وتووێژ

من خوشک و براکانم ناکوژم

وتووێژ لەگەڵ ئالیس واکر

پێشەکی وەرگێڕی کوردی:

ئەوەی لە خوارەوە دەیخوێننەوە، وتووێژە لەگەڵ شاعیر و نووسەری رەش پێستی ئەمریکایی، ئالیس واکر.

ئالیس واکر ساڵی ٩ی فێبریواری ١٩٤٤ لە دایکبووە. ساڵی ١٩٨٣ خەڵاتی بۆکێری بۆ کتێبی بە رەنگی ئەرخەوانی (The Color Purple (1982 وەرگرتووە.هەروەها خەڵاتی کتێبی نەتەوەیی پێبەخشراوە. ئەم کتێبەی ساڵی ١٩٨٢ نووسیوە. یەکێکە لەو کتێبانەی کە بە زۆربەی زۆری زمانەکانی دونیا و لەوانەش زمانی کوردی وەرگێڕدراوە. ئەم نووسەرە وەک دەنگێکی جیددی دژی ئاپارتایدی جێندەری و هەروەها هەڵاواردنی رەگەزی دەناسرێت.

بەشێک لە بەرهەمەکانی ئەمانەن:

  1. Once (1968)
  2. The Third Life of Grange Copeland (1970)
  3.  In Love and Trouble: Stories of Black Women (1973, includes “Everyday Use)
  4. Meridian (1976)
  5. The Color Purple (1982)
  6. You Can’t Keep a Good Woman Down: Stories (1982)
  7. To Hell With Dying (1988)
  8. The Complete Stories (1994)
  9. The Way Forward Is with a Broken Heart (2000)
  10. A Poem Traveled Down My Arm: Poems And Drawings (2003
  11. Now Is the Time to Open Your Heart (2004)
  12. Hard Times Require Furious Dancing: New Poems (2010)
  13. Taking the Arrow Out of the Heart (2018)

ئەم وتووێژەی لە خوارەوە دەیبینن ساڵی ٢٠١٨ و دوای چاپی دوایین دیوانە شیعری ئەنجام دراوە. ئەم گفتگوگۆیە لە لایەن (سالامیشا تیلت)ەوە ئەنجام دراوە.

بۆچی ناوی ئەم کۆمەڵەیەت ناوە “هێنانە دەرەوەی تیر لە دڵ؟”(Taking the Arrow Out of the Heart) لە پێشەکی کتێبەکەدا وتووتە، ناوی کتێبەکە لە سەرەتادا “ڕێگای درێژی ماڵەوە (ناوی شیعرێکی واکر کە ساڵی ٢٠١٦ بۆ محەممەد عەلی نووسیویەتی)، و دواتر ناوی کتێبەکەت گۆڕیوە.

  • وا بیردەکەمەوە جارێکیتر بانگ کراومەتەوە ئەم دونیا. راکێشراومە بۆ ناو واقعێک کە خەڵک بەرگەی قورسترین ئازارەکان دەگرن و زۆربەی خەڵک ئەوەندەیان ئارامش و هێز نییە کە بتوانن رێگای درێژی ماڵەوە بێننەوە بەرچاوی خۆیان. ئەوان هێشتا لەگەڵ ئەو تیرەی کە چووە بە جەستەیاندا هەڵدەکەن. لە شیعرەکانمدا دەربارەی راگەیاندنەکان و ئەو شتەی بە راستەی لە سەر ئەم ئەستێرە روو دەدات، کوشتنی مناڵان، داگیرکردنی زەوی، زەریاکان و هەموو شتم باس کردوە.

سەرەڕای ئەوەی کە ناوی کتێبەکەت گۆڕیوە، بەڵام هێشتا سووری لە سەر ئەوەی رێزێکی تایبەت بگرێت لە (محەممەد عەلی) کە کە سەرەتا ناوی کتێبەکەت لەوەوە وەرگرتبوو؟

  • لە سەردەمێکدا کە لە میدیاکانەوە بەردەوام باس لەوە دەکرا دەبێت بڕۆین بۆ ڤیەتنام و خەڵکی ئەوێ بکوژین، محەممەد عەلی، شەڕکەرێکی ناودار بوو کە ئامادە نەبوو بەشداری بکات لە کوشتنی خەڵکی ڤیەتنام. ئەو دەیگوت :” نە من خوشک و براکانی خۆم لە هەر کوێی زەوی بن ناکوژم و ئەگەر لاتان وایە من ئەم کارە دەکەم شێتن و بۆچی نامخەنە زیندانەوە؟” وەها هەڵوێستێکی بەهێز جێگای رێزە. ئەو فێری کردین کە هەڵسووکەوتی ئەمریکاییەکان کە وامان لێ دەکات چاو و گوێمان ببەستین بە هەر شێوەیەک بووە یەخەی خۆمان دەگرێتەوەو ئەمڕۆکە ئەم راستییە دەبینین.

    چاوم بە کتێبەکەدا گێڕا و بیرم لەوە کردەوە کە تەنها ئالیس واكێر دەتوانێت وەها ستایشی کەسایەتیگەڵیکی جیاوازی وەک ، محەممەد عەلی، چێلسی منینگ، جسی ویلیامیز و فیدێل کاسترۆ بکات و پێیاندا هەڵبدات، بەڵام من لام وایە ئەم کەسانە هەموویان سەر بە یەک دونیان و لە یەکتر جوێ ناکرێنەوەو جیاواز نین لە یەکتر.

  • زۆر باشە، دەتهەوێت دەربارەی چێلسی قسە بکەم؟ کاتێک لە شیعری ” دواتر بیرت دەکەین”ندا دەربارەی ئەو خەڵکانەی کە کە هێز و بوێری بەشداری کردن لە حەقیقەتێکیان دا هەیە کە لەبەرچاویانە دەمنووسی، بەردەوام بیرم لە چێلسی دەکردەوە. (چێلسی منینگ، لێکۆڵەری سی ئای ئەی، کە ژمارەیەکی زۆر بەڵگە و دێکۆمێنتی خستە بەردەم ویکی لیکس و بەو بۆنەوە سەرەتا سزای ٣٥ ساڵ زیندانی بەسەردا داسەپا و دواتر لە سەردەمی ئۆبا و لە ساڵی ٢٠١٧ سزاکەی شکێندرا.) ئەوان ئەو راستییەمان دەخەنە بەرچاو کە جەنگ چ بەڵایەکی بەسەر خەڵکدا هێناوە. بە شێوەیەک ئەمریکاییەکان بە تەواوەتی وڕ و کاس بوون ئەو کاتەی بیر لەم بابەتە دەکەنەوە ترس دایان دەگرێت. کە لە فرۆکەخانە رێ دەکەم، دەنگێک لە هۆڵەکە بڵاو دەبێتەوە کە دەربارەی بنەماڵەی ئەرتەش و دەرمانەکانیان قسە دەکات. بەڵام ئەم شتانە ئەو راستییە دادەپۆشێت کە تۆ چی دەکەیت و کارت چییە. ئێوە دایک و باوکانێک دەنێرنە جەنگ… بۆ ئەوەی بکوژن یان لە لایەن ئەو کەسانەوە کە نەیاندیوەو نایان ناسان بکوژرێن.

وا دیارە جەخت لە سەر ئەم بابەتە دەکەیتەوە کە ئێمە نابێ هەڵسووکەوتی دەوڵەتی ئەمریکا کە پەیوەندە بە پەیوەندییەکانی دەرەوەو هەروەها رەفتار و هەڵسووکەوتی لەگەڵ هاووڵاتینی خۆی، پۆلێن بەندی بکەین. شیعرەکانت باس لە پرسە سیاسیە جیاواز و بەربڵاوەکان دەکات لە ناوچە جیاوازەکان. ئاخۆ شیعرەکانی تر نموونەیەکە لە جۆری ژیان کردن لە دونیای ئێستادا، لەگەڵ یەکتر بون و جیاواز بوون؟ وەها شتێک کاریگەری بووە لە سەر بڕیاری تۆ بەوەی کە کتێبێک بە دوو زمان بڵاو بکەیتەوە؟

  • تا رادەیەک دەکرێت بڵێین بەم شێوەیە. لە مەکزیک خانوویەکم هەیە کە هەموو ساڵێک ٢ بۆ ٣ مانگ لەوێ دەمێنمەوە، بەڵام هەر هەر بە زمانی ئینگلیزی دەنووسم لە بەر ئەوەی زمانی ئیسپانیای باش نازانم . لەبەر ئەوەی خەڵکی ئەوێ زۆر دڵ ئاوەڵا و دڵۆڤانن، عاشقی کەلتووری مەکزیک بووم. لەبەر ئەوەی بەشی زۆری خەڵکی ئەوێ ئینگلیزی نازانن هەموو کات هەوڵم ئەوەیە و حەز ئەکەم ئەو کارەی کە دەیکەم و ئەوەی کە چۆن باس لە دۆخی هاوبەشمان دەکەم، لە گەڵ ئەوان هاوبەشی بکەم و ئەوان لێی تێ بگەن. هەربۆیە دەمهەوێت کتێبێک بنووسم کە هاوڕێکانم چێژی لێ وەر بگرن، ئەو کەسانی کە هەموو رۆژێک هەوڵ دەدەن زمانی ئیسپانیایی فێری “ئالیسیا” بکەن، بەڵام هەوڵەکانیان بێ ئاکامە و بە هیچ ناگات.

یەکەمجار کەی سەردانی مەکزیکت کرد؟ ئەم پرسیارە دەپرسم لەبەر ئەوەی لە کتێبەکانی یەکەمتدا وەک رۆمانەکانی “پەرەستگەی ئاشنای من”(١٩٨٩) و هەروەها ” لە بەر تیشکی پێکەنینی باوکم”(١٩٩٨) دا سەردانی ئەوێت کردوەو باسی دەکەیت.

یەکەم جار ساڵی ١٩٦٩ بوو، ئەو کاتە “ربەکا”م لە سکدا بوو، سەردانی ئەم وڵاتەم کرد. من و مێردەکەم لە می سی سی پی دەژیاین کە زۆر مەترسیدار بوو، زیاتر لە مەترسیدا، بێزارکەر بوو. ئێمە ڕوومان کردە ئەیالەتی (ئاڤاخاکا)مان کرد و ئەمە یەکەم سەردانی من بوو لەم وڵاتە. دواتر کاتێک کە ویستم رۆمانی “پەرەستگەی ئاشنای من” بنووسم، من و مێردەکەم چووینە مەکزیک و خانوویەکمان بە کرێ گرت بۆ ئەوەی بتوانم کار بکەم، لەبەر ئەوەی کەسایەتی و کارەکتەرەی رۆمانەکەم ئیسپانیایی زمان بوو، هەرچەند خۆم بەم زمانە قسە ناکەم، بەڵام ئەوان لەم رۆمانەدا ئامادەییان هەیە و ورتە ورت و پچە پچین دەهات. ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٨٦ ، ماوەیەک دوای نووسینی رۆمانەکە خانوویەکم لەوێ کڕی.

لە شیعری ( بێنە بەرچاوت) قسەکانی پاپ فرانسیس و فیدل کاسترۆت هێناوەتە بەرچاوی خۆت و بە وێنات کێشاوە کە لە تەنهاییدا باسیان کردبوو. دیداری ئەوان بۆ سەردەمانێک دەگەڕێتەوە کە پاپ فرانسیس ساڵی ٢٠١٥ سەردانی کووبای کرد.

من عاشقی ئەم شیعرەم. لەبەر ئەوەی لام وایە هەرکام لەم دوو پیرەپیاوە، بە شێوازی خۆیان هەوڵیان دەدا خۆیان لەو ژینگە گەندەڵەی خۆیان بە پاکی دەرچن و پاک بمێننەوە.

لەم شیعرەدا دەڵێت:” کە خەڵکانی رەسەن کڕنۆشم بۆ دەبەن/ بە سەریاندا دەقیژێنم: کڕنۆش بردن بۆ ئەرباب/ یەکەم کارێکە کە لەم دونیا ناچار بووی ئەنجامی بدەی/ بەرز بەوەو راست بوەستە!/ چەنێ سەیرە ئەوان داوا دەکەن مناڵەکانیان ماچ بکەم.”  بە پێی ئەم وتانەی تو بێت، فرانسیس ئەو پێگەی کە ئێستا تێیدایە رەتی کردۆتەوە.

لەبەر ئەوەی ئەو دەزانێت ئەمانە رەفتاری کەسێکی دوو ڕووە، هەموو مرۆڤێکی عاقڵ دەزانیت کە ئەم کارانە گاڵتەجاڕە. ئەگەر ئەوان مناڵەکانیان بەلاوە گرینگە دەبێت هەرچی زێڕیان هەیە لەگەڵیان بەسی بکەن. ئەوان زۆر دەوڵەمەندن.

هەموو کات لە بەرهەمەکانتدا تێمی سیاسی و بابەتی سیاسی دەبیندرێت. بەڵام لەم بەرهەمەتدا هەستم کرد زۆر جەخت لە سەر بابەتێکی جیاواز دەکەیتەوە.

من هەموو کات لام وایە و وا بیر دەکەمەوە ئەگەر دەتوانیت لە شتێک تێ بگەیت ، کە وایە رەنگە بکرێت بیگۆڕیت، بە شێوەیەکی روون بەشێک لە کاری نووسەر ئەوەیە کە هەوڵ بدات یارمەتی خوێنەر بدات و ئەوەی بینیویەتی پیشانی بدات، ئەمە تەنها کارێکە کە دەتوانی ئەنجامی بدەی. ناتوانیت مرۆڤەکان بگۆڕیت، ئەگەر ئەوان هەوڵ نەدەن بگۆڕدرێن، هەر بۆیە ئێمە نووسەر، شاعیر، جەنگاوەر و… مان هیە.

هەر بۆیە گەڕایتەوە بۆ شیعر؟

شیعر یەکەم عەشقی منە.

لە پێشەکەی کتێبەکەدا نووسیووتە :” لێرەدا وەک شاعێرێک ، بەشداری دەکەم و قسە دەکەم.” شیعر ئیزنی چ جۆرە بەشداری کردن و دەستێوەردانیکی پێ داوی؟

کاتێک کە مناڵ بووم، شیعری (ئەگەر) لە نووسینی رۆدیارد کلیپینگ (Rudyard Kipling) کاریگەری زۆری لەسەر دانام. ئەم شیعرە بەم راستانە دەست پێ دەکات :” ئەگەر بتوانی گەردنت بەرز راگری/ ئەوکات لە چواردەورتدا ئەوانیتر/ شکست و ناکامییەکانی خۆیان بۆ تۆ دەگێڕنەوە.” دوایین رستەشی ئەمە بوو :” لە هەموو ئەمانە زیاتر، دەکرێت بە پیاوت بزانن، کوڕم!)  من کارم بەو بەشەی نییە کە دەڵێت بە پیاوت دەزانن نییە، بەڵام لەو تەمەندا دەمزانی هەر کات ئەم شیعرە ببیستم، شیعرەکە وام لێ دەکات بە تێگەیشتنەوە رێگای خۆی بدۆزمەوە. دەمتوانی سەرم بەرز رابگرم و کارم بەوە نەبێت ئەوانیتر سەریان چۆن را دەگرن، بەڵام پێویست بوو من سەرم بەرز رابگرم. ئەمە ئەو هێزەیە کە شیعر هەیەتی.

لە لایەکیترەوە ئەم کتێبە، رۆژژمێری ئەوانەیە کە لەدەست چوون. جگە لە محەممەد عەلی، کەسانێکتر لە ساڵەکانی ٢٠١٥ و ٢٠١٦ ماڵئاواییان لە ژیان کرد کە تۆ زۆرت رێز لێ دەگرتن. لەگەڵ هەندێکیان پەیوەندی نزیکت هەبوو، وەک جوولیان باند.

زۆرم رێز لێ دەگرت و ئێستاش رێزی تایبەتم هەیە بۆی .

لەم کتێبەدا شیعرێکیس دەربارەی بی بی کینگ (B.B. King ) هەیە کە هەوڵتداوە ئەوە بە وێنا بکێشی کە ئەگەر ئەو هێشتا زیندوو بایە، دەبوایە بەرگەی چ شتگەلێکی بگرتایە، ئایا ئەتهەوێت ئەوەمان  پێ بڵێی کە تا ئەو کاتەی ئەم کەسانە لە سەر زەوین و لە لای ئێمە دەبێ رێزیان بگرین؟

یەکێک لەگەورەترین کێشەکانی مووزیکی بلووز لەو سەردەمەدا و پێش ئەوەش ئەوەیە کە هەندێ لایەنی دژە ژنی تێدایە. B.B. King لەو سەردەمەدا لەو دەگمەن پیاوانە بوو کە تکای لەو ژنەی کە خۆشەویستی بوو و عاشقی بوو دەکرد کە لێی ببورێت. ئەو دڵێکی گەورە و پاکی هەبوو. پیاوێک نەبوو هەوڵی فریوی ژنان بدات.

شیعری “بڕوام پێتانە ژنان”ی تو بەردەوام ئەم شتەم دێنێتەوە بیر کە تۆ هەموو کات بڕوات بە ژنان هەیە. خوێندنەوەی ئەم شیعرە لە سەردەمی “منیش (#MeToo) ” دا چۆنە؟

لەم شیعرەدا لەم بارەوە قسە دەکەم کە باشە، ئەبینم کە پیرە پیاوانێکی وەک بیل کاسبی (Bill Cosby  ) کە وەها هەڵەیەکی کوشندە و مەترسیداریان ئەنجام داوە وەهایان بە سەر هاتووە. واتە بە بەزەییەوە چاو لە بوونەوەرێکی لادەر دەکەیت کە لە ئازاردا دەژی.

مۆتیڤەکانی خەم و بەخشین بە سەر کتێبەکەدا زالە. بە تایبەت لە شیعری ” دروستکردنی فریتانا” کە دەربارەی رێبەکا واکیری کچتە، ئەو کەسەی کە یەک دەیە لێی جیا بووی؟

لە بەری سەرقاڵ بوون و خۆ تەرخان کردن بەو کێشانەوە، پێم باش بوو ئەوەی لە دەستم دێت بیکەم. ١٠ساڵ دایک و کچ بوون و ئەوەی کە هیچکات ناگەرێینەوە بۆ ئەم ١٠ ساڵە.

لە سەرەتای یادداشتی وەرگێڕدا، مانۆئێل گارسیا ڤۆردسیا دەنووسێت، بەردەوام پێت نیشان ئەدا کە ” شیعر لە چواردەورماندا بوونی هەیە، تەنانەت لە ئاساییترین بابەتەکان و ئەو شتانە کە نابینرێن، لەبەر ئەوەی هەموویان لە ژیان ئاڵاون و هەست بەو شتە دەبەخشن و تێیدا بەشدارن.” قورسای لەدەستچوون و نەمانم لە رامان لە کارێکی سادە وەک “دروستکردنی فریتانا”دا هەست پێکرد.

دوای ساڵانێک کە تا ئەو ئاستە هەستم بە غەم و پەژارە کردوە، هیوادارم تێی پەڕینم و لەگەڵ خۆم را بێم. بە مانایەک ئەم شیعرە دەربارەی سپاس کردنە. پەشیمان بوونەوەیەک لە ئارادا نییە، یان ئەوەی کە هیوا بخوازم خۆزگا ئەمە رووی نەدەدا. تەنها باسکردن و تێگەیشتنە لەم بابەتەی کە ئەو ١٠ ساڵەی کە ئێمە دەکرا پێکەوە بینم و فریتانا دروست بکەین، لەدەستمان چووە، بەلای دایک و کچێکەوە کە عاشقی یەکترن ١٠ ساڵ زەمانێکی زۆرە.

ئاخۆ گەڕانەوە بۆ شیعر بەو مانایەیە کە ناتهەوێت رۆمانێکیتر بنووسیت؟

بەڕاستی نازانم چی بڵێم. ئەگەر ژیان- یان هەر کەس کە ژیان بەڕێوە دەبات- پێم بڵیت :” زۆر باشە، کەرەستەکانت کۆ بکەوەو قەڵەم بگرە دەستەوە لەبەر ئەوەی چند ساڵ زیاتر لیرە نیت.” هیچ کارێکم لە دەست نایە جگە لەوەی هەوڵ بدەم و بنووسم. ئەوەی لە دەستم هاتبێت کردوومە بۆ ئەوەی باشترینەکان پێشکەش بکەم و هیوادارم جێگەی رەزامەندی ئێوە بووبێت. پڕ بە دڵ و لە قووڵایی دڵمەوە خۆشحاڵم.

سەرچاوە:

The New York Review of Books

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button