وەرگێڕان، وەك خیانەتێك لە دەقی یەكەم، پێگەیەكی گەورەو بەربڵاوی هەیە. “وەرگێڕی خیانەتكار” یان “جوانیی بێ وەفا” لە هەموو زمانەكاندا زاراوەیەكی باوە، زاراوەی یەكەم بە هۆی لاددان لە دەقی سەرەكی و دووهەمی بۆ پاساو كردنی “بێ وەفایی” لە بەر جوانی بە كار دەبرێ. بە هەر حاڵ ئەو جوانییەی لە زمانی نوێدا بە دەست هاتووە، هیچكات لە گەڵ دەقی سەرەكیدا بەراورد ناكرێ.
سێروانتس وتەنی :” بەرهەمێكی وەرگێڕدراو وەك قاڵییەكی جوان وایە كە بە پشتدا راخرابێت.” تەرحو رەنگەكەی بوونی هەیە. بەڵام “شتێك” لە دەست چووە، هەر ئەو شتەی كە ئەو كاتەی قاڵییەكە هەڵدەگێڕینەوەو دەیخەینە دیوەكەی خۆیدا دەڵێین :” ئەها.. ئێستا تەواوە.”
ئەگەر تیۆری زمانی شیعری مالارمێمان بە لاوە پەسەند بێت، شیعر وەرگێڕان هەڵنەگرە. یەكەم هۆكاری وەرگێڕان هەڵنەگر بوونی شیعر بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە مانا و مۆسیقا و ئاهەنگی شیعر لە یەک جیا نین. . مۆریس بلانشۆ دەڵێت :” بونیاد و ستراكچری شیعر شتێكی ئەسڵییە و ناكرێ دایبەزێنین… یەكەم تایبەتمەندی شیعر ئەوەیە كە داخراوەو ئەگەری گۆڕانی لە زمانی دووهەمدا نییە.
لە زمانی ناشیعریدا دەكرێ جەوهەرەو ناوەرۆكی بیركردنەوە یان مەبەستی سەرەكی نووسەر بە وشەگەلێكی تر دەرببڕین. تەنانەت دەكرێ جۆرێ بە سەریدا زاڵ بین كە لە كۆتی زمانێكی تایبەت ئازاد بكرێ. بەڵام بۆ تێگەیشتن لە شیعر بە پێچەوانەی دەقەكانی تر، جۆرێ ملكەچ بوون بۆ دەربرینی تایبەتی شیعری پێویستە. مەبەستی شیعر لە یەك بە یەكی وشەكان، جووڵەو جەخت كردنەوەكانی شیعر جیا ناكرێتەوە. ئەو كاتەش بمانهەوێ ئەم توخمانە لە دەرەوەی شێوەی دەربڕینیانەوە بنووسینەوە، شیعر لە ناو دەچێت. ناوەرۆكی شیعر بە تەواوەتی گرێ دراوەتەوە لە گەڵ خودی شیعردا. جێرارد جینت جیاوازی نێوان نەسر و شیعری بەم شێوەیە پەسەند نییە و ئەو لای وایە ئەگەر نەسریش ناوەرۆكەكەی گرێ درابێتەوە بە شێوەی دەربڕینییەوە ، یان شێوەی دەربڕین بە یەكێك لە توخمە سەرەكییەكانی پەیام و ئامانجی دەق بزانین، ئیتر وەرگێڕان هەڵنەگرە و ناكرێ تەرجەمە بكرێتەوە.
بە گشتی وەرگێڕان بە “پێویستییەكی هەڵە” ناوی لێ دەبرێ. سەرەڕای هەموو ئەمانەش، وەرگێڕان كارێكی پێویستە، چونكە ئەو دەرفەتەمان دەخاتە بەردەم كە بەرهەمەی نەتەوەكانی تر و كولتوورەكانی تر بناسین. كە وایە بە كارهێنانی وەرگێڕان لە چاپ و بڵاو كردنەوەی بەرهەمەكاندا شتێكی پێویستە و تایبەتمەندی فێركاریشی هەیە. هەر چەن كاركردی فێركاری وەرگێڕ زیاتر بێت، نووسراوە پەراوێزییەكان كاریگەر تر دەبن. وەرگێڕ بە ژێر نووس و پەراوێز نووس كردن هەوڵی ئەوەیە خوێنەر لەو شتە ئاگادار بكاتەوە كە لە نەخوێندنەوەی دەقی یەكەمدا لە دەستی داوە. بەڵام ئەگەر تەنها مەبەستمان بڵاو كردنەوەی بەرهەمێك بێت دەكرێ پەراوێزەكان هەر نەبن یان زۆر كەم بن. بەم شێوەیە وەرگێڕ بەرتەسك دەكرێتە بەوەی كە وەرگێڕانەكەی بكات و بڵاوی بكاتەوە وەك دەقێكی سەربەخۆ. هەڵبەت شتێكی سرووشتییە خیانەت بە دەقەكە دەكرێ. بەڵام هەندێ جار روو دەدا دەقی وەرگێڕدارو خۆی لە خوێندا وەك شاكارێك وایە.
وەرگێڕان سادەترین و لە هەمانكاتدا باوترینی جۆری جێگۆڕكەی ئەدەبییە.
بە گشتی دەكرێ بڵێین دوو جۆری وەرگێڕانی جیاواز و تەنانەت بە جۆرێ ناكۆك هەیە، كە سروشتییە لە نێوان ئەم دوو شێوەدا هەندێ ئیمكان و شێوازی تریش هەیە. یەكێك لەم دوو شێوازە گرینگی دانە بە مانای دەق. لەم جۆرەدا كۆمەڵێك وەرگێڕانی نەسریمان هەیە كە بە زۆری لە گەڵ دەقی ئەسڵیدا نایەن، بەڵام بە زۆری بە پەراوێز نووسین كامڵتر دەكرێن.
بە هەر حاڵ ئەم جۆرە وەرگێڕانەش جۆرێ گواستنەوەیە كە لەودا كێشەی تێگەیشتن لە جۆری تایبەتمەتی بونیاد و ستراكچەری رستەكان چارەسەر دەكرێ.هەندێ لە خوازەكان، بۆ خوێنەر ئاسانتر دەبنەوەو وای پێ دێ خوێنەر لێیان بگات و بەرهەمی ئەم جۆرە وەرگێڕانە دەقێكی روون و ئاشكرا و فام هەڵگرە كە شیعر نییە بەڵام دەتوانێ رێنوێنێك بێت بۆ خوێندنەوەی دەقی سەرەكی، هەر چەن بە هیچ شێوەیەك نەكرێ جێگای دەقی سەرەكی بگرێتەوە.
شێوازی دووهەم وەرگێڕانی شیعرە كە گرینگی ئەدا بە ئاهەنگ و كێشی شیعر. لەم شێوەدا خیانەت كردن بە مانا شتێكە كە روو دادا و ناكرێ خۆی لێ دەوور بگیردرێ.
بێ گومان ئەم جۆرە وەرگێڕانە دەبێ بە هۆی ئەوەی خوێنەری بیانی موسیقایەك وەربگرێت كە وەك مۆسیقای دەقی سەرەكی دەچێت. لە نێوان ئەم دوو جەمسەرەدا، زۆر ئیمكان و ئەگرە بوونی هەیە كە رەنگە باشترینیان گەڕانێك بێت بە دوای هاوسەنگییەكدا لە نێوان توخمە داهێنەر و پڕماناكانی شیعر و سەرچاوەی گونجاوی زمانی یەكەم. بە شێوەیەك لە رەوتی گواستنەوەدا شتی كەمتر لە ناو بچێ.
لێرەدا هەوڵ دەدەین بە شێوەیەك كورت باس لەو شتانە بكەین كە لە وەرگێڕاندا لە ناو دەچن.
سروشتیە مۆسیقای سەرەكی یەكەم شتێكە كە هەست بە لەناو چوونی دەكەین لە دەقی وەرگێڕدراودا.
لە پرۆسەی هەمدیسان خولقاندنەوەدا ئەم بەردەوامی ئاهەنگە لە زمانێكی تردا شتێكی بێ ئەگەر و نامومكینە. بەمەشەوە، كاریگەری شیعر لە دووپات كردنەوەكان، سەرواكان و گرینگی دان بە زمانی قوتابخانەیی، كە ئاسانترە لە زمانەكانی تردا هاوسەنگیان بۆ بدۆزینە سەرچاوە دەگرێ. زمانی قوتابخانەیی نێونەتەوەیی ترەو لە راستییدا مۆدێرنیستەكان هەموو دەم بە شوێن ئەم زمانەوە بوون. بە هەر حاڵ “ئاهەنگ” و “مانا” لە شیعردا، پێوەندییەكی نەپچڕاویان هەیە. لە بەر ئەوەی “ئاهەنگ” گرینگترە لە ستراكچەری شیعر، زۆر ئاساییە كاریگەری دەقی سەرەكی لە وەرگێڕاندا- لانیكەم لە بەشێك لە دەقەكە- لە ناو دەچێ.
نموونەیەكی تر ئەوەیە لە گواستنەوەی زمانێكدا بۆ زمانێكی تر، هەندێ گۆڕان لە ستراكچەر، ستایل و وشەكاندا دەكرێ، بەڵام بەمەشەوە، كاریگەری سەرەكی كە نووسەر بە دوایەوە بووە دەپارێزرێ. كە وایە ئەگەر كاریگەری شیعر بە شێوەیەكی تایبەت بگەڕێتەوە بۆ پرسی ئاهەنگ، وەرگێڕانی دەق شتێكی نامومكین و بێ ئەگەرە. ئەم شتە هەندێ لە شیعرەكانی گارسیا لۆركا دەگرێتەوە، رەنگە پێوەندی لە نێوان لۆركای “قەرجی گۆرانیبێژ” و شیعرەكانی رەشی ئانتێلی شتێكی بە رێكەوت و كوتووپڕ نەبێت. ئۆرست ماكری رستەی ناسراوی “سەوز تۆی كە بە سەوزی دەمهەوێ” بە ئیسپانیایی لە وەرگێڕانەكەیدا دەهێنێ. بە هەندێ لە وشەكاندا جەخت كردنەوە هەیە كە ناكرێ وەربگێڕدرێنەوە (بۆ زمانی ئیتالیایی). بۆ وێنە لە زمانی ئیسپانیاییدا لە سەرەتای رەستەدا هێمای جەخت كردنەوە هەیە. بەڵام لە هەندێ لە زمانەكاندا بەم شێوە نییە.
كە نامهەوێ بیبینم (خوێنی ئیگناسۆ بێرشن، لە شیعری ناسراوی شیوەنیك بۆ ئیگناسۆ سانچۆمیخیا)…
چونكە كاریگەری توانج و زاراوە لۆكاڵییەكان لە شیعردا جوانتر كردنی مۆسیقایە، وەرگێڕانی ئەدەبی لەم بوارەوە شتێكی بێ ئەگەر و نامومكینە. وەرگێڕ هەندێ جار دەتوانێ كاریگەرییەكە بە وشەگەلێكی تر “بخولقێنیتەوە”.
لیستە گرتن لە هەموو ئەو شتانەی لە وەرگێڕانێكدا لە ناو دەچێ ئەستەم و نامومكینە. بەڵام بە دڵنیاییەوە گرینگی سوودەكانی وەرگێڕان شتێكە كە دەبێ باسی لێوە بكرێ. جنیت وتەنی وەرگێڕانی شاكارە ئەدەبییەكان شتێكی پێویستە و تانەت هەندێ لە وەرگێڕانەكان خۆیان شاكاری ئەدەبین، هەروەها دەبێ ئەو ئیزنە بدەین بە رووحی دەق بگوازرێتەوە بۆ زمانێكی تر.
بۆرخس دەڵێت :” چوارینەكانی فیتس جرالد ( یان وەرگێڕانی فیتس جرالد) لە پێوەندی سەركەوتووی نێوان دوو پیاودا لە دایك بووە كە چەندین سەدە لێك دوور بوون، عومەر خەیام و وەرگێڕە ئینگلیسییەكەی. ئەو باس لەوە ناكات ئەو كاتەی ئەو چوارینانە بە ئیسپانیایی دەخوێنینەوە، پێاوێكی سێهەم پێویستەو ئەو پیاوە باوكی بۆرخس، خۆرخە گیلێرمۆ بۆرخس بووە. رەنگە ئەو شێوەی بۆرخس پێی خۆش بوو بڵَێت ئەدەب جەستەیەكی یەكەیە و هەموو نووسەرەكان دەركەوتەی جیاوازی یەك جەستە و یەك بوونن. هەر بۆیە ، لە سەر ئەو باوەڕم بیرمەندێك دەتوانێ وەرگێڕانی شیعر بە چالاكییەكی شەرافەتمەندانە و فێر بوونی زمانێكی تر بە باشترین دەربان بزانێت. رەنگە بە گەیشتن بە زمانێكی تر، لە گەڵ بەشێك لەم رۆحە جیهانییەدا ببین بە یەك.
سەرچاوە: گۆڤاری “دنیای سخن” شمارە 28
وەرگێڕان بۆ فارسی : مەرجان ساحبی