وتاری نووسین

ساڵڕۆژی هەتیو کەوتنی وشە

رۆژی‌ 2ی‌ گه‌لاوێژ ساڵڕۆژی‌ مه‌رگی‌ كه‌سێكه‌ كه‌ به‌ مه‌رگی‌ وشه‌ هه‌تیو كه‌وت‌و وارتانه‌كان بێ‌ زمانتر مانه‌وه‌و كچانی‌ ده‌شته‌كیش بێ‌ناز.

2ی‌ گه‌لاوێژ ساڵڕۆژی‌ ئه‌و كه‌سه‌یه‌ كه‌ به‌ردی‌ ده‌كێشا به‌ شانانی‌، به‌ردی‌ وشه‌،بەردی سەروا،  بۆ وه‌ی‌ خۆی‌ تێدا زیندانی‌ بكات. زیندانی‌ كردنی‌ خود له‌ ناو قه‌فه‌سی‌ وشه‌دا مانای‌ به‌ زمان بوونه‌ بۆ بێ زمانه‌كان.یان به‌ شیعر شانه‌ كردنی‌ قژی‌ ئه‌و كچه‌ ده‌شته‌كیانه‌ی‌ كه‌ بۆن به‌ ده‌میانه‌وه‌ ده‌كرێ‌ نه‌وه‌ك  رۆژێ وتبێتیان خۆشم ده‌وێی‌.

شیعری‌ شاملوو نفره‌ته‌ له‌و كه‌سانه‌ی‌ قه‌ناری‌ به‌ ئاگری‌ سوێسن ده‌برژێنن، نفره‌تە له‌وانه‌ی‌ به‌ر به‌ عه‌شق‌و خۆشه‌ویستی‌ مرۆڤ بۆ خۆره‌تاو ده‌گرن، نفره‌ته‌ له‌وانه‌ی‌ پاش مه‌رگیشی‌ لێی‌ ده‌ترسن‌و له‌ ترسی‌ خۆیاندا كێلی‌ قه‌بره‌كه‌ی‌ ده‌شكێنن. چون شاعیر هه‌میشه‌ زیندووه‌. شیعری‌ شاملوو ده‌ربڕینی‌ نفره‌ت‌و تووڕه‌یی خه‌ڵكێكه‌ له‌و رژیمانه‌ی‌ به‌ سه‌ریاندا ده‌سه‌لاَتیان كردووه‌و نیوه‌شه‌وان له‌ درگایانداوه‌ بۆ كوشتنی‌ چرا.

به‌ گشتی‌ ده‌توانین بڵێین شیعری‌ شاملوو بوون له‌ گه‌ڵ‌ خۆشی‌‌و خه‌م‌و خه‌فه‌ت‌و ئازاره‌كانی‌ جه‌ماوه‌ردا، یان بڵێن شیعری‌ شاملوو كوت‌و مت ئاوێنه‌ی‌ باڵا نوێنی‌ ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌یه‌ كه‌ شاملوو لێی‌ ژیاوه‌.هه‌ندێ‌ جار به‌و شێوه‌ له‌ گه‌ڵ خه‌م‌و ئازار‌و خۆشیجه‌ماوه‌ردا بوون ، ئه‌گه‌ر نووسه‌ر كه‌سێكی‌ وریا نه‌بێت له‌ شیعریه‌ت دای‌ ده‌بڕێ‌‌و ده‌یخاته‌ بازنه‌ی‌ شوعاره‌وه‌، به‌لاَم شیعری‌ شاملوو له‌ گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌ڵگری‌ هه‌موو تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگا بووه‌ و له‌ كۆمه‌ڵگا دانه‌بڕاوه‌، هیچكات شیعریه‌تیشی‌ نه‌چۆته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌، به‌ واتایه‌كی‌ تر شاملوو به‌ ته‌واو مانا شاعیر بوو.

ئه‌و نه‌ وه‌ك فۆڕمالیسته‌كان لكاوه‌ به‌ فۆڕمه‌وه‌و ناوه‌رۆكی‌ كردووه‌ به‌ قوربانی‌، نه‌ وه‌ك كۆمه‌ڵێك شاعیری‌ به‌ ناو شاعیرانی‌ ده‌ربه‌ست، كه‌ هه‌ڵگری‌ ئه‌و جۆره‌ روانینه‌ بوون كه‌ له‌ رووسیادا به‌ ناوی‌ ئه‌ده‌بیاتی‌ ده‌ربه‌ست ده‌ناسرا شیعریه‌تی‌ شیعری‌ كرد به‌ قوربانی‌. هونه‌ری‌ شاملوو له‌وه‌دایه‌ كه‌ گیان ده‌كات به‌ به‌ر “وارتان”‌و”وارتانه‌كاندا”. یان به‌ واتایه‌كی‌ تر ده‌توانین بڵێین حه‌ماسه‌تی‌ وارتان ده‌شیعرێنێ‌، شیعر ناكات به‌ قوربانی‌ حه‌ماسه‌تی‌ ئه‌و. ئه‌و كاته‌ی‌ عه‌شق‌و خۆشه‌ویستی‌‌و ره‌نج‌و ئازار‌و حه‌ماسه‌ت‌و به‌ گشتی‌ ژیانی‌ خه‌ڵك دێننه‌ ناو زمانه‌وه‌و ده‌كرێن به‌ شیعر ، ئه‌و كاته‌یه‌ كه‌ هه‌ر كه‌سه‌و به‌ پێی دۆخی‌ ژیانی‌ خۆی‌ له‌و شیعره‌دا ده‌بینێته‌وه‌.ته‌نانه‌ت جه‌لادانی‌ چرا كوژیش، ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ كه‌ كێلی‌ قه‌بره‌كه‌ی‌ ده‌شكێنن، ناتوانن شیعری‌ شاملوویان خۆش نه‌وێت.

بەڵام سه‌د مه‌خابن، رۆژی‌ 2ی‌ گه‌لاوێژی‌1379ی‌ هه‌تاوی‌ ئه‌م فه‌رهه‌نگه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌ی‌ زمان، ماڵئاوایی له‌ ئایدا‌و شیعر‌و زمان‌و خوێنه‌رانی‌ كردو “وشه‌ هه‌تیو كه‌وت”. مه‌رگی‌ شاملوو ته‌نها خه‌سار نه‌بوو بۆ شیعر‌و زمانی‌ فارسی‌، چونكه‌ شاعیر سه‌ر به‌ هیچ نه‌ته‌وه‌و زمانێ‌ نییه‌. به‌ڵكوو شاعیر سه‌ر به‌ هه‌موو نه‌ته‌وه‌كانه‌، وه‌ك چۆن پابلۆنێرۆداو لۆركا‌و مارگۆت بیكل‌و تێد هیوز سه‌ر به‌ كتێبخانه‌ی‌ هه‌موو نه‌ته‌وه‌كانن، وه‌ك چۆن گوڵه‌ خراپه‌كانی‌ شارل بودلێر بووه‌ به‌ به‌شێك له‌ كتێبخانه‌ی‌ هه‌موو نه‌ته‌وه‌كان، شیعری‌ شاملووش سنووری‌ بۆ نییه‌. له‌ هه‌ر كوێ‌ ئازاری هاوبه‌ش هه‌بێـت شیعری‌ شاملوو ئاماده‌یه‌.كه‌ وایه‌ شیعری‌ شاملوو ده‌ربڕینی‌ ئازاری هاوبه‌شه‌ و ئازاری‌ هاوبه‌شیش هه‌ر هه‌یه‌و ده‌بێ‌.

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button