دۆدۆ.[1]
ن: بێن لۆری [2](Ben Loory)
لە ئینگلیزییەوە: مستەفا زاهیدی
هەبوو نەبوو، دۆدۆیەک هەبوو کە لەگەڵ سەرجەم دۆدۆکانیتر مرد. بەڵام کوت وپڕ هەستایەوەو دانیشت دەستی کرد بە هەڵاتن بەملاو ئەولادا و هاواری ئەکرد، لەگەڵ ئێوەمە. چاو لێ بکەن من دۆدۆم و هێشتا زیندووم.
هەڵبەت کەس بڕوای پێ نەدەکرد، لەبەر ئەوەی سەرجەم دۆدۆکان مردبوون.
پێیان وت واز بێنا دۆدۆکان مردوون. تۆ ئەگەر باڵندەش بیت، مریشکی. باشتر وایە وەک مریشکەکان بجووڵیتەوەو هەڵسووکەوت بکەیت!
دۆدۆ زۆر نیگەران بوو. نەیدەزانی چی بکات. ماوەیەک سوور بوو لەسەر ئەوەی دۆدۆیە.
دەیگوت بەخوا من دۆدۆم. من دۆدۆم. دۆدۆ!
بەڵام خەڵک پێی پێدەکەنین.
دواتر هەر گوێیان لێی نەدەگرت.
*
سەرەنجام دۆدۆ خۆی دا بە دەستەوە.
لەبەر خۆیەوە وتی باشتر وایە وەک مریشک بجووڵێمەوەو وای بنوێنم کە مریشکم. لانیکەم بۆ ماوەیەکی کورت. بە شێوەی کاتی. با بزانم دۆخەکە بەکوێ ئەگات.
هەربۆیە دۆدۆ خەریکی لێکۆڵینەوە بوو دەربارەی مریشکەکان و دواتر راهێنانی کرد بەوەی وەک مریشکەکان هەڵسووکەوت بکات. زۆر باش فێر ببوو و ئەوەنە جوان قرتە قرتی ئەکرد و سەری بەرز و نزم ئەکردەوە وەک ئەوەی مریشک بێت.
مریشکبوون، ژیانێکی خۆش نەبوو بەلایەوە، بەڵام باشتر لەوەبوو پێی پێ بکەنن و گاڵتەی پێ بکەن، دواتر دۆدۆ هەندێ لێهاتووییتری پەیدا کرد.
تەنانەت یەک دوو خەڵاتیشی بردەوە.
رۆژێک دۆدۆ لای مۆزەخایەکەوە رەت دەبوو لافیتەیەکی گەورەی بینی. لەسەری نووسرابوو ” بیرهانینی دۆدۆکان”. دۆدۆ چووە ناوەوەو دەستی کرد بە گەڕان و پیاسەکردن.
زۆر شت دەربارەی مێژووی دۆدۆکان فێربوو. لەکوێوە هاتوون و چیان خواردووەو شتەکانیتریش. ئەوە نییە پێشتر نەیزانیبێت، دەیزانی بەڵام ئەتگوت لەبیری کردبوو.
لە بەردرگای هاتنەدەرەوە دۆدۆ “دایۆراما”[3]یەکی بینی کە لەوێدا پەیکەرەی باوەگەورەکانی لە ناو شیشەدا نمایش کرابوو. لەخوارەوە نووسراوەیەکی بینی ، نووسرابوو هەموو دۆدۆکان مردوون.
دۆدۆ دڵی پڕبوو و خەم دایگرت.
دەی خۆ من دۆدۆم. لێرەم و زیندووم! ئەم خەڵکە بۆ تێناگەن؟ دواتر دۆدۆ وێنەی خۆی لەناو شووشەکەدا بینی. ئەوە چییە ئەیبینێت؟ مریشکێک چاو لە ناو چاوی ئەکات.
دۆدۆ چاوێکی لەخۆی کرد و وتی، ئەی خوایە!
باڵە مریشکی و پێ مریشکییەکانی خۆی بینی. دۆدۆ وتی چۆن شتی وا ئەبیت؟ ئەمە راست نییە! ئەمە خۆ من نیم.
دۆدۆ چۆوە ماڵەوەو لە خۆی ڕاما. بڕیاریدا دۆخەکە بگۆڕێت. هەربۆیە ئیتر قرتە قرتی نەکرد و سەربی بەرز و نزم نەکردەوە. وەها رێی ئەکرد وەک ئەوەی جارێکیتر بووبێتەوە بە دۆدۆ.
بەلایەوە گرینگ نەبوو لە مریشک ئەچوو؛ خۆی ئاگاداری ناخی خۆی بوو. جگە لەوەش سڵی نەدەکردەوە لەوەی باسی بکات.
هەکەسێکی دەبینی هاواری ئەکرد من دۆدۆم، تێئەگەی؟
ئەمجارەیان خەڵک وەک پێشتر پێ نەدەکەنین، بەڵام ئەمجارەیان دۆدۆ بەلایەوە گرینگ نەبوو.
هاواری ئەکرد من دۆدۆم! من دۆدۆم! من دۆدۆم!
کە گرینگیان پێ نەدەدا، بە دەنووک ئەیدا لە ئەژنۆیان.
زۆر زوو هەواڵەکە لە هەموو شوێن دەنگی دایەوە.
خەڵک دەیانگوت لە دەرەوە مریشکێکی شێت ئەسووڕێتەوەو هاشاوڵ بۆ سەر خەڵک دەهێنێت.
هەربۆیەک کۆمیتەیەکیان پێک هێنا- لە راستییدا ، کۆمیتەیەکی چەکدار بوو.
وتیان ئەم مریشکە عاقڵ ئەکەین و وای لێ ئەکەین لەبیری نەچێتۆ!
*
دۆدۆ بینی لە دوورەوە بەرەو ئەو دێن. بەڵام نە ئەوە بوو هەڵبێت و نە ئەوە بوو خۆی بشارێتەوە.
هاواری کرد من مریشك نیم، دۆدۆم.
ئەندامانی کۆمیتەی سزادان کێردەکانیان دەرهێنا و وتیان بەڕاستتە؟
دۆدۆ چاوی لێکردن. دواتر پێکەنی.
وتی زۆر باشە، خۆی ئامادە کرد و لێیان چووە پێشەوە بۆ ئەوەی شەڕ بکات.
ئەندامانی کۆمیتەکە لێێ نزیک بوونەوە. دۆدۆ هەڵنەهات.
پەڕە راستەقینەکانی لە بەر تیشکەکە دەدرەوشانەوە.
سەرچاوە:
کتێبی:
Tales of Falling and Flying
[1] – دۆدۆ (Dodo) جۆرە باڵندەیەک بوو لە دوورگەکانی دۆریس و ئۆقیانووسی هێند، ئەم باڵندەیە توانای فڕینی نەبووەو ساڵی ١٦٨١ لەناوچوون.
[2] – بێن لۆری، چیرۆکنووسی ناسراوی ئەمریکی، ساڵی ١٩٧١ لەدایکبووە.
[3] – Diorama