڵك وەرگرتنم نییە. لاشم وا نییە مرۆڤ تا كتێبێكی تەواو نەكردووە دەست نەكات بە كتێبێكیتر. من حەز ئەكەم ئەو كتێبانە بنووسم كە ناتوانم نەیاننووسم.
• پرسیارێكیتر دەربارەی “وەلی نێعمەت” و پیشەی نووسینی تۆ، لەبەر ئەوەی یەكەم رۆمانەكەت بە تایبەت لە بەر تیشكی تەمەنێك پەیوەندی لەگەڵ تەفسیر، فرۆیدناسی و هتد، وا دیارە شتێكی سەرنجڕاكێشە. هانا ئارێنت بێزارە لە دەروونشیكاری لەبەر ئەوەی تێگەیشتنی ئەو لە ئازادی مرۆڤ دەكات بە شتێكی بی بنەما. رستەیەك لە رۆمانی “وەلی نیعمەت” دەێنمەوە:” تەنها كەسێك ئەبێ بڵێت ئەویتر ئازادە كە خۆی بەڕاستی ئازاد بێت. من تەنها ئەتوانم بە خەونەكانم بڵێم ئازادن، بۆ خۆیانن، بۆ ئەوەی لە دەستیان رزگارم بێت. لانیكەم تا ئەو ئاستە ئازاد بم كە مرۆڤێك مافی ئازادبوونی هەیە.” من رەنگدانەوەی ئەم بۆچوونە لە وتارەكەتاندا دەربارەی بارت(Barthes)خودی نووسین، دەبینم. لەو وتارەدا تۆ دانت ناوە بە “بەكارهێنانی خودوشیاری وەك بەرزترین ئامانجی مرۆڤ- لەبەر ئەوەی تەنها لە رێگای وشیاری تەواوەوەیە كەسێك ئەتوانێت ئازاد بێت.” لەبەر ئەوەی هەست دەكەم ئامانجی خود وشیاری كە رێزی لێدەگرین، زیاتر لە چیرۆكنووسیدا كەڵكت لێوەرگرتووە لەچاو وتارنووسین؟
– بەڵێ، ئەوكاتەی چیرۆك دەنووسم، هەست دەكەم زیاتر ئازادم. وەك ئەوەی دەنووسم و زیاتر لەو بابەتە نزیك دەبمەوە كە بەلامەوە گرینگی هەیە. مەبەست ئەوەیە هەمدیسان روونتر بێتەوەو ئەبێ واقیع زیاتر لە هەركاتێك وەربگرین و خۆمان بۆ وەرگرتنی واقع ئامادە بكەین.
• قبووڵ دەكەیت كە لە كارەكانتدا حەزێكی دژە دەروونناسی دەبیندرێت؟ ئاخۆ ئەمە هەمان ئەو شێوەكارە جوانیناسی، فەرمی و مۆدێرنیستە نییە كە تارادەیەكی زۆر لە رۆمانی نوێی فەرانسەوە سەرچاوە دەگرێت؟ یان هەڵوێست ئەخلاقی و فەلسەفی تۆ لەپێوەند لەگەڵ دۆخی ئینسانی؟
– لام وانییە دژە دەروونناسی بم. زۆرتر دژە ئۆتۆبیۆگرافیم. رەنگە شتێك بووبێت بەهۆی سەرلێشێوان. لام وانییە شتێكی وەهام لەو شتەی پێی دەوترێت رۆمانی نوێی فەرانسە وەرگرتبێت. هیچكات خۆشم لێیان نەهاتووە. لام وابوو “سەرنجڕاكێش”ن، كە ئەمە جۆرێك پێناسەیە بۆ ئەو قسانەی كە بێ بنەما و فریوەدەرانەن. حەز ئەكەم بڵێم خۆم لەم شتانە رزگار كردووە.
• دەوترێت دوو رۆمانت واز لێ هێناوە.
– داوای لێبوردن دەكەم، سێ رۆمان. 50-60 لاپەڕەم نووسی و ئیتر نەمتوانی درێژەی پێبدەم. ئەگەر دەگەیشتمە لاپەڕەی 100 دەمتوانی تەواوی بكەم.
• نەتویستووە فیلمێك لەسەر بنەمای یەكەم رۆمانی (سیمۆن دووبۆڤار) میوان، ئەو هات بمێنێتەوە، دروست بكەیت؟
– بۆچی نا. هەموو فیلم نامەكەشم نووسیبوو. بڕیاربوو تێچووەكەی سیمۆدووبۆڤار بیدات، لە شوێنێكیشەوە پشتیوانییەكی كەمی ماددیشم پەیدا كرد. بەڵام لە شوێنێكدا، باوەڕی خۆم بە فیلمنامە یان فیلم یان بابەتەكە لەدەستدا- لەبیرم نییە كامیان. ئیتر لەسەر ئەو باوەڕە نەبووم كارێكی باش دەردەچێت.
• ماڵئاواییت لەگەڵ دەرهێنانی فیلم كردووە؟
– سینەما عەشقی ژیانی من بووە. لە قۆناغێك لە ژیانمدا هەموو رۆژێك سەردانی سینەمام كردووە، هەندێجاریش لە رۆژێكدا دوو فیلمم بینیوە. بیرسۆن و گۆدار و سایبربێرگ و لەم دواییانەشدا سۆكۆرۆف، زۆر بەلامەوە گرینگ بوون. نە من ماڵئاواییم لەگەڵ دەرهێنان نەكردووە. حەز ناكەم كتێبەكانی خۆم بكەم بە فیلم، بەڵام شتیتر رەنگە، بۆچی نا، حەز ئەكەم جارێكیتر فیلم دروست بكەم.
• لە وتارێك لە ساڵی 1995 دەربارەی وی جینگ شنگ(On wei jingsheng) پرسەت گێڕا بۆ “لەناوچوونی ئەخلاقی گشتی و ستانداردە سیاسییەكانی بەها گەشبینەكانی سەدەی پێشتر” كە دەربارەی چین ئەوەی دەبیندرێت بێبەری بوونە لە ستانداردەكانی مافی مرۆڤ. لام وایە بەم وتارە و وتاری ساڵی 1984″ئامانجە لەچوارچێوە گیراوەكان” راستەوخۆ دڵی لەمپەرە سیاسییەكانی دوای جەنگی سارد و دوای چاخی ئایدیۆلۆژیت كردۆتە ئامانج. وتووتە لە هەموو دونیا، روانگەی غروورئامێزی بۆرژوازی دەربارەی ” بەرتەسك كردنەوەی بەردەوامی چالاكییە ئابووریە پڕداهاتەكان” بووە بە هۆی هاندانی دیكتاتۆرییەت.
– بە مەبەستی مانەوە پێت دەڵێم: من ئەمانەم نەنووسی. ئەمانە قسەی منە لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەنووسی لە نیۆیۆرك ئەو كاتەی “وی” دەستگیر كرا و ئۆرویل شێل كۆنفرانسەكەی رێك خستبوو، كە سەنتەری”لێكدانەوەی كتێبی نیۆیۆرك” ئەو شتانەی زۆر بە وردی هەڵگرتووە. چەند رۆژ دواتر بیستم بڕیار وایە بۆچوونەكانم چاپ بێت. لە “لێكدانەوەی كتێبی نیۆیۆرك”ەوە تەلەفۆنیان بۆ كردم. وتیان رەشنووسی “پارچەیەك دەربارەی چین”ی خۆمیان بە پۆست بۆ ناردەم(پێدەكەنێت). دەبینی من رێژەیی گەرا(Relativistic) نیم. من بەم قسەیە فرچكم گرتووەو گەورەبووم كە كلتووری ئاسیایی جیاوازە لە كلتووری رۆژئاوایی. بەرەی چین ناسەكان لەوانە “جیان فیرینك” وتوویانە كە باسی چین بكرێت، ستانداردە رۆژئاواییەكانی ئازادی شارستانی شتێكی نەگونجاوە لەوێ یان بەكەڵك نایەت، لەبەر ئەوەی لەگەڵ كلتووری پرۆتستانەكانی ئەورووپاوە سەرچاوەی گرتووە كە زۆر گرینگی ئەدات بە ئازادی تاكەكەسی، لەحاڵێكدا كلتووری ئاسیاییدا بەگشتی لایەنگری خاوەندارێتی بەكۆمەڵن. ئەم جۆرە روانینە وێرانگەر و كۆلۆنیالیستییە. ئەم جۆرە ستانداردانە بۆ كۆمەڵگای نەریتی بەكەڵك نایەن، ئەورووپاش بەشێكە لەو كۆمەڵگایانە. بەڵام ئەگەر لە دونیای مۆدێڕندا دەژیت، كە بە پێی پێناسە واتە ئەو جیهانە جیهانێكی نەریتی نییە، ئەو كاتەیە ئەم ئازادیانەت ئەوێت، هەر كەس ئەم ئازادیانەی وەك تاك ئەوێت. شی كردنەوەی بۆ مرۆڤە خۆشگوزەرانەكانی وڵاتە دەوڵەمەندەكان كە لایان وایە ئەم شتانە تەنها بۆ “ئەوانە” گرینگە.
• “ئامانجە لە چوارچێوەگیراوەكان” بەشێكە لە كارێكی گەورەترت كە لێی پەشیمان بوویتەوە؟
– بەڵێ، بڕیاربوو ببێت بە كتێبێك لە قەبارەی نزیك بە 100 لاپەڕەدا دەربارەی رووناكبیران و كۆمۆنیزم، لەبەر ئەوەی بەڕاستی كەوتبوومە ژێر كاریگەرییەوە ئەوانەی سەردانی وڵاتە سۆسیالیستەكان دەكەن چەنە نەفامن. ئەم كەسانە بەزۆر وەك وەفد سەردان دەكەن، لە هۆتێل دەمێننەوەو هەر لەوێ رێ نوین و پاسەوانی تایبەتبان لەگەڵە. كەوتمەوە یادی سەفەرەكەم بۆ چین لە جێنیڤەری 1973، كۆتاییەكانی شۆڕشی كلتووری. لەگەڵ ئەو خانمەی كە وەك وەرگێڕ بۆم دانرابوو بووم بە هاوڕێ. كەسێكی گرینگ نەبوو، هەربۆیە ئەم كەسە پلە نزمەم لە وەزارەتی دەرەوە وەرگرت. دیاربوو هەموو رۆژە راپۆرتی لەسەر من دەنووسی. ژنێكی لەبەر دڵان و ترساو بوو كە تەمەنی مامناوەند بوو و مێردەكەی لە شۆڕشی كلتووریدا لەدەست دابوو. لێم پرسی لەكوێ ئەژی، وتی لەگەڵ هاوڕێكانی دەژی. دواتر دەركەوت لە ژوورێكی زۆر بچووك بە قەد كەنتۆرێك ئەبوو دەژیا. من ژوورەكەیم بینی لەبەر ئەوەی سوور بوو لەسەر ئەوەی شوێنی ژیانی ببینم. بڕیارنەبوو نیشانم بدات. رۆژێك دوای ئەوەی ئاماژەی كرد كە ژوورەكە مایكرۆفۆنی شاراوەی تێدایە، داوای لێكردم بڕۆین بۆ پیاسەكردن. بەو ئینگلیزییە سەر و پێ شكاوەیەوە بە ئارمای قسەی دەكرد:” تۆ … كتێبێك… بە ناوی… 19″ كە 19م بیست دڵم گیرا. دەمزانی چی ئەلێت. وتی “84”. دووبارەم كردەوە”1984″ زیاتر لەوەی بمهەوێت دڵم پڕبوو. وتی :”بەڵێ، چین راست وەك ئەو رۆمانەی وایە” و پێكەنی. لام وایە ئەگەر تۆزێك خۆت بخەیتە زەحمەتەوەو پەیوەندی بە چەند كەسەوە بكەیت، ئەتوانیت لەم وڵاتەدا بە زۆر راستی بگەیت. لانیكەم رۆلان بارت بە هۆی حەزە سێكسییەكانییەوە بوێری ئەمكارەی هەبوو. ئەو وڵاتانی باكووری ئەفریقا و ئاسیای خۆش دەویست، لەبەر ئەوەی لەوێ ئەیتوانی لەگەڵ كوڕە گەنجەكان بخەوێت، لەبەر ئەوەی لە چین ئەو دەرفەتەی بۆ نەدەلوا بێزار ببوو، بەڵام كەر نەبوو. حەزە سێكسییەكانی وای كرد كە رێزی ببێت لەبەر ئەوەی قسەكانی مائۆی گەورە نەكردەوە و لەخۆڕا تاریفی مائۆ و چینی نەداوە. بەڵام هەر لەو سەفەرەدا بۆ چین لە ساڵی1974 ژوولیا كریستیڤا و فیلیپ سۆلرێز، كە گەڕانەوە زۆریان تاریفی چین كرد و بەردەوام قسەكانی مائۆیان دووبارە دەكردەوە. چاویلكەی ئایدۆلۆژیك وایكردبوو راستییەكان نەبینن و دۆخەكە بە شێوەیەكی تر ببینن. لە دەیەی 1930شدا هەندێ گەلحۆ و گەمژە سەردانی یەكیەتی سۆڤییەتیان كرد. حەز ئەكەیت چی بەم كەسانە بڵێیت:” راوەستە؟ ئەزانی لەكوێی؟ چی ئەبینی؟ هەوڵ بدە لەو شتانەوە دەست پێبكەی كە تەوای ئۆبژەكتیڤ و عەینین. چۆن ئەو شتانە نابینین؟”
• سەردەمێكیش بووە لە ژیانتدا كە فریوی كۆمۆنیزم بخۆیت؟
– نە، كۆمۆنیزم نە، بەڵام فریوی ململانێی دژە ئیمپریالیسمم خوارد. جەنگی ڤیەتنام منی بەخۆیەوە مەشغووڵ كرد. تەنانەت تا ئەمڕۆش ئەمریكاییەكان باس لەو 56000 سەربازە ئەكەن كە لەوێ مردن. 56000 زۆر زۆرە، بەڵام سێ میلیۆن سەربازی ڤیەتنامی و ژمارەیەكی زۆر شارۆمەندی ڤیەتنامی مردن. وڵاتەكەیان لە باری ئێكۆلۆژییەوە وێرا بوو. ئەو بۆمبانەی كە درا لەو وڵاتە لەو بۆمبانە زیاتربوو كە لە جەنگی دووهەمی جیهانیدا بەكار بران. دەربارەی كۆریاش هەروەها، ماهییەت و ئاستی هێزی جەنگی ئەمریكا بەرامبەر بەو دوو وڵاتەی كە هێرشیان كرابووەسەر، لەگەڵ ئەو دوو وڵاتەدا نەدەگونجا و سەرسووڕهێنەربوو. ئێستا چاولە عێراق بكەن. جەنگ تەواو بووە، بەڵام ئەمریكاییەكان بۆمبی ناپاڵم و گڕداریان باراند بەسەر ئەو سەربازە پێ پەتییە عێراقییانەدا كە خەریكی پاشەكشەبوون بەرەو باكوور. ئەو شتانە بێ هیوای كردم. ئەبێ كەسێك لەبیری بێت لە نێوان 1963 تا ئۆگۆستی 1968 كە یەكیەتی سۆڤییەت هێرشی كردە سەر چێكوسیلڤاكیا، ئەو سەردەمە بۆ زۆربەمان سەردەمی بیركردنەوە بوو. ساڵی 1963 من سەرقاڵی بزووتنەوەی دژە جەنگ بووم، واتە بەر لەوەی بەڕاست بزووتنەوەیەكی دژە جەنگ بوونی هەبێت. تازە جەنگی ڤیەتنام دەستی پێكردبوو. من تیمێكم لەگەڵ كۆنە سەوزەكاندا رێك خست و دەستمان كرد بە وتاردان دژی جەنگ لە شارە جیاوازەكانی ئەمریكا. لە سووچی شەقامەكان رادەوەستاین، دووجاریش بەردبارانیان كردین. لەو ماویەەدا و لە ناوەڕاستی دەیەی 1960 من دووجار رووسەكانم بینی و لەڕاستییدا پێیان دەوتم هەموو شت باشتر بووە و كەوتۆتە سەر رەوتێكی باشتر. دواتر هەمو ئەو شتانە لە ئۆگۆستی 1968دا رووخا. كە وایە بەڵێ، لە 1963ەوە تا 1968 ئاواتم ئەوە بوو باوەڕ بكەم وڵاتانی جیهانی سێهەمی دژی ئیمپریالیزمی ئەمریكایی كە دەوڵەتی تاك حیزبی كۆمۆنیستییان هەیە- نەك تەنها وڵاتانی ڤیەتنام و كووبا- دەتوانن كۆمەڵگای ئینسانی، لە جێگای دۆخی كۆلۆنیالیستە كراویان دابنێن…بەڵام ئەوەی كە تەمەنێك نیگەرانی رووداوەكانی دونیا بووم، نابێ پێنج ساڵ هەڵە كردن زۆر بێت بەلایەوەو شتێكی بەرچاو بێت.
• ئاخۆ ئەو راگەیاندنەت لە ساڵی 1982 لە تالاری شارەوانی وەردەگریتەوە كە وتبووت” كۆمۆنیسم، فاشیزمە بە روخسارێكی مرۆییەوە؟”
– نە وەری ناگرمەوەو پەشیمان نیم لە وتنی. دەوڵەتە كۆمۆنیستەكان بۆ ماوەیەك رویوان كردە سەرچاوە بەربڵاوەكانی ئایدیالیزم. لە دەیەی 1930 لە ئەورووپا، كەسی زۆر دیار، لە ناو بزووتنەوەی كۆمۆنیستیدا نقوم بوون و نەیاندەزانی چ بووەو چە قەوماوە. دواتر بەرەبەرە هەركە دەربارەی ئەم بزووتنەوەیە لەگەڵ ئەو كەسانەدا قسەیان دەكرد، پێیان وتم بێدەنگ بن لەبەر ئەوەی گرینگتر لە هەموو شت، شەڕی دژە هیتلەرە و ئێمە نابێ لە جەنگی ئیسپانیادا لایەنگری لە باڵی راست فەرامۆش بكەین.
• تۆ لەبەر ئەوەی ئەترسای كۆنسێرڤاتە نوێكان كتێبەكەت بەكار بێنن، كتێبی دەربارەی رووناكبیران و كۆمۆنیزمت تەواو نەكرد؟
– وا نەبوو. وازم لەو كتێبە هێنا لەبەر ئەوەی زیاتر لە هەر شتێك حەزم ئەكرد چیرۆك بنووسم. تەنها چیرۆك. ئەمزانی ئەو كتێبە چەند ساڵێك كاتم دەگرێت. من زۆر شتم بە نیوەچڵ جێهێشتووە. من لەوانە نیم كە زۆر شێت و شەیدای نووسینن و هەموو دەم خەریكی نووسینن.هەندێ كات بووە نووسینم بە دژوارترین كاری دونیا زانیوە.
• هەندێك لە رەخنەگرەكان لەسەر ئەو باوەڕەن مارینا لە كتێبی ئەمریكادا جۆرێك وێنای خودی خۆتە بە شێوەی چیرۆك. دەكرێت بزانین تا چەند دەكرێت تۆ لەگەڵ وەسفی چیرۆكدا بە یەك بزانین؟ بۆ وێنە لە دوایین روانینتدا بۆی لە زمانی كەسی سێهەمەوە ئەڵێیت:” مارینا دانیشت و چاوی لە ئاوێنەكە كرد. بەدڵنیاییەوە فرمێسك زابووە چاوی لەبەر ئەوەی زۆر بەختەوەر بوو. مەگەر ئەوەی بڵێین شتێك نییە پێی بوترێت ژیانی بەختەوەرانە. بەرزترین دۆخێكی ژیان كە كەسێك دەتوانێت بەدەستی بێنێت ژیانێكی زێدەڕۆییانەیە. بەختەوەری بە شێوەی جیاواز سەرهەڵدەدات، بۆ هونەر ژیان شتێكی تایبەتە، بەرەكەتە.”
– من خۆم بە تەواوی لەگەڵ ئەو دەقەی خوێندتەوە نزیك دەبینم و بە وەسفی خۆمی ئەزانم.
دوای ئەم وتووێژە، سۆزان زۆنتاگ بوو بە براوی خەڵاتی نەتەوەیی كتێبی ساڵی 2000 لە ئەمریكاو دوا بە دوای ئەوەی خەڵاتی ئۆرشەلیمی بردەوەو وەرگرتنی ئەم خەڵاتە دەنگ و هەرای زۆری لێكەوتەوە. وتاردانەكەی لەو رێ و رەسمەدا لە لۆسانجلس تایمز بە رێكەوتی 10ی جولای 2001 چاپ و بڵاو بۆوە.
سەرچاوە. گفتگو با یازدە زن نویسندە
انتشارات نیلوفر
انتخاب و ترجمە: مهرشید متولی