وتووێژ

خوێندنەوەیەکی تری جێندەر، ڕەگەز و چین لە چەمکی کار وتوێژێک لە گەڵ نانسی فرەیزەر

لە ئینگلیزییەوە: رێزان نورەدین حەسەنی- مستەفا زاهیدی

خوێندنەوەیەکی تری جێندەر، ڕەگەز و چین لە چەمکی کار

وتوێژێک لە گەڵ نانسی فرەیزەر

 

لە ئینگلیزییەوە:

رێزان نورەدین حەسەنی- مستەفا زاهیدی

 

 

جوولی گۆیکۆتسیا[1]: نیوەڕۆت باش، نانسی خۆشەویست. سپاس کە لەم گفتووگۆیەدا ئامادە بووی بۆ ژمارەی تایبەتی گۆڤاری سەرمایە و چین[2]. تەوەری ئەم ژمارە تایبەتە بە  ١٣ تێزی فێمنیستی – مارکسیستی کە لە چوارەمین کۆنفرانسی نێونەتەوەیی فێمنیسمی مارکسیستی پەرژاینە سەری و قسەمان لەبارەوە کرد. تۆ لە کتێبە نوێیەکەتا: سێ روخساری کاری سەرمایەداری: ئاشکراکردنی پەیوەندییە شاراوەکانی نێوان جێندەر، رەگەز و چین[3]، دەربارەی کار، خەباتی چینایەتی، بەرهەمهێنان و بەرهەمهێنانەوە(مناڵ خستنەوە)[4]، ئینتەرسێکشناڵێتی[5]، گۆڕانی کەش و هەوا[6]، ئێمپراتۆری، دیمۆکراسی، فێمنیسم و دژە- رەگەزپەرەستی [7]قسە ئەکەیت. هەموو ئەم بابەتانە لە بابەتە سەرەکییەکانی کۆنفرانسی چوارەمی نێونەتەوەیی فێمنیستی مارکسیستیش بوون.

نانسی فرەیزەر: زۆر باشە، خۆشحاڵم کە دەتبینمەوە.

جوولی گۆیکۆتسیا: خۆشحاڵم جارێکیتر دەتبینمەوە.

نانسی فرەیزەر: بەڵی، دوای ئەم هەمووە ساڵە.

جوولی گۆیکۆتسیا: هەموو ئەو نووسەرانەی کە لەم ژمارە تایبەتەدا بابەتیان ئەبێت ئامادەی کۆنفرانسەکە بوون، هەربۆیە ئەم وتارانە باس لە جۆری تێگەیشتنی  تایبەتی ئێمە بۆ کار و چین، سێکس، جێندەر و ڕەگەز ئەکەن بۆ ئەوەی رەوتی رزگاریخوازی بەرفراوانتر بکەن. کە وایە چەند پرسیارت لێ دەپرسم دەربارەی بابەتەکانی کۆنفرانسەکە و دواتر بە شێوەی قووڵتر باس لە ناوەرۆکی کتێبە نوێیەکەت ئەکەین.

نانسی فرەیزەر: زۆر باشە. لامان وایە پێویستە تێگەیشتنی ئێمە لە چییەتی سەرمایەداری بە شێوەیەک بەرفراوان بێت ، تەنها ئەوە نەبێت باس لە ناکۆکییەکان[8]و فۆڕمەکانی چەوسانەوە بکەین کە دەرئەنجامی رەهەندی ئابووری کۆمەڵگایە، بەڵکوو ئەبێ گرینگی بدەین بە پەیوەندی نێوان ئابووری و رەهەندەکانیتری کۆمەڵگا. کە وایە وەها تێڕوانینێک لە جۆری روانینی فێمنیستیمدا زۆر دەبیندرێت. ئەو کاتەی پەیوەندی نێوان کاری بە حەقدەستەوەو کاری چاودێری بێ حەقدەست یان حەقدەستی کەم، تاوتوێ ئەکەین، ئەتوانین پەیوەندی نێوان ئابووری و سروشت و رەهەندی ئێکۆلۆژی بدەینە بەر باس. دەتوانین پەیوەندی نێوان ئابووری و سیستەمی سیاسی، ئەو سنووربەندییە توندانەی کە لە سەر دیمۆکراسی دانراون بدەینە بەر باس. بۆ وێنە باس لە سەرجەم ئەو خەسارە سیاسییە جیاوازانە بکەین کە پەیوەستن بە سەرمایەدارییەوە. تۆ باسی رەگەز و ئێمپراتۆرییەت کرد. هەروەها پەیوەندی نێوان ئابووری و کۆی رێکخستنی  جۆگرافیایی گەورەتری جیهان،  بە دەوری هێڵی رەنگی لە هەموو دونیا. هەموو ئەمانەش کاتێک بەرچاو دەکەون کە (ئەگەر) کاپیتالیزم وەک شتێکی گەورەتر لە ئابووری ببینرێت و هەموو ئەم شتانە ئەگرێتەوە، هەر بۆیە ئەتوانرێت وەک ئەو پانتایانەی پشتیوانیکردن ناو ببرێت کە ئابووری دەخولقێنێت. بەڵام کێشەکە لەوەدایە، ئەم پەیوەندییەی دروست بووە پەیوەندییەکی زۆر ناتەبا[9]، چەوت[10] و ناسەقامگیرکارە[11]. ئابووری، قەرز و کۆی رێکخستنی سەرمایەداری، بە مەبەستی هاندان، فریودان، گوشاری زۆر خستنە سەر ئەکتەرە بەهێزەکانی ئابووری لەوانە، سەرمایەدارە گەورەکان، کۆمپانیا گەورەکانی و هتد داڕێژراون، گوشارێکی زۆر دەخاتە سەریان بۆ ئەوەی لە بنەڕەتدا مرۆڤخۆریان[12]بکات، بە واتایەکیتر سیستەم بانگهێشتیان ئەکات بۆ ئەوەی، هەرچیان لە سروشت دەوێت بیبەن و بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆیان بەکاری بهێنن،  زەوی و هێزی کاری کۆمەڵە داگیرکراو و رەسەن و لۆکاڵییەکان بدزن و دیمۆکراسی لە مانا بخەن. ئەمانە ئەو شتانەن کە سیستەم بۆ بردنە پێشی کارەکانی خۆی پێویستی پێیانە، بەڵام لە هەمانکاتدا ئامادەیە هەڵیانلووشێت، تەواویان بکات، بێ ئەوەی هەست بکات بەرپرسە لەوەی نۆژەنیان بکاتەوە، زیانیان پێ دەگەیەنێت. مەبەستم لە مرۆڤخۆری ئەمەیە. ئەو داینامیکەی کە سیستەم لەوێدا ئەگەرەکانی مانەوەی خۆی هەڵدەلووشێت، هەڵبەت بەداخەوە ئەمە ئەگەرەکانی مانەوەی ژیانی ئێمەش دەگرێتەوەو لامان وایە بەم شێوە کۆتایی دێت. کە وایە ئەم ویستە قووڵە  ڕەگداکوتاوە بۆ خود- ناسەقامگیری [13]  شتێکی بەڕێکەوت نییە.

جوولی گۆیکۆتسیا: ئێستا سەبارەت بە کتێبە نوێیەکەت، سێ ڕووخساری کاری سەرمایەداری: ئاشکراکردنی پەیوەندییە شاراوەکانی نێوان جێندەر، ڕەگەز و چین، ناوەڕۆکەکەی لەسەر بنەمای وتاردانەکانی بنیامین، (بەڕێوەبەری کاتی) لە سەنتەری زانستە مرۆییەکان و گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی لە زانکۆی هومبۆڵت لە بەرلین داڕێژراوە. ئامانجت لەم وتاردانانە پەرەپێدانی چەمکی کار بوو.  وتت: “رەنگە لە خۆتان بپرسن بۆچی کار، بۆچی ئەو چەمکە کۆنە ئەبێ بە خاڵێکی دەستپێک بۆ دووبارە بیرکردنەوە[14] لە جێندەر، رەگەز و چین؟ ئاخۆ کار گرێ نەدراوەتەوە بەو روانگەیەی کە چین بە سەرتر ئەزانێت لە جێندەر و رەگەز؟ بۆچی ئەم سیانەیە لە هەنگاوی یەکەمدا پێویستی بەوەیە جارێکیتر بیریان لێ بکەینەوە؟’

 

نانسی فرەیزەر:

ئێ، ئەزانی، پێشتر ئاماژەتدا بە چەمکی ئینتەرسێکشناڵێتی. مەبەستم ئەوەیە بلێم لام وایە ئەوەی ئەمڕۆکە دەیبینین ئاماژەن بەوەی کە خەڵک بە دوای چوارچێوەیەکی یەکگرتوودا دەگەڕێن.  ئەوان دەیانهەوێ بزانن چۆن هاوکاری یان یەکگرتووی زیاتری نێوان خەباتەکان بۆ دادپەروەری منداڵ خستنەوە[15] خەباتەکان دژی توندووتیژی جێندەری، خەباتەکان دژی توندووتیژی رەگەزپەرەستانە، خەباتەکان دژی سووتاندنی گۆی زەوی و هتد و هتد، پێش بخەن. ئێمە برێکی زۆر وزەی رزگاریبەخشمان هەیە، بەڵام ئەم وزەیە زۆر پرش و بڵاو و پارچەپارچەیە. دوای چەند دەیە کە خەڵک هەستیان کرد پێویستییان بەوە هەیە بۆچوونی خۆیان بە بێ دەستێوەردانی ئەکتەرە دەسەڵاتدرەکان دەرببڕن. ئێمەش بەو شتەدا تێپەڕیین. ئیلهامێکی زۆری پێ بەخشین، بەڵام خستیشمانییە دۆخێکی پرژ و بڵاوەوە. من سەرهەڵدان و دووبارە دەرکەوتنەوەی[16] بەرهەمهێنانەوەی کۆمەڵایەتی فێمنیسم و فێمنیسمی مارکسیستی  کاپیتالیسمی رەگەزپەرەستانە[17]، تیۆری ئێکۆ سۆسیالیسم[18]،  ئێکۆ فێمنیسم[19]، یان ئینتەرسێکشناڵێتی ئەبینم. ئەمانە هەموویان کۆمەڵێک پارادایمن کە مەیلی یەکگرتنیان هەیە و حەز ئەکەن یەک بگرن.  ئێستا پێموایە هیچکام لەمانە وەک ئەوەی کە هەن تەواو نین، بەڵام ئەوەی کە حەز ئەکەن یەکبگرن پەسەندی ئەکەم و من بە هێنانە بەرباسی وتەزای کار لە وتاردان و کتێبە نوێکەمدا کە پەرە بەم پرسە ئەدات، هەوڵ ئەدەم ئەگەرێک بدۆزمەوە کە تێگەیشتنێکی قووڵترمان هەبێت دەربارەی ئەوەی کە کۆمەڵگای سەرمایەداری پشتی بە سێ جۆر لە هێزی کاری جیاواز بەستووە. واتە هێزی کاری چەوساوە[20]، ئەوەی ئێمە مارکسیستەکان زۆربەی کاتەکان دەربارەی چینی کرێکار وەک کرێکارانی ئازادی کارگەکان بۆ بەرهەمهێنانی کاڵا و بەدەستهێنانی قازانج بیرمان لێکردوەتۆ. بە دڵنیاییەوە ئەمە یەکێکە لە روخسارە بنەڕەتییەکانی کاری سەرمایەداری. دووهەم، کاری زەوتکراو[21]، کە کارێکی نائازادە یان نیوە ئازادە[22] و سەرمایە پارەی بۆ نادات. تێچووەکانی دووبارە بەرهەمهێنانەوە[23] کە پێدەچێت بە کاری چەوسێنەرانە ئەنجامبدرێت و کار لەو جۆرەی کە لایەنی هەڵەی هێڵی ڕەنگەکان ئاشکرا دەکات. زۆر باشە. ئەوەی کە ئێمە باسی هێلی جیهانی ڕەنگەکان دەکەین بۆ  دابینکردنی بودجە بۆجیهاننێکی نیمچە ئازادی بە رەگەزپەرەست کراو کە سەرمایە لە بنەڕەتدا دەیدزێت یان بەناچاری هەرزانتر لە کاری چەوسێنەری باو بەدەستی دەهێنێت. وە دواتر لە کۆتاییدا (جۆری سێهەم) ئەوەی من بە کاری ماڵەوە ناوی ئەبەم.  فێمنیستەکان لە باری مێژووییەوە کارە بەرهەمهێنانەوە کۆمەڵایەتییەکانیان بە کاری چاودێریکردن[24] ناو بردووە. لانیکەم ئەم سێ فۆڕمە بنەڕەتییەی هێزی کار بوونی هەیە و سەرمایەداری بە بێ هەرکام لەو سێ فۆڕمە، ناسووڕێتەوەو کار ناکات. ئەمە راست نییە کە ئەم کارە تەنها لە سەر بنەمای کاری چەوسێنەرانە دامەزراوە. فێمنیسم لە پەیوەندی نێوان هێزی کاری ماڵێ کراو[25]  و چەوسێنراو تێ دەگات. ئێمە لە مێژە هەوڵ ئەدەین بۆ تیۆریزە کردنی ئەم پرسە و دژە رەگەزپەرستەکان بۆ ماوەیەکی زۆر بیریان لە پەیوەندی نێوان کاری ئازاد و کاری نائازاد[26] کردۆتەوە. ئێمە هەوڵمانداوە ئەم سێ کارە بخەینە چوارچێوەیەکەوە، گریمانەکەی من ئەوەیە ئەبێ بزانین سیستەم چۆن پێویستی بە هەموو ئەم فۆڕمانەی کار هەیە، لە باری کاراییەوە چۆن لێک هەڵپێکراون و تێکەڵی یەکتر بوون، چۆن لەگەڵ یەکتر کار ئەکەن، تەنانەت ئەگەر ئەو کەسانەی کە خەریکی ئەم کارانەن لە باری رەگەزی و جێندەری و هتدەوە لە یەک جیا کرابێتنەوە. بەمەبەشەوە، ئەگەر ئەمانتوانی ئەوە ببینین کە ئەم سیستەمە هەموویان یەکدەست ئەکات، ئەمانتوانی لەوە تێ بگەین کە ئەمە سیستەمێکی کۆمەڵایەتی یەکدەست و یەکەیە کە سەرجەم نادادپەروەرییەکان، فۆڕمەکانی چەوسانەوە و ناعەقڵانیەت بەرهەم دەهێنێت کە لە لایەکەوە پەیوەندیان بە کاری چاودێریکردنەوە هەیە و لە لایەکیترەوە پەیوەندیان بە کاری رەگەزپەرستی و هەروەها کارە ئاساییەکانەوە هەیە، تۆ بڵێ کارە چەوسێنەرانەکان لە لایەکیترەوە. ئەمە روانگەیەکی یەکدەستە. ئایدیااکە ئەمەیە کە بۆرژوای وا تێگەیشتووەو هەندێ لە پەیوەندییەکانی نێوان جێندەر، رەگەز و چین ئەخاتە ڕوو. گریمانەکەی من ئەوەیە ئەمجۆرە رێکخستنەی کاری کۆمەڵایەتی و ئەو دابەشکاریانەی کە لە نێوان بەشە جیاوازەکانی چینی کرێکاردا لە باری رەگەزی، جێندەری و هتدەوە دەچەسپێنێت، تیۆرێکی یەکگرتوو پێکدەهێنن، نە فرە چەشنی سیستەم. ئەمە ئەوەمان پیشان ئەدات کە چۆن جێندەر، رەگەز و چین دروست ئەبن. بە رێکەوت نییە. بەڵکوو بە دەستی سەرمایەداری و ئەم شێوازە لە ڕێکخستنی کۆمەڵایەتییە. کەوایە بیرۆکە گشتییەکە ئەمەیە.

جوولی گۆیکۆتسیا: مارکس لای وایە، بەهای گشتی بەرهەمی کۆمەڵایەتی هاوتایە لەگەڵ کاتی کارێکی سادە کە لە رووی کۆمەڵایەتییەوە پێویستە بۆ بەرهەمهێنانی، بە بێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە بەهای کاڵاکان بۆ هەر کەرتێک زیاتر یان کەمترە لە بەهای ئاڵووگۆڕ. بەمەشەوە، کێشەکە لێرەدایە کاتی کارێکی سادە کە لە رووی کۆمەڵایەتییەوە بۆ بەرهەمهێنانی کرێکاران پێویستە، زۆر بە کەمی پێوانە ئەکرێت یان بە فەرمی دەناسرێت، چونکە وەک کارێک دەناسرێت کە “بەهای بەرهەمهێنەرانە”[27]ی نییە. تۆ ئەڵێی دابەشکاری لە نێوان کاری بەرهەم هێنەرانە و کاری بەرهەمهێنانەوە، دیسان خولقاندنەوەی ئەو ئایدیایە کە تەنها جۆرێک لە کارەکان لە سەرمایەداریدا بەها بەرهەم دەهێنن. ئەتوانی زیاتر لەم بارەوە بدوێی؟ بۆچی سەرەڕای ئەم ڕەخنەیە، هێشتا کاری بەرهەمهێنانەوە بۆ ناونانی سەرجەم ئەو کارانەی کە لە لایەن جەستە بەرەگەزی کراو[28] و سێکشوالکراو[29]ەکانەوە ئەنجام ئەدرێن، بەکار دەهێنیت؟

نانسی فرایزەر: کەوایە بۆچی ئەم کارە ئەکەم یان بۆچی نایکەم؟

 

جوولی گۆیکۆتسیا: بۆچی لە لایەکەوە رەخنە لەوە دەگریت کار لە نیوان بەرهەمهێنان و بەرهەمهێنانەوەدا دابەشکراوەو لە لایەکیترەوە کاری بەرهەمهێنانەوەی کۆمەڵایەتی بە تەواوی بە کارێک ناو ئەبەیت کە کارێکی بێ مووچەیە کە بە زۆری لە لایەن ژنەکان و ئەو خەڵکانەوەی کە بەڕەگەزی کراون ئەنجام ئەدرێت و هەر لەبەر ئەمەشە ڕێک بە کاری دووبارە بەرهەمهێنانەوە ناو دەبرێت. لەهەمانکاتدا تۆ لات وایە، کاری بەرهەمهێنانەوە بوونی هەیە کە مووچەو حەقدەستی هەیە، بۆچی بە کاری بەرهەمهێنانەوە ناوی ئەبەێت لە حاڵێکدا لەبەر ئەوەی پارە وەرئەگرێت لە بەرامبەریدا، بەهای زیادیش بەرهەم دەهێنێت؟

نانسی فرەیزەر: بەڵێ! تێ ئەگەم. مەبەستم ئەوەیە کە کێشەکە لێرەدا جیاکاری نێوان کاری بەرهەمهێنان و بەرهەمهێنانەوە کە لایەن سەرمایەدارییەوە دێتە ئاراوە. لام وانییە پێش سەرمایەداری بەو شێوە جیدیە ئەم جیاکارییە بوونی بووبێت. من لام وایە کە کۆمەڵگایەکی پۆست- سەرمایەداری[30] رزگاریکاری ڕاستەقینە پێویستە، ئەگەر نەمانهەوێ بە تەواوتی لەناوی ببەین، لانیکەم بە شێوەیەکی رادیکاڵ بیری لێ بکەینەوە. کەوایە ئێستا لە کۆمەڵگایەکدا ئەژین کە ئەم جیاکارییە ئەچەسپێنێت. ئەمەش تەنها ئایدۆلۆژیایەک نییە، ئەمە جیاکارییەکی بەرێکخراوەیی کراوە. هەر بۆیە بۆ تێگەیشتن لە کۆمەڵگا، بە مەبەستی نەخشەکێشانی بونیادەکەی، بۆ دیاریکردنی شێوەی جووڵانەوەی، ئەبێ ئەو جیاکارییە بەکار بهێنین. لە هەمانکاتدا لامان وایە ئەمە وەک ئەوە وایە جیاکاری بکرێت لە نێوان ئەو کەسانەی کە خاوەنی ئامرازەکانی بەرهەمهێنانن و ئەوانەی خاوەنی نین. ئەمە جیاکارییەک نییە کە پەسەندی بکەین. بە پێچەوانەوە لامان وایە ئەم جیاکاریکردنە بنچینەی چەوساندنەوەیە. بەڵام کۆمەڵگا بەم شێوەیە رێکخراوە، هەربۆیە پێویستە قسەی لە سەر بکەین. بۆیە هەوڵم ئەوەیە، رەنگە هەمیشە سەرکەوتووش نەبم،  ئەو دەمەی ئەم جیاکارییە بەکار ئەهێنم بۆ پێناسەو وەسف کردنی کۆمەڵگا، هەوڵ بدەم هەر دوو لایەنی ئەم وێنایەم لە بەرچاو بێت. هەروەها هەوڵم ئەوەیە ئەوە بخەمەڕوو تیۆری بەها، ئەو دەمەی پەیوەند ئەدرێتەوە بە جیاکارییەوە زۆر چەوت و کێشەدارە و هەوڵم ئەدەم بە وریاییەوە جیاوازی دابنێم لە نێوان سەرمایەو بەهادا. ئەمە لە ڕاستییدا زمانی مارکسە. خۆ ئەزانی، مارکس لای وایە سەرمایە و سەروەت لە کار و سروشتەوە دێت. سامان[31] زاراوەیەکی گشتییە بۆ مارکس. ئەمە زاراوەیەکی تایبەت بە سەرمایەداری (Capitalism) نییە. لە بەرامبەدا بەها (Value) زاراوەیەکی کاپیتالیستییە. زۆر باشە. ئەمە دەربارەی جۆرێک پارەدارکردنە، دەزانی، خوێنی ژیانی سیستم و  پرۆسەی کەڵەکە کردنی سەرمایەیە پێوە بەستراوەتەوە. کە واتە ئەوەی کە ئەمەوێت باسی بکەم ئەمەیە کە سەرمایە یان ئەو ئەکتەرانەی لە گەڕانی سەرمایەدا دەوریان هەیە، لە بنەڕەتدا چۆن دەست بە سەر سامانی خۆیاندا دەگرن، دەیگوازنەوەو دەیکەن بە موڵکی خۆیان و دەیگۆڕن بۆ بەها؟ تا ئەو شوێنەی کە ئەو هێزی کارەی کە بۆ بەرهەمهێنانەوە تەرخان ئەکرێت هیچ مووچەیەک وەرناگرێت. جگە لە هەندێ لە حکوومەتە سۆسیال دیمۆکراتەکان کە ناچار کراون مافی هێزی کاری دووبارە بەرهەم هێنانەوە لەبەرچاو بگرن. ئەمانە کۆمەلێک ڕیزپەڕی ئاڵۆزن. ئێمە ئەمانە لەبەرچاو ناگرین. لە زۆربەی کاتەکاندا، ئەوان رێگایەک ئەدۆزنەوە بۆ ئەوەی حەقدەستی ئەوان نەدەن، تەنانەت ئەگەر بگاتە ئاستی داڕمانی کۆمەڵایەتیش.  کە وایە ئەوەی لێرەدا پێی ئەگەین خاڵێکی ترە، ئەویش جیاوازی دانانە لە نێوان بەهای زیادە(surplus value) و قازانجدا(profit). من هەمان روانگەی مارکسیسزمی ئۆرتۆدۆکسی قبووڵ ئەکەم، کە ئەتوانین بڵێین پێناسەیەک ئەدات بە دەستەوە بەوەی کە بەهای زیادە واتە بەهای بەرهەم هاتوو لە کاتژمێرە زیادییەکانی کارکردندا، هەمان ئەو بەهایەیە کە سەرمایە پارەیەک بەرامبەری نادات. ئێمە دەربارەی حەقدەست کاری چەوسێنەرانە لەو کاتژمێرانەی کە پێویست نییە کار بکرێت قسە ئەکەین، کە زیاترە لە تێچووی ژیانی کرێکارەکە. بەڵام سەرمایە دەست بە سەر ئەم زیادییەدا ئەگرێت. ئەمەیە بەهای زیادە. بە پێی پێناسەکە؛ ئەگەر ئێمە دەربارەی هێزی کارێک قسە ئەکەین کە حەقدەست وەرناگرێت، مەبەستمان بەهای زیادە نییە. بەمەبەشەوە، بەهای زیادە هەموو چیرۆکەکە نییە. من لام وایە مارکسیسە ئۆرتۆدۆکسەکان زیاد لە پێویست پەرژاونەتە سەر بەهای زیادە و بەڕادەی پێویست باسی قازانجیان نەکردووە. قازانج زۆرتر لە بەهای زیادە لە خۆی ئەگرێت. قازانج هەموو ئەو هاتنەژوورەوە (هاتووە) هەرزانانە(cheap inputs) ئەگرێتەوە. تێچووی گونجاویان بۆ نادرێت. تێچووی دووبارە بەرهەمهێنانەوەی ژینگەییەکان ئەگرێتەوە. چینی سەرمایەدار بە کردەوە هیچکات تێچووی راستەقینەی سەرچاوەکانی وزەی کەرەستەی خاو نادات. هیچکات ئەو سەرچاوانە پڕ یان نۆژەن ناکاتەوە، یان ئەوەی پارە بۆ بەرهەم هێنانەوەی سەرف ناکات. بەکردەوە هیچکات پارەی تێچووی تەواوی دووبارە بەرهەم هێنانەوەی ئەو وزانە نادات کە تەرخان ئەکریت بۆ چاودێریکردن و ئاگادار بوون لە خەڵک بۆ ئەوەی بەردەوام بن و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیان بە زیندوویی بهێڵنەوە و هتد و هتد… . بە دەگمەن  تێچووی راستەقینەی دەوڵەت ئەدریت کە بۆ یاسا و پۆلیس و بەڕێوەبردنی قەیرانەکان پشتی پێ دەبەستیت. هەموو کات دەکەوێتە سەر شانی چینی کرێکار کە باج و کۆمەڵێک رسووماتی تر ئەدات. ئەزانی، ئەمانە هەموویان پێکهاتەکانی قازانجن، تەنها بەهای زیادە نین. کەوایە لام وایە ئەو روانگەیەی کە دەمهەوێت پەرەی پێ بدەم، زیاتر لەوەی گرینگی بە بەهای زیادە بدات، جەخت ئەکاتەوە لەسەر قازانج و پێکهێنەرەکانیتر. بەهای زیادە گرینگە. بۆ ساتێکیش نکۆڵی لەوە ناکەم، بەڵام لام وایە ئەوەندە  سەرنجی مارکسیستە ئۆرتۆدۆکسەکانی بۆ لای خۆی راکێشاوە کە وایکردووە وینا گەورەکە نەبینن. بە دڵنیاییەوە، زۆربەی سەرمایەدارەکان هیچکات هیچیان دەربارەی بەهای زیادە نەبیستووە. ئەوان تەنانەت تێگەیشتنێکی ناڕوونیشیان لەو بارەوە نەبوو. بەڵام کاتێک دەربارەی قازانج قسە ئەکەیت، ئەوان ئەزانن دەربارەی چی قسە ئەکەیت. کەوایە بە شێوەیەک قازانج هەمان ئەو شتەیە کە هاندەری ئەوانە.

 

 

جوولی گۆیکۆتسیا: کە وایە پرسیارێکیتر دێتە پێشەوە کە لە وتاردانی دووهەمی بێنیامین ئەیدەیتە بەر باس: سێ بزووتنەوەی هێزی کار. ئەتوانی قووڵتر لە بارەیەوە بدوێی؟

نانسی فرایزەر:بەڵێ. لام وایە دەبوایە پێشتر ئاماژەم پێ بدایەت کە بۆ پەرەپێدان و بڵاوکردنەوەی زیاتری ئەم روانگەیە، ئیلهامم لە ویلیام ئێدوارد بورگارد دووبوا[32] وەرگرتووە. من کتێبی دووبارە بونیادنانەوەی رەش[33]م لە زانکۆ وتووەتەوە، کە لام وایە شاکاری ئەوە لە ساڵی ١٩٣٥. من ئەو کتێبە هاوشانی مێژووی شۆڕشی رووسیای” [34] ترۆتسکی، دادەنێم کە یەکێکە لە شاکارەکانی مێژوونووسی مارکسیستی. خۆزگا زۆرتر دەخوێندرایەوەو قسەی لەسەر ئەکرا. ئەم کتێبە لە ئەمریکا بڵاو کراوەتەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەپەرژێتە سەر رووداوەکانی ئەمریکا، زۆر کەمتر لەوەی کە شیاویەتی لە دونیا گرینگی پێدراوە. بەهەرحاڵ دووبوا، بۆچوونێکی سەرنجڕاکێشی هەبوو. کتێبەکە مێژووی جەنگی ناوخۆیی ئەمریکایە لە سەدەی نۆزدەیەم. دەربارەی کۆی ئەو رەوتە مێژووییە لە جەنگی ناوخۆییەوە بگرە تا ئەگاتە هەڵوەشاندنەوەی فەرمی کۆیلایەتی، هەوڵدان بۆ بونیادنانەوەی قووڵ و گۆڕانی گشتی پەیوەندییە کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابوورییەەکان و خاوەندارێتیەکان لە باشوور، تا ئەوەی ئازادی و رزگاربوونی کۆیلەکان ئەبێت بە واقێع، نەک شتێکی رووکەشیانە و فۆرماڵ. ئەم رەوتە بۆ یەک دوو دەیە بەردەوام ئەبێت . دواتر پەیوەندی بەو شتەوە ئەبێت کە ئەو بە دژە شۆڕشی خاوەندارێتی ناوی ئەبات، کە لەوێدا پێتەختی لە بنەڕەتدا باکوور لە یەکیەتییەکە ئەچێتە دەرەوەو ئیتر ئامادە نابێت پشتیوانی لێ بکات.  قەیرانی سیاسی بوونی هەیە و دەسەڵات ئەگەڕێتەوە بۆ چینی خاوەن کێڵگەکان لە باشوور. کە وایە جارێکیتر  باڵادەستی سپییەکان  بونیاتدەنرێتەوە. ئەمە چیرۆکێکی دوور و درێژە. تا ئیستە زۆر کەس ئەم چیرۆکەیان گێڕاوەتەوە، بەڵام ئەو کارەی دووبوا کردوویەتی بەراستی زۆر تایبەتە. ئەو باس لەوە ئەکات ئەمریکا لە سەدەی نۆزدەیەم دوو بزووتنەوەی کرێکاری بەخۆیەوە دیوە. بزووتنەوەی یەکیەتی کرێکاری کە بڕیار بوو زۆر زوو ببێت بە هۆی سەرهەلدانی بزووتنەوەیەکی سۆسیالیستی گەنج. ئەمە بزووتنەوەیەکە بۆ رزگارکردنی کرێکارانی ئازاد، کرێکارانی سپی پێست. بزووتنەوەی دووهەم بزووتنەوەیەکە خەبات ئەکات بۆ نەهێشتنی کۆیلایەتی. ئەمەش بزووتنەوەیەکی کرێکارییە.  دواتر دووبوا زیاتر پەرە بەو ئایدیایە ئەدات کە پێشتر باسمان کرد، ئەمانە دوو فۆڕمی جەوهەرین لە هێزی کار لە سەرمایەداریدا و بۆ سیستەم گرینگن. ئەم دوو سیستەمە زۆر جیاوازن. دانیشتوان دابەش بوون، بەڵام ئەوەی بەرهەمی دەهێنن هەمووی لە کەڵەکە بوونی سەرمایەدا لەگەڵ یەک تێکەڵبوون. چونکە مانچستەرمان نابێت ئەگەر می سی سی پی نەبێت. مانچستەر، لە باکووری ئینگلتەرا، ئەو شوێنەی کە ئەنگلس دەربارەی کارگەی ڕستن و چنینە شەیتانییەکانی ئەوێ نووسیویەتی. چی دەکەن؟ ئەوان لەو پەمووە خاوە هەرزانەی کە لە کێڵگەکانی کۆیلایەتی لە می سی سی پی بەرهەم دێت، قوماش ئەچنن.  کە وایە ئەمە شێوەیەکی جوان و بێ خەوشە بۆ تێگەیشتن لەوەی کە چۆن ئەزانیت سیستەمی کارکردنی ئەم دونیایە ڕاستە. شوێنی بەرهەمهێنانی پیشەسازی ئازاد لێرەو دەرهێنانی مادەی خاوی نائازاد لەوێ. بەڵام لە راستییدا ئەمانە هەردووکیان بەشەکانی بزوێنەری ئابووری داینامیکین، کاریگەرییەکە ئەوەیە لە یەک جیا بکرێنەوە. بەڵام بۆ ئەو بزووتنەوە کرێکاریانەی کە نازانن لە وەها پەیوەندییەکدان، ئەمە سیستەمێکە بە مانایەک هەر دوو فۆڕمەکانی چەوسانەوە بەکار ئەهێنێت، وەها نییە کە ئەوان یەکسان بن. بێگومان یەکیان ئیمتیازێکی بچووکی بەرامبەر بەویتریان هەیە. بەڵام ئایدیاکە ئەوەیە کە ئەگەر دوو بزووتنەوەی کرێکاری، سەندیکایی و دژە کۆیلایەتی، دانیان بە یەکتردا نابایە و لەوە تێگەیشتبان هەدووکیان بەشیکن لە سیستەمێک کە هیچکامەیان بەڕاستی ناتوانن بە تەنیا خۆیان رزگار بکەن. ئەگەر ئەوان هێزی خۆیان یەکخستبایە، کۆی مێژووی ئەمریکا و رەنگە هەموو دونیای سەرمایەداریش بە ئاراستەیەکی جیاوازدا رۆشتبایە. ئەمە ئایدیایەکی درەوشاوەیە بۆ ناونانی ئەو ساتانەی کە یەکتر بە فەرمی ناناسن و هتد. زۆر باشە، بەلەبەرچاو گرتنی هەموو ئەوانەی پێشتر باسم کرد، ئەبینی مێشکی بچووکی فێمنیستی من، خەریکی لێکدانەوەیە، و ئەڵێت، بەڵێ، وایە  دروستە. بەڵام بە راست دوو دانە. بۆچی سێ دانە نەبێت؟ ئەزانی بۆچی، لەبەر ئەوەی بە درێژایی ئەم چەند دەیە فێمنیستەکان کاری گەورەیان لە بواری چاودێری کردن و کاری بەرهەم هێنانەوە ئەنجام داوە. بەڵام ئەم دوو کوڕە(بزووتنەوەی سەندیکای کرێکاری وبزووتنەوەی دژە کۆیلایەتی)، تەنانەت لە ئاست کاری بەرهەم هێنانەوەی کۆیلەکانیش نابینان.کەوایە سەرەڕای ئەوەی لێرەو لەوێ دەقی جۆراوجۆر هەن و ئاماژەی پێ ئەدەن، بەڵام چەمکی بۆ دروست ناکەن. کە وایە بۆچی سێ بزووتنەوەی کرێکاری بوونی نەبێت؟دواتر با باس لەوە بکەین ئاخۆ ئەکرێت فێمنیسم وەک بزووتنەوەیەکی کرێکاری ناو ببەین کە بە فەرمی نەناسراوە و نەک تەنها لە لایەن ئەوانیترەوە، بەڵکوو تەنانەت لە لایەن خۆیشیەوە یان بەشێکی گەورە لە خۆیەوە دانی پێدا نەنراوە؟ ئەگەر وەهایە، لە ئەمڕۆدا ئاسۆکانی وەها روانگەیەک چیە؟ کە هاندەر بێت بۆ چالاکییە دژە رەگەزپەرەستی، چالاکییە فێمنیستی، چالاکییە سەندیکاگەرایی و هتدەکان، بۆ ئەوەی وەک ئەندامی بزووتنەوەی  کرێکاری بیر لە خۆیان بکەنەوە. هەرکامەیان بزوێنەرێکن، ئەتوانین بڵێین پستۆنێکە لە بزوێنەرێکدا کە سەرمایەدارییە و ئەمەش ، ئەزانی، ئاماژەیە بەو شتانەی کە پێشتر قسەمان لە سەر کردووە، واتە ئەگەری ئەوە هەیە  بیرکردنەوەیەکی یەکگرتووتر بێتە ئاراوە. کە وایە ئەمە ئەو شتەیە کە من هەوڵ دەدەم لەم وتاردانانەدا بەڵگەمەندی بکەم و باسی بکەم، ئاخۆ چی ئەبێت ئەگەر ئێمەی فێمنیست بەشێکی زۆر لەو کارانەی کە ئەنجامی ئەدەین وەک فۆڕمێک لە خەباتی کرێکاری ببینین و بیری لێ بکەینەوە؟ یان چی ئەبوو ئەگەر دژە رەگەز پەرەستەکان بیانتوانییایە بەو شێوەیە بیر بکەنەوە؟ خۆ ئەزانی، داواکاری بۆ نەمانی زیندان و نەمانی توندووتیژی پۆلیسی دژە شۆڕش و شتەکانیتر وەک جۆرێک لە خەباتی کرێکاری دەبیندرێت. ئەی بزووتنەوەی سەندیکاکان چی؟ ئەگەر هەرکام لەم سێ بزووتنەوەیە خۆیان و هەرکامیتریان بە ئەندامی بزووتنەوەی کرێکاری دەزانی چی ئەبوو؟ ئاخۆ ئەو کات ئێمە لە وەها دۆخێکدا بین بیر لە جۆرێک لە ئایدیای فراوانکراو دەربارەی چییەتی چینی کرێکار دەکەینەوە؟ ئەمە تەنها بەشە چەوساوەکە نیە، بەڵکوو ئەم بەشانەیتریش ئەگرێتەوە. بیر لەوە بکەینەوە چۆن بەسەر دابەشکارییە ناۆخۆییە سیاسییەکاندا زاڵ بین. گریمانەکەی من ئەمەیە.

جوولی گۆیکۆتسیا: ئەمە زۆر جێی سەرنجە، و پێویستە رەوتی زگاری تا ئەو شوێنەی ئەتوانین بەربڵاوتر بکەینەوە. بەڵام هێشتا لێرەدا کۆمەڵێک کێشەی بۆ وێنە،  پەیوەندیدار بە بنەماڵە دێتە پێشەوە. چونکە بە پێی دواین ئاماری پێشکەشکراو لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، ٨٥ لەسەدی کاری بێ حەقدەست لە دونیا لە لایەن ژنانەوە لە ناو بنەماڵەدا ئەنجام دەدرێت، کە وەک دامەزراوەیەکی کۆمەڵایەتی بەفەرمی دەناسرێت، واتە دامەزراوەیەک کە زیاتر لە ٧٨ لەسەدی توندووتیژی دژی ژنان لەوێ روو ئەدات، ئەویش لە لایەن پیاوانی بنەماڵەوە، لە لایەن پیاوانی چینی کرێکارەوە. کەوایە بنەماڵە ئەبێت بە سەرەکیترین شوێنی توندووتیژی راستەوخۆ دژی ژنان و ئەو شوێنەی کە بەڕاست خاوەندارێتی لە ژنان دەسەندرێتەوە بە هۆی کاری ماڵەوە کە بێ حەقدەستە. کەوایە پێشنیاری تۆ بۆ بنەماڵەی مۆدێڕنی ناهاوڕەگەزخوازی ناوەکی[35] چییە؟

نانسی فرایزەر: بەڵێ بە دڵنیاییەوە. لام وایە پرسەکە ئەمەیە. بە دڵنیاییەوە لام وایە بنەماڵە لە زۆربەی شوێنەکانی دونیا زیاتر شوێنی سەرەکی کاری چاودێری یان کاری دووبارە بەرهەمهێنانەوەیە.   ئەوەی کە من بە کاری ماڵەوە ناوی ئەبەم. بەڵێ وایە. من لام وایە و بەدڵنیاییەوە هەر واشە کە توندووتیژی جێندەریش (gender violence) لە ناو بنەماڵە زۆر باوە. بەڵام، یەک دوو شت هەیە، کە بە راستی لایەنی کاریەکەی  ئامانجی منە، ئەوەی کە بەشێکی گەورەی کار لە دونیا بوونی هەیە کە بە زۆری لە لایەن ژنانەوە لە ناو بنەماڵەدا ئەنجام ئەدرێت، ئەگەر حەقدەستێکیش وەربگرن، زۆر زۆر لە خوارەوەیە و بێ هیچ مافێکی کرێکاری. مەترسییەکی زۆری توندووتیژیان لەسەرە. تەنانەت ئەگەر ئەندامی بنەماڵەشت نەبێ، ئەکرێ  ماڵی خاوەنکارەکەت بێت، ئەو شوێنەی کە خەریکی خاوێنکردنەوە یان چاودێری کردنی مناڵەکانیت یان هەر ئیشێکیتر. هەربۆیە لام وایە هەموو ئەمانە راستە. وە بۆ من، ئەمە هەمووی بەڵگاندنێکە لە بەرژەوەندی ئایدیاکەمدایە. نازانم تۆ وەک جۆرێک لە ناڕەزایەتی دەربڕین باسی دەکەیت یان نا، بەڵام من لام وایە ئەمە بەڵگاندنێکە لە بەرژەوەندی بیرکردنەوە دەربارەی فێمنیسمدایە، لانیکەم یەکێک لە رێکارەکانی بیرکردنەوە دەربارەی فێمنیسمە. ناڵێم بۆ من بیرکردنەوە لێی وەک بزووتنەوەیەک بۆ مافی ئەم”کرێکارانەیە” کە تۆ باست کرد، لەوانە ئەو مافانەی کە بۆ نەهێشتنی توندووتیژی و هەبوونی شوێنێکی کار کە پارێزراو بێت یان  بەردەستبوونی بوونی شێوەکانیتر کار بۆیان کە داهاتی لێ بکەوێتەوە. بەڵێ وایە.بۆ ئەوەی بەناچار لە ماڵەکاندا تەریک نەخرێنەوە. دەستیان بگاتە دونیا و دەرەوە ببینن. لە توندووتیژی رزگاریان بێت. ئەمە هەموویەتی. ئەمە راست ئەو شتەیە کە مەبەستی منە لە خوێندنەوەی فێمنیسم وەک بزووتنەوەیەکی کرێکاری. هەروەها پێم وایە پێویستە گرینگی بە مافەکانی زاوزێ (بەرهەمهێنانەوە) بدەین، لەوانە مافی منداڵ لەبار بردن[36]، وەک مافی کارکە پەیوەندی هەیە بە توانای کۆنتڕۆڵکردنی جەستەتەوە، بۆ کۆنتڕۆڵکردنی توانای منداڵ خستنەوە. لام وایە #ME TOO بزووتنەوەیەکە پەیوەندی بە مافی کارەوە هەیە.  بزووتنەوەیەکە بۆ ئەوەی (ژنان) مافی هەبوونی  شوێنێکی کاریان هەیە کە دوور بێت لە دەستدرێژی و ئازار و توندووتیژی سێکسی. ئەو راستییە ی کە هەندێک لەم پرسانە وەک پرسەکانی تایبەت بە کار نابینرێن جێی سەرنج و سەرسووڕمانە، لەبەر ئەوەی بۆ جاری دووهەم بەو مانایە بیر لەم پرسانە بکەیتەوە، بۆت دەرئەکەوێ کە  ئەکرێ لەم دیدەشەوە ( مافی کرێکاری)ەوە ببینرێن و ئەمە شێوەیەکی باشە بۆ چاولێکردنیان. بەڵام چەسپاندنی کاری چاودێریکردن (ئاگالێبوون) وەک نا – کار لە سیستەمی سەرمایەداریدا ئەوەندە بەهێزە کە ئەم ئایدۆلۆژیایە ڕێگریمان لێ دەکات ئەم شتانە وەک کار بینین. ئەزانی چ خەباتێکی دوور و درێژ پێویست بوو بۆ ئەوەی سەندیکا کرێکارییە ئازادە ئاسایی و چەوسێنەرەکان لە توندووتیژی رزگاریان بێت؟ ئەزانی، ئەوان بە درێژایی چەندین سەدە شەڕیان کرد هەتا توانیان سەرکەوتوو بن لەوەی بیسەلمێنن کە ژنان پێویستیان بە وەها خەباتێک هەیە. هەروەها شوێنی کاری ئێمە ، پڕاوپڕە لە توندووتیژی و نابێ وەها بێت. دوایین خاڵێک کە ئەمەوێت ئاماژەی پێ بدەم ئەوەیە، رەنگە کەسێک لەوەی باست کرد بەو ئەنجامە بگات، لە وەها دۆخێکی ترسناکدا لە بنەماڵە، بەریەککەوتنی بەرژەوەندییەکان بە شێوەیەکی بە هێزلە نێوان ژنان و هاوسەرەکانیان یان باوکەکانیان و هتد بوونی هەیە. ئەوەی کە ئەمهەوێ بیڵێم ئەوەیە کە ئەوان کەسانێکی ئاسایین، ئەو پیاوانە بە زۆری تاوانبارانی توندووتیژین و بە دڵنیاییەوە وەهاشە. ئەزانی، ئەبێ ئێمە ئەم توندووتیژیانە رابگرین. بەڵام پێم وا نییە ئەوان  بەرژوەندی سەرەکیان لەوەدا بێت. من پێوایە پرسەکە ئەوەیە، کارێکارە رەش پیشت و سپی پێستەکانیش وەک یەک ئەگرێتەوە. ژمارەیەک لە کرێکارە سپی پێستەکان راسیستن و هێرشی رەگەزپەرەستانە ئەکەنە سەر کرێکارە رەش پێستەکان. بەڵام ئەم کرێکارانە ئەگەر بتوانن بە دۆخی خۆیاندا بچنەوەو تێ بفکرن، تێ ئەگەن ئەو کەسانە ( کرێکارە رەش پێستەکان) ئەکرێت ببن بە هاوپەیمانی ئەوان، هەروەها تێ ئەگەن بە هاوپەیمانی لەگەڵ ئەوان ئەکرێت شتی زۆر زیاتر بەدەست بهێنن نەک ئەوەی لە دەستی بدەن. من لام وایە ئەم پرسە لە پەیوەند لەگەڵ پیاو و ژنەکانی چینی کرێکاریشدا هەر بەو شێوەیە. هەرچەند سەرچەشنەکان هەمووکات پیاوسالارانە و زاڵمانەن. پێموایە سوودمەندی سەرەکی سەرمایەیە و ئەو کەسانەی سەرپەرەشتی خێزانەکان ئەکەن لە هەندێ بواردا ، بە شێوەیەک خۆیان سەرتر ئەزانن لە هاوسەر و مناڵ و کچەکانیان  و فەرمانیان پێ ئەکەن.  ئەزانی چی، ئەوانە ئەو کەسانەن کە بەزۆری لە دونیای گەورەتردا- من بە ئەنقەست ئەم وشەیە بە کار ئەهێنم- خەسێنراون، لە دونیای گەورەتردا بە رادەیەکی زۆر بێ هێز و دەستەوەستانن، وەک پاشا لە قەڵادا هەڵسووکەوت ئەکەن. ئێمە نابێ هیچکات پاساو بۆ هیچکام لەمانە بێنینەوەو من ئەم کارە ناکەم. بەمەشەوە ئەگەر نەتوانین رێگایەک بدۆزینەوە بۆ تێگەیشتن لەم بابەتە بۆچی زۆربەی زۆری پیاوان، بە تایبەت ئەوانەی کاری خراپ ئەنجام ئەدەن، قوربانی سیستەمن و گۆڕانی سیستەم بە هیچ شێوەیەک لە بەرژەوەندییاندا نییە، ناتوانین دونیا بگۆڕین.

 

جوولی گۆیکۆتسیا: منیش لەمبارەوە وەک تۆ بیر ئەکەمەوە، ئەگەر هەموومان لەو بابەتە تێ بگەین، بێگومان دەستکەوتێکی جیهانی و هەمە لایەنی ئەبێت. بەڵام هێشتا ئەم رووبەڕوو بوونەوە هەر بوونی هەیە ، لەبەر ئەوەشە رەوتی جیاوازی فێمنیستی دروست بوون. لە لایەکەوە تیۆرییەکانی دژە داگیرکاری[37] و کۆمەڵ تەوەرەکان[38] کە نزیکن بە تیۆری ” لەیەکتر گرێدان”[39] و فێمنیزمی ماتریالیستیش لە دەروونی ئەوانەوە گەشەی کردووە، و لە لایەکیترەوە شەقڵێکی گەورە لە ناو ئەو بزاوتانەدا  بوونی هەیە کە ژمارەیەکیان لەسەر ئەو باوەڕەن پیاو و ژنەکان دروست دەبن، ئەکرێ دروست نەبن، هەروەها تیۆرییەکانیتری وەک تیۆری یەکبوون[40] کە بیر لە دونیایەکی ئازادکراو ئەکەنەوە، دونیایەک کە لەوێدا سەرمایەدار و پرۆلتاریا بوونیان نییە، بەڵکوو ژن و پیاوەکان دەژین و بوونیان هەیە. لەم تیۆرییە یەکە بوونە مارکسیستیانەدا، ژن و پیاوەکان دروست نابن، بەڵکوو لە دایک ئەبن هەربۆیە ناتوانن لە ناو بچن و دەمێننەوە. بە پێی ئەم چوارچێوەی کۆتاییە، تاکە سوودمەندی کاری بێ مووچەو حەقدەستی ژنان، سەرمایەدارەکانن نەک پیاوانی کرێکار. بەڵام دواتر بۆچی پیاوانی کرێکار لە هەموو دونیا، بەرامبەر بە ژنانی کرێکار کاتی زیاتر، حەقدەستی زیاتر، شوێنی زیاتر، جێگەو پێگەی زیاتر، دەسەڵاتی زیاتر و خوێندەواری سەرتریان هەیە؟

نانسی فرایزەر: لەم بارەوە لەگەڵتا هاوڕام. بەڵام پرسی سەرەکی ئەوەیە لە باری سیاسییەوە ئێوە چۆن وەڵامی ئەدەنەوە؟

جوولی گۆیکۆتسیا: هەموو هەوڵی ئێمە ئەوەیە ئەم کارە لە چوارچێوەیەکدا ئەنجام بدەین کە لەوێدا سەرجەم زوڵم و چەوساندنەوەکان لە شەیتانێکدا کە سەرمایەداری بێت کورت نەکرێتەوە، لەبەر ئەوەی لام وا نییە ئەوە سەرمایەداری بێت ژن بوون و ژنانی دروست کردبێت، کەوایە ئەو دەمەی سەرمایەداری بڕووخێت، ژنان لەناو ناچن. هەربۆیە هەوڵی ئێمە ئەوەیە بزووتنە سەربەخۆکانی وەک بزووتنەوەی فێمنیستی کە لەگەڵ بزووتنەوەکانی گەنجان هاوئاهەنگە، لەگەڵ یەکیەتی کلاسیکییەکانی کرێکاری، رێکخراوەکانی ژینگەپارێزی، یەکیەتییە لۆکاڵییەکانی کرێکاری، بزووتنەوەی خانەنشینەکان و هتد رێک بخەین و پێکەوە کار بکەن. من لام وایە کە ڕەنگە کێشەی پرژوبڵاوی بزووتنەوەکان پێکهێنەری تیۆری یەکگرتن بێت، چوونکە سەرجەم ئاڵۆزییەکانی دونیای ئێمە بۆ یەک هۆکار کورتدەکاتەوە، هۆکارێک کە توانای ئەوەی نییە خەباتەکانیتر یەکگرتوو بکات. لێرەدا ئەو پرسیارە دێتە پێش، بۆچی؟ لە لایەکیترەوە، ئاڵۆزی مانای پرژ و بڵاوی و پەرەم پەرەم بوون[41] ناگەیەنێت. ئێمە ئەتوانین لەم ئاڵۆزییەدا کە هەموو خراپەکان کورت ناکاتەوە بۆ یەک هۆکار، بە شێوەی سیاسی و ستراتێژیک بجووڵێنەوە، لە بەر ئەوەی کورت کردنەوە لە یەک هۆکاردا مانای وەدەرنانە(exclusion). بەهەرحاڵ، ئەم بزووتنەوانە ئەبێ چ جۆرە بونیادێکی رێکخراوەیی چێبکەن بۆ ئەوەی بتوانن رەوتێکی بەردەوامی رزگاربوون جێگیربکەن؟ بە دەربڕینێکیتر، بەلەبەرچاو گرتنی قەیرانی یەکیەتییە پیشەییەکان، حیزبە سیاسییەکان و بونیادی سیاسی لیبراڵی و هەروەها بە لەبەرچاو گرتنی هەستی ناکارامەبوون و تووڕەیی و هەڵچوون کە زۆر باوە، پێشنیاری چ جۆرە رێکخستنێکی رێکخراوەیی دەکەیت؟

 

نانسی فرایزەر:  بیر و بۆچوونی من لەمبارەوە روونە. مەبەستم ئەوەیە لەم راستییەوە دەست پێ دەکەم کە چالاکی و وزەیەکی زۆری رزگاریخوازی یان توانای هێزەکی رزگاریخوازی بوونی هەیە. بۆچوونی سەرەکی من ئەوەیە چۆن ئەتوانین وا بکەین ئەم هێزانە هاوکاری زیاتریان لەگەڵ یەکتر هەبێت، تێکەڵی یەکتر بن یان ئەوەی ئامانجی هاوبەشیان هەبێت؟ ئەزانی، مەبەستی من ئەوە نییە بە تەواوەتی لەگەڵ یەکتر تێکەڵ بن یان شتێکیتری لەم جۆرە. کەوایە ئەمە زیاتر لە یەکەم بیرکردنەوەم ئەچێت. هەروەها من زۆر لە ژێر کاریگەری ئایدیای گرامشی[42] دەربارەی جەمسەری دژە هەژموونم[43]. هەروەها وەک  ئەزانیت لە باری مێژووییەوە، ئەم ئایدیاییە لە کۆی بیرکردنەوەی سۆسیالیستی- مارکسیستی دا بوونی هەیە، ئەزانی، لنین کێشەی هەبوو لەگەڵ چۆنیەتی دروستکردنی یەکیەتی جووتیار- کرێکاردا. گرامشی پرسیارێکی هەیە دەربارەی دانیشتوانی باشوور: چۆن ئەتوانین پاڵەکانی ساردینیا (Sardinian peasants)[44]و کرێکاران تۆرین فیات (Turin Fiat) لای یەکەوە دانێین و وا بکەین هاوشانی یەک خەبات بکەن. لام وایە لە ئێستادا ئێمە کێشەیەکی لەوجۆرەمان هەیە. ئەزانی، زۆر چەمکی شارستانی هەیە، وەک دەوترێت، هەمووان قوربانی سیستەمێکی کۆمەڵایەتین. من لام وا نییە هەوڵمان ئەوە نییە بڵێین جیاوازییەک نییە لە نێوان کرێکارەکان و پاڵە و جووتیارەکاندا. بەڵام لام وایە کە ئەوان بەرژەوەندی هاوبەشی پێویستیان هەیە بۆ ئەوەی هاوئاهەنگ بن پێکەوە و ریزبەندییە باوە سیاسییەکان ببەنە ژێر پرسیارەوە، ئەو ریزبەندییەی کە ئەوان لە یەک جیا دەکاتەوە. ئەمە ئەو شتەیە من بیری لێ ئەکەمەوە. ئەم مۆدیلی منە کە پێی ئەڵێم چۆنییەتی سازکردن و رێکخستنی بلۆکی دژ.[45] ئایدیای ستراتێژی لێرەدا ئەوەیە کە من بە راستی لایەنگری دژە دەسەڵاتم. نەک پاشەکشەکردن یان مامەڵەکردن یان خۆ خزاندنە سووچێک و دروست کردنی روانینێکی باوی بژێوی ژیان یا شتێکی لەوجۆرە. بۆ من ئەمە رۆمانتیکە. زۆر باش ئەبێت ئەگەر پێشوەختە  پێشبینی هەندێ شت بکات بەوەی کە کۆمەلگای سۆسیالیستی رنگە بیهەوێت بەکاری بهێنێت. بەڵام لام وا نییە هیچ جێگرەوەیەک بوونی ببێت بۆ وەستانەوە دژی سندووقی دراوی نێودەوڵەتی[46].  ناتوانیت لەمانە هەڵبێیت. ئەوان زۆر گەورەن و قۆچەکانیان[47] لە هەموو شوێنێک هەیە. ئەو دەمەی دەتهەوێ پاشەکشە بکەیت دەورت دەگیرێ و دەربازبوونت نییە. ئەوان دەرفەت و بوارێکی ئەوتۆت پێ نادەن بەوەی بتوانی کۆمەڵگا بگۆڕیت. ئێمە پێویستە سندووقی دراوی نێودەوڵەتی لەناو ببەین. ئێمە بە راستی پێویستە رۆیال شێل[48]، ئاکسۆن مۆبیل[49] و گۆگل و ئەمازۆن لەناو ببەین. کەوایە پرسی سەرەکی ئەوەیە کە ئەبێ دژە هێزیان بەسەردا داسەپێنین. لە تیۆرییدا، زۆرینەی زۆری مرۆڤایەتی، ئەبێ بەرژەوەندییان لەوەدا بێت کە لە دیوەکەیتری دەسەڵات و هێزەوە بن.   زۆرینەی زۆری خەڵک قازانجێکی ئەوتۆ لە دەسەڵات و هێز نابەن. تەنانەت ئەگەر هەر چەند ماوە جارێک لە ژنەکانیان بدەن، مەبەستم ئەوەیە ئەگەر ئێمە بتوانین وەها گۆڕانکارییەک بکەین ، هێشتا ژیانێکی باشتریان ئەبێت. هەربۆیە دەمهەوێ کۆمەڵێک رێکخراوی فرەچەشن و لە جۆری جیاواز ببینم. من لام وایە حیزبە سیاسییەکان زۆر گرینگن. تەنانەت هەرچەند هەموو شت سەرەنجام زۆر خراپ چووە پێش و کۆتایی هات، بەڵام من سەرەتا زۆر سەرسام بووم بە پۆدیمۆس (Podemos) کە هەوڵی ئەدا بزووتنەوەیەک دابمەزرێنێت کە بە شێوەی راستەوخۆ و رادیکاڵ کار بکەن و وای لێ بکات وەک هێزێکی دامەزراو کار بکات کە توانای مانەوەی هەیە، لەبەر ئەوەی ئەو جێگرەوەی ئێمە لە ئەمریکا لە پارکی دووهەمی زۆکۆتی (second Zuccotti Park) و شوێنەکانتر هەمانبوو لەناو بران و سڕدرانەوە. ئەمە کۆتاییەکەی بوو. ئەزانی چی، ئێمە رێکخراوێکمان نییە. کە وایە داڤۆ[50] (Davos) لە زۆر رووەوە بێ هیوایی لێ کەوتەوە، بەڵام هێشتا. هەربۆیە من پێم باشترە لایەنگری لەوە بکەم حیزب دروست ببێت. لایەنگری پێکهاتنی یەکیەتییە کرێکارییەکانم. بەڕادیەکی زۆر پشتیوانی لە هەوڵە نوێکان بۆ سازدانی سەندیکا نوێکان لە ئەمریکا ئەکەم، لەو بەشانەی کە پێشتر هیچکات کاری ڕێکخراوەییان تێدا نەکرابوو، وەک دابەشکردن، تاکفرۆشی(retail) و هتد ،و زۆر دڵگەرمم بەوەی خۆیان رێکخستووە. ئەمە شتێکی زۆر دڵخۆشکەرە. ئەم هەوڵانە بە زۆری لە لایەن گەنجەکان، کەسانی پێست رەنگین و ژنەکانەوە رێبەری دەکرێت. کەوایە ئەمە فۆرم و روخسارێکی نوێی کاری سەندیکاییە. بەڵام من ئاگاداری شوێنەکانیتر نیم و نازانم چۆن ئەچێتە پێش. بەڵام سەرنج بدە، ئێمە لە زۆر شوێنی دونیا بزووتنەوەی لۆکاڵی زۆر گرینگ و سەرنجڕاکێشمان هەیە. ئەوان بە جۆرێک لە رەوتێکی شاری، مۆدێرنیستی و ئێکۆلۆژیکیدا هاوپەیمان ئەبن. ئەمەش هاوپەیمانییەکی زۆر سەرنجڕاکێشە. زۆر رووداوی سەیر و سەمەرە و سەرنجڕاکێش لە ئارادایە. من دەمهەوێ ئەم بابەتە بە کراوەیی بهێڵمەوە کە چۆن و بە چ شێوەیەک ئەم هیزە جیاوازانە پێکەوە کار ئەکەن و ئەبن بە هاوپەیمان. نازانم، بە دڵنیاییەوە من لایەنگری حیزبی لنینیستی یان شتێکی لەوجۆرە نیم، بەڵام رەنگە ئێستا کاتێکی گونجاو بیت بەوەی حیزبێکی سیاسی، هەڵبەت هیوادارم زۆر دیمۆکراتیک و خەڵکی پێک بهێنین. نازانم. هەموو ئەمانە بەم راستییە ئاڵۆزتر ئەبیت بەوەی کە بڕیار نییە ئەم رووداوە لە وڵاتێکدا روو بدات. ئێمە پێویستمان بە جەمسەرێکی نێودەوڵەتی و هتد و هتد هەیە و ئەمەش کارەکە زۆر ئاڵۆزتر ئەکات. هەربۆیە ئەڵێم ئایدیایەکی روونم نییە، بەڵام بە شێوەی غەریزی هەندێ شت پێش بینی ئەکەم.

 

جوولی گۆیکۆتسیا:

هەروەها دەبینین کە یەکیەتی خانووبەرە بە هۆی دەرکردنەکان ( لە ماڵەوە) و شتی بچووکترەوە دروست بوون. ئەو بزووتنەوە نوێیەی کە هارڤی[51] ئاماژەیان پێ ئەدات بەوەی لە پانتای بەدی هاتنی بەهایەکدا روو ئەدەن کە لە خزمەتگوزارییە ئێستایی (current service) و سەرمایەداری داراییدا (financial capitalism)زیادی کردووە. ئەبێ ڕەهەندی دیجیتاڵیش بخەینە پاڵ ئەم سەمایەدارە مرۆڤخۆرە(Cannibal capitalism : چۆن هەموو شت لە دەرهێنانی بەهادا گۆڕانی بەسەردا دێت، ئەو شوێنەی کۆمپانیا گەورەکانی وەک گۆگڵ، ئەمازۆن و مێتا شتێک بە ناوی داتا لە ئێمە وەرئەگرن کە سەرچاویەەکی دەگمەن نین، بە پێچەوانەی نەوت  هیچکات کۆتایی نایەت، کەوایە چۆن ئەتوانین دەسەڵاتێک دژی ئەم دەسەڵاتە دیجیتاڵە دروست بکەین، ئەوەی کە ئەم هێزە دیجیتاڵە گەمارۆی داوین چۆن دەبیندرێت؟

نانسی فریزەر: بەڵێ، لەم ڕووەوە من زۆر کەتوومەتە ژێر کاریگەری هەموو ئەو کارە باشانەی کە لەم بوارەدا ئەنجام دراون. بۆ وێنە، عاشقی کتێبی سەرمایەداری چاودێریکردن لە نووسینی شۆشانا زۆبۆفم[52]. کتێبێکی زۆر باش و تایبەتە. لام وایە هەندێ شتی نوێتریش بوونیان هەیە کە جێی سەرنجن. بەڵێ وایە، من راستەوخۆ لەسەر ئەم بابەتە کارم نەکردووە. لام وا نییە خودی ئەم تەکنۆلۆژیایە لایەنی مەترسیدار یان خراپی ببێت. لام وایە ئەکرێت  بەشێک لەم تەکنۆلۆژیایە بە مەبەستی جیاواز و بە مەبەستی جۆراوجۆر بخرێتە گەڕ بۆ ئەوەی لە کەڵەکەبوونی قازانج و هتد و هتد جیا بکرێتەوە.  بەڵام ئەمە دیسان پێویستی بە جۆرێکیتری گۆڕانی کۆمەڵایەتیە بۆ وەرگرتنی ئەم تەکنەلۆژیایە، بزانین چی ئەبێت، هەر شتێکی باش کە  بتوانرێت لێی درووست  بکرێت. لە ئێستادا، ئەم تەکنۆلۆژیایە لە لایەن هێزی ئەو کۆمپانیایانەوە کۆنتڕۆڵ ئەکرێت کە لە فۆڕمەکانی نوێی دەرهێنان(extractivism) و هتد دا کار ئەکەن، دەرهێنانی بەهاکان (Value extraction). ئەمریکا لە ئێستادا لە چرکەساتێکی قەیرانی سیاسی سەیر و سەمەرەدایە. ئێمە دوێنێ ( جوونی ٢٠٢٣) تۆمەتبار کردنی ترامپمان بوو کە پەیوەندیدار بوو بە بەڵگە و دێکۆمێنتە پۆلێنەبەندیکراوەکان و هتدەوە  ودادگایی کرا. بەمەشەوە هێشتا ٣٧ لەسەدی خەڵک لایان وایە ئەوە ئەم جۆرە لە سیاسەتکردنە، راوکردنی جادووگەری سیاسییەو ئەو کارەی کە ئەو دەیکات زۆر باشە و ئێمە دەبێ هێلاری کلینتۆن و ئەوانیتر بخەینە زیندانەوە. کەوایە خەڵک لەم وڵاتەدا وەک ئەوە وایە لە دوو دونیای جیاوازدا و بە تایبەتمەندی جیاوازەوە بژین. کەوایە من لام وایە  کۆمەڵێک شت لێرەدا کاریگەری و دەوری هەیە. یەکیان خراپتر بوونی درێژماوەی ستانداردەکان و کوالێتی و چۆنیەتی ژیانەوە کە ئەگەڕێتەوە بۆ ٤ ساڵ نئۆلیبرالیسم، جێگۆڕکێی  بەرهەمهێنان و کار، کاری بەرهەمهێنان، خۆلقاندنی ئابووری خزمەتگوزاری بە مووچەی کەمەوە لە جیاتی مووچەی زیاتری خێزان، ئەزانی، ئابووری بەرهەمهێنان و هتد و هتد، بۆ هەموو ئەم وێرانیانە ئەگەڕێتەوە. دواتر دەور و نەخشی دونیای دیجیتاڵ لە شەیرکردن و بڵاوکردنەوەی ئەوەی کە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە پانتای گشتیدا(public sphere) بوونی هەیە، رەوتێکی زۆر گرینگ کە بە وتووێژی رادیۆیی باڵی راستەوە دەستی پێکرد، دواتر فۆکس نیوز و ITV گرتەوەو دواتر لە فەیسبووکەوە ئەم شتانەمان وەرگرت. ئەمە ئەو ئالگۆریتمەیە کە هەر ئەو زانیاریانە بە هەموو کەس ئەدات کە پێشتر پێوەی سەرقال بوون. کەوایە وەک پێشتر ئاماژەت پێدا، بەردەوام دەرهێنانی داتا و زانیارییەکان بەهێزتر ئەکات. کەوایە ئەگەر تۆ هەر ئەم گۆڕانی بنەڕەتییە فۆڕمییەی پانتای گشتی لەگەڵ وێرانبوونی دۆخی ژیان لە لای یەک دابنێیت، دواتر کەسێکی بلیمەتی خراپەکاری وەک ترامپی پێ زیاد بکەیت. ئەو دەمەیە گەردەلوول و تۆفانێکی راستەقینە  و بەهێزت ئەبێت. کەوایە ئەمە کۆی گشتی کێشەی پەیوەندییە سیاسییەکانە و پێویستە راست بکرێتەوە. زۆر لێکترازاو و تێکشکاو و  کێشەسازە. بەشێوەیەک راستە کە ئایدیا و بیروبۆچوونی رزگاریخواز لە ئارادایە، بەڵام دەستبەجێ کاردانەوەی هیستریکی لێ ئەکەوێتەوە. نەک تەنها کاردانەوەی هیستریایی بەڵکوو  تەواو ناجێگیر و شێتانە و پاڕانۆئیدی لێ ئەکەوێتەوە. ئەوان ئەڵێن:” کەسانێک لە قوتابخانەکان ئاگایان لە مناڵەکانی ئێمەیە کە لە بواری سێکسوالیتەدا کار دەکەن، یان باسی رەگەزپەرەستی و راسیسم ئەکەن” یان ئەوەی بانگەشەی ئەوە ئەکەن هەموو ئەم بیرۆکانە بۆ ئەوە دارێژراوەو لە قوتابخانەکان ئەوترێنەوە بۆ ئەوەی مناڵێکی سپی پێست هەست بە تاوان بکات و بەو هەستەوە گەورە ببێت. لە هەموو ئەم نموونانەدا، هەست ئەکەی لە شێتخانەیەک ئەژیت. بەهەرحاڵ ئەمانە بەشێکن لە بیرکردنەوەی بەرێکەوتی من لە سەر دونیای دیجیتاڵ. بەڵام هێشتا تۆ راست ئەکەی، من راستەوخۆ لەم بارەوە کارێکی وەهام نەکردووە.

 

جوولی گۆیکۆتسیا: خۆ تۆ ناتوانی هەموو کارێک بکەیت ( پێ ئەکەنێت). دوایین پرسیارم دەربارەی سۆسیالیزمە. دیمۆکراسی سۆسیالیستی چ جیاوازییەکی لەگەڵ دیمۆکراسی لیبراڵ هەیە، لە باری ئابووری، یان بەرهەمهێنان،ژینگەیی  (ecology)، رەگەز، بنەماڵە یان جێندەر، یان هەر شتێکیتر کە بیری لێ بکەیتەوە؟

نانسی فریزەر: بەرلەهەر شتێک، من لام وایە سۆسیالیزم و دیمۆکراسی لە یەکتر جیا ناکرێنەوە. پێشتر وایان دەگوت و دەسەلماند کە سەرمایەداری و دیمۆکراسی تەواوکەری یەکترن و بەیەکەوە دێن، بەڵام ئەوە شتێک نەبوو قایلکەر بێت و خەڵک نەیاندەتوانی قەناعەت بەوە بکەن. دەمهەوێ ئەوە بڵێم سۆسیالیزم بەلای منەوە، بەڕاستی لە کارخستن و نەهێشتنی جۆرێک کۆنترۆڵی راستەوخۆ و ئاشکرای دیمۆکراتیکە لە لایەن توێژێکی بچووکی خاوەنکار، سەرمایەگوزار و وەبەرهێنەر، بەڕێوەبەرانی کۆمپانیا و داراییەکان ،  بە ئاراستەیەکدا کە گەشەی کۆمەڵایەتی لێ بکەوێتەوە. ئەوان کۆنتڕۆلی زێدەڕۆیی کۆمەڵایەتی(social surplus) ئەکەن. ئەوان بڕیار دەدەن ئەو زیادەیە بە شێوەی تایبەتی لە لایەن خۆیانەوە قۆرخی بکەن و دەستی بەسەردا بگرن، بە پێی بەراوردەکانی خۆیان، قازانجی داهاتووی بۆ خۆیان بقۆزنەوەو تایبەتی بکەن بە خۆیان. بەدەربڕینێکیتر، ئەوان تەنها نیگەرانی ئەوەن لەو سەرمایەگوزارییەی کە دەیکەن قازانجی کەم بکەن. ئەو بڕەپارەیەی کە باسی دەکەین ئەوەندە زۆرە، دەرکەوتەکانیان لە رووی وزە، کاری مرۆیی، توانا ئینسانییەکان ئەوەندە بەرچاو و گەورەیە وەک ئەوە وایە ئێمە ئەوانمان (خاوەن سەرمایەو کۆمپانیاکانمان) دەستکراوە کردبێت کە وەها هەڵسووکەوت بکەن و ئەو ئازادییەمان پێ دابێتن. بڕیاردان دەربارەی کۆی داهاتوومان سپاردووە بەوان، ئەگەر داهاتوویەک لە ئارادا بێت، لەبەر ئەوەی ڕاستگۆیانە بڵێم، ئەوان ئێمە لە ئەستێرەیەکی سووتاو لە کۆمەڵەی خۆر بەجێ دەهێڵن. بەڵام ئەگەر بمهەوێ ئاماژە بە خاڵێک بدەم دەربارەی دڵ و رۆحی سۆسیالیزم، ئەتوانم بڵێم ئەو خاڵە کۆنتڕۆڵی دیمۆکراتیکی زیادەی کۆمەڵایەتییە. ئەمە دڵ و زاتی سۆسیالیزمە. من هەروەها لایەنگری ئەوەم بەو پەڕی بەخشندەییەوە ئەو کاڵا گشتیانەی بۆ دابینکردنی پێداویستە بنەڕەتییەکان پێویستن، دابین بکرێن و بخرێنە خزمەت خەڵکەوە. بەڵام ئەزانی، پێشتر ئەمەمان لە سۆسیال دیمۆکراسیدا بینیوە. ئەوەی تایبەتە بە سۆسیالیسم، من لام وایە پرسی بەرهەمهێناەوەی زیادەیە (surplus reproduction) پرسی خاوەندارێتی بەکۆمەڵ، پرسە تایبەتەکانی سۆسیالیزمن، ئێمە دەبێ لە رێگای مێکانیزمە دیمۆکراتیکەکانەوە بڕیاریان لەسەر بدەین، لێم مەپرسە چۆن بڕیاری لەسەر بدەین. ئێمە پێویستە کۆمەڵێک رەوت و پرۆسەی ڕاوێژکاری و نوێنەرایەتیکردن و هتد رێک بخەین و لەو ڕێگاوە بڕیار بدەین کە چی لێ بکەین یان ئەوەی تەنانەت بەڕاست ئەمانهەوێ ئەو زیادەمان هەبێت. رەنگە تەنها بمانهەوێت زۆر کەمتر کار بکەین. هەروەها ئێمە بەوەی هەیە رازین. بەلەبەرچاوگرتنی ئەو بڕە زۆرە لە پێداویسیتییە بەراورد و دابیننەکراوە مرۆییەکان لە هەموو جیهاندا، لام وا نییە ئەمە بژاردەی یەکەم و سەرەتایی بێت. لام وایە پێویستە ئەو خەسار و تێکدانە گەورانەی سروشت لەبەرچاو بگرین کە سەرمایەداری بۆی بەجێ هێشتووین. سەرەڕای هەموو ئەو هات و هەڵایەی کە دەینێنەوە کە سەرمایەداری چەندە بەرهەمدارە، لە راستییدا سەرمایەداری ماشێنی گەورەی تێکدان و لەناوبردنە، خۆ ئەزانی وێرانکارییەکی گەورەی بە چەندین شێوە بۆ ئێمە بەجێ هێشتووە. کەوایە رەنگە ئەمە یارمەتیدەر بێت بۆ بیرۆکەی کاتی ئازاد و بەتاڵی زیاتر، کە هەموو دەم وەک ئایدیالێکی سۆسیالیستی باسیکراوە. ئەم بیرکردنەوەو ئایدیایە لە ئاسۆی نزیکماندا (immediate horizon)نییە، بەڵام ئاخۆ ناکرێت سەرەنجام لە قۆناغێک لە قۆناغەکاندا پێی بگەین؟  کەوایە من لام وایە ئێستا ئێمە دەربارەی ئەوە قسە ئەکەین ئاسۆی بینینمان بەرفراوانتر بکەین. کامانەن ئەو پرسانەی کە پێویستە لەبەرچاویان بگرین بۆ ئەوەی سیاسەتێکی دروستی دیمۆکراتیک بگرینە بەر بە پێچەوانەی ئەو رەوتانەی کە لە راستییدا لەسەر بنەمای بازاڕ داڕێژراون؟ کە وایە بەلای منەوە سۆسیالیزم و دیمۆکراسی لە یەکتر جیا ناکرێنەوە. سۆسیالیزم تەنها بونیادنانی گۆڕەپانە بچووکەکانی دیمۆکراتیکتر، گشتگیرتر و یەکسانیخوازتر نییە، کە لە ئێستادا وەک فەزای دیمۆکراسی ناوی ئەبەین. سۆسیالیزم لە راستییدا بەربڵاوتر کردن و بەرفراوان کردنی ئەم فەزایە.

جوولی گۆیکۆتسیا: کۆتاییەکی زۆر تایبەت و گەورە. زۆر سپاس . جارێکیتر سپاست ئەکەم بەوەی کاتی خۆت دانا بۆ ئەم وتووێژە.

نانسی فریزەر: منیش زۆرت سپاس ئەکەم. ئەزانم زۆر کار کراوە کە پێویستە بە هەندەوە لەبەرچاومان بێت و پێزانینمان ببێت بۆی.

جوولی گۆیکۆتسیا: گەلێک سپاس

نانسی فرەیزەر: باشترینەکانت بۆ بە ئاوات ئەخوازم.

 

 

نانسی فریزەر: فیلسووف و نووسەری مارکسیست فێمنیست و رەخنەگری  ئەمریکی،  لە دایکبووی ١٩٤٧، مامۆستا لە بەشی فەلسەفە و سیاسەت لە زانکۆی The New School  نیۆیۆرک.

فریزەر وەک مارکسیست فێمنیستێک ناسراوە کە پێداگری لە سەر چەمکی یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و ئابووری دەکاتەوەو لەسەر ئەم چەمکە زۆر کار ئەکات.  فریزەر دادپەروەری وەک چەمکیکی ئاڵۆز ئەبینێت کە لە سێ رەهەندێ جیا لە یەکتر و لە هەمانکاتدا لە یەک هەڵپێکراو، دەکرێ لێک بدرێنەوەو بناسرێن. ئەو سێ رەهەندە بریتین لە: دابەشکردنی سەرچاوەکان، ناسینەوەی پشکی گرووپە جیاوازەکان و نوێنەرایەتی کردنی زمانی.

 

 

جوولی گۆیکۆتسیا (Jule Goikoetxea) مامۆستای پڕۆفیسیۆری تیۆرییە سیاسییەکانە. یاریدەدەری سەرنووسەر و ئێدیتۆری گۆڤاری سیاسی زانکۆی کامبرێج. لێکۆڵەر و توێژەری پۆست دۆکترا بووە لە سەنتەری توێژینەوەی ئەورووپی لە زانکۆی ئۆکسفۆرد و بەڕێوەبەری ئەکادێمیای ماستەر بووە لە بواری حوکمڕانی و توێژینەوەی زانستی لە زانکۆی وڵاتی باسک (Basque Country).

 

 

 

 

سەرچاوە:

Goikoetxea, J. (2024). Rethinking gender, race, and class from the concept of Labor– Interview with Nancy Fraser. Capital &Amp; Class, 48(2), 303-317. https://doi.org/10.1177/03098168241234119

 

 

 

[1] – Jule Goikoetxea

[2] – Capital and Class

[3]Three Faces of Labor: Uncovering the Hidden Ties among Gender, Race, and Class

[4] – reproduction بە مانای بەرهەمهێنانەوە دێت، هەروەها لە زمانی مارکسیستەکان و مارکسیست فێمنیستەکان ئەم زاراوەیە بە مانای ( مناڵ خستنەوە دێت) لە ئەدەبی مارکسیستی و مارکسیست فێمنیستیدا مناڵ خستنەوە بە ( reproduction) مانا ئەکرێتەوە. نانسی فرەیزەر وەک مارکسیست فێمنیستێک، ئەم زاراوەیە ئەبینێت و reproduction بە مانای بەرهەمهێنانەوەو لە هەمانکاتدا مناڵ خستنەوە بەکار ئەبات. (و-کوردی)

[5] – intersectionality

[6] – climate change

[7] –  anti-racism

[8] – contradictions

[9] – contradictory

[10] – perverse

[11] – destabilizing

[12] – cannibalize

[13] – self-destabilization

[14] – rethinking

[15] – reproductive justice

[16] – reemergence

[17] – Marxist feminism of racial capitalism

[18] -, theory of eco socialism

[19] – eco feminism

[20] -exploited labor

[21] – expropriated labor

[22] – semi-free labor

[23] – Reproduction

[24] – care work

[25] – domesticated

[26] – free and unfree labor

[27] -‘productive value’

[28] – racialized

 

 

[29] – sexualized

[30] – post-capitalist society

[31] – بەرامبەر بە Wealth لەم دەقەدە سامانمان بەکار هێناوە. بۆ جیاکاری لە نێوان سەرمایە( Capital) لەگەڵ سامان( Wealth ).

[32] – W.E.B. Dubois

[33] – Black Reconstruction

[34] – history of the Russian Revolution

[35] modern heteronuclear family

[36] abortion

[37] – decolonial

[38] – communitarian

[39] – imbrication

[40] – unitary theory

[41] -fragmentation

[42] – Gramscian idea

[43] – counter hegemonic bloc

[44] – peasantsمانای کۆڵبەریش ئەدات، وشەی پاڵە بەرامبەی دانراوە کە بە مانای جووتیارێک کە خاوەنی زەوی خۆی نیە، لە سەر زەوی خەڵکیتر کاردەکات.

[45] – بلۆکی دژ لێرەدا مەبەست بلۆکی دژە هەژمۆنییە کە لە سەرەوە ئاماژەی پێدراوە.

[46] -IMF (International Monetary Fund)

[47] – tentaclesبە مانای قۆچ ( شاخ) ئەدات. مەبەست ئەوەیە پەلیان بۆ هەموو شوێن هاوێشتووە.

[48] – Royal Shell

[49] – ExxonMobil

[50] کۆبوونەوەی جیهانی سالانەی ئابوورییە

[51] Harvey

[52] – Surveillance Capitalism by Shoshana Zuboff

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button