فێدریكۆ گارسیا لۆركا 10ی ژووئنی ساڵی 1936 لە گەڵ هاوڕێ كاریكاتۆریستە نەترسەكەی “لۆئیس بارگایا” دادەنیشێ و ئەم دوانە باس لە هونەر و شیعر دەكەن تا دەگاتە گۆرانی قەرەجەكان و مانی بەختەروەی و تێگەیشتن لەم دونیایە. بارگا یەكێك بوو لە ناودارترین كاریكاتۆریستە سیاسیەكانی ئەو سەردەم كە لە گەڵا رۆژنامەی “ئال سوول”دا هاوكاری دەكرد؟ وتووێژی بارگا لە گەڵا لۆركا هەر لەم رۆژنامەیەدا بڵاو بۆوە. ئەم وتووێژە نەك دوایین وتووێژ بەڵكوو سەرنج راكێشترین و رەنگە گرینگترین وتووێژێك بێـت كە لۆركا كردوویەتی. تەنانەت هەندێ لە سەر ئەو باوەڕەن كە ئەو قسانەی لۆركا لەم وتووێژەدا كردوویەتی نەیار و دوژمنەكانی ئەوی زیاتر لە رابردوو تووڕە كردەوە هانی داون بەوەی هەر چی زووتر دەنگی ئەم شاعیرە كپ بكرێت. دوو مانگ دوای بڵاو بوونەوەی ئەم وتووێژە رۆژی 18ی ئووتی 1936 لۆركا ئێعدام دەكرێت.
لۆركا خۆی دوای ئەم وتووێژەو بەر لە بڵاو بوونەوەی لە وتەكانی خۆی ترسابوو، ئەو ترسابوو و تێگەیشتبوو ئەو قسە توندانەی كە كردوویەتی زیاتر لە هەر كاتێك ئەوی خستۆتە مەترسییەوە، هەر بۆیە نامەیەك دەنووسێ بۆ “ئادۆلفۆ سالازار” رەخنە گری هونەری “ئێل سۆل” و نزیكترین هاوڕێی و داوای لێدەكات وەڵامەكانی دەربارەی فاشیسم و كۆمۆنیسم بە بێ ئەوەی بارگا بزانێ و نیگەران بێت لا ببات. لۆركا لەم یادداشتەدا باس لەوە دەكات كە ئەم بەشە لە وتەكانی ” لە هەلوومەرجی ئێستادا نائەقڵانی دێتە بەر چاو” و هەروەها دەڵێت ” بەدەر لەمەش پێشتر وەڵامی وەها پرسیارگەلێكم داوەتەوە” و هەر بۆیە پێویستە ناكات لەم هەلوومەرجەدا دووپاتیان بكەمەوە. سالازار لە سەر ویستی لۆركا كارەكان بەشێك لە وتووێژەكە لا دەبات و لە رۆژنامەكەدا بڵاو نەبێتەوە. بەڵام ئەم خۆپاراستنەی لۆركا بێ خۆ بوو، لە مێژوو بوو بەشێك لە هاوڕێكانی لۆركا كەوتبوونە ژێر گوشار كە یان دەبێ ببن بە ئەندامی حیزبی كۆمۆنیستی سپانیا بان دەبێ لانیكەم بە شێوەیەك پشتیوانی لێبكەن.
بەڵام لۆركا ئامادە نەبوو پشتیوانی لە حیزبی كۆمۆنیست بكات و بەردەوام دەیگوت، ئەو دژە كۆمۆنیست نییە بەڵام بە هیچ شێوەیەك ئامادە نیە لایەنگری لێ بكات، ئەو تەنانەت ئامادە نەبوو بە شێوەی هاوبەش لە گەڵا رووناكبیرانی كۆمۆنیستدا راگەیاندن واژو بكات، تەنها یەكجار، ئەویش لە پرسە نامەیەكدا ” كە رێكخراوی رووناكبیران بۆ پاراستنی كەلتوور” لە سپانیا بە بۆنەی مەرگی ماكسیم گووركیەو بۆ خەڵك و دەوڵەتی رووسیایان نووسیبوو لە گەڵا ئەوان نامەیەكی واژۆ كرد، بەڵام بە هەموو ئەمانەوە لە رێ و رەسمێكدا كە لە سپانیا بە بۆنەی مەرگی گووركییەوە ساز كرا بەشداری نەكرد، هەر بۆیە ئەوەی دەربارەی هاو كاری و هاودڵی لۆركا لە گەڵا كۆمۆنیستەكان لە سپانیا یان بە گشتی لە گەڵا چەپ دەوترێ تەنها ئەفسانەیەكەو بەس.
بەهەر حاڵا ئەم وتووێژە سەرەڕای ئەوەی بەشێكی لێ لا براوە ئاكامێكی مەرگهێنەری بۆ لۆركا هەبوو. رەنگە ئەو بە تێگەیشتن لە دۆخی قەیراناوی سپانیا لەو سەردەمەدا، زیاتر هەستی بە مەترسی دەكرد و رەنگە هەر بەم هۆیەشەوە بوو لە نامەیەكدا كە بۆ ئادۆلفۆ سالازاری نووسیبوو، ئاماژە دەكات بەوەی دەیهەوێ ماڵئاوایی لە بنەماڵەكەی بكات و سەفەر بكات بۆ گراندا. بە رواڵەت لۆركا دەیهەویست بەر لەوەی دۆخەكە لەوەی كە هەیە قەیراناوی تر بێتەوە، سەفەر بكات بۆ مكزیك و تەنانەت بە وتەی فرانسیسكۆی برای، بەر لە دەست پێكردنی شەڕێ ناوخۆیی لە سپانیا، لۆركا بلیتی سەفەر بۆ مكزیكی لە گیرفاندا بوو، بەڵام لۆركا نە هەڵی ئەوەی بۆ رەخسا بۆ ماڵئاوایی لە گەڵا بنەماڵەكەی بڕواتە گراندا و نە ئیزنی ئەوەی پێدرا هاوڕیكانی ببینی لە مكزیك. دوایین گەڕانەوەی لۆركا بۆ زادگەكەی سەفەری بێ گەڕانەوە بوو.
گارسیا لۆركا وتووێژەكەی دەست پێدكا و سەرەتا لە باگاریا دەپرسێ:
لۆركا: بارگایای ئازیز، تۆ لە كاركاتێرەكانتدا كوولەكەیەك ناوناوە “خیل روولس” و پێگەیەكی شاعیرانەت پێ بەخشییوە و “ئۆنامۆنۆ” گای شەڕكەر و “بارووخا” سەگی بیخاوەنت لە بەر چاو بووە، ئاخۆ پێت خۆشە پێم بڵێ كە ئەو هیلكە شەیتانانەی كە لە هەموو شوێنی بەرهەمەكانی تۆدا دەبیندرێن چ مانایەكیان هەیە؟
بارگایا: هاوڕێم، فێدریكۆ، تۆ لەم من دەپرسی گرێدراوێتی من بۆ هیلكە شەیتانەكان لە وێنەكانمدا لە كوێوە سەرچاوەی گرتووە؟ وەڵامەكەت زۆر ئاسانە: بیرەوەرییەكی ساندیمانتاڵ من گرێ دەداتەوە بەم هێلكە شەیتانانەوە. ئەو سەردەمەی تازە كاری وێنەكێشانم دەست پێكردبوو، رۆژێ دایكم ئەو كاغەزانەی دیت كە من رەشم كردبوونەوەو هێڵی لارو لوێری تێدا بوون وتی:” كوڕم من دەزانم دەمرم و تێناگەم ئەم هێلكە شەیتانانە بۆچی دەكێشیتەوە، دەتهەوێ بەمانە بژیت؟” هەر لەو ساتەوە هێلكە شەیتانەكان هاتنە ناو وێنەكانمەوە.
زۆر باشە ، بەم شێوە كونجكۆڵی تۆ وەڵامی وەرگرتەوە شاعیری ورد بین قووڵا ئەندێش، گارسیا لۆركا، تۆیەك كە شیعرە ناسك و جوانەكانت بە باڵی پۆلایینەوە، دەڕۆنە قووڵایەكانی زەوی. شاعیر ئاخۆ تۆ لە سەر ئەو باوەڕی شیعر خۆی ئامانجی ئەو پەڕی خۆیەتی، یان نە لە سەر ئەو باوەڕەی هونەر دەبێ لە خزمەتی خەڵكدا بێت و ئەو كاتەی دەگرین لە گەڵیان بگری و ئەو كاتەی كە پێدەكەنن لە گەڵیان پێ بكەنێت؟
بارگایای دلۆڤان و بێ هاوتا، لە وەڵامدا دەبێ بڵێم وێنای هونەر بۆ هونەر نامرۆڤانەیە، ئەگەر بەختەوەرانە، ئەگە خۆی لە خۆیدا شتێكی پووچ و كرمۆڵ نەدەبوو. هیچ مرۆڤێ كە ناوی مرۆڤ بوون شایستەی ئەو بێت، ئەمڕۆكە ئیتر باوەڕی بە قسەی هیچ و پووچی وەك” هونەری رەسەن” و “هونەر، هەر خۆی ئامانجە” نییە. لەم ساتە سەر سووڕهێنەر و سەیرو سەرمەرەیەی جیهان كە ئێستا دەیبینین، هونەرمەند دەبێ لە گەڵا خەڵكدا بگری و پێ بكەنێ. دەبێ دستە گوڵی سووسەن بخەینە ئەو لاوەو تا كەمەر بچینە ناو خمخۆركەوە بۆ ئەوەی یارمەتی ئەو كەسانە بكرێت كە بە شوێن گوڵی سووسەندا دەگەڕێن. من بە تەواوەتی حەزم لێیە ئەوەی لە سینەمدایە لە گەڵا خەڵكدا باسی لێبكەم. هەر بۆیە رووم هێناوەتە شانۆ و هەموو هەستیار بوونی خۆم لە پێناو شانۆدا داناوە.
بارگایا:لە سەر ئەو باوەڕە هەی كاتی هۆنینەوەی شیعر، نزیكایەتییەك لە گەڵا ئەو جیهانەو ژیانی دوای مەرگ دەستت پێ دەدات، یان بە پێچەوانەوە لە گەڵا هۆنینەوەی شیعر خەونی ژیان لەو جیهانەدا دەڕەوێتەوەو فەرامۆش دەكرێت؟
لۆركا: ئەم پرسیارە قورس و ناوازەیە لە ترسێكی میتافیزیكەوە سەرچاوە دەگرێ كە ژیانی تۆی گرتۆتەوە و تەنها ئەوانەی لە تۆوە نزیكن دەتوانن لەم شتە تێ بگەن. داهێنانی شاعیری نهێنییەكە سەر بە مۆر كە كەس ناتوانێ دەستی پێی رابگات و وەك نهێنی لەدایك بوونی مرۆڤ دەنگێك دەبیستی و نازانی لە كوێوە دێت، پێویستیش ناكات بە دوای شوێنەكەیدا بگەڕێی و خۆت نیگەران بكەی بەوەی ئەم دەنگە لە كوێوە دێت. من وەك چۆن نیگەرانی لە دایك بوونی خۆم نەبووم ، نیگەرانی مەرگیشم نیم. بە سەرسووڕمانەوە گوێ دەدەمە دەنگی سروشت و مرۆڤەكان و ئەوەی ئەم دەنگانە فێرم دەكەن دەیهێنمە سەر كاغەز، بێ هیچ دڵەڕاوكەیەك و بێ بە ئەوەی مانا بدەم بە شتگەلێك كە خۆم نازانم وەها مانایەك لە دەروونیاندا شاراوەیە. نە شاعیر نە هیچ كەسێكیتر كلیلی رەمز و نهێنی ئەم جیهانەی لە لا نییە، من دەمهەوێ باش بم و دەزانم شیعر ورەم پێ دەدا و مرۆڤەكان خۆشحاڵ دەكات و ئەگەر مرۆڤێكی باش بم ، لە سەر ئەو باوەڕەم ئەگەر ژیانێك دوای مەرگ بوونی هەبێت لانیكەم وەك ئەفسانەی كەر و فیلسووف ، سەرەنجامێكی باش دەبێ بە نەسیبم. بەڵام غەمی مرۆڤەكان و نایەكسانی كە بەردەوام لە جیهاندا دەبیندرێ، دەبێ بە هۆی ئەوەی لەش و گیان و ئەندێشەی من نەهێڵن خانوەكەم لە ئەستێرەكاندا ساز بكەم.
باگاریا: شاعیر لە سەر ئەو باوەڕە نییت تەنها لە تۆزی مەستیدا، لە نەشئەی ماچ كردنی لێوی ژنێكدا، لە خواردنەوەی شەرابێكی كۆندا و لە دیتنی دیمەنێكی جواندا بەختەوەری شاراوە بێت؟ لە سەر ئەو باوەڕە نیت كە مرۆڤ بە گەیاندنی ساتەكان بە بەرزترین كاتی خۆیان ساتە ئەبەدییەكان بەدی دێنێ؟ تەنانەت ئەگەر ئەبەدییەتێكیش بوونی نەبێ و مرۆڤ ناچار بێت لە جیهاندا فیری ببێت.
لۆركا: بارگایا، من نازانم بەختەوەری لە چ جنسێكە. ئەگەر باوەڕم بەودەقە بێت كە لە ئەنیستیتۆی مامۆستای بێ هاوتا “ئورتی یی لارا” دا خوێندوومەتەوە، بەختەوەری تەنها لە ئاسمانەكاندا دەست دەكەوێ. بەڵام ئەگەر ئەبەدییەت سازكراوی خەیاڵی مرۆڤەكان بێت، لە سەر ئەو باوەڕەم كە لە جیهاندا كار و شتگەلێك دەدۆزرێنەوە كە شایستە هەرمان بوون و هەمیشەیی بوون و لە بەر جوانی و بەرز بوونیان، سەرچەشن و نموونەیەكی تەواو مانان لە پرەنسیبێكی هەمیشەیی. پێم بڵێ ئەم شتانە بۆ لە من دەپرسی؟ ئەوەی تۆ دەتهەوێ ئەوەیە ئێمەی لەم جیهانەدا هەمدیسان یەكتر دەبینینەوە بە باڵ و پێكەنینەكانمان و بە كانییەكی ناكۆتا لە شەرابێكی وەسف هەڵنەگر ، درێژە بە وتووێژەكەمان دەدەین لە كەش و هەوایەكدا كە مۆسیقا ژێر میچی قاوەخانەیەكی بێ وێنەی پر كردووە. هیچ مەترسە بارگایا، دڵنیا بە ئێمە لەو جیهانەیتردا یەكتر دەبینینەوەو بە دیداری یەكتر شاد دەبینەوە
بارگایا: شاعیر تۆ سەرت سووڕ ماوە كە پرسیارەكانی هاوڕێ كاریكاتۆریستە سەركەش و تووڕەكەت؟ تۆ خۆت باش دەزانی من بوونەوەرێكم بە دەوری زۆر و باوەڕی كەم، سەركەش و بە جەستەیەكی پڕ ئازارەوە. بیر لەوە بكەوە شاعیر كە هەموو ئەو شتەی ئەم ژیانە سەختە لە گەڵا خۆیدا هەیەتی، لە دێڕێكدا كورت دەبێتەوە كە هەر دەم وێردی سەر زاری باوك و دایكم بوو. باوەڕت بەوە نییە كە ” كاڵدۆن دێ لا باركا” . بەم وتەیە كە ” گوناهی گەورەی مرۆڤ ئەوەیە كە لە دایك دەبێت” زۆرتر راست دەكاو حەق بەوە تا ” مۆنیۆس سكا” ی خۆش باوەڕ.
لۆركا: پرسیارەكانت تووشی سەر سووڕمانم ناكەن، چون بە راست تۆ شاعیری، هەر دەم قامگ دەخەیتە سەر برینەكان. پرسیارەكانیش زۆر سادە و سادقانە وەڵام دەدەمەوەو ئەگەر وەڵامەكانیشم راست نەبوون نیگەران مەبە، ئەگەر زمانم گیرا تەنها لە بەر نەزانینی منە. پەڕی قەڵەمە سەركەشەكەی تۆ لە جنسی باڵی فریشتەكانە و لە دوای دەنگی دەهۆڵی كە بە دەنگەكەی سەمای مەرگهێنەری تۆ دیاری دەكات، نەوای چەنگێكی دەنگ خۆش بە رەنگی وێنەی وێنەكێشە پریمیتیڤە ئیتالیاییەكان شاراوەیە، ئەوانە خۆش باوەڕن كە بیركردنەوەیەكی تاك رەهەندیان هەیە، ئەو كەسانەی كە ئەو لافاوە فرمێسەكە نابینن كە چوار دەورمانی گرتووە، بەڵام دەكرێ دەرمانی ئەم چاوە پڕ لە گریان و ئەسریناویانە بكرێت.
بارگایا:شاعیری پڕهەست و مرۆڤ خواز، لۆرگا! با درێژە بە وتووێژەكەمان بدەین دەربارەی پرسەكانی ئەو دونیا, من هەمدیسان ئەم بابەتە دێنمە گۆڕێ، چونكە بابەتێكی دووبارە كردنەوەی لە خۆیدا شاردۆتەوە. ئاخۆ بۆ ئەوانەی باوەڕیان هەیە جێگای خۆشحاڵی نییە خۆیان لە سەرزەمێنێكدا ببیننەوە كە لە ناو ئەو رۆحانەدا بۆ ماچ كردن و بۆ كردن، لێو و ددانێ شك دەبەن؟ ئاخۆ بێدەنگی جیهان باشتر نییە؟
لۆركا: بارگای ئازیز و ئازار چەشتووی من! نازانی كەنیسە بۆ لایەنگرانی لە زیندوو بوونەوەی جەستەیی وەك چارەنووسێكی گەورە قسە دەكات؟ ئەشیعای پێغەمبەر لە وێنەیەكی زۆر بەرچاو لە كتێبی پیرۆزدا دەڵێت :” مردووكانی تۆ زیندوو دەبنەوەو جەستەكان هەڵدەستنەوە. ئەوانە لە خەودا نووستوون، هەڵدەستنەوەو سرووتی شادی دەخوێنن. چونكە شەونمی تۆ ( كە لە سەر جەستەیان دەنیشێت) شەونمی نوورە. زەوی مردووكان لە خۆدا را ناگرێ ” من لە گۆڕستانی “سێن مارتین” لە سەر قەبرێكی چۆڵ تابلۆیەكم دیت، تابلۆیەك كە وەك ددانی پیرێكی بە ساڵاچوو، لە سەر دیواری وێرانەیەكدا هەڵواسرابوو، لە سەری نووسرابوو ( لێرەدا جەستەی “دۆنا میكائیلا گۆمز” لە چاوەڕوانی زیندوو بوونەوەدایە”. ئەم وێنەیە وێنەیەكی زەینییە كە ئەگەری هەیە روو بدات و دەكرێ شتی وا ببێت. چونكە ئێمە سەر و دەست و پێمان هەیە و بۆ ئەوەی بوونەوەرەكان نایانهەوێ تەنها سێبەرێك بن لەم دونیایەدا كە رۆژی لە ناو دەچن و بۆ هەمیشە تەواو دەبن.
بارگایا: لە سەر ئەو باوەڕەی كە گەڕاندنەوەی كلیلی زادگەكەت “گراندا”(قرتییە) ساتێكی مێژوویی و هەمیشە زیندووە؟
لۆركا: ساتێكی تاڵ و پڕ لە ناهەمەتی و زەرەر و زیان بوو. هەر چەن لە قوتابخانەدا بە پێچەوانەی ئەمە دەڵێن و فێرمان دەكەن، شارستانییەتێك كە دەكرێ شانازی پێوە بكرێت، جیهانێكی پڕاوپڕ لە شیعر و شاعیری، ئەستێرە ناسی، بیناسازی و جوانكاری كە لە جیهاندا تاقانەو بێ وێنە بوو لە دەست چوو بۆ ئەوەی شارێكی ترساو وێران بمێنێتەوە، شاری دووپولی، لەوێ كە لە ئێستادا بۆرژوازی هەژاری سپانیا، سەریان كردۆتە ناو یەك و دێن و دەچن.
بارگایا: لە سەر ئەو باوەڕە نیت فێدریكۆ كە وڵاتی دایكی هیچ بەهایەكی نییە و سنوورەكان دەبێ بسرێنەوە؟ بۆچی دەبی سپانیاییەكی خراپ برای ئێمە بێت نەك چینییەكی باش؟
لۆركا: هەموو جەستەم سپانیاییەو ئەستەمە بۆم بتوانم لە دەرەوەی سنوورە جوگرافییەكانی سپانیاوە بژیم. بەڵام بێزارم لەوانەی سپانیایین تەنها بۆ ئەوەی سپانیایی بن و ئیتر هیچ. من لە گەڵا هەموو سپانیایەكان هەست بە برایەتی دەكەم و بێزارم لەوانەی تەنها لە بەر وێنایەكی ناسیۆنالیستی و دەرهەست و تەنها لە بەر ئەم وێنا وەهاماوییە خۆیان دەكەن بە قوربانی: چونكە كوێرانە عاشقی وڵاتەكەیانن. چینییەكی باش نزیكترە لە من تا سپانیاییەكی خراپ. من سروودی پێهەڵدان بە سپانیادا دەڵێمەوەو تا مۆخی ئێسكەكانم هەستیان پێ دەكەم. بەڵام بەر لە هەر شت یەكێكم لە دانیشتوانی ئەم گۆی زەوییەو و برای هەموو مرۆڤەكان. هەر بۆیە باوەڕم بە سنوورە سیاسیەكان نییە.
بەڵام بارگایای ئازیز بڕیار نییە ئەو كەسەی وتووێژ دەكات هەموو پرسیارەكان بپرسێ. من لە سەر ئەو باوەڕەم ئەو كەسەی وتووێژی لە گەڵا دەكرێ ئەویش مافێكی هەیە، ئێستا من دەپرسم ئەو حەز و خۆزگەیەی كە دەست بەرداری تۆ نابێت و بەردەوام دەتهەوێ سەبارەت بەو دونیایە پرسیار بكەی لە كوێوە سەرچاوەی گرتووە؟ بە راست حەزت لێیە لەو دونیادا درێژە بە ژیان بدەی؟ ئاخۆ لە سەر ئەو باوەڕە نیت كە هەمووشت لە پێشدا دیاری كراوەو مرۆڤ باوەڕدار بێت یان بێ باوەڕ ناتوانێ هیچ شتێ بگۆڕێ؟
بارگایا: تەواو لە گەڵت هاوڕام. بە داخەوە منیش هەر بەم شێوەیە بیر دەكەمەوە. من لە راستییدا مرۆڤێكی بێ دین و باوەڕم كە تینوی باوەڕ و ئیمانە, ئەم راستییەی كە ئێمە بۆ هەمیشە لە ناو دەچین زۆر تاڵ و تراژیكە. ماڵئاوا ماچە ئاگرئاوییەكانی دڵداران، ماڵئاوا جامی شەرابی كۆن كە لە گەڵا تۆدا راستییە دڵتەزێنەكانم لە بیر كردوە. مالئاوا دیمەنە جوانەكانی سروشت، ماڵئاوا نوور كە سێبەرەكان دەڕەوێنیتەوە. ئەرێ لە كۆتاییەكەی دڵتەزیندا كە چاوەڕوانی دەكەین، تەنها ئاواتم ئەوەیە كە جەستەكەم لە سووچی باغێكدا بنێژرێت تا لانیكەم ئەو جیهانەم ، خاك بارگاوی بكات.
لۆركا: دەتوانی پێم بلێی بۆ هەموو ئەو سیاسییانەی كە تۆ كاریكاتۆریان دەكێشیتەوە وەك بۆق دەچن؟
بارگایا: چون هەموویان لە خمخۆركدا دەژین.
لۆركا: كەس لێت ناپرسێ چ گوڵێكت پێ جوانە؟ چونكە ئەمڕۆ ئەم پرسیارانە باویان نەماوە، بەڵام لە بەر ئەوەی من زمانی گوڵەكان فێر بووم لە تۆ دەپرسم چ گولێكت زیاتۆ لە هەمووان خۆش دەوی، تاكوو ئێستا ئەو گوڵەی خۆشت دەوێ داوتە لە بەرۆكت؟
بارگایا: هاورێكەم لام وایە تۆ بۆ گەیشتن بە شتێك وەك “گارسیا سانچز” سەرەتا وتار بدەی؟
لۆركا: خوا ئەو رۆژە نەكات! من حەزم لە شتی وا نییە و ئەم سازە ناسازانە لێ نادەم و ئاوازی وەها ناخۆش ناژەنم.
بارگایا: لۆركای ئازیز، من دەمهەوێ را و بۆچوونت بزانم دەربارەی دوو شت كە لام وایە لە سپانیا زۆرترین پلەو بەهایان هەیە: گۆرانی قەرەجەكان و یاری گا. لە گۆرانی قەرەجەكاندا من تەنها كێشەیەك دەبینم و ئەوەش ئەمەیە كە تەنها باس لە دایكەكان دەكات و بەردەوام دایكەكان دێنێتە یاد و باوكان دەبێ بڕۆن و ون بن! ئەمە بە لامەوە بێ ئینسافییە. زۆر باشە بە بێ گاڵتە و لە شۆخی بەدەر، ئەم گۆرانیانە بەشێكن لە بەها گەورەكانی وڵاتی ئێمە.
لۆركا: كەمن ئەوانەی گۆرانی قەرەجەكان دەناسێ، چونكە ئەوەی ئەمڕۆكە بە “فلامینكۆ” لە هەموو شوێن نمایش دەكرێ، جۆرێكی بەلاڕیدا براو و سووكە لە گۆرانی قەرەجەكان. لەم وتووێژەدا ناكرێ لەم بابەتە بدوێین، چونكە هەم ئەم باسە قسەی زۆر هەڵدەگرێ و ئەم بە كەڵكی ئەوە نایەت لە رۆژنامەدا بڵاو بكرێتەوە. بەڵام لەم روەوە تۆ راست دەكەی كە بە شۆخییەوە ئاماژەت بەوەدا كە قەرجەكان لە گۆرانییەكانیاندا تەنها باس لە دایكیان دەكەن و دایكیان دێننەوە یاد. هۆكەشی ئەوەیە قەرەجەكان لە سەردەمی دایك سالاریدا دەژین. باوكەكانیش لە راستییدا باوك نین، بۆڵكوو بۆ هەمیشە كوڕی دایكانیان دەمێننەوە و بەم شێوە دەژین. بەمەشەوە لە گۆرانییە لۆكاڵییەكانی قەرەجەكاندا شیعرگەلێكی بێوینەو و زۆر باش دەبیندرێ كە پێشكەش بە باوكان كراوە، بەڵام ئەم جۆرە شیعرانە دەگمەن و ناوازەن. بابەتێكی گرینگی تریش گە تۆ هێناتە گۆر، یاری گایە كە رەنگە بكرێ بە گەورەترین سەرمایەی شیعری و گرینگترین سەرماییەی ژیانی سپانیا بزانین. باوەڕ پێكردنی ئەستەمە كە بۆچی نووسەران و هونەرمەندەكان وەها كەم و دەگمەن لەم بابەتە كەڵك وەردەگرن. هۆكارەكەشی لە بارهێنانێكی هەڵەوە سەرچاوە دەگرێ كە لە گەڵیدا گەورە بووین و هەردەم لە گەڵماندایە. بارهێنانێ كە ئەو بەرەكەی من بەر لە هەر شت پشتی تێكرد. لە سەر ئەو باوەڕەم یاری گا شارستانی ترین جەژنێكە كە لە جیهاندا بە رێوە دەچێت، یاری گا نمایشێكی ورووژێنەرەو رەسەنە كە سپانیاییەكان لەوێ فرمێسك و تووڕەییەكانیان دەڕێژن. گۆڕەپانی یاری گا تەنها گۆڕەپانێكە كە لەوێدا دەكرێ بە تەواو مانا مەرگ ببینرێ، مەرگێ كە جوانیییەكی سەرسووڕهێنەری لە گەڵدایە. بە راست ئەگەر شەیپوورە ورووژێنەرەكانی گۆڕەپانی یاری گا ئیتر دەنگیان لێوەنەیت، بەهاری سپانیا چۆن دەبێ، خوێن و زمانی ئێمە چی پێدێت؟ لە باری خوو و خەدەو هەستی شاعیرانەوە من بە راست ستایشی یاركەری لێهاتووی یاری گا “خوان یلمۆنتە” دەكەم.
بارگایا: كام یەك لە شاعیرانی هاوچەرخی سپانیا زۆر پەسەند دەكەی و خۆشت دەوێ؟
لۆركا: ئاماژە بە 2 مامۆستا دەكەم: “ئانتۆنیۆ ماچادۆ” و “خوان رامۆن خیمێنس”. یەكەمیان بە هۆی جیدی بوونی قووڵ و پێگەیشتنی شاعیرانەی. شاعیری ئینسانی و ئاسمانی، سەركەوتووی هەر شەڕێك، خواوەندی رەهای جەهانی سەر سووڕهێنەری خۆی. دووهەمیان، شاعیری گەورە، نائارام لە شوور و شەوقی ترسینەری خۆی لە خۆی، نیگەران لە راستییەك كە دەوری داوە، بێدار دڵ و ورد بین، دوژمنی راستەقینەی رۆحی شكۆدار و بێ هاوتای شاعیرانەی خۆی.
ماڵئاوا بارگایا. كە دەگەڕێیتەوە ژوورەكەت بۆ لای هاوڕێ نائارام و سەركەشەكانت، بە گوڵە وەحشییەكان، بە گیانلەبەرە وەحشییەكان، بە چۆمە بێ ئارامەكان بڵێ دڵا خۆش نەكەن بە سەفەرە هەرزان و هاتووچۆە بێهوودەكان بۆ شارەكانی ئێمە، بەو گیانلەبەرانە بڵێ كە تۆ وەك راهیبە فرانسیسییەكان، بە دڵۆڤانی و ورد بینییەوە، كێشاونوتەوە بڵێ نەكا شێت بن و ببن بە گیانلەبەری ماڵی. بە گوڵە وەحشییەكان بڵێ زۆر لووت بەرز نەبن بە جوانییە رادە بەدەرەكەیان و بە خۆیان نەنازن، ئەگینا رەنگە دیل بكرین و محكوومیان دەكەن بە ژیان لە سەر تەرمی پووساوی مردووەكان.
سەرچاوە:
http://www.naghed.net/Tarjome_ha/Lorca_Naghed_etemad.htm