ژان پۆل سارتەر
و: مستەفا زاهیدی
ئێمە هیچكات بە ئەندازەی ئەو كاتەی لە سەردەمی داگیركاریی ئەڵمانییەكان ئازاد بووین، ئازاد نەبوین. ئێمە هەر مافێكمان كە هەبوو، بە تایبەت مافی قسەكردن، لێمان سەندرابۆوە، هەموو ڕۆژێك سووكایەتیمان پێ دەكرا، ئێمە ناچار بووین بێدەنگ بین. وەك كرێكار، زیندانی سیاسی، جوولەكە، دوور دەخراینەوە. لەسەر دیوارەكان، لە ڕۆژنامەكاندا و لەسەر پەردەی سینەما، لە هەموو شوێن وێنایەكی ناشیرین و بێ مبالات دەبینرا كە زاڵمەكان دەیانویست. بە هەموو ئەمانەشەوە ئێمە ئازاد بووین. لەبەر ئەوەی ژاری نازییەكان دەهاتە ناو بیركردنەوەمانەوە و هەر بیركردنەوەیەكی ڕاستەقینە سەركەوتنێك بوو. لەبەر ئەوەی پۆلیسی دەسەڵاتدار دەیویست بە زۆر بێدەنگمان بكات هەر وشەیەك بەهای دەربڕینی بەهایەكی پەیدا كردبوو. لەبەر ئەوەی بە شوێنمانەوە بوون هەر جووڵەیەكی ئێمە بەهای دەربەست بوون و جەنگێكی هەبوو. بارودۆخی خەباتی ئێمە كە زۆرجار بێڕەحمانە بوو ئێمەی خستبووە دۆخێكەوە كە بەبێ هیچ چەشنە نواندنێك درێژە بە ژیانی خۆمان بدەین و لەم دۆخە تاقەتپڕووكین و ناخۆشەدا كە ناومان ناوە چارەنووسی مرۆڤ بژین.
دۆخ و هەلومەرجی خەباتی ئێمە كە زۆربەی كات دڵڕەقانە بوو، سەرەنجام ئێمەی خستبووە دۆخێكەوە كە بەبێ هیچ نواندنێك درێژەمان بە ژیانی خۆمان دەدا و لەو دۆخە تاقەتپڕووكێنە دژوارەدا كە ناومان نابوو چارەنووس، درێژەمان بە ژیانی خۆمان دەدا. بەردەوام باس باسی دوورخستنەوە و قۆڵبەستكردن و بەتایبەت مەرگ بوو و زۆر ئەمانە دەهاتە بەر گوێمان: واتە ئەو شتانەی لە سەردەمی خۆشحاڵی و بەختەوەریدا زۆر ئاسان لێمانەوە دوورە و هەستی پێناكەین. بەو ئەنجامە گەیشتبووین ئەم ڕووداوانە- یان تەنانەت هەڕەشە بەردەوامە دەرەكییەكانیش- شتێك نین بتوانین بەری پێ بگرین: بەڵكوو “بەشی” ئێمە، چارەنووسی ئێمە، سەرچاوەی واقعی مرۆڤ بوونمان ئەمەیە و ئەم دۆخە لە چارەمان نووسراوە. ئێمە هەر كات هەستمان بە مانای ئەم ڕستە كورتە بێمانایە دەكرد كە دەڵێت: “مرۆڤ خۆراكی مەرگە”. هەر كەس هەر شتێكی هەڵدەبژارد هەڵبژاردنێكی ڕاستەقینە بوو لەبەر ئەوەی لە بەردەم مەرگدا ئەم كارەی دەكرد و ئەو هەڵبژاردنەی دەكرد. لەبەر ئەوەی هەر دەم دەكرا بەم ڕستەیە پاساو بۆ كارەكەی خۆی بێنێتەوە “مەرگ باشتر بوو لە…”. من تەنها باسی تاقمی ئێلیت و هەڵكەوتە كە لە ڕاستییدا ئەوان بەرگریكارانی ڕاستەقینە بوون ناكەم، بەڵكوو مەبەستم هەر تاكێكی فەرەنسییە كە بۆ ماوەی چوار ساڵی تەواو، هەر كات لە شەو و ڕۆژ وتیان نا! (دژی دۆخی داگیركاری وەستانەوە و خوازیاری نەمانی ئەو دۆخە بوون.) دڵڕەقیی دوژمن ئێمەی خستبووە خراپترین دۆخەوە كە هەر دەم كە ئەگەری هەبوو لەو دۆخەدا كۆمەڵێك پرسیار لە خۆمان بپرسین كە لە سەردەمی ئاشتیدا بیرمان لێ نەكردبێتەوە و هەر واش بوو: هەر كام لە ئێمە كە زانیاری هەبوو لەسەر “بزووتنەوەی بەرگری (جا كامە فەرەنسی بوو كە لە چركە ساتێكدا نەكەوتبێتە وەها دۆخێكەوە؟) بە نیگەرانیەوە و لە خۆی دەپرسی: “ئەگەر ئەشكەنجەیان دام ئاخۆ دەتوانم دان بە خۆما بنێم و زمانم نەگەڕێت و شتەكان نەدركێنم؟” بەم شێوەیە پرسی ئازاد بوون و توانای هەڵبژاردن هاتە بەرباس و ئێمە دەكەوتینە بەردەم قووڵترین ناسین و زانیارییەكان كە كەسێك دەكرێت لە خۆی هەیبێت. لەبەر ئەوەی نهێنی و ڕازی مرۆڤ گرێی سووكایەتی پێكردن پێی یان گرێی دوژمنایەتیی قووڵی ئەو بەرامبەر بە باوك و دایكی نییە، بەڵكوو بەرامبەر بە ئازادی ئەوە و هێزی بەرگە گرتنی لە بەردەم ئەشكەنجە و مەرگدا بۆ ئەو كەسانەی كە بە نهێنی چاڵاكییان دەكرد. هەلومەرج و دۆخی ئەم خەباتە ئەزموونێكی نوێ بوو: ئەوان وەك سەربازەكان بە ئاشكرا شەڕیان نەدەكرد، بەڵكوو لە تەنهاییدا دەكەوتنە دوایان، لە تەنهاییدا قۆڵبەست دەكران، لە تەنهایی ڕەهادا و لە حاڵێكدا بە تەواوی تەنها بوون، لە بەرامبەر ئەشكەنجەدا خۆڕاگریان دكرد و بەرگەی ئەشكەنجەیان دەگرت: تەنها و ڕووت، لە بەردەم جەلادی ناوشان پاندا، تەڕ پۆش و پاك و خاوێن، بەو جلە پر لە زریق و بریقانەوەی كە بە پێست و گۆشتی ئازار دیتووی ئەوان پێدەكەنی. بەمەشەوە ئەوان لە قووڵایی ئەم بێدەنگییەدا، بەرگریان دەكرد لە كەسانیتر، لە هەموو كەسەكان، لە سەرجەم هاوڕێیانی (بزووتنەوەی خۆڕاگری). تەنها یەك وشە بەس بوو بۆ ئەوەی دە یان سەد كەس بگیردرێن و قۆڵبەست بكرێن. مەگەر بەرپرسایەتیی ڕەها لە تەنهایی ڕەهادا، هۆكاری دۆزینەوەی ئازادی و ئێختیاری ئێمە نییە؟ بۆ هەموان- جا ڕێبەرەكان بن یان تاكەكان- پێویستی، تەنهایی و قووڵیی مەترسییەكە وەك یەك نەبوو. بۆ ئەوانەی كە تەنها پەیامەكانیان دەبرد و نەیاندەزانی چییان تێدایە و بۆ ئەوانە كە سەرجەم “بزووتنەوەی بەرگری”یان ڕێك خستبوو و كارەكانی لەسەر شان ئەوان بوو، تەنها یەك جۆر حوكم دەدران: زیندان، دوورخستنەوە، مەرگ. هیچ سپایەك لە دونیادا نییە كە لەو سپایەدا، ئەو مەترسیانەی لەسەر سەربازەكانە بەم شێوەیە وەك یەك و هاوشێوە بێت. هەر بۆیە (هێزی بەرگری) دێمۆكراسییەكی ڕاستەقینە بوو: بۆ سەرباز و بۆ ڕێبەرەكەش یەك جۆر مەترسی، یەك جۆر بەرپرسایەتی، و هەمان ئەو ئازادییە ڕەهایە بوو لە پاراستنی پرەنسیپدا. هەر بۆیە لە دڵی تاریكی و خوێندا، بەهیزترین كۆمارەكان دامەزران. هەركام لە هاوڵاتییەكانی ئەم كۆمارە دەیزانی كە بە هۆی كەسانیترەوەیە، تەنها دەتوانێت پشت بە خۆی ببەستێت، هەركام دەور و نەخشی مێژوویی خۆیان لە تەنهایی ڕەهادا جێبەجێ دەكرد. هەركامەیان لە خەبات و وەستانەوە دژی داگیركەرەكان بە جیا بڕیاریان دەدا خۆیان كارێك بكەن، بەم شێوەیە بە هەڵبژاردنی ئازادیی خۆیان، بێ ئەوەی هیچ دەرفەتێكیتریان لە بەردەم بێت، ئازادیی بۆ هەموان هەڵدەبژارد. ئەم كۆمارییەەی هیچ سپا و پۆلیسێكی نەبوو، دامەزراوەی پێویستی نەبوو، دەبوایە لە لایەن هەموو فەرەنسییەكانەوە بە ئارامی داگیر بكەن و لە یەك چركەساتدا دژی (نازیزم) بەكاری بهێنن. ئێمە ئێستا لە بەردەم كۆمارییەكی ترداین. ئاخۆ لە ڕۆژی ڕووناكدا دەتوانین لایەنە باشەكانی كۆماری بێدەنگی و شەو بپارێزین؟
سەرچاوە:
https://www.scribd.com/document/94921813/Jean-Paul-Sartre-Republic-of-Silence