ئا: مستەفا زاهیدی
جگەر خوێن ناوی خۆی شێخ مووسەو كوڕی حەسەن و 1903 زایینی لە گوندی حەسار لە دایك بووە. دایك و باوكی هەژار و دەربەدەر و بێ دەرەتان بوون و ئەوانیش وەك كوردانی تر، شوێنی باو و باپیری خۆیان بە جێ هێشتوەو بە دوای گوزەرانا لە گوندی پێكەندییەوە روویان كردبووە حەسار.
شێخ مووس هێشتا منداڵ بوو كە باوك ماڵئاوایی لە ژیان كرد، لە دەست دانی باوك لە ژیانی گوندی كۆمەڵگای فیۆدالی كوردییدا قورسایی خستە سەر ژیانی بنەماڵەكەی. شێخ مووس منداڵی و گەنجێتی زۆر بە گرانی دەرباز كرد و لە بەر دەستی ئاسیای خوشیكدا گەورە بوو. لە پێناو پاروویەك ناندا ناچار دەبێت لە لای دەوڵەمەندان خوڵامی بكات و جارو باریش شوانی و گاوانێتی ئەكا.
تێپەڕ كردنی سەردەمی منداڵی بە خوڵامی و شوان و گاوانی، وا دەكات كە جگەر خوێن هەر لە منداڵیدا هەست بە نائیسنانی ئاغا و دەرەبەگەكان بكات ، ئەم هەستە دواتر لە شیعرەكانیدا رەنگ دەداتەوە.
ساڵی 1914 یازدە ساڵی تەمەن بوو كە شەڕی یەكەمی جیهانی دەستی پێكرد. بە دەست پێكردنی شەڕ لە گەڵ دایكی و براكەی خوشكەكەی لە حەسار هەڵدێن و دەچنە گوندی عاموودە. هەر ئەو ساڵە لە عاموودە دایكی ماڵئاوایی لە ژیان دەكا و بە تەواوەتی شێخ مووس و خوشك و براكەی بە تەنها دەمێننەوە. مەرگی دایك وا دەكات جگەر خوێن لە عاموودە خوی پێ نەگیردرێ ، بۆیە روو دەكاتەوە گوندی حەسار.
جگەر خوێن لە منداڵیدا عاشقی خوێندن بوو، بەڵام دۆخی نالەباری ژیان و دەستكورتی بنەماڵە بوو بە لەمپەر لە بەردەم جگەر خوێندا بەوەی بخوێنێ. بەمەشەوە زۆر هەوڵ دەدات بخویًنێ و سەرەنجام روو دەكاتە مزگەوت و خوێندنی باوی ئەو سەردەم دەخوێنێ . میر جەلادەت عالی بەدرخان لە بارەوە دەنووسێت: ( بەڵام لە كوورەی دڵی شێخ مووسدا ئاگرێكی مووقەدەس هەڵئەگیرسا، خۆی لە ناو ئەو جۆرە ژینەدا رانگەرت، لە بەر ئاغاكەی هەڵئەهات و ئەچووە ناو گوند، گوێی لە دەرسی مزگەوت و خوێندنگە ئەگرت. زۆری پێ نەچوو ناوی شێخ مووسی جووتیار و شوان بوو بە فەقێ شێخ مووس و چاوی لە دنیای زانستیدا كردەوە.
بە شێوەی باوی ئەو سەردەم جگەر خوێن چەندین مەدررەسە دەگۆڕی و سەردانی كوڕدستانی رۆژهەڵاتیش دەكات. پاش ماوەیەك دەگەڕێتەوە بۆ كوردستانی رۆژئاواو لە گوندی تەلشیرێ نیشتەجێ دەبێت. لەو گوندەش درێژە بە خوێندنی باوی ئەو سەردەم دەداو خوێندنی مەلایەتی لە مەلا عەبدوڵا و پاشان مەلا فەتحوڵڵای برای دەخوێنێ و خوێندنی ئەو كات تەواو دەكاتو لە چەند گوند دەبێ بە مەلا. بەڵام دواتر واز لە مەلایەتی دێنێ و روو دەكاتە كاری كشت و كاڵ. پاشان روو دەكاتە كاری ئەدەب و سیاسەت و لە زۆر كۆڕ و كۆمەڵی سیاسی دا بەشدار دەكات. شیعری جگەر خوێن شیعرێكی سیاسییە كە هەوڵ دەدات گوتاری یەكسانی خوازی، گوتاری نەتەوە خوازی و گوتاری دژە داگیركاری لە شیعرەكانیدا بڵاو بكاتەوە. شیعرە بە لای جگەر خوێنەوە هەوڵ دانە بڵاو كردنەوەی هەستی ئازادیخوازی. هەموو تاكێكی ئەو سەردەمی كوردستانی رۆژئاواو باكوور و تەنانەت بەشێك لە كوردستانی باشوور كە لە شیعرەكانی جگەر خوێن دەگەیشتن شیعرەكانی جگەر خوێنیان لە بەر بوو و دەیانگوتەوە.
بەڵی!
داخەوە ئەم دەنگە ئاشناییەی ئەدەبی كوردی، ئەم چالاكە سیاسییە، رۆژی 22ی ئۆكتۆبەری 1984 لە وڵاتی سوید بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لە ژیان كرد و ئەو رۆژەی تەرمەكەی گەڕایەوە كوردستان و لە قامیشلی پیشوازییەكی سەیری لێ كرا، پێشوازییەكی بێ وێنە.
جگەر خوێن لە دڵی هەژارانەوە هەستاو چووە دڵی هەژاران و شۆڕشگێڕانی كوردستانەوە.