خولقان بە مەترسیەوە.
ن: ئەلبێر کامۆ
و: مستەفا زاهیدى
دانایەکى رۆژهەڵاتى بەردەوام لە نزاکانیدا داواى لە خوداوەند دەکرد لوتف بکات و لە ژیان لە سەردەمى پڕکێشمەکێش بیبەخشێت، بەڵام لەبەرئەوەى ئێمە دانا نین، خوداوەندى مەزن بەخششێکى لەمجۆرەى بە ئێمە رەوا نەدیوە و ئێمە لەسەردەمى پڕکێشمەکێشدا دەژین. بە هەر حاڵ ئەم سەردەمەى ئێمە قبووڵی ناکات لە ئێمە بەوەى گرنگى بەم شتە نەدەین. نووسەرانى ئەمڕۆ ئەمە دەزانن. ئەگەر قسە بکەن دەکەونە بەر هێرش و رەخنە. ئەگەریش سەریان دابخەن و بێدەنگ بمێننەوە، بەتاوانى بێدەنگى سەرزەنشت دەکرێن.
لە میانەى ئەم هەراوزەنایەدا، نووسەر ئیدى ناتوانێت کەمتەرخەم بێت و سەرقاڵی حەزە تایبەتەکانى خۆى بێت. تا هەنووکە بە رەوتى مێژوودا، هەموو دەم دەکرا کەمتەرخەم بیت. ئەو کەسەى کە جیاواز بیرى دەکردەوە دەیتوانى بێدەنگ بێت یان دەربارەى شتیتر قسە بکات. ئەمڕۆ هەموو شتێک گۆڕاوە و تەنانەت بێدەنگییش مانایەکى سامناکى بەخۆوە گرتووە.
ئەو کاتەى هونەرمەند ئامادە نابێت شتێک هەڵبژێرێت، ئەم هەڵنەبژاردنە خۆى جۆرێک هەڵبژاردنە و بەم هۆیەوە یان ئەوەیە سزا دەدرێت یان دەستخۆشانەى لێ دەکەن. هونەرمەند بیهەوێت و نەیەوێت ناچارە خزمەت بکات. من لام وایە وشەى “ناچار” لەم پێوەندەدا زۆر درووسترە لە وشەى “دەربەست”. لە راستیدا بۆ هونەرمەند، پابەندبوونى خۆویستانە لەئارادا نییە بەڵکو دەبآ بڵێین جۆرێک ئەرکى ناچارى لە ئارادایە. هەر هونەرمەندێک ئەمڕۆکە سوارى پاپۆڕى کۆیلەتى سەردەمى خۆی بووەو سەوڵ لێدەدات . ئەو ئەبێ خۆى لە ناو ئەم پاپۆرەدا ببینێتەوە تەنانەت ئەگەر لاى وایە ئەم پاپۆڕە بۆنى تیژى رابردووى لێدێت و کۆیلەکان سەرقاڵى سەوڵ لێدانن و جگە لەمەشە رەوت و رێگا پاپۆڕەکە بە روونى دیاری نەکراوە ئێمە راست لە ناوەڕاستى دەریاکەداین . هونەرمەند وەک ئەوانى دی، دەبآ سەوڵلێبدات،هەوڵ بدات لە مەرگ دوور بکەوێتەوەو درێژە بە ژیان ئەفراندن بدات.
لەڕاستیدا، ئەم کارە ئاسان نییە و من دەتوانم لەوە تێبگەم بۆچی هونەرمەند لە حەسرەتى ئاسایشی پێشترى خۆیدایە. ئەم گۆڕانە تا رادەیەک بێ رەحمانە و دڵڕەقانەیە. لە راستییدا هەموو دەم قوربانى و شیری برسی لە گۆڕەپانى شانۆی مێژوودا بوونیان بوە. لە راستییدا هەموو دەم قوربانى شێری برسی لە گۆڕەپانى شانۆیی مێژوودا بوونیان بووە. یەکەمیان رێک و قێت دەوەستێتء ئارامش لەوەدا دەبینێت کە ببێت بە هەرمان و هەمیشەیی و دووهەمیان بە خواردنى گۆشی کاڵ ئارام دەبێتەوە. بەڵام تا ئێستا هونەرمەند لە پەراوێزدا بووە. ئەو بۆ دڵی خۆى ئاوازى خوێندوە. یان لە باشترین حاڵەتدا بۆ ئیلهام بەخشین و هاندانی قوربانى و ناچارکردنى شێر بەوەى کە لەبیرى بکات برسییەتى. بەڵام ئەمڕۆ هونەرمەند لە نێوەڕاستى گۆڕەپانەکەدایە. کەواتە دەنگیشى وەک جاران نییە. دەنگى ئەلەرزێت و دوودڵە.
بە ئاسانى ئەتوانین بڵێین هونەرمەند بەوەى کە هەموو دەم هەست بکات ئەبێت ئەرکێک ئەنجام بدات و ئەرکێکى لە ئەستۆیە، هەندێ شت لە دەست ئەدات. بەر لە هەر شتێک ئەو ئازادییەى خواوەند ئاسایەى لە دەست ئەدات کە لە بەرهەمەکانى مۆتزارتدا دەبیندرێت. هەربەم شێوەیە بەرهەمە هونەرییەکانى ئێمەئاڵۆز و بێ رۆحن و کوتءپڕ تێک دەشکێن و ئێمە هەواڵنێرمان زۆرترە لە چاو نووسەرى داهێنەر، زیاتر شێوەکارى ساکارو مەشقکاری نیگارکێش دەبینین نەک نیگارکێشێکى وە “سێزان” و کتێبە ورووژینەر و چیرۆکە پۆلیسییەکان جێگانى نووسراوەگەلێکى وەک “جەنگو ئاشتی” و “پەرەستگەى یارما”ى گرتۆتەوە. هەڵبەت مرۆڤ هەموو دەتوانێت ئەم رەوتە لە روانگەى کاڵى مرۆڤگەراییەوە لێک بداتەوە، سەرەنجا ببێت بەو شتەى “ستیپان ترۆپیمۆیچ” لە (چیرۆکى) داگیرکراودا دەیهەوێت ببێت. ئابڕووچوونێکى تەواو. هەروەها دەکرێک وەک کەسایەتى ئەم چیرۆکە کە هەندێجار وەک هاووڵاتێک هێرشی نیشتمانپەروەرانەى مالیخولیایی هەبوو، بەڵام ئەم مالیخولیا هیچکات واقع ناگۆڕێت. کە وایە من لام وایە باشتر وایە گرنگى بدەین بە سەردەمى خۆمان لە بەر ئەوەى ئەم سەردەمە ئەم شتەى لێمان دەوێت. ئەبێ بێ هیچ دوودڵییەک ئەوە قبووڵ بکەین سەردەمى مامۆستا بەڕێزەکان، هونەرمەندە گوڵ لە سەر سنگ و هەڵکەوتە جوان پۆشەکانء بێ کردەکان بەسەر چووە. خولقان لەم سەردەمەى ئێمەدا خولقانە لە هەلوومەرجێکى پڕمەترسیداردا. نووسین و بڵاوکردنەوە بەردەوام کردەیەکە و ئەم کردەیە ئەبێت بە هۆى هەڵخراندنى هەست لە سەردەمێکدا کە لە هیچ هەڵەیەک ناگوزەرێت. کە وایەپرسی گرنگ ئەوە نییە ئەمکارە مەترسیدارە بۆ هونەر یان نە، پرسی گرنگ بۆ هەموو ئەو کەسانەى کە ناتوانن بێ هونەر و ئەوەى هونەر هەڵگرییەتى بژین ئەوەیە چۆنە ئازادى تایبەتى خولقان سەرەڕاى هەموو ئەم ئایدۆلۆژیا فرەچەشنانە( ئەم هەمووە کەنیسەیە، ئەم هەمووە تەنهایی) هەر بوونى هەیە.
لێرەدا هەرئەوە بەس نییە کە بوترێت دەوڵەت و دەسەڵاتەکان بە داسەپاندنى زۆر هەڕەشەن لە سەر هونەر. ئەگەر وابایەت، چارەسەر کردنى ئەم کێشەیە بەڕاستى ئاسان بوو. یان ئەوەیە هونەرمەند خەبات دەکات بۆ هونەرەکەى یان ئەوەیە خۆى ئەدات بە دەستەوەو واز دەهێنێت. ئەو کاتەى دەردەکەوێت ئەم جەنگە لە دەروون و ناخی خودى هونەرمەند دا سەرهەڵدەدات ئەو کاتەیە پرسەکە ئاڵۆزتر و پڕکێشەتر ئەبێت. بێزاربوون لە هونەر، ئەو شتەى کۆمەڵگاکەى ئێمە نموونەى زۆرى ئەم شتەى بە خۆیەوە بینیوەو نمایشی کردووە، هەربۆیە کاریگەرى زۆرى لێدەکەوێتەوەو لە لایەن خودى هونەرمەندەوە زیندوو دەهێڵدرێتەوە. گومان و دوودڵی ئەو هونەرمەندانەى بەر لە ئێمە دەژیان گرێ درابۆوە بە توانایی و لێهاتوویانەوە.گومان و دوودڵیى هونەرمەندانى ئەمرۆ بۆ پێویستیى هونەرەکەیان دەگەڕێتەوە و دواجار بۆ بوونیان.ئەمساڵ، واتە ساڵى 1957، “راسین” شەرمى دەکرد لەوەى کە “بێرنیس”ى نووسیوەو بە جێگەى ئەوە هەوڵی نەدا بەرگرى بکات لە نامەى سەرئاوەڵا لە “نانت”.
بەژێرپرسیاربردنى هونەر لە لایەن هونەرمەندەکانەوە کۆمەڵێک هۆکارى جیاوازى هەیە، تەنها دەتوانین ئەو هۆکارە بەڕاست باشانە لە بەرچاو بگرین کە هونەرمەند بەو هۆکارانە مشت و مڕ دەکات دەبارەى هونەر. ئەم مشت و مڕانە ئەو کاتە گونجاوەو دەتوانین لێیان تێبگەین کە هونەرمەندى ئەمڕۆ هەست بکات درۆ دەکات یان قسەى بێ مانا دەکات، لە بەر ئەوەى ئەو کەمتەرخەمە بەرامبەر بە ئازار و نەهامەتییە مێژووییەکان. تایبەتمەندى سەردەمى هەستیارى ئێمە ئەوەیە جەماوەر دەبینین سەرەڕاى هەموو نەهامەتییەکانیان بە دژوارى رێگاى خۆیان دەکەنەوە. ئێستا ئێمە لە چییەتى بوونى جەماوەر دەگەین، لە حاڵێکدا پێشتر هەوڵماندەدا فەرامۆشیان بکەین. ئەوەى ئێمە وشیارتر بووینەتەوە بەو هۆیەوە نییە چینى سەرتری ئێمە یان هەر شتێکیتر بە پلەیەکى بەرزتر گەیشتووە. نە وا نییە و مەترسن- بەڵکوو لەبەر ئەوەیە جەماوەر بەهێزبوون و وریابن فەرامۆش نەکرێن.
هەندێ هۆکاری تریش هەیە، هەندێکیان گرینگترن، لەبەر ئەوەى هونەرمەند ئەرکەکەى خۆى بەجێ هێشتووە. بەڵام ئەنجامەکە هەرچی بێت، ئامانجەکە هەر یەکە. تۆقاندن و بەرگرتن بە داهێنانى ئازاد لە رێگاى هێرش کردن بۆ سەر ئەو بنەمایانەى کە سەرچاوەى باوەڕ و ئیمانى داهێنەرن بە خۆى. ئێمێرسۆن زۆر باش وتوویەتى :”سەردانەواندنى مرۆڤ بەرامبەر بە هەڵکەوتەییەکەى، رەسەنترین و کامڵترین شێوەى باوەڕ و ئیمانە”. نووسەرێکیترى ئەمریکایی لە سەدەى نۆزدەیەمدا دەڵێت:” تا ئەو کاتەى مرۆڤ باوەڕ بە خۆ بوونى بپارێزێت، هەموو شت بە پێی ویستى ئەو دەچێتە پێش، دەسەڵات، کۆمەڵگا، تەنانەت هەتاو، مانگ و ئەستێرەکان، هەموو ئەمانە.” ئەم گەش بینییە سەیرە ئەمڕۆکە وادیارە مردووە. هونەرمەند زۆربەى کات بەرامبەر بە خۆى و بەرامبەر بەو ئیمتیاز و خاڵە پۆزەتیڤیانەى کە هەیەتى، هەست بە شەرم دەکات. هونەرمەند دەبێت بەر لە هەر شتێک وەڵامى ئەم پرسیارە بداتەوە: هونەرمەند جوانکارییەکى فریودەرە؟