چیرۆکی وەرگێڕان

دوکتۆری نازی

ن: چاڕڵز بۆکۆفسکی

من پیاوێكم كە كێشەم زۆرە، لام وایە زۆربەی ئەو كێشانە خۆم درووستم كردووە. مەبەستم ئەو كێشانەیە لە گەڵ ژنەكان، قومار و دوژمنی لە گەڵ تاقم و گرووپەكانی خەڵك هەمە، هەرچەن ئەم تاقم و گرووپانە گەورەتر بن دوژمنی من لە گەڵیان زۆرترە. دەڵێن كەسێكی بێزاركەر و رەشبینم. هیشتا جوان لە بیرمە ژنێك قیژاندی بەسەرمدا:”بەنەفرەت بیت تۆ هەموو شت بەڕەش ئەبینی! ژیان ئەتوانێت جوان بێت.”

 

بیرلەوە دەكەمەوە ئەتوانێت جوان بێت، بەتایبەت ئەگەر تۆزێك كەمتر بقیژێنن. بەڵام حەز ئەكەم باسی دوكتۆرەكەم بكەم. من نامە لای دوكتۆری دەروونناسی. دوكتۆرێكی دەرووناسی خۆبەزڵ زانی بێ كەڵك. بەڵام دوكتۆرێكی باش زۆربەی جارەكان یان ئەبێت بە هۆی بێزاری مرۆڤ یان مرۆڤ تووڕە و شێت دەكات و هەربەم هۆیە زیاتر دەبێت بە هۆی سەرقاڵ بوون.

 

رۆشتمە نۆرینگەكەی دوكتۆر كیپن هۆر هەر لە بەر ئەوەی نزیكترین نۆرینگە بوو. دەستەكانم بلووقی بچووكی كردبوو، كە وادیار بوو هێمای دڵەڕاوكەی زۆر بوو یان رەنگە شێرپەنجە. دەستكێشی كاركردنم كردبووە دەستم بۆ ئەوەی كەس تەماشای دەستم نەكات. بە هۆی كێشانی دوو پاكەت جگەرەوە لە رۆژدا دەستكێشەكانم سووزاندبوو.

 

چوومە ژووری چاوەڕوانییەوە. یەكەم كەس بووم كە بڕۆمە ژوورەوە. لە بەر ئەوەی تووڕە بووم نیو سەعات زووتر گەیشتمە نۆرینگەكە. دانیشتم و بیرم لە شێر پەنجە دەكردەوە. بە ناو ژووری چاوەڕوانییەكەدا دەهاتم و دەڕۆشتم و چاوم لە ژووری كاری دوكتۆر كرد. پەرەستارو سكرتیرەكە بە جلی تایبەتی سپییەوە لە سەر زەوی دانیشتبوون. جلەكانی تا سەر سمتی هەڵكشاوە‌و رانە پتەو گەورەكانی لە ژێر گۆرەوییە ناسكەكانەوە دیاربوون. بەتەواوی شێرپەنجەم لە بیرچۆوە. ئەو ئاگای لە من نەبوو. منیش هەر چاوم بڕیبووە رانە قەڵەو رووتەكانی و چاوم بڕیبووە سمتی هەست بزوێنی. خەریكبوو زەوی وشك دەكردەوە. ئاوی توالێتەكە هاتبووە سەر و ئەو جنێوی ئەدا. هەست بزووین بوون. جلەكانی پەمەیی و قاوەیی بوون، شاد و رووت و من چاوم تێبڕیبوو.

 

سەری بەرز كردەوەو وتی :”بەڵێ؟”

 

وتم:” كارەكەتان بكەن. كاتتان ناگرم.”

 

وتی:”ئاوی ئەم توالێتە زوو زوو دێتە سەر.”

 

من لە سەر گۆڤاری لایفەوە خەریكی چاو لەوڕاندن بووم و ئەویش هەر خەریكی وشك كردنەوەی زەوییەكە بوو.سەرەنجام تەواو بوو. منیش چوومە سەر مۆبلەكە دانیشتم. خەریكی هەڵدانەوەی لاپەڕەكانی رۆژژمێرەكە بوو.

 

:” تۆ بەڕێز جیناسكیت؟”

 

:”بەڵێ.”

 

:”بۆچی دەستكێشەكانی دەرناهینیت؟ ئێرە گەرمە.”

 

:”حەز ئەكەم لە دەستمەوە بێت. هەڵبەت ئەگەر كێشەیەكت لە گەڵ ئەم شتەدا نەبێت.”

 

:”دوكتۆر كیپن هۆر ئێستا دێت.”

 

:”زۆر باشە چاوەڕێی دەبم.”

 

:”كیشەكەت چییە؟”

 

:”شێرپەنجە.”

 

:”شێرپەنجە؟”

 

:”بەڵێ.”

 

پەرەستارەكە رۆشت و من لایفم خوێندەوەو دواتر شمارەیەكی تری لایفم خوێندەوە. دواتر وەرزش و دواتر چاوم بڕیە چەن رەسمێك لە دەریا و دیمەنەكان. دەنگی بەردەوامی مۆسیقا لە شوێنێكەوە دەهات و دەبیسترا. دواتر كوت‌وپڕ سەرجەم چراكان كوژێندرانەوەو دواتر هەڵكران و پاشان دوكتۆر هاتەناوەو من بیرم لەوە دەكردەوە رێگایەك هەیە دەستدرێژی بكەمە سەر ئەم پەرەستارە. خۆم تێنەگەیاند كە دۆكتۆر هاتووەو ئەویش گوێی بە بوونی من نەدا لەوێ، بەم شێوەیە وەك یەك بووین.

 

بانگی كردمە ژوورەكەی خۆی. لەسەر كورسییەك دانیشتبوو و تەماشای كردم. دەم وچاوی زەرد بوو و قژی زەرد و چاوی هیچ بریسكانەوەیەكی تێدا نەبوو. رەنگی مردووی لێ نیشتبوو. نزیك بە چل و دوو ساڵی تەمەن بوو. بەچاولێكردنێك وای بۆچووم شەش مانگیتر دەمرێت.

 

پرسی:” ئەم دەستكێشانە چییە لە دەستتدا؟”

 

:” هەستیاری(حەساسییەت)م زۆرە دوكتۆر.

 

:”ئەرێ‌؟”

 

:”كە زایە دەبێ پێت بڵێم سەردەمانێك نازی بووم.”

 

:”كیشە نییە.”

 

:”واتە بۆت گرنگ نییە من سەردەمانێك نازی بووم؟”

 

:”نە بەلامەوە گرنگ نییە.”

 

:”بە دیل گیرابووم. خستمانیانە پشت پیكابێكی گواستنەوەی ئاژەڵ و بە ناو فەرانسەدا گەڕاندمانیان و خەڵك لە قەڕاخ جادەكان وەستابوون و بۆمبی پیسایی و بەرد‌و هەموو جۆرە زبڵێك كە بیری لێدەكەیتەوە لە ئێسكی ماسییەوە بگرە تا گیای رزاو گەن و گوویان فڕێ دەدا بۆمان دەیاندا پێماندا.

 

دواتر دوكتۆر دانیشت و دەربارەی ژنەكەی قسەی كرد. ئەو ژنەی هەوڵی دابوو بە ئاساریدا بچێتە خوارەوە. سۆزانییەكی تەواو بوو. هەوڵی دابوو هەموو پارە، خانوو، باخ و خانووی هاوێنەی داگیر بكات. هەوڵیشیدابوو باخەوانەكە بكوژێت، رەنگە تائێستە ئەم كارەی كردبێت. سەیارەكەش. پارەی پاشكەوت. ئەم ژنە ترسێنەرە. دوكتۆرەكە خۆی ماندوو دەكات و بەردەوام كار دەكات. رۆژێك پەنجا نەخۆشی دەبینیی و بۆ هەر نەخۆشەش دە دۆلاری وەرگرتووە. بەمەشەوە زۆر بە دژواری دەژیا و ئەو ژنە، ژنەكان، بەڵی ژنەكان. وشەكانی بۆ شیتەڵ دەكردمەوە. من لە بیرم دەچۆوە كە باسی ژنی دەكرد یان ژنبوون یان شتێكیتر، بەڵام ئەو بە بەڵگاندنەوە دەگەیشتە لاتینی وشەكان و وشەكانی شی دەكردەوەو دەیخستە روو رەگی ئەم وشانە چی بووە: ژنەكان لە بنەڕەتدا شێت بوون.

 

كە باسی لە شێتبوونی ژنەكان كرد ئەو قسەیەی دوكتۆرم بە دڵ بوو و سەرم بۆ راوەشاند.

 

كوت و پڕ فەرمانی پێدام بەرەو كێشانەیك بڕۆم، كێشی كردم. دواتر بە سەماعە(گووشی)ەكەی گوێی دایە لێدانی دڵم و دواتر سییەكانم. بە تووڕەییەوە دەستكێشەكانی دەرهێنام، بلووقەكانی بە گوێزانێك بڕی و لە حاڵێكدا هێشتا خەریكبوو باسی خراپەی ژنەكان و هەستێكی تۆڵەسەندنەوە كە لە دڵی هەموو ژنەكاندایە دەكرد. گرێكان كیشەیان هەیە. ژنەكان لە لایەن گرێكانەوە رێنوینی دەكرێن. ئەو گرێیانەی لە دڵیاندایە. پیاوەكان دڵیان فەرمانیان پێدەدات. هەربۆیە تەنها پیاوەكان ئازار دەچێژن.

 

پێی گوتم دەستەكانم بە جوانی بشۆرم و ئەو دەستكێشە نەفرەتییانە فڕی بدەم. بڕێك زیاتر باسی ژنەكان و ژنەكەی خۆی بۆ كردم و دواتر ئەوێم بە جێ هێشت.

 

كێشەی ترم ئەوە بوو سەرم بە گێژەوە دەهات. بەڵام تەنها ئەو كاتانەی لە ریزدا دەوەستام سەرم بە گێژەوە دەهات. لە وەستان لە ریزدا زۆر دەترسام. نەمدەتوانی راوەستم لە ریزدا.

 

زانیم لە ئەمریكا و رەنگە لە هەموو شوێنێك خەڵك لە ریزدا دەوەستن. ئێمە خۆ لە هەموو شوێنێك لە ریزداین. ئیجازەی شۆفیری: سێ یان چوار ریز. مەیدانی ئەسپ ئاژووتن: ریزی سینەما. ریزی بازار. ریز. لە ریز بێزارین. هەستم كرد بۆ دوو كەوتنەوە لە ریزگرتن ئەبێ رێگایەك هەبێت. دواتر رێگاكم دۆزییوە. زیادكردنی ژمارەی یاریدەدەرەكان. رێگاچارە ئەمە بوو. بۆ هەر كەسێك كە سەردانی دەكرد دوو یاریدەدەر یان سێ یاریدەدەر. یاریدەدەرەكان لە ریزدا رابگرین.

 

زانیم سەرەنجام ئەم ریزانە دەمكوژن. هەرچەند ئەم ریزانە بۆ خەڵكانیتر شتێكی ئاسایی بوو، بەڵام من نەمدەتوانی وەك شتێكی ئاسایی وەریبگرم. ئەوانیتر كەسانێكی سروشتی بوون. ژیان بەلایانەوە جوان بوو. ئەوان بێ ئەوەی هەست بە ئازار بكەن ژیانیان بەڕێ دەكرد. دەیانتوانی تا ئاخری تەمەنیان لە ریزدا بوەستن. تەنانەت پێیان خۆش بوو لە ریزدا بوەستن. لە ریزدا قسەیان دەكرد، گاڵتەیان دەكرد، پێدەكەنان و رایان دەبوارد لە گەڵ یەكتر. ئیشی تریان نەبوو. بیریان لە كاریكیتریش نەدەكردەوە. من ئەبوایە تەماشای گوێ و دەم و گەردەن و پا و سمت و كونی لوتیانم كردبا، تەماشای هەندێ كاریتریشم كردبا. من تیشكی مەرگم هەست پێدەكرد كە وەك دووكەڵ لێی دەهاتە دەرەوە، كە گوێم دەدایە قسەكانیان دەمویست هاوار بكەم:” خوایە، كەسێك یارمەتیم بدات! ئەوە راستە من تەنها بۆ كڕینی تەنها نیو كیلۆ هەمبەرگر یان نانێك گوێ بدەمە هەموو ئەم قسانە؟”

 

دواتر سەرەگێژە دەستی پێكرد و بۆ ئەوەی نەكەوم، پێكانم داچەقاندە سەر زەوی و فرۆشگاكە بە دەور سەرمدا دەخولایەوەو دەم و چاوی فرۆشیارەكان بەو سمێلە زەرد و قاوەیی و چاوە گەش و شەیتانیانەیانەوە، هەموویان دەیانگوت رۆژێك دەبن بە بەڕێوەبەری فرۆشگاكە، بە روخساری گەش و شادەوە، لە ئاركادیا خانوویەك دەكڕن و هەموو شەوێك سواری ژنە پێزانەكانی خۆیان دەبن كە بلۆند بوون و وەك مانگ دەدرەوشانەوە.

 

جارێكیتر دەچوومەوە لای دوكتۆر. یەكەم كەس بووم دوكتۆر ببینم. نیو سەعات زووتر گەیشتمە ئەوێی و توالێتەكە چاك كرابۆوە. پەرەستارەكە خەریكبوو نۆرینگەكەی تۆز تەكێن دەكرد. دەنووشتایەوەو راست دەبۆوەو هەمدیسان دەنووشتایەوە، سەرەتا بەرەو لای راست و دواتر بۆ لای چەپ سمتی لەبەردەم من سووڕاند و تەواو نووشتایەوە. جلە سپییەكانی كۆبۆوەو چووە سەر، بردیە سەرەوەو چاڵایی پشت ئەژنۆی دەركەوت، رانی، سمتی و هەموو لەشی. دانیشتم و گۆڤاری لایفم كردەوە.

 

تۆز تەكاندنەكەی تەواو كرد و گەردەنی بە پێكەنینەوە بەرەو من درێژ كردەوە.”سەرەنجام لە شەڕی ئەو دەستكێشانە رزگارت بوو بەڕێز چیناسكی.”

 

:”بەڵێ.”

 

دوكتۆرەكە هات و وادیار بوو بە دڵ لەمەرگ نزیكتر بۆتەوە، سەری راوەشاند و من هەستام و بە دوایدا رێكەوتم.

 

لە سەر كورسیەكەی دانیشت.

 

:”دەنگ و باسی چیناسكی؟ چۆنیت؟”

 

:”باشم دوكتۆر… ”

 

:”كێشەیەكت هەیە لە گەڵ ژندا؟”

 

:”ئەرێ‌، بەڵام… ”

 

نەیدەویست ئیزن بدات قسەكەم تەواو بكەم. قژی زیاتر هەڵوەریبوو. قامكەكانی دەلەرزین. وەك ئەوەی نەتوانێت هەناسە بدات. لاوازتر بوو. زۆر شێواو بوو.

 

ژنەكەی بە ئاساریدا ئەچێتە خوارەوە. رۆشتبوونە دادگا.ژنەكەی لە دادگا زیللەی لێدابوو. دوكتۆر سوكنایی هاتبوو. قازی لە بەرژوەندی ئەودا حوكمی دا. بەم شێوەیە ئەو سۆزانییەشیان بینیبوو. بە كورتی زۆر خراپ نەبوو. ژنەكەی هیچی بۆ نەهێشتبۆوە. هەڵبەت ئاشكرایە پارەیەك كە دەبێت بدرێت بە پارێزەرەكان. ئەو حەرامزادانە. تا ئێستا پارێزەرەكانت بینیوووە. هەموویان قەڵەون. بە تایبەت دەم و چاوییان.

 

:”بەكورتی خوولە گیان، ماڵوێرانی كردم. بەڵام شتێكم بۆ ماوەتەوە. ئەتهەوێت بزانێت ئەم مقەستە چەندە دێنێت؟ تەماشاییەكی بكە. كانزایە لە گەڵ بورغوویەكدا. 18 دۆلار و نیو. ئەی خوایە، جا ئەمانە رقیان لە نازییەكانە، نازییەكان بە بەراورد لە گەڵ ئەمانە چین؟”

 

:” نازانم دوكتۆر. پێم گوتبووی گێژم.”

 

:”تا ئێستا سەردانی پزیشكی دەروونناسیت كردووە؟”

 

:”هیچ كەڵكێكی نییە. هەر لە خۆڕایە. هەر فەنتازیایان نییە. دوكتۆری دەروونناسم ناوێت. بیستوومە نەخۆشە ژنەكانیان ئازاری سێكسی دەدەن. ئەگەر دەمتوانی هەموو ژنەكان بگێم، حەزم دەكرد ببم بە پزیشكی دەروونناسی. ئەگەر ئەم تایبەتمەندییەیان لە بەرچاو نەگرین، ئیش و كارەكەیان هیچ كەڵكێكیتری نییە.”

 

دوكتۆر لە سەر كورسییەكەی چەمابۆوە.تۆزێك زیاتر زەرد و رەش هەڵگەڕابوو. هەموو لەشی كەوتبووە لەرزین. شتێكی وای لێ نەمابۆوە. كەسێكی خۆش مەشرەب بوو.

 

وتی:”سەرەنجام لە شەڕڕی ژنەكەم رزگارم بوو. تەواو بوو.”

 

:” ئێ، باسی ئەو سەردەمە بكە كە نازی بوویت.”

 

:” خۆ چارەیەكمان نەبوو. تەنها ئێمەیان راكێشا بۆلای خۆیان. گەنج بووم. مەبەستم ئەوەیە چیم دەتوانی كردبا؟ تۆ تەنها یەك جار لە وڵاتێكدا دەتوانیت بژیت. ئەڕۆیتە جەنگ و ئەگەر نەكوژرای، چارەنووست ئەوەیە بتخەنە پشتی پیكابێك و خەڵك گوو بكەن بە سەرتا…”

 

لێم پرسی تا ئێستا پەرەستارە جوانەكەی گاوە؟ پێكەنی. پێكەنینەكەی ئەیگوت ئەرێ گاویەتی. دواتر پێی وتم دوای جیابوونەوە لە گەڵ یەكێك لە نەخۆشەكانی كاتی دیاریكردووە لە دەرەوە، ئەوەش ئەزانێت دیتنی نەخۆشەكەی لە دەرەوە كارێكی باش نییە… ”

 

:”نە. من لام وایە كارێكی زۆر باشیشە دوكتۆرە.”

 

:” ژنێكی زۆر وریاییە. زەواجم كرد لە گەڵی.”

 

:”زۆر باشە.”

 

:”ئێستا بەختەوەرم… بەڵام…”

 

دواتر دەستەكانی لە یەك كردەوەو ئەنگوستەكانیشی كردەوە.

 

پێم گوت چەندە لە ریز ئەترسم.رەچەتەیەكی لیبریمی بۆ نووسیم كە بەردەوام بەكاری بێنم.

 

دواتر تووشی بواسیری بووم. ئازاری زۆر بوو. بە قایش بەستمیان بە بە تەختەوە. ئەم بێ ویژدانانە ئەتوانن هەر كارێك پێیان خۆش بێت بە مرۆڤی بكەن. بەشێك لە جەستەمیان سڕ كرد و قوونمیان چەور كرد. سەرم وەرسووڕاند، بە دوكتۆرەكەم گوت :”ئەگەری ئەوە هەیە بۆچوونم بگۆڕێت؟”

 

سێ دەم و چاو لەسەرەوە تەماشایان دەكردم. دەم و چاوی دوكتۆر و دەم و چاوی دوو كەسیتریش. دوكتۆر بۆ ئەوەی بیبڕێت. یەكێكیتر بۆ ئەوەی ئاگای لێم بێت و كەسی سێهەم بۆ ئەوەی دەرزییەكانم پێدا بچەقێنێت.

 

دوكتۆر وتی:” ناتوانیت بۆچوونت بگۆڕیت. دەستەكانی هەڵگڵۆفی و پێكەنی و دەستی پێكرد…

 

دوایین جار كە چوومە لای دوكتۆر بۆ شۆردنەوەی گوێم بوو. لێوەكانیم دەبینی دەجووڵێنەوە. هەوڵم دەدا لە قسەكانی تێبگەم، بەڵام نەمدەبیست. بە چاوەكانی و روخساریدا دەكرێت وا هەست بكەین كە دەڵێت، هێشتا هەر لە بەدبەختیدا دەژیم.

 

گەرم بوو. تۆزێك سەرم بە گێژەوە دەهات و لە بەر خۆمەوە بیرم لەوە كردەوە ئەمە مرۆڤێكی خۆش مەشرەبە. ئەی بۆ ناهێڵێت باسی ئازاری خۆم بكەم. ناعادڵانەیە. منیش كێشەم هەیە، بەدەرلەوەش من ناچار بووم پارەی چوونە ژوورەوە بدەم.

 

رەنگە دوكتۆر دواتر بەوە گەیشت من كەڕم. شتێكی وەك بتڵی ئاگركوژاندنەوە هێنا و تەپاندییە گوێم. دواتر لەتی گەورەی چڵكی گوێی نیشان دام… وتی گوێت گیرابوو. دواتر بە قامكی ئاماژەی كرد بە سەتڵێك. دەنكی چڵكەكان وەك دەنكی لۆبیا سوور بوونەوە.

 

لە سەر كورسیەكە هەستام و پارەكەم پێدا و رۆشتم. حاڵم نە ئەوە بوو باش بێت و نە ئەوە بوو خراپ بێت. بیرم لەوە دەكردەوە جارێكتر بۆ چ نەخۆشییەك سەردانی دوكتۆر دەكەم، یان ئەوەی دوكتۆر چی بە كچە حەڤدە ساڵەكەی كردبوو كە عاشقی ژنێك ببوو و دەیویست زەواجی لە گەڵ بكات و ئەمە ئەوەی نیشان ئەدا هەموو دەم ئازار دەچێژن. تەنانەت ئەو كەسانەش كە وا نیشان ئەدەن هیچ ئازارێك ناچێژن. لام وایە ئەمە دۆزینەوەیەكی گەورە بوو. چاوێكم لە كوڕە مێرمنداڵە رۆژنامە فرۆشەكە كرد و لە بەر خۆمەوە وتم ههههههههم. چاوم لە رێبوارەكەیتر كرد و لە بەر خۆمەوە وتم ههههههههههمم، ههههههههههم، ههههم. ماشێنێكی رەشی ئاخر مۆدێل لە تەنیشت هێمایەكی هاتوو نزیك نەخۆشخانەیەك دای لە كچێكی گەنجی جوان كە جلێی شینی كورتی لە بەردا بوو. كچێك كە بلۆند بوو و قژی بە رووبانی هاوڕەنگی جلەكانی بەستبوو و لە شەقامەكەدا لەبەردەم تیشكی خۆرەكەدا دانیشت و جۆگەیەك بە رەنگی ئەرغەوانی لە لووتییەوە كەوتە رێ.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button