وتاری وەرگێڕان

هیوا

ئیڤان کلیما

چەند ساڵ لەوە پێش رۆمانی “ئاژەڵە مەسخ بووەکان”ی ڤێرکۆر، زۆری سەرنجڕكێشام، رۆمانێک کە نووسەر لەوێدا هەوڵ دەدات تایبەتمەندییەکی جیاکردنەوەی مرۆڤ لەگەڵ ئاژەڵ بسەلمێنیت. تایبەتمەندییەک کە ئەو باسی دەکات و دەڵێت ئەویش توانایی خولقانی ئایین، رێ ورەسمە ئایینەکان  و دروستکردنی دۆعا و بەرموورە و سێحر و جادووە- تواناییەکانی بوونەوەرێکی گیاندار بۆ بڕواهێنان بە هێزێک کە بۆ هەڵهاتن لە ترس لە چارەنووسی خۆی، پەنای بۆ دەبات.

بەڵام باوەڕ بە شتێکی گەورەتر لە خۆت ئەکرێ چ کەڵکێکی بۆ مرۆڤەکان ببێت، ئەگەر مرۆڤ هیوای بەوە نەبێت کە ئەم هێزە گەورانەش لە کاتی خۆیدا گرینگی بە ئەو ئەدەن و ئەو بە هەند وەرئەگرن.

وەک چۆن بۆلسی هاوەڵ دەڵێت :” ئێستا روو بکەنە باوەڕ، هیوا، کاری چاکە، هەرسێکیان، بەڵام ئەوەی لەم ناوەدا لە هەموان گرینگترە کاری چاکەیە.”

هەڵبەت کاری چاکە  یان عەشق، باوەڕ و ئازادی زۆرجاران دەستیان لێبەردراوەو نکۆڵیان لێکراوە، خەڵک توانیویانە لەگەڵی رابێن ، بەڵام مرۆڤ هەرکات بەڕوالەتیش هیوابڕاو بووە، لە دوایین ساتەکاندا هەر پەنای بۆ بردۆتەوە.

تەنانەت پیاوێک کە سزای سێدارەی بەسەردا داسەپاوەو بەرەو سێدارەکە دەڕوات، رەنگە هێشتا سووسەیەکی هیوا لە دڵیدا هەبێت بەوەی کە لە دوایین ساتدا لێی بوورن یان ئەوەی رووداوێک، پەڕجوویەک رووبدات، راست ئەم هیوا کەمەیە کە هێزی پێ ئەدات بەرەو داری ، سێدارەکە هەنگاو هەڵگرێت.

هیوا هەموو دەم گرێ ئەدرێتەوە بە داهاتووەوە. هیوا توانای مرۆڤە بۆ بەخەیاڵ بردنی خۆی بۆ شوێنێک کە جیاوازە لە شوێنی ئێستای. کەوایە چ شتێک هەیە مرۆڤانەتر بێت لە هیوا؟

مەرگیش هەموو دەم گرێ دەدرێتەوە بە داهاتووەوە. چ شتێک زیاتر لە مەرگ ئەتوانێت دژی هیوا بێت و لەگەڵ هیوا ناتەبایە؟ بەم پێیە، دەکرێت هیوا بە هەوڵێکی بێئەنجامی مرۆڤ بزانین بۆ خۆدوورخستنەوە لە ئاگابوون لەو ساتەی کۆتایی، جۆرێک خۆڕاگری بەپەلە و بێ کات، جۆرێک هەوڵی هیوابڕاوانە بۆ زاڵبوون بەسەر بێدەنگی دونیادا.

لەبەرئەوەی وا دەرئەکەوێت مەرگ تەنها شتێکی رەهایە لە ژیانی مرۆییدا، کەوایە هەر هیوایەک رێژەییە، وەهمێک کە یارمەتی مرۆڤ ئەدات ئەم رێگایەی کە بە مەرگ کۆتایی دێت ببڕێت.

ئەگەر لە دیدی رەهاکانەوە لە بابەتەکە بڕوانین، تەنها کەسێک ئەتوانێت هیوای راستەقینە بە مرۆڤ بدات کە توانای ئەوەی هەبێت ئەو کۆتاییە چاوەڕوانکراوە لە رێگای هیواوە دەرببڕێت، ئەو کەسەی بتوانێت مرۆڤ لە خەرەندی تارمایی مەرگ بپەڕێنێتەوە.

تا ئەو شوێنەی ئاگادارم، خودای مەسیحی- یان باشتر بڵێم ئەو هاوەڵەی کە ناوم هێنا و بە ناوی خواوە قسەی کرد- تەنها کەسێکە ئەم کارەی کردووە. هیچکەس ، هیچکات ناتوانێت بە متمانەی تەواوەوە بڵێت، ئاخۆ ئەو هیوایەی ئەو دەیخستەڕوو و باسی لێوە دەکرد، لە سەر هەڵەیەک دانرابوو یان لەسەر وەحی و ئیلهام، بەڵام گومانێک لەوەدا نییە کە هەر ئەوە تاکە هیوایەک بووە کە پێشتر و لە ئێستاشدا درابێت بە مرۆڤ.

لەو دەمەوەی کە رێگایەک بەرەو هیوای هەرمان و هەمیشەیی بەرەو رووی مرۆڤ کراوەتەوە، هەر کەس هاتبێت باسی لە نەبوونی خودا کردبێت ناچار بووە جێگرەوەیەک نیشانی خەڵک بدات، بەڵام لەبەر ئەوەی وەها هیوایەک تەنها بە دژوارییەکی زۆرەوە گرێ دەدرێتەوە بە رۆحی مرۆڤەوە، ئەو جێگرەوە بە زۆری گرێ دراوەتەوە بە دونیایەکەوە کە لە دەورووبەری مرۆڤەکاندا بوونی هەیە.

هیوایەک کە لەم دونیایەدا بەدی بێت ، هیوایەکی مرۆیانەیە، ئەو هیوایەی کە لە دەروونەوە بوو، دەبێت بە هیوایەک لە دەرەوە. مرۆڤ ئەم دونیایە دەخولقێنێت و لەو دونیایەدا ئەو هەڵاو هوریایەی کە لە رۆحی ئەوەوە دێت، کە لە عەزابدا دەناڵێنێت، لەناودەچێت و دەتوێتەوە.

هەموو ئەو هیوایانەی کە گرێ دراونەتەوە بە دونیای دەرەوە، بە دونیای شتەکانەوە، لە دەروونی خۆیاندا جۆرێک بێ هیوایی لە درۆینەبوونیان لەگەڵە. ئەو دەمەی مرۆڤ لە ناو ئەم هیوایانەوە چاو لە دونیا دەکات، سەر وەردەچەرخێنێت. بەڵام لەبەر ئەوەی ژیان بێ هیوا ناکرێت، کەوایە مرۆڤ هەمدیسان بە شوێن هیوایەکی نوێدا ئەگەڕێت.

لە هەمان روانینی یەکەمدا دەردەکەوێت ئێمە جگەلەوەی لە دونیایەکدا دەژین پڕواپڕ لە ماشێن و بەرهەمە ماشێنییەکان، بەڵکوو پڕاوپڕین لە هیوای درۆینەش. ئەمەش گێژاوێک دروست دەکات کە مرۆڤ لە بێهیوایی مەرگهێنەریدا نوقم دەکات

تا زیاتر و بە حیماسەی زیاترەوە دەست بگرین بەم هیوا درۆینانەوە، زیاتر وەک ئەو مەحکووم بە مەرگانە دەچین کە لەو کاتەی بەرەو لەناوچوون و مەرگی خۆیان هەنگاو هەڵدەگرن، هیوایان بەوەیە پەڕجوویەک رووبدات.

 

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button