ئەوەى ئێمە ئەمڕۆکە بە ناوى رۆژنامە دەیبینین بەرهەمی دەورانى پیشە سازییە، دەورانى پیشە سازیش کە دەتوانین بە چاخى راسانى مرۆڤایەتى ناوى لێبنین دەورانێکە کە مرۆڤایەتى کراژى کۆنى فڕێداو جۆرآتر لە ژیانى ئەزموون کرد. بەڵام ئەم بەرهەمە نوێیەى مرۆڤایەتى کە ئەنجامى دروست بوونى دەزگاى چاپە، کاریگەرى زۆرى بووە لە سەر فیکر، تا ئەو رادەیەى کە پاسکاڵ رۆژنامەگەرى بە دایکى فیکرى مرۆڤى مودێرن ناو دەبا. لەم چاخەدا و دواتریش لەو دەورانەى کە پۆست مۆدێرنەکانى وەک فۆکۆ ء لیۆتار بە دەورانى پاش مۆدێرنى ناو دەبەنء کەسانێکى تری وەک ئیلیووتء هابرماس بە درێژەى مۆدێرنیتەى دەزانن، رۆژنامەگەرى بەردەوام وەک کاناڵێکى راگەیاندن دەورى خۆى دەگێڕێ. لە راستییدا دەتوانین بڵێین تەنانەت رۆژنامەکان جگە لە کارى هەواڵدانء وشیار کردنەوە، توانیویانە گوتارى تایبەت بە خۆشیان دروست بکەنء ئێستەش لە چاخى سەتەلایتء ئینترنێت ء هتد، هەر بەردەوام وەک گەورەترین ئامرازەکانى راگەیاندن دەناسرآ ء تەنانەت بە روکنى چوارەمى دێمۆکراسیش ناوى دەرکردووە. ئەمە هەمان لایەنە کە پاسکالڕ ئاماژەى پێدەداء لاى وایە رۆژنامەگەرى دایکى فیکرى مۆدێرنە. بەڵام یەکآ لە هێماکانى فیکرى مۆدێرن وەستانەوەیە دژ بە دەسەڵاتە سکتاریستەکانء هەوڵدانە بۆ جێگیر کردنى بیرى ئازادء نوآ، بیرى ئازادیش کۆمەڵگاى ئازادى لێدەکەوێتەوە، ئەمە هەمان ئەو شتەى رۆژنامەکانە کە بیرە نائازادء سکتاریستەکان دەبوغزێنێ. بیرە سکتاریستەکانیش بەردەوام حەز بە بوونى ئەم راگەیاندنە بە شێوەى ئازاد ناکەن، بۆیە دەبینین دەست دەدەنە سانسۆرکردن. هەموو دەم رووبەڕوو بوونەوەیەک لە نێوان رۆژنامەنووسان و دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکاندا دەبیندرآ و لە ئێستاشدا دامەزرانى کۆمەڵێک رێکخراوى جیهانى بۆ بەرگرى کردن لە رۆژنامەنووسان، وەک رێکخراوى رۆژنامەنووسانى بێ سنوور، دەرخەرى ئەم ململانێیە لە نێوان رۆژنامەنووسان و دەسەڵاتداران، لە لایەکەوە رۆژنامەنووسەکان هەوڵدەدەن بەوەى کولتوورى نوآ و بیرى نوآ لە کۆمەڵگا پەرە پێبدەن و رووبەڕووى بیرى سکتاریستى ببنەوەو لە لایەکىترەوە بیرى سکتاریستى لە رێگای دەزگا سەرکوتکارەکانی خۆیەوە، بە پشتیوانى هێزى نیزامى و ماددى، هەوڵى بە پیرۆزکردنى خۆی دەدات و دەیهەوآ رووبەڕووى رۆژنامەنووسان و بیرى نوآ ببێتەوە.
رۆژنامەگەرى لە کوردستان:
بۆ باسکردن لە رۆژنامەگەرى لە کوردستان، سەرەتا بە پێویست دەزانم لە چەند رووەوە باس لە کۆمەڵگاى کوردستان بکەم.ئەویش رەنگە بەو مەبەستە بێت کە دوان بێت بۆ ئەو ژینگە سیاسی- کلتوورى- پیشەسازییە بێت کە رۆژنامەگەرى کوردى تێیدا سەری هەڵداوەو بێگومان باس کردن لە رۆژنامەگەرى کوردى یان هەر بزووتنەوەیەکى کلتوورى و رۆشنبیرى تر لە کوردستان، بێ لە بەرچاوگرتنى ئەو ژینگەیە کارێکى ناتەواوە.
کۆمەڵگاى کوردستان :
بۆ باس کردن لە باروودۆخى کۆمەڵگاى کوردستان، ئەبێت لە چەند لایەنەوە ئەم کۆمەڵگایە بدەینە بەرباس لە بارى کلتوورى و پیشەسازى و سیاسییەوە. خوێندنەوەى دۆخى سیاسی و کلتوورى کوردستان، دەتوانێت رێگاخۆشکەر بێت بۆ باسکردن لە دۆخى رۆژنامەنووسی لە کوردستان و ئەرکى رۆژنامەنووسی کورد. بە بێ ئەم خوێندنەوانە رەنگە ئێمە خوێندنەوەیەکى تەواومان نەبێت بۆ ئەرکى رۆژنامەنووس لە کۆمەڵگاى خۆمان.
بارى کلتوورى:
لە بارى کلتوورییەوە کۆمەڵگاى کوردستان وەک بەشێکى زۆرى وڵاتانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست هەڵگرى کلتوورێکى داخراوە کە وەک بەشێکى زۆر لە کلتوورە داخراوەکان هەوڵی پاراستنى دۆخى هەبووى خۆی ئەدات و هەرجۆرە رۆشنگەرییەک کە دژ بەو کلتوورە بێت لە بەختی خۆیدا نازانێت. ئەم داخراوییە کلتوورییە کە زۆرجار رەگ دادەکوتێت بۆ ناو کۆمەڵگا و شۆڕ دەبێتەوە بۆ ناو زەین و مێشکى تەواوى کۆمەڵگا، زۆر دژوارە بەوەى خۆى لە گەڵ رەوتی نوێدا بگونجێنێت. لێرەدایە ئەرکى رۆژنامەنووسی کورد رەوشەنگەرییە لە بارى کلتوورییەوە بۆ تێکشکاندنى چوارچێوەى قەتیس ماوى زەینى کۆمەڵگا.ئەمە هەمان ئەو رەسالەتەیە کە پاسکاڵ دەیخاتە سەرشانى رۆژنامەنووسان.
بارى پیشەسازى:
رۆژنامەنووسی بەرهەمى سەردەمى پیشەسازییە، بەڵام دەبینین پیشەسازى بەو مانا مۆدێرنەى زۆر درەنگ دەگاتە کۆمەڵگاى ئێمە. پیشەسازى خۆى دیاردەیەکە لە ئەورووپا و رۆژئاواوە سەرهەڵدەدات. ئەو شۆڕشە پیشەسازییەى لە ئەورووپا سەریهەڵدا، عەقڵ و زەینییەتێکى مۆدێرنیشی لە گەڵ خۆی بەرهەمهێنا. دروستبوونى دەستگاى چاپ کە یەکێک بوو لە دەستکەوتە گەورەکانى سەردەمى پیشەسازى ئەورووپا، خاڵێکى وەرچەرخانى گەورە بوو لە مێژووى رۆژئاواو مرۆڤایەتی بە تایبەتیدا. بەڵام لە بارى پیشەسازییەوە کۆمەڵگاى کوردستان وەک سەرجەم رۆژهەڵاتى ناوەڕاست کۆمەڵگایەک بووە پشتبەستوو بە کشت و کاڵ. کلتوورى کشت و کاڵى بە سەر کۆمەڵگاى کوردستاندا زاڵ بووە. بۆیە دەبینین زۆر درەنگتر لە کۆمەڵگاکانی رۆژئاوا رۆژنامەگەرى دێتە کۆمەڵگاى کوردییەوە، هەڵبەت ئەمە تەنها کۆمەڵگاى کوردی نەبووە، بەڵکوو سەرجەم رۆژهەڵاتى ناوەڕاست وابوون، دەبینین یەکەم رۆژنامەى فارسەکان، لە سەردەمى “امیرکبیر”دا، تەنها چەند ساڵ بەر لە رۆژنامەى کوردستان بووە، هەرچەند ئەوان لە بارى دەوڵەت و دەسەڵاتدارێتییەوە سەقامگیر بوون.هەر ئەم پیشەیی نەبوونەى کۆمەڵگاى کوردستان و لە هەمانکاتدا دۆخى سیاسی وایکردووە یەکەم رۆژنامەى کوردى لە تاراوگە و لە میسر دەربچێت.
لە ئێستا بە گشتى رۆژنامەگەرى لە ئێران، لە دۆخێکى خراپدایە و ئێران بووە بە زیندانى گەورەى رۆژنامەنووسان، ئەم دۆخە بۆ کوردستان کە هەموو کات لە روانگەیەکى ئەمنییەتییەوە چاوى لێکراوە دۆخێکى داخراوترە، لە بەر ئەوەى هەر لە سەرەتاى بە دەسەڵات گەیشتنى کۆمارى ئیسلامییەوە، دۆخێکى نائاسایی لە کوردستان زاڵە و ئەم دۆخە نائاساییەش بە مانای بەرەوڕوو بوونەوە لە گەڵ هەر بیرکردنەوەیەکى رەخنەگرانە، چ سیاسی، چ کۆمەڵایەتییە
دۆخى سیاسی:
بۆ باسکردن لە دۆخى سیاسی کوردستان، کە بێگومان کاریگەرى زۆرى هەیە لە سەر رۆژنامەنووسان و رۆژنامە نووسی کوردی و چۆنییەتى دەستپێکردنى ئەم رەوتە، هەر ئەوە بەسە باس لەوە بکەین، بە ئێستاشەوە جگە لە کوردستانى باشوور کە بۆ چەند ساڵ دەچێت لە دەستى داگیرکەران رزگاری بووە، کوردستان وڵاتێکى داگیرکراو بووە لە لایەن چەند وڵاتێکى دیکتاتۆرییەوە کە هەر چەشنە جووڵەیەکى کلتوورى و فەرهەنگیان بە چاویلکەى ئەمنییەتییەوە بینیوەو تەنانەت تا چەند ساڵ لەوە پێش لە کوردستانى باکوور حاشا لە بوونى نەتەوەیەک دەکرا بە ناوى نەتەوەی کورد و کوردەکان بە تورکى کێوى ناو دەبران. هەروەها لە بەر ئەوەش بەشێکى زۆرى کاری رۆژنامەنووسی پێوەندى هەیە بە کێشە سیاسییەکانەوە، دەتوانین بە ئاشکرا باس لەوە بکەین کە داگیرکەران دوژمنى سەرەکى رۆژنامەگەرى کوردى بوون و بە ئێستاشەوە هەر وان. ئەو کاتەى زمانێک قەدەغە دەکرێت، ئەو کاتەى لە سیستەمى پەروەردەى وڵاتێکدا قەدەغەیە بە زمانى زکماگی نەتەوەیەک بخوێنرێت، ئەو کاتەیە لێدانى گەورە ئەدرێت لە بارى کلتوورى و رۆشنبیرى ئەو نەتەوەیە. هەر ئەمەشە دەبینین ئەم دۆخە ستەمکارییەى کە لە کوردستان زاڵ بووە، هۆکارى سەرەکى بووە بەوەى کە رۆژنامەى کوردستان بۆ یەکەمجار لە قاهیرە چاپ بکرێت.
دەرچوونى یەکەم رۆژنامەى کوردى:
یەکەم رۆژنامەى کوردى ساڵآ 1898 لە شارى قاهیرەو لە سەر دەستى بنەماڵەى بەدرخانییەکان، کە بنەماڵەیەکى گەورەو ناسراوى کوردستانى باکوور بوون دەرچوو. لەو وتارانەى کە مێقداد مەدەحەت بەدرخان لە رۆژنامەکەى بڵاوى کردەوە، ئەوە دەردەکەوآ کە مێقداد مەدحەت، ئاشنایی بووە بە سەر زمانەکانى کوردى-تورکى- عەرەبى- فەرانسەدا و هەروەها ئاشنا بووە بە بیرى رۆشنفکران و بیرمەندانى ئەو سەردەمى فەرانسە. رۆژنامەى کوردستان تا ساڵى 1918 بەردەوام دەبێت و31 ژمارەى لێ بڵاو دەبێتەوەو لەم ماوەدا زۆر کۆسپ و چەڵەمەى بە سەر دێت و بەڕێوەبەرانى ئەم رۆژنامە ناچار دەبن چەند جار شوێنى دەرچوون و وڵاتى بڵاوکردنەوەکەى بگۆڕن. بەر لە چاپ و بڵاو بوونەوەى رۆژنامەى کوردستان، دوکتۆر ئیسحاق سکووتى و «دوکتۆر عەبدوڵڵا جەودەت، لە کوردەکانى تورکیا لە ئەندامانى کۆمیتەى بەڕێوەبەرى حیزبی «اتحاد و ترقی» ساڵى 1987 رۆژنامەى «عوسمانلی» لە ژنێڤ دەردەکەن. ئەوەى دەبێ بە هۆى ئەوەى گومانى ئەوە بکرێت لەنێوان رۆژنامەى کوردى «کوردستان» لەگەڵ رۆژنامەى «عوسمانلی» حیزبی «اتحاد و ترقی»دا پێوەندییەک هەبێت، دۆستایەتى زۆر نزیک و قووڵی دوکتۆر سکووتى و عەبدوڵڵا جەودەتە لەگەڵ مێقداد مەدەحەت بەدرخان. هەروەها ئەوەى کە رۆژنامەى عوسمانلی لە چەند ژمارەیەکیدا ریکلامى کردووە بۆ رۆژنامەى کوردستان بە شێوەیەک ئەم پێوەندییە دەسەلمێنێت. ئەم رۆژنامەى لە ماوەى تەمەنیدا 3 سەرنووسەرى بووە، مێقداد مەدحەت بەدرخان، عەبدولڕەحمان بەدرخان و سورەیا بەدەرخان. هەروەها لە ژمارە 4-5 ى ئەم رۆژنامەى (1898)دا هاتووە کە ئەم رۆژنامە لە لایەن چاپخانەیەکەوە بە ناو چاپخانەى رۆژنامەى کوردستان دەردەچێت کە لە قاهیرە دامەزراوە و ئەمە دەرخەرى ئەو راستییەیە کە ئەم چاپخانە یەکەم چاپخانەى کوردییە کە لە لایەن مێقداد مەدحەت بەدرخانەوە دامەزراوە. بە هەر حاڵ رۆژنامەى کوردستان لە لایەن کەسانێکەوە دامەزراوە کە بە تەواوى ئاگادارى بیرى نوێی جیهانى بوون و هەر سێ سەرنووسەرى ئەم بڵاوکراوەیە کەسانێک بوون کە زمانە رۆژئاواییەکان و بە تایبەت زمانى فەرانسەو ئینگلیزییان زانیوەو بەم شێوەیە هەوڵیانداوە بەوەى بتوانن کاریگەرییان هەبێت لە سەر کۆمەڵگاى خۆیان، بەڵام بە دڵنیاییەوە دەرچوونى رۆژنامە بە زمانى کوردى لەو سەردەمەدا لە کوردستان کارێک بوو کە ئیزنى پێنەدەدرا هەر بۆیە لەخۆڕا نییە یەکەم رۆژنامەى کوردى، لە تاراوگە دەردەچێت، ئەویش هەمان ترسی دەسەڵاتدارانە لە بڵاوبوونەوەى کولتوورى کوردى، لە بەر ئەوەى ئەوان بە هەموو شێوەیەک دژ بەوە بوون کە بەشێک لە دانیشتوانى ناو هەرێمى دەسەڵاتدارییەکەیان (کە ئەو کات بە هەرێمى گەورەى ئیسلامى _عوسمانى) دەزانرا لە بارى نەتەوەییەوە خۆى لەوان جیا بکاتەوە. لێرەدا بە شێوەیەک ئەم ململانێیەى نێوان دەسەڵات و رۆژنامە هەر لە دەرچوونى یەکەم ژمارەى رۆژنامەى کوردستانەوە دەبیندرآ و ئەم ململانێیە بەرامبەر لە نێوان رۆژنامەى کوردى و دەسەڵاتدا هەر بوونى بووەو ئێستاش هەر هەیە .
رۆژنامەگەرى لە کوردستانى رۆژهەڵات
کاتێک باس لە مێژووى رۆژنامەگەرى لە کوردستانى رۆژهەڵات دەکەین، بە شێوەیەکى روون ئەتوانین بگەڕێینەوە بۆ سەردەمى کۆمارى کوردستان لە ساڵى (1946- 1324). کاتێک کۆمارى کوردستان دامەزرا، بۆ پەرەپێدانى فیکر و ئەندێشەى کۆمار و هەروەها بۆ پێوەندى گرتن لە گەڵ خەڵکانى ناوچەکەى خۆیان، لە هەمانکاتدا بە مەبەستى گرنگی دان بە کلتوورى کوردى، سەرۆک و بەڕێوەبەرانى کۆمارى هەستیان بەوە کرد پێویستیان بەوە هەیە راگەیاندنى گشتیان هەبێت. بۆ ئەم مەبەستە کۆمەڵێک بڵاوکراوە وەک ئۆرگانى رەسمى کۆمار بڵاو کرانەوە. لەوانە رۆژنامەى کوردستان(ئۆرگانى رەسمى حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران)، هەڵاڵە، هاوارى نیشتمان، گڕوگاڵى مندالان دەرچوون. کەسانێکى وەک “سدیق ئەنجیرى ئازەر”، “زەبیحی” و “حەسەن قزڵجى”و… ئاڵا هەڵگرانى ئەم بزووتنەوەیە بوون. بەمجۆرە لە بوارى رووناکبیرى و راگەیاندا هەوڵی بەرچاو درا و بناغەیەک داڕێژرا کە بێگومان کاریگەرى خۆى هەبوو لە سەر رۆشنبیرى کورد. بەڵام دواى رووخانى کۆمار، ئەم چاخە زێڕینەى رۆژنامەگەرى کوردى لەو کاتەدا وەستاو بۆ چەندین ساڵ و ئەتوانین بڵێین تا سەرکەوتنى شۆڕشی گەلانى ئێران لە ساڵى 1978 ئێمە بڵاوکراوەیەکى وەها لە کوردستان نابینین و زۆربەى ئەو شتانەى دەردەچوون وەک شەونامە بڵاو دەبوونەوە.
سەردەمانى دواى شۆڕشی گەلانى ئێران(1978)
هەتا راپەڕینى بەشکۆى گەلانى ئێران دژ بە رژیمى پاشایەتى، کۆمەڵگاى ئێران بە شێوەیەکى تاک رەهەندى بەڕێوە دەچوو کە لەو کۆمەڵگا تاک رەهەندى و تۆتالیتەرییەدا وەک سەرجەم کۆمەڵگا تۆتالیتەرەکان تەنها دەنگى دەسەڵات دەبیسترا. بەڵام پاش رووخانى رژیمى پاشایەتى بە تایبەت لە یەک دوو ساڵی یەکەمدا کەش و هەوایەکى ئازاد دەبیندرا. ئەمە وایکرد کۆمەڵگاى کوردستان جم و جووڵێکى کلتوورى و رۆشنبیری بە خۆیەوە ببینێت. بەڵام لە سەر ئەو رۆژنامانەى لەم سەردەمەدا و بە تایبەت پاش هێرشی 28ى گەلاوێژ بۆ کوردستان بوونیان هەبووەو هەیە ئەتوانین بڵێین،ئەو رۆژنامانەى کە لە سەرەتاى دامەزرانى کۆمارى ئیسلامیدا دەست بە کار بوون بە دوو بەش دابەش دەبن _رۆژنامە رێگە پێنەدراوەکان_ ئەمە ئەو بڵاوکراوەو رۆژنامانە بوون کە لە لایەن حیزبە کوردییەکانەوە دامەزرابوو کە بە زمانەکانى کوردى و فارسی دەردەچوون. وەک شۆڕش، کوردستان، پێشەنگء خەبەرنامەو رۆژنامە رێگە پێدراوەکان: ئەو بڵاوکراوانە بوون کە رژیم بۆ پڕووپاگەندەى دەسەڵاتى خۆى لە کوردستان دایمەرزاندبوون. دەتوانین ئاماژە بدەین بە ئامانج، اێحاب انقلاب و دواتر سروەو پاشان ئادینە و لە سەرەتاى دەیەى 1360ى هەتاوى و 1980ى زایینى تەنها بڵاوکراوەیەکى ئیزن پێدراو لە لایەن دەوڵەتەوە توانى زۆر دەوام بێنێت، گۆڤارى سروە بوو کە گۆڤارێکى ئەدەبی بوو کە بە هەموو شێوەیەک دوورى دەگرت لە سیاسەت و دوورى گرتن لە سیاسەت ببوو بە سیاسەتى ئەم بڵاوکراوە. ئەم سەردەمە کە سەردەمى سەرکوت و لە هەمانکاتدا داسەپاندنى دەسەڵات بوو، بەر بە هەموو رەخنەیەکى بچووکى سیاسى دەگیردرا و هەر چەشنە رەخنەیەکى سیاسی قەدەغە بوو. بۆیە لەم سەردەمەدا ئێمە بڵاوکراوەیەکى وەها نابینین کە بەرچاو بێت جگە لە سروەو بڵاوکراوەى حیزبەکانیش بە تەواوى قاچاخ بوون و بە دەست تاقمێکى تایبەتەوەو لە کۆڕو کۆمەڵە تایبەتەکاندا دەگەڕان.
بەڵام لە سەرەتاى دەیەى 1370 و دواى کۆتایی هاتنى جەنگى 8 ساڵەى عیراق-ئێران و بە سەرۆک کۆمار بوونى رەفسەنجانى، بە مەبەستى پڕووپاگەندە بۆ سەردەمى سەرۆک کۆمارى رەفسەنجانى ئێمە شاهید بووین کە سەرەتا بڵاوکراوەى «ئاویەر» دواتر بڵاوکراوەى سیروان، پاشان لە کۆتاییەکانى دەیەى 1370 و سەرەتاى دەسەى 1380 کۆمەڵێک بڵاوکراوەى تر چاپ و بڵاوکرانەوە لەوانە «کەرەفتوو»، « مەهاباد» ، « رۆژهەڵات»، «زرێوار»، «ئاسۆ» و»ئاشتى»و… هەروەها ژمارەیەک بڵاوکراوەى خوێندکارى، کە تایبەت بوون بە خوێندکارانى کورد لە زانستگا جۆراوجۆرەکان، کە ژمارەیان بەرچاو بوو. بەڵام لە دواى دەورەى ناسراو بە «ریفۆرمى دەوڵەتى» و بە هاتنە سەرکارى «ئەحمەدى نژاد» بەر بە بڵاوبوونەوەى رۆژنامە کوردییەکان گیردرا و یەک بە دواى یەکدا بڵاوکراوەکان داخران کە دەتوانین ئاماژە بدەین بە داخرانى «ئاسۆ»، «ئاشتى» ، «کەرەفتوو»، «رۆژهەڵات» و… هەروەها قۆڵبەست کردنى نووسەران و ئەندامانى بەڕێوەبەرى ئەم بڵاوکراوانە کە تا ئێستاش «عەدنان حەسەنپوور» دەستەى نووسەرانى رۆژنامەى «ئاسۆ» و «سدیق کەبوودوەند» نووسەر و رۆژنامە نووس لە زیندانەکاندانن و ژمارەیەکى زۆر لە نووسەران و رۆژنامە نووسان ناچار بوون وڵات جێ بهێڵن.
لەم رووەوە دەکرێ بڵێین لە ئێستادا شتێک بە ناوى رۆژنامەگەرى لە کوردستانى رۆژهەڵات بوونى نییە، لە بەر ئەوەى شتێک بە ناوى رۆژنامە نەماوە. لە ئێستا بە گشتى رۆژنامەگەرى لە ئێران، لە دۆخێکى خراپدایە و ئێران بووە بە زیندانى گەورەى رۆژنامەنووسان، ئەم دۆخە بۆ کوردستان کە هەموو کات لە روانگەیەکى ئەمنییەتییەوە چاوى لێکراوە دۆخێکى داخراوترە، لە بەر ئەوەى هەر لە سەرەتاى بە دەسەڵات گەیشتنى کۆمارى ئیسلامییەوە، دۆخێکى نائاسایی لە کوردستان زاڵە و ئەم دۆخە نائاساییەش بە مانای بەرەوڕوو بوونەوە لە گەڵ هەر بیرکردنەوەیەکى رەخنەگرانە، چ سیاسی، چ کۆمەڵایەتییە. هەروەها بە هۆى ئەم دۆخە نائاساییەوە بەر بە گەڕانى ئازادى زانیارییەکان دەگیردرێت، کە ئەمەش بە ماناى هەمان رووبەڕوو بوونەوەى نێوان دیکتاتۆرەکان و رۆژنامەنووسانە، ئەو بابەتەى لە سەرەتاى ئەم نووسینەدا باسی لێوەکرا.
سەرچاوەکان:
1-کردستان ۱۸۹۸- رەزا شەجیعی
2- شیخی، شهاب الدین، بررسی اجمالی مگبوعات کردستان در 30 سال بعد از انقلاب، سالنامه روزنامه اعتماد، شماره 19113، دوشنبه، 26 اسفند 1387.
3- رۆژنامە نووسی بایەخى چارەنووس سازى کۆمەڵگاى شارستانى: ئیسماعیل ئیسماعیلزادە: گۆڤارى سپی تر ژمارە 1 پاییزى 2003