لە رێگاکەمدا بۆ ئەوەی سواری ترام (Tram) ببم، لای پارچە زەوییەکەوە رەت ئەبم کە خاوەنی نییە. ئەم زەوییە پێشتر باخ بووە، خانووی ناو باخەکە وێران بووەو رووخاوە. رێگایەکی خۆشکراو لە ناو دارەکان و لای بنچکەکانەوە دروستکراوەو لەوێوە رەت ئەبێت. بۆ ساڵانێکی زۆر ئەمە باشترین بەشی پیاسەکردن و بە پێ رۆشتنی من بوو. دواتر رۆژێک، کەسێک پەرداخێکی پلاستیکی خستە ئەوێ. دواتر کەسێکیتر قوتوویەکی کۆنسێرڤ ( conserve)، دواتر کەسێکیتر سەتڵی خۆڵەکەی لەوێ رشت و زۆری پێنەچوو تێگەیشتم بێ ئەوەی بەخۆم بزانم رێگاکەم ئەگۆڕم و ئیتر لەوێوە رەت نابم و لەو پارچە زەوییەی کە ئیتر بووە بە زبڵدان دوور ئەکەومەوە.
گرینگیدانی من بە زبڵ لەو رووەوەیە کە بووە بە یەکێک لە گەورەترین کێشەکانی سەردەمی ئێمە. بەڵام زبڵ ئەم ئاریشەی سەردەم و رۆژگاری ئێمەیە و هەم خوازی ئەم سەردەمەیە. سەردەمانێک، ئەو دەمەی کە خەریکبووم لێکۆڵینەوەم ئەکرد بۆ نووسینی رۆمانێک، رۆیشتم و بۆ ماوەیەکی کورت بووم بە خۆڵڕێژ. ئەو شارەی تێیدا دەژیم لە جەنگێکی بەردەوامدایە لەگەڵ زبڵ. زبڵدانەکەی شار کە زۆربەی زۆری زبڵەکان ئەبەن بۆ ئەوێ خەریکە پڕ ئەبێت، ئیتر کەس ئامادە نییە شوێنێکی نوێ بدات بە شارەوانی بەوەی زبڵەکانی تێدا هەڵڕێژێت. خەریکی دروستکردنی کوورەیەکی زبڵ سووتاندنن، بەڵام راست لەو ناوچەیەکی پڕ حەشیمەتی شار، ئەو خەڵکەی لەوێ ئەژین ناڕەزایەتییان هەیە لەسەر ئەوەی گەڕەکەکەیان ، کە هەر ئێستەش پیس بووە، بە دووکەڵ و خۆڵەمێشی زبڵی گەڕەکەکانیتر پیستر ئەبێت ( هەڵبەت من لام وایە ئەوان راست ئەکەن و ئەگەر منیش لە جێگەی ئەوان بام ناڕەزایەتیم دەرئەبڕی). کوورەی زبڵ سووتاندن تەنها ئەتوانێت دەرئەنجامەکانی کێشەکە چارەسەر بکات، بەڵام خودی ئاریشەکە وەک خۆی ماوەتەوە.
ئێمە لە سەردەمێکا ئەژین، زیاد لە پێویست شت بەرهەم دەهێنین. راست لەو سەردەمەیدا کە شتێک بەرهەم دێت، بە شێوەیەکی هێزەکی دەبێت بە زبڵ. هەڵبەت هەموو دەم وەها بووە. تەنها جیاوازییەک کە هەیە لە چۆنایەتی و چەندایەتی ئەو شتانەدایە کە بەرهەم دێن. ئاخورێکی بەردین چەندین سەدە دەمایەوەو کۆتێکی[1] لە دار دروستکراو ، چەندین بەرەو وەچ کاری پێ ئەکرا. ئینسانەکان یەک جووت پێڵاویان بۆ کار هەبوو و ئەگەر زۆر هەژار نەبان، جووتێکیتریان هەبوو بۆ کاتی چوون بۆ کڵێسا لە رۆژانی یەکشەممەدا. ئینسانەکان خوویان بە پێڵاوەکانیانەوە ئەگرت. پێڵاوەکان بە درێژایی چەند ساڵ لە پێیانا بوون. کە ژێر پێڵاوەکە ساف ئەبوو، پینەچی بنێکی تازەی تێ ئەگرت. کە سەرەنجام پێڵاوەکە کۆنە ئەبوون و دائەڕزین، رەنگە لەبەر ئەوە بووبێت کە ملکەچی رزین و لەناوچوونی سروشتی خۆیان بووبێتن. بەڵام ئەی ئەمڕۆکە؟
ئێمە بەرخۆرین و بەجۆرێک ملکەچی پەرەستنی ئایینیانەی شتە نوێکانین. ئێمە زۆر زوو، زۆر زووتر لەوەی شتەکان بڕزێن و کۆن بن، لێیان بێزار ئەبین، شتەکانیش زۆر زووتر لە جاران کۆن ئەبن و دائەڕزێن. تەنانەت ئەو کاتانەش کە هێشتا لێیان بێزار نەبووین، تێ ئەگەین لە ماوەی چەند مانگ دوای ئەوەی کە کڕیومانە کۆنە بووەو لە رەنگ کەوتووە. من لە وڵاتێکدا ئەژیم کە وا نییە کە کاڵا و شت و مک تێیدا زۆر و بەردەست بێت، وڵاتێکی دەوڵەمەند نییە، بە پێچەوانەوە خەڵک لە هەژاریدان و هەروەها نەبوونی ئازادی ئازاریان ئەدات. ئێستە نازانم ئەم خەڵکە چۆن بە هیواوە لە داهاتوویەک دەڕوانن کە هەموو شت تێیدا زۆرە، بەڵێنی ئەوە دەدرێت پێیان کە کاڵاکان ئەبارێن بە سەریاندا. بەڵێ، کاڵاکان زۆر دەبن و زبڵەکانیش هەروەها، بەڵام ئاخۆ بەختەوەریش زیاتر ئەبێت؟ من گومانم هەیە. ئەو دەمەی بیر لەو بابەتە ئەکەمەوە کە چ شتێک ئەتوانێت پێش لەوەی لە ژێر زبڵەکاندا نوقم بین رزگارمان بکات، وا دەرئەکەوێت ئەگەر مرۆڤەکان تێر بن و هەست بە تێر بوون بکەن، ئیتر ئەوەنە هەڵەداوانیان نەبێت و پەلەپڕووزەیان نەبێت بۆ بەکارهێنانی شتەکان و لە بەرامبەریدا پارێزراو بن و توانای وەستانەوەیان ببێت بەرامبەر بە دیکتاتۆری مۆد و سەرنجڕاکێشان و فریودانی شێوەو رەنگە درەوشاوە و جوانەکان، جارێکیتر بە دووی چۆنایەتی و کۆالێتی کاڵادا بڕۆن و بەم شێوەیە سەفەرێک دەست پێبکەن بۆ میانەڕەوبوون و تەنانەت ژیانێکی هەژارانە.
ئەوەی دەربارەی کاڵاو شت و مکەکان راست دەرئەچێت و بە چاو دەبیندرێت، دەربارەی عەقڵ و رۆحی مرۆڤیش هەر راست دەرئەچێ و بەهەمان شێوەیە. بەرهەمهێنانی زیاد لە پێویستی زانیاری و بیرۆکەکان، جیاوازییەکی زۆر کەمی هەیە لەگەڵ بەرهەم هێنانی زیاد لە پێویستی شت و مکەکان. لە هەردوو بواردا چەندایەتی جێگای چۆنایەتی گرتۆتەوە.
باو و باپیرانی ئێمە، لەگەڵ کتێبی پیرۆز تەنها چەند کتێبێکی کەمیان هەبوو کە جگە لەوەی دەیانخوێندنەوە بەڵکوو ئەزبەریان دەکرد. تەلەڤیزیۆن لە گۆڕێ نەبوو. ئەو رۆژنامانەی ئەوان دەیانخوێندەوە چەن لاپەڕە زیاتر نەبوون. زانیارییەکی کەم ئەدرا بە خەڵک، بەڵام دەرفەرێکی زۆرتریان هەبوو بیر لەو زانیاریانە بکەنەوە، خەڵک و سروشت لەبەرچاو بگرن و زۆربەی زۆری ئینسانەکان بە رێکخستنی ئەم بیرۆکانە، بە جۆرە راونینێک ئەگەیشتن بۆ رێکخستنی ژیانیان و باوەڕێکیان هەبوو بۆ خۆیان. بەڵام ئەمڕۆکە چۆنە؟
ئێمە هەموومان لە ناو لافاوێکی گەورەی زانیاری و بیرۆکەکاندا دەژین کە زۆربەیان هەر لە هەمان ساتی یەکەمی بەرهەم هاتنیانەوە دەبن بە زبڵ. خەڵک لە چێکۆسلۆڤاکیا جگە لەوەی تینووی شتە تازەکانن، بەڵکوو تینووی دەستپڕاگەیشتن بە زانیاریشن. دوای نیوسەدە قات و قڕی، کوت و پڕ بەرهەمهێنان بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو زیادی کردووە. چەمکە راستگەرا و چەپگەراکان دەخرێنەڕوو و لە گەڵ ئەوانەش ناسیۆنالیسم، ئانارشیزم، دژەجوو بوون، ژمارەیەک بیرۆکەی سەرلەنوێ داڕێژراو دەربارەی دوژمنە ناوخۆییەکان باسیان لێدەکرێ و دەخرێنە ڕوو. خەڵک ئەم بیرۆکانە دەکڕن و دواتر بە بێ وەستان فڕێیان ئەدەن و لەوەش زیاتر، بە بێ هیچ جیاکردنەوەو لێکدانەوەیەک. ئەو شتانەی ئەوان ئەیکڕن، وا دەرئەکەوێت سەرنجڕاکێشن و بەردەوامیان هەیە و دەمێننەوە، بەڵام لە راستییدا زۆربەی کاتەکان ئەو شتانە هەمان شتە کۆنەکانن کە جلی نوێیان کراوەتە بەر. من بە هەستکردن بە مەترسییەوە چاو لە خەڵکانێک ئەکەم کە لە ناو باخێکەوە رەت دەبن کە سەردەمانێک عاشقی بوون و ئێستە نازانن ئیتر لە ناو گوڵەکانەوە تێناپەڕن، بەڵکوو باو زبڵەکاندا رێ ئەکەن.
دەبینم کە پەیوەست ئەبن بە بزووتنەوە نوێکانەوەو دوای چەن مانگ لەو بزووتنەوەیە جیا ئەبنەوەو پەیوەست ئەبن بە بزووتنەوەیەکیترەوە کە دروشمی نوێ بەڵام بە هەمان ئەندازە بێ بنەمای و بەتاڵیان پێشكەش ئەکات. حەشیمەتێکی زۆر لە ریزێکی درێژدا بە بەردەم پەنجەرەی ژوورەکەمدا رەت دەبن و بە هاوار کردنیان کۆمەڵێک دروشم ئەڵێنەوە لە ستایشکردنی ئەو کەسانەی خەڵک فریو ئەدەن و خۆیان بەو بیرۆکانەدا هەڵدەواسن کە چەندین ساڵە مردوون و لە کار کەوتوون، بەڵام وایان پێ سەلماندوون کە رێگای رزگارییان هەر ئەم بیرۆکە و دروشمانەیە.
لافاوی زبڵە ماددییەکان ئەو شتەیە نابێ لەبەرچاوی نەگرین و بە کەمی بزانین. ئەم زبڵانە هەڕەشەن بۆ سەر ژینگە و سروشت، رەنگە ببن بە هۆی پیس بوون و ژەهراوی بوونی ئاو و هەوا. بەڵام زبلە فیکرییەکان مەترسیدارترن، لەبەر ئەوەی ئەبن بە هۆی ژەهراوی بوونی رۆح و گیان، ئەو ئینسانانەی کە رۆح و گیانیان ژەهراوی کراوە رەنگە هەندێ کاریان لێ بوەشێتەوە کە ئەنجامێکی زۆر خراپی هەبێت و توانای قەرەبوو کردنەوەمان نەمێنێت.
سەرچاوە: کتێبی روح پراگ،ترجمە خشایار دیهیمی
[1]– کۆت: داری ئەستوور بۆ ملی گاو کەڵی غلوور، بۆ کاتی جووتکردن یان خەرمان کوتان زیاتر دەکرایە مل گا و رەشەوڵاخ.