ن: مستەفا زاهیدی
جیهانی منداڵان, بێگەردە, خاوێنە, سافە, وەك خەونە ناسكەكانیان, وەك ئارەزووە پەمەیی و خەیاڵە بێگەردەكەیان.
بەڵام ئاخۆ كێیە ئاوڕێك لەو جیهانە بێگەردەیان بداتەوە؟ كێیە لە گەڵا خەونەكانیان دا هەڵا بكا و لە گەڵا سترانە ناسكەكانیان دا ئاوێتەی جیهانە پەمەییەكانیان بێت؟
كێیە دەس بباتە نێو ئینجانەی رۆحی خۆیی و دەسكەگوڵێك لە چەشنی ماسیە رەشە بچكۆلەكەیان پێبدات و بڵێ هانێ لەگەڵا بە سەرهاتی پرۆشەبەفرەدا بیبە و لە سەر تاقی ژوورەكەتی دابنێ و حەقایەتی پیرەژن و جووجكەزێڕینەكەیان بۆ بگێڕەوە؟
سەمەدی بێهرەنگی ئەو نووسەرە خامە پەمەییە بوو, كەزۆر هێور بێئەوەی تەنانەت خەوی پەمەیی خەونی منداڵێك بزڕێنێ, دەچووە ناو خەوی منداڵانەوە و ئاوێتەی دنیای بێگەردیان دەبوو.
سەمەد ساڵی 1318ی هەتاوی لە ماڵێكی خواروی گەڕەكی “چەرەنداب”ی تەورێز لە بنەماڵەیەكی هەژار و دەسكورت چاوی بە جیهان پشكووت. سەمەد هەر لە منداڵیەوە لە ئامێزی هەژاریدا گەورە بوو, و بە هەموو واتای وشەی هەژاری, هەستی بە هەژاری كرد.
سەمەد سەرەڕای دەستكورتی بنەماڵە سەركەوتووانە درێژەی بە خوێندن داو ساڵی 1334 خولی بارهێنانی مامۆستایی تەواو كرد و لە سەر داوای خۆی رەوانەی گوندە دوورەكانی ئازەربایجان كرا. یازدە ساڵی تەواو لە “مەمقان”, “قەد جیهان”, “ئازەر شار”, “گۆگان” و “ئەخیرجان”دا بە ئەوپەڕی دڵسۆزیەوە دەرسی وتەوە و مامۆستایەتی كرد. سەمەد لە كانگای هەژارانەوە هەڵقوڵاو چوو دڵی هەژارانەوە.
من بۆ خۆم كاری سەمەد لەگەڵا فریدریك فرۆبل دا بەراوەرد دەكەم.
ئەو خزمەتەی كە هەرتكیان بە منداڵانیان كرد ئەو شتە بوو كە لە جەنگەی منداڵیدا خۆیان لێی بێبەری بوون.
لە جەنگەیەكدا كە ئەدەبیاتی منداڵان لە ئێران ساوا و ساویلكە بوو هەر لە قەوارەی ئامۆژگاری منداڵان دا خۆی بەستبۆەوە, سەمەد بوێرانە هات و ئەو شێوازە كۆن و سوواوەی رابوردووی شكاند و, وەك مامۆستایەكی دڵسۆز دڵپاكانە ژیانی خۆی تەرخان كرد بۆ منداڵان. چیرۆكەكانی سەمەد بە هۆی سانایی و لە هەمان كات دا بە شێوەیەكی نوێ و ناسینی دەروون ناسانەی منداڵانەوە, ئێستاش بۆن و بەرامەی ئەمڕۆیان لێ دێت.
سەمەد هاتوو بە جێگەی ئامۆژگاری منداڵان جیهانێكی بۆ منداڵان ئافراند كە لە گەڵا خەیاڵا و سایكۆلۆژیای منداڵان دا, دەهات وە و توونیەتی دەروونی منداڵانی دەشكاند. ئەو هات و لەو گیانلەبەر و شتانەی كە منداڵان باشیان دەناسن و خۆشیان دەوێ وەك “ماسی رەش, جووجكە زەرد, پرۆشە بەفر, قۆخ و …” دنیایەكی بۆ منداڵان ئافراند لە دەرەوەی دنیای پڕ لە رەنجی ئەوان. دنیایەك كە تایبەتە بە دەروونی منداڵان. بەڵام لە هەمان حاڵدا لە گەڵا دنیای راستەقینەی ئەواندا دەهاتەوە. ئەو گیانی دەكردە بە بەر پرۆشەی بەفر, ئەو شتەی كە لە دنیای خەیاڵی منداڵان دا هەیە و چیتر.
دنیای چیرۆكەكانی سەمەد دوورن لە راستەقینە! كوت مت راستەقینەن! ئەمەیە تایبەتمەندی بەرهەمەكانی. پیرەماسیەك لە زەریا, لە پشت بەردێك, نا! لە ژێر كورسی گوندێكی دووری ئازەربایجان هەموو نەوەكانی خۆی لە دەوری خۆی كۆدەكاتەوە و حەقایەتیان بۆ دەگێڕێتەوە.
ئەوە دەروونی منداڵانە كە حەز دەكا هەموو شتەكان راستەقینە بن, سەمەدیش وەك مامۆستایەكی بە ئەزموون زۆر بە باشی ئەو هێزەی دەروونی منداڵانی ناسی و زۆر دڵپاكانە دەستی دایە نووسینەوەی دەروونی منداڵان.
بەڵێ!
بە داخەوە سەمەد رۆژی 9ی خەرمانانی 1349ی هەتاوی بە شێوەیەكی گوماناوی لە لایەن ساواكەوە لە رووباری ئەرەس خنكێندرا ، هەر لە بەر ئەوەی بیری كۆنی ساواك نەیدەتوانی رووناكبیرێكی چەپی وەك سەمەد تەحەموڵ بكات.