هارۆکی مۆراکامی
و: مستەفا زاهیدی
من سی و دوو ساڵمەو ئەو هەژدە ساڵی تەمەنە. کە بیرلەمە دەکەمەوە مێشکم تێک دەچێت.هێشتا سی و دوو ساڵم تەمەنەو ئەو هەر هەژدە ساڵیەتی. کێشەیەکم لە گەڵ ئەم شتەدا نییە. ئێمە تەنها دوو هاوڕێین، نە زیاتر لە دوو هاوڕێ و نەکەمتر لەوە. من ژنم هەیە و ئەو 6 خۆشەویستی بۆی فرێندی هەیە. لە گەڵ هەرکام لە بۆی فرێندەکانیدا لە رۆژە کارییەکاندا ژوان رێک دەخات و هەموو مانگێک یەک یان 2 دوو شەممە من دەبینێت. یەکشەممەکانیتر لە ماڵەوە تەماشای تەلەفیزیۆن دەکات. کە تەماشای تەلەفیزیۆن دەکات وەک فیلێکی دەریایی جوان و خۆشەویست دەچێت.
ئەو ساڵی 1963 لەدایک بووە. ئەو ساڵەی سەرۆک کۆماری کێندی کوژرا. ئەو ساڵەی بۆ یەکەمجار ژوانم لە گەڵ کچێک رێک خست. “پشووی هاوین”((“Summer Holiday”)) کلیف ریچارد((Cliff Richards)) دوای ئەوە خۆشەویست بوو. وا نەبوو؟ گرنگ نییە. چ ساڵێک لە دایک ببوو. چاوەڕوانی ئەوە نەبووم لە گەڵ کچێک کە لەم ساڵەدا لە دایک بووە دیدار رێک بخەم. تەنانەت ئەم هەستەش سەیرو سەمەرەیە. تا ئەو ئاستە سەیر و سەمەرە وەک ئەوەی بۆ وێنە من لەوسەریتری مانگەوە لە کاتی جگەرە کێشاندا پاڵم دابێت بە گاشە بەردێکەوە.
کچە گەنجەکان پیاو بێ تاقەت دەکەن. کەسانی دەورووبەر هەموو وا ئەڵێن. ئەو کچانی دەربارەیان قسە دەکەن جیهانێکی جیاوازیان هەیە و هەموو کارەکانیان ناز و ئەدا دەرهێنانە،ئەمە ئەو شتەیە ئەوان ئەیڵێن. بەمەشەوە ئەوان بە زۆری لە گەڵ کچە گەنجەکاندا دەڕۆنە دەرەوە. تۆ بڵێی کچانێکی گەنج بدۆزنەوە کە بێ تاقەت نەکات؟ نە، بە دڵنیاییەوە وانییە. بە کورتی، ئەوەی راستی بێت رەنگە ئەوەی کە بێ تاقەتیان دەکات بەلایانەوە سەرنج راکێش بێت.
ئەوان چێژ لەو کایە ئاڵۆزە دەبینن کە پڕە لە بێتاقەتی، هەڵبەت تا ئەو کاتەی ئەم بێتاقەتییە لە یارییەکە دەرنەچێت. وادیارە ئەم شتە بۆ من زۆر کەم دێتە پێش.
لە راستییدا نۆ لە دەی کچە گەنجەکان تاقەتی پیاو دەبەن، بەڵام خۆیان بەم شتە نازانن. ئەوان گەنج، جوان، پڕ لە وزە و زیت و وریان. خۆیان لایان وایە زۆر دوورن لەوەی تاقەتی پیاو ببەن، ئەی خوا هاوار.
لۆمەیان ناکەم و بێزار نیم لێیان. لە بری ئەوە عاشقی ئەو کەسانەم. ئەوان دەمخەنەوە یادی سەردەمی گەنجێتی بێزارکەری خۆم. شتێک وەک، چۆن بڵیم، سەرسووڕهێنە. ئێمە کەسانێکی بێ تاقم و منداڵکار بووین کە لە سەردەمی گەنجێتیدا هەموو کەس لە دەستمان ماندوو دەبوو.
*
پرسی –” حەز ئەکەی بگەڕێتەوە بۆ تەمەنی هەژدە ساڵی.”
وەڵامم داوە:_”نە نامهەوآ. تەنانەت ئەگەر پارەشم پێ بدەی ناتوانی بۆچوونم بگۆڕێت و بمگەڕێنیتەوە بۆ هەژدە ساڵی.”
وادیار بوو تێنەگەیشت چیم وت.
“نا؟ بەڕاست؟”
“بەدڵنیاییەو نا.”
بۆچی؟”
“ئەم تەمەنەم پێخۆشە.”
دەستی خستبووە ژێر چەنەگەی و لە ناو دەریای خەیاڵی خۆیدا نوقم ببوو. قاوەکەی بە کەوچک تێکدا.
“باوەڕ بەو قسەیەت ناکەم”
“باشتر وایە باوەڕ بکەی.”
“گەنج بوون جوانە. مەگەر وا نییە؟”
“رەنگە وابێت.”
“بۆچی ئەم تەمەنەت پێ باشترە؟ کە چی بێت؟”
“جارێک بەسە”
“من هێشتا لە گەنج بوون بێزار نەبووم”
“دەی وایە، تۆ هێشتا هەژدە ساڵت تەمەنە.”
وتی:”تێَدەگەم”
لە بەر خۆمەوە بیرم لەوە کردەوە ئەو هەژدە ساڵی تەمەنە.”
بانگم لە خزمەتکارەکە کرد و داوای بیرەیەکیترم کرد. لە دەرەوە باران دەباری و لە دەلاقەکەوە بەندەری بۆکۆهاما دەبیندرا.
” کە هەژدە ساڵت تەمەن بوو بیرت لە چی دەکردەوە؟”
“لە گەڵ کچاندا بوون”
“چیتریش؟”
“نا”
لە بەرخۆیەوە پێکەنی و تۆزێک لە قاوەکەی چەشت.
“هەموو کاتیش سەرکەوتوو بووی؟”
“هەندێ جار بەڵێ و هەندێ جار نە. بەداخەە زۆربەی کاتەکان سەرکەوتوو نەبووم.”
“لە گەڵ چەند کچدا بووی.”
“نەمژماردوون”
“بەڕاست؟”
“بیانوویەک نەبوو بۆ ژماردنیان”
“ئەگەر پیاو دەبووم بە دڵنیاییەوە دەمژماردن. زیاتر بۆ سەرقاڵ بوون.”
هەندآ جار بیر لەوە دەکەمەوە رەنگە شتێکی سەیر بێت ئەوەی ببمەوە بە هەژدە ساڵ. بەڵام ئەو کاتەی بیر لە یەکەم شت دەکەمەوە کە رەنگە رووبدات بۆم هیچ شتێک لە زەینمدا نامێنێت. هیچ شتێک لەو بارەوە نازانم، نازانم ئاخۆ بڕیارە چی رووبدات و دەمویست چی بکەم و چۆن کەسێک بم ئەگەر جارێکیتر ببمەوە بە هەژدە ساڵە.”
“شتێکی سەیر نەبوو لە هەژدە ساڵیدا دیدارم هەبێت لە گەڵ ژنێکی سی و دوو ساڵە؟
پرسیم:”هیچکات بیرت لەوە کردۆتەوە جارێکیتر ببیتەوە بە هەژدە ساڵ”
“ئێ…”
پێکەنی و وا خۆی دەرخست بیری لێدەکاتەوەو وتی “نا، رەنگە نا”
“بەڕاست”
“نا”
وتم:”
“نە.”تێناگەم، هەموو ئەڵێن گەنجێتی زۆر جوانە.”
“بەڵی وایە.”
“دەی باشە بۆچی ناتهەوآ دووبارە گەنج بیتەوە؟”
“کە تەمەنم چووە سەرەوە ئەزانم بۆچی نامهەوێ”
بەڵام من سی و دوو ساڵم تەمەنەو ئەگەر بۆ حەوتوویەک نەزانم چینێکی چەوری لە سەر ورگم نیشتووە، ناتوانم بگەڕێمەوە بۆ هەژدە ساڵە بوون. ئەمەش شتێکە.
دوای گەڕانەوە لە هەڵهاتنم، بەیانیان شەربەتێک ئەخۆمەوەو لە سەر قەنەفەکان رادەکشێم و گوآ دەگرم لە گۆڕانی “رێبواری رۆژگار”ی “بیتەلەکان” ((the Beatles))
“رێبواری رۆژگاااااار.”
کە گوێ لەم گۆرانییە دەگرم هەست دەکەم لە ناو شەمەندە فەڕێکدا دانیشتووم. دارتێلەکان، وێستگەکان، تۆنێلەکان، پردەکان، مانگا و ئەسپەکان، دووکەڵکێشەکان و شتەکانیتر خراونەتە دەرەوە. بەهەر حاڵ لەوآ دوور دەکەومەوە. بەجەوەنەکانی دەرەوە هەر ئەو شتەیە و هیچ شتێکی تازەی تێدا نییە سەرنجڕاکێش بێت. بەمەشەوە چێژی لێوەردەگرم. ئەو کەسانەی لە لامەوە دانیشتوون جارجار دەگۆڕدرێن. بە رێکەوت کچێکی هەژدە ساڵە لە لامەوە دادەنیشێت. من بەلای پەنجەرەکەوەم و ئەو بەلای کریدۆرەکەوە.
“حەز ئەکەی جێگاکەمان بگۆڕین”
وتی:”زۆر سپاس تۆ زۆر مێهرەبانیت
.”
واش نییە کە من زۆر مێهرەبان بم. لە بەرخۆمەوە بیردەکەمەوەو شەیتانانە پێدەکەنم. خۆم ناشڵەژێنم لە بوونی ماندوو کەری ئەودا.
سی و دوو ساڵەیی
رێبواری رۆژگار
ماندوو لە ژماردنی دارتێلەکان
ئەمەش هایکۆیەکی ناتەواو لە نووسینی من