چیرۆکی درێژی “ھێلکەی شووم” وەک “کۆشک” و”دادگایی” بەرھەمی کافکا و “ساس” بەرھەمی مایاکۆفسکی” و “١٩٨٤” لە نووسینی جۆرج ئۆروێل دەرخەری ئەو روانگە ھونەریەیە کە پێی دەوترێت “ھەستی ھونەرمەندانە”. ھەستێک کە وا دەکات ھونەرمەند زووتر لە فیلسووفەکان لە “راستی” نزیک بێتەوە. لە سەردەمانێکدا کە دەسەڵاتی تۆتالیتەری یەکیەتی سۆڤیەت لەو پەڕی ھێز و شکۆی خۆیدا بوو و ھەمووان بە دەسەڵاتێکی سەقامگیریان دەزانی و کەمتر گومان لەوە دەکرا ئەو دەسەڵاتە بڕووخێ “ئێلکساندر سۆلژنیتسین” بە لە رێگای پشت بەستن بە “زانستی کۆمەڵناسی” و داتا ئابوورییەکانەوە، بەڵکوو لە رێگای ھەست و غەریزەی ھونەرمەندانەیەوە”ھەستی” کربوو کە تەمەنی دەسەڵاتی تۆتالیتەری ستالینی روو لە کۆتاییە و زۆر نابا ئەم دەسەڵاتە دەڕووخێت.
ساڵی ١٩٢٤ یش لە حاڵێکدا نزیک بە ٧٠ تا ٨٠ لە سەدی رووناکبیرانی جیھان حکوومەتی نوێی کۆمۆنیستییان بە لاوە پەسەند بوو و تەنانەن لینکن ستیڤنسێن دوای سەفەرێکی بۆ رووسیە ھاواری کرد “من لە داھاتوو بووم و داھاتوو واقعە”، یان واڵتەر بنیامین تەنانەت بە باشە باسی دەسەڵاتە یەکیەتی سۆڤییەتی کرد دوای سەفەرێکی بۆ یەکیەتی سۆڤییەت، ھونەرمەندێکی وەک ناباکۆف کە ئامانجە نائینسانییەکانی دەسەڵاتی ستالینی پێش بینی دەکرد، بە زمانی ھونەری بە ستالین و رێبەرانی حیزبی بۆلشۆڤیک دەڵێت ناتوانن بە وێران کردنی ژیانی ئینسانی بە ھیچ کوێ بگەن و باشتر وایە دەستبەرداری “بازدانە گەورە ماڵوێرانکەرەکان” بن و خانە نشین بن، چونکە ئەم جۆرە حەزانە جگە لەوەی زەوی ناکات بە بەھەشت بەڵکوو دەیکات بە جەھەنەم.
لەم نۆڤلێتەدا، پرفسۆرێک بە ناو ڤلادیمێر پێرسیکیف، ھەموو کاتی خۆی تەرخان دەکات بۆ لێکۆڵینەوە زانستییەکان، تا ئەو شوێنە تەنانەت ژنەکەشی بە جێی دێڵی، پرۆفسۆر بە رواڵەت سەر بە حیزبی بۆلشۆڤیک نییە، حەزیشی لە خۆ دەرخستن و بە دەست ھێنانی سەروەت و سەرمایە نییە و زیاتر بیر لە لێکۆڵینەوە زانستییەکانی دەکاتەوە، بەڵام بە کردەوە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی دەکەوێتە خزمەت ھێزی دەسەڵاتەوە. بە واتایەکی تر، بە پێی گێڕانەوەی بۆلگاکۆف، ئەنجامی رەنج و ھەوڵدانی ئەم کەسانە بە کەسانێک دەگات کە لە رووی حەز و ویستییان بۆ گەیشتن بە دەسەڵات خاڵی بەرامبەری پڕۆفسۆرن.
ھەڵبەت بە بێ ئەوەی پڕۆفسۆر بیھەوێت یان بزانێت، ئیمکاناتێک دەخرێتە خزمەتییەوە کە زۆربەی خەڵک لێی بێبەرین. پرۆفسۆر بە رێکەوت تیشکێک دەدۆزێتەوە کە ئەوگەر لە شوێنێکی تایبەتدا بکەوێتە سەر گەرا گیانلەبەرێک وەک بۆق، دەتوانێت لە ماوەی چەند کاتژمێردا بە ھەزاران بۆق درووست بکات کە تایبەتمەندی جیاوازیان ھەبێت. ھەر کامەیان ژمارەیەک لە ھاورەگەزەکانی خۆیان بخۆن و بە شێوەیەکی ناسروشتی گەورە ببن و لە بەرامبەردا گەرا دانانیان زۆر زۆرتر بێت.
کە وایە چیرۆک دەبێت بە چیرۆکێکی زانستی-خەیاڵی، بەڵام نەک لە ئاستی چیرۆکە زانستی خەیاڵییەکانی نووسەرانێکی وەک ژۆل وێڕن، ھێربێرت جۆرج وێلز و ئایزاک ئاسیمۆف. بە گشتی بونیادی ئەم چیرۆکە و چیرۆکێکی تری بۆلگاکۆف بە ناوی “دڵی سەگ” بە شێوەیەکە کە ناکرێت تەنھا بخرێتە چوارچێوەی ژانری زانستی –خەیاڵییەوەو دەبێ لە روانگەیەکی ترەوە بۆی بڕوانین. لەم رووەوە ئەم دوو بەرھەمە لە بەرھەمی ئەو نووسەرە دیارانەی زانستی- خەیاڵی لاواز ترە، بۆ وێنە لە گەڵ “ئێمە” شاکاری یۆگنی زامیاتینی رووسی کە ساڵی ١٩٢٠ نووسراوە یان “فارنھایت ٤٥١” لە نووسینی ری برادبێری، دا بەراورد ناکرێت.
من لام وایە ھۆی ئەم شتەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی بۆلگاکۆف چیرۆکەکەی لە ژێر کاریگەری قوتابخانە جیاوازەکانی ئێمپێرسیۆنیسم، ئیکسپرسیۆنیسم و سوورئالیسمدا نووسیوەو لە چیرۆکە زانستی- خەیاڵییەکانیدا کەڵکی لەو قوتابخانانە وەرگرتووە. بە واتایەکی تر “ھێلکەی شووم” ئاوێتەیەکە لە چەندین روانگەی ئەدەبی ھونەری و لە راستییدا ھیچکامیشیان نییە.
بۆ وێنە لە باری روانگەی ئێمپرسیۆنیستییەوە لە ئاستی بەشێک لە کارەکانی ھێرمان ھێسە و لە باری ئیکسپرسیۆنیستییەوە لە ئاستی کارەکانی کافکا و لە باری وێنەسازی سوورئالیستییەوە لە ئاستی کارەکانی ئاندرە برۆتۆندا دەرناکەوە. بەڵام لە باری مانایی و ناوەرۆکی فەلسەفی-کۆمەڵایەتییەوە دەتوانین بڵێین لە ئاستی کارەکانی ھاکسلی وبرادبری دایە. ھەر وەھا توخمی تەنزی سیاسی- کۆمەڵایەتی یەکێکی تر لەو توخمە دیارانەی ناو رۆمانی ھێلکەی شووم لە نووسینی بۆلگاکۆفە و ئەم توخمە تەنزییە لە گەورە کردنەوەی پانتای لێکۆڵینەوە زانستییەکانی پرۆفسۆردا بە جوانی دەردەکەوێ. ھەواڵنێری رۆژنامە وگۆڤارەکانی “سەردەمی سوور”، “ئاگری سوور”،”بیبەری سوور”، و چەند “سوور”ی تر لە پرۆفسۆر کۆ دەبنەوەو وا دەکەن بۆلشۆڤیۆم چاودێری دەسکەوتە زانستییەکانی بکات و تەنانەت مەئموورەکان بە شەو و رۆژ چاودێری ئیشەکانی دەکەن. بە پێی رەواڵی باو رێبەرانی وڵات بیر لەوە دەکەنەوە ئەم دەسکەوتە بخەنە خزمەت پتەو کردنەوەی دەسەڵاتی خۆیان.
ئەم ئەرکە دەکەوێتە ئەستۆی “ئێلێکساندر سیمۆنۆویچ رێک. رێک تا ساڵی ١٩١٧ واتە ساڵی بە دەسەڵات گەیشتنی بۆلشۆڤیکەکان، لە ساڵۆنی چاوەڕوانی سینەمایەکدا فلووتی دەژەند. بە واتایەکی تر “شایەرێکی پلە سێ بوو”، بەڵام لەم ساڵەدا کە “کار و پیشەی زۆربەی خەڵک دەگۆڕدرێت”، ئەویش فلووتەکە دەگۆڕی بە دەمانچەی “ماوزەڕ” و پەیوەست دەبێت بە “شۆڕشگێڕە بە دەسەڵات گەیشتووەکان و دەریای تووڕەی جەنگ و شۆڕش”. لێھاتووی خۆی لە خزمەت بە پتەو کردنی شۆڕشی بۆلشۆڤیکی خستە روو سەلماندی “کەسێکی گەورەیە”. لە بەرامبەردا “حیزب” دەست بەرداری ئەم “مرۆڤتر لە نوێیە” نەبوو. شوناسی پێ بەخشی. بەڵام ئەو شوناسەی کە خوی دەیھەوێت. دەبێ بڵێین وەک چۆن ھانا ئارێنت باس دەکات، دەسەڵاتی تۆتالیتەر بە شوێن ئەوەوەیە بە گۆڕانی بنەڕەتی بونیادی ئینسانەکان، بنەماکانی خۆی دابڕێژیتەوە. بۆ ئەم مەبەستە پێویستە رابردووی مرۆڤ- مێژووی کۆمەڵگا- لە بیرکردنەوەیدا بسڕدرێتەوەو تەنھا ئەو شتە بەکەڵکانە بمێننەوە کە خزمەت بە مەشرووعیەت بەخشین و مانەوەی حکوومەتی تۆتالیتەری دەکەن. نموونەی ئەم چەشنە ھەڵسووکەوتە لە جوانی لە رۆمانی ١٩٨٤ ی جۆرج ئۆروێلدا دەبیندرێت. کە دەتوانین بڵێن خاڵێکی گرینگی ھاوبەشی نێوان دوو رۆمانی ١٩٨٤ ی ئۆروێل و “ھێلکەی شووم”ی بۆلگاکۆف خستە رووی شێوەی کار کردنی سیستەمی تۆتالیتەرییە- ئەمە جیاوازە لەوەی کە ئەم دوو رۆمانە ھەردووکیان بە شێوەیەک دەتوانین بیانبەینە قوتابخانەی “فیوچەریسم”ەوە کە پێش بینی کردنی رووداوەکانی داھاتووە.