وتاری نووسین

لەفەزیلەت داراییەوە تا پەخشان عەزیزی

ئێعدامی سیاسی ژنان لە رۆژهەڵاتی کوردستان

لەفەزیلەت داراییەوە تا پەخشان عەزیزی

ئێعدامی سیاسی ژنان لە رۆژهەڵاتی کوردستان

 

ن: مستەفا زاهیدی

 

ئێعدام  جۆرێک سزا و لە راستییدا قورسترین سزایە کەبەسەر تاوانباردا دەسەپێنرێت.لەئێستادا لە بەشێکی زۆرلە وڵاتان ئەم سزایە بە پێی یاسا نراوەتە لاوە، بەڵام لە هەندێک لە وڵاتان و لەوانە لە ئێران هێشتا ئەم سزایە جێبەجێ ئەکرێت و بە پێی ئاماری کۆمیسەری باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لەساڵی ٢٠٢٤ زیاتر لە٩٠١ کەس لەزیندانەکانی ئێران لەسێدارە دراون و لەو ژمارەیە لانیکەم٣١ کەسیان ژنبوون. بە پێی ئامارەکان ئێران دوای چین دووهەمین وڵاتە کە سزای ئیعدامی تێداجێبەجێ ئەکرێت.

چالاکانی مافی مرۆڤ لەگەڵ ئەوەی نیگەرانی خۆیان لە چوونە سەرەوەی ڕێژەی ئیعدام لە ئێران دەربڕیوە، بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی و لەوانە ڕێبەری باڵای ئێران عەلی خامنەیی بەوە تۆمەتبار ئەکەن کە ئیعدام وەک کەرەستەیەک بەکار ئەهێنن بۆ ترساندنی کۆمەڵگا و بەتایبەت دوای شۆڕشی ژن،ژیان،ئازادی . ژمارەی ئیعدامەکان دوای دەستپێکی شۆڕشی ژن،ژیان،ئازادی ( شۆڕشی ژینا) زیاتر بۆتەوە، بەتایبەت ئیعدامە سیاسییەکان زۆر زیاتر پەرەی سەندووە.

سەرەڕای ناڕەزایەتی رێکخراوەکانی پارێزەری مافی مرۆڤ و رێکخراو و وڵاتە جیاوازەکان لە پەرەسەندنی ئیعدام لە ئێران، بەڵام ئیعدام وەک کەرەستەیەک لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە بەکار ئەبرێت بۆئەوەی بتوانن کۆنتڕۆڵی کۆمەڵگا بکەن بەو شێوەی خۆیان دەیانهەوێت و هەروەها دەسەڵاتداران سوورن لەسەرجێبەجێکردنی سزای ئیعدام بە هۆکارە جیاوازە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان.

لەم رۆژانەی دواییدا داسەپاندنی سزای ئیعدام بە سەر دوو ژنە چالاکی کۆمەڵایەتی و سیاسی لەئێران ناڕەزایەتی زۆری لە ناوخۆ و دەرەوەی ئێران لێکەوتۆتەوە. پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی ئەو دوو کچە چالاکە سیاسی و کۆمەڵایەتییەن کە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی و شەڕ دژی خودایان دراوەتە پاڵ و سزای ئیعدامان بەسەردا داسەپاوە.

پەخشان عەزیزی لەدایکبووی ساڵی 1984ـە و خەڵکی مهابادە. بەشی یاریدەدەری کۆمەڵایەتی لە زانکۆکانی تەورێز و تاران تەواو کردووە. ئەو لە 4ـی ئابی 2023 لەکاتێکدا لەگەڵ ئەندامانی بنەماڵەکەی لە تاران بوو، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێران دەستبەسەر کرا و لە دادگەی شۆڕشی تاران بە تۆمەتی چالاکی چەکداری دژ بە دەسەڵاتی ئێران دادگاییکرا و بە لەسێدارەدان سزا درا.

پەخشان عەزیزی دوای دەستپێکردنی شەڕی داعش سەردانی باشوور و رۆژئاوای کوردستانی کردووە و لە کەمپی پەنابەراندا وەکو یاریدەدەری کۆمەڵایەتی بە تایبەت هاوکاری ژن و منداڵانی کردووە. ژمارەیەک رێکخراوی نێودەوڵەتی هاوکاری کۆچبەران لە نامەیەکدا بۆ دەزگای دادی ئێران پشتڕاستیان کردووەتەوە، پەخشان عەزیزی هاوکاری لێقەوماوانی شەڕی کردووە. بنەماڵەی پەخشان عەزیزی  و هەروەها خودی پەخشان ئەوەیان رەتکردۆتەوە چالاکی چەکداری بووبێت و وەک یاریدەرەری کۆمەڵایەتی لەرۆژئاوای کوردستان کاری کردووەو خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی و دەروونی پێشکەش بە لێقەوماوانی جەنگ کردووە.

وریشە مورادی ( جوانا سنە) ساڵی  ١٩٨٥ لە شاری سنە لە دایکبووە. رێکەوتی ١ی ئابی ٢٠٢٣ لەشاری سنە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی لەشاری سنە دەستگیرکراوەو بە تۆمەتی هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران سزای ئیعدامی بەسەردا داسەپاوە.

زیندانی  کردنی ژنان بە تۆمەتی سیاسی لە ئێران ئەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پاشایەتی و بە زۆری لە دەیەی ١٩٧٠ دا ژمارەیەک لە ژنان بە تۆمەتی چالاکی سیاسی دژی رژێمی پاشایەتی خرانە زیندانەوە. ئەم ژنانە زۆربەیان ئەندامی رێکخراوە  چەپەکان و لەوانە چریکی فیدایی بوون و لە چوارچێوەی پەیڕەو پرۆگرامەکانی ئەم حیزبەدا دژی رژێمی پاشایەتی خەباتیان ئەکرد. بە پێی راپۆرتەکان ئەم ژنانە لە زیندانەکانی ئێران سووکایەتیان پێدەکرا، ئەشکەنجە ئەدران و دەستدرێژی ئەکرایە سەریان.

لە دوای رووخانی رژێمی پاشایەتی و هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی ژمارەی ئەو ژنانەی بە هۆکاری سیاسی خرانە زیندان زۆر زیاتر بوون. بە پێی ئەو  لێدوان و بیرەوەریانەی کە لە رزگاربوانی زیندانەکان بەجێماوە لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی رێکاری جیاوازی ئەشکەنجەدان وەک لێدان، دەستدرێژی سێکسی و سووکایەتیکردن گیراوەتە بەر بۆ ئەوەی ورەی زیندانییە سیاسییەکان بڕووخێنن. لەم ساڵانەدا ژمارەیەکی ئەو ژنانەی ئەندامی رێکخراوە چەپەکان یان سەر بە موجاهیدین خەڵق بوون، سزای سێدارەیان بەسەردا داسەپا. بە پێی گێڕانەوەکان پێش ئیعدامکردنیان لە لایەن بەرپرسانی زیندانەوە دەستدرێژی سێکسی کراوەتە سەر ژن و کچەکان، بە تایبەت زیندانییە سیاسیە کچەکان، لەبەر ئەوەی نەدەبایە بە پاکیزەیی لە سێدارە بدرێن. بە پێی ئامارەکان لە هاوینی ١٩٨٨ و لە ماوەی کەمتر لە٢مانگدا زیاتر لە ١٥ هەزار کەس لە زیندانەکانی ئێران لە سێدارە دران و کۆمەڵکوژ کران و ژمارەیەکی زۆر لەو کەسانە ژنانی زیندانی بوون. لە ئێستاشدا ” نەسرین ستوودە” براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی لە زیندانەکانی ئێران بە تۆمەتی چالاکی سیاسی لە زیندانە.

ئیعدامی سیاسی  ژنان  لە رۆژهەڵاتی کوردستان ئەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی یەکەمی ١٩٨٠. لە راستییدا بەشداری ژنان لە چالاکی سیاسی لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە شێوەی بەرچاو ئەگەڕێتەوە بۆ ئەم ساڵانەو پێش ئەوە ئەگەر بەشدارییەک بووبێت بەرچاو نەبووە. لە دەیەی ١٩٨٠ دا سەدان  و هەزاران ژن و کچی کورد بە تۆمەتی چالاکی سیاسی و ئەندامبوون لە حیزب و رێکخراوەکان لەوانە ، ئەندامبوون لە کۆمەڵە و دیمۆکرات سزای سێدارەیان بەسەردا داسەپاو  سزاکەشیان جێبەجێکرا. لەم ساڵانەدا کچانێکی وەک ” فەزیلەت دارایی” ، ” شەهلا و نەسرین كەعبی” ، ” وەحیدە وەحیدی”، ” فریشتە فایەقی” ، ” کەلسووم حسەینی”، ” فاتیمە محەممەدی”و… بە تاوانی هاوکاری لەگەڵ حیزبەکان لە سێدارە دران.

لە سەرەتای ١٩٩٠ەوە ئیعدامی سیاسی لە ئێران تا رادەیەک کەمتر بۆتەوە. بەڵام لە رۆژهەڵاتی کوردستان هیچکات ئەم سزایە کەم نەبۆتەوە یان هەڵنەگیراوەو بەردەوام ئیعدامی چالاکانی سیاسی لە رۆژهەڵاتی کوردستان جێبەجێکراوە. رۆژهەڵاتی کوردستان و سیستان و بەلووچستان لە چاو شوێنەکانیتری ئێران زۆرترین سزای ئیعدامی تێدا جێبەجێ دەکرێت. لە ساڵانی رابردوودا لە سێدارەدانی ” شیرین عەلەم هوولی” لەگەڵ فەرزاد کەمانگەر و هاوڕێکانی زۆردەنگی دایەوە.

داسەپاندنی سزای ئیعدام بۆ سەر ” پەخشان عەزیزی” و ” وریشە مورادی” ، لە ناوخۆی ئێران و لە میدیا جیهانییەکانیش رەنگدانەوەی بووەو هەیە. ئەوان تۆمەتی هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی ئێرانیان دراوەتە پاڵ و لە دوایین لێدوانی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیدا باسیان لەوە کردووە لە یەکەم ساڵیادی شۆڕشی ” ژن، ژیان، ئازادی”دا هەوڵیانداوە کۆمەڵگا رێک بخەن دژی دەسەڵات، تۆمەتێک کە لە لایەن “وریشە مورادی” و” پەخشان عەزیزی”ەوە رەتکراوەتەوە.

 

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button