چیرۆکی وەرگێڕان

قوتابخانە

ن: دۆناڵد بارتێلمی
________________________________________
و: مستەفا زاهیدی‌

ئێ، هەموو منداڵەکانمان برد بۆ ئەوەی‌ دار بچێنن، لەبەر ئەوەی‌ وامان دانا ئەمە بەشێکە لە پرۆگرامی پەروەردەیان بۆ ئەوەی‌ فێربن رەگەکان چۆن کار دەکەن. باسی هەستی بەرپرسایەتی و چاودێری‌ لە شتەکان و بەرپرسایەتی تاکەکەسی دەکەم. خۆ ئەزانن باسی چی ئەکەم. هەموو دارەکان وشک بوون. دار پرتەقاڵ بوون. نازانم بۆچی وشک بوون، تەنها ئەوە بوو کە وشک بوون. رەنگە بە هۆی‌ خاکەکەیەوە بووبێت، یان لەبەر ئەوەی‌ ئەو نمامانەی‌ هێنابوومان نمامی باش نەبوون. گلەییمان کرد. زۆرباشە. سی منداڵمان برد بۆ ئەوێ‌. هەرکامەیان نمامێکیان هێنا بیچێنن. سی داری‌ وشکیش هەبوو. هەموو منداڵەکان چاویان بڕیبووە دارێکی‌ وشکی قاوەیی، زۆر دڵتەزێن بوو.

رەنگە زۆریش خراپ نەبووبێت جگە لەوەی‌ بەرلە رووداوی درەختەکان هەموو مارەکان مردن. بەڵام لام وایە مارەکان، ئێ، هۆی‌ مەرگی مارەکان ئەمە بوو. ئەگەر لەبیرت بێت بەهۆی‌ مانگرتنەوە مەنجەڵی هەڵم (steam Boiler)چوار رۆژ کوژایەوە. دەی هۆیەکی هەبوو. ئەکرا منداڵەکان تێگەیەنین مانگرتنە. باوک و دایکی منداڵەکان ئیزنیان نەدەدائەوان لەپێش پێشەنگی مانگرتووەکانەوە رەتبن. ئەوان دەیانزانی چی قەوماوەو مانای مانگرتن چییە. کە کارەکەمان دەستپێکرد مارەکانمان دۆزییەوە. زۆریان پێناخۆش نەبوو.

باخی سەوزییەکان بەهۆی‌ زۆر ئاودانەوە زەرد هەڵگەڕابوون. هەندێکیان رەنگە ئەوکاتەی‌ ئاگامان لێیان نەبووە، ئاویان بەرداوەتە ناو دێرئاوەکانەوە، ئێ نامهەوێت ئەمە بە خراپکاریی بزانم، هەرچەن سەرەتا لامان وابوو بە ئەنقەست ئەمکارە کراوە. لەبەر ئەوە بوو پێشتر مشکەکان مردبوون و مشکە سپییەکان و دواتریش مارمێلکەکان و ئێستا تێگەیشتوون نابێ لەناو زەرفی نایلۆنیدا لە شوێنێکەوە بیانبەن بۆ شوێنێکتر.

هەڵبەت لامان وابوو ماسییەکانی ناوچە گەرمەکان دەمرن. سەیر نەبوو. هەر جۆرێ تەماشات دەکردن بە پشتا دەکەوتنە سەر ئاو. ئێ، لە ناو پڕۆگرامدا وانەی‌ ماسییەکانی ناوچە گەرمەکانیش هەبوو. هیچ رێگایەک نەبوو. هەموو ساڵێک ئەم پرۆگرامەمان هەبوو و ئەبووا زوو تەواومان کردبا.

تەنانەت بۆمان نەبوو توتکە سەگ لەگەڵ خۆمان ببەین. تەنانەت ئەمەشیان، ئەم توتکە سەگەی‌ خاتوو مەرداک رۆژێک لە ژێر لۆرییەکەی‌ “کریستیید”دا دۆزییوە. دەترسا شۆفێرەکە دوای ئەوەی‌ بارەکەی‌ بار کرد بیکات بەژێرەوە. هەڵیگرت و خستییە ناو کۆڵەپشتی خوێندنگەو هێنای بۆ خوێندنگە. توتکە سەگەکە بوو بە هی ئێمە. کە سەگەکەم بینی وتم مەرج دەبەستم ئەم سەگەر دە پانزە رۆژێک بمێنێت و دواتر. هەرواش بوو. بڕیارنەبوو بێتە ناو پۆلەوە. کۆمەڵێک یاسا هەیە ئەبێ لەبەرچاو بگیردرێت. ناکرێت بە منداڵەکان بڵێین سەگ رامەگرن. ئەویش ئەو کاتەی‌ کە سەگیان هەیە، بە بەردەمیاندا دێت و دەچێت و کلکە سووتەیان بۆ دەکات و دەوەڕێت بۆیان. ناویان نا ئێدگار. ناوی من بوو. بانگیان دەکرد “ئێدگار وەرە، ئێدگار ئێدگار!، زۆریش تاریفیان دەدایەوە. دواتر دەستیان دەکرد بە پێکەنین. ئەوەی‌ بەو شێوەیە گاڵتەم لەگەڵ بکەن پێم خۆش بوو. بەلامەوە گرینگ نەبوو گاڵتەم لەگەڵ دەکەن. کولانەیەکی‌ بچووکیان لە نزیک مەخزەنی خوێندنگەکە بۆ دروستکرد. نازانم بۆچی مرد. رەنگە تای بووبێت. رەنگە نەیانکوتابێت. بەرلەوەی‌ منداڵەکان بزانن. هێنامە دەرەوە. بەیانیان بە زۆری‌ چاوم لە مەخزەنە دەکرد. دەمزانی وای پێدێت. دام بە فەڕاشی قوتابخانەکە.

دواتر بەسەرهاتی ئەو کوڕە بێ سەرپەرەستە کورەییەش هاتە پێشەوە کە سەرپەرەشتییەکەیمان لە رێگای‌ پڕۆگرامی یارمەتی بە منداڵانەوە گرتبووە ئەستۆ. هەرکام لە منداڵەکان بیست و پێنج سەنتیان دەهێنا. واشمان بڕیاربوو. بەسەرهاتێکی‌ ناخۆش بوو. ناوی کوڕەکە “کیم” بوو و وادیاربوو تۆزێک درەنگ وەرمانگرتبوو. وەک ئەوەی‌ شتێکی وابووبێت. لەو نامایەشدا کە پێیان دایان هۆکاری‌ مەرگەکەیان پێ نەگوتین. تەنها پێیان وتین لەبری‌ ئەو منداڵێکیتر وەربگرین و ژمارەیەک بەسەرهاتی سەیری‌ منداڵەکانیان بۆ ناردین. ئێمە دڵمان نەدەهات. منداڵەکانی پۆل بابەتەکەیان بە هەند وەرگرت و بەرەبەرە بەوە گەیشتن رەنگە قوتابخانەکە کێشەیەکی‌ هەبێت. هەڵبەت کەس راستەخۆ بابەتەکەی‌ لەگەڵ باس نەکردم. تەنها دەکرێت وەک نەهات باسی لێبکەین. ژمارەیەکی‌ زۆر لە دایک و باوکی منداڵەکان مردن. دوو نموونە جەڵدەی‌ دڵ، دوو کەس خۆیان کوشت و کەسێک لەئاودا خنکا و چوارکەس لە رووداوی هاتووچۆدا مرد. جەڵدەیەکی‌ دڵیشمان هەبوو. ژمارەیەکی زۆر لە دایەگەورەو باوەگەورەکانیش مردن. ئەمساڵ وادیارە شتی ناخۆشتریش روویدا. وا دەردەکەوت. سەرەنجام کارەسات روویدا.

کارەساتەکە کاتێک روویدا “میتووین” و تۆنیماۆر و گۆدۆ” لە تەنیشت بناغەی‌ بینای فیدرالدا کە خەریکی دروستکردنی بوون یارییان دەکرد. کۆڵەکە دارەکانیان لەتەنیشت پایە قووڵەکەوە چنیبوو. وادیاربوو کێشەکە گەیەندرایە دادگا و دایک و باوکی منداڵەکان رایانگەیاند کۆڵەکەکانیان جوان نەچنیبوو. من ئاگام لە راست و دروستی رووداوەکە نییە. ساڵێکی‌ سەیرە. راستی لەبیرم چوو باسی بەسەرهاتی بیلی برانت بکەم کە لەشەڕ لەگەڵ پیاوێک لە ماڵەکەیان، پیاوێکی‌ دەمامکدار لە ماڵەکەی‌ لەت لەت کرایەوە.

رۆژێک لە پۆل قسەمان دەکرد. لێیان پرسیم چی بووە. دارەکان، مارمێلکەکان، ماسییەکانی ناوچە گەرمەکان، توتکە سەگ، باوک و دایکەکان، میتۆ و تۆنی چییان پێ هات؟ وتم:” نازانم، من نازانم.” ئەوان وتیان :” کێ ئەزانێت؟” وتم” کەس نازانێت” وتیان :” مەگەر مەرگ مانا نابەخشێت بە ژیان؟” وتم:” نە ژیانە مانا دەبەخشێت بە ژیان.” دواتر وتیان:” مەگەر مەرگ بەشێک لە زانیارییە بنەڕەتییەکان نییە کە لەو رێگاوە رۆژانەبوونی ژیان لە ئاراستەی‌”…
وتم:” رەنگە وابێت.”
وتیان:” ئێمە پێمان خۆش نییە.”
وتم :” نازانم، کەس نازانێت.”
وتێان:” جێگای شەرمە.”
وتم:” دەی‌ با وابێت.”

وتیان:” دەکرێت ئێستا هێلێن(یاریدەدەری‌ مامۆستاکە) لەباوش بکەیت و سێکسی لەگەڵ بکەیت بۆ ئەوەی‌ ئێمە فێربین؟ ئێمە ئەزانین تۆ هێلێنت خۆش ئەوێت.
وتم: من هێلێنم خۆش ئەوێت بەڵام ئەمکارە ناکەم.
ئێمە شتی زۆرمان لەمبارەوە بیستووە بەڵام تا ئێستە نەماندیوە.
ئێمە زۆرشتمان لەمبارەوە بیستووە، بەڵام تا ئێستە بەچاو نەماندیووە.
من وتم: :”ئەم شتە بۆ ئەوە نییە نمایش بکرێت، دەرم دەکەن. هێلن لە پەنجەرەوە تەماشای دەرەوەی‌ دەکرد.”
وتیان:” تکا دەکەین، تکایە عاشقانە یەکتر لەباوش بکەن. ئێمە پێویستە بەو بەهایە بگەین. ئێمە دەترسین لەوەی‌ بەو بەهایە بگەین.

من پێم گوتن ئەوان نابێ بترسن. :”هەرچەند خۆم زۆرجار دەترسم.” پێم وتن بەها لە هەموو شوێن هەیە. هێلێن هات و لەباوشی کردم. من چەند بار ناوچاویم ماچ کرد. منداڵەکان ورووژابوون. دواتر درا لە درگا. درگاکەم کردەوە. مشکە کوێرەیەک هاتە ژوورەوە. منداڵەکان لە خۆشیدا هاواریان کرد.

سەرچاوە: http://www.npr.org/programs/death/readings/stories/bart.html

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button