وتاری وەرگێڕان

وتاری ماراگارێت ئەتود دەربارەی ژیان و بەرهەمەكانی ئالیس مۆنرۆ”

ماراگرێت ئەتود

ئالیس مۆنرۆ یەكێك لە چیرۆكنووسە ناودارە ئینگلیزی زمانەكانی هاوچەرخی ئێمە. رەخنەگرانی ئەدەبی لە ئەمریكای باكوور و بەریتانیا ستایشی بەرهەمەكانی دەكەن و هەروەها ئەو ژمارەیەك خەڵاتی بردۆتەوەو دونیا بە باشی لەگەڵ بەرهەمەكانی ئاشنایە. لە ناو نووسەرەكانیشدا ناوی ئالیس مۆنرۆ بە ئارامی دەوترێتەوە. ئالیس مۆنرۆ لەو نووسەرانەیە كە زۆربەی كاتەكان دەربارەیان ئەڵێین هەرچەند لە دونیادا ناسراوبن بەڵام پێویستە زیاتر بناسرێن.

بەڵام هەموو ئەم تایبەتمەندییانە یەكشەوەو كوت‌وپڕ بەدەست نەهاتووە. مۆنرۆ لە ساڵەكانی دەیەی 1960ەوە دەستی كردووە بە نووسین و یەكەم كۆمەڵە چیرۆكی بەناوی “سەمای سێبەرە شادەكان” (Dance of the Happy Shades) لە ساڵی 1968 چاپ و بڵاو كردەوە. دوایین كۆمەڵە چیرۆكی بەناوی “هەڵهاتن” (Runaway)  ساڵی 2004 چاپ و بڵاو كرایەوەو لە لایەن بڵاوكراوە ئەدەبییەكانەوە گرینگی تایبەتی پێدرا. مۆنرۆ بە گشتی 10 كۆمەڵە چیرۆك(هەڵبەت تا كاتی نووسینی ئەم وتارەی مارگاریت ئارتۆد 10 كتێبی چاپ كردووە، بەڵكوو ئێستا 12 كتێبی چاپ بووە) ی چاپ كردووە كە هەركامەیان بە نۆ یان دە چیرۆكیان بەخۆ گرتووە. هەرچەند چیرۆكەكانی مۆنرۆ بەردەوام لە ساڵی 1970ەوە لە گۆڤاری “نیۆیۆركەر” چاپ و بڵاو دەبێتەوە، بەڵام لە ئێستادا كۆمەڵگای ئەدەبی جیهانی زۆر دێر دەچن بەلای چیرۆكەكانی ئەوەوە. ئەم كەمتەرخەمییە بەشێكی بۆ فۆڕمی چیرۆكەكانی ئەو دەگەڕێتەوە، لەبەر ئەوەی ئەو چیرۆكنووسە، یان بەدەربڕینێكیتر وەك چۆن لە رابردوودا دەمانگوت: حیكاتەنووس و بەو شێوەی ئەمڕۆ باوە: كورتەچیرۆكنووس. زۆر نووسەری ئەمریكایی، كەنەدایی، و بەریتانیایی لە ئاستی بەرزدا بوون كە ئەم فۆڕمەیان تاقیكردۆتەوە، واتە كورتە چیرۆكیان نووسیوە، بەڵام هێشتا زۆركەس لەسەر ئەو باوەڕەن هەرچەند چیرۆكێك دوور و درێژتر بێت بەها و ئەرزشی زیاترە.

لەم ناوەدا ئالیس مۆنرۆ لەو نووسەرانەیە كە هەرچەند ماوە جارێك لەدەرەوەی كەنەدا كارەكانی گرینگی پێدەدرێت. وەك ئەوەی كوت‌وپڕ لە ناو كێكێكی گەورەوە بپەڕێتە دەرەوەو بڵێت :”سڵاو!”. ماوەیەكی بەسەردا دەچێ و ئەو بێدەنگ دەبێت بەڵام جارێكیتر دەردەكەوێتەوەو ئەم كارە دووبارە دەكاتەوەو هەمدیسان ئەم رووداوە روو دەداتەوە. خوێنەران و بەردەنگەكانی ئەدەب ناوی ئالیس مۆنرۆ لە هەموو شوێنێك نابینن و لە دەمی هەموو كەسی نابیستن. هەندێ‌ جار كوت‌وپڕ چیرۆكەكانی دەبینن و سەریان سووڕ دەمێنی و لەخۆیان دەپرسن:” ئالیس مۆنرۆ خەڵكی كامە وڵاتە؟ چۆنە پێشتر لە هیچ كوێ ناویم نەبیستووە؟ وەها چیرۆكگەلێكی گرینگ لەكوێوە كوت‌و پڕ سەریان هەڵدا و دەركەوتن؟

ئەوی راستی بێت مۆنرۆ كوت‌وپڕ و لەهیچ كوێوە سەری هەڵنەدا و دەرنەكەوت. مرۆنر لە راستیدا لە “هۆرۆن كانتی” لە باشووری رۆژئاوای ئۆنتاریۆوە، واتە ئەو شوێنەی زۆربەی كارەكتەرەكانی خەڵكی ئەوێن دەركەوتوە. ئۆنتاریۆ یەكێكە لە ئیالەتە زۆر گەورەكانی كەنەدا كە لە رووباری ئۆتاواوە تا رۆژئاوا لە دەریای سۆپریۆر درێژەی هەیە. ئۆنتاریۆ ناوچەیەكی سەرنجڕاكێش و بەربڵاوە، بەڵام باشووری رۆژئاوای ئۆنتاریۆ شوێنێكترە و لەگەڵ شوێنەكانیتری ئەم ئیالەتە جیاوازە. “گۆرگ كۆرنۆ”ی شێوەكار ئەو شوێنە بە “سووستۆ” ناوی لێدەبات. “كۆڕنۆ”لای وایە سووستۆ ناوچەیەكی سەرنجڕاكێشە بەڵام جۆرێك نەناسراوی و هەستێكی خەمۆكیانەی سەیر باڵی بەسەر ئەم ناوچەیەدا كێشاوەو بەشێكی زۆر لە دانیشتوانی ئەم ناوچەیە لەگەڵ “كۆڕنۆ” لەمبارەوە هاوڕان. “رۆبێتسۆن دیۆیس”یش خەڵكی سووستۆیەو دەربارەی ئەو ناوچەیە وتوویەتی :” من داب و نەریتە تاریكەكانی خەڵكانی ئەم ناوچەیە دەناسم.” دەی خۆ مۆنرۆش داب و نەریت و هەڵسووكەوتی خەڵكانی ئەم ناوچەیە دەناسێت. بەڵام لە مەزراكانی گەنمی ناوچەی سووستۆدا پیاسە بكەن، رەنگە خودای خۆتان ببینن و رەنگیشە جەهەنەم بە چاوی خۆتان ببینن و ئەمەیە تایبەتمەندی ئەم ناوچەیە.

دەریای “هۆرن” لەبەشی رۆژئاوای سووستۆدایەو دەریای “ئاری” لە باشووری ئەم ئیالەتەدایە. بەشی زۆری ئەم ئیالەتە مەزرا دایپۆشیوە لەحاڵێكدا رووبارە بەخرۆشەكان لەناو ئەم مەزرایانەوە گوزەر دەكەن. هاتوچۆ بە بەلەم و ئاشە ئاوییەكان كە كارەبای ناوچەكە دابین دەكەن، بوو بەهۆی ئەوەی لە سەدەی نۆزدەیەمدا ژمارەیەكی زۆر شاری بچووك و گەورە لەم ئیالەتە دروست بێت. لەم هەموو ئەم شارانەدا هۆڵی كۆبوونەوەی خشتی سوور دەبیندرێت كە بەزۆری تاوەرێكی بچووكیشیان لەسەرە. لە سەرجەم ئەم شارانەدا دایرەی پۆستەو گەیاندن و ژمارەیەكی زۆر كڵێسەی گەورەو و بچووك درووست كراوەو شەقامی سەرەكی و بەشی رازاوەو جوانی شار كە شوێنی ژیانەو هەروەها ئەو گەڕەكانەی بە شێوەی نائاسایی دروستكراون بە ئاشكرا دەبیندرێ،. هەركام لەم خانووانە چیرۆكی خۆیان هەیە‌و ئێسكی بنەماڵەیەكی تایبەتیان لەخۆیاندا شاردۆتەوە.

هەروەها لە سەدەی نۆزدەیەمدا كوشت و بڕی “دانلی” لەم ناوچەیە روویدا و ناوچەیەكی بەربڵاو لە قەبرستانەكانی ئەم كوشت‌وبڕە لە سووستۆ دەبیندرێت. ژمارێكی زۆر بنەماڵە لەم رووداوەدا كە بەهۆی بشێوییە سیاسییەكانی ئایرلەنداوە بوو، قەتڵی عام كران و خانووەكانیان سووتێندران. سرووشی سەخۆش و مەست، هەستە سەركوتكراوەكان، گرێ دەروونییە شاراوەكان، توندووتیژییە ئاشكراكان، تاوانە قێزەون و ناشیرینەكان و ونبوونی بەردەوامی خەڵك لە تایبەتمەندییەكانی سووستۆی چیرۆكەكانی مۆنرۆیە كە سەرجەم چیرۆكەكانی لە ژیانی راستەقینەی خەڵكانی ئەم ناوچەیە سەرچاوەو ئیلهامی وەرگرتووە.

مۆنرۆ لە ساڵەكانی 1930 بۆ 1940 لەم ناوچەیە گەورەبوو و ئەوكات ئەگەر كەسێك لە شاری بچووكی ناوچەی باشووری رۆژئاوای ئۆنتاریۆ باسی لەوە كردبا كە دەیهەوێت ببێت بە نووسەرگاڵتەی پێدەكراو دەبوو بە گاڵتەجاڕی هەمووان. تەنانەت لە دەیەكانی 1950 و 1960 ژمارەیەكی كەمی ناوەندی بڵاوكەرەوە لە كەنەدادا هەبوون و زۆربەی ئەو بڵاوكەرەوانەی هەبوون تایبەت بوون بە بڵاوكەرەوەی كتێبە دەرسییەكان و ئەوەی وەك ئەدەب دەهاتە كەنەدا لە بەریتانیا و ئەمریكاوە دەهات. بەمەشەوە چەند گرووپێكی بچووكی تازەكاری شانۆی قوتابخانە دواناوەندییەكان لەم ناوچەیەدا دەبیندران و شانۆكانیشیان شتێكی وای تێدا نەبوو. ئەو سەردەم رادیۆ میدیای زاڵ بوو و لە ساڵەكانی دەیەی 1960دا مۆنرۆ كاركردنی خۆی لە كەناڵی CBCو بە بەشداری لە بەرنامەی “گوڵچنی ئەدەبی” كە رابێرت ڤیۆر ئامادەكاری بوو، دەستپێكرد.

بەڵام لە ئێستادا نووسەرانی كەنەدایی توانیویانە خوێنەر لە دونیادا بۆ خۆیان پەیدا بكەن و كە كەسێك حەز بە نووسین دەكات پێی خۆشە كەسانێكی زۆر لە دونیا بەرهەمەكانی بخوێننەوە، بەڵام كەسانی وەك مۆنرۆ بێ هیوا دەبن لەبەر ئەوەی لەو ناوچەیەی مۆنرۆی لێدەژیا هونەر بە شتێكی عەقڵانی و باش نەدەهاتە ئەژمار و هونەرمەندی زۆریشی لێنەبوو و سەرەنجام ئەو كەسانە ناچار ئەبوون ئەو ناوچەیە بەجێ‌ بهێڵن. ئەوكات هەمووان دەیانزانی لەرێگای نووسینەوە كەس ناتوانێـت بژیوی ژیانی خۆی دەربێنێت و ژیانی بەڕێوە ببات.

سەرەنجام ئەگەر كەسێك زۆر حەزی لە هونەر بایە، بە ئاوڕەنگ تابلۆیەكی دەكێشایەوەو شیعری دەنووسی و وەك چۆن مۆنرۆ لە چیرۆكی “وەرزی قەلەموون”دا وتوویەتی:” تا حەز كەیت كەسانی سەیر و سەمەرە لەم شارەدا بوون و هەمووان یەكتریان دەناسی. یەكێك لەوانە كەسێكی باڵابەرزی موو فڕفڕی بوو كە كاغەز دیواری ئەدا لە دیوارەكان و بەخۆی دەگوت دیكۆراتۆری ناوەوەی ماڵ، كەسێكتر قەشەیەكی قەڵەو بوو كە ژنەكەی مردبوو، كوڕێكی خراپكاری پیسكەش هەبوو كە هەموو كات بەشداری دەكرد لە پێشبڕكێی كێك دروستكردندا و سەرمێزی دەچنی، كەسێكیتر بەڕێوەبەر مالیخولیاییەكەی كڵێسە بوو و هەروەها مامۆستای مۆسیقای كۆڕی سروودی قوتابخانەش بوو كە هەموو كات بە ناوچار ترشاوییەوە دەیقیژاند بەسەر خوێندكارەكانیدا.” تەنها بژاردەیەك كە لەبەردەم ژنێكدا بوو بۆ ئەوەی دەستی بچێتە گیرفانی خۆی، ئەوە بوو كە هونەر وەك حەز و سەرقاڵبوون هەڵبژێرێت یان ئەوەی سەرەنجام كارێك بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی بژیوی ژیانی پێ دەربێنێت. چیرۆكەكانی مۆنرۆ بەسەرهاتی ژنانی لەم جۆرەی گرتۆتە خۆی. ئەو ژنانەی كە پیانۆ ئەڵێنەوە یان بۆ گۆشەی رۆژنامەكان بابەت دەنووسن. ئەگەر وەك “ئالمادا راس” كە لە چیرۆكی “مێنستۆنگ”دا شیعری كورتی بە ناوی “پێشكەشی” دەنووسی، تۆزە توانایەكیان هەبا، هیچ بەستێنێك نەبوو بۆ ئەوەی پێش بكەون و دەرفەتی پێشكەوتنیان نەبوو.

ئەگەر بڕۆیتە شارە گەورەكانی كەنەدا، رەنگە چەند بنەماڵەیەك بە مانای بنەماڵەی سەركەوتوو بدۆزیتەوە بەڵام لە شارە بچووكەكانی ئیالەتی سووستۆدا، ئەبێ لەسەر پێی خۆت راوەستیت و تەنها پشتت بە خۆت گەرم بێت, لەم ناوەدا، جان كێنت گالبرایت، رابرتسۆن دیۆیس، ماریان ئینگل” گرائم گیبسۆن، جەمیز رێنی، هەموویان لە ئیالەتی سووستۆ لەدایكبوون و مۆنرۆ سەرەڕای ئەوەی زۆر شەیدا كەناری رۆژئاوایە، گەڕاوەتەوە بۆ ئەم ئیالەتەو ئێستاش شوێنی ژیانی زۆر دوور نییە لە وینگهام، واتە ئەو شوێنەی كە بە شێوەی جیاوازی ژووبیلییەكان، ڤالییەكان، داڵگیشەككان و هانراتییەكان لە چیرۆكەكانیدا دەبیندرێت.

چیرۆكەكانی مۆنرۆ ناوچەی “هۆرن كانتی” سووستۆی وەك ناوچەی “پۆكناپاتافا كانتی” ویلیام فاكنەر بەوێنا كێشاوە، پارچەیەك زەوی كە لە لایەن نووسەرێكی بەتواناوە بووە بە ئەفسانەو ئوستوورەو ستایش دەكرێت، هەرچەند دەربارەی هەردوو ناوچە كە ئەم دوو نووسەرە باسی دەكەن بەكار بردنی دەستە واژەی “ستایش دەكرێت” تا رادەیەك هەڵەیە. لە چیرۆكەكانی مۆنرۆدا باشتر وایە بڵێین ئەم پارچە زەوییە لە لایەن ئەم نووسەرەوە “شیتەڵكاری ” بۆكراوە. هەرچەند وشەی”شیتەڵكاری” مرۆڤ دەخاتەوە یادی كلینیكە پزیشكییەكان. چیرۆكەكانی مۆنرۆ لە راستییدا تێكەڵەیەكن لە چەند تایبەتمەندی جیاواز، چ وشەیەك ئەتوانین بە مانای تێكەڵەیەك لە شیتەڵكاری وردبینانە و كەونینەناسانە، زیندوو كردنەوەی بیروەرییەكان بە شێوەی ورد، لێكدانەوەی ورد و كامڵی چینە ئاڵۆزەكانی سروشتی مرۆڤ، بەبیرهێنانەوەی نهێنییە ئیرۆتیكییەكان، نۆستالۆژیای ئەو نەهامەتیانەی لەناو چوون و ژیان لە شادی و خۆشیدا، بەكار ببەین؟

لە كۆتایی كتێبی “ژیانی كچان و ژنان”دا كە ساڵی 1971 چاپ و بڵاو كرایەوەو  تەنها رۆمانی مۆنرۆیە- چیرۆكێك كە روخساری كچە هونەرمەندێك لە گەنجیدا بەوێنا دەكێشێت- رستەیەكی گرینگ هەیە. “دێل جۆردەن” لە ناوچەی “ژووبلییەوە” پەیوەست بووە بە كۆمەڵی ژنانی شارەوەو ئیتر كچۆڵەیەكی كەم ئەزموون نییە و دەستی كردووە بە نووسین و نووسەربوونی هەڵبژارووە، دەربارەی سەردەمی تازەلاوی و باڵق بوونی ئەڵێت:” من بەو شێوەیە گەورە نەبووم كە رۆژێك رووبەڕووی ژووبلییەكان بوەستمەوە. وەك چۆن مامە كریك “جێنكین بێند” دانیشتووەو خەریكی نووسینی مێژووی سەرزەمینەكەیەتی، منیش دەمهەوێت ژیانم بنووسمەوە. ” “ئەبێ لیستەیەك ئامادە بكەم، لیستەیەك لە كۆگاكان و نووسینەگانی خانوو فرۆشی شەقامی سەرەكی ئەو كەسانەی پێیان قەرزدارن، لێستەیەك لە ناوی بنەماڵەكان، ئەو ناوانەی لە سەر قەبری قەبرستانەكان هاتووەو ئەو شتانەی لەسەری نووسراوە”، ” ئەوەی كە هیوادار بیت ئەمكارە بە دروستی ئەنجام بدەیت كارێكی گەمژانەیە.” ” هیچ لیستەیەك سەرجەم ئەو شتانەی دەمهەوێت ناگرێتە خۆی، لەبەر ئەوەی من هەموو شتێكم دەوێت، سەرجەم ئەو شتانەی دەوترێت، تیشكی خۆر لەسەر دیوارەكان، تۆكڵاشی دارەكان، بەرزی و نزمییەكان، ئازارەكان، بەجێ هێشتنەكان، ئەو وەهم و خەیاڵانەی كە هێشتا بوونیان هەیەو تا هەتایە دەشبن.”

وەها پلان و بەرنامەیەك بۆ ژیان بەڕاستی ترسێنەرەو مرۆڤ دەترسێنێت، بەڵام مۆنرۆ ئەوە سی و پێنج ساڵە بە وەها بەرنامەیەك وەفادارە, ئالیس مۆنرۆ ساڵی 1931 بە ناوی “ئالیس لیدلا” لەدایك بوو. واتە مۆنرۆ لە ساڵانەدا كە ئەمریكا تووشی كێشەبوو (ئەو ساڵانەی جەنگی جیهانی دووهەم لە ئارادابوو) منداڵێك بوو. ساڵی 1939 واتە ئەو ساڵەی پەیوەست بوو بە جەنگی جیهانی دووهەمەوە، مۆنرۆ تەنها هەشت ساڵی تەمەن بوو، دوای جەنگی جیهانی بوو كە رۆیشتە زانكۆی ئۆنتاریۆی رۆژئاوا. ئەوكاتەی ئالویس پریسلی لە ئەمریكا وەك ئەستێرەیەك دەركەوت، ئالیس مۆنرۆ 25 ساڵی تەمەن بوو دایكێكی گەنج بوو و لە سەردەمی شۆڕش و بزووتنەوەی ژناندا لە ساڵەكانی 1968 و 1969 سی و هەشت ساڵی تەمەن بوو. واتە ئەو ساڵەی كە یەكەم كتێبی چاپ كرد. ساڵی 1981 پەنجا ساڵی تەمەن بوو و زۆربەی چیرۆكەكانی مۆنرۆ باس لەم ساڵانە، واتە ساڵانی 1930 بۆ 1981 دەكەن و ئەو رووداوانەی بۆ باوەگەورەو باوك و دایكی هاتۆتە پێش.

نیوەی باوانی مۆنرۆ دەگەڕێتەوە بۆ پرۆتستانەكان سكۆتلەند و پێشینەی خێزانیان بۆ “جەیمز هووگ”و “ئۆتریك شیفێرد” هاوڕێی “رۆبیرت برۆنز” و ئەدەیبەكانی ئیدیبنۆرگی سەدەی هەژدەیەم، واتە نووسەری كتێبی “دان پێدانانی تواناباری لەسەرحەق”، ناوێك كە دەتوانێت ببێت بە ناوی یەكێك لە كتێبەكانی مۆنرۆ. نیوەیتری باوانی مۆنرۆ دەگەڕێتەوە بۆ كڵێسەی بەریتانیا و خراپترین تاوان و گوناه بەلایانەوە ئەوە بوو لەسەر میزی نانی شەو خواردندا كەسێك چەتاڵەكە بە هەڵە دەستییەوە بگرێت. بەمەشەوە ئەوەی كە مۆنرۆ بە تەواوی ئاگاداری چینە كۆمەڵایەتییەكان جیاوازیی و وردەكارییەكانی جیاوازییەكانی هەر چێنیكە لەگەڵ چینەكەیتر، بەهۆی پەروەردەی پرۆتستانی ئەوەوەیە كە بووە بەهۆی ئەوەی كەسایەتی چیرۆكەكانیشی خوو و خەدەو هەڵسووكەوتی ورد و گونجاویان هەبێت و پێشینەو هەستەكان، خەونەكان و دەرون و ویژدانی خۆیان بناسن و بۆ گەیشتن بەو شتانە هەنگاو هەڵبگرن كە لەگەڵ ئەوانەدا دێتەوە. لە كلتووری كۆنی پرۆتستانەكاندا، وەك كلتووری كۆنی ناوچەی سووستۆ، بەخشین و عەفووكردن كارێكی ئاسان نییە و سزای توند چاوەڕوانیان دەكات، خەڵك سووكایەتی بەیەكتر دەكەن و شەرم لە هەموو شوێنێك لە بۆسەدایەو كەس بە ئاسانی لە دەست ئەم هەموە چارەڕەشییە رزگاری نابێت.

ئەم نەریتە هەروەها هەڵگری باوەڕی ئاینینیشەو بەخشش و لێبوردن جێگەیەكی تایبەتی هەیە تێیدا. لە بەرهەمەكانی مۆنرۆشدا، لێبوردن بە فراوانی دەبێندرێت، بەڵام بەشێوەی سەیر و سەمەرە دەردەكەوێت، لە چیرۆكەكانی مۆنرۆدا هیچ شتێك پێش بینی ناكرێت. هەستەكان هەڵدەقوڵن، دەمارگرژی وێران دەبێت و دەڕووخێت، سەرسووڕمان و تووشی شۆك بوون لە هەموو شوێنێكی بەرهەمەكانیدا دەبیندرێت. لە وەها شوێنێكدا كردەوە شەیتانییەكان رەنگە ئەنجامی باشیان لێبكەوێتەوەو سەرەنجام لەو شوێنەی كە هەمووان هیوا بڕاو دەبن، رزگاری و ئازاد بوون بە شێوەیەكی نوێ‌ دەردەكەوێت. بەمانەشەوە، كە وەها دەستەواژەیەك بۆ بەرهەمەكانی مۆنرۆ بەكار دەبەن یان بەشێوەیتر شیكاری و لێكدانەوەی بۆ دەكەن، بەڵگە دەهێننەوەو بە ئەنجامێك دەگەن، هێشتا لە زۆربەی چیرۆكەكانی مۆنرۆدا رەخنەگر و لێكۆڵەرێك ئەبینن كە گاڵتەی بە ئێوەو ئەوكارانەی كردووتانە دێت و بە شێوەیەكیتر دەڕوانێت، ئەو كەسەی لەبەرخۆیەوە پێتان ئەڵێت:” بۆ لات وایە كێیت؟ چی بووە بەهۆی ئەوەی ئەوەندە بویر بیت و لات وابێت شتێك دەربارەی من یان كەسانیتر دەزانیت؟” یان ئەوەی شتێك لە چیرۆكی “ژیانی كچان و ژنان” وەردەگریت و ئەڵێیت:” ژیانی ئەم خەڵكە چەند بێزاركەر، سادە، سەرنجڕاكێش و قووڵە. ئەو ئەشكەوتە قووڵانەی كە بۆ مۆم داپۆشراوە.” خاڵی جێگای تێڕامان لە وشەی “قووڵ”دا شاراوەیە.

لە دونیای چیرۆكەكانی مۆنرۆدا چەند كەسایەتییەكی لاوەكیش دەبینین كە هونەرو داهێنان و هەرچەشنە خۆدەرخستنێك بە سووك ئەزانن و بەچاوی سووك چاوی لێدەكەن. لەوەها دۆخێكدایە رەخنەگرانی ئەدەبی پاڵەوانی چیرۆكەكانی مۆنرۆ بە شێوەیەك وەسف دەكەن كە خەبات دەكەن بۆ رزگاربوون لە دەست ئەم كەسانە، ئەو پاڵەوانانەی هەوڵ دەدەن و خەبات دەكەن بۆ ئەوەی بتوانن تواناكانی خۆیان بخەنە ڕوو. لەهەمانكاتدا پاڵەوانەكانی مۆنرۆ لایەنی دەستكردی هونەر بەسووك چاو لێدەكەن و گومانیان هەیە لەسەری. دەربارەی چی دەبێ بنووسین؟ چۆن دەبێ بنووسین؟ كەڵك وەرگرتن لە هونەر تاچەند هەڵگری ئاستی هۆش و تواناییەو چەند لەو زیرەكی و تواناییە لەناو دەبات و دەیگۆڕێت بە فێڵی فۆڕمەكان؟ فیلی وەك لاسایی كردنەوەی خەڵك و هەڵسووكەوت هەستەكانیان. چۆن دەكرێت دەربارەی كەسێكیتر، تەنانەت كەسێكی خەیاڵی بێ پێش گریمانە رادەببڕین و چیرۆك بنووسین؟ گرینگتر لە هەموو ئەمانە، چۆن چیرۆكێك تەواو بكەین؟ مۆنرۆ بەزۆری چیرۆك بە پرسیارێك كۆتایی پێدێنێت. هەندێ‌ جاریش بێباوەڕی دەخاتەڕوو، وەك پەڕەگرافی كۆتایی چیرۆكی “مێنستۆنگ” كە بگێڕەوەكە ئەڵێت:” رەنگە هەڵەشم كردبێت.” ئاخۆ كردەوەی نووسین، جۆرێك خۆبەزل زانین و بێشەرمی نییە؟ لە ژمارەیەك لە چیرۆكەكانی مۆنرۆدا وەك “هاوڕێی سەردەمی گەنجیم”، “دزراو”، “وێستگەی بیابان” ” بێزاری، دۆستایەتی، پێكەوەبوون، عەشق، زەواج”كۆمەڵێك دەستەواژە دەبێندرێت كە خۆبەزلزانین یان لەهەڵەدابوون و تەنانەت بەدجنس بوونی نووسەرەكەیان دەخەنە ڕوو. ئەگەر نووسین چەند رستەیەكە كە ئەبێ بەهۆی ئەوەی رێگای راستمان لێ بشێوێت، ئەی دەربارەی خودی نووسەر ئەبێ چی بڵێین؟

وەها پرسیارگەلێك لە چیرۆكی ” مانگە هاوبەشەكان”یشدا دەبیندرێت. كەسایەتی چیرۆكەكانی مۆنرۆ جگەلەوەی لەبەر ئەوەی سەركەوتوو نەبوون لۆمە دەكرێن، بەڵكوو لەبەر سەركەوتووبوونیشیان لۆمە و تەمبێ دەكرێن. لەم چیرۆكەدا، نووسەرە ژنەكە بیر لەباوكی ئەكاتەوەو بەخۆی ئەڵێت :” گوێم لێی ئەڵێت، من لە (چیرۆكی) مەك لئاندا شوێن پێی تۆم نەدیوە. ئەگەر شتێكیشی دەربارەی من خوێندبۆوە دەیگوت: زۆر متمانەم بەو نووسراوە خەیاڵی و فەنتازیاییانە نەییە. تۆنی دەنگی گاڵتەجاڕانەبوو بەڵام هەموو ئەمانە وایكرد بەزەییم پێیدا بێتەوە. ئەو پەیامەی لەوم وەرگرت بەم ئاسانیەیە: ئەبێ بەدوای ناوبانگ بكەوین و دواتر لەبەر ئەو شتە داوای لێبوردن بكەین، جا ناوبانگت بەدەست هێنابێت یان نەتهێنابێت. لەهەرحاڵدا لۆمەت دەكەن.”

دڵسۆزی رۆح” یەكێك لە كێشە سەرەكییەكانی ئالیس مۆنرۆیە. كەسایەتییەكانی مۆنرۆ لە جەنگدان لەگەڵ ئەم “دڵسۆزیە”و هەوڵ دەدەن دایمركێننەوەو خەڵكانیتریش چاوەڕوانییەكانیان و یاساكانی زاڵی ژیانیان و هەرچەشنە لادانێكی رووحی و دەروونی كۆنتڕۆڵ دەكەن. بەگشتی دوو جۆر مرۆڤ دەبینین، مرۆڤێك كە كاری باش دەكات بەڵام هەستەكانی خراپەو بێ هەستەو مرۆڤێك كە كاری چاك دەكات بەڵام هەستەكانی راستەقینەیەو لەگەڵ خۆی راستگۆیە. ژنی چیرۆكەكانی مۆنرۆ لە جۆری دووهەمن، واتە رەنگە هەڵسووكەوت و رەفتاری خراپیان لێ بوەشێتەوە بەڵام هەستەكانیان راستەقینەیە و لەگەڵ خۆیان راستگۆن، لەبەر ئەوەی ئەگەر لە جۆری یەكەم بایەن لادان و دووڕوویی و فێڵ و تەڵەكانی خۆیان دەشاردەوە.

ئەو كۆمەڵگایەی مۆنرۆ لە چیرۆكەكانیدا باسی لێوەدەكات كۆمەڵگای مەسیحییە. مەسیحییەتێك كە زۆربەی كاتەكان ئاشكرا‌و روون نییە و زۆرتر بە هۆی رابردووی كەسەكانەوەو لەگەڵیانەو بەشێوەیەك بە میرات پێیان دەگات. كەسایەتی “فلۆ” لە چیرۆكی”خزمەتكاری سواڵكەر”دا دیوارەكانی بە “ژمارەیەكی زۆر ئامۆژەی ئایینی رەش كردۆتەوەو دروشم و ئاگاداركردنەوەی ئایینی نووسیوە: خودا شوان و رێ‌ نوێنی منە، باوەڕتان بە خودای مەسیح هەبێت بۆ ئەوەی بەرزگاری بگەن.” بەڵام بۆچی “فلۆ” كە بەڕاستی باوەڕدار نییە باس لەم دروشمە ئاینییانە دەكات؟ ئەمانە كۆمەڵێك تایبەتمەندین كە خەڵگانی ئەم ناوچەیە لە رووی عادەت و خوو و خەدەوە لەگەڵ خۆیان هەڵیان گرتووە. خەڵك باس لە مەسیحییەت دەكەن و لە كەنەدا، كڵێسە‌و دەوڵەت هیچكات لەیەكتر جیانەبوون. لە قوتابخانە دەوڵەتییەكاندا دۆعا و ئینجیل دەخوێندرێت و كلتووری وەها مەسیحییەتێك ماتریاڵێكی خاوی زۆر باشە بۆ مۆنرۆ، بەڵام ئەم بەم بەكارهێنانە لە تایبەتمەندییە سەرەكییەكانی چیرۆكنووسی مۆنرۆ نییە.

بنەمای سەرەكی مەسحییەت لەوەها كۆمەڵگایەكدا لەسەر دوو تایبەتمەندی دامەزراوە، یەكیان ئیلاهیاتەو ئەویتریان ئینسانییەت كە هەردووكیان تایبەتمەندی سەرەكی عیسای مەسیحن. خەڵك باوەڕیان بە نیوە خودایەك یان خودایەكی دەستكرد و درۆینە نییە، بەڵكوو لەوەها كۆمەڵگایەكدا خودا وەك مرۆڤێك دەردەكەوێت و لەهەمانكاتدا پیرۆز و ئاسمانیش دەمێنێتەوە. لەهەمانكاتدا باوەڕ بە یەكێك لەم تایبەتمەندییانە، واتە باوەڕ بەوەی عیسا تەنها مرۆڤێك بووە یان عیسی خودا بووە، لە روانگەی كڵێسەی مەسیحییەوە داهێنانەو گوناحە و بەكفر دەزانرێت( لەبەر ئەوەی ئەوان لەسەر ئەو باوەڕەن عیسی تێكەڵەیەك بووە لەهەردووكیان. هەم خودا بووەو هەم ئینسان.” كەوایە مەسیحییەت لەوەها كۆمەڵگایەكدا هەم لۆژیك وەردەگرێتەو شتێكی لۆژیكییە و هەم ئەوەیە رەتی دەكاتەوە. لۆژیك ئەڵێت A  ناتوانێت لەیەكساتدا هەم Aبێت و هەمیش A نەبێت، بەڵام مەسیحییەت ئەیگوت وەها شتێك مومكینە. لەوەها كۆمەڵگایەكدا ئەبێ باوەڕت بەوە ببێت كە Aهەم Aەو هەمیش A نییە.

بەشێكی زۆر لە چیرۆكەكانی مۆنرۆ تەواوكەری یەكترن، بەڵام هەندێجاریش وەها نییە. یەكەم نموونەیەك كە بەزەینم دەگات، چیرۆكی “ژیانی كچان و ژنان”ە كە لەو چیرۆكەدا مامۆستایەك كە لە دواناوەندی كۆڕێكی بچووی سروود و ئۆپیرایەكی بچووكی رێكخستووە سەرەنجام خۆی دەخاتە رووبارەوەو خۆی دەخنكێنێت. بەلای مۆنرۆوە رەنگە حەقیقەت هەم ئەوەیە حەقیقەت بێت و هەم حەقیقەت نەبێت. لە چیرۆكی “جیاواز”دا جۆرجیا بە خۆی ئەڵێت :” هەم هەڵەیە و هەمیش راستە.” یان بگێڕەوەی چیرۆكی “گەشەی عەشق” ئەڵێت :” چەند دژوارە لام وابێت هەموو ئەم شتانەم لەخۆمەوە دروستكردووە. لام وایە حەقیقەت حەقیقەتە و هەموو كات باوەڕم پێی بووە.” لە چیرۆكەكانی مۆنرۆدا دونیا پڕە لە كفر و گوناه و لەهەمانكاتدا پیرۆزە. ئەبێ هاوكات هەڵگری ئەم دوو شتە بێت. هەموو كات دەكرێت زیاتر لەوەی پێویستمان پێیەتی بۆ تێگەیشتن لێی تێبگەین. چیرۆكەكانی مۆنرۆ پڕە لە پرسیار. بەڵام لەهەمانكاتدا ئەم چیرۆكانە لە دەروونی خۆیاندا وەك دەروونی هەر مرۆڤێك، گەنجێكی مەترسیداری شاردۆتەوە كە وەك یاقووتێكی گرانبەها وایە كە ناكرێت نرخی لەسەر دانین، ئەو گەنجە هیچ نییە جگە لە خواستی دەروونی مرۆڤەكان.

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button