لە تۆكیۆ شتێكی وا نەماوە بۆ وتن. هەندێ جار لام وایە وتەكانی تیژی خۆی لە دەست داوە- وەك چەقۆیەكی ژەنگ گرتوو لە چێشت خانەی کەنیسەیەک كە لەوێدا بژارەكان رواون و راهیبەكان بە جێیان هێشتووە، چون ئەوەندە وەرەزن كە تەنانەت دەستبەرداری نوێژ كردن بوون. هەر بۆیە 200 ساڵ لەمەو پێش رۆشتوونەتە کەنیسەیەکیترو لە شوێنێکیتر و ژیانێكیتریان هەڵبژاردوە و سەرەنجام چوونە گۆڕەوەو رۆشتنە شوێنێ كە هەموومان دەڕۆین.
چەن سات لەمەو پێش كەسێك لە كانادا مرد. جوان جوان خەوی لێ كەوت. مەرگێكی سادەی هەبوو. كەسێ لە خەودا مرد و كە رۆژ بۆوە ئیتر خەبەری نەبۆوە. مەرگی هیچ كاریگەرییەكی نییە لە سەر ئەو رووداوانەی لە ژاپۆن روو دەدەن. چونكە كەس بە مەرگی ئەوی نەزانی. هیچ كەس لەو 114 میلیۆن كەسەی لێرە دەژین بە مەرگی ئەوی نەزانی لە كانادا.
دوو سبەی تەرمی ئەم كەناداییە دەنێژن. تەنانەت رێ و رەسمی ناشتنەكەشی هەژارانەتر لە رێ و رەسمی ناشتنە. قەشە دۆعای كاتی ناشتنەكەی باش ناخوێنێ و رەنگە لەو ساتەدا ئامادە بێ هەر كارێكی تر بكا جگە لە دۆعا خوێند بە سەر تەرمی ئەو كەسەوە كە ئیتر لە ناوماندا نییە.
قەشە هەستی بە شتێك وەك توورەیی دەكرد لە خۆیدا- تووڕەیی لە تەرمەكەی كە چەن هەنگاو ئەولاتر خرابۆوە ناو تابووتێكی چێوی هەرزانەوە. لە بەشێ لە وتاردانەكەیدا پێی خۆش بوو بەرەو تەرمەكە بڕوا و وەك مناڵێكی سەرەڕۆ رایشەکێنێ و بەمەشەوە هێشتا دەنگی دەبیسترێ كە دەنگێكی ئاهەنگ دار دەڵێ:
“ئێمە هەموومان دێینە ئەم جیهانەوە بۆ ئەوەی خۆمان بۆ سەفەرێكی پڕ مەترسی لە نێوان بێشكە تا…( چاو لە تەرمەكە دەكاو هەوڵدەدا خۆی راگرێ ).. گۆڕ.
چەن كاتژمێر دوای ئەم رێ ورەسمە تەرمەكەی دەسپێرن بە چەندین خەروار خۆڵ، قەشە دەگەڕێتەوە بۆ ماڵەوەو دەچێتەوە ژووری كارەكەی و درگاكە لە سەر خۆی دادەخا. ئینجا پەرداخی ئاوەكە پڕ دەكا لە شەراب.
هیچ كام لەم رووداوانە، ئەو كاریگەری نابێ لە سەر ئەو رووداوانەی لە ژاپۆن روو دەدەن، ئەمڕۆ كەسێ لە تۆكیۆ دەمرێ. خەوتووی خەوتووە. لە ناو جێگاكەیدا لەم شانەوە بۆ ئەو شان دەجووڵی و دەمری. جەستەی بە ئارامی سارد دەبێتەوەو بەمەشەوە لە كانادا پرسەی گشتی راگەیندرێ.